سەرۆکی ژووری پیشەسازی شرناخ: کۆتایی ئەم ساڵ بەرهەمهێنانی نەوت لە شرناخ و چیای گابار دەگاتە 100 هەزار بەرمیل

رووداو دیجیتاڵ

عوسمان گەلش، سەرۆکی ژووری پیشەسازی شرناخ لە هەڤپەیڤینێک دا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو دا رایگەیاند "ئێستا رۆژانە 40 هەزار بەرمیل نەوتی هەرە باش لە شرناخ و گابار بەرهەم دێت. تاوەکو کۆتایی مانگی 12ـی 2024، بڕەکە دەگاتە 100 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێک دا". ئەوە لە کاتێکدایە زۆرترین بێکاری لە هەردوو پارێزگای شرناخ و جۆلەمێرگە لەسەر ئاستی هەموو تورکیا.
 
سەرۆکی ژووری پیشەسازی شرناخ دەڵێت بوومەلەرزە کاریگەرییەکی زۆر گەورەی خراپی هەبوو لەسەر دۆخی شرناخ " لە شرناخیش لەنێوان ساڵەکانی 2015-2016 بوومەلەرزەیەکی بێدەنگ روویدا. ناخۆشییەکی گەورەمان تێپەڕاند. 70٪ی شرناخ ئەوکات وێران بوو". 
 
عوسمان گەلش، لەوباوەڕەدایە کە هاوبەشیی نێوان شرناخ و هەرێمی کوردستان سوودێکی هاوبەشی بۆ ئابووری و گەنجانی هەردوولا دەبێت، بۆ ئەو مەبەستەش داوای هاوبەشی و هاوئاهەنگییەکی هەمەلایەنە دەکات و رەخنە لە زانکۆکانی شرناخ و هەولێر دەگرێت " ئەمڕۆ خەمساردی لەلایەن زانکۆکانیشمانەوە هەیە. ئەوەی شرناخ، هەروەها ئەوەی هەولێر. پێویستە زانکۆکانمان شەش مانگ جارێک کۆبوونەوە بکەن".

دەقی هەڤپەیڤینەکە:
  
رووداو: زۆر لایەنی سیاسی شرناخم بینی، زۆر خەڵکم بینی، هەموویان باسی ئابووری شرناخ دەکەن، وەک سەرۆکی ژووری بازرگانی شرناخ بارودۆخی شارەکە چۆن دەبینن؟ ئێستا لە شرناخ بارودۆخ چۆنە؟
 
عوسمان گەلش: سەرەتا بەخێربێن. سڵاوی گەرممان لە شرناخەوە، لە هەرێمی جودییەوە بۆ هەولێر، دهۆک، زاخۆ و سلێمانی دەنێرین. بە دیتنتان زۆر خۆشحاڵ بووین. ئێمە هەردوولا زۆر نزیکین لە یەکدی، بەڵام لە لایەنی ئابوورییەوە زۆر لێک دوورین. ئەمە کەموکورتی ئێمەیە. لەو هەرێمەدا ئەگەر لە بواری بازرگانی دا دەست بخەینە نێو دەستی یەکتر، لە بەرژەوەندی ئێمەدا دەبێت و هەروەها گەنجەکانیشمان، کچ و کوڕانمان، دەرفەتی کاری زیاتریان دەبێت. لەم بوارەدا کەموکورتی لە هەردوولامان دا هەیە. دەمانەوێت هەردوولامان دەست بخەینە نێو دەستی یەکدی. بۆ هەردوولامان شتی ناخۆش هەبووە. لەلای ئێمەش و لەلای ئێوەش. ئەمە بووەتە کەموکورتی بۆ ئێمە و بەهۆیەوە پیشەسازی لە ناوچەکەمان دواکەوت. کە پیشەسازی کەم بوو، کەموکورتی لە کارەکانمان دا دروست بوو. سوپاس بۆ خوا ئەمە 7-8 ساڵە ئێمە لە شرناخ ئاسوودەین و هیچ کێشەیەکمان نییە، ئێمە کاری خۆمان دەکەین. لەگەڵ وەزارەتی پیشەسازی، ئێمە و پارێزگاری شرناخ دەمانەوێت لە سلۆپی دوو هەرێمی پیشەسازی سیڤیل بکەینەوە.
 
رووداو: لە سلۆپی؟
 
عوسمان گەلش: بەڵێ لە سلۆپی، لە نزیک دەروازەی سنووریی خابوور (ئیبراهیم خەلیل)، بابەتی زەوییەکانیش چارەسەرکراوە. ئێمە دەمانەوێت ئەو وەبەرهێنەرانەی لە سلۆپی، شرناخ، هەزەخ و لە جزیرێ چوونەتە شوێنی دیکە، بگەڕێنەوە ناوچەی خۆیان و کارگەکانیان لە ناوچەکەیان بکەنەوە، ئێمەش دەبینە خزمەتکاریان. بەپێی ئامارەکانی حکومەت، لە بواری بێکاری دا لەسەر ئاستی تورکیا ئێمە و جۆلەمێرگ لە پلەی یەکەمداین. لە رێگەی کەنالەکەتان، ئێمە بە وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێین، با براکانمان بێن و پێکەوە کاربکەین. ئێمە لە خزمەتتانداین. مرۆڤ دەتوانێ ببێتە هاوبەشی یەکدی، دەست بخاتە نێو دەستی یەکدی و پێکەوە کار بکات. سنوورەکانمان پێکەوەن، ئێمە کەسوکاری یەکترین، پووری من لە زاخۆیە. ئەمڕۆ جزیر و سلۆپی پێشکەوتوون و بۆ پێشکەوتنی زیاتریش ئامادەن. ئەمە 20 ساڵە دێمە هەولێر، زاخۆ و دهۆک، بە پێشکەوتنی ئەوێش زۆر خۆشحاڵین. پێشتر کە دەهاتین بۆ هەولێر، رێگەکانی زۆر خراپ بوون، ترافیک لایت نەبوو. نەتدەزانی بۆ کوێ بڕۆی؟ ئێستا رێگەکانی باش بوونە. لەم 5-6 ساڵەی دواییدا هەولێر زۆر پێشکەوتووە. ئێمە بە پێشکەوتنی هەولێر زۆر خۆشحاڵین، خوا دەرفەت بدات. بەڵام ئابووری شتێکی جیاوازە، دەبێ ئێمە ئابووریمان بەهێز بکەین. هەرێمی کوردستان و ئێمەش، پێویستە ئابووریمان بەهێز بکەین. ئەمڕۆ لە جیهان دا قەیرانێکی ئابووری هەیە، بەڵام من دەڵێم، ئەگەر دەست بخەینە نێو دەستی یەکدی، ئەم قەیرانە کاریگەری نابێت لە سەر ئێمە و بەسەرماندا تێدەپەرێت. 
 
ئەمڕۆ سوپاس بۆ خوا، لە هەرێمی کوردستان، لێرە، لە گابار نەوت هەیە. ئێستا رۆژانە 40 هەزار بەرمیل نەوتی هەرە باش لە شرناخ و گابار بەرهەم دێت. تاوەکو کۆتایی مانگی 12ی 2024، بڕەکە دەگاتە 100 هەزار بەرمیل نەوت لە رۆژێک دا. ئەمە بۆ پێشکەوتن زۆر باش دەبێت. ئەو کەرتانەی لە بواری نەوت دا کار دەکەن، ئەوکات دێنە ئێرە.  
 
پێویستە ئێمە هاوکاری یەکتر بکەین و رێگەمان رووناکە. من هیوام هەیە. پێویستە هیوامان هەبێت و هاوکاری یەکدیش بکەین. ئێمە دەمانەوێت دانوستاندنمان لەگەڵ بازرگانانی هەرێمی کوردستان زیاتربێت و زانکۆکانمان لەسەر کەرتەکانمان کار بکەن و رێنماییمان بکەن. ئەمڕۆ خەمساردی لەلایەن زانکۆکانیشمانەوە هەیە. ئەوەی شرناخ، هەروەها ئەوەی هەولێر. پێویستە زانکۆکانمان شەش مانگ جارێک کۆبوونەوە بکەن.
 
ئێمە دەبینین تەماتەمان لە ئەنتاڵیا و مێرسینەوە بۆ دێت، پێویستە ئێمە لە سلۆپی و زاخۆ تەماتە بەرهەم بێنین. ئەمڕۆ ئەگەر دەست بخەینە نێو دەستی یەکدی و زانکۆکانیشمان ببنە رێنیشاندەری بازرگانان و ژوورە بازرگانییەکانمان، تاوەکو رادەیەک پێشکەوتنمان دەبێت. ئێمە بە هاتنتان زۆر دڵخۆشین و دەمانەوێت زیاتر سەردانی یەکتری بکەین و یەکدی ببینین و رێگەی
دروست پێشانی یەکدی بدەین.
 
رووداو: بەڕێز عوسمان، شرناخ لە رێژەی بێکاری دا یەکەمە. هۆکارەکان چین؟ چەند ساڵە لە شرناخ شەڕ نەبووە، بارودۆخێکی باش هەیە، شوێنێکی خۆشە بۆ گەشتیاری، بۆچی شرناخ لەڕووی بێکارییەوە یەکەمە؟
 
عوسمان گەلش: برا، پیشەسازی لە کاتێکی کەم دا پێشناکەوێت ، لە کاتێکی کەم دا پێشکەوتن لە کەرتی گەشتیاری دا روونادات. سەیرکە، شوێنەکانی وەک گەبزە، کۆجائێلی و ئەنقەرە، لە ماوەی 30-40 ساڵ یان 50 ساڵ دا پێشکەوتوون. ئەوەی لە 2015-2016  روویدا، خوا بەسەر کەسیدا نەهێنێ. پار لە مەرەش بوومەلەرزە روویدا. لە شرناخیش لە نێوان ساڵەکانی 2015-2016 بوومەلەرزەیەکی بێدەنگ روویدا. ناخۆشییەکی گەورەمان تێپەڕاند. 70٪ی شرناخ ئەوکات وێران بوو. بازرگانەکان ناچنە ئەو شوێنانەی ناخۆشی لێ بێت و لەو شوێنانە کار ناکەن، دەچنە ئەو شوێنانەی ئارامن و لەوێ کار دەکەن.
 
رووداو: تائێستاش ئابووری شرناخ باجی بارودۆخی 2015-2016 دەدات؟
 
عوسمان گەلش: ئەم کێشە و ئاستەنگانە بوونەتە هۆی ترساندنی بازرگانەکان، کاتێک بازرگان بترسێت، نایێتەوە، بەڵام کاتێک ببینێت ئارامی هەیە دێتەوە و ژێرخانی ئامادە دەکات و دەست بە لێکۆڵینەوە دەکات. سەیر دەکات چ شتێک پێویستە؟ گەنجەکان دەتوانن چ بکەن؟ دوای ئەم لێکۆڵینەوانە دەست بە سەرمایەگوزاری و وەبەرهێنان دەکات. ئەمە لە کاتێکی کەم دا روونادات، بەڵام لەو بڕوایەدام تاوەکو پێنج ساڵی دیکە کەس هەرێمەکەمان نەناسێتەوە. پشت بە خوا، گەنجەکانیشمان کاری خۆیان دەبێت. پێویستە گەنجەکانمان خۆیان فێری کار بکەن. هیچ کەسێک ناتوانێت هەموو کارێک بکات. بۆ کارپێکردنی ئامێری گەورە دەبێت کارمەندەکان خاوەنی بڕوانامە بن. هەر کارێک بکەی، ئەگەر لێی تێنەگەیت،
کەسی خاوەنکار وەرتناگرێت.
 
رووداو: ئێستا هەڵبژاردنی شارەوانییەکان نزیک بووەتەوە. لایەنە سیاسییەکان، لە بەرنامەیاندایە و باسی بێکاری و دۆخی ئابووری شرناخ دەکەن. هەڵوێستتان لەسەر ئەو بەرنامە و پڕوپاگەندە ئابوورییانە چییە؟
 
عوسمان گەلش: ئێستا لەسەر هەڵبژاردنەکان نموونەیەک دەهێنمەوە. نەخۆشخانە لەسەر جەستەی مرۆڤ دروست دەبێت. شارەوانیش نەخۆشخانەی ئەم ناوچەیەیە. بۆ ئاوەکەمان، بۆ پارکەکەمان، کاری ئەوانە. پێویستە دڵخۆشییەک بدەنە ئەم میللەتە. ئەمڕۆ پێویستە لە شارەوانی دا سیاسەت نەبێت، هەر کەسێک باش بێت، هەر کەس بتوانێت خزمەتی ئەم میللەتە بکات، پێویستە میللەت بژاردەی خزمەتکردن هەڵبژێریت. شارەوانی بۆ خزمەتە نەک بۆ سیاسەت. هەڵسەنگاندن کاری میللەتە و گەل متمانەی بە کێ هەبێت، دەنگ دەداتە ئەو کەسە. هەڵبژاردن بەڕێوەدەچێت، هەڵسەنگاندن کاری میللەتە و گەل متمانەی بە کێ هەبێت، دەنگ دەداتە ئەو کەسە، بەڵام بە بڕوای من، لە شوێنێک ئەگەر خزمەت هەبێت، بۆ میللەتیش باشتر دەبێت.