ئەندامێکی پەرلەمانی ئەڵمانیا لەبارەی دۆخی سووریا بۆ رووداو: دەمانەوێت پشتیوانی لە کورد بکەین

13-12-2024
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
پێتا هایت، ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵی سەر بە پارتی ئێف دێ پێی لیبراڵەکانی ئەڵمانیا.
پێتا هایت، ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵی سەر بە پارتی ئێف دێ پێی لیبراڵەکانی ئەڵمانیا.
نیشانەکردن شەڕ لە سووریا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
پێتا هایت، ئەندامی پەرلەمانی فیدراڵی سەر بە پارتی ئێف دێ پێی لیبراڵەکانی ئەڵمانیا دەڵێت، ئێستا لە شام دەرفەتە و پێویستە گۆڕانکارییەکی گەورە رووبدات، "بۆیە دەمانەوێت پشتیوانی لە کورد بکەین".
 
پێتا هایت لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، پەیامنێری رووداو رایگەیاند، "دەبێت ئێمە بزانین کە ئێستا شام دەرفەتێکی گرنگە بۆ ناوچەکە. دیکتاتۆرێکی زۆر خراپ رووخێندرا. ئێستا پێویستە گۆڕانکارییەکی گەورە رووبدات. ئەو گۆڕانکارییەش دەبێت ئەڵمانیا پشتیوانی لێبکات بەشێوەیەکی چالاکانە. بۆیە دەمانەوێت پشتیوانی لە کورد بکەین، بۆیە لە عێراق و هەرێمی کوردستانین و سەردانەکەمان نیشانەیەکە کە دەمانەێت لێرە بمێنیەوە، پشتیوانییان بکەین و بەردرەوامیشین لە رووبەڕووبوونەوەی داعش".
 
ئەو هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، "بێگومان دەبێت لەگەڵ تورکیا گفتوگۆ بکەین کە ئەوانیش بەشێک بن لە دانوستاندنەکان. کاتی بۆردوومان و شەڕ کۆتاییهات، ئێستا کاتی دانوستاندنە کە هەموو لایەنەکان بەدوای دۆزینەوەی چارەسەرێک بن کە هەموو لایەنەکان تێیدا خۆیان ببیننەوە".
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ پێتا هایت:
 
رووداو: بەڕێز هایت زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. بەڕێزتان لەگەڵ وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا لە ئوردن و بەغدا بوون. گفتوگۆکەتان لەگەڵ بەغدا چۆن بوو؟ بۆچی ویستتان لەم کاتەدا سەردانی عێراق و کوردستان بکەن؟
 
پێتا هایت: ئەم سەردانە زۆر گرنگە چونکە سەربازەکانمان لێرە جێگیر کراون و کارێکی زۆر پیرۆز و گرنگ دەکەن. لە دڵەوە ویستمان کە نیشانیان بدەین چ ئەرکێکی گرنگیان لە ئەستۆیە لێرە. 
 
رووداو: بەڕێز هایت، وەزیری بەرگری ئاماژەی بەوەدا دوای رووخانی رژێمی ئەسەد ئەڵمانیا دەبێت چالاکانە بەشدار بێت لە سووریا نەک تەنیا تەماشاکەر بێت، مەبەستی لەوەدا چییە؟
 
پێتا هایت: دەبێت ئێمە بزانین کە ئێستا شام دەرفەتێکی گرنگە بۆ ناوچەکە. دیکتاتۆرێکی زۆر خراپ رووخێندرا. ئێستا پێویستە گۆڕانکارییەکی گەورە رووبدات. ئەو گۆڕانکارییەش دەبێت ئەڵمانیا پشتیوانی لێبکات بەشێوەیەکی چالاکانە. بۆیە دەمانەوێت پشتیوانی لە کورد بکەین، بۆیە لە عێراق و هەرێمی کوردستانین و سەردانەکەمان نیشانەیەکە کە دەمانەێت لێرە بمێنیەوە، پشتیوانییان بکەین و بەردرەوامیشین لە رووبەڕووبوونەوەی داعش.
 
رووداو: باشە، ئەمە خاڵێکی گرنگە باسی دەکەیت، بەڵام دەمەوێت بزانم لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکوەزیران باسی چیتان کرد؟
 
پێتا هایت: سەرەتا دەمەوێت بڵێم کە لێرە کارەکەمان زۆر بەرز دەنرخێنن لە ناوچەکە و بەغدا. لە بەغدا پێیان گوتم کە دەیانەوێت بەردەوام بن لە کارکردن لەگەڵمان، جا لە چوارچێوەی ناتۆوە بێت یان لە رێگەی پەیوەندیی دوولایەنە. زۆر ئارەزوویانە لەگەڵمان کاربکەن. 
 
رووداو: ئەمڕۆ بەڕێزتان سەردانی نێچیرڤان بارزانیتان کرد، گفتوگۆکەتان چۆن بوو باسی چیتان کرد بەوردیی؟
 
پێتا هایت: من دەمەوێت بڵێم کە بەراستی گفتوگۆیەکی هاوڕێیانە بوو و کاریگەریی ئەرێنی لەسەرم دانا. زۆر گرنگ بوو کە ئەو شاندە سەردانی هەرێمی کوردستانمان کرد بە چوار ئەندامی چوار پارتی گرنگی ئەڵمانیا کە پێکەوە لێرەین و پێکەوەش پاڵپشتی لە مانەوەی هێزەکانمان لێرە دەکەین. زۆر گرنگ بوو کە پارتە گرنگەکانی ئەڵمانیا لێرە ئامادە بوون. ساڵی داهاتوو هەڵبژاردنە لە ئەڵمانیا، بەڵام ئێمە لە هێشتنەوەی هێزەکانمان لێرە بەردەوام دەبین. ئەمە ئاماژەیەکی گرنگە ئەمڕۆ لێرە دامان.
 
رووداو: ئەگەر تەماشای سووریا بکەین، دەمەوێت بزانم، ئەڵمانیا چۆن هاوکاریی کوردەکانی سووریا دەکات؟
 
پێتا هایت: من لەو باوەڕەدام کە دەبێت لەگەڵ هەموو لایەنەکان دانوستاندنی ئارام بکەین، ئێمە دەبێ نیشانی بدەین کە دەمانەرێت پێکەوە دانوستاندن بکەین. بێگومان دەبێت لەگەڵ تورکیا گفتوگۆ بکەین کە ئەوانیش بەشێک بن لە دانوستاندنەکان. کاتی بۆردوومان و شەڕ کۆتاییهات، ئێستا کاتی دانوستاندنە کە هەموو لایەنەکان بەدوای دۆزینەوەی چارەسەرێک بن کە هەموو لایەنەکان تێیدا خۆیان ببیننەوە.
 
رووداو: زۆر سوپاس بۆ ئەم گفتوگۆیە بەڕێز هایت.
 
پێتا هایت: حەز دەکەم شتێکت پێ بڵێم. بۆ من ئەمڕۆ رۆژێکی زۆر هەستبزوێنە. ئەم کەمپەی ئەمڕۆ لێین پێی دەگوترێت شتێفان، لەبەر ئەوەی کەسێک لێرە بەرپرسی هێزە سەربازییەکان بوو ناوی شتێفان شپۆتل بوو کە هاوڕێم بوو. ئەو لێرە ژیانی خۆی بەخشی. ئەمڕۆ کە لەم کەمپەم رۆژێکی گرنگە و کاریگەریی لەسەرم داناوە.
 
رووداو: زۆر سوپاس، لێتان تێدەگەم.
 
پێتا هایت: زۆر سوپاس.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە