یەکێتیی ئەوروپا: هەر کاتێک جیاکاری بەرامبەر کورد دەکرێت ناڕەزایەتیی خۆمان بە تورکیا دەگەیێنین
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی بەرپرسی سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا رایگەیاند، ئەوان ناڕازین لەو جیاکارییەی تورکیا بەرامبەر بە کورد لەو وڵاتە دەیکات و پێویستە ئەنقەرە رێز لەو بەهایانە بگرێت کە یەکێتیی ئەوروپا بە گرنگییەوە لێیان دەڕوانێت. لەبارەی پرسی کۆچبەرییشەوە دەڵێت، کۆچبەری ئاڵنگارییەکی گەورەیە رووبەڕووی وڵاتانی ئەوروپا بووەتەوە.
پیتەر ستانۆ، گوتەبێژی بەرپرسی سیاسەتەکانی یەکێتی ئەوروپا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو ئەوەی ئاشکرا کرد، هەر کاتێک بە شێوەیەکی نایەکسانانە مامەڵە لەگەڵ کورد لە تورکیا دەکرێت، ئەوان لە یەکێتیی ئەوروپا پەیوەندی بە بەرپرسانی تورکیاوە دەکەن و ناڕەزایەتیی بڕۆکسل بە تورکەکان دەگەیێنن.
لەبارەی قەیرانی کۆچبەران لە ئەوروپا پیتەر ستانۆ رایگەیاند، کۆچبەری ئاڵنگارییەکی گەورەیە رووبەڕووی وڵاتانی ئەوروپا بووەتەوە و تووندکردنی سنوورەکانی وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا بە یەکێک لە چارەسەرەکان بۆ ئەو قەیرانە دەبینن. گوتەبێژی بەرپرسی سیاسەتەکانی یەکێتیی ئەوروپا باسی لەوەش کرد، بازرگانیی ئەو کەسانە دەبڕن کە قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە دەکەن و بەهۆی دۆخی نالەباری مرۆڤەوە پارە کۆدەکەنەوە.
لە ماوەی رابردوودا، وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپا چەندین رێکاریان گرتووەتەبەر بۆ پاراستنی سنوورەکانیان، ئەمەش لە دوای زیادبوونی ژمارەی کۆچبەری نایاسایی لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا، کە زۆرێک لەو کۆچبەرانە هاونیشتمانی باشوور، رۆژئاوا و رۆژهەڵاتی کوردستان و هاووڵاتیانی عێراق و ئێران و سووریان. ئەو هەنگاوەی یەکێتی ئەوروپا، لەدوای دروستبوونی قەیرانی ئابووری لەو کیشوەرە دێتم کە بەهۆی جەنگی ئۆکراینا، دروست بووە. بۆ قسەکردنی زیاتر لەسەر قەیرانی کۆچبەری و سیاسەتەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەت لە عێراق و سووریا و تورکیا، لە برۆکسلەوە، پیتەر ستانۆ گوتەبێژی، بەرپرسی سیاسەتی یەکێتی ئەوروپا میوانمە....
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ پیتەر ستانۆ، گوتەبێژی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا:
رووداو: بەڕێز ستانۆ زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە.. بڕیاربوو ساڵی رابردوو، هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجامبدرێت، بەڵام دواخرا. ئێستا بڕیارە لە 18ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەو هەڵبژاردنە بەڕێوەبچێت، بەڵام تائێستا پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆچوونی جیاوازیان لەسەر بەڕێوەچوونی ئەو هەڵبژاردنە هەیە، هەڵوێستی یەکێتیی ئەوروپا لەسەر ئەو پرسە چییە؟
پیتەر ستانۆ: هەڵبژاردنەکان لە روانگەی ئەوروپاوە هەمیشە بە پەیڕەوکردنێکی گرنگی مافەکانی خەڵک دادەنرێن بۆئەوەی نوێنەرە سیاسییە رەواکانی خۆیان هەڵبژێرن؛ بۆیە یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، رەوایەتیی هەر ئیدارەیەک لە هەڵبژاردنی متمانەپێکراوەوە سەرچاوە دەگرێت. بێگومان نایاب دەبێت ئەگەر رێز لە سووڕی هەڵبژاردن بگیرێت و پارێزگاریی لێ بکرێت، ئەگەرنا، ئەگەر پێویستبوو لەبەر هەر بارودۆخێک دوابخرێن، ئەوا بە بڕوای من، لە بەرژەوەندیی هەر ئیدارەیەکدا دەبێت هەرکات کرا، هەڵبژاردنەکە ئەنجام بدات. پێویستە ژینگەیەکی سەلامەت هەبێت، پێویستە ژینگەیەکی یاسایی هەبێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی دادپەروەرانەی راستەقینە لەسەر بنەمای دەستووری عێراقی و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان ئەنجام بدرێت و لە ئاست چاوەڕوانیی خەڵکی عێراق بێت، بۆئەوەی خەڵک بتوانن رای راستەقینەی خۆیان دەرببڕن و نوێنەرانی سیاسیی خۆیان هەڵبژێرن.
رووداو: مانگی سێی ئەمساڵ، دادگەی ژووری بازرگانیی نێودەوڵەتی لە پاریس، هەناردەکردنی نەوتی کوردستانی بۆ تورکیا بە هەنگاوێکی نادەستووری ناوبرد و لەوکاتەشەوە هەناردەکردنی نەوتی کوردستان راگیراوە. یەكێتیی ئەوروپا چۆن دەڕوانێتە ئەو بڕیارە؟
پیتەر ستانۆ: من پسپۆڕی پرسەکانی نەوت و وزە نیم. ئەرکی من روونکردنەوەی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپایە، بەڵام بەگشتی بۆ یەکێتیی ئەوروپا، ئەگەر بڕیاری دادگەیەک هەبێت، یان ئەگەر دادگەیەکی نێوبژیوانیی نێودەوڵەتی بڕیارێک دەربکات، ئەوا پێویستە رێزی لێ بگیرێت. یەکێتیی ئەوروپا رێکخراوێکە لەسەر بنەمای سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دەسەڵاتی یاسادانانەوە دامەزراوە، واتە پێویستە رێز لە یاساکان بگیرێت، بۆیە ئەگەر بڕیارێک لەلایەن دامەزراوەیەکی سەربەخۆوە درابێت، ئەوا پێویستە جێبەجێ بکرێت.
رووداو: ئەوە ئاشکرایە کە یەكێتیی ئەوروپا سزای بەسەر ئێراندا سەپاندووە، بەڵام تاوەکو ئێستا سوپای پاسدارانی نەخستووەتە نێو لیستی تیرۆری یەکێتییەکەوە. ئەمە بۆچی؟
پیتەر ستانۆ: دوو پرس هەن پێویستە لەبیرمان بن کاتێک باس لە پەیوەندییەکانی نێوان یەکێتیی ئەوروپا و ئێران دەکەین. بەڵێ، ئێمە پێشتر چەندین جار سزامان بەسەر ئێراندا سەپاندووە، ئەوەش لەبەر دوو هۆکار: یەکەمیان چەوساندنەوەی بەردەوامی خۆپێشاندەرانی دانیشتووی ئێرانە کە داوا دەکەن رێزی زیاتر لە ماف و ئازادییەکانیان بگیرێت. هۆکاری دووەمی سەپاندنی سزایە بەسەر ئێراندا، کە ئەگەر پێویست کرا بەردەوامیش دەبین لە سزادانی، بریتییە لە پشتیوانیکردنی ئێران لە دووژمنکاریی رووسیا بۆسەر ئۆکراینا. هۆکاری سەرەکیی ئەمەی دووەمیان دابینکردنی درۆنی ئێرانییە بۆ رووسیا، کە رووسیا لە هێرشەکانیدا بۆسەر ئامانجە سڤیلەکانی ئۆکراینا بەکاریان دەهێنێت، کە ئەمە قبووڵ ناکرێت. ئەوەی پەیوەستە بە سوپای پاسدارانەوە، پێویستە لەبیرمان بێت کە ئێمە پێشتریش سزامان بەسەر سوپای پاسدارانی ئێران و ئەندامەکانیدا سەپاندووە کە لە ژمارەیەک سزا پێکدێن، بەڵام بۆئەوەی دامەزراوەیەکی وەکو سوپای پاسداران بخەینە لیستی تیرۆری یەکێتیی ئەوروپاوە، لە رێوشوێنەکانماندا لەنێو یەکێتیی ئەوروپا، سەرەتا پێویستمان بە بڕیاری دەسەڵاتی دادوەریی وڵاتێک دەبێت، تەنیا ئەو کاتە یەکێتیی ئەوروپا وەکو پێکهاتەی 27 وڵاتە ئەندامەکە دەتوانێت دەست بە گفتوگۆ بکات لەسەر ئەوەی کە ئایا ئێمە دەتوانین هەمان شت بکەین یاخود نا. بەڵام بۆئەوەی دامەزراوەیەک بە رێکخراوێکی تیرۆریستی دابنێین، سەرەتا پێویستمان بە بڕیاری دەسەڵاتی دادوەریی یەکێک لە 27 وڵاتە ئەندامەکە دەبێت، تەنیا ئەو کاتە یەکێتیی ئەوروپا دەتوانێت بڕیار بدات کە ئایا دەتوانین کەسێک بخەینە لیستی تیرۆرەوە یان نا.
رووداو: لە چەند ساڵی رابردوودا، بە هەزاران کۆچبەر لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە روویان لە وڵاتانی ئەوروپا کردووە و زۆربەشیان لە رێگەی یاسایی یانیش نایاسایی بێت، خۆیان گەیاندووەتە ئەوروپا، یەکێتی ئەوروپا چۆن دەیەوێت کێشەی کۆچبەران چارەسەر بکات و هەنگاوەکانی داهاتووی چی دەبن؟
پیتەر ستانۆ: کۆچ یەکێکە لە ئاڵنگارییە هەرە گەورەکان بۆ یەکێتیی ئەوروپا، هەروەها لە چەند روویەکەوە، یەکێکە لە گەورەترین هەڕەشەکان، بەتایبەتیش کۆچی نایاسایی مەترسیی ئەوەی هەیە کەسانی نیاز خراپ بێنە نێو یەکێتیی ئەوروپا بۆ هەندێک ئامانج کە رەنگە لە دژی ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا بن. بەڵام بەگشتی، کۆچبەرەکان تەنیا ئەو کەسانە نین کە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە دێن، بەڵکو خەڵکێکی زۆر لە ئەفریقاشەوە دێن و هەوڵدەدەن بگەنە کەنارەکانی ئەوروپا. ئەمە ئاڵنگارییەکی گەورەیە و یەکێتیی ئەوروپا سیاسەتێکی سێکوچکەیی بۆ ئەم پرسە هەیە: یەکەمیان بێگومان ئەوەیە کە ئێمە سنوورەکانی خۆمان دژی هەر هاتنەژوورەوەیەکی نەخوازراو دەپارێزین. دووەم، ئێمە بازرگانیی ئەو کەسانە لەنێودەبەین کە قاچاخچێتی بە مرۆڤەوە دەکەن و لەسەر ئەرکی نەهامەتیی خەڵک پارە کۆدەکەنەوە. سێیەمیش، ئێمە لەگەڵ وڵاتانی (ترانزێت) پێداگوزەر بەتایبەتیش وڵاتانی سەرچاوەی کۆچبەران کار دەکەین بۆئەوەی هۆکارە ریشەییەکانی کۆچکردن نەهێڵن، چونکە ئەو کەسانە زۆربەیان لە ململانێ هەڵنەهاتوون، یاخود لەڕاستیدا پەنابەر نین و وەکو ئەو خەڵکە نین کە لە ئۆکراینا هەڵدێن، چونکە لە ژیانیان دەترسن. بەڵکو زۆربەی کۆچبەران ئەوانەن کە بەدوای ژیانێک دەگەڕێن لەڕووی ئابوورییەوە خۆشتر بێت. بۆیە پێویستە لە وڵاتانی خۆیان دەرفەتیان بۆ دروستبکەین، بۆئەوەی کاریان هەبێت و ژیانێکی شایستە بۆ خۆیان و خێزانەکانیان فەراهەم بکەن و ناچار نەبن بەنێو بیابان و چەندین وڵاتدا بڕۆن و ژیان و تەندروستیی خۆیان بخەنە مەترسییەوە تاوەکو بە نایاسایی خۆیان بگەیێننە نێو یەکێتیی ئەوروپا.
رووداو: ئەگەر شەپۆلی چوونی کۆچبەران بۆ وڵاتانی ئەوروپا بەردەوام بێت، ئایا دەسەڵاتدارانی ئەوروپی ناچار دەبن رێکاری تووندتر بگرنەبەر بۆ پاراستنی سنوورەکانیان؟
پیتەر ستانۆ: بەشێوەیەکی گشتی، کۆچبەرە نایاساییەکان رێگەیان پێ نادرێت بچنە نێو وڵاتەکانەوە. هەموو وڵاتێک سنووری خۆی دەپارێزێت، هەربۆیە سیستمی ڤیزە و دەروازەی سنووریی پەیوەندیدارمان هەیە. چۆن بۆ کەسێک شیدەکەیتەوە کە بیەوێت وەکو گەشتیار بێتە یەکێتیی ئەوروپا کە پێویستە داوای ڤیزە بکات و 40 یان 60 یۆرۆ بدات بۆئەوەی ڤیزەکە وەربگرێت و بە رێوشوێنی گونجاوی دەروازە سنوورییەکاندا بڕوات و پاسپۆرتەکەی بپشكنرێت. بێگومان هەموو وڵاتێک خاکەکەی لە چوونەژوورەوەی مۆڵەتپێنەدراوی نایاسایی دەپارێزێت، وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپاش هەر ئەم شتەیان کردووە و دەیکەن، بۆئەوەی سنوورەکانیان بپارێزن، بەڵام لە هەمان کاتدا، بە رێگەی گونجاو هەوڵی چارەسەرکردنی کۆچکردن دەدەین، بەتایبەتیش هۆکارەکانی کۆچکردن و چۆنێتیی رێگەگرتن لە کەسانی شەڕانگێز، بۆئەوەی هیوای ئەو خەڵکە بۆ ژیانێکی خۆشتر لە قازانجی خۆیان بەکارنەهێنن بۆ بەدەستهێنانی پارە و ئەو خەڵکە نەقۆزنەوە، فێڵیان لێ نەکەن، درۆیان لەگەڵدا نەکەن و قاچاخچێتییان پێوە نەکەن. واتە ئەمە روانگەی یەکێتیی ئەوروپایە؛ تەنیا یەک رێکار نییە، بەڵکو کۆمەڵێک رێکارە بۆ چارەسەرکردنی هۆکارە ریشەییەکان، بۆ پاراستنی سنوورەکان، هەروەها بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو دۆسیە کەمانەی کە لەڕاستیدا مافی وەرگرتنی پەنابەرێتییان هەیە، چونکە پەنابەری راستین و بەهۆی هەبوونی مەترسی لەسەر ژیانیان پێویستە وڵاتەکانیان جێبهێڵن.
رووداو: ئایا هیچ ئامارێکی فەرمیتان لایە، کە ئاماژە بێت بەوەی لە 12 مانگی رابردوودا چەند کۆچبەر هەوڵیانداوە بچنە نێو سنوورەکانی یەکێتیی ئەوروپاوە؟
پیتەر ستانۆ: ئەم ژمارەیە لای وڵاتانی ئەندامە، چونکە کۆچبەران هەوڵدەدەن لە سنووری وڵاتانی جیاجیا بپەڕنەوە. لەنێو یەکێتیی ئەوروپا، پاراستنی سنوورەکان و تۆمارکردنی ئەم ئامارانە، ئەرکی وڵاتانی ئەندامە، بەڵام هەزاران کەس ساڵانە هەوڵدەدەن ئەو کارە بکەن، واتە ئەمە دیاردەیەک نییە تایبەت بە ئەمساڵ بێت، بەڵکو دیاردەی چەندین ساڵی رابردووە. بێگومان پێویستە جیاوازی بکەین لەنێوان ئەوەی باس لە کام ئاراستە دەکەین، خەڵکانێک لە ئەفریقا و لە باشوورەوە دێن، خەڵکانێک لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە دێن، بەڵام هەروەها لە رۆژهەڵاتی خۆشمانەوە دێت، لە وڵاتە دراوسێکانمانەوە، لە ئۆکرایناوە. لە 12 مانگی رابردوودا، هەشت ملیۆن کەس لە ئۆکراینا هەڵاتوون و پەڕیونەتەوە نێو یەکێتیی ئەوروپا. چوار ملیۆنیان لەنێو یەکێتیی ئەوروپادا ماونەتەوە، چوار ملیۆنەکەی دیکەش یان رۆیشتوونەتە شوێنێکی دیکە، یانیش گەڕاونەتەوە ئۆکراینا. واتە ساڵانە ژمارەیەکی زەبەلاحی خەڵک هەوڵدەدەن بگەنە یەکێتیی ئەوروپا.
رووداو: با بچینە سەر پرسی تورکیا. رەجەب تەیب ئەردۆغان جارێکی دیکە هەڵبژاردنەکانی تورکیای بردە، وەکو دەشزانین سەرۆککۆماری تورکیا پەیوەندییەکی ئاڵۆزی لەگەڵ ئەوروپا هەیە. یەكێتیی ئەوروپا چۆن دەڕوانێتە ئەو سەرکەوتنەی ئەردۆغان، بەتایبەتی کە بۆ پێنج ساڵی داهاتوو ئەوروپا دەبێت مامەڵە لەگەڵ ئەردۆغان بکات؟
پیتەر ستانۆ: خەڵکی تورکیا بڕیاری خۆیان دا. بژاردەی خۆیان دیاریکرد. یەکێتیی ئەوروپا هەمیشە رێز لە بڕیاری خەڵک دەگرێت. ئێمە پیرۆزبایی لە سەرۆک ئەردۆغان دەکەین بەبۆنەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی. ئەو بەرپرسیارێتیی گەورەی هەیە، ئەرکەکانی نێو کۆمەڵگەی تورکیا گەورەن. یەکێتیی ئەوروپا بەرژەوەندیی ستراتیژیی هەیە لە بەردەوامیدان بە پەیوەندییەکی زۆر هاوکارانە کە لە بەرژەوەندیی هەردوولادا بێت، لەگەڵ تورکیا و خەڵکەکەیش. ئەمە لە بەرژەوەندیی ئێمەدایە، ئەوان دراوسێی ئێمەن. تورکیا وڵاتێکی گرنگی ناوچەکەیە و بۆ سەقامگیریی ناوچەکە گرنگە. تورکیا ئەندامی ناتۆیە. تورکیا هێشتاش وڵاتێکی بەربژێرە بۆ بەئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپا. تورکیا دەیەوێت بە شێوەیەکی فەرمی ببێتە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا، بۆیە زۆر هۆکار هەن کە وامان لێبکەن حەزمان لە پەیوەندییەکی هاوکارانە بێت کە لە بەرژەوەندیی هەردوولادا بێت. هەموو هەوڵێکیشمان دەدەین، بۆئەوەی ئەو جۆرە پێکەوە کارکردنە بەدیبهێنین، بەڵام بێگومان هەموو پەیوەندییێک بۆ ئەوەی کار بکات، پێویستی بە دوو لایەن هەیە. یەکێتیی ئەوروپا ئامادەیە لەگەڵ تورکیا کاربکات، بۆئەوەی ئەم هاوبەشییە بونیادنەرە بەرەو پێش ببات، چونکە هیچ بژاردەیەکی دیکە نییە، بەڵام بێگومان دەمانەوێت ئەو کارە لەسەر بنەماکانی وەکو سەروەریی یاسا، مافەکانی مرۆڤ، رێزگرتن لە یاسای نێودەوڵەتی و سەقامگیریی هەرێمی بکەین، چونکە تەنیا بەو جۆرە دەتوانێت سوود بە هاووڵاتییان بگەیێنێت، لەنێو تورکیا و لە یەکێتیی ئەوروپاش.
رووداو: لە ماوەی رابردوودا، یەکێتی ئەوروپا رەخنەی لە سیاسەتەکانی تورکیا بەرامبەر بە کورد گرتووە و چەندین سیاسەتڤان و چالاکڤان و رۆژنامەڤانی کوردی دەستگیر کردووە، هەڵوێستی یەكێتیی ئەوروپا بە دیاریکراوی لەسەر ئەو پرسە چییە؟
پیتەر ستانۆ: یەکێتیی ئەوروپا هەرگیز دوودڵ نییە لە دەربڕینی ناڕەزایی، کاتێک کە شتێکی لەم شێوەیە روودەدات و خەڵک بەهۆی بیروڕای سیاسی یان نەتەوەییانەوە بکرێنە ئامانج. ئەمە شتێک نییە لەگەڵ بەهاکانمان بگونجێت، بۆیە هەر کاتێک شتێکی لەو جۆرە لە تورکیا رووبدات، کاتێک کە کەمینە کوردییەکان جیاکارییان بەرامبەر دەکرێت، یانیش بە شێوەیەکی نادادپەروەرانە و نایەکسانانە دەچەوسێندرێنەوە، یەکێتیی ئەوروپا ناڕەزایی دەردەبڕێت چ بە شێوەیەکی ئاشکرا بێت لە رێگەی راگەیێندراوەوە، یانیش لە رێگەی پەیوەندیکردنی راستەوخۆوە بێت بە هاوتا تورکییەکانمانەوە، کە زۆرجار ئەوە دەکەین و پێیان دەڵێین، کە ئێمە چاودێریی چی دەکەین، داوایان لێدەکەین هۆکارەکەی روونبکەنەوە، داوایان لێدەکەین روونکردنەوە بدەن، هەروەها هەڵوێست و چاوەڕوانییەکانمان پێیان دەگەیێنین، چونکە لە کۆتاییدا، وەکو گوتم، تورکیا وڵاتێکە لە پڕۆسەی بەئەندامبوون لە یەکێتیی ئەوروپادایە و ئەگەر بیانەوێت ببنە ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا، ئێمە هەمیشە ئاماژە بە بنەما و بەهاکانی یەکێتیی ئەوروپا دەکەین کە دەبێت رێز لە ئازادییە سیاسییەکان و مافە سەرەتاییەکانی ئازادیی خەڵک بگیرێت، بەبێ رەچاوکردنی نەژاد، ئایین، نەتەوە یان ئەو زمانەی بەکاریدەهێنن.
رووداو: لە چەند مانگی رابردوودا، حکومەتی سووریا لەلایەن کۆمکاری عەرەبییەوە پێشوازیی لێکرایەوە و ئەندامێتیی لەو رێکخراوە کارا کرایەوە. ژمارەیەک لە وڵاتانیش پەیوەندییەکانیان لەگەڵ حکومەتی سووریا ئاسایی کردووەتەوە، کە ئەمەش هەنگاوێکە ئەمریکا دژیەتی و چەندجارێکیش هاوپەیمانەکانی ئاگادار کردووەتەوە کە ئەو هەنگاوە نەگرنەبەر. هەڵوێستی یەكێتیی ئەوروپا لەسەر ئەو پرسە چییە؟
پیەر ستانۆ: تێبینیی بڕیاری وڵاتانی ئەندام لە کۆمکاری عەرەبیمان کردووە بۆ گەڕاندنەوەی ئەندامێتیی سووریا. ئەوە بڕیاری خۆیانە. ئێمە بێگومان قسە و راوێژ لەگەڵ هاوبەشە عەرەبەکانمان دەکەین بۆئەوەی بزانین بە دیاریکراوی هۆکاری بڕیارێکی لەو شێوەیە چییە و چ چاوەڕوانییەک لەو بڕیارە دەکرێت، بەڵام هەڵوێستی یەکێتیی ئەوروپا زۆر روونە. رژێمی ئەسەد هیچ رەوایەتییەکی نییە. بەهۆی ئەو کارانەی لە دژی خەڵکی خۆی کردوونی، رژێمەکە لە چاوی خەڵکی سووریادا هەموو رەوایەتییەکی لەدەستداوە. رژێم هیچ یەک لەو پرسانەی چارەسەر نەکردووە کە بوونە هۆی سەرهەڵدانی ململانێکە. رژێم وەکو پێویست کار ناکات بۆ بەرەوپێشبردنی پڕۆسەی ئاشتەوایی و گۆڕانکاری کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکردایەتیی دەکات؛ بۆیە لای خۆمانەوە، ئێمە هیچ هۆکارێک نابینین بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان، چونکە ئەگەر هیچ گۆڕانێکی بەرچاو لە رەفتاری رژێمی ئەسەددا نەبێت، هەڵوێستمان وەکو خۆی دەمێنێتەوە. ئێمە هێشتاش یارمەتیی خەڵکی سووریا دەدەین. یەکێتیی ئەوروپا گەورەترین کۆمەکبەخشی پێداویستییەکانی خەڵکی سووریا و پەنابەرانی دەرەوەی وڵاتەکە و ئاوارەکانی نێو وڵاتەکەیە، بۆیە ناتوانین بڵێین پەیوەندیمان بە خەڵکی سووریاوە نییە. بەڵام کاتێک قسە دێتە سەر پەیوەندی لەگەڵ رژێمی سیاسی کە بانگەشەی نوێنەرایەتیکردنی ئەم خەڵکە دەکات، هەڵوێستمان نەگۆڕاوە. لەبیرتان بێت کە وڵاتانی ئەندامی یەکێتیی ئەوروپا تاوتوێی پێشهاتە نوێیەکانی ناوچەکە دەکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا، هەڵوێستی یەکێتیی ئەوروپا نەگۆڕاوە و ئێمە پشتیوانی لەو پڕۆسەیە دەکەین کە نەتەوە یەکگرتووەکان سەرکردایەتیی دەکات، بەڵام رژێم هیچ سازشێک ناکات و هیچ ئامادەییەک بۆ بەرەوپێشچوون و دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسیی خۆڕاگر بۆ قەیرانی سووریا پێشان نادات.
رووداو: جگە لەپرسی کۆچبەری، پرسێکی دیکە کە رووبەڕووی ئەوروپا بووەتەوە، قەیرانی وزەیە و بەتایبەتیش لەدوای جەنگی ئۆکرایناوە. لە کاتێکدایە هەرێمی کوردستان بە سامانی سرووشتی دەوڵەمەندە، ئایا یەکێتیی ئەوروپا بیری لەوە کردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان بکاتە جێگرەوەی رووسیا بۆ دابینکردنی گازی سرووشتی؟
پیتەر ستانۆ: یەکێتیی ئەوروپا بڕیارێکی زۆر روونی داوە و خۆمان لە سووتەمەنییە بەردیوەکانی رووسیا دابڕاندووە، ئەمەش دوو هۆکاری هەیە؛ یەکێکیان درێژخایەنە، کە هەمیشە ویستوومانە ئەوە بکەین، بۆئەوەی بگوازرێینەوە بۆسەر وزەی سەوز. دەمانەوێت ماڵئاوایی لە سووتەمەنییە بەردیوەکان بکەین، چونکە پیسن، بۆ سرووشت و ژینگەکەمان باش نین. بەڵام بڕیاری پووتین بۆ داگیرکردنی نایاسایی ئۆکراینا وایکرد بڕیارەکەمان خێراتر بکەین. بۆیە دەستبەرداری خەڵووزی رووسیا بووین، دەستبەرداری نەوت و زۆربەی گازی رووسیا بووین. ئێمە سەرچاوەی جێگرەوەمان بۆی دۆزیوەتەوە. تاوەکو سەرچاوەی متمانەپێکراوتریشمان هەبێت، باشتر دەبێت بۆ یەکێتیی ئەوروپا. ئێمە هەمیشە بەدوای دەرفەتدا دەگەڕێین بۆ چارەسەرکردنی پرسەکە. ئەمەی کە هەیە، قەیرانی وزە نییە، چونکە کەمیی وزەمان نییە، بەڵکو قەیرانی نرخی وزە هەبوو، کە ئەوەشمان کەمکردووەتەوە، چونکە توانیمان کێشەکە چارەسەر بکەین، بەڵام ئەگەر نەوتی کوردستان یان گازی کوردستان یەکێک بێت لە بژاردەکان، ئێمە هیچ شتێک بەدوور نازانین. بەڵام دووبارە، بۆ ئێمە، عێراق وڵاتێکی سەربەخۆی خاوەن سەروەرییە و هاوبەشێکی زۆر گرنگە بۆئەوەی پێکەوە کار لە چەندین بواردا بکەین، لەنێویاندا لەسەر گواستنەوە بۆ سەر وزەی پاک، چونکە کاتێک دێت کە عێراقیش پێویستی بەوە دەبێت سووتەمەنییە بەردیوەکان لەکۆڵبکاتەوە. ئێمە ئامادەین گفتوگۆ لەسەر ژمارەیەک بژاردە بکەین لەگەڵ هاوبەشەکانمان، بە جۆرێک کە لەگەڵ چوارچێوە یاساییەکانی ئێستادا بگونجێت. ئامانجی سەرەکیش ئەوەیە بگوازرێینەوە سەر وزەی سەوز بۆ ئەوەی ژینگەکەمان پیس نەکەین، دووەمیشیان بڕینی هەر داهاتێکی رژێمی پووتینە بۆئەوەی نەتوانن دووژمنکاریی نایاسایی خۆیان لە دژی ئۆکراینا پارەدار بکەن.
رووداو: پیتەر ستانۆ، گوتەبێژی بەرپرسی سیاسەتی دەرەوەی یەکێتیی ئەوروپا زۆر سوپاس.
پیتەر ستانۆ: سوپاس بۆ ئێوەش.