جێگری پێشووی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: لە بەرژەوەندی ئەمریکایە هەسەدە بپارێزێت
رووداو دیجیتاڵ
جێنیفەر گاڤیتۆ، جێگری پێشووی یاریدەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و بەرپرسی دۆسیەی عێراق و ئێرانە لە وەزارەتەکە، لەم هەڤپەیڤینەدا باسی دۆخی سووریا، گفتوگۆی ئەمریکا و تورکیا و پەیوەندیی ئەمریکا و هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکات.
گاڤیتۆ دەڵێت، ئێستا زۆر بە وردی چاودێریی دۆخی سووریا دەکات، "من ماوەی 20 ساڵە چاودێریی سووریا دەکەم و، ئەمەی ئێستا گۆڕانکارییەکی سەرسوڕهێنەر بوو لە رووداوەکان دا." هەروەها بە گومانەوە لەوە دەڕوانێت کە "پیلانگێڕییەک لە عێراقەوە" بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا و هاوپەیمانان هەبووبێت بۆ رووخاندنی ئەسەد.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ گاڤیتۆ:
رووداو: ئایا چاودێریی پێشهاتە نوێیەکانی سووریا دەکەیت؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: زۆر بە وردی. من ماوەی 20 ساڵە چاودێری سووریا دەکەم و، ئەمەی ئێستا گۆڕانکارییەکی سەرسوڕهێنەر بوو لە رووداوەکان دا.
رووداو: بۆ ئێوە جێگەی سەرسوڕمان بوو؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: بێگومان. دیارە جەنگەکە بۆ ماوەی 13 ساڵ بەردەوام بوو، بەڵام بە هەر هۆکارێک بێت، لە چەند ساڵی رابردوودا ململانێیەکی چەقبەستوو بوو. ئەوەی کە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن هەنگاویان نا، بەتایبەتی لەگەڵ ئەوەی کە رووسیا و ئێران کەمتر فۆکەسیان لەسەر سووریا بوو بەراورد بە رابردوو، ئەوەش بەهۆی رووداوەکانی ئۆکراینا و ئیسرائیل و ئەوانی دیکە. لەوانەیە ئەوە جێگەی سەرسوڕمان نەبووبێت، بەڵام خێرایی جووڵەی ئۆپۆزیسیۆن، بە بۆچوونی من، شۆکهێنەر بوو.
رووداو: ئێوە تازە لە وەزارەتی دەرەوە دوورکەوتوونەتەوە، ساڵێک و نزیکەی مانگێکە. ئەگەر سەیری ئەو لێدوانانە بکەیت کە لە سەرکردەکانی ناوچەکە لە عێراق، لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەدرێن، تەنانەت ئەگەر سەیری لێدوانەکانی ئەبو محەممەد جۆلانی بکەیت، دەگوترێت کە پلانێکی پێشوەخت هەبووە، ئەوەی دەیڵێن ئەوەیە کە تەنانەت ئەمریکا ئاگاداری بووە. ئایا پێتوایە ئەمریکا ئاگاداری پلانێکی لەو شێوەیە بوو کە محەممەد جۆلانی و هەتەشە پلانیان هەبوو بۆ رووخاندنی رژێمی بەشار ئەسەد لە چەند رۆژێک دا؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: پێموایە قسەی سەرەکی لێرەدا بریتییە "لە چەند رۆژێک دا". بێگومان وەزارەتی دەرەوە و حکومەتی ئەمریکا بەگشتی، ئاگاداری خواستەکانی هەتەشە بوون بۆ کۆکردنەوەی هێزەکانیان و رووخاندنی رژێمی ئەسەد، بەڵام لە چەند رۆژێک دا، بۆ من قورسە بیر لەوە بکەمەوە کە خەڵکانێک چاوەڕێی ئەوەیان کردبێت بەم شێوەیە رووبدات، بەتایبەتی چونکە رووسیا و ئێران هەریەکەیان بە شێوازی خۆیان سووریایان وەکو بەشێکی گرنگی ستراتیژی هەرێمی دەبینی، تەنانەت رووسیا وەکو ستراتیژی جیهانی دەیبینی.
رووداو: ئێوە ماوەیەکی درێژ کارتان لەسەر عێراق کردووە...
جێنیفەر گاڤیتۆ: بەڵێ، ماوەیەکی درێژ.
رووداو: سەردانی عێراقتان کردووە. هەموو لایەنەکانی عێراق دەناسن. هەندێک گرووپ هەن، بەتایبەتی گرووپە شیعەکان لە عێراق کە دەڵێن ژوورێکی هاوبەشی ئۆپەراسیۆن هەبووە بە سەرکردایەتی بەریتانیا، ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ ئەنجامدانی ئەوەی روویدا لە سووریا. تاوەکو چەند پێتوایە ئەوە راستە؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: دەبێ بگەڕێینەوە بۆ هاوکارەکانی پێشووم لە وەزارەتی دەرەوە بۆ هەر وردەکارییەک لەسەر ئەوەی چ جۆرە هاوئاهەنگییەک هەبووە. وەکو حکومەت، بێگومان وەکو دیپلۆماتکار، ئەرکی ئێمە قسەکردن بوو لەگەڵ هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگە، بێگومان کارمەندانمان لە ماوەی چەندین ساڵی رابردوودا هەوڵیان دەدا زانیاری وەربگرن و لە پەیوەندی نزیکدا بوون لەگەڵ هەموو ئەو گرووپانە بۆ تێگەیشتن لە نیازەکانیان، بەڵام سەبارەت بە پیلانگێڕییەکی گەورەتر بۆ رووخاندنی ئەسەد بەوشێوەیە، لەم کاتەدا، من زۆر گومانم لەو قسانە هەیە.
رووداو: پێتوایە راست نییە؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: پێموایە لەوانەیە راست نەبێت.
رووداو: ئەمریکا بە فەرمی دانی بە رژێمی ئەسەد دانەدەنا، بەڵام لە هەمان کات دا، ئەگەر سەیر بکەیت، هەتەشەی وەکو گرووپێکی تیرۆریستی داناوە. تەنانەت خەڵاتێک هەیە بە بڕی 10 ملیۆن دۆلار بۆ سەری جۆلانی. پێتوایە پەنجەرەیەکی نوێ لە ئەمریکا هەیە کە سووریای لێوە دەبینن؟ تەنانەت لەوانەیە جۆلانی و حکومەتەکەی قبووڵ بکەن؟ چونکە ئەوەی لە سەرۆک بایدن دەیبیستین و ئەوەی لە وەزارەتی دەرەوە لە رۆژانی رابردوودا بینیومانە، دەڵێن ئێمە سەیری کردەوەکانیان دەکەین.
جێنیفەر گاڤیتۆ: راستە.
رووداو: ئایا ئەمە مانای ئەوەیە کە ئەمریکا ئامادەیە لەگەڵیان کار بکات؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: بێگومان.. با هەنگاوێک بچینە دواوە، بەڕاستی ئەم هەفتەیە جیهان شوێنێکی باشترە کە ئەسەد لە سووریا لە دەسەڵات دا نەماوە. هەڵوێستی ئەمریکا، وەکو ئاماژەت پێدا، بۆ ساڵانێک ئەوە بووە کە ئەسەد ناتوانێت سەرکردەیەکی شەرعی بێت بۆ سووریاییەکان، بەتایبەتی دوای بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی خەڵکەکەی خۆی. بۆیە سووریا ئەمڕۆ زۆر باشترە چونکە ئەسەد لەوێ نییە.
رووداو: تۆ پێتوایە باشترە چونکە ئەسەد نییە، بەڵام ئێستا گرووپێکمان هەیە کە پەیوەندییان بە داعش و قاعیدەوە هەبووە؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: راستە. دەمەوێت ئەوە روونبکەمەوە کە پێموایە، سەرەتا و گرنگتر لە هەمووی، ئەم هەفتەیە دەبێت دان بەوە دابنێین کە شتێکی ئەرێنییە ئەسەد چیتر ئەشکەنجەی گەلەکەی نادات، بەڵام تۆ راست دەکەی، هەتەشە لەلایەن حکومەتی ئەمریکا، نەتەوە یەکگرتووەکان و زۆر لە هاوبەشەکانمان لە جیهان دا وەکو رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێندراوە. ئەمە ئاستەنگێکە، بەڵام ئەوەی لە سەرۆک و وەزیری دەرەوە بیستوومانە، بێگومان دەرگەیەک دەکاتەوە بۆ رێگەیەکی نوێ بۆ هەتەشە و سووریا بەگشتی. وەزیری دەرەوە دوێنێ کۆمەڵێک مەرجی دانا کە پێویست بوون بۆ ئەوەی ئەمریکا و لەوانەیە هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان حکومەتی نوێ لە سووریا بناسێنن، لەوانە گواستنەوەی یارمەتی مرۆیی و لەخۆگرتن ، هەر چوار خاڵەکەم لەبیر نییە. بەڵێ، دەرفەتێک هەیە بۆ پێداچوونەوە بەوەدا.
رووداو: کاتێک باسی دەرفەت دەکەین، بۆ نموونە، ئەگەر هەڵسەنگاندن بۆ کەسێک بکەیت، ئەگەر هیچت لەسەر پێشینەی یاخود لەسەر مێژووی نەبێت، دەڵێیت باشە، ئێمە سەیری داهاتووت دەکەین، بەڵام ئەگەر کەسەکە لە رابردوودا بناسیت، لەسەر بنەمای ئەوە هەڵیدەسەنگێنیت کە لە رابردوودا چی کردووە. ئایا ئەمریکا دڵخۆشە بەوەی هەتەشە کردی ئەوکاتەی حکومەتێکیان لە ئیدلیب و شوێنەکانی دیکەی سووریا هەبوو؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: ئەوە پەرەسەندنێک بووە. نەخێر، وەڵامی کورت ئەوەیە کە نیگەرانی قووڵ هەیە سەبارەت بە جۆلانی و چالاکییەکانی رابردووی هەتەشە، بەڵام واقیعەکە ئەوەیە کە ئەمڕۆ تێیداین. کردەوەکانیان لە داهاتوودا چی دەردەخەن، سەرەڕای هەندێک لە لێدوانە زۆر گرنگەکانیان لە رۆژانی رابردوودا. بێگومان چەند هەفتە و چەند مانگێک گرنگن بۆ باسکردنی گشتگیری و پاراستنی کەمینە ئایینییەکان. ئەوانەش بابەتێکن وەکو دەزانین لە سەرانسەری ناوچەکەدا گرنگییەکی زۆریان هەیە. بۆیە ئەو نیگەرانیانە سەبارەت بە جۆلانی ناڕەوێنەوە، بەڵام پێموایە گرنگە نەک تەنیا بۆ ئەمریکا، بەڵکو بۆ هەموو دۆستانی سووریا و هاوبەشە هەرێمییەکان کە دەرفەت بدەن بۆ دەرکەوتنی جۆرێکی نوێ لە حکومەت کە رێز لە مافەکانی مرۆڤ و کەمینە ئایینییەکان بگرێت. بۆیە ئەگەر جۆلانی و هەتەشە بتوانن قۆناخی گواستنەوە جێبەجێبکەن و ببنە بەشێک لە سووریای نوێ، ئەوا ویلایەتە یەکگرتووەکان دەبێتە هاوبەشێکی باشیان.
رووداو: لە راستی دا پرسیاری زۆر هەیە لەسەر هەتەشە و جۆلانی، بەڵام دەزانین تەنیا هەتەشە لە سووریا نییە، گرووپی دیکە هەن وەکو سوپای نیشتمانی سووریا، هێزەکانی سووریای دیموکرات کە ئەمریکا پشتیوانیان دەکات. ئەنتۆنی بلینکن سەردانی ناوچەکە دەکات. دەچێتە تورکیا و ئوردن. چ چاوەڕوانییەکت هەیە لە سەردانەکەی بۆ تورکیا؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: چاوەڕێی گفتوگۆی زۆر دژوار دەکەم لەسەر ئەو کارانەی ئێستا سوپای نیشتمانی سووریا بە پشتیوانی تورکیا لە باکووری سووریا دەیانکات. ئەو وێنانەی بینیومانن، مامەڵەکردن لەگەڵ هاووڵاتیان، هەروەها هەوڵدان بۆ بەکارهێنانی ئەم دەرفەتە بۆ دەستبەسەرداگرتنی ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە، پێموایە لە باشترین حاڵەتدا ناسەقامگیری دروست دەکات و پێچەوانەی ئەوەیە کە تازە باسمان کرد، ئەویش هەوڵی پێکهێنانی حکومەتێکی سووری نوێ و باش و گشتگیر.
رووداو: پەیوەندی ئەمریکا لەگەڵ تورکیا و هەسەدە بۆ نزیککردنەوەی هەردوولایان، تورکیا وەکو وڵات و هەسەدە وەکو کارگێڕییەکی سەربەخۆ نوێ نییە.
جێنیفەر گاڤیتۆ: نەخێر.
رووداو: ئەوان ماوەیەکی زۆرە هەوڵدەدەن، بەڵام تورکیا دژی هەموو دەستپێشخەرییەکە لەگەڵ هەسەدە. پێتوایە ئەم جارە وەکو قۆناخێکی نوێ لە سووریا، ئەمریکا دەتوانێت تورکیا رازی بکات کە لەگەڵ هەسەدە پێکەوەبن، لانیکەم بۆ جۆرێک لە ئاگربەست و هێرشنەکردنە سەر دامەزراوە مەدەنییەکان و رێگەبدەن هەسەدە ئەوە بکات کە لەگەڵ ئەمریکا دەیکات لە شەڕی دژی داعش؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: بەڵێ. من بیرم چوو ئەوە بڵێم کە کاتێک باسی بەرژەوەندی ئەمریکا لە سووریا و ئەو مەرجانەی دەبێت هەبن دەکەین...
رووداو: بەرژەوەندی ئەمریکا چییە؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: بەرژەوەندی ئەمریکا زیاتر پەیوەندی بە پاراستنی ئەو سەربازانەوە هەیە کە نزیکەی 900 سەرباز دەبن، کە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هاوبەشەکانمان لە هەسەدە بۆ شەڕی دژی داعش.
رووداو: ئەی هاوبەشەکانتان، ئایا بەرژەوەندیتان لە پاراستنی هاوبەشەکانتان دا هەیە؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: بێگومان بەڵێ. پێموایە ئەمە بەشێک دەبێت لەو گفتوگۆ زۆر دژوارانە لەگەڵ تورکیا.
رووداو: هیچ هیوایەک لەو گفتوگۆیانە دەبینی؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: من واقیعبینم سەبارەت بە هەڵوێستی تورکیا تاوەکو ئێستا. لەگەڵ ئەوەشدا، هیوادارم کاتێک تورکیا سەیری وێنە گەورەکە دەکات و دەرفەتێک بۆ سەقامگیری دەبینێت، کە حکومەتێکی گشتگیر بۆ هەمووان دروست ببێت. پێشتر عەلەوییەکان هەبوون، رژێم هەبوو، کورد هەبوو، سوپای نیشتمانی سووریا هەبوو بە پشتیوانی تورکیا. هەموو ئەو پێکهاتە جیاوازانە هەبوون، بەڵام بەشێوەیەکی سەرەکی ئەوەی ئەمڕۆ هەیە، کورد لەگەڵ هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنن. کۆنترۆڵ کردنەکە بەوشێوەیە دەبێت. ئەگەر ئەم دوو لایەنە بتوانن پێکەوەبن و حکومەتێکی گواستنەوە دروست بکەن کە مافەکانی گەلی سووریا بپارێزێت و گرنگتریش..
رووداو: ئەوە لەم دۆخەدا کردارییە؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: پێموایە ئەمە باشترین دەرفەتە کە دەکرێت لە سووریا هەمانبێت. نیازباشی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە هەیە، بەڵام نامەوێت تورکیا لەبەرچاو نەگرم، لە بەرژەوەندی تورکیایە کە سەقامگیری لە سووریا هەبێت. ئەمە ئەو دەرفەتەیە کە دەتوانن بیکەن. بەڵام پێویستی بە سازش و دۆزینەوەی رێگەیەک هەیە لە نێوان سوپای نیشتمانی و هەسەدە بۆ یەکگرتن و پێکهێنانی حکومەتێکی گواستنەوە. ئەمە لە بەرژەوەندی تورکیایە، پێموایە ئەمە بنەمایەک دەبێت بۆ گفتوگۆکان لە نێوان وەزیر بلینکن و هاوتاکەی لە ئەنقەرە.
رووداو: دڵنیا نیم ئەگەر لەگەڵم هاوڕابیت کە پرسی سووریا بە رووخانی رژێمی ئەسەد چارەسەر نابێت.
جێنیفەر گاڤیتۆ: بێگومان.
رووداو: شرۆڤەی زۆر هەن لێرە لە ئەمریکا، ئەوەی لە بەرپرسان و بەرپرسانی پێشوو و ئەو کەسانەی چاودێری دۆخەکە دەکەن بیستوومە، دەڵێن دۆخە سەختەکە ئێستا دەست پێدەکات. چونکە زۆر قورسە، نەیانتوانی هەموو ئەو لایەنانە پێش رووخانی ئەسەد پێکەوە کۆبکەنەوە. ئێستا، کاتێک گرووپێکت هەیە کە باڵادەستە، هەندێک گرووپی دیکەمان هەن لە پێگەی لاوازدان. چۆن دەتوانیت سووریایەکی نوێت هەبێت بە بوونی هەموو ئەم گرووپانە لە یەک حکومەت و بەبێ ئەوەی هەڕەشەبن بۆ سەر هاوبەشە هەرێمییەکان، بەبێ ئەوەی هەڕەشەبن لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا؟ چۆن پرسی سووریا لەمەودوا دەبینیت؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: سەرەتا، پێموایە هەڵە دەبێت دان بەوە دانەنێین کە ئەمە دۆخێکی ئێجگار ناسەقامگیر و مەترسیدارە، چونکە وایە، بەڵام ئیدی ئەوە دۆخەکەیە. با بگەڕێینەوە بۆ سەرەتا، سووریایەک بەبێ ئەسەد لە بنەڕەتدا باشترە لە سووریایەک لەگەڵ ئەسەد. راستە دۆخەکە ئێجگار مەترسیدار و ناسەقامگیرە. ئەمە گوتراوە، ئەگەر هەرکاتێک دەرفەتێک هەبووبێت بۆ حکومەتێک کە نوێنەرایەتی گەلی سووریا بکات، ئەمە ئەو کاتەیە. ئەو پەنجەرەیە بۆ ماوەیەکی درێژ نامێنێتەوە. من و تۆ هەردووکمان دەزانین ناوچەکە لە زۆر شوێنی دیکەش لە ئاژاوەدایە. بەڵام چاوی جیهان ئێستا لەسەر سووریایە، پێموایە بەشێوەیەکی سەرەکی ئەمریکا، هاوبەشە ئەورووپاییەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان، دەبێت سەرەتا رێز لەوە بگرن کە ئەمە پرۆسەیەکە بە سەرکردایەتی سووریاییەکان، بەڵام لە هەمان کاتدا دەبێ توانا و ئامادەییان هەبێت بۆ دابینکردنی ئەو ئامرازانەی پێویستن بۆ ئەوەی سووریاییەکان خۆیان سەقامگیری دروست بکەن. ئەمە دەمانگەڕێنێتەوە بۆ پرسیاری پێشووت سەبارەت بەوەی چی بکەین لەگەڵ هەتەشە. کردنەوەی دەرگا بۆ لابردنی لە لیستی تیرۆر، بۆ دڵنیابوون لەوەی پشتیوانی دەکرێت لەنێو حکومەتێکی گواستنەوە دا کە هەتەشە تێیدا بەشێکی گرنگە، پێموایە یەکێکە لەو بوارانەی کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەتوانێت پشتیوانی بکات، بە مەرجێک، کە هەڵسوکەوتەکانی جۆلانی و هەتەشە بەردەوام بن لە جەختکردنە سەر لە خۆگرتن و پاراستنی هەموو سووریاییەکان.
رووداو: ئەی سەبارەت بە لێپێچینەوە لەو تاوانانەی کە ئەنجامیان داوە؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: پێموایە ئەوە پرسیارێکی کراوەیە. پێموایە ئەوە شتێک نییە کە لەم ماوە کورتەدا چارەسەر بکرێت. کەس و گرووپی زۆر لە سووریا تاوانی نەگوتراوی قێزەونیان ئەنجامداوە. ئەوە دەبێت بەشێک بێت لە پرۆسەیەکی ئاشتەوایی نیشتمانی لە داهاتوودا، بەڵام بۆ ئێستا، پێموایە دەبێت جەخت بکرێت لەسەر سەقامگیرکردنی دۆخی سیاسی، دڵنیابوون لەوەی یارمەتییەکان دەگەنە شوێنی پێویست، بەڵام تۆ پرسیارت کرد کە ئایا پێموایە ئەمە دەکرێت، دووشت زۆر سەرنجڕاکێش بوون بۆ من لەم هەفتەیەدا. یەکەم ئەو گوتارە بوو لە هەموو گرووپە جیاوازەکانەوە کە باسی ئەوە دەکەن ئێمە هەموومان سوورین. وەکو دەزانیت، ئەمە لە شوێنەکانی دیکەی ناوچەکە بەم شێوەیە نەبووە. بۆیە، ئەگەر سووریاییەکان بتوانن دەست بەم ناسنامە نیشتمانییە و ئەو هەستی بەرپرسیارێتییەوە بگرن بۆ داهاتووی سووریا، پێموایە ئەمە بەردی بناخەی سەرەکییە بۆ پێشڤەچوون. شتێکی دیکە کە ئەم هەفتەیە هیوای زۆر و زەردەخەنەی پێبەخشیوم، من لە کاتی قەیرانی پەنابەرانی سووریا لە ئەورووپا کارم دەکرد، کە ئەو شاڵاوی پەنابەرانە دەبینی کە دەگەڕێنەوە بۆ سووریا لە تورکیاوە، لە ئوردنەوە، لەوانەیە لە ئەورووپاوە، بەڕاستی ئەوە قسەی زۆر هەڵدەگرێت کە سووریاییەکان خۆیان چۆن هەست بە وڵاتەکەیان دەکەن و هەروەها ئەو بەرپرسیارێتییەی هەستی پێدەکەن کە دەیانەوێ بەشێکبن لە دووبارە بنیاتنانەوەی وڵاتەکەیان. کەواتە دیسانەوە، رێگەیەکی ئاسان لە پێش نییە، بەڵام بەڕاستی باوەڕم وایە کە ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بتوانێت رۆڵی پشتیوانیکردن نەک خۆسەپاندن بگێڕێت، پێموایە بوار هەیە بۆ داهاتوویەکی باشتر.
رووداو: بوار هەیە بۆ داهاتوویەکی باشتر. ئەی ئایا هیچ ئەگەرێک هەیە بۆ شەڕی ناوخۆ؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: بێگومان. پێموایە ناکرێت ئەو ئەگەرە وەلابنرێت، بەڵام دیسانەوە پێموایە ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو گفتوگۆ دژوارانە، بێگومان لەگەڵ تورکیا، لەگەڵ ئیسرائیل تاوەکو رادەیەک. ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دراوسێیەکانی سووریا پێویستە ئێستا بیکەن ئەوەیە دەبێ هەر شتێک کە لە توانایاندایە بیکەن بۆ سەقامگیرکردنی دۆخەکە، نەک ناسەقامگیری، بەڵام ئێمە ئەوە لەم ساتەدا نابینین.
رووداو: باسی ئیسرائیلت هێنایە نێو گفتوگۆکەمان. چیمان لە سەرکردە ئیسرائیلییەکان بیستووە؟ بیستمان سەرۆکوەزیران نەتانیاهوو چی لەسەر کورد، لەسەر کریستیانەکان گوت، هەروەها ئەوەی لە وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بیستمان، ئەوان داوا دەکەن، تەنانەت دەڵێن لەگەڵ دۆستە ئەمریکییەکانمان گفتوگۆ دەکەین بۆ پاراستنی کورد لە مونبیج، کە نەیانتوانی بیکەن. ئێستا لە کۆبانێ و لەو ناوچانەی ژێر کۆنترۆڵی هەسەدە. ئایا هیچ گوشارێک هەیە لە ئیسرائیلەوە بۆ سەر حکومەتی ئەمریکا بۆ یارمەتیدان و پاراستنی کورد لە سووریا؟ چۆن سەیری ئەو لێدوانانەی بەرپرسانی ئیسرائیلی دەکەیت؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: بێگومان پێموایە لە بەرژەوەندی ئەمریکایی هاوبەشەکەمان هەسەدە بپارێزێت و هەروەها لەگەڵ تورکیا کار بکات بۆ دڵنیابوون لەوەی کە ئەو ناوچەیە زیاتر ناکەوێتە نێو شەڕەوە. ئەمە پێش هەموو شتێک لە بەرژەوەندی ئێمەدایە. پێویستیمان بە ئیسرائیل نییە بۆ ئەوەی باوەڕ بە ئێمە بێنێت کە ئەوە لە بەرژەوەندی ئێمەدایە.
رووداو: بەڵام چی روودەدات کاتێک ئیسرائیل وەکو بەهێزترین هاوپەیمانتان لە ناوچەکە، بەدوای چارەسەرێکدا دەگەڕێت یان شتێک دەبینێت کە لە بەرژەوەندی ئێوە و لە بەرژەوەندی ئەواندایە؟ ئایا ئەمە هێزی زیاترتان پێدەدات بۆ گوشاری زیاتر لەسەر هەندێک وڵات؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: ئەگەر من لەو گفتوگۆیانەدا بوومایە، کە نیم، ئیسرائیلم هۆشیار دەکردەوە بەهەمان شێوە حکومەتی خۆشمانم ئاگاداردەکردەوە کە ئەم ساتە پێویستی بە جوڵەیەکی زۆر بچووکە. سووریاییەکان بوون کە سووریایان ئازادکرد. دەبێت سووریاییەکانیش رێگە بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی سووریا دابنێن. ئەوەی هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان، لەوانە ئیسرائیل و تورکیا پێویستە بیکەن ئەوەیە ئەم دەرفەتە دابین بکەن و زیاتر دۆخەکە ناسەقامگیر نەکەن. قسەکردن لەسەر چۆن دەتوانین بچین خۆمان بسەپێنین، شتێک نییە کە من بمەوێ پێشنیازی بکەم.
رووداو: تۆ لە عێراق کارت کردووە، بۆچی عێراق ئەوەندە نیگەرانە لە دۆخی سووریا؟ چی وایان لێدەکات ئەوەندە نیگەران بن؟ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هەندێک بەرپرس، گوتیان تەنانەت عێراق خەریک بوو تێوەبگلێت لە سووریا، بەڵام دواتر ئیدارەی بایدن ئامۆژگاری کردن کە دوور بکەونەوە. بۆچی سەرکردە عێراقییەکان، بەتایبەتی سەرکردە شیعەکان، ئەوەندە نیگەرانی دۆخی ئێستان؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: دیسانەوە، پێموایە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە ئەمە دۆخێکی ناسەقامگیر و مەترسیدارە و دەرفەتی دیکە دەڕەخسێنێت. ناسەقامگیری دەتوانێت بە ئاسانی بڵاوببێتەوە. لەماوەی دەیەی رابردوودا بینیومانە کە تووندوتیژی لە سووریا لە سنوورەکانی سووریادا نەمایەوە. بووە گۆڕەپانی هێزە جیهانییەکان لەوانە ئێران، میلیشیا عێراقییەکان و ئەوانەی دیکەش بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ ناسەقامگیری لە سەرانسەری ناوچەکەدا. بۆیە پێموایە سەرکردە عێراقییەکان مافی خۆیانە نیگەرانبن کە ئەگەر شەڕی تووند دووبارە هەڵبگیرسێتەوە دوای ماوەیەک لە ململانێی چەقبەستوو، کە ئەمە کاریگەری ناسەقامگیرکەری لەسەر خودی عێراق دەبێت. پاشان ئەو رەهەندەشی لەگەڵ زیاد دەکەیت کە بەتایبەتی لە هەرێمی کوردستانی عێراق هەیە لەگەڵ هاوئاهەنگی لەگەڵ هەسەدە، ئەوەش شتێکی دیکەیە لە ئەگەری دروستبوونی ناسەقامگیری و زیاتربوونی ململانێ. دەزانیت، ئەگەر تورکیا هەست بە بەهێزی بکات بەردەوامبێ لە لێدانی هەسەدە، بینیومانە کە بەردەوام لەنێو عێراق دەدەن. دیسانەوە، ئەمە تەنیا بەنزین دەکات بە ئاگرەکەدا. بۆیە من پێشوازی لە بڕیاری حکومەتی عێراق دەکەم خۆی بگرێت و تێوە نەگلێت. پێموایە ئەم هەڵوێستەمان لە زۆربەی وڵاتان بینیوە، لەوانەیە سەرسوڕهێنەرترینیان تاوەکو رادەیەک لە ئێران و خودی رووسیاوە بێت. لە بەرژەوەندی کەس نییە ئەوەی لە سووریا روودەدات ببێتە تاقیکردنەوەیەکی شکستخواردووی دیکە.
رووداو: باسی کوردی سووریا دەکەیت. پێتوایە ئەمریکا پشتیوانی لە بیرۆکەی ناسینی کورد دەکات وەکو نەتەوەی دووەم لە سووریا لە حکومەتی داهاتوودا وەکو ئەوەی لە عێراق دوای 2003 کردیان؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: بۆ من قورسە پێشبینی ئەوە بکەم کە بەشێک دەبێت لەو گفتوگۆیانەی ئێستا روودەدەن. ئەوەی بینیومە و بیستوومە، لەوانە لە گەلی سووریاوە، باسی سووریایەکی سەروەر و یەکپارچە دەکرێت، وڵاتێک کە ماڵ بێت بۆ کۆمەڵگەیەکی فرە نەتەوە . ئەوەیە کە جەختی لەسەر کراوە.
رووداو: چەند خولەکێکی دیکەم ماوە. هەوڵدەدەم باسی ئیدارەی داهاتوو بکەم. لێدوانی سەرۆکی هەڵبژێردراو دۆناڵد ترەمپمان بینی لەسەر سووریا، کە گوتی هیچ بەرژەوەندییەکمان لەم ململانێیەدا نییە و زۆر هاوڕای ئەو کارانە نەبووە کە ئیدارەی ئێستا لە سووریا دەیکات. پێتوایە کاتێک ئیدارەی داهاتوو دێتە کۆشکی سپی، بیر لە کشانەوەی هێزەکان دەکەنەوە لە سووریا، چونکە پێیان وایە داعشیان لەنێوبردووە؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: ژمارەی هێرشەکانی داعش لەساڵی رابردوودا بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە. رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە ئیدارەی دووەمی دۆناڵد ترەمپ بە میرات وەریدەگرێت زۆر جیاوازە لە ئیدارەی یەکەمی ترەمپ. پێموایە گفتوگۆ دەکرێت لەسەر ئەوەی کە ئایا ئەو سەربازانە لە سووریا بکێشنەوە یان نا. جاری پێشوو ئەوە هەبوو. لە کۆتاییدا رووینەدا. بۆیە پێموایە ئەم ئیدارەیە و تیمی ئاسایشی نیشتمانی کە ئەزموونی هەیە، سەیری مەترسی رێژەیی مانەوەی ئەمریکا لەوێ دەکەن. دەبێت ئاماژە بەوەش بکەم، ئەوە گوزارشتە لە ئەمریکا بەگشتی، کە ئەمریکییەکان کەمتر پشتیوانی لە بەشداری ئەمریکا دەکەن لە ململانێ دەرەکییەکاندا، چونکە وایدەبینن ململانێی ئەوان نییە. دەتوانین گفتوگۆ لەسەر ئەوە بکەین کە کامە ململانێی ئێمەیە و چ بەرپرسیارێتییەکمان هەیە، بەڵام رەنگدانەوەی بۆچوونی دەنگدەران ئەوەیە، ئیدارەی ترەمپیش رەنگدانەوەی ئەوەیە، بەڵام پێموایە تەماشای تواناکانی داعش دەکەن، هەروەها سەیری دۆخە نوێیەکەی سووریا دەکەن، کە یەکێک لە گەورەترین مەترسییەکانی هەموو ئەمانە، دیسانەوە، ئەوەیە کە بۆشاییەکی دەسەڵاتت هەیە کە داعش دەتوانێت بەکاریبهێنێت بۆ ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە. بۆیە، پێموایە تیمەکە سەیری هەموو ئەوانە دەکات و هەڵسەنگاندن دەکات. ئەگەر مەزەندەیەک بکەم، پێموایە ئەو هێزانە لە شوێنی خۆیان دەمێننەوە چونکە داعش هێشتا تێکنەشکاوە. لە راستی دا، لە هەڵکشاندان و توانایان هەیە کە دۆخی سووریا زیاتر بەکاربێنن بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتر. بۆیە دڵنیام ئەو گفتوگۆیانە روودەدەن. باشترین مەزەندەم ئەوەیە کە ئەمە بڕیاری کۆتایی نابێت.
رووداو: تۆ دەڵێی ئیدارەی دووەمی ترەمپ لە یەکەم جیاواز دەبێت. چ شتێک دەبینیت لەڕووی سیاسەتی رۆژهەڵاتی نێوەڕاستەوە؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: مەبەستم ئەوەیە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست جیاوازە. چەند ساڵێکە ناسەقامگیری لەم ناوچەیەدا هەیە. بۆیە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی 2016 زۆر جیاوازە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستی ئەمڕۆ. بۆیە، ئەوەی چاوەڕێ دەکەم ئیدارەی ترەمپ پشتیوانییەکی بەهێزی ئیسرائیل بکات، بەردەوامبوونی پشتیوانی وەکو پێویستییەک بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێیەکان لە غەززە، لە لوبنان کەمتر چونکە ئێستا ئاگربەست کەم تاوەکو زۆر بەردەوامە، بۆ ئەوەی رێگە بە ئیسرائیل بدرێت ئامانجەکانی خۆی بپێکێت وەکو بە ئیدارەی نوێ راگەیێندراوە. پێموایە ئەوە خاڵی سەرەکی دەبێت. پێموایە هەڵوێستێکی زۆر تووند دەبینین بەرامبەر ئێران. بێگومان یەکێک لەو بوارانەی کە لە چوار ساڵی رابردوودا گۆڕاوە پێشکەوتنی بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانە. دەتوانیت ئاماژە بە کشانەوەی ئەمریکا لە JCPOA بکەیت وەکو هۆکارێکی گرنگ لەوەدا، بەڵام راستییەکە ئەوەیە کە ئەمڕۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەیان زۆر پێشکەوتووترە لەوەی پێش چەند ساڵێک. بۆیە پێموایە هەوڵێکی بەهێزی دەبێت بۆ راگرتنی ئەو بەرنامە ئەتۆمییە. لە هەمان کاتدا، بەشێکی گرنگی ئەوەی کە ئەمریکا بتوانێت لە پێگەیەک دابێت بۆ پاشەکشەکردن لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست ئەوەیە کە دەبێت تاوەکو رادەیەک سەقامگیری هەبێت. سەرۆک خۆی بە شارەزای رێککەوتن دەزانێت. بۆیە تەنانەت کاتێک هەڵوێستێکی تووند بەرامبەر ئێران دەگرێتەبەر، پێموایە بە شێوەیەک دەبێت کە چۆنیەتی گەیشتن بە جۆرێک لە رێککەوتن مسۆگەر بکات و، ئێران پاشەکشە پێبکات، نەک تەنیا لە بەرنامە ئەتۆمییەکەی، بەڵکو لە کاریگەری خراپی لە ناوچەکەدا، ئەوەش پێشتر لاوازکراوە بەهۆی ئۆپەراسیۆنەکان دژی حیزبوڵڵا و سووریا و ئەوانەی دیکە. بۆیە پێموایە ساتێکی گرنگ لێرەدا هەیە.
رووداو: ئەمە دوایین پرسیارم دەبێت. چی دەبینیت سەبارەت بە عێراق؟ کاتێک هەڵوێستێکی تووند هەیە، قسەی زۆر هەیە لەسەر ئێران، دەزانین کە ئێران دەستی باڵای هەیە لە عێراق، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو پارتە سیاسییانەی کە ئێستا لە دەسەڵاتدان. پێتوایە ئەم ئیدارەیەی ترەمپ، ئیدارەی دووەم، گوشار لەسەر عێراق، لەسەر شیعەکانی عێراق دادەنێت بۆ بڕینی دەستی ئێران لەناو عێراق دا؟
جێنیفەر گاڤیتۆ: بێگومان. ئەوەش بەردەوامبوونی سیاسەتی ئیدارەی بایدن دەبێت. ئەمریکا لەمێژە نیگەرانییەکی ئێجگار زۆری هەبووە لەسەر ئەو کاریگەرییەی کە ئێران لە عێراق دا هەیەتی. پێموایە ئیدارەی ترەمپ هەمان نیگەرانی دەبێت و هەوڵدەدات رێگە بدۆزێتەوە بۆ کۆتاییهێنان بەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، ئەگەر من راوێژم بدابووایە ئیدارەی نوێ، بەڕاستی دەگەڕامەوە بۆ ئەو چەمکەی لە چەند ساڵی رابردوودا پەرەمان پێداوە، کە بەڕاستی یارمەتیدانی عێراقە بۆ ئاراستەکردنی بەرەو دەوڵەتێکی عەرەبی میانڕۆ. بۆیە بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی، چ وزە یان پەروەردە یان تەندروستی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، سەربەخۆبوونی وزە لە ئێران بۆ ئەوەی پشت بە وزەی ئێرانی نەبەستێت، چونکە دواتر ئێران دەتوانێت وەکو چەکێک بەکاریبهێنێت بۆ کاریگەری خستنەسەر حکومەتی عێراق. پاشان بەردەوامبوون لە پەرەپێدانی پەیوەندی لەگەڵ عێراق بە شێوەیەک کە پشتیوانی لە عێراقێک بکات کە سەقامگیر و لە ئاشتی دا بێت لەگەڵ خۆی، بتوانێت سنوورەکانی خۆی بپارێزێت، پەیوەندییەکی بەرهەمدار و هاوکاری لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەبێت لەوانە باکووری عێراق و هەرێمی کوردستان. بۆیە، دیسانەوە، ئەگەر سەیری ستراتیژەکە بکەیت بۆ ئەوەی ئامانجی کۆتایی چی دەبێت. پێموایە بەردەوامبوونی ئەوەی هەوڵمانداوە لەم رووەوە لە چەند ساڵی رابردوودا باشترین ئامراز دەبێت بۆ بەدیهێنانی ئەوەی کە دڵنیام جەختی ئیدارەی ترەمپ دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی کاریگەری ئێران.
رووداو: زۆر سوپاس جێنیفەر. سوپاس بۆ ئەو تێڕوانینە باشانە سەبارەت بە ناوچەکە. چاوەڕێی ئەوەم بەم زووانە دووبارە لە رووداو بتبینمەوە.
جێنیفەر گاڤیتۆ: چاوەڕێ دەکەم. زۆر سوپاس.