باڵیۆزی ئێران: سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تاران رۆڵی گەورەی لە ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان هەبوو

12-06-2024
هێمن بابان رەحیم
محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق
محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق
A+ A-
روودو دیجیتاڵ

باڵیۆزی ئێران لە عێراق رایگەیاند سەردانەکەی مانگی رابردووی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رۆڵی کاریگەر گەورە و راستەوخۆی لە گێڕانەوەی پەیوەندییەکان بۆ شێوە ئاساییەکەی هەبووە. 
 
ئەنمار غازی، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ محەممەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق کرد و جگە لە تاوتوێکردنی ئامانجەکانی سەردانی وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە باسی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا و جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی ئەمنیی نێوان هەردوولا دەکات.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکەی رووداو لەگەڵ باڵیۆزی ئێران لە عێراق:
 
رووداو: بایەخی سەردانەکەی وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ هەولێر و بەغدا چییە؟ ئەو بابەتانەی وەزیر لە سەردانەکەیدا بۆ عێراق لە هەولێر و بەغدا تاوتوێیان دەکات چین؟
 
باڵیۆزی ئێران لە عێراق: رێز و سڵاو بۆ تۆڕی میدیایی رووداو، سەردانەکە لە چوارچێوەی بەهێزکردنی پەیوەندییەکان لەنێوان هەردوو وڵاتە، لەسەر ئاستی دووقۆڵی و گفتوگۆ لەسەر ئاستی هەرێمیش دەکرێت، وڵاتانی ناوچە پێشهات بەخۆیانەوە دەبینین، بۆیە راوێژکردن لەمبارەیەوە لەنێوان هەردوو وڵات پێویستە، چونکە ئێران و عێراق پەیوەندیی مێژوویی گەرمی هەمەجۆر و ریشەداریان بەیەکەوە هەیە، بۆیە وا پێویست دەکات ماوە ماوە راوێژ لەگەڵ یەکیدا بکەن. ئەمە یەک.
 
دووەم، سەردانەکەی وەزیر باقری راستییەکەی بۆ سوپاس و رێزلێنانە لە عێراق بە حکومەت و گەلەکەیەوە، بەهۆی ئەو هاوسۆزی و دڵنەوایی و پرسەگەیاندنەی بۆ ئەو رووداوە دڵتەزێنەی بەهۆی کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەری شەهید رەئیسی و هاوڕێیەکانی هەیبوو، لەکۆی شەهیدەکانیش دەبێت ناوی شەهید وەزیری دەرەوە دکتۆر عەبدولئەمیر عەبدوڵڵاهیان بهێنین، سەردانەکە لەم چوارچێوەیەدا دێت.
 
رووداو: چۆن دەڕواننە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران، هەروەها هەرێمی کوردستانیش، ئایا لە چوارچێوەی چاوەڕوانییەکانتاندایە؟
 
باڵیۆزی ئێران لە عێراق: بێگومان پەیوەندییەکە وەکو ئاماژەم بۆ کرد، ریشەدار و پتەوە و پێویستی بە گەشەپێدانی زیاتر هەیە، زۆر دۆسیە هەن هەردوو وڵات بایەخی پێدەدەن، لە بواری سیاسی ئاستی پەیوەندییەکە بەرزە، لەبواری کولتووری زۆر باشە، لە بواری ئابووریش پێویستمان بە گەشەپێدانی زیاترە، بێگومان وەکو چۆن بەغدا ناوەندە، هەرێمی کوردستانیش رۆڵی هەیە لە دابینکردنی بەشێکی زۆری رەهەندی ئابووری لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات.
 
رووداو: دوای سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئێران، ئایا ئەم سەردانە کاریگەریی هەبوو لە پتەوکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و تاران؟
 
باڵیۆزی ئێران لە عێراق: بەدڵنیاییەوە، چونکە پەیوەندییەکە جۆرێک لە ساردیی پێوە دەرکەوت، بەڵام بە رەچاوکردنی ئەوەی پەیوەندییەکە مێژووییە لەنێوان ئێران و هەرێمی کوردستان، بۆیە سەردانەکە رۆڵی گەورە و راستەوخۆی لە گێڕانەوەی پەیوەندییەکان بۆ شێوە ئاساییەکەی هەبوو، بەڵگەش لەسەر ئەوە، ئاڵوگۆڕی سەردانەکان و ئامادەیی شاندەکانی هەردوو وڵاتە، لەسەروو ئەوانەشەوە سەردانی وەزیری دەرەوەیە بۆ هەرێمی کوردستان.
 
رووداو: رێککەوتنێکی ئەمنی لەنێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و عێراق و هەرێمی کوردستان هەیە، چۆن ئەنجامەکانی رێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات هەڵدەسەنگێنن؟
 
باڵیۆزی ئێران لە عێراق: رێککەوتننامە ئەمنییەکە نایاب بوو، بۆ یەکەمجارە بەمشێوەیە دەکرێت، بە ئامادەبوونی ناوەند و تاران و هەولێر، بەڵام راستییەکەی پێویستی بە زیاترە، هەنگاوی باشمان بۆ جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە ناوە لە دوورخستنەوەی ئەندامە جوداخوازەکان لە هەرێمی کوردستان هەن بۆ قووڵایی، بەڵام بە نموونە چەکداماڵینیان بەشێکی کراوە و پێویستی بە زیاترە، هەروەها نیشتەجێکردنیان لە کەمپەکانی پەنابەری بەتەواوەتی نەکراوە، ئێمە لە بەدواداچوونداین لەگەڵ بەرپرسانی تایبەتمەندی دۆسیەکە، چی لە ناوەند بێت یان هەرێمی کوردستان.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە