سەرۆکی کۆمپانیای هیلال: بەرهەمهێنانی گاز لە کۆرمۆر بۆ 800 ملیۆن پێ سێجا بەرزدەکەینەوە

13 کاژێر له‌مه‌وپێش
شیراز رەئوف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کۆمپانیای هیلال لە عێراق رایگەیاند، ئێستا رۆژانە نزیکەی 550 ملیۆن پێ سێجا گاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بەرهەمدەهێنن و پلانیان هەیە ئاستی بەرهەمهێنان بۆ 800 ملیۆن پێ سێجا لە رۆژێکدا بەرزبکەنەوە.
 
عەبدوڵڵا قازی، سەرۆکی کۆمپانیای هیلال لە عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی (پرۆژەی کەی ئێم 250) پشت دەبەستێت بە زیادکردنی بەرهەم لە تێکڕای ئێستاوە کە 520 – 530 ملیۆن پێ سێجایە بۆ نزیکەی 770 – 780 ملیۆن پێ سێجا، واتا نزیکەی 800 ملیۆن پێ سێجا.
 
عەبدوڵڵا قازی باسی لەوەش کرد "جگە لە بەرهەمهێنانی 75٪ـی وزەی کارەبا لە رێگەی گازەوە لە هەرێمی کوردستان، ئێستا کۆرمۆر توانیویەتی تەواوی پێداویستییەکانی هەرێمی کوردستان لە گازی ئێل پی جی (گازی ماڵان) پڕبکاتەوە و گاز هەناردەی پارێزگاکانی دیکەی عێراقیش بکات."

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ عەبدوڵڵا قازی،  سەرۆکی کۆمپانیای هیلال لە عێراق:

رووداو: کارەکانتان وەکو کۆمپانیای نەوتی هیلال بە گشتی لە هەرێمی کوردستان چۆنە؟ بەپێی هەڵسەنگاندنەکانتان
 
عەبدوڵڵا قازی: کۆمپانیای هیلال یەکێکە لە دامەزرێنەرانی پێرڵ پترۆلیۆم لە هەرێمی کوردستان، ئەو هاوپەیمانیێتییەی کە 5 کۆمپانیای تێدایە، لەنێویاندا دوو کۆمپانیای ئیماراتی دانەگاز و نەوتی هیلال، لە دامەزرێنەرانی راستەقینەی ئەم پرۆژەیەن، لەگەڵ سێ کۆمپانیای ئەورووپی وەکو (ئار دەبلیووی ئەڵمانی) (مۆڵی هەنگاری) (ئۆ ئێل ڤی نەمسایی)، ئەو پرۆژەیەی ئێستا هەیە لە کێڵگەی کۆرمۆر کارەکانی بەشێوەیەکی ئاسایی بەڕێوەدەچن، بەرهەمی گازمان بەرزبووەتەوە سوپاس بۆ خودا گەیشتووینەتە 520 بۆ 530 ملیۆن پێ سێجای رۆژانە، کە بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا لە سلێمانی و هەولێر دەچێت، بەشێکی گەورەی ئەو وزەیەش بۆ پارێزگەکانی دیکە وەکو کەرکووک و نەینەوا دەڕوات، ئێمە دڵخۆشین کە دەبینین ئەوەی بەرهەمی دەهێنین لە پرۆژەکەمان، بەرژەوەندیی هاووڵاتییان گرێنتی دەکات بەشێوەیەکی راستەوخۆ و هاووڵاتییان لێی سوودمەند دەبن، ئەوەش نیشانەی بە بەهابوونی گازە، کە نزیکبووەتەوە لە بەهای نەوت.
 
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ کارەکانی کۆمپانیا، سوپاس بۆ خوا کۆمپانیا کارەکانی خۆی دەکات، ژمارەی پێویست کارمەندی پیشەییمان هەیە و ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ دەکەن، هاوکات چەند کارێکی دیکەمان هەیە لە چەمچەماڵ، پشتیوان بە خودا لە ئاییندەدەدا سەرنجیان دەخەینەسەر، کاتێک دەرفەت گونجا.
 
رووداو: پلانی بەرفراوانکردن و کارەکانی (کەی ئێم 250) لە کۆرمۆر بەکوێ گەیشتووە؟
 
عەبدوڵڵا قازی: پرۆژەی کۆرمۆر 250 پرۆژەیەکە رووبەڕووی هەندێک رووداوی ناخۆش بووەوە، زیاتر لە جارێک کارەکانی پەککەوتن، بە دڵنیایی ئەو پەکخستنە لە دەرەوەی ئیرادەی ئێمە و دەرەوەی ئیرادەی هەمووان بوو، ئێستا ئێمە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی کارەکانی (پرۆژەی 250) و هیواخوازین پشتیوان بە خودای مەزن زیادکردنێکی باش بێت بۆ ئەو بڕە گازەی ، هەرێمی کوردستان و عێراق پێویستیانە بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا، دوای تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە، هەموو پێداویستیی هەرێمی کوردستان بۆ گاز لەپێناو بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا دابین دەکرێت، هاوکات رەنگە چەند بڕێکی دیکە زیاد بکرێت بۆ بەکارهێنانیان لە کەرتی پیشەسازی، یان بۆ کەرتەکانی دیکە، لە چوارچێوەی کۆماری عێراق و بەدیاریکراوی لە هەرێمی کوردستان.
 
رووداو: لە مانگەکانی رابردوودا جۆرێک ناکۆکی لەگەڵ بەڵێندەری (پرۆژەی کی ئێم 250)، دەکرێ زانیاریی زیاترمان بدەیتێ، رێکارە یاساییەکان بە کوێ گەیشتن؟ 
 
عەبدوڵڵا قازی: تێڕوانینی جیاواز هەبوو لای هەموو لایەنەکان لەگەڵ بەڵێندەری سەرەکی، ئێستا ئێمە کاردەکەین بۆ بەرفراوانکردنی پرۆژەکە و ناتوانم لەوە زیاتر لەمبارەیەوە بڵێم.
 
رووداو: ئایا نیازێک هەیە بۆ دەستپێکردنی وەرزی دووەمی ئەو بەرفراوانکردنە؟ پێموایە کاتێک باسی (کەی ئێم 250) دەکەین باس لە زیادکردنی بەرهەم دەکەین بۆ ملیارێک پێ سێجا؟
 
عەبدوڵڵا قازی: (250) پشت بە زیادکردنی بەرهەمی ئێستا دەبەستێت کە 520 – 530 ملیۆن پێ سێجایە بۆ نزیکەی 770 – 780 ملیۆن پێ سێجا، واتا نزیکەی 800 ملیۆن پێ سێجا، ئەمە قۆناخی ئێستایە، دواتر قۆناخی دیکەی هەیە، بەڵام ئەو قۆناخانەی دوایی پشتدەبەستن بە کۆمەڵێک فاکتەری پیشەیی و بازرگانی و بەبازاڕکردن، هیواخوازین پشتیوان بە خودا ئەو پلانە جێبەجێ بکەین بۆ داهاتوو، ئێستا سەرنجمان لەسەر دوو پرسی گرنگە، بەردەوامیی پرۆسەی ناردنی گاز بۆ وێستگەکانی کارەبا بەلەبەرچاوگرتنی ئەو گرنگییەی لە سەرەتاوە باسمان کرد، هەروەها تەواوکردنی کارەکانی قۆناخی یەکەمی (پرۆژەی کەی ئێم 250).
 
رووداو: هاوکات فاکتەرێکی دیکە لایەنی داراییە، ئێوە وەکو کۆمپانیا پێویستتان بە پارەیە تاوەکو بتوانن کار بکەن، هاوکات بەرفراوانکردن و وەبەرهێنان، ئەوەی پەیوەندیی بە لایەنی دارایی هەیە، شایستە داراییەکانتان لە کاتی خۆیدا وەردەگرن؟
 
عەبدوڵڵا قازی: ئێستا سوپاس بۆ خودا لە ماوەی رابردوودا گەیشتینە رێککەوتن لەگەڵ برایانی ئازیز لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان و میکانیزمی خەرجکردنی پێشینەکان بەشێوەیەکی رێکخراو، دۆخەکە بەلای ئێمەوە کە پەیوەندی بەم بابەتەوە هەیە، باش و گونجاوە.
 
رووداو: لەبارەی عێراق، کۆمپانیای هیلال پێشتر لە هەرێمی کوردستان کاری دەکرد، بەڵام هەڤپەیڤینێکمان هەبوو لەگەڵ وەزیری نەوت پێش دوو بۆ سێ ساڵ، باسی گەڕانی بەدوای گاز کرد لە چەند ناوچەیەک وەکو دیالە و باکووری بەغدا، کارەکانتان بەکوێ گەیشتن لەگەڵ حکومەتی عێراق؟
 
عەبدوڵڵا قازی: لەگەڵ حکومەتی عێراق سێ گرێبەستمان واژۆکردوون، لە 21ـی مانگی دووی ساڵی رابردوو لەژێر چاودێریی بەڕێز سەرۆکوەزیران ئەندازیار محەممە شیاع سوودانی، ئەم گرێبەستانە دوو دانەیان لە پارێزگای دیالەن و سێیەمیش لە بەسرە، ئەو کەرتانەی لەبارەیانەوە رێککەوتووین لە پارێزگای دیالە یەکێکیان سرووشتی گازی هەیە، دەستمان بە کارکردن کردووە لە سەرەتای ئەمساڵەوە و ئێستا چەند قۆناخێک چووینەتە پێشەوە بۆ ئامادەکاری کارەکان لە تەواوی کێڵگەکە، هەمان شت بۆ کەرتەکەی بەسرەش راستە، کە کەرتێکی نەوتییە نەوەک گازی، بەڵام بە هەمانشێوە ئاماژەی باش هەیە لەبارەیەوە.
 
رووداو: کارەکانتان لە ناوەڕاست و باشووری عێراق هیچ کاریگەریی لەسەر کارەکانتان لە هەرێمی کوردستان هەیە؟
 
عەبدوڵڵا قازی: نا بەهیچ جۆرێک، بەپێچەوانەوە کارکردنمان لە پرۆژەکانی دیکە لە عێراق تەواوکەری کارەکانمانن لە هەرێمی کوردستان و کارەکانیشمان لە هەرێمی کوردستان، تەواوکەری کارەکانمانن لە عێراق، سرووشتی کارکردنمان لە هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی (پێرل پترۆلیۆم)ـە، بەڵام کارەکانمان لە پارێزگاکانی دیکەی ناوەڕاست و باشووری عێراق، لە رێگەی کۆمپانیای (نەوتی هیلال)ـە، نەوتی هیلال توانای هەیە بۆ ئەو پرۆژانە و بەرهەمهێنانیان پشتیوان بە خودا.
 
رووداو: ئەو کێڵگەیەی دیالە، دەکەوێتە ناوچەیەکەوە بەپێی یاسا و دەستوور پێیدەگوترێت ناوچەی کێشەلەسەر هیچ مەترسییەکتان هەیە لەوبارەیەوە بۆ ئاییندە و، ئایا هاوئاهەنگیتان لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو کارەوە هەیە؟
 
عەبدوڵڵا قازی: ئێمە وەکو کۆمپانیایەکی وەبەرهێنان لەو بابەتانە ناترسین، ئەوە پرسێکی نێوخۆییە لەنێوان حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئێمە وەکو کۆمپانیا کاتێک دەتوانین لەو کێڵگەیە کار بکەین، کاری خۆمان دەکەین، ئەو بابەتە لە دەسەڵاتی ئێمەدا نییە و مەترسیشمان لەبارەیەوە نییە.
 
رووداو: کارەکانتان پشکی زۆریان بەردەکەوێت لە بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە هەرێمی کوردستان و رەنگە هەندێک کەس نەزانن قەبارەی ئەو پشکدارییە چەندە، دەکرێت رێژەی بەشداریی کۆمپانیای هیلالمان بۆ روون بکەیتەوە بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە هەرێمی کوردستان؟
 
عەبدوڵڵا قازی: بەڵێ، ئەو گازەی ئێستا کۆمپانیا بەرهەمی دەهێنێت 75٪ـی ئەو کارەبایە دابین دەکات کە لە هەرێمی کوردستان دا هەیە، ئەو بڕەش وەکو لە سەرەتای هەڤپەیڤینەکە ئاماژەم پێکرد، بەشی زۆری لە هەرێمی کوردستان بەکاردەهێنرێت و بەشێکیشی هەناردەی پارێزگەکانی دیکەی نزیک لە هەرێمی کوردستان دەکرێت، کۆمپانیاکەمان وەکو کاری خۆی لەپاڵ ئەو گازەی بەرهەمی دەهێنێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا، هاوکات گازی (ئێل پی جی) (گازی ماڵان) بەرهەم دەهێنێت ئەوەش هەموو پێداویستی هەرێمی کوردستان پڕدەکاتەوە لە (ئێل پی جی) ئەمەش سوودێکی گرنگی هەیە بۆ بازاڕ و توانیویەتی دۆخێکی سەقامگیر لە هەرێمی کوردستان بڕەخسێنێت لە چەند ساڵی رابردوودا، هاوکات فاکتەرێکی دیکە هەیە، کە ئێمە پشکمان هەیە تێیدا و زۆرجار باس ناکرێت، ئەویش پەرەپێدانی سەرچاوەی مرۆیی و پەرەپێدانی کارمەندە نێوخۆییەکانە لە هەرێمی کوردستان، سوپاس بۆ خوا شانازی دەکەین کە ئێمە زۆرترین کارمەندی نێوخۆیی لە هەرێمی کوردستان و لە عێراق بەکاردەهێنین، لەپێناو بەرزکردنەوەی توانای ئەم کەسە و پێدانی دەرفەتی راستەقینە بۆ کارکردن لەو پرۆژانەی دەیانکەین، کارمان تەنیا بەرهەمهێنانی گاز و ناردنی بۆ وێستگەکانی کارەبا نییە، بەڵکو دەرفەتیش دەڕەخسێنین و ئەم دەرفەتانەش مافی گەنجانی عێراقە لەم پرۆژانە، ئێمە شانازی بەم بابەتەوە دەکەین.
 
رووداو: هیچ داتایەکتان هەیە، ئەوەی پەیوەندی بە کارکردن هەیە، لە ئابووریدا هەمیشە چەند نیشاندەرێک هەن، نیشاندەری یەکەم سوودمەندی راستەوخۆیە، هەروەها سوودمەندانی ناراستەوخۆمان هەیە، سوودمەندانی راستەوخۆی کارکردن لە کۆمپانیای هیلال لە هەرێمی کوردستان و ناراستەوخۆ نزیکەی چەندە؟
 
عەبدوڵڵا قازی: ئەگەر مەبەستت دەستی کارە، ئێمە ئێستا نزیکەی 500 کارمەندمان لە کێڵگەکان هەیە بە بەردەوامی، ئەوە جگە لەو کارمەندانە لە نووسینگەکانمان کاردەکەن لە هەولێر یان سلێمانی و لە ئیمارات، کۆی گشتی ئەو هەلی کارانەی پرۆژەکە رەخساندوونی نەک هەر بۆ فەرمانبەرانی کۆمپانیا بەڵکو هەلی کار بەشێوەیەکی گشتیی؛ شۆفێری بارهەڵگر، ئەو کەسەی پرۆژەکە دەکاتەوە و ئەو کەسانەی سەرپەرشتی دەکەن، هەمووی لە چوارچێوەی پرۆژەکەدان کە زیاتر لە 2 هەزار کاری جێگیرن، لەگەڵ بوونی دەرفەتی زیاتر لەکاتی بوونی کاری زیاتر بۆ کۆمپانیا.
 
رووداو: تێڕوانینێک هەیە لە جیهان کە پەیوەندی بە پیشەسازیی گەورەوە هەیە بە بەکارهێنانی گاز، پلانێکتان هەیە بۆ دابینکردنی گاز بۆ پیشەسازییەکانی وەکو چیمەنتۆ، بەتایبەت لە ناوچەی سلێمانی پیشەسازیی چیمەنتۆ پیشەسازییەکی گەورەیە، پلانتان چییە لەمبارەیەوە؟
 
عەبدوڵڵا قازی: گاز زۆر گرنگی هەیە لە هەموو بوارەکاندا نەک تەنیا لە بواری کارەبا، بەڵام عێراق بۆ بواری کارەبا بەکاریدەهێنێت، چونکە کورتهێنانی هەیە لە بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا و سەرنجی زۆر لەسەریەتی، بەڵام لە وڵاتانی دیکەدا بەکارهێنانی گاز بۆ پیشەسازیی زۆر گرنگی پێدەدرێت، بەڵێ پلانمان هەیە بۆ بەرفراوانکردنی کارەکان بەجۆرێک کەرتی پیشەسازیی بگرێتەوە، هێشتا هەنگاوەکان لە قۆناخی سەرەتان و هیواخوازین پشتیوان بە خودا سەرکەوتوو بین، بەتایبەت دوای تەواوکردنی پرۆژەی (کەی ئێم 250) هیواخوازین ئەو بڕە گازە بەردەست بێت کە بتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ پیشەسازی جا لە ناوچەی بازیان بێت یان لە ناوچەکانی دیکە کە هەرێمی کوردستان پێویستی بێت.
 
رووداو: هیچ رۆڵتان هەیە لە پرۆژە ستراتیژییەکان لە عێراق، بۆ نموونە رێگەی گەشەپێدان، کە وابەستەکارێکی گەورەیە لەنێوان وڵاتانی کەنداو لەگەڵ عێراق و، دواتر تورکیا و وەکو دەروازەیەکیش بۆ ئەورووپا بەگشتی، رۆڵتان لە پرۆژە ستراتیژییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان چییە؟
 
عەبدوڵڵا قازی: بە دیاریکراوی رۆڵێکی راستەوخۆمان نییە، بەڵام پێمانوایە یەکێکە لەو پرۆژانەی پێشکەوتنێکی گرنگ دەبێت بۆ ئابووریی عێراق، لەرووی رەخساندنی هەزاران دەرفەتی کار و راکێشانی چەندین ملیار دۆلار بۆ وەبەرهێنان، هەروەها عێراق دەکاتە سەنتەرێکی بازرگانی، ئێمە پشتیوانی ئەم پرۆژانە دەکەین کە خزمەتی عێراق و گەلەکەی دەکەن، هیواخوازین لە ئاییندەدا کۆمپانیاکەمان رۆڵی هەبێت و زیاتر لە کۆمپانیایەک رۆڵیان هەبێت لە بواری وزە بۆ ئەم پرۆژە ناوازەیە.
 
رووداو: لە بارەی ناوچەی چەمچەماڵ و گەرمیان، هەمیشە کۆمپانیا گەورەکانی بواری وزە کە لەو ناوچانە کاردەکەن پرۆژەی بچووکیان هەیە بۆ ناوچەکە بۆ گوند و ناوچەکانی دەوروبەری پرۆژەکەیان، لەم رووەوە پرۆژەکانتان چین؟
 
عەبدوڵڵا قازی: ببینە، ئێمە لەگەڵ برایانمان لەو ناوچانە، پەیوەندیمان لە سەرەتای پرۆژەکەوە پەیوەندیمان باش بووە، وزەی کارەبا دابین دەکەین بۆ ژمارەیەک گوندی نزیک شوێنی کارەکەمان لە کۆرمۆر، بە دیاریکراوی ژمارەکەم لەبەردەست دا نییە، بەڵام 12 بۆ 13 گوند کارەبای 24 کاژێریمان بۆ دابین کردوون، هاوکات بیری ئاومان هەڵکەندووە بۆ هاوڵاتییان و چاککردنی رێگەوبانەکان، چەندین قوتابخانە، نەخۆشخانە و بنکەی تەندروستیمان نۆژەن کردووەتەوە. هەروەها پاڵپشتی قوتابخانەکان دەکەین نەک تەنیا لە دروستکردن و نۆژەنکردنەوە، بەڵکو تەنانەت پاڵپشتیی مامۆستایان و قوتابییەکان دەکەین بە دابینکردنی پێداویستییەکانی خوێندن بۆ قوتابییان، هاوکات هاریکاریی چەند پرۆژەیەکی دیکە دەکەین، کە هاووڵاتییان پێویستیانە لەو ناوچانە، جا لە قادرکەرەم بێت یان چەمچەماڵ و ناوچەکانی دیکە، بەڵام سەرنجی یەکەممان لەسەر ناوچەی کۆرمۆرە.
 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە