وەزیری تەندروستیی سریلانکا: یەکێکین لەو وڵاتانەی دەرمان بەبێ بەرامبەر دەدەینە نەخۆش

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری تەندروستیی سریلانکا رایدەگەیێنێت، وڵاتەکەی یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بەىێ بەرامبەر دەرمان دەداتە نەخۆش، ئەوەش لە کاتێکدایە کە ئەو وڵاتە بە قەیرانێکی ئابووری سەختدا تێدەپەڕێت و قەیرانی ئابووری هەموو کەرتەکانی گرتووەتەوە.
 
د. کێهێیلا رامبوکویلا، وەزیری تەندروستیی سریلانکا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو باسی کەرتی تەندروستیی وڵاتەکەیی کرد و باسی لەوە کرد، "چاودێریی تەندروستی سەرەکیترین خزمەتگوزارییە کە پێویستە دابینی بکەین." لەبارەی کورتهێنانی دەرمانیشەوە گوتی، "لە چەند بوارێکدا کورتهێنانی دەرمانمان هەیە."
 
وەزیری تەندروستیی سریلانکا دەڵێت، ژمارەی دەرمانە پێویستەکان "40 دانەن" و هەموویان بەردەستن، ئاماژەی بەوەش کرد کە وڵاتەکەی سەرقاڵی پێداچوونەوەیە بە سەرچاوەی دەرمانەکانیدا.
 
لەبارەی ئەو هاوکارییانەی کە لەلایەن وڵاتانی دیکەوە پێشکێشیان دەکرێت، د. کێهێیلا رامبوکویلا گوتی، "چین 28 ملیۆن و هیندستانیش 200 ملیۆن دۆلار بۆ کڕینی دەرمان هاوکارییان کردووین." ناوبراو ئەوەیشی خستەڕوو کە بۆ دابینکردنی دەرمان بە فەرمی داوای 260 ملیۆن دۆلاریان کردووە.
 
بە گوتەی وەزیری تەندروستیی سریلانکا، وڵاتەکە هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی کەرتی تەندروستیی پێ بەڕێوەنەبرێت.
 
رووداو: سڵاو دکتۆر، هیوادارم تەندروستیتان باش بێت. سوپاس بۆ بەخشینی کاتتان. یەکەم پرسیارم لەوەوە دەستپێدەکەم، قەیران چەندە کاریگەریی هەبووە لەسەر کەرتی تەندروستیی سریلانکا؟
 
کێهێیلا رامبوکویلا: قەیرانی ئابووری هەموو شتێکی گرتووەتەوە. ئێمە هەرگیز رووبەڕووی شتێکی لەم شێوەیە نەبووینەتەوە، بە درێژایی تەمەنم و بە درێژایی 25 ساڵی کارکردنم لە پەرلەمان. کەرتی تەندروستی دۆخێکی زۆر تایبەتی هەیە، چاودێریی تەندروستی سەرەکیترینی ئەو خزمەتگوزارییانەیە کە پێویستە دابینیان بکەین. بە لەبەرچاوگرتنی ئەو دۆخەی ئێستا تێیداین، بە گشتی کەرتی تەندروستی گرنگییەکی تایبەتی پێدەدرێت. سەرکردەکانی وڵات، واتە سەرۆک و سەرۆکوەزیران و کابینەی حکومەت، کەرتی تەندروستییان زۆر بە جیددی وەرگرتووە، هەروەها بە خزمەتگوزارییەکی سەرەکی دانراوە. واتە لەپێش بوارەکانی دیکەوە دانراوە، بۆ نموونە دروستکردنی رێگەوبان و بیناسازی لەڕووی گرنگییەوە لە ریزبەندیی دووەم دێن، بەڵام کەرتی تەندروستی ریزبەندیی یەکەمی گرنگیی پێیدراوە بۆئەوەی بەگوێرەی داواکارییەکان بێت و لەم کاتەدا کەرتی تەندروستی بە باشی بەڕێوەببرێت.
 
رووداو: واتە دەرمان کەم بووەتەوە؟
 
کێهێیلا رامبوکویلا: ئێمە لە چەند بوارێکدا کورتهێنانی دەرمانمان هەیە، بەڵام هێشتاش خۆمان پێ بەڕێوەدەبرێت، چونکە ئێمە 40 دەرمانی سەرەکیمان هەیە کە زۆر گرنگن، واتە ئەو 40 دەرمانە بۆ پاراستنی ژیان پێویستن. لەم کاتەدا 40 یان 49یان بەردەستن. هەروەها لە بازاڕەکەداین و قۆناخ بە قۆناخ کڕیارەکانمان دەگۆڕین. واتە هیچ دۆخێکی وا نەبووە کە دەرمانێکی سەرەکیی پێویست بۆ ژیان کورتهێنانی هەبووبێت، هێشتاش دۆخەکە باشە. کۆی گشتی، ژمارەی دەرمانە سەرەکییەکان نزیکەی 385ـە کە لە 120یاندا کورتهێنانمان هەیە. کورتهێنانەکە لە کۆگای سەرەکیی دەرمانەکانماندایە، واتە کۆگای دەرمانەکانی ئێرە؛ بەڵام ئەگەر بەگشتی سەیری وێنەکە بکەین، دەبینین لە پێگەیەکی باشداین، بەڵام بەربەستیش هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئێمە داواکارییەکانی خۆمان پێشکێش کردوون و لە چەند لایەکی جیاجیاوە سەرچاوەی داراییمان پێ گەیشتووە، گەنجینەی حکومەتی سریلانکاش یارمەتیی ئێمە دەدات. رەنگە لە مانگێک، یان مانگ و نیوێک تاوەکو دوو مانگی دیکە، دەست بە هێنانی دەرمان بۆ نێو وڵاتەکە بکەین، وەکو دابینکردنی پێداویستییەکی سەرەکی.
 
رووداو: گرفتی کەمبوونەوەی دەرمانتان لە نەخۆشییە درێژخایەنەکان بۆ دروستبووە، وەکو بەرزیی پەستان، نەخۆشییەکانی دڵ؟
 
کێهێیلا رامبوکویلا: نەخێر، ئەوانە بە دەرمانی سەرەکی پۆلێن دەکرێن. ئەوانە هەن.
 
رووداو: ئەی چۆن چارەسەری کەمبوونەوەی دەرمانی نەخۆشییەکانی دیکە دەکەن؟
 
کێهێیلا رامبوکویلا: وەکو پێشتر گوتم و بەراوردم کرد، ژمارەی دەرمانە پێویستەکان 40 دانەیە، کە پێویستن بۆ ژیان، هەموویان لەم کاتەدا بەردەستن.
 
رووداو: چی لەبارەی تووشبووانی شێرپەنجە؟ کێشەتان هەیە لەڕووی دەرمان و چارەسەر بۆ تووشبووانی شێرپەنجە؟
 
کێهێیلا رامبوکویلا: شێرپەنجە؟
 
رووداو: بەڵێ شێرپەنجە.
 
کێهێیلا رامبوکویلا: ئەوەی پەیوەندیی بە شێرپەنجەوە هەیە، هەندێک دەرمانی دیاریکراو هەن کە دابین نەکراون، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە دۆخێکی باشداین و نەگەیشتووینەتە ئاستێکی هەستیار و لەڕێگەی ئەو دەرمانانەی هەمانە، یارمەتیی خەڵکەکە دەدەین. هەندێک لە دەرمانەکانی شێرپەنجە کە بە پێویست بۆ ژیان دادەنرێن، دەکەونە خانەی ئەو 40 دەرمانە سەرەکییەوە کە باسم کردن، کە لەم کاتەدا بەردەستن؛ بەڵام 120 لەو دەرمانانەی کە بە سەرەکی دادەنرێن، کورتهێنانیان هەیە. ئێمە دەرمانی جێگرەوەمان هەیە و سەرقاڵی پێداچوونەوەی سەرچاوەی دەرمانەکانمانین و لە مانگی داهاتووەوە دەست بە وەرگرتنی هەندێکیان دەکەینەوە.
 
رووداو: ئێستا ئەو بڕە دەرمانەی کە پێویستتانە چەندە؟
 
کێهێیلا رامبوکویلا: ئەوە پرسیارێکی زەحمەتە، ئێمە هەزاران دەرمانمان هەیە کە پێویستە دابین بکرێن، بەڵام ئەوەی کە پەیوەندیی بە 40 دەرمانە سەرەکییەکەوە هەیە، کێشەمان نییە. بۆ دەرمانە سەرەکییەکانی دیکەش، بەخشەرەکان و وڵاتە کۆمەککارەکان یارمەتیمان دەدەن، واتە دۆخەکەمان بەو شێوەیە.
 
رووداو: بەخشەرە گەورەکانی دەرمان بۆ سریلانکا کێن؟
 
کێهێیلا رامبوکویلا: بانکی جیهانی، IMF، ببوورە... بانکی جیهانی، بانکی گەشەپێدانی ئاسیا، بانکی وەبەرهێنانی ژێرخانی ئاسیا، هەروەها چین 28 ملیۆن دۆلاری وەکو هاوکاری پێداوین، هەروەها هیندستان 200 ملیۆن دۆلاری بۆ دابینکردووین.
 
رووداو: ئەم بڕە پارەیە تەنیا بۆ دەرمان راستە؟
 
کێهێیلا رامبوکویلا: بەڵێ ئەمە هەمووی تەنیا بۆ دەرمان.
 
رووداو: ئەی چی لەبارەی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکانی وەکو رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، یونیسێف و هەموو ئەوانی دیکە؟
 
کێهێیلا رامبوکویلا: بەڵێ، WHO بەشدارییەکی کارای هەیە، ئەوە ئەوانن چاودێریی ئەم دۆخەکە دەکەن، ئەوانن کە بەخشەر و کۆمەککارەکان دەدۆزنەوە، زۆر چالاکانە و لە زۆر رووەوە پاڵپشتیمان دەکەن. هەروەها یونسێفمان هەیە کە گرنگی بە پرسی خۆراک دەدات، ئێستا خزمەتگوزاریی فریاگوزاریی دابینکردنی خۆراکمان هەیە کە بە هاوکاریی یونسێف بەڕێوەی دەیبەین. وەزارەتەکەشمان رۆڵێکی باشی تێدا دەگێڕێت. لەبارەی بەدخۆراکییشەوە، پێموایە خەڵک هەرچییەک لەبارەی بەدخۆراکییەوە بڵێت، بەدخۆراکی ئەمڕۆ و سبەی دروست نابێت. بۆیە ئەگەر کەسێک بڵێت ئێمە خۆراکی پێویستمان بۆ ژنانی دووگیان و منداڵی ساوا نییە، پێموایە ئەوە هەڵسەنگاندنێکی باش نابێت، چونکە ناتوانیت ئەو هەڵسەنگاندنە بە پشتبەستن بە مانگی رابردوو یان مانگی داهاتوو بکەیت، چونکە ئەمەی کە دروستبووە دەگەڕێتەوە بۆ چوار پێنج ساڵ پێش ئێستا. ئێمە ئاماژەی ئەرێنیمان هەیە لەبارەی خۆراکی ژنانی دووگیان، بودجەی دابینکردنی خۆراکەکەیان 12% زیاد کردووە کە بەوان و منداڵەکانیشیان دەدەین.
 
رووداو: رێکخراوی تەندروستیی جیهانی گوتی بە بڕی چوار ملیۆن دۆلار دەرمان بۆ سریلانکا دەنێرین، ئەمە گەیشتە دەستتان، ئەم بڕە بەشی چەندتان دەکات؟
 
کێهێیلا رامبوکویلا: ئەوەی ئێمە بە فەرمی داوامان کردووە، 260 ملیۆن دۆلارە، بەڵام ئەو چوار ملیۆنەش سوودبەخش دەبێت، چونکە ئێمە داواکاریی کڕینی دەرمانمان پێشکێش کردووە، ئێمە لیستی دەرمانە پێویستەکانمان پێشکێش کردووە و بەڕێگەوەن. لیستی داواکارییەکانمان پێشکێش کردووە و رێوشوێنەکان تەواو بوون، هەروەها رێوشوێنەکانی دەرمان کڕینیشمان کەم کردوونەتەوە.
 
رووداو: واتە تاوەکو ئێستا نەگەیشتووەتە دەستتان؟
 
کێهێیلا رامبوکویلا: نەخێر، هێشتا ماوە بگات.
 
رووداو: هیچ وادەیەک هەیە بۆ گەیشتنی و دەزانن کەی دەگات؟
 
کێهێیلا رامبوکویلا: ببوورە؟
 
رووداو: هیچ وادەیەک هەیە بۆ گەیشتنی و دەزانن کەی دەگات؟
 
کێهێیلا رامبوکویلا: بە چەند بەشێک دەگات. بەشی یەکەم نێوەڕاستی مانگی داهاتوو دەگات.
 
رووداو: باشە دکتۆر، یونسێف راپۆرتێکی لەم ماوەیەدا بڵاوکردەوە لەبارەی ئافرەتە دووگیانەکانی سریلانکا، لە راپۆرتەکەدا گوتی ئێستا 215 هەزار ژن دووگیانن لەم وڵاتە و لە مەترسیدان، چونکە کەلوپەلی تەواو بۆ منداڵبوونی سەلامەت لە نەخۆشخانەکان بەردەست نین.
 
کێهێیلا رامبوکویلا: نەخێر، ئەوە راست نییە. ئەوە راست نییە. لەڕاستیدا داوام لە تیمەکەم کرد پەیوەندی بە یونسێفەوە بکات و پێیان بڵێت کە ئەوە راست نییە. پێشتریش شتێکیان گوت کە راست نەبوو، بەڵام ئەمەشیان راست نییە.
 
رووداو: با باسی نەخۆشخانەکان بکەم، ئەوان کێشەیان چییە؟ بۆ نموونە نەخۆشخانەی شێرپەنجە، نەخۆشخانەی نیشتمانی، خزمەتگوزارییان چۆنە دوای قەیرانەکان؟
 
کێهێیلا رامبوکویلا: نەخێر، لە ساڵی 1948ـەوە، واتە لەدوای سەربەخۆبوونەوە، لە سەرانسەری جیهانەوە بەوە ناسراوین کە پەروەردە و چاودێریی تەندروستیی خۆڕاییمان هەیە. ژمارەی ئەو وڵاتانەی کە پەروەردە و تەندروستییان بێ بەرامبەرە، ژمارەیان زۆر کەمە. دەبێت ئەوە بزانین کە هەموو کەرتەکان بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە زیانیان بەرکەوتووە، ئەوە روونە کە کەرتی تەندروستییش لەوە بەدەر نەبووە، بەڵام سەرنجی زیاتری پێ دراوە و وەکو خزمەتگوزارییەکی سەرەکی دانراوە، واتە لە ریزبەندیی گرنگییەکاندا، تەندروستی لە ریزی یەکەم دێت، بۆیە لەم دۆخەشدا خۆمان پێ بەڕێوەدەبرێت و دۆخێکی لەو جۆرەمان نییە کە خەڵک، لە نۆرەکاندا گیان لەدەستبدەن، وەکو لە هەندێک وڵات لە کاتی کۆرۆنادا روویدا، لە کاتی کۆرۆناشدا بە باشترین شێوە دۆخەکەمان بەڕێوەبرد، بەڵام دوایی ئەم قەیرانە ئابوورییە هات، وایە قەیرانەکە کاریگەریی لەسەر کەرتی تەندروستییش هەبووە، بەڵام نەگەیشتووەتە ئەو ئاستەی پێمان بەڕێوەنەبرێت.
 
رووداو: ئەی خزمەتگوزاری بۆ منداڵان، دەرمان و نەخۆشخانەکانی منداڵان، هەموو شتێکی پێویستتان لەبەردەستە؟
 
کێهێیلا رامبوکویلا: بەڵێ. من ناڵێم بەشی پێویست سەرچاوەی داراییمان لەبەردەستدایە، بەڵکو بە ئەستەم بەشی ئەوەمان هەیە کە لەم دۆخەدا بەکاریبهێنین، بەڵام چاوەڕێ دەکەین لە چەند هەفتەی داهاتووەوە هێڵی دابینکردنی باشترمان هەبێت، چونکە ئێستا پارەکەمان هەیە، هەروەها رێکارەکانی کڕینی دەرمانەکان زۆر ماندووکەر بوو، بەڵام من لەگەڵ کابینەی حکومەت دانیشتم و توانیمان رێکارەکان کەم بکەینەوە، بۆیە دەکرێت لە ماوەی مانگێک یان زیاتردا داواکارییەکانمان بەدەستبگەن کە ئێستا بەڕێگەوەن و پرۆسەیەکی بەردەوامە.
 
رووداو: دکتۆر کەیسە لەناکاوەکان، ئیمێرجنسییەکان، دەتوانن لە نەخۆشخانەکان هەموو کەیسەکان وەربگرن؟
 
کێهێیلا رامبوکویلا: ئێمە هەموو کەیسە فریاگوزارییەکان وەردەگرین و چارەسەر دەکەین. کەیسە ئاساییەکان رەنگە هەندێک دوابخەین، بەڵام هەرگیز کەیسێکی فریاگوزاریمان دوانەخستووە.
 
رووداو: بابەتێک هەیە لە هەر وڵاتێک کاتێک قەیران دروست دەبێت، ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی گوازراوە زۆر دەبێت، لە سریلانکا تاوەکو ئێستا ئەمە روویداوە؟ یان پلانتان هەیە بۆ رێگریکردن؟
 
کێهێیلا رامبوکویلا: ئێمە پلانەکانمان لە شوێنی خۆیاندان و کاریان پێ دەکرێت. لە کۆنترۆڵکردنی نەخۆشییە گوێزراوەکانیشدا مێژوویەکی زۆر باشمان هەیە. ئەگەر بەبیرتان بێتەوە، لە کۆنترۆڵکردنی پەتای کۆرۆنادا، ئێمە یەکێکین لەو وڵاتانەی کە زۆر بە باشی مامەڵەمان لەگەڵیدا کردووە و بە تەواوی کۆنترۆڵمان کردووە، ڤایرۆسی گرانەتا یەکێکی دیکەیە لەوانەی کە ئێمە ئەزموونی باشمان لە کۆنترۆڵکردنیدا هەیە کە ئێستا لە نەماندایە، چونکە ئێمە هەموو رێکارێکی خۆپارێزیمان بەکارهێنا تاوەکو کەممان کردەوە. ئێستا هەندێک تووشبوو لێرە و لەوێ هەن، بەڵام ئێمە لە هەوڵەکانمان بۆ چارەسەرکردنیان بەردەوامین و پێموانییە لە دۆخێکی هەستیاردا بین.
 
رووداو: نرخی دەرمان ئێستا چۆنە لە دەرمانخانە تایبەتەکان؟
 
کێهێیلا رامبوکویلا: گرانە. گرانە.
 
رووداو: نرخ چەندێک بەرز بووەتەوە؟
 
کێهێیلا رامبوکویلا: ئەوە دەمێنێتەوە سەر دەرمانە هاوردەکراوەکان. ئێستا دۆلار گران بووە، ئەو جیاوازییەش کاریگەریی لەسەر دەرمانەکان و نرخی دەرمانەکان هەبووە. بۆیە بێگومان دەرمانەکان گران بوون؛ بەڵام دووبارە دەیڵێمەوە کە سریلانکا یەکێکە لەو وڵاتانەی کە بە تەواوی دەرمانی هەموو شتێک بێ بەرامبەر دەدات، لە هەڵامەتێکی ئاساییەوە بگرە تاوەکو دەگاتە شێرپەنجە و نەخۆشیی دڵ، هەموویان بێ بەرامبەرن.
 
رووداو: هەندێک هەواڵ هەن کە نرخی دەرمان بۆ 300% بەرز بووەتەوە، ئەوە راستە؟
 
کێهێیلا رامبوکویلا: هەندێک خەڵک هەندێک شت دەڵێن کە وا نییە، بەڵام هێندەی من ئاگادارم، 80% تاوەکو 100% بووە.
 
رووداو: 200%؟
 
کێهێیلا رامبوکویلا: نەخێر، 80% بۆ 100%، ئەوە بۆ دەرمانە هاوردەکراوەکان، بەهۆی دابەزینی بەهای رووپیە.
 
رووداو: گفتوگۆتان لەگەڵ هیچ وڵاتێک کردووە بۆ هاوردەکردنی دەرمان و پڕکردنەوەی ئەو کورتهێنانە؟ لە کام وڵات دەتانەوێت هاوردە بکەن؟
 
کێهێیلا رامبوکویلا: بەڵێ، ئێمە لەگەڵ هەموو هاوڕێکانمان لە پەیوەندیداین و هەموویان یارمەتیمان دەدەن، هیندستانی دراوسێمان، چین، ئەمریکا، ئەوروپا، کەنەدا، هەروەها ئوسترالیا کە ئەم دواییانە 50 ملیۆن دۆلاری پێ بەخشین.
 
رووداو: دەیانەوێت یارمەتیتان بدەن؟
 
کێهێیلا رامبوکویلا: بەڵێ.
 
رووداو: باشە دوایین پرسیارم لەبارەی کۆرۆنایە، لە سریلانکا بەردەوام کەیسی تووشبوون بە کۆرۆناتان هەیە. ئێستا بارودۆخەکە چۆنە؟
 
کێهێیلا رامبوکویلا: ئێمە زۆر بە باشی مامەڵەمان لەگەڵ کۆرۆنادا کردووە و هیچ دۆخێکی جێگەی نیگەرانیمان نییە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا، پشتگوێمان نەخستووە و هەموو رێوشوێنێکی پێویستمان گرتووەتەبەر و رێژەی تووشبوونیشمان لە کەمترین ئاستدا هێشتووەتەوە. دۆخەکە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت. ئێمە  ڤاکسینمان بە باشی دابەشکردووە، نزیکەی 60%ی خەڵک قورچکی چوارەمیشیان وەرگرتووە.
 
رووداو: ڤاکسینی پێویستتان لەبەردەستە؟
 
کێهێیلا رامبوکویلا: بەڵێ، ئێمە ڤاکسینی پێویستمان هەیە و هەوڵدەدەین بە دوو وڵاتی دیکەیان ببەخشین، چونکە 40 ملیۆن ڤاکسینمان کڕی و واماندەزانی کورتهێنان دەبێت، بەڵام هەندێک خەڵک نایانەوێت قورچکی چوارەم وەربگرن، بۆیە دەمانەوێت پێش ئەوەی ئێکسپایەر ببن بیاندەینە وڵاتانی دیکە. لەسەر ئەوەش  کار دەکەین.
 
رووداو: زۆر سوپاس دکتۆر.
 
کێهێیلا رامبوکویلا: سوپاس بۆ ئێوەش.