کوردێک یەکەمین كۆمپیوتەری كوانتەمی دژە هاك دروست دەکات

رووداو- ئۆتاوا

پرۆفیسۆر د.ئیبراهیم كەریمی یەكێكە لە پڕۆفیسۆرەكانی زانكۆی ئۆتاوا لە كەنەدا. كەریمی ئێستا خاوەنی كورسی توێژینەوەی كەنەدییە بۆ ئەندازەی رووناكی كە لەلایەن حكومەتی كەنەداوە گوژمەی ساڵانە بۆ توێژینەوە زانستییەكانی تەرخان دەكرێت. كەریمی لە شاری سەقزی رۆژهەڵاتی كوردستان لەدایكبووە و ئێستا مامۆستای زانكۆی ئۆتاوایە لە كەنەدا.

رووداو: د.ئیبراهیم كەریمی كێیە؟

كەریمی: من لە شاری سەقز لەدایك بووم، هەر لەوێش خوێندنی بنەڕەتی و ئامادەییم تەواو كردووە. بەكالۆریۆسم لە فیزیا لە زانكۆی كرمان خوێند و یەكێك بووم لەوانەی لەسەر ئاستی ئێران بۆ خوێندنی ماستەر هەڵبژێردرام. ساڵی 2003 لە سەنتەری خوێندی باڵا بۆ زانست لە شاری زنجانی ئێران بە سەركەوتوویی خوێندنی ماستەرم تەواو كرد. دواتر چووم بۆ هەرێمی كوردستان، سێ‌ ساڵ وانەبێژ بووم لە زانكۆی كوردستان. ساڵی 2007 دكتۆرام لە ئیتالیا خوێند. دوای ئەوە خوێندنی پۆست دكتۆرام لەسەر پڕۆژەیەكی هاوبەش دەستپێكرد كە لە نێوان شەش وڵاتی ئەوروپیدا رێكخرابوو. ساڵی 2012 چوومە كەنەدا و ئێستا لە زانكۆی ئۆتاوا جگە لە وانەگوتنەوە، سەرقاڵی توێژینەوەی زانستیم.

رووداو: بۆچی فیزیات هەڵبژارد؟

كەریمی: من هەر لە منداڵییەوە حەزم لە بیركاری و فیزیا بوو، چونكە بنچینەی هەموو زانستەكانن. دایك و باوكم هەمیشە هانیان داوم ئەوە بخوێنم كە خۆم حەزم لێبووە، ئەوەش زۆر كاریگەرە لە بەرەوپێشچوونی تواناكانت لەو بوارەی كە خۆت ئارەزووی دەكەیت. هۆكارێكی دیكە مامۆستاكانی خوێندنی ئامادەییم بوو كە هەمیشە هاوكارم بوون لەوەی زیاتر فێربم. من ئێستاش مەمنونیانم و ئێستاش لەگەڵیان لە پەیوەندیدام.

رووداو: دەكرێت باسی دوایین پرۆژەتان بكەن كە دروستكردنی یەكەم سیستەمی كۆمپیوتەری كوانتەمی دژە هاكە؟

كەریمی: بەڵێ‌، ماوەی سێ ساڵ زیاترە من سەرپەرشتی پڕۆژەیەك دەكەم، ئێمە ئامێرێكی كۆپیكردنی كوانتەمیمان داهێنا. 

ئامێرێكە بەكاردێت بۆ هاككردنی كوانتەمی بۆ رێگرتن لە پەیامی نهێنی و وەرگرتنی كۆپی. پاشان توانیمان بەڵگەیەكی زۆر گرنگ ئاشكرا بكەین بۆ رێكخستن و پاراستنی تۆڕە كوانتەمییەكان كە دژی هێرشە دەرەكییەكان بێت. بۆ نموونە من و تۆ بە زمانی كوردی خەریكین قسە دەكەین، ئەگەر كەسێك كە ئینگلیزی زمان گوێی لە قسەكردنمان بێت، بۆ ئەو زۆر قورسە لە قسەكانمان تێبگات، چونكە ئێمە زمانێكی هاوبەشمان هەیە. 

من قسەكانم دەكەم و تۆ لە مێشكی خۆتدا زمانەكە شی دەكەیتەوە و توانای تێگەیشتنت هەیە. كەسێكی ئینگلیز ناتوانێت قسەكانی ئێمە لە مێشكی خۆیدا شیبكاتەوە. لە جیهانی كۆمپیوتەریشدا بە هەمانشێوەیە. ئەگەر لە كۆمپیوتەرێكەوە بمانەوێت پەیامێك بنێرین بۆ كۆمپیوتەرێكی دیكە، پێویستە چەند پڕۆتۆكۆلێكی هاوبەشی شفرەكراو دروستبكەین كە كەس لێی تێنەگات. ئێستا تەواوی پڕۆتۆكۆڵەكان لە ئاڵوگۆڕكردنی زانیاریدا لەسەر بنچینەی بیركارین، بیركارییەكی زۆر ئاڵۆز بۆ ئەوەی هاك نەكرێن. بۆ نموونە سادەترین بیركاری كە لە كۆندا بەكاردەهات ئەوە بوو كە من و تۆ دەمانەوێت نامەیەكی كاغەزی ئاڵوگۆڕ بكەین. 

تۆ لە هەولێری و من لە سلێمانی. من بە كەسێكدا نامەكە بۆ تۆ دەنێرم، بەڵام نامانەوێت نامەبەرەكە تێبگات چی نووسراوە. بۆیە ئێمە لە نێوان خۆماندا پرۆتۆكۆڵێك و رێككەوتنێك دەكەین كە هەموو پیتێكی زمانی ئینگلیزی پێش ئەوەی من بۆ تۆی بنێرم، سێ پیتی بۆ زیاد دەكەم بۆ هەر پیتێك. بۆ نموونە وشەی (some)مم هەیە دەمەوێت بۆتی بنێرم، پیتی s دەگۆڕم بۆ سێ پیتی سەرووی خۆی واتا دەبێتەv ، بەهەمانشێوە پیتی o دەبێتە r و m دەبێتە p و e دەبێتە  h. بەو شێوەیە من لە جیاتی وشەی some  وشەی vrph  بۆ تۆ دەنێرم. دواتر كە تۆ بتەوێ لە وشەی vrph تێبگەیت، ناچاریت پرۆتۆكۆڵە هاوبەشەكەی خۆمان بەكاربهێنی و بەو شێوەیە دەزانی وشەی some مم بۆ ناردوویت. ئێستا رەنگە ئەو كەسەی كە نامەكەی بۆ تۆ هێناوە زۆر خەریك بێت بزانێ ئێمە چیمان كردووە و لە نامەكەمان تێنەگات. دواتر لە دوای جەنگی جیهانیی یەكەم ئەم زانستە زۆر گەشەی كرد، بەجۆرێك كە هاوكێشەی بیركاری زۆر ئاڵۆز بۆ ئەم مەبەستە دانرا تاوەكو لەنێوان هێزەكاندا نامە ئاڵوگۆڕ بكرێن. پاشان هێزە نەیارەكان دوای ئەوەی كە نامەكانیان دەستدەكەوت، چەندین رۆژ و ساڵیان تەرخان دەكرد بۆ ئەوەی لە هاوكێشە بیركارییە ئاڵۆزەكان بگەن. 

تەنانەت ئامێری گەورەیان دروست دەكرد بۆ ئاشكراكردنی نهێنی و هاوكێشە بیركارییەكان. ئێستاش كۆمپیوتەر و مۆبایلەكان كە ئێمە رۆژانە بەكاریان دەهێنین، هەموو زانیارییەكان ئەگەری شكاندنیان هەیە. بۆیە بۆ تۆماركردن و ئاڵوگۆڕكردنی پەیوەندییەكان بەردەوام هاوكێشەی ئاڵۆز بەكاردێت بۆ شاردنەوەی نامە و زانیارییەكان. بۆ نموونە كۆدێكی بانكت دەكەوێتە دەست، ئەگەر بتوانی لە بنچینە ئاڵۆزە بیركارییەكان بگەیت "كە زۆر زۆر قورسن"، ئەوا دەتوانیت بانكەكە بشكێنیت و تەواوی بانكەكەت بكەوێتە دەست، بەڵام لە كۆمپیوتەری كوانتەمی زانیاری لەسەر گەردیلە تۆمار و ئاڵوگۆڕ دەكرێت. بۆیە تەواوی شاردنەوەی زانیارییەكان دەگۆڕێن. شتەكان سادە نامێننەوە و ئاڵۆز دەبن. هەموو شتەكان لێڵن و دیاریكراو نین. كە من بڵێم ئەم پەڕتووكە لێرەیە، لە جیهانی خۆماندا دەزانی لە كوێیە، بەڵام لە جیهانی كوانتەمدا نازانی شتەكان لە كوێن. دەزانی كە شتەكان هەن، بەڵام نازانی لە كوێن. كاتێك پەیامێك ئاڵوگۆڕ بكەین لە جیهانی كوانتەمیدا، ئەگەری هەیە هێرشێكی دەرەكی بێت و دەست بەسەر تۆڕەكەدا بگرێت، بەجۆرێك كە كاتێك من پەیامێك بۆ تۆ دەنێرم ئەو دێت كۆپییەك لەو پەیامە وەردەگرێت و پاشان بۆتۆی دەنێرێتەوە. بەڵام دووبارە كێشەیەك هەیە لە زانستی كوانتەم میكانیكدا كۆپیكردن نییە. واتا ناتوانی كۆپییەك دروستبكەی كە سەد لە سەد دروست بێت. هەرچەندە پەیامەكە درێژتریش بێت كۆپییەكە خراپتر دەبێت. بۆیە ئەو پەیامەی لە منەوە بۆ تۆ هاتووە، پەیامێكی ناتەواوە، لە كاتێكدا دەبێت پەیامەكە 100% وەك یەك بێت. بەڵام بەهۆی كۆپییەكەوە پەیامەكە هەڵەی تێكەوتووە. دوای ئەوەی لە پەیامەكە دەكۆڵینەوە، ئەگەر كۆپییەكە بۆ نموونە 13% هەڵەی تێدا بوو، ئەوا دەزانین كە هاك و هێرشی دەرەكی هەیە لەناو سیستەمەكەمان. ئەمە كارێك بوو كە لە جیهاندا نەكرابوو، ئێمە توانیمان دروستی بكەین.

رووداو: شێوە و قەبارەی ئامێرەكە چۆنە؟

كەریمی: لەبەرئەوەی ئامێرەكە ئەزموونی بوو، شێوەیەكی سەیر و سەمەرەی هەیە و گەورەیە لەم كاتەدا. بەڵام ئێستا لە بەرنامەماندایە كە ئامێرەكە بچووك بكەینەوە و پیشەسازیی بكرێتەوە.

رووداو: ئێستا قسەیەك هەیە كە كۆمپیوتەرەكان لە كلاسیكەوە بكرێنە كوانتەم، تا چەند پێشبینی شتێكی لەم جۆرە دەكەیت؟

كەریمی: زۆر كۆمپانیا دەڵێن كۆمپیوتەری كوانتەمییان هەیە، بۆ نموونە كۆمپانیای D-Wave كە یەكەم كۆمپانیایە لە جیهاندا كۆمپیوتەری كوانتەمی بە چەند دامەزراوەی گەورەی وەك ناسا و گووگڵ فرۆشتووە، بەڵام ئێمە كە لەناو كارەكەداین، وای بۆ دەچین كە ئامێرەكان بریتین لە لێكدان و كۆكردنەوەی كۆمپیوتەری كوانتەمی و كلاسیك پێكەوە، واتا بەتەواوی كوانتەم نییە و بە تەواویش كلاسیك نییە. ئێستا چەندین وڵات و كۆمپانیای گەورە كار لەسەر دروستكردنی كۆمپیوتەری كوانتەمی دەكەن، بە جۆرێك كە چوار پڕۆژەی زۆر گەورە لە جیهاندا خەریكە كاریان لەسەر دەكرێت. بۆ ئەو مەبەستە ئەوروپا یەك ملیار یۆرۆ، بەریتانیا یەك ملیار پاوەند و چین 400 ملیۆن دۆلاری تەرخان كردووە و تەنانەت كەشتیەكیشیان بۆ بۆشایی نارد. بۆیە دوای دروستكردنی ئەم ئامێرەی خۆمان، لە چین پەیوەندییان پێوە كردین و پێیانگوتین ئەو ئامێرەی ئێوە دروستتان كرد، مانای ئەوەیە كە ئێمە 400 ملیۆن دۆلارمان بەبێ هۆ بۆ ئەم كەشتییە تەرخان كردووە. ئێستا لە كەنەدا نزیكەی 50 بۆ 60 زانا بەمنیشەوە خەریكی ئامادەكردنی كۆبوونەوەیەكین بۆ تەرخانكردنی یەك ملیار دۆلار بۆ كۆمپیوتەری كوانتەمی و تۆڕەكانی، بەڵام كەی كۆمپیوتەری كوانتەمی جێگای كۆمپیوتەری كلاسیك دەگرێتەوە، ئەمە دیار نییە، رەنگە 10 ساڵ بخایەنێت.

رووداو: جگە لە دروستكردنی ئەو ئامێرە چ داهێنانێكی دیكەتان هەیە؟

كەریمی: ساڵی پێشوو، شتێكی گرنگمان ئەنجامدا، توانیمان ئەوە بسەلمێنین كە خێرایی رووناكی لە بۆشاییدا جێگیر نییە. لە كاتێكدا تیۆری ئەنیشتاین پێماندەڵێت خێرایی رووناكی لە بۆشاییدا هیچ كات ناگۆڕێت، بەڵام ئێمە هاتین گوتمان نەخێر خێرایی رووناكی دەتوانرێت بگۆڕدرێت، بەجۆرێك دەكرێت كەمتر بێت لە خێرایی رووناكی و دەشكرێ زیاتر بێت. ئەم كارە دەنگدانەوەی  زۆری هەبوو، چەندین ئاژانسی جیهانی راپۆرتیان لەسەر كرد. كارێكی دیكەمان بریتی بوو لە لێكۆڵینەوەیەكی زانستی كە پێشتر دەگوترا ئەگەر رووناكی زۆر زۆر شیكردنەوەی بۆ بكەین و بچوكی بكەینەوە لەكاتی جوڵە، ئەوا شێوەكەی بریتییە لە یەك چینی ستوونی، بەڵام نەبینراو بوو، دواتر ئێمە گوتمان نەخێر رووناكی كە زۆر نزیك بكرێتەوە شێوەیەكی سێ رەهەندی بازنەیی لولكراوی ناوبۆشی هەیە. ئەمە بۆ ماوەی 15 ساڵ بەبێ شیكاری مایەوە لە فیزیكدا، بەڵام ئێمە پاش كاركردن بۆ ماوی 7 ساڵ توانیمان بیدۆزینەوە. كارێكی دیكە كە توانیومانە بیكەین بریتی بوو لەوەی توانیمان تۆڕێكی كوانتەمی دروستبكەین لەسەر شاری ئۆتاوای كەنەدا كە كوانتای رووناكیمان بەكارهێنا واتا تاكە فۆتۆنێك كە دەكاتە پێكهاتەی ئێجگار بچووكی رووناكی. بۆ نموونە كە تۆ لە شەوێكی تاریكدا سەیری ئاسمان دەكەی ئەستێرەیەكی زۆر كز دەبینی، ئەو ئەستێرەیە لە چركەیەكدا نزیكەی 10 بۆ 12 فۆتۆن دەنێرێت بۆ چاوی تۆ. ئێمە لەو ئاڵوگۆڕكردن و پەیوەندی دروستكردنەدا تەنیا تاكە فۆتۆنێكمان بەكارهێنا كە قەت نابینرێت. پڕۆژەیەكی زۆر سەخت و گەورە بوو، سەركەوتنیشی بەدەستهێنا.

رووداو: ئەوەندەی كە تۆ لە كوردستان بووی و زانیاریت هەبێت لەسەر كوردستان، زانست لە كوردستان لە چ ئاستێكدایە؟

كەریمی: راستییەكەی زۆر زۆر لەدواوەین، بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی زانستی لە كورستان كۆمەڵێك كاری راستەڕێگایی هەن كە دەگرێت بیانگرینەبەر، بۆ نموونە ئەوروپا 800 ساڵە زانكۆیان هەیە، بەڵام ئەمریكا كە زۆر نوێترە لە چاو ئەوروپا، توانییان لە 150 ساڵدا باشترین زانكۆكانی جیهان دروستبكەن كە زۆر لەوانەی ئەوروپا گەورەترن. ئەمەش بەهۆی دوو كارتێكەری گەورە روویدا، یەكەم پلاندانانی دروست، دووەم بودجە. واتە بەڕێوەبردن و پارە دوو شتی زۆر گەورەن بۆ بەرەوپێشچوون. كوردێكمان دەوێن كە توانای بەڕێوەبردنیان هەبێت، بەڕێوەبەری زۆر دامەزراو بن. كێشەی بودجە هەمیشە لە كوردستان هەیە، بەهۆی بارودۆخی ناوچەكە، بەڵام دڵنیام كە كەسانی سەرمایەداری گەورە لە ناوچەكەدا هەن، بۆیە دەكرێت داوای پارەیان لێبكرێت. وەك ئەوەی كە لێرە هەیە، بۆ نموونە خێرخوازی و پارەی خێر دەدەن بەو دامەزراوە زانستیانە بۆ توێژینەوە یان داوای تاكسیان لێ بكرێت كە بڕێك لە پارەكە بچێت بۆ زانكۆكان. رێگای دیكەش زۆرە، بۆ نموونە یونسكۆ دەتوانێت پارە بدات بۆ ئەم مەبەستە، ئەوەی كە دەمێنێتەوە بەڕێوەبەرایەتییە كە بۆ توێژینەوە و بەرەوپێشچوونی زانست تەرخان بكرێت، كارەكە هی یەك كەس و دوو كەس نییە. كاری تیم و گرووپی پەنجا شەست كەسییە و كەسانێك دەستنیشان بكرێت كە دڵیان بسووتێ بۆ رەوشەكە.

رووداو: ناوبانگی كورد چۆنە لە دەرەوە؟ ئەوەندەی كە بەڕێزت ئاگادار بیت زانا و كەسی زیرەكی كورد لە دەرەوە هەن؟

كەریمی: كورد زۆرتر بەو ناخۆشیانە ناسراوە كە بەسەری هاتوون. بەتایبەت دوای شەڕی داعش كورد زۆر ناسرا لە دەرەوە. هەروەها ناوی پێشمەرگە دەنگی دایەوە. زۆرجار جێگری سەرۆكی زانكۆكەم باسی ئەوەم بۆ دەكات كە ئەگەر پێشمەرگە نەبووایە ئێستا ناوچەكە هەمووی لەژێر دەستی داعشدا دەبوو. بەڵام لەڕووی زانستی زۆر ئاگادار نیم كە ئایا كوردی تر كێن لە دەرەوە لە بواری زانستی كاربكەن، بەڵام دڵنیام كە هەن.

رووداو: منداڵ و گەنجی بەهرەمەند زۆر هەن لە كوردستان، بەڵام بەهۆی ژینگەكە بەهەموو شتێك ناگەن و تواناكانیان دەپووكێنەوە، پێشنیازت بۆ ئەو كەسانە چییە؟

كەریمی: خوێندكارانی بنەڕەتی و ئامادەییەكان ئێجگار گرنگن بۆ كۆمەڵگا، یارمەتیت دەدەن كە چۆن بیربكەیتەوە. بۆیە كاركردن لەم زەمینە زۆر زۆر گرنگترە لە زەمینەی زانكۆ و كۆلێژەكان. ئەوانەی كە زۆر خۆیان گەیاندووەتە پلەی زیرەكی و بەهرەداری ئەوانە دەبێت دەست بە بەڕێوەبردنی دامودەزگای نوێ بكەن و بەتەمەنەكانیش بۆ راوێژكردن سوودیان لێوەربگیرێت. پێشنیازم بۆ ئەوانە ئەوەیە كە پێش هەموو شتێك پەرە بە فێربوونی زمانی ئینگلیزی بدەن، چونكە كلیلی هەموو شتەكانە. پاشان دەتوانرێت لە پەیوەندیدا بن لەگەڵ دەزگاكانی جیهاندا، بۆ نموونە لە ئیتاڵیا چوار خوێندنگا هەبوون باشترین و زیرەكترین منداڵی جیهانیان هەڵدەبژارد كە سێ یان زیاتر زمان بزانێ و مامۆستای زۆر زیرەكیان بۆ دابین دەكردن. تۆ گەر تەنها 10 منداڵ پێبگەیەنیت، ئەوانە دەتوانن 10 دامەزراوەی خوێندنی گەورە بۆ كوردستان بەڕێوەببەن لە داهاتوودا.