رووداو دیجیتاڵ
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا بە فەرمی بانگهێشتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کردووە و رۆژی دووشەممە لە خوانی نیوەڕۆدا کۆدەبنەوە.
عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا لە هەڤپەیڤینێکدا قسەی بۆ تۆری میدیایی رووداو کرد و رایگەیاند، فەرەنسا گرنگییەکی زۆر بە هەرێمی کوردستان دەدات و ئێستا هەرێمی کوردستان لە پێشهاتەکانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بۆچوونی وەردەگیرێت، لەکاتێکدا جاران لە کەناڵەکانی تەلەڤیزیۆنەوە کورد گوێی لە گۆڕانکارییەکان دەبوو.
دۆڵەمەری هەروەها باسی بوونی پەیوەندییەکی تایبەت لە نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری فەرەنسا کرد و جەختیکردەوە کە ئەو پەیوەندییانە لە داهاتوودا بەهێزتریش دەبن.
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا هەروەها دەڵێت: "باوەڕناکەم بەبێ هەرێمی کوردستان هیچ گۆڕانکارییەک لە ناوچەکە بکرێت. کورد توانیویەتی رۆڵی خۆی لە بونیاتنانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ببینێ، لە ئێستا و داهاتووشدا".
سەبارەت بە تەوەرکانی کۆبوونەوەکەش دۆڵەمەری ئاماژەی بەوە کرد، هەردوولا باسی داهاتووی کورد لە سووریا و پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا دەکەن.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ عەلی دۆڵەمەری، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا:
رووداو: کاک عەلی ئەمە چەندین جارە سەرۆککۆماری فەرەنسا سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە فەرمی بانگهێشت دەکات. ئەمجارە نانی نیوەڕۆ بەیەکەوە دەخۆن. پەیوەندیی نێوان هەرێمی کوردستان و فەرەنسا لە چ ئاستێکدایە؟
عەلی دۆڵەمەری: بەڵێ زۆر سوپاس.. ئەوەی جێی راستی بێت پەیوەندییەکان لە ئاستێکی زۆر بەرزدان. ئێستا فەرەنسا بایەخێکی زۆر گرنگ بە هەرێمی کوردستان دەدات، وەکو فاکتەرێکی گرنگی ناوچەکە. پێشتر هەرێمی کوردستان هیچ کات بەشدار نەبووە لە کۆبوونە و بڕیارەکانی تایبەت بە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، بەڵام ئەمجارە بەخۆشحاڵییەوە هەرێمی کوردستان بەشدارە لەو گۆڕانکارییانەی روودەدەن. واتا بیروڕای هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت. ئەو گۆڕانکارییانە چ لە سووریا بێت چ لە عێراق، یان وڵاتانی دەوروبەر بەتایبەتیش رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە بۆ ئێمە بایەخی زۆری هەیە. ئێمە خۆشحاڵین وڵاتێکی گرنگی وەکو فەرەنسا گرنگی بە هەرێمی کوردستان دەدات. پەیوەندییەکی تایبەتیش لە نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری فەرەنسا هەیە، لە رابردوو و ئێستاشدا. لە داهاتووشدا ئەو پەیوەندییانە باشتر دەبن. دەتوانم بڵێم ئەو پەیوەندییانە رۆژ بە رۆژ بەهێزتر دەبن. لەبیرنەکەین یەکەم پەیوەندی کە دروستبوو لەسەر دەستی سەرۆک مەسعود بارزانی بوو کە رۆژی 15-6-2010 بۆ یەکەمین جار وەکو سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەلایەن سەرۆککۆماری فەرەنسا نیکۆلا سارکۆزی پێشوازی لێ کرا. دوای ئەوەی تاوەکو ئێستا نزیکەی 14 جار لە کۆشکی کۆماریی فەرەنسا پێشوازی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کراوە کە یەمە بایەخێکە. بەڵێ کۆشکی کۆماریی فەرەنسا بایەخی زۆری بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و هەرێمی کوردستانیش هەیە.
رووداو: هەر لەبەر ئەوەشە دەمەوێت بپرسم کە ئایا بایەخی سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی و کۆبوونەوەی لەگەڵ ماکرۆن چییە
عەلی دۆڵەمەری: لەبیرنەکەین فەرەنسا وڵاتێکی گرنگە و ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە. هەروەها سەرۆکایەتیی یەکێتیی ئەورووپاش دەکات. ئەم گرنگیدانەی نێوان هەردوو سەرۆک؛ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری فەرەنسا دەریدەخات کە ئەو گۆڕانکارییانەی لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست روودەدەن، هەرێمی کوردستان وەکو ئەکتەرێک تێیدا بەشدارە. دەریدەخات کە بۆچوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرکردایەتیی سیاسیی کوردستان وەردەگیرێت بۆ ئەو گۆڕانکارییانەی لە داهاتوودا لە ناوچەکە روودەدات.
رووداو: ئایا ئەو راگۆڕینەوەیە تا چەند کاریگەریی دەبێت لە داڕشتنی سیاسەتی فەرەنسا و ئەورووپا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و عێراقدا؟
عەلی دۆڵەمەری: بێگومان کاریگەر دەبێت، چونکە جاران بۆچوونی کورد وەرنەدەگیرا و ئێمە لە تەلەڤیزۆنەکاندا دەمانبینی. بەڵام ئێستا پێش ئەوەی گۆڕانکارییەکان، بۆچوونی هەرێمی کوردستان وەردەگیرێت لەبارەی ئەوەی چی بکرێت باشە؟ چونکە هەرێمی کوردستان سەلماندوویەتی کە فاکتەری سیاسی و سەقامگیریی ناوچەکەیە. باوەڕناکەم بەبێ هەرێمی کوردستان هیچ گۆڕانکارییەک لە ناوچەکە بکرێت. توانیویانە خۆیان بخەنە گۆڕەپانی سیاسی، دیپلۆماسی و نێودەوڵەتی چ لە سەرتاسەری جیهان چ لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. ئەمەش گرنگە بۆ ئەمڕۆ چ سەرۆکی هەرێمی کوردستان چ سەرۆکی حکومەت بەشداری لە کۆڕ و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان دەکەن و چاویان بە سەرکردەکانی جیهان دەکەوێت. ئەمانە دەریدەخەن کورد توانیویەتی رۆڵی خۆی لە بونیاتنانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ببینی، لە ئێستا و داهاتووشدا.
رووداو: کاک عەلی ئەگەر تەماشا بکەین سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە تورکیا زنجیرە کۆبوونەوەیەکی ئەنجامدان کە گرنگ بوون، من لەو باوەڕەدام ئەو کۆبوونەوانە دەبنە پرسی گرنگی کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆککۆماری فەرەنسا، ئێوە چی دەڵێن؟
عەلی دۆڵەمەری: بێگومان هەموو بابەتەکان بەیەکەوە گرێدراون. ئەویە لە ئەنتاڵیا روویدا زۆر گرنگ بوو. ئەوەی لەگەڵ بەڕێز ماکرۆن باسی لێوەدەکرێت هەموو ئەمانە لەخۆدەگرێت، بەتایبەتی کە هێشتا کێشەی سووریا کۆتایی نەهاتووە، ئایا داهاتووی کورد لە سووریا چۆن دەبێت؟ هەروەها باسی پەیوەندیی نێوان هەولێر و بەغدا دەکرێت، باسی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکرێت. فەرەنسا زۆر گرنگی بە هەرێمی کوردستان دەدات و دەیەوێت لە عێراقدا هەرێمی کوردستانێکی بەهێز هەبێت. بۆیەش پێکهێنانی ئەم حکومەتە یەکێک لە بابەتەکان دەبێت. هەروەها چەند بابەتێکی دیکەش؛ ئەو گۆڕانکارییانەی ئێستا لەگەڵ سیاسەتی ترەمپ روودەدەن، بۆ ئێمە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لە ئورووپاشدا. چونکە ئێمە دەتوانین رۆڵی خۆمان لە نزیککردنوەی لایەنەکان بگێڕین. هەروەک چۆن لە رابردوودا بینیمان، ئێستاش هەرێمی کوردستان دەتوانێت رۆڵێکی زۆر باش لە چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیریی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ببینێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ