رەعد كوردی قورئانخوێنی بەناوبانگی كورد قسە بۆ رووداو دەکات

13-01-2020
هیوا جەمال
قورئانخوێنی بەناوبانگی كورد رەعد كوردی بۆ رووداو: ناتوانم ببمە ئیمامی مزگەوتی كەعبە، چونكە سعودی نیم
قورئانخوێنی بەناوبانگی كورد رەعد كوردی بۆ رووداو: ناتوانم ببمە ئیمامی مزگەوتی كەعبە، چونكە سعودی نیم
نیشانەکردن رەعد كوردی
A+ A-
رووداو- هەولێر

لە سلێمانی لەدایكبووە و زانستە ئیسلامییەكانی لە كەركووك خوێندووە، هێشتا سێ دەیەی لە تەمەنی بەڕێ نەكردووە، بەڵام لە هەموو جیهانی ئیسلامیدا ناوبانگی پەیداكردووە. ئەو لەبەر سۆزی دەنگەكەی و بەهۆی پاراویی قورئان خوێندنەكەی لە چەندین وڵاتەوە بانگهێشت كراوە بۆ پێشنوێژی، لە زۆربەی وڵاتانی عەرەبی پیشنوێژی كردووە، بەڵام وەك خۆی دەڵێت كوردستانی جێنەهێشتووە.
 
رووداو: لە زۆر وڵاتی عەرەبی پێشنوێژیت كردووە، زۆرتر لەكوێ بوویت؟
 
رەعد كوردی: لە زۆر وڵات، وەك ئیمارات، بەحرەین و سعودیە، بەڵام زۆرتر لە دوبەی بووم.
 
رووداو: بە عەبدولباست عەبدولسەمەد و محەممەد سدیق مەنشاوی سەرسامیت، بەڵام بۆچی زۆرتر بە شێوازی سعودی قورئان دەخوێنی؟
 
رەعد كوردی: بەڵێ، زۆر سەرسامی دەنگی هەردووكیانم، بەتایبەت شێخ عەبدولباست، بەڵام چونكە دەركەوتنی من لە پێشنوێژی بووە و خوێندنی  قورئانی پێشنوێژیش جیاوازە، بۆیە بەشێوازی سعودی قورئانم خوێندووە، ئەگینا جگە لە پێشنوێژی بەشێوازی ئەوان دەخوێنم.
 
رووداو: پەیوەندیت لەگەڵ قورئانخوێنە بەناوبانگەكان چۆنە، زیاتر لە كامیانەوە نزیكی؟
 
رەعد كوردی: هاوڕێیەتیم لەگەڵ زۆربەیان هەیە، بەتایبەت ئەوانەی زۆر بەناوبانگن، وەك سەعد غامدی، مشاری ئەلعەسافی، ئیدریس ئەبوبەكر، ناسر ئەلقەتانی.
 
رووداو: رۆژانە چەند كات بە خوێندنەوەی قورئان بەڕێدەكەیت؟
 
رەعد كوردی: سوپاس بۆخوا بەردەوام قورئان دەخوێنمەوە، ئێستا رۆژانە لە بنكەی بەهەشت لە شاری سلێمانی كۆمەڵێك قوتابیم هەن، بەردەوامم لەگەڵیان، تاوەكو مۆڵەتی قورئانخوێندن وەربگرن.
 
رووداو: لەلای كێ مۆڵەتی قورئانخوێندنت وەرگرت؟
 
رەعد كوردی: سەرەتا كە دەستم بە قورئانخوێندن كرد مامۆستایەكم هەبوو ناوی شێخ عیسمەت (ئەبوو ئەیوب)، بەڵام مۆڵەتی قورئانخوێندنم لە شێخ ئیبراهیم بن فازڵ ئەلمەشهەدانی وەرگرتووە. ئێستاش دەخوێنم بۆ مۆڵەتێكی دیكە لای مامۆستای قورئانخوێن شێرزاد عەبدولڕەحمان، ئەویش كوردە و چەندین ساڵە لە ئیمارات دەژی.
 
رووداو: بەشداری هیچ پێشبڕكێیەكی جیهانیت كردووە؟
 
رەعد كوردی: تەنیا بەشداریم لە یەك پێشبڕكێ‌ كردووە، ئەویش ساڵی 2001 بوو كە توانیم لەسەر ئاستی عێراق پلەی سێیەم بەدەستبێنم، لە كاتێكدا دەبوو پلەی یەكەم بەدەستبێنم.
 
رووداو: هیچكاتێك داوات لێكراوە ببیتە پێشنوێژی مزگەوتی كەعبە یان مەدینە؟
 
رەعد كوردی: نەخێر، چونكە ئەوان كۆمەڵێك مەرجی تایبەتی خۆیان هەیە، لە هەمووی قورستر ئەوەیە دەبێت سعودی بیت، ئەگەر بڕوانامەی دكتۆرات هەبێت، سعودی نەبیت رێگت پێنادرێ‌.
 
رووداو: یەكێك لە ڤیدیۆكانت لە یوتیوب 16 ملیۆن بینەری هەبووە كە سورەتی نازعات دەخوێنی، هەندێكیش كۆمێنتیان هەبووە لەسەر خوێندنەوەكەت، بەتایبەت ئەوانەی كە موسڵمان نین، لەوبارەیەوە بۆچوونت چییە؟
 
رەعد كوردی: سورەتی نازیعاتم لە كاتی نوێژی بەیانی لە مزگەتی بەهەشت خوێند، گوێم لە كۆمێنتی ئەو كەسانە بووە بەتایبەت ئەوانەی كە موسڵمان نین، ئەوە دڵخۆشم دەكات، سوپاس بۆ خوای گەورە، ئەگەر بە هەر رازونیازێك بڵاوی بكەنەوە، بەڵام ئەوە پاداشتی گەورەیە بۆ من، خوا لێم قبوڵ بكات، هیوادارم ببێتە هۆكاری ئەوەی موسڵمانان زیاتر قورئانیان لا شیرین بێت، ئەوانەش كە موسڵمان نین بەرەو ئیسلام بێن.
 
رووداو: قورئان حەوت جۆر خوێندنەوەی هەیە، جەنابتان جگە لە گشتییەكە بە چەند جۆری دیكە دەخوێننەوە؟
 
رەعد كوردی: وەك ئەوەی مۆڵەتم وەرگرتووە، تەنیا لە گشتییەكە وەرمگرتووە، كە پێیدەڵێن حەفس عەن عاسم، لەوە مۆڵەتم وەرگرتووە، سەرقاڵی ئەوەم  بیكەمە دووەم مۆڵەت، بە سەنەد عالی، خوێندنەوەكانی دیكە دەخوێنم، بەڵام مۆڵەتم لێوەرنەگرتوون.
 
رووداو: تۆ لە خوێندنی قورئان بە كام لەو جۆرانە قورئان دەخوێنیت: تحقیق- هێواش، تدویر- وەسەت ، حدر-خێرا؟
 
رەعد كوردی: دەتوانم بڵێم پێشنوێژییەكانم وەسەتن، نە زۆر خاو نە زۆر خێرا، مامناوەندییە.
 
رووداو: خۆتان كوردن و جلوبەرگی كوردیش دەپۆشن، بەڵام هیچ ئاوازێكی قورئانخوێندنی كوردی ناخوێنن، ئایا هیچ ئاوازێكی كوردی هەیە؟
 
رەعد كوردی: ئەوەندی من شارەزابم شێوازی كوردیم نەبیستووە، یان كورد شێوازێكی تایبەت بە قورئانخوێندنی هەبێت، ئەوە تایبەت نییە بە وڵاتانی كەنداو، هەرخۆی بۆ پێشنوێژی وا دەخوێندرێت، بۆ نموونە نەگونجاوە لەكاتی پێشنوێژیدا وەك شێوازی وەلید ئیبراهیم بخوێنی (سورەتی یوسف)، نەمبیستووە كورد ئاوازێكی تایبەتی بۆ قورئانخوێندن هەبێت. باشوور زۆرتر لە شێوازی عێراقی دەچێت.
 
رووداو: عەرەب، بە تایبەتی ئیماراتییەكان چی لەبارەی تۆ دەڵێن؟ داوایان لێكردوویت لەوێ بمێنیتەوە؟
 
رەعد كوردی: ئەوە چەند ساڵێكە من تێكەڵیان بووم و رێزێكی زۆر هەیە لە نێوانمان، بەتایبەت كە هاوڕێیەتیم هەیە لەگەڵیان، زۆر هەوڵدەدەن بەدرێژایی ساڵ بمێنمەوە، هەموو پێداویستییەكیشم بۆ دابین دەكەن بەزیادیشەوە، بەڵام دەزانیت، ئەگەر كەسوكارت لە شوێنێك بێت قورسە جێیانبێڵیت، لەبەرئەوەی كەسوكارم هەموو لە كوردستانن ناتوانم بەجێیانبێڵم.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەلیم سالم، هونەرمەندی عێراقی

سەلیم سالم: هەولێر سەقامگیرە و مرۆڤ تێیدا ئازادە

بەشێک لە هونەرمەندانی عێراق ئێستا لە هەولێر نیشتەجێن، جگە لە گێڕانی ئاهەنگ، کارە هونەرییەکانیشیان لێرە ئەنجام دەدەن. سەلیم سالم، هونەرمەندێکی گەنجی عێراقییە و بەم دواییە گۆرانییەکی نوێی بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەتایبەتیش لە نێو کورددا. ئەو دەڵێت، هەولێر ئارامە و مرۆڤ تێیدا ئازادە، لە هەولێر هەستی نەکردووە لە وڵاتێکی عەرەبییە. ئەو گۆرانیبێژە لە 2023 لە ئاهەنگێکی تایبەتەدا لە دەرەوەی عێراق داوای لێکراوە گۆرانی لەبارەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق بڵێت، ئەویش گۆرانی گوتووە و بەهۆیەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و دەڵێت، نەیزانیوە بە یاسا قەدەخکراوە، هەروەها ئەو خۆی بە لایەنگری بەعس نازانێت و دوو خاڵی لەسەردەمی بەعسدا لەسێدارە دراون. نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو، هەڤپەیڤینێکی کورتی لەگەڵدا ئەنجامداوە.