سەرۆکی ئینستیتیوتی کورد لە پاریس: فەرەنسا وەکو دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەکات

13-04-2025
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
سەرۆکی ئینستیتیوتی کورد لە پاریس دەڵێت: "کوردستان دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە و هیچ کاتێک سەرۆک ماکرۆن، سەرۆکی هەرێمێک وەکو سەرۆکی دەوڵەت قبووڵ ناکات، بەڵام لە پرۆتۆکۆلی فەرەنسادا کوردستان وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت."
 
کەنداڵ نەزان، سەرۆکی ئینستیتیوتی کورد لە پاریس، لە هەڤپەیڤینێکیدا لەگەڵ ئاڵا شاڵی، نێردراوی رووداو لە پاریس وەڵامی چەند پرسیارێکی لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و پاریس و سەردانە چاوەڕوانکراوەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ کۆشکی ئیلیزێ دایەوە.
 
کەنداڵ نەزان گوتی: "پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و فەرەنسا پەیوەندییەکە بەهێزە، کوردستان دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە و هیچ کاتێک سەرۆک ماکرۆن، سەرۆکی هەرێمێک وەکو سەرۆکی دەوڵەت قبووڵ ناکات، ئەوە هەڵاوێرە بۆ کوردستان. ئێستا ئەگەر سەرۆکی کەتەلۆنیا یان باڤاریا بێت، ئەوە کاری سەرۆک ماکرۆن نییە، بەڵام لە پرۆتۆکۆلی فەرەنسادا کوردستان وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و قەدر و بەهای دەزانن."
 
سەرۆکی ئینیستیتوی کورد لە پاریس، باسی تێڕوانینی فەرەنسا و سەرۆکەکەی لەبارەی نێچێرڤان بارزانییەوە کرد، "سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، وەکو هاوبەشێکی جێگەی بڕوا بۆ فەرەنسا قبووڵ دەکرێت، سەرۆک ماکرۆن دەیەوێ لەگەڵ ئەو [نێچیرڤان بارزانی] لەبارەی دۆخەکە گفتوگۆی لەگەڵ بکات، چی روودەدات و چی بکەن؟".
 
دەقی هەڤپەیڤینەکەی ئاڵا شاڵی لەگەڵ کەنداڵ نەزان، سەرۆکی ئینستیتیوتی کورد لە پاریس:
 
رووداو: لە پەیوەندییەکانی ئێستای فەرەنسا و هەرێمی کوردستان رازیت؟
 
د. کەنداڵ نەزان: بەڵێ! بەگشتی زۆر رازین، لە ئاستێکی زۆر بڵند، گەرم و دۆستانەیە و زۆرباشە. فەرەنسا باشترین و وەفادارترین دۆستی گەلی کوردە، دەوڵەتی ئەوان دەوڵەتی کورد نییە بەڵام دەنگی کورد دەگەیێن بە هەموو دونیا. 
 
رووداو: کردنەوەی پارکێک لە فەرەنسا بەناوی پێشمەرگە، بۆ ناساندنی کوردستان و پێشمەرگە بایەخی چەندە؟
 
د. کەنداڵ نەزان: بایەخی زۆرە، نیشانی دەدات کە فەرەنسا دەوڵەتێکی وەفادارە، پێشمەرگە لە شەڕی داعشدا رۆڵێکی زۆر گرنگی دەگێڕا، تێکۆشەرانی رۆژئاواش، ئەوانیش بەهەمان شێوە. شارەوانیی پاریس و حکومەتی فەرەنسا دەیانەوێ وەفای خۆیان بەو پارکە [پارکی پێشمەرگە] نیشان بدەن. پارکێکی جوانە.. بڕۆن بیبینن. ئەوە بۆ هەموومان سەرکەوتنە، چونکە پاریس بە جۆرێک بووەتە پایتەختێکی ئەورووپی کە لە دڵی کورددا گەلێک گرنگە. گۆڕی شەهیدان ئەحمەد کایا، قامسلو و شەرەفکەندی و عەلی باباخان و گەلێک کوردی دیکە لێرە هەن. هەر لەنێو پاریس پارکێک بە ناوی ژینا ئەمینی هەیە، پارکێک بە ناوی یڵماز گیونەی هەیە. واتە؛ کوردستانی باکوور، کوردستانی رۆژهەڵات و ئێستاش کوردستانی باشوور. پاریس لەبەرئەوە لە دڵی ئێمە شیرین و خوەشە.
 
رووداو: هەرێمی کوردستان چۆن دەتوانێت پەیوەندییەکانی لەگەڵ فەرەنسا بەهێزتر بکات؟
 
د. کەنداڵ نەزان: پێموایە پەیوەندییەکە بەهێزە، کوردستان دەوڵەتێکی سەربەخۆ نییە و هیچ کاتێک سەرۆک ماکرۆن سەرۆکی هەرێمێک وەکو سەرۆکی دەوڵەت قبووڵ ناکات، ئەوە هەوڵاوێرە بۆ کوردستان. ئێستا ئەگەر سەرۆکی کەتەلۆنیا یان باڤاریا بێت، ئەوە کاری سەرۆک ماکرۆن نییە، بەڵام لە پرۆتۆکۆلی فەرەنسادا کوردستان وەکو دەوڵەتێکی سەربەخۆ مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت و قەدر و بەهای دەزانن.
 
رووداو: چەند رۆژێکی دیکە سەرۆک ماکرۆن لە کۆشکی ئیلیزێ پێشوازی لە سەرۆک نێچیرڤان دەکات، ئەمە واتای چی دەگەیێنێت؟
 
د. کەنداڵ نەزان: ئێستا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە قەیرانێکی گەورەدایە، ئەگەری شەڕ هەیە، شەڕ دژی ئێران، لە سووریا رەوشێکی پڕ لە ناکۆکیی هەیە، دواڕۆژی عێراق دیارنییە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، وەکو پارتنەرێکی جێگەی بڕوا بۆ فەرەنسا قبووڵ دەکرێت، سەرۆک ماکرۆن دەیەوێ لەگەڵی [نێچیرڤان بارزانی] لەبارەی دۆخەکە گفتوگۆی لەگەڵ بکات، چی روودەدات و چی بکەن؟ واتە بیر و رای خۆیان ئاڵوگۆڕ دەکەن. خواردنی فەرەنسیش خۆشن، پێکەوە نانێک دەخۆن، گفتوگۆ و دۆستایەتی خۆشیان..
 
رووداو: کاتی نان خواردن مرۆڤ دەتوانێت بە ئارامی قسە لەسەر زۆر شت بکات.
 
د. کەنداڵ نەزان: نانی نیوەڕۆ بۆ فەرەنسا زۆر گرنگە، چونکە دۆست و کەسایەتی تایبەت لەوکاتە بانگهێشت دەکرێن، لەو کاتەدا بە سەربەستی گفتوگۆ دەکەن و بیر و را دەگۆڕنەوە. زۆر کەس دێن سەرۆک ماکرۆن ببینن، بەڵام کەم کەس هەن لەگەڵ ئەو نانی نیوەڕۆ بخۆن و گفتوگۆ بکەن، ئەوەش نیشانەی ئەوەیە کە سەرۆک ماکرۆن گرنگیی بە پەیوەندیی فەرەنسا و هەرێمی کوردستان هەروەها پەیوەندیی کەسیی خۆی و بەڕێز کاک نێچیرڤان دەدات.
 
رووداو: کەواتە هەردوو سەرۆک بابەتێکی گرنگیان پێیە گفتوگۆی لەبارەوە بکەن؟
 
د. کەنداڵ نەزان: دەبێ ئەوە لە کاک نێچیرڤان بپرسن، منیش نازانم.. بەڵام مەزەندە دەکەم باسی کوردستان و عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هێشتا دانەمەزراوە، سووریا و ناوچەکە بە گشتی بکەن.
 
رووداو: تاوەکو چەند گرنگە کارئاسانی زیاتر بۆ کۆمپانیا فەرەنسییەکان بکەن بۆ ئەوەی بێن لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن؟
 
د. کەنداڵ نەزان: پەیوەندیی ئابووری گرنگن، بەڵام ئێستا بۆ کوردستان و فەرەنساش گرنگترین پەیوەندییە دیپلۆماسی و سیاسییەکانن، بۆ ئابووریش لە پێش هەموو شتێک پێویستە حکومەتێکی نوێی کوردستان هەبێت، چەند مانگە هەڵبژاردن کراوە. لە ئەڵمانیا هەڵبژاردن کرا، پارتی CDU و پارتی SPD مانگ و نیوێک دانوستاندنیان کرد و حکومەتیان پێکهێنا. هیوادارم لە کوردستانیش گواستنەوەی سیاسی هەبێت، چونکە کۆمپانیاکان ناچنە وڵاتێک بەبێ سەقامگیری سیاسی و ماف، واتە ئەمڕۆ بچن پەیمانێک واژۆ بکەن و سبەی دادگەی فیدراڵی بڵێ مافی ئێوە نییە. 
 
رووداو: ئێستا لە دام و دەزگا میرییەکانی فەرەنسا، کەسانێک دامەزراون کە بە رەچەڵەک کورد نین، ئایا ئەمە کاریگەریی لەسەر پەیوەندیی فەرەنسا لەگەڵ کورد دەبێت؟
 
د. کەنداڵ نەزان: نەخێر! ئێستا فەرەنسا لە هەموو لایەنێکی سیاسییەوە پشتیوانە، دەستی چەپ، دەستی راست و ناوەندی، ئەگەر گۆڕانکاریش ببێت؛ لە دوای 2027 کە سەرۆکایەتیی سەرۆک ماکرۆن تەواو دەبێت، لە هەردوو پارتە سەرەکییەکە بەربژێر هەن کە کەسانی ناسراو و دۆستی کوردن. کاتێک سەرۆک ماکرۆن هەڵبژێردرا، لەبارەی کوردەوە زۆر کەمی دەزانی، یەکەمجار لەگەڵ بێرنارد هێنری لێڤی [دەرهێنەری فیلمی پێشمەرگە] چووین فیلمی پێشمەرگەمان نیشاند، رۆژکی 18ی تەممووزی 2017 سێ کاژێر پێکەوە بووین، دەمی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستان بوو، ئەوکات پێمان گوت کاک مەسعود داوەت بکات، لەوکاتەوە زیاتر شارەزا دەبێت و بڕوای بە کورد پتەوتر دەبێت. کوردی خۆشدەوێت و ئەو ناوچە [رۆژهەڵاتی نێوەڕاست] زۆر قسە دەکەن و بەجێی ناهێنن، بەڵام کورد خاوەنی قسەی خۆیەتی و جێگەی متمانەن. لەلایەکی دیکەوە تەمەنی ئەوان [کاک نێچیرڤان و ماکرۆن] لێک نزیکە. 
 
رووداو: ئایا فەرەنسا دەتوانێت پشتیوانی لە هەرێمێکی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان بکات؟
 
د. کەنداڵ نەزان: باوەڕ بکە ئێمە زۆر خەریکین، سەرەتا بۆ ئەوەی تورکیا شەڕی ئەوان نەکات. لە دژی درۆنی تورکیاش فەرەنسا یارمەتییان بدات. ئێستا فەرەنسا و تاڕادەیەک ئەڵمانیا و دەوڵەتی دیکەش سەرقاڵی ئەوەن تاوەکو رێککەوتنێک لەنێوان کورد و شام نەکرێت سزاکانی سەر سووریا سووک نابن. ئەوە کاغەزێکی زۆر گرنگە لە دەستی ئەوان، لەلایەکی دیکەشەوە ئەمریکا لەگەڵ تورکیا گوتوبێژ دەکات. دوارۆژ چۆن دەبێت؟ کاتێک رژێمی ئەسەد تازە رووخا بوو لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد قسەم کرد، من گوتم یەکەم شتی گرنگ ئەوەیە سێ مانگی سەرەتا بەرخۆدان بکەن، کورد لە دیپلۆماسیدا سەرکەوتووبێت، فەرەنساش پاڵپشتیی دەکات، ئەوکات وڵاتانیش پاڵپشتیی دەکەن. ئەگەر سیستمەکە فیدراڵیش نەبێ؛ با ناناوەندی بێت، بەوەش دەتوانن مافی خۆیان و زمان و کولتووری خۆیان ببپارێزن، ئەمەش گەورەیە.
 
رووداو: چەند رۆژی رابردوو بەڕێز ئەردۆغان پێشوازی لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان کرد و کۆبوونەوە، لە تورکیا پرۆسەی ئاشتی بەڕێوەیە. چۆن دەڕواننە دۆخەکە؟ سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەتوانێت رۆڵ بگێڕێت؟
 
د. کەنداڵ نەزان: بێگومان دەتوانێت رۆڵێکی گرنگی هەبێت، داوەری لەنێوان هەردوولا، قسەی خێر، بڵێن بە شەڕ پرسەکان چارەسەر نابن، ئەوە 40 ساڵ زیاترە. مرۆڤێک لە سەدام تووندتر نەبوو ئەو نەیتوانی بە شەڕ کورد بسڕێتەوە، دەبێ چارەسەرێکی سیاسی هەبێت. لەو باوەڕەدام کە هەموو هەرێمی کوردستان ئێستا کاک مەسعود بارزانیی وەکو سەرۆکێک، وەکو لەیلا زانا گوتی: بەرپرسیاری هەموو حیزبەکانی پارچەکانی دیکە. براتن یان کوڕتن هەرچۆنێک بووبێت دەبێ پشتیوانیی بکەن، قسەی باش بکەن و لەم کاتەدا یەکێتیی مانەوەی کورد زۆر زۆر گرنگە، لەم ناوچەدا دوژمنمان زۆرن، دەبێ خۆمان دوژمنی یەکدی نەبین، ئەگەر دۆستی یەکدی بین لە دەرەوەش دۆستمان زۆر دەبێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە