عیزه‌ت شابه‌نده‌ر: ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی له پشت به‌سیاسیكردنى خۆپیشاندانه‌كانى عێراقن
رووداو - به‌غدا
عیزه‌ت حه‌سه‌ن شابه‌نده‌ر، رۆژانه له ماڵه‌كه‌ى خۆى پێشوازى له خۆپیشانده‌ران ده‌كات و نایشارێته‌وه كه هاوكاریى لۆجستییان ده‌كات. ئه‌و كه سیاسییه‌كى شیعه‌مه‌زهه‌به، ساڵى 1950 له به‌غدا له‌دایكبووه. به‌هۆی چالاكی سیاسییه‌وه له سه‌رده‌می سه‌دام حوسێن چه‌ند جارێك به‌ند كراوه، برایه‌كیشى له‌لایه‌ن رژێمى پێشووى عێراقه‌وه له‌سێداره دراوه.
عیزه‌ت شابه‌نده‌ر له ساڵی 1982 عێراقی جێهێشت و ساڵی 2003 گه‌ڕایه‌وه.ئه‌و ئه‌گه‌رچى كه‌سایه‌تییه‌كى دیارى شیعه‌یه، به‌ڵام جگه له دوو خول كه ئه‌ندامى په‌رله‌مان بووه، هیچ به‌رپرسیارێتییه‌كى له حكومه‌ته‌كانى دواى سه‌دام حوسێن وه‌رنه‌گرتووه.
عیزه‌ت شابه‌نده‌ر كه لوبنان داده‌نیشێ، ماوه‌یه‌كه گه‌ڕاوه‌ته‌وه به‌غدا و (رووداو) له ماڵه‌كه‌ی خۆیدا ئه‌م هه‌ڤپه‌یڤینه‌ى له‌گه‌ڵ كردووه.
رووداو: ئێستا لایه‌نه‌كانی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی عێراق كێن و به‌سه‌ر كام لایه‌نانه‌دا دابه‌شبوون؟
عیزه‌ت شابه‌نده‌ر: پێموایه ئه‌م رۆژانه زۆر هاوكار ده‌بن بۆ ده‌ستنیشانكردن و جێگیركردنی روخساره‌كانی ئاینده‌ی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تیی ئه‌م وڵاته. به بۆچوونی من ئه‌م قه‌یرانه دوو لایه‌نی تێدایه، لایه‌نی یه‌كه‌م سیستمی حوكمڕانه و سیستمی بزووتنه‌وه و ره‌وته‌كان و حیزبه سیاسییه‌كانی عێراقه، كه پاش 2003 رازی بوون به‌شداربن له دابه‌شكردنى ده‌سه‌ڵات نه‌ك له بونیادنانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت. ئه‌مریكییه‌كان كاتێك هاتن، حكومه‌ت و سیستمیان نه‌ڕووخاند، به‌ڵكو ده‌وڵه‌تی عێراقیان رووخاند، بۆیه كاتێك پاش 2003 حیزبه‌كان هاتن، كاریان نه‌كرد و سه‌رقاڵ نه‌بوون به ده‌ستنیشانكردنی واقیعه‌كه دوای داگیركاری، هه‌ر بۆیه دركیان نه‌كرد و ئه‌وه‌یان ده‌ستنیشان نه‌كرد كه ئه‌وان له‌به‌رده‌م بۆشاییه‌كی گه‌وره‌دان ناوی رووخانی ده‌وڵه‌ته، بۆیه چوون بۆ ده‌سه‌ڵات. رازی بوون و قایل بوون به دابه‌شكردنى ده‌سه‌ڵات، له ساڵی 2003 وه له‌م راستییه‌دا ژیاین. پۆڵ برێمه‌ر، ده‌سه‌ڵاتداری مه‌ده‌نی ئه‌م واقیعه‌ی رێكخست و له پێش چاوی سیاسه‌تڤانانی عێراق رازاندییه‌وه، بۆیه له 2006 چووین بۆ هه‌ڵبژاردنێك ره‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌و دیموكراسییه بێت كه چاوه‌ڕوان ده‌كرا بۆ عێراق، به‌ڵام خۆی له‌ڕاستیدا هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2006 تاوه‌كو 2018 هه‌وڵێك بوون بۆ به ره‌واكردنی پرۆژه‌ی دابه‌شكردنى ده‌سه‌ڵات. ئه‌مڕۆ سیستمێكی دیموكراسی نییه ئه‌وه به‌رهه‌مبهێنێ كه لێره به‌رهه‌مهاتووه، لێكتێگه‌یشتن هه‌یه و نزیكده‌بێته‌وه و دوورده‌كه‌وێته‌وه، توند ده‌بێ و خاو ده‌بێته‌وه له نێوان پێكهاته سیاسییه‌كاندا، بۆ دابه‌شكردنى ده‌سه‌ڵات. دیموكراسی هات و رازاندییه‌وه و كراسێكی دیكه‌ی له‌به‌ركرد، به‌ڵام راستی ئه‌وه‌ی كه ئێمه تێیداین دابه‌شكردنى ده‌سه‌ڵاته له نێوان حیزبه‌كاندا.
رووداو: به‌ڵام به‌پێی گوته‌ی جه‌نابت بێ و پێش ئه‌وه‌ی باسی لایه‌نه‌كه‌ی دیكه بكه‌ی، مه‌به‌ستت ئه‌وه‌یه ئه‌مریكا وڵاته‌كه‌ی وێران كرد و عێراقییه‌كان قبووڵیان كرد، بۆچی عێراقییه‌كان قبووڵیان كرد ده‌وڵه‌ت وێران بكرێت؟
عیزه‌ت شابه‌نده‌ر: ئاشكرایه كه دژایه‌تی هه‌بوو له نێوان ئێران و سووریا له‌لایه‌ك و رژێمی سه‌دام له‌لایه‌كی دیكه، به‌ڵام كاتێك ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا هاته نێو هاوكێشه‌كه، چونكه ئه‌وان وڵاتن ئه‌وه ده‌بینن كه ئێمه نایبینین و د‌رك به‌وه ده‌كه‌ن كه ئێمه دركی پێناكه‌ین، ململانێكه‌یان له‌گه‌ڵ سه‌دام كه دوژمنی راسته‌وخۆیه، به‌لاوه‌نا، ته‌نانه‌ت هه‌ندێك كه‌شیان بۆ ره‌خساند كه ده‌كرا ته‌مه‌نی درێژبكه‌نه‌وه، چونكه ئه‌وان دركیان به مه‌ترسی هاتنی ویلایه یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كرد بۆ نێو هاوكێشه‌كه، ئه‌مه لای ئێمه وه‌ك ئۆپۆزیسیۆن رووینه‌دا، به سۆزه‌وه هیوادار بووین سه‌دام بڕووخێ، ئه‌گه‌ر له‌سه‌ر ده‌ستی شارۆنیش بێ نه‌ك ته‌نیا ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌وه له‌به‌رچاوبگرین كه‌وا ئه‌مریكییه‌كان كاتێك گۆڕانێكی دیاریكراو ئه‌نجامده‌ده‌ن، ئه‌وا پلانێكی درێژخایه‌نیان هه‌یه بۆ ئه‌م گۆڕانه، ئه‌م گۆڕانه هه‌نگاوی یه‌كه‌می پرۆژه‌ی ئه‌مریكا بوو بۆ عێراق و ناوچه‌كه، ئێمه ته‌نیا خه‌ممان بوو سه‌دام بڕووخێ و دواتر با لافاو بێ، بێگومان ئه‌م خه‌مڵاندنه هی سیاسه‌توانان نییه، به‌ڵكو هی خه‌ڵكێكه ئازاریان پێگه‌یشتووه و كۆچبه‌ر بوون له ده‌ره‌وه‌ی نیشتمانه‌كه‌یان، بۆیه كاتێك هاتینه‌وه بۆ عێراق و سه‌دام رووخابوو، جوانییه‌كانی ده‌سه‌ڵاتیش له پێشمان ده‌دره‌وشایه‌وه، بۆیه نامۆ نه‌بوو به ئه‌نجامه‌كانی پرۆژه‌ی ئه‌مریكا رازی بین و خۆمان به خاوه‌نی پرۆژه‌ی دابه‌شكردنی ده‌سه‌ڵات بزانین.
رووداو: به‌ڵام جه‌نابیشت خۆت رۆژانێك له‌م گه‌مه‌یه‌دا بووی كه عێراق پێی گه‌یشته ئێستا، بۆچی ئه‌مه‌تان قبووڵ كرد، بۆچی ئێستا خاكی عێراق ببێته گۆڕه‌پانی ململانێی نێوان وڵاتان و نێوان ئێران و ئه‌مریكا، نێوان وڵاتانی ده‌وروبه‌ر؟
عیزه‌ت شابه‌نده‌ر: زۆر سوپاست ده‌كه‌م بۆ ئه‌م پرسیاره، بۆئه‌وه‌ی خه‌ڵكیش گوێیان لێبێ و تێبگه‌ن، ئه‌مریكییه‌كان دوای 1991 هاتنه نێو هاوكێشه‌كه و پرسی عێراق له گۆڕه‌پانی ناوچه‌كه‌وه چووه گۆڕه‌پانی نێوده‌وڵه‌تی. دوای داگیركاری سه‌دام بۆ كوێت، منیش كه‌سێك بووم هیچ دوودڵ نه‌بووم له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌م راستییه، كه‌وا تۆپه‌كه له یاریگای ناوچه‌ییه‌وه ده‌رچوو و سووریا و ئێران و لیبیاش له‌سه‌ر هێڵ بوون، رۆیشت و گوازرایه‌وه بۆ یاریگای نێوده‌وڵه‌تی كه ئه‌مریكا سه‌رۆكایه‌تی ده‌كات و ئه‌وروپاش له‌گه‌ڵیه‌تى، به‌ڵام له مانگی 12ی ساڵی 1996 دركمكرد ئێمه به چ كه‌شتییه‌ك ده‌ڕۆین، بۆیه له مانگی 12ی ساڵی 1996 به‌دواوه ره‌تمكرده‌وه په‌یوه‌ندیم به ئه‌مریكییه‌كانه‌وه هه‌بێ تاوه‌كو پێش دوو ساڵ هیچ به‌رپرسێكی ئه‌مریكیم نه‌بینی و نه‌چوومه هیچ باڵیۆزخانه‌یه‌ك و هیچ داوه‌تێك و خوانێكم قبووڵ نه‌كرد. رێك پێش دوو ساڵ یان ساڵ و نیوێك باڵیۆزی ئه‌مریكام لێره بینی، به نێوه‌ندگیری چه‌ند دۆستێك و به داواكاریی زۆری ئه‌و، له خوانێكی ئێواره‌دا له‌گه‌ڵیدا كۆبوومه‌وه. ئه‌م دیداره ته‌قییه‌وه و خوانه‌كه‌شم جێهێشت، پێشمگوت ئامۆژگاریت ده‌كه‌م ببیته باڵیۆزی ئیسرائیل، بۆ هه‌ر وڵاتێك په‌یوه‌ندی دیپلۆماسی هه‌بێ له عێراق، تۆ ئیسرائیلیت و ئه‌مریكی نیت و دیداره‌كه‌م جێهێشت. له دیداری دیكه‌شدا باسی ئه‌مه‌م كردووه، رێگه‌م لێ‌گیرا له كۆنگره‌ی هیلتۆن له مانگی 12ی ساڵی 2002 به‌شداربم، ئه‌م كۆنگره هه‌مووان تێیدا به‌شداربوون، ئه‌مریكییه‌كانیش لایه‌نێكی سه‌ره‌كی بوون تێیدا كه ده‌یانویست ئاماژه‌كانی چه‌ند مانگی كه‌می داهاتووی تێدا روونبكه‌نه‌وه. من له ده‌ره‌وه‌ی كۆنگره‌كه بووم، ڤیتۆم له‌سه‌ر بوو. له مانگی شوباتی 2003 هێنده‌ی بیرمه، یان هه‌ندێك پێشتر یان هه‌ندێك دواتر به چه‌ند مانگێك، كۆنگره‌ی هیلتۆن ده‌سته‌یه‌كی سیاسی یان لیژنه‌یه‌كی سیاسى له 60 یان 65 كه‌س دروستكرد بۆ ئه‌وه‌ی له سه‌ڵاحه‌دین كۆببێته‌وه. دوای رووخاندنی سه‌دام حوسێن به مانگێك، به‌هه‌مانشێوه داوه‌تی ئه‌و كۆنگره‌یه نه‌كرام. هه‌وڵمدا به‌شداربم، به‌ڵام رێگه‌م لێ‌گیرا، بۆیه سوپاست ده‌كه‌م بۆ ئه‌م پرسیاره، چونكه تیشكی خسته سه‌ر راستییه‌ك كه من به‌شێك نیم له‌م یارییه. زیاترت پێده‌ڵێم: له یه‌كه‌م حكومه‌ت كه دكتۆر ئه‌یاد عه‌للاوی پێكیهێنا و ئه‌و له ژیاندا ماوه، ئه‌یاد براده‌رمه، بۆ پۆستی وه‌زیرى به‌ربژێری كردم، په‌یوه‌ندی پێوه‌كردم و گوتی سبه‌ی چاوپێكه‌وتنت هه‌یه له‌گه‌ڵ كارت رینته‌ر. پێموایه یاریده‌ده‌ری برێمه‌ر بوو، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێك له‌گه‌ڵیدا دابنیشی و نیو كاژێر ده‌خایه‌نێ، چونكه ئێمه بۆ پۆستی وه‌زیر به‌ربژێرمان كردووی، ئه‌م كه‌سه‌ش ده‌بێ چاوی به به‌ربژێره‌كان بكه‌وێ، بۆیه زۆری نه‌مابوو بگریم و پێمگوت نه‌خێر ئه‌مریكی ناتوانێ من هه‌ڵبسه‌نگێنێ و نمره‌م بداتێ ئاخۆ من شیاوم بۆ پۆستی وه‌زیر یان نا، وه‌زاره‌تێكی له‌م شێوه‌یه‌م ناوێ و ده‌ستبه‌رداری ئه‌و هه‌له بووم، تا ئه‌م ساته‌ش.
رووداو: ئه‌مه‌ی جه‌نابت ده‌یڵێیت یه‌كناگرێته‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه خۆپیشانده‌ران ئێستا باسی ده‌كه‌ن، خۆپیشانده‌ران زۆرتر ره‌خنه له ئێران ده‌گرن، ده‌ڵێن ئێران ده‌ستی خستووه‌ته وڵاته‌كه‌ی ئێمه‌وه، كه‌متر باسی ئه‌مریكا ده‌كه‌ن، بۆچی ئه‌وان زۆرتر باسی ئێران ده‌كه‌ن؟
عیزه‌ت شابه‌نده‌ر: باشه، به‌م پرسیاره ده‌چینه لای لایه‌نی دووه‌می هاوكێشه‌كه، لایه‌نی یه‌كه‌م بریتی بوو له سیستمی حیزبه‌كان و لایه‌نه‌كان و ره‌وته‌كان. لایه‌نی دووه‌میش شه‌قامه، هیچ گومانم نییه له‌وه‌ی شه‌قام كه ئێستا خۆپیشاندان ده‌كات، خاوه‌ن مافه و سته‌ملێكراوه و زۆر ئازاری چه‌شتووه به‌هۆی سته‌م و گه‌نده‌ڵیی حكومه‌ته یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كان، جا به‌مه‌به‌ست بێ یان به‌بێ مه‌به‌ست، بۆیه ئه‌م ئه‌نجامه زۆر سروشتییه. به‌شێك له خۆپیشانده‌ران كه گۆڕه‌پانه‌كه جێناهێڵن، هێنامن بۆ ماڵه‌كه‌م و گفتوگۆم له‌گه‌ڵ كردن. هه‌یه ته‌نیا دامه‌زراندنی ده‌وێ، داواكارییه‌كی دامه‌زراندنی كوڕه‌كه‌ی هێناوه كه ده‌رچووی ئاماده‌ییه، به‌شێك له خۆپیشانده‌رانیش ده‌یانه‌وێ ده‌ستوور بگۆڕن و ده‌یانه‌وێ سیستمی ده‌سه‌ڵاتداری به تێكڕا بگۆڕن، به‌شێكیان ده‌یانه‌وێ كۆی پرۆسه‌ی سیاسی بڕووخێنن و له‌بری ئه‌وه پرۆسه‌یه‌كی سیاسی بهێنن پشت به كه‌سانی دیكه ببه‌ستێ. ئه‌وانه‌شی كه كۆده‌بنه‌وه له ئه‌مریكاوه تاوه‌كو ئه‌سینا، كۆبوونه‌وه‌كانیان به‌رده‌وامن، ده‌ڵێم ئه‌م ئه‌مریكییانه كه ده‌وڵه‌تیان رووخاند له 2003 رێگاكانیشی بۆ عێراقی داهاتوو دیاریكرد. هه‌ر ئه‌وه به رێژه‌یه‌كی زۆر ئاماده‌یه و زۆر به‌هێزه بۆ گۆڕینی ئه‌م راپه‌ڕینه خۆرسك و راستگۆیه بۆ راپه‌ڕینێكی به‌سیاسیكراو. كاتێك دروشمی ئێران بۆ ده‌ره‌وه به‌رزده‌كرێته‌وه، ئاشكرایه كێ له پشتی ئه‌م دروشمه‌یه، ئه‌مڕۆ ئێران و ئه‌مریكا زۆر به‌داخه‌وه یان ده‌بێ رێكبكه‌ون له‌سه‌ر دابه‌شكردنی عێراق یان رێكناكه‌ون و ده‌بێ عێراق ببێته گۆڕه‌پانی ململانێ له نێوانیاندا. ماوه‌یه‌كی زۆره ئێران لایه‌نێكی به‌هێزه له گۆڕه‌پانی سیاسی عێراقدا، ئه‌و لایه‌نی نزیكتره له سیاسه‌توانانی عێراق. له سه‌رده‌می ئۆباما، ئیداره‌ی ئه‌مریكا رازی بوو له‌گه‌ڵ ئێرانییه‌كان رێكبكه‌وێ بۆ رێكخستنی ره‌وشی عێراق، به‌ڵام تره‌مپ كه من ناوی سه‌رۆكی راستگۆی لێده‌نێم چونكه پێچ و په‌نای نییه له به‌دیهێنانی یان دیاریكردنی یان راگه‌یاندنی ئامانجه‌كانی ئه‌مریكا. ئه‌و راستگۆیه، نه‌ك به‌هۆی ئه‌وه‌ی كۆمه‌ڵێك به‌های هه‌یه، نه‌خێر ئه‌و گوزارشت له سیاسه‌تی ئه‌مریكا ده‌كات به‌بێ پێچ و په‌نا، ئه‌و رازی نابێ به رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ كه‌سێكی دیكه بۆ رێكخستنی كارته‌كان له‌م وڵاته، به‌ڵكو ده‌یه‌وێ ئه‌و ته‌نیا كه‌س بێ، بۆیه هه‌لێك نییه بۆ ئه‌و كه‌سایه‌تییانه‌ی كه ده‌كرێ داره‌كه له ناوه‌ڕاسته‌وه بگرن له نێوان ئێران و ئه‌مریكا، عێراقیش به‌دوور بگرن له‌وه‌ی ببێته گۆڕه‌پانێك، ئه‌وان هه‌لیان نییه، چونكه تره‌مپ هۆشداری پێیاندا و پێیگوتن یان له‌گه‌ڵم ده‌بن یان دژم ده‌بن.
رووداو: له‌م دوو لایه‌نه‌دا، كه هه‌ر لایه‌نێكیان چه‌ند به‌شێكه، تۆ له كام لایه‌ندای و له كام به‌شدا نیت و ده‌ته‌وێ سیاسه‌تڤانه‌كان له كامیاندا بن؟
عیزه‌ت شابه‌نده‌ر: هه‌ندێك قسه‌كانم ته‌واو ده‌كه‌م، بۆچی؟ چونكه شه‌قام ده‌ڵێ ده‌بێ ئێران ده‌ربچێ، ئه‌مه راسته. چونكه ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی له ناوچه‌كه به چڕی كاریان له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته كرد. ده‌ركردنی ئێران له هاوكێشه‌كه كارێكی ئاڵۆزه، هاوتای كاری ئێرانه له‌سه‌ر عێراق و سیاسه‌تڤانه‌كانی عێراق، بۆیه ئه‌مڕۆ گوێت له ده‌نگی ئێران بۆ ده‌ره‌وه ده‌بێ، به‌ڵام من پێتده‌ڵێم ئه‌گه‌ر ده‌نگه‌كه‌ی دیكه ده‌یه‌وێ دابه‌زێته ناو خه‌ڵك، ده‌بینی ئه‌وكات ده‌ڵێن ئه‌مریكا بۆ ده‌ره‌وه، به‌ڵام وادیاره خه‌مڵاندنی بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی و هه‌ژموونی خۆی واده‌خوازن ئه‌م بابه‌ته دوابخه‌ن. من بۆ خۆم به‌دڵنیاییه‌وه له‌گه‌ڵ شه‌قامم و شه‌ره‌فمه‌ند نابم له‌گه‌ڵ سته‌مكار بم دژی سته‌ملێكراو، به‌ڵام من به‌ده‌ست شتێكی لۆژیكی گرنگه‌وه ده‌ناڵێنم، سته‌مكار دیاره و سته‌ملێكراو نه‌ناسراوه، كێشه‌كه‌م ئه‌وه‌یه لایه‌نی گه‌نده‌ڵ و تاوانكار لایه‌نێكی ناسراوه، به‌ڵام ئه‌و لایه‌نه‌ی كه له به‌رامبه‌ریدایه له شه‌قام، نه‌ناسراوه. من ده‌زانم ئه‌مڕۆ لێپرسینه‌وه له‌گه‌ڵ كێ بكه‌م له ده‌سه‌ڵات و به‌رپرسیارێتی بخه‌مه ئه‌ستۆی كێ و داوای دادگایی كێ بكه‌م، به‌ڵام سه‌ری شه‌قامی سته‌ملێكراو نابینم.
رووداو: تۆ له‌گه‌ڵ شه‌قامدای و ره‌نگه خه‌ڵكانێكی دیكه‌ی سیاسه‌توان هه‌بن، به‌ڵام نابینرێن له‌ناو خۆپیشاندانه‌كاندا، بۆچی به كردار به‌شداری ناكه‌ن، بۆچی ئێوه سه‌ركردایه‌تی خۆپیشاندان ناكه‌ن؟
عیزه‌ت شابه‌نده‌ر: من لای سته‌ملێكراوانه‌وه ئامانج نیم، به‌ڵام ئامانجی دوژمنانی عێراقم، ئه‌وانه‌ی كه دزه ده‌كه‌نه نێو خۆپیشاندانه‌كان، بێگومان سته‌ملێكراوان دێنه لام، ئه‌مڕۆ دیداره‌كه‌م یه‌ك كاژێر دواخست و پێش تۆ به دوو كاژێر پێشوازیم له خۆپیشانده‌رانی شه‌ره‌فمه‌ند كرد، ئه‌وان دێنه لام له ماڵه‌وه، ئه‌وان پێمده‌ڵێن به‌شدار مه‌به چونكه مه‌ترسی له‌سه‌ر ژیانم هه‌یه، بۆچی؟ چونكه خۆپیشاندان پشێوى پێوه دیاره. ناتوانی ره‌وا و ناڕه‌وا و راست و هه‌ڵه له یه‌كدى جیابكه‌یته‌وه، بۆیه به ده‌نگ له‌گه‌ڵیانم و كاریان له‌گه‌ڵدا ده‌كه‌م و هه‌وڵیان له‌گه‌ڵدا ده‌ده‌م. له‌ڕووی لۆجستیكه‌وه هاوكاری خه‌ڵكی شه‌ره‌فمه‌ندم له خۆپیشانده‌ران.
رووداو: واتا جگه له به‌ڕێزت، خه‌ڵكانێكی دیكه‌ی سیاسی هه‌ن ئاوا هاوكارییان بكات و پشتیوانیان بێت؟
عیزه‌ت شابه‌نده‌ر: به‌ڵێ، سیاسه‌تڤانان هه‌ن خوێندنه‌وه‌ی دروستیان كردووه و به راستی هه‌ندێك له هۆكاره‌كانی دوودڵی به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی بڕۆن و ببنه به‌شێك له‌م خۆپیشاندانه، ئه‌و پێناسه گشتییه‌یه كه بریتییه له سواربوونى شه‌پۆل، ده‌ڵێن تۆ ئێستا هاتووی سواری شه‌پۆله‌كه بیت. ئه‌م دیده ئه‌گه‌ر گشتگیر بكرێ، ته‌نانه‌ت رێگه به شه‌ره‌فمه‌ندانیش نادرێ هه‌وڵه‌كانیان بگه‌نه به‌رهه‌م، بۆیه با دوور بم بۆ ئه‌وه‌ی به‌م شێوه‌یه ناوزه‌د نه‌كرێم، كه ره‌وا نییه پێی ناوزه‌د بكرێم، ده‌توانم به‌م شێوه‌یه زیاتر كاریگه‌ر بم.
رووداو: له‌م دۆخه‌دا عێراق به‌ره‌و كوێ ده‌چێ و ئاینده‌ی چی ده‌بێ؟
عیزه‌ت شابه‌نده‌ر: ناتوانم راشكاو نه‌بم، من ده‌ترسم و نیگه‌رانی ئاینده‌ی ئه‌م وڵاته‌م، گۆڕینی سیستم پێویستی به سیستمه، ئه‌مه‌یه كه شه‌قام دركی پێناكات، ته‌نانه‌ت شه‌ره‌فمه‌نده‌كانیشیان، ته‌نانه‌ت دادپه‌روه‌ر و سته‌ملێكراویش كه داوای ساده‌ترین مافه‌كانی ده‌كات، ته‌نانه‌ت ئه‌مانه‌ش زۆربه‌یان نازانن كه‌وا گۆڕینی ئه‌م سیستمه پێویستی به سیستمه. پشێوی ده‌كرێ سیستم بڕووخێنێ، به‌ڵام ناتوانێ هیچكات سیستم بهێنێته‌وه. بۆیه به بۆچوونی من پشێوی یه‌كێك له‌م دوو شته‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه، یان خۆی و سیستم ده‌ڕووخێنێ، یاخود خۆی ده‌ڕووخێ و سیستمی گه‌نده‌ڵ ده‌مێنێته‌وه. گرنگه جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته بكه‌مه‌وه، ته‌نیا سیستم، سیستم ده‌گۆڕێ، به‌ڵام پشێوی نایگۆڕێ. پشێوی ده‌كرێ هه‌ردوولا بڕووخێنێ، رژێم و ئه‌وانه‌شی كه له‌دژی خۆپیشاندان ده‌كه‌ن، یان ئه‌وان ده‌ڕووخێن و رژێم ده‌مێنێ، ئه‌مه ترسناكتره.