جۆن کێربی بۆ رووداو: داعش هەوڵدەدات بەشێک لە تواناکانی خۆی بەدەستبێنێتەوە

رووداو دیجیتاڵ
 
جۆن کێربی، راوێژکاری سەرۆکی ئەمریکا و گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا لە هەڤپەیڤینێکدا، کە دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە واشنتن لەگەڵی کردووە، رایگەیاند، داعش بەراورد بە ساڵی 2014 لاواز بووە، بەڵام هێشتا رێکخراوەکە "توانادار و تووندوتیژە". هەروەها دەڵێت، "داعش هەوڵدەدات بەشێک لە تواناکانی خۆی بەدەستبێنێتەوە".
 
جۆن کێربی  باسی هاتنە سەرکاری مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری نوێی ئێران دەکات و دەڵێت، "پێشبینی هیچ گۆڕانکارییەکی گەورە لە هەڵسوکەوتی ئێران ناکەین"، چونکە بە گوتەی ئەو، "لەوێ [ئێران] یەک کەس هەموو بڕیارە گەورەکان دەدات".
 
 سەبارەت بە زیندووکردنەوەی رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێرانیش، جۆن کێربی گوتی، "ئێستا رێگەیەک نابینم لە داهاتوویەکی نزیکدا بگەڕێینەوە بۆ گفتوگۆ دیبلۆماسییەکان لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمی".
 
گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئەمریکا پشتیوانی ئەمریکای بۆ ئۆکراینا دووپاتکردەوە و گوتی، "سەرۆک بایدن سەلماندوویەتی کە سەرۆک زیلینسکی پشتیوانی بەردەوامی ئەمریکای دەبێت، بە دڵیش ئەو کارە دەکات و تاوەکو ئەویش سەرۆک بێت، پشتیوانیی لێدەکات".
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جۆن کێربی:
 
رووداو: زۆر سوپاس جۆن کە میوانی رووداویت، ئەمڕۆ سێییەم و دوایین رۆژی لووتکەی ناتۆیە، ئێوە توانیتان ئەوە بەدەستبێنن کە دەتانویست، هەروەها پەیامێکی روون بۆ رووسیاو چین بنێرن؟
 
جۆن کێربی: من پێموانییە ئەگەر بەڕێز پووتین سەیری ئەم لووتکەیە بکات لەم چەند رۆژەدا و پەیامێکی روون نەبینێت کە ناتۆ وەکو هاوپەیمانییەک و، وڵاتانی ئەندام لە ناتۆدا بەردەوام دەبن لەوەی بەڕێز پووتین رووبەڕووی بەرپرسیارێتی بکەنەوە بەرامبەر ئەوەی لە ئۆکراینا دەیکات، بەردەوام دەبن لە بەرەنگاربوونەوەی شەڕانگێزییەکانی، بەردەوام دەبن لەوەی دڵنیایی بدەن کە ئۆکراینا ئەوەی پێویستییەتی دەیبێت. سەیری بەشێک لە راگەیێندراوەکانی ئەم هەفتەیە بکە، دابینکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی زیاتر، فڕۆکەی ئێف 16، دووپاتکردنەوەی ئەوەی کە ئۆکراینا رۆژێک دەبێتە ئەندامی ناتۆ، هەموو ئەمانە دەبێت زۆر روون بن بۆ بەڕێز پووتین، هەروەها دەبێت بۆ سەرۆک شی [شی جین پینگ، سەرۆکی چین] زۆر روون بن کە لە چەندین رووەوە پشتیوانی لە پیشەسازی بەرگری رووسیا دەکات، کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانمان لە ناتۆ، نەک تەنیا لەو هاوپەیمانییەش، بەڵکو ژاپۆن، کۆریای باشوور، نیوزلاند، ئوسترالیا، هاوپەیمانەکانمان لە زەریای هیندی پاپەندن بەوەی کە دڵنیایی بەدەستبێنن لەوەی ئۆکراینا سەرکەوتوو دەبێت و بەڕێز پووتین تێک دەشکێت. 
 
رووداو: ئۆکراینا ئەم شەڕە دەباتەوە؟
 
جۆن کێربی: ئێمە پێمانوایە کە ئەوان [ئۆکراینا] بەدڵنیاییەوە دەتوانن سەرکەون؛ من ناتوانم پێشبینی ئەنجامی  شەڕەکە بکەم، بەڵام دەتوانم پێشبینی ئەوە بکەم کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و سەرۆک بایدن بەردەوام دەبن لە پشتیوانیکردنی ئۆکراینا تاوەکو ئەوکاتەی شەڕەکە بەردەوام دەبێت، ئەو کەمێک پێش ئێستا ئەوەی راگەیاند. هەروەها ئێمە هەر شتێک دەکەین کە لە توانای ئێمەدابێت بۆ ئەوەی دڵنیابین لە مەیدانی جەنگەکەدا سەرکەوتوو دەبن. جەنگەکە چۆن کۆتایی دێت؟ کەی کۆتایی دێت؟ من ناتوانم ئەوەت پێ بڵێم. پێمانوایە شەڕەکە بە ئەگەرێکی زۆرەوە بە جۆرێک لە رێککەوتن لە رێگەی دانوستاندنەوە کۆتایی بێت، بەڵام دەبێت ئەوە بە پاڵپشتی سەرۆک زیلینسکی بێت، ئەو پێشنیازێکی ئاشتی خستووەتە روو، پلانێکی دادپەروەرانە بۆ ئاشتی، ئێمە پشتیوانی لێ دەکەین و وڵاتانی دیکەش لە جیهان دا پشتیوانی دەکەن. ئەگەر سەرۆک زیلینسکی بڕیاریدا ئامادەیە بۆ گفتوگۆ و جۆرێک لە دانوستاندن، ئەو دانوستاندنە کاتێک بکات کە لە خاڵی بەهێزەوە بێت، ئەو ئەوەش دەزانێت کاتێک دەست بەوە دەکات، ئەو پاڵپشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکای هەیە. 
 
رووداو: زۆر باشە، کە قسە لەسەر ئۆکراینا دەکەین، ئەمڕۆ سی ئێن ئێن باسی لەوەکرد کە ئەمریکا و ئەڵمانیا پیلانێکی رووسیایان بۆ تیرۆرکردنی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری پیشەسازی چەک و ناردنی چەک بۆ ئۆکراینا پووچەڵکردووەتەوە، هیچت هەیە لەسەر ئەمە پێمبڵێیت؟
 
جۆن کێربی: من ناتوانم ئەو راپۆرتانە پشتڕاستبکەمەوە و ناشچمە نێو وردەکارییەکانی هەواڵگرییەوە. سەیرکە، هەوڵە تێکدەرەکانی رووسیا نوێ نین. ئامانج لەو کارانە بڵاوکردنەوەی پشێوی و لاوازکردنە، بە تووندی لە دژی دژبەرەکانیان مامەڵە دەکەن، ئەمانە هەموویان بە باشی زانراون. لەبەر ئەوە دەبێت هەموومان زۆر وریا بین، دەبێت یەکگرتوو بین لە هەڵوێستەکانمان، دڵنیابینەوە لەوەی بەڕێز پووتین رووبەڕووی بەرپرسیارێتی دەکرێتەوە لە بەرامبەر ئەو کارانەی دەیکات. شتێکی دیکەش دەڵێم، من ئەو راپۆرتانە پشتڕاستناکەمەوە، بەڵام ئەو [پووتین] پیاوێکە دەزانێت لەژێر گوشارە، ئەو دەزانێت زیاتر لەسەر سەکۆی جیهان پەراوێز دەخرێت، ئەو داوای یارمەتی لە ئێران دەکات بۆ دابینکردنی درۆن. داوای یارمەتی لە کۆریای باکوور دەکات بۆ مووشەکی بالیستی و گولـلەتۆپ. ئەو هەوڵدەدات هەندێک لە کۆمپانیاکانی چین یارمەتی بدەن، هەندێکیشیان ئەو کارە دەکەن و پارچە بۆ سیستمی چەکەکانی دابین دەکەن. بنکە بەرگریی و پیشەسازییەکانی لەلایەن وڵاتانی دیکەوە ئاشکراکراون. پووتین دەزانێت لە ژێر گوشاردایە، ئەو دەزانێت پەراوێز خراوە، دەزانێت ئابوورییەکەی تووشی ئاڵنگاری بووە، ئەوەش بەهۆی ئەو شتانەی کە ناتۆ و هاوپەیمانەکانمان لە جیهاندا کردوویانە. 
 
رووداو: باست لە ئێران کرد، خۆشتان ماوەیەکی زۆرە دەڵێن ئێران هاوکاری رووسیا دەکات لە شەڕی ئۆکراینا. دەشزانن کە ئێران توانا ئەتۆمییەکانی بەرەوپێش دەبات، هەڵسەنگاندنی ناتۆ و ئەمریکا بۆ توانا ئەتۆمییەکانی ئێران چین؟ هەروەها پێتانوایە بەهاتنی سەرۆکێکی نوێ بۆ ئێران پەنجەرەیەکی هیوا کراوەتەوە و گۆڕانێک لەو وڵاتەدا روودەدات؟
 
جۆن کێربی: ئێمە دەزانین ئێران هێشتا ئامێری سێنتەرفیوچ بەکاردەهێنێت [بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم]. سەرۆک بایدن زۆر بەروونی ئەوەی راگەیاندووە. رێگە بە ئێران نادەین دەستی چەکی ئەتۆمی بگات، راستییەکەی ئێمە پێمان باشە ئەو ئامانجە لە رێگەی دیبلۆماسییەوە بەدەستبهێنین، بەڵام ئێستا هیچ دیبلۆماسییەتێک لەسەر ئەو بابەتە نییە، ئێمە دەبێت دڵنیابینەوە لەوەی ئەو توانایانەمان لەبەردەستە بۆ ئەوەی بژارەکان بە سەرۆک بدەین. من ئێستا رێگەیەک نابینم لە داهاتوویەکی نزیکدا بگەڕێینەوە بۆ گفتوگۆ دیبلۆماسییەکان لەبارەی رێککەوتنی ئەتۆمی. سەبارەت بە سەرۆکی نوێ، دەبێت سەیر بکەین و ببینین کە چی دەکات، بەشێک لەو شتانەمان بینیوە کە دەیڵێت، بەڵام من دەمەوێت لەگەڵت راستگۆ بم، ئێمە پێشبینی گۆڕانکارییەکی گەورە لە هەڵسوکەوتی ئێران ناکەین. 
 
رووداو: تەنانەت هەندێک گۆڕانکاریش؟
 
جۆن کێربی: ئێمە پێشبینی هیچ گۆڕانکارییەکی گەورە لە هەڵسوکەوتی ئێران ناکەین، لە داهاتوودا دەبینین کە هەوڵی چ شتێک دەدات، بەڵام ئێمە دەبێت لەوە دڵنیابینەوە کە ئێران رووبەڕووی بەرپرسیارێتی دەکرێتەوە. تۆ باست لە پاڵپشتییەکانیانت بۆ پووتین کرد، ئەوە شتێکی راستە. ئەوان [ئێران] پاڵپشتی حەماسیش دەکەن، پاڵشتی لە حووسییەکان دەکەن کە هێشتا مووشەک ئاراستەی دەریای سوور دەکەن، پاڵپشتی لە حیزبوڵڵا دەکەن. ئێران خۆشی ئاڵۆزیی بۆ گواستنەوەی دەریایی لە ناوچەی کەنداو دروستکردووە، هەربۆیە پێشبینیەکی کەم لەلایەن ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە هەیە، کە هەڵسوکەوتی ئێران زۆر بگۆڕێت، لەبەر ئەوەی هەردووکمان ئاگادارین یەک کەس لەوێ هەموو بڕیارە گەورەکان دەدات. 
 
رووداو: پرسیارێکی دیکە لەسەر لووتکەی ناتۆ و ئەو هەڕەشانەی لەسەر ئاسایشی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا هەن، پێتوانییە ناتۆ هەڕەشەیەکی وەک داعشی فەرامۆشکردووە، کە دەکرێت لە هەر کاتێکدا بێت لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەربکەوێتەوە. ئێوە لە ناتۆ چۆن باسی ئەو هەڕەشە پلە دووانە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ناوچەکانی دیکە دەکەن، کە کاریگەرییان لەسەر وڵاتانی ناتۆش هەیە؟
 
جۆن کێربی: من دەڵێم، هیچ کەسێک هەڕەشەی داعش فەرامۆش ناکات، من ناتوانم لەجیاتی ناتۆ قسە بکەم، بەڵام زۆربەی هاوپەیمانەکانی ناتۆمان، لەوانە ئەمریکا، ئێستا رووبەڕووی هەڕەشەی راستەقینەی تیرۆر بوونەتەوە لەنێویاندا داعش. سەرۆک بایدن رووبەڕووبوونەوەی تیرۆری کردووەتە کاری لەپێشینەی، ئێمە بەردەوامین لە لەنێوبردنی سەرکردەکانی داعش لە کات و شوێنی گونجاو دا. داعش ئێستا تۆڕێکی تیرۆرستی بێهێزترە بەراورد بە ساڵی 2014، بەڵام هێشتا توانادار و تووندووتیژە، هەروەها هەوڵدەدات بەشێک لە تواناکانی خۆی بەدەستبهێنێتەوە. هەر بۆیە دەبێت دڵنیابینەوە لەوەی کە تیشکمان خستووەتە سەر ئەو ئەرکە.
 
رووداو: دوایین پرسیارم، ئەوەی لەم سێ رۆژە بیستم، ئەمڕۆشی لەگەڵدابێت، توانای سەرۆک بایدن بوو کە وەک سێبەرێک باڵی بەسەر لووتکەکەدا کێشابێت، میدیاکانیش بەشێک سەرنجیان لەسەر ئەوەبوو، ئایا هیچ نیگەرانییەک و ئاماژەیەکتان لە سەرکردەکانی ناتۆ لەوبارەوە بیست، یان سەبارەت بەو رەخنانەی لە سەرۆک بایدن دەگیرێن؟
 
جۆن کێربی: من تەنیا ئەوە دەڵێم، ئەو گفتوگۆیانەی کە سەرۆک لێرە دەیکات و ئێمەش هەموومان لێرە دەیکەین لەسەر ئەو پرسانەیە کە بۆ هاوپەیمانییەکە گرنگن وەکو بەرگری، چاوترسێن، پیشەسازی بەرگری، پاڵپشتیکردنی ئۆکراینا و ئەو جۆرە ئاڵنگارییانەی کە هاوپەیمانییەکە بۆ 75 ساڵی داهاتوو رووبەڕوویان دەبێتەوە. ئەوانە ئەو شتانەن کە ئێمە تیشکمان خستووەتە سەر. گفتوگۆکان لەسەر ئەو شتانەن کە زۆر گرنگن، نەوەک دۆخە سیاسییە نێوخۆییەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا. 
 
رووداو: ئەی کۆمێنتتان لەسەر کۆبوونەوەکانی سەرۆک زیلینسکی لەگەڵ راوێژکارەکانی ترەمپ چییە؟
 
جۆن کێربی: رێگەدەدەم سەرۆک زیلینسکی قسە لەسەر کۆبوونەوەکانی  خۆی بکات، ئەو دۆستێکی باش بووە، هاوبەشێکی زۆر گرنگە، وڵاتەکەی لە ژێر هێرشدایە، هەروەها سەرۆک بایدن رێز لە سەرکردایەتییەکەی لە ماوەی شەڕدا دەگرێت، هەروەها چەندینجار و لە کاتە جیاوازەکاندا لە دووساڵ و نیوی رابردوودا، سەرۆک بایدن سەلماندوویەتی کە سەرۆک زیلینسکی پشتیوانی بەردەوامی ئەمریکای دەبێت، بە دڵیش ئەو کارە دەکات و تاوەکو ئەویش سەرۆک بێت پشتیوانیی لێدەکات.
 
رووداو: زۆر سوپاس کە میوانی رووداو بوویت. 
 
جۆن کێربی: سوپاس بۆ ئێوەش، خۆشحاڵ بووم.

 

وەرگێڕان: بەشدار مووزەفەر