راوێژکارێکی سوودانی: کێشەی مووچە تەکنیکی و یاساییە، دەکرێ بە ئاسانی چارەسەر بکرێت

رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری سیاسیی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە رووداوی گوت، سەردانی سوودانی بۆ هەرێمی کوردستان "سەردانێکی گرنگە لە کاتێکی گرنگ و هەستیارە بۆ عێراق و هەرێم[ـی کوردستان] بەگشتی." لەبارەی کێشەی مووچەوە گوتی، دەکرێ بە ئاسانی چارەسەر بکرێ

لە هەڤپەیڤینێکدا سەبهان مەلا جیهاد، راوێژکاری سیاسیی سەرۆکوەزیرانی عێراق لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژی 12-11-2024 پەخشکرا، لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند: وێستگەی یەکەمی سەردانەکە بۆ هەولێر دەبێت، دواتر بۆ سلێمانی."
 
ئەو راوێژکارەی سوودانی باسی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکانی دەکات و دەڵێت: بەندە بە دۆسیەکان، هەر کەیسێکی هەڵپەسێردراو هەبێت، لە چوارچێوەی سەردانەکەدا گفتوگۆی لەبارەیەوە دەکرێت."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەبهان مەلا جیهاد، راوێژکاری سیاسیی سەرۆکوەزیرانی عێراق
 
رووداو: سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ هەرێمی کوردستان, هیچ پێشنیازێکی تێدا دەبێت بۆ بابەتی رێککەوتنی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان سەبارەت بە پێکهێنانی کابینەی 10ـی حکومەتی هەرێمی کوردستان؟
 
سەبهان مەلا جیهاد: سڵاوتان لێ بێت، رێز و سڵاوم بۆ رووداو و بینەرە بەڕێزەکانتان. بەڵێ سەردانێکی گرنگە لە کاتێکی گرنگ و هەستیارە بۆ عێراق و هەرێم بەگشتی. بەڕێز محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، توانی لە دوو ساڵەی تەمەنی حکومەتەکەیدا پەیوەندییەکی پتەو لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕی متمانە لەنێوان ناوەند و هەرێم پێکبهێنێت. پێموایە پەیوەندییەکانی ئەمڕۆ مایەی شانازین لەسەر ئاستی ناوەند و هەرێم. توانیوویەتی متمانەی دوولایەنە بەهێز بکات کە راشکاوی، شەفافیەت دوو کۆڵەگەی سەرەکیی ئەم پەیوەندییە بووە. سەردانەکەش بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکان، ئەگەر کێشەی هەڵپەسێردراو لە نێوان ناوەند و هەرێم مابێت. هەروەها لایەنەکانی نێو هەرێم لەنێوان هەولێر و سلێمانی بۆ پەلەکردن لە دامەزراندنی حکومەتی داهاتووی هەرێم ئینشاڵڵا.
 
رووداو: کەواتە یەکێک لە تەوەرەکان بابەتی پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان دەبێت. هەر بۆیە سەردانی هەولێر و سلێمانی دەکات؟ کەواتە دەبێ لەگەڵ بەرپرسانی یەکێتی و پارتی کۆبوونەوەی هەبێت، دروستە؟
 
سەبهان مەلا جیهاد: بەڵێ سەرۆکوەزیران کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەبێت لە سلێمانی. بەدڵنیاییەوە یەکێک لە مژارە گرنگەکانی کۆبوونەوەکە باس لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هاوکاریکردنیان دەبێت بۆ دامەزراندنی حکومەت. حکومەتی ناوەند پێویستی بە حکومەتێکی گونجاو هەیە. پێویستی بە حکومەتی هەرێمی بەهێز هەیە، کە پەیوەندیی باش و هاوسەنگی هەبێت لەنێوان ناوەند و هەرێم. حکومەتی هەرێمیش ناچارە بەهەمان تێڕوانین پەیوەندییەکی هاوسەنگی لەگەڵ ناوەند هەبێت بۆ ئەوەی پەرەی زیاتر بە هاوئاهەنگییەکانی نێوانیان بدەن، لە پێناو خزمەتکردنی دۆخی سیاسیی و ئابووری و سەرجەم بوارەکانی دیکە لەسەر ئاستی عێراق. بۆیە ئەمە یەکێک دەبێت لە مژارەکان کە هەوڵدانە بۆ خێرا دامەزراندنی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان. 
 
رووداو: ئەم سەردانەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەسەر داوای پارتی بووە یان یەکێتی؟
 
سەبهان مەلا جیهاد: لە راستیدا هەردوولایەن پێویستیان بەم سەردانە هەیە و تەنانەت سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانیش پێویستی بەم سەردان و پەیوەندییانە هەیە. بۆیە بەڵێ هەردوولایەن پێویستیان بەم رایەڵ و پەیوەندییە هەیە بۆ ئەوەی پەرەی زیاتر بە پەیوەندییە فرە رەهەندەکان بدرێت. لە هەر کوێیەک شکستییەک، لێکتێنەگەیشتنێک یان کێشەیەکی هەڵپەسێردراو هەبێت، لەم سەردانەدا گفتوگۆی لەبارەیەوە بکرێت.
 
رووداو: دەمەوێ وردەکاری خشتەی سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراق باس بکەیت، یەکەمجار دەچێتە هەولێر و پاشان سلێمانی؟ لەگەڵ بەرپرسانی پارتی و یەکێتیی کۆدەبێتەوە و سەردانی کێی دیکە دەکات؟
 
سەبهان مەلا جیهاد: بەگوێرەی زانیارییەکانم، وێستگەی یەکەمی سەردانەکە بۆ هەولێر دەبێت، دواتر بۆ سلێمانی. نێوەڕۆکی سەردانەکەش بەندە بە دۆسیەکان، هەر کەیسێکی هەڵپەسێردراو هەبێت، لە چوارچێوەی سەردانەکەدا گفتوگۆی لەبارەیەوە دەکرێت، جا سەرۆکوەزیران بیخاتەڕوو یان لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بیخەنەڕوو. بەدڵنیاییەوە لە کۆبوونەوە و دیدارەکاندا پێداگری لەسەر ئەو دۆسیانە دەکرێت کە ناکۆکی لەسەرە، دواخراوە، هەڵپەسێردراوە و زۆرن ئەو کەیسانەی لە گۆڕەپان هەن دەکرێ بخرێنە بەرباس و لێکۆڵینەوە. سەرجەم لایەنەکان پێویستییان بەم دانیشتن و دیالۆگانە هەیە، کە لەسەر بنەمای متمانە دەکرێت. دیالۆگەکانیش مەرجە زۆر شەفاف بن و هەموو بابەتێک دەکرێ لەژێر چەتری دەستوور قسە و باسی لەبارەیەوە بکرێت و چارەسەر بکرێت.
 
رووداو: یەکێک لەو کەیسانەی چەندین ساڵە چارەسەر نەکراوە، کە پەیوەندیی راستەوخۆی بە قووتی خەڵکەوە هەیە، ئەویش مووچە و بودجەیە، پێتانوایە سەرۆکوەزیران ئەم کێشەیە چارەسەر بکات؟
 
سەبهان مەلا جیهاد: پێموایە ئەم کێشە رەهەند و مۆرکی سیاسیی و نەتەوەیی نییە، بگرە مۆرکی تەکنیکی و یاسایی هەیە. یاسا فیدراڵییەکان وەک یاسای بودجە، کە لە پەرلەمانی عێراق پەسندکرا، زۆرینەی برایانی کورد دەنگیان پێدا. پێشتر لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت قبووڵکرا. ئەوەی ماوەتەوە کێشە تەکنیکی و یاساییەکانە، دەکرێ ئەوانیش بە ئاسانی چارەسەر بکرێن جا بە قەرەبووکردنەوەی بێت بە شێوەیەک لە شێوەکان، یان بڕیاری خەرجکردنی بێت لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە. ئەمە لە کاتێکدایە نزیک دەبینەوە لە کۆتایی ساڵی دارایی گشتیی و کار دەکرێت بۆ تێپەڕاندنی وردەکارییەکانی بودجەی 2025 لە رێگەی پەرلەمانەوە.  
 
رووداو: ئەو نیازە لە سەرۆکوەزیران دەبینن بە ئاسانی کێشەکان چارەسەر بکەن؟ بۆ نموونە بابەتەکە پەیوەندی بە پارە هەبێت و سەرۆکوەزیران واژۆی بکات بۆ ناردنی؟
 
سەبهان مەلا جیهاد: سەیرکە، هێڵی گشتیی، کارکردنە بۆ یەکلاییکردنەوەی کێشە هەڵپەسێردراوەکان. سەرۆکوەزیرانی عێراق چاوی لەوەیە کوردستان سەرجەم دۆسیەکان لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنێت. هەروەها هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت کە سەرجەم لایەنە پێکهێنەرەکانی حکومەت لە ئامێز دەگرێت. برایان لە هەرێم ئەوانیش بەشی سەرەکیی ئەم هاوپەیمانییەن. ئەگەر کێشەیەکی سیاسیی هەبێت، لە دەوری مێزی گفتوگۆدا قسەی لەبارەیەوە دەکرێت و لەسەر ئاستی فراکسیۆنە سیاسییەکان لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت گفتوگۆ دەکرێت. لایەنە سیاسییەکان لەبەرچاو دەگیرێت و چارەسەر دەکرێت، دواتر دەست بۆ چارەسەرکردنی روانگە یاساییەکەی دەکرێت. وەک گوتم، ئەو کێشانە تەکنیکی و یاسایین و دەکرێن دوابخرێت، دەکرێت تێپەڕێندرێت و دەکرێت بە کاتی چارەسەر بکرێت. کێشەکانی ئەمڕۆ لەگەڵ هەرێم، تایبەتمەندی سیاسیی گەورەی نییە وەک پێشوو. دەستوورێکمان هەیە و هەموویان کۆکن لەژێر چەتری دەستوور کێشەکان چارەسەر بکەن. لە بەرامبەر دا یاسای بودجەی سێ ساڵی هەیە و لە پەرلەمان پەسند کرا و برایان لە هەرێم دەستیان بۆ بەرز کردەوە و پشتیوانییان لێکرد. کەواتە کێشە تەکنیکییەکان چارەسەر دەکرێن، بەهۆی ئەوەی سەرۆکوەزیران کراوەیە بۆ چارەسەرکردنی هەموو کێشەکان. تەنانەت ئەگەر کێشەی سیاسیش هەیە، هیوادارم لە سەردانەکەی بۆ هەرێم بخرێتە بەرباس و لێکۆڵینەوە. هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەتیش ئامادەیە گفتوگۆی لەبارەیانەوە بکات یان ئەنجوومەنی وەزیران. بۆیە زۆر گرنگە ئەم بابەتانە بخرێنە سەر مێزی گفتوگۆ.
 
رووداو: نزیک دەبینەوە لە سەرژمێری گشتیی لە عێراق و هەرێمی کوردستان. ئەم بابەتە لەلایەن هەرێمی کوردستان مەترسی هەیە بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان. سەرۆکوەزیران ئەم بابەتەش دەخاتە سەر مێزی گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان؟ مەترسییەکان دەڕەوێنێتەوە؟
 
سەبهان مەلا جیهاد: پێموایە سەرۆکوەزیرانی عێراق گوێ لە نیگەرانییەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێت، ترسیان لە چییە؟ ئەو یاسایەی پەیوەندیی بە سەرژمێری هەیە دوای ئەوەی هەموارکرایەوە، لە راستیدا دەقەکانی مایەی نیگەرانی و ترس نین، چونکە سەرژمێریی ئەمڕۆ ژماردنی ئەو خەڵکەیە. سەرژمێرییەکە بۆ تەواوی هاووڵاتییان بەبێ پرسیارکردن لە ناسنامە ئاخۆ ئەمە کوردە، عەرەبە، موسڵمانە، کریستییانە، ئێزیدییە. هەموو ئەم بابەتانە هەڵوەشێندرایەوە و ئێستا جەخت لە ژمارەی دانیشتووان دەکات بەبێ هیچ تایبەتمەندییەکی دیکە. ئەگەر نیگەرانی و ترس هەبێ، بەدڵنیاییەوە گوێیان لێ دەگیرێت. دواتر هەر ئەمە نییە، لە نەینەواش نیگەرانی و ترس هەیە لەلایەن کاکەییەکان. ئەو دەقەی سەرژمێرییەکی بۆ دەکرێت دوورە لە هەموو نەنگی و نیگەرانییەکەوە. سەرباری ئەمەش، سەرۆکوەزیران ئامادەیە بۆ گوێگرتن لە سەرجەم لایەنەکان و دەستنیشانکردنی خاڵەکان و دواتر رێکار و رێوشوێنە پێویستەکان دەگیرێنەبەر بۆ رەواندنەوەی هەموو ئەم مەترسییانە. سەرژمێری ئەمڕۆ بۆ عێراق زۆر گرنگە کە تەنیا ژماردنی مرۆڤەکانە.
 
رووداو: حکومەتی عێراق هیچ کێشەیەکی لەگەڵ دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان هەیە لە رێگەی هەژماری من؟
 
سەبهان مەلا جیهاد: لە راستیدا دیوە هونەرییەکانی ئەم بابەتە زانیاری ئەوتۆم لەبارەیانەوە نییە، بەڵام وەک هێڵی گشتیی پێموانییە کێشەی هەبێت. بابەتەکە ئەگەر هەرێمی کوردستان رازی بووبێت و لەژێر چەتری دەستوور کاری بۆ کرابێت و بەپێی یاسای بودجە گونجاو بێت. بەدڵنیاییەوە ئەگەر هیچ کێشەی دیکەی نەبێت، ئەوە تەنیا کێشەی تەکنیکی و هونەرییە. دەکرێ ئەمانەش چارەسەر بکرێت ئینشاڵڵا.
 
رووداو: هیچ جیاوازییەک هەیە لە نێوان تەوتین و پرۆژەی هەژماری من؟
 
سەبهان مەلا جیهاد: دەکرێ هیچ جیاوازییەکی نەبێت. بەجێکردن (تەوتین) لە بانکەکان دەکرێت. بانکەکانیش لایەنی هونەری و پیشەیی و دارایی پەیوەندیدارن. بۆیە هەر بانکێکی عێراق تەنانەت نێودەوڵەتیش بێت، بەدڵنیاییەوە پەیوەندییان بە لایەنی هونەری و پیشەییەوە دەبێت. بۆیە دەکرێ بەجێکردن (تەوتین) لە بانکێکی دیکە بکرێت. ئەمە بۆ جۆری هەژمارەکە و چۆنێتی کۆنتڕۆڵکردنی دەگەڕێتەوە. ئاخۆ ئەم هەژمارە بەشێک لە مووچەکان دەگێڕێتەوە یاخود وەک خۆی دەگەڕێنێتەوە و رادەستی فەرمانبەرانی دەکات. رەنگە بابەتی تەکنیکی لێرە و لەوێ هەبێت. دەکرێ جیاوازی لەنێوان بانکەکان هەبێت.
 
رووداو: بەمدواییانە سەرۆکوەزیرانی عێراق داوای لە بانکە حکومییەکانی عێراق کرد لقەکانیان لە پارێزگاکان زیاد بکەن، هیچ بڕیارێک هەیە بۆ کردنەوەی لقی بانکی رافیدەین و رەشید لە هەرێمی کوردستان؟
 
سەبهان مەلا جیهاد: پێموایە هەوڵێک بەم ئاراستەیە هەیە. ئەمەش خزمەتی زۆر بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان دەگەیێنێت. بوونی بانکی رافیدەین و رەشید لە هەرێمی کوردستان، کاریگەری ناخاتە سەر سەروەرییەکانی. بەپێچەوانەوە ئەم دامەزراوە رەسەنە عێراقییە تەمەنێکی هەیە لە خزمەتکردنی پیشەیی و گرنگە هەبێت. وەک گوتم ئەمە بابەتێکە زۆر شارەزای نیم بەهۆی ئەوەی راوێژکاری سیاسییم.
 
رووداو: ئەنجامی سەردانەکەی سەرۆکوەزیران چی بوو بۆ تورکیا کە چاوی بە رەجەب تەیب ئەردۆغان کەوت؟ بەتایبەتی لە بابەتە ئەمنییەکاندا؟
 
سەبهان مەلا جیهاد: سەردانەکە بۆ کاراکردنی ئەو یاداشتنامانەی لێکتێگەیشتنە کە لە کاتی سەردانەکەی ئەردۆغان بۆ بەغدا واژۆ کران. دەرەنجام بەدواداچوون و کاراکردنیان گرنگە بەتایبەتیش لە رووی ئەمنی و ئاو و بازرگانی و ئابووری و پرۆژەی رێگەی گەشەپێدان و بابەتە پەیوەندیدارەکانی دیکەش. هەروەها بابەتی هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی تورکیاش قسە و باسی لەبارەیەوە کراوە. پێموایە هەموویان لە چوارچێوەی ئەو یاداشتنامانەی لێکتێگەیشتن بووە بۆ ئەوەی سەرکردەکان لە نزیکەوە ئاگاداری دوایین پێشهاتەکە بن و هەر بەربەست و ئاڵنگارییەک هەبێت چارەسەری بکەن. پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا زۆر فراوانە، لایەنی ئابووری، بازرگانی، ئەمنی، سەرچاوە ئاوییەکان و بابەتەکانی دیکەشە.
 
رووداو: ژمارەیەک یاداشتنامەی لێکتێگەیشتن لەنێوان عێراق و تورکیا لە مانگی نیسانی ئەم ساڵ واژۆکرا؟ کەی دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە؟
 
سەبهان مەلا جیهاد: بەشێکیان چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەتایبەتی لە بواری ئەمنی پەیوەندییەکی زۆر بەهێز هەیە. لە بواری سەرچاوە ئاوییەکان، تیمی هاوبەش هەن کار دەکەن بۆ دەستنیشانکردنی پێداویستییەکانی ئاوی عێراق ئەمە جگە لە پرۆژەکانی ئاودێری و گفتوگۆکردن لەبارەی بەنداوەکان دەکرێت. وەک گوتم بەڵێ لە بواری ئاو و ئەمنیدا چوونەتە بواری جێبەجێکردنیشەوە. نەک هەر ئەمە لە زۆر بواری دیکەش کراون، بەڵام پێویستیان بە کاتی زیاتر و پەرەپێدانی زیاتر هەیە. لە چەند هەفتەی داهاتوودا دووبارە لە رووی ئەمنییەوە کاری هاوبەشی زیاتر دەکرێت.
 
رووداو: لە دوای هەڵبژاردنی ئەمریکا و دەرچوونی دۆناڵد ترەمپ وەک سەرۆکی ئەم وڵاتە، سەرۆکوەزیران پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ ئەنجامدا. چیتان بۆ دەرکەوت لە قسەکانی سەرۆکی تازە هەڵبژێردراوی ئەمریکا بەتایبەتی بابەتی ئەمنی. ترەمپ لە رووی ئەمنییەوە چۆن مامەڵە لەگەڵ عێراق و ناوچەکە دەکات؟
 
سەبهان مەلا جیهاد: پەیوەندییەکان زۆر ئەرێنی بوو. سەرۆکوەزیران بەمەبەستی پیرۆزباییکردن، پەیوەندیی تەلەفۆنی کرد و لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا گفتوگۆی کرد. تیشکی خستە سەر ئاسۆی پەیوەندییەکانی عێراق لەگەڵ ئیدارەی نوێ. سەرۆکوەزیران خواست و پێشوازی خۆی دەربڕی بۆ ئەو دروشمانەی لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا سەرۆکی ئەمریکا خستبووینە ڕوو بۆ ئاشتیی هەمیشەیی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەهێزکردنی پەیوەندییە ستراتیژییەکان لەنێوان عێراق و ئەمریکا. هەروەها سەرۆکی ئەمریکاش ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی عێراق و پەرەدانی زیاتر بە پەیوەندییەکان لە رووی ئەمنی و سیاسی و بوارەکانی دیکەشەوە. لە راستیدا سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لە بەهێزکردنی زیاتری هاوئاهەنگییە ئەمنییەکان کردەوە. لە پاڵ ئەمەشدا جەختی لە تۆکمەکردنی پەیوەندییە ئابووری، دارایی و تەکنەلۆژیاش کرد. عێراق گەشبینی خۆی بۆ دروشمەکانی دۆناڵد ترەمپ دەربڕی کە بانگەشەی بۆ راگرتنی جەنگ و پاڵپشتیکردنی ئاشتی هەمیشەیی لە لوبنان، غەززە، جەنگی رووسیا و ئۆکراینا. ئێمە پێشوازی لە گوتار و دروشمەکانی دەکەین کە لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا دووپاتی دەکردەوە. بۆیە دەڵێین گەشبینین، چونکە لە گوتارەکانی دوای سەرکەوتنیشی هەمان شتی دووبارە کردەوە و جەختی لەوە کردەوە، کە بەڵێنەکانی دەباتەسەر. دەکرێ لە داهاتوودا ژێرخانی بەهێزی هاوئاهەنگیی عێراقی-ئەمریکی دروست بکەین بەپێی بڕگە و مادەکانی رێککەوتنی ستراتیژی نێوانمان و ئەو رێککەوتنە نوێیانەی گەڵاڵە دەبێت دوای کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق. بە دڵنیاییەوە رێککەوتنی ئەمنی هاوبەشی نوێی لێدەکەوێتەوە و هیوای خێر لەم بوارەدا دەخوازین.
 
رووداو: شاندێکی ئەمنیی عێراق بەسەرۆکایەتیی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی چووە ئێران. ئامانج لەم سەردانە چی بوو؟ 
 
سەبهان مەلا جیهاد: پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران و درێژەدان بە هاوئاهەنگییەکان لەم دۆخە هەستیارەدا بەدڵنیاییەوە زۆر گرنگە. پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران بەتایبەتی لە رووی ئەمنییەوە کە سنوورێکی درێژی هاوبەشمان هەیە. رەنگە کێشەش هەبێت. بۆیە لە چوارچێوەی پەیوەندییەکان و لێکتێگەیشتن لەبارەی ئاسایشی هەرێمیی و ناوچەکە زۆر گرنگە. پەرەدان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێران، تورکیا، سعودیە و وڵاتانی دیکەی ناوچەکە زۆر گرنگە. بەڕێز راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بایەخ بەم بابەتانە دەدات کە پسپۆڕی خۆیەتی. لە کۆبوونەوەکاندا هاوئاهەنگییەکان بایەخیان پێدەدرێت، پرسی ئاڵوگۆڕی زانیارییەکان و گۆڕینەوەی راوبۆچوونەکان لەبارەی هەڵوێستەکان و دوایین پێشهاتەکانی جەنگ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کۆتاییهێنان بە جەنگ لە خاکی داگیرکراو و فراوان نەکردنی بازنەی جەنگ. هەموو ئەم بابەتانە بۆ ئێمە زۆر گرنگن.