دڵشاد شەهاب: رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ناوچەکە گۆڕاوە بۆ یاریکەرێکی سەرەکی

13-04-2025
تەنیا ئەحمەد
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئاڵا شاڵی.
دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئاڵا شاڵی.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمی بۆ نانخواردنێک لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا و گەنگەشەی دۆخی ناوچەکە، بانگهێشتی کۆشکی ئیلیزێ کراوە. 
 
لە هەڤپەیڤینێک لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو، دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، جەختی کردەوە کە ئەمە یەکەم دیدار نییە لە نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆک ماکرۆن، ئاماژەی بەوەدا کە هەموو دیدارەکانی پێشوو بەرهەمدار بوون.
 
"ئەم دیدارە تایبەتە گرنگیی خۆی هەیە، بەتایبەتی لەبەرچاوگرتنی کاتەکەی. گۆڕانکاریی گەورە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا روودەدەن،  ئەم دیدارە رەنگدانەوەی ئەو راستییەیە کە هەرێمی کوردستان و سەرۆکەکەی رۆڵێکی کاریگەر لەم پێشهاتانەدا دەگێڕن"، دڵشاد شەهاب وای گوت.
 
دڵشاد شەهاب جەختی کردەوە کە ماکرۆن هەمیشە بەم رۆڵە گرنگەی زانیوە، چاوەڕوان دەکرێت دیداری سبەی بە هەمان شێوە بەردەوام بێت. تەوەرە سەرەکییەکانی گفتوگۆکە چاوەڕوان دەکرێت پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و رەوشی ناوچەکە بە گشتی بگرێتەوە.
 
لە راگەیێندراوێکی رۆژی شەممەی ئیلیزێدا هاتووە: "رۆژی 14ـی نیسانی 2025، سەرۆککۆمار لە کۆشکی ئیلیزێ لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی خۆبەڕێوەبەری کوردستانی عێراق کۆدەبێتەوە."
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەروەها گوتی: "پێگەی هەرێمی کوردستان و رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گۆڕاوە، لە هەنگاونان بۆ بەرگریکردن لە پێگەی هەرێم گۆڕاوە بۆ یاریکردنێک وەکو یاریکەرێکی سەرەکی لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا."
 
گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە گرنگی دوایین دیدارەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی ئیمارات و سەرۆککۆماری تورکیا و سەرۆکی سووریا کرد و گوتی: "ئەو مامەڵەیەی کە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا ئێستا دەکرێت وەکو یاریکەرێکی سەرەکی لەو گۆڕانکارییانەدا، بەڕاستی جێگەی ئەوەن هەر تاکێکی کوردستانی دڵی پێخۆشبێت."
 
ئەمە یەکەمین سەردانی ئەمساڵی نێچیرڤان بارزانییە بۆ پاریس دوای ئەوەی لە کانوونی یەکەمی پار، بۆ بەشداریکردن لە رێوڕەسمی کردنەوەی کەنیسەی نۆتردام، سەردانی وڵاتە ئەورووپییەکەی کرد.
 
فەرەنسا ئەندامی هاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتییە کە بە بەشداریی زیاتر لە 80 وڵات لە سووریا و عێراق بەرەنگاری داعش دەبێتەوە. لە چوارچێوەی هاوپەیمانییەکەدا، فەرەنسا نزیکەی 600 سەربازی لە عێراق جێگیرکردووە، کە بەشی هەرە زۆریان لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستانن. 
 
لەوەتەی ماکرۆن لە ساڵی 2017 بووەتە سەرۆککۆماری فەرەنسا، لانیکەم 7 جار لە پاریس، هەولێر و بەغدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی کۆبووەتەوە. 
 
دوایین سەردانی فەرمی و دیپلۆماسیی نێچیرڤان بارزانی بۆ پاریس لە تشرینی دووەمی 2023 بوو لەسەر بانگهێشتی ماکرۆن و تێیدا باس لە پەیوەندییە سیاسی، ئەمنی و ئابوورییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ فەرەنسا کرا.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ دڵشاد شەهاب، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان:
 
رووداو: بانگهێشتکردنی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمی بۆ کۆشکی ئیلیزێ، نانخواردنێک لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا؛ فەرەنسییەکان خۆیان دەڵێن، نانی نیوەڕۆیان بۆ تاوتوێکردنی بابەتە گرنگەکان زۆر گرنگە. دەمانەوێت بزانین بەیانی چ بابەتێکی گرنگ هەیە کە هەردوو سەرۆکە گەنجەکە پێکەوە گفتوگۆی لەسەر بکەن.
 
دڵشاد شەهاب: خۆتان دەزانن ئەمە یەکەم دیدار و یەکەم بانگێشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نییە لەگەڵ بەڕێز سەرۆک ماکرۆن؛ پێشتریش دیداری دیکە هەبوون و هەموو دیدارەکانیش بەرهەمداربوون. دیداری ئەمجارە تایبەتمەندێتیی خۆی هەیە، لە هەڵبژاردنی کات، بە تایبەتی لە کاتێکدایە کە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کۆمەڵێک گۆڕانکاریی گەورە روویانداوە، یاخود ئێستاش لە رووداندان و بەردەوامییان هەیە. ئەمە دەرخەری راستییەکە، ئەویش ئەوەیە پێگەی هەرێمی کوردستان و رۆڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەو رووداوەدانەدا رۆڵێکی کاریگەرە. بەڕێز سەرۆک ماکرۆن ئەم رۆڵەی بەگرنییەوە وەرگرتووە، لە دیدارەکانی پێشووتریشدا و لە دیدارەکەی سبەیشدا چاوەڕوان دەکرێت هەر وابێت.  پرس و را و تێڕوانینی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم پرسانەی کە ئێستا لە ناوچەی ئێمە روودەدەن، چ لە عێراق و هەرێمی کوردستان چ لە ناوچەکە بەشێوەیەکی گشتی وا بڕیارە تەوەری سەرەکی بن. جیا لە پەیوەندیی دووقۆڵی و پەیوەندیی مێژوویی کە خۆتان دەزانن گرنگیی پێدانی فەرەنسا بۆ هەرێمی کوردستان یان بۆ گەلی کورد، کە زۆر جار دەڵێم پێش هەبوونی هەرێمیش بە شێوەیەکی فەرمی، ئەم پەیوەندییە رەگ و ریشەیەکی قووڵی هەیە. هەمیشە فەرەنسا پشتیوانێکی سەرەکی و لە بیناکردنی ئەزموونی دیموکراسی، لە چەسپاندنی فیدراڵییەت، لە مامەڵەکردنێکی فەرمی، لە زووترین کاتدا لە کردنەوەی کۆنسووڵخانەی فەرەنسا لە هەولێرەوە بگرە تا ئەم ئاستی پەیوەندییەی کە ئێستا پێی گەیشتووین، قۆناخی گرنگ و مێژوویین، کە لە مێشکی هەر تاکێکی کوردستاندا بە تایبەتی ئەگەر دواترینیان باس بکەم، لە ساڵی 2017 کاتێک کەوا دەرگاکان بە ستەم لەسەر هەرێمی کوردستان داخران و ئەزموونی هەرێم مەترسیی گورز پێکەوتنی هەبوو، کلیلی ئەم دەرگە داخراوانە لەسەر دەستی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەڕێز سەرۆکی فەرەنسا کرایەوە. گرنگیدان بەم پەیوەندییە و بەردەوام بوونی بەلای ئێمەوە تایبەتمەندییەکی گەورەی هەیە، لەلای جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بێگومان یەکێکە لە دیدارە هەرە گرنگەکان.
 
رووداو: دوێنێ لەگەڵ چەندین سیناتۆر و پەرلەمانتار قسەم کرد، وێنەی کۆبوونەوەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانم نیشاندان کە لە ئەبوزەبی و تورکیا کۆمەڵێک کۆبوونەوەی گرنگی کرد، ئەوان زۆر سەرسام بوون بەو کۆبوونەوانە. ئایا پەیوەندیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی فەرەنسا چەند گرنگە بۆ داڕشتنەوەی سیاسەتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و عێراقیش؟
 
دڵشاد شەهاب:  پێش ئەوەی باسی ئەم دیدارانەی ئەم دواییانە بکەم، دەمەوێت ئاماژە بە شتێک بکەم ئەویش ئەو گۆڕانکارییە گەورەیە، ئەوەی کە لە پێگە و رۆڵی هەرێمی کوردستاندا روویداوە. ئێمە لە ساڵانی رابردوو کە ئەم دەرفەتانە بۆ هەرێمی کوردستان دەبوو، هەموو مەبەستێکمان ئەوە بوو داوای پشتیوانی، پشتگیری و سەرخستنی پرۆسەی دیموکراتی لە عێراق و جێگیربوونی فیدراڵییەت، هەروەک سیستمی بەڕێوەبردنی وڵاتێکی یەکگرتوو و فیدراڵی کە بەڕاستی ئێستاشی لەگەڵدا بێت، هەندێک تێنەگەیشتن بۆ پێگە و دۆخی هەرێمی کوردستان، لە ناوخۆی عێراق و ناوچەکە بە شێوەیەکی گشتی هەیە. ئێستا پێگەی هەرێمی کوردستان و رۆلی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە هەنگاونان بۆ بەرگریکردن لە پێگەی هەرێم گۆڕاوە بۆ یاریکردنێک وەکو یاریکەرێکی سەرەکی بۆ گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە. ئەو دیدارانەی کەوا لەم دواییانەدا روویدان، چ ئەوەی لەگەڵ بەڕێز سەرۆکی ئیمارات، دواتر ئەو دیدارانەی لە دوو رۆژی رابردوو لە ئەنتاڵیا لە کۆڕبەندی ئەنتاڵیادا روویدا؛ بەتایبەت لەگەڵ بەڕێز سەرۆک ئەردۆغان، لەگەڵ سەرۆککۆماری سووریا و لەگەڵ وەزیری دەرەوەی رووسیا؛ لەلایەن وڵاتانەوە پێزانینی بۆ هەیە، ئەو مامەڵەیەی کە لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا ئێستا دەکرێت وەکو یاریکەرێکی سەرەکی لەو گۆڕانکارییانەدا، بەڕاستی جێگەی ئەوەن هەر تاکێکی کوردستانی دڵی پێخۆشبێت. وەکو باسم کرد، نموونەم بە ساڵی 2017ـەوە هێنایەوە، ئەگەر لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا سەیر بکەین؛ پێگەی هەرێمی کوردستان و رۆڵی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان گۆڕانکارییەکی یەکجار زۆر گەورەی بەسەردا هاتووە. ئێستا وەکو را وەرگرتن، وەکو بیروبۆچوون وەرگرتن، بۆ کێشانی ئایندەی ناوچەکە و چۆنییەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو رووداوانەدا، جێگەی گرنگیپێدانن، ئەمە دەرفەتێکی گەورەشە بۆ گەلی کوردستان تێکڕا، تەنانەت بۆ گەلی کورد لە شوێنەکانی دیکە. بۆ نموونە یەکێک لەو پرسە گرنگانەی لە دیدارەکانی رابردوودا هەبووە  پرسی کورد بووە لە رۆژئاوا، پرۆسەی ئاشتی بووە لە تورکیا کە ئێستا بەڕێوەدەچێت. ئەمانە بەڕاستی پرسگەلێکن کە دڵنیام گرنگیپێدانی سەرۆک ماکرۆن و فەرەنسا بۆ گۆڕانکارییەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە ئەم پرس و رایانە یاخود ئەم بابەتانە بە پرس و را لەگەڵ جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان تاوتوێ بکرێن، بەڵگەیەکی دڵخۆشکەرە لەسەر پێگە و رۆڵی هەرێمی کوردستان لە هاوکێشەی ناوچەکە.
 
رووداو: رووداو: پەیوەندییەکانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان لە چ ئاستێکدایە؟
 
دڵشاد شەهاب: لە یادی سەد ساڵەی خانمی بەڕێز دانیێل میتران کە لە هەولێر کرایەوە، لەوێدا پانۆرامایەک پێشکێشکرا، کە مرۆڤ ئەگەر بە سەرنجەوە لەسەری رابوەستێت، هەست بەو گرنگییە مێژووییە و بەو رەگ و ریشە قووڵەی پەیوەندییەکان دەکات، کە لە هەموو قۆناخەکاندا بەڕاستی، فەرەنسا تێیدا کاریگەری هەبووە، لە پێش ئازادیی هەرێمی کوردستان پێش راپەڕین، لە سەردەمی راپەڕین و خۆبەڕێوەبردنی ئێمە لە ماوەکانی نێوان ساڵی 1991 تاوەکو 2003 لە دوای رووخانی رژێم، لەو ماوەیەشدا فەرەنسا رۆڵی کاریگەری هەبووە بەتایبەتی لە بڕیاری پارێزگاریکردن لە هەرێمی کوردستان و رێگەگرتن لە هێزەکانی رژێمی لەناوچوو لەوەی کەوا هەڕەشە لەسەر هەرێمی کوردستان دروستبکات؛ بۆیە بە بۆچوونی ئێمە، ئێستا پەیوەندییەکان لە ئاستێکی تەنیا مامەڵەیەکی فەرمیی دیپلۆماسی تێپەڕ بوون، هەستێکی وا لەلای هەر تاکێکی کوردستانی هەیە کەوا بەهۆی ئەو مێژووە، بەهۆی ئەو لێک نزیکبوونەی کە هەبووە و ئەو گرنگییەی کەوا فەرەنسا بۆ گەلی ستەمدیدەی کوردستان هەیبووە، زەوینەیەکی دروستکردووە بۆ ئەوەی دۆستاییەک لە ئاستی میللیدا هەست پێدەکرێت. هەموو تاکێکی کوردستانی هەست پێدەکات کەوا وڵاتێک هەیە لە هەموو خۆشی و ناخۆشییەک لەگەڵیدا بووە، ئەویش فەرەنسایە کە ئەمڕۆش دەگاتە لووتکەی وا کە ئەو مامەڵەیەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکرێت. ئەوە چەندەمین دیدارە لە نێوان بەڕێز سەرۆکی هەرێمی کوردستان و بەڕێز سەرۆک ماکرۆن دا، ئەگەر هەڵە نەبم هەر ئەو دیدارانەی کەوا باسکراون، ئەمە حەوتەمین دیدارە. بێگومان ئەگەری هەیە لە پەراوێز و بۆنەی دیکەشدا دەیان دیداری دیکە هەبوون. سەردانی بەڕێز سەرۆک ماکرۆن بۆ هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی سەردانەکەی بۆ عێراق، رۆڵی فەرەنسا ئێستا لە ناوچەکە رۆڵێکی کاریگەرە و دەتوانم بڵێم تا رادەیەک لە پێشەنگی رۆڵی ئەورووپایە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. هەڵبژاردنی ئەم هاوبەشیی بەیەکەوە کارکردنە بۆ ئایندەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لەگەڵ هەرێمی کوردستان و جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمە خۆی پیشاندانی پێگەی بەهێز و کاریگەری رۆڵی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستانە لەو هاوکێشانە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە