گرەیەم بارکەر بۆ رووداو: لە شانەدەردا دۆزیمانەوە نیاندەرتاڵەکان بە ئاگر چێشتیان لێناوە و پێکەوە نانیان خواردووە

 
رووداو دیجیتاڵ 
 
سەرۆکی تیمی شوێنەوارناسی لە ئەشکەوتی شانەدەر بە رووداوی راگەیاند، دۆزینەوەی کەلەسەری ژنە نیاندەرتاڵەکە بۆ کوردستان "زۆر گرنگە". باس لە شێوازی ژیانی نیاندەرتاڵەکان دەکات و دەڵێت، دۆزینەوەکان لە ئەشکەوتی شانەدەر ئەوە دەردەخەن کە نیاندەرتاڵەکان "بە ئاگر چێشتیان لێناوە و پێکەوە نانیان خواردووە."
 
پرۆفیسۆر د. گرەیەم بارکەر، سەرۆکی تیمی شوێنەوارناسی لە ئەشکەوتی شانەدەر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند کە دۆزینەوەی کەلەسەری ژنێکی نیاندەرتاڵ لە ساڵی 2018دا (شانەدەر زێد) زۆر گرنگە بۆ کوردستان، ئەو بەڵگەفیلمەی لەلایەن بی بی سیی بەریتانی بەرهەمهێنراو لە نێتفلێکس دا بڵاوکرایەوە "وای لە کورد کرد گرنگی کەلەپوورە دەوڵەمەندەکەی بۆ دەربکەوێت. کورد ئەویان وەک دایکی خۆیان داناوە. ئەوە شتێکی سەرنجڕاکێشە کە ببینی چۆن (شانەدەر زێد) و نیاندەرتاڵ بوونەتە بەشێک لە ناسنامەی کورد. پێموایە ئەوە بەشی یەکەمە، چونکە مانای وایە کورد بۆی دەردەکەوێت کە نەک تەنیا (شانەدەر زێد)، بەڵکو ئەشکەوتی شانەدەریش چەندە گرنگە". پرۆفیسۆر د. گرەیەم بارکەر دەڵێ پێویستە کەیسێک لەسەر ئەشکەوتی شانەدەر ئامادەبکرێت " بۆ یونسکۆ تاوەکو ئەشکەوتەکە ببێتە شوێنێکی کەلەپووریی جیهانی".
 
د. ئێما پۆمەرۆی، پسپۆڕی شوێنەوارناسی لە زانکۆی کامبریج و ئەندامی تیمی لێکۆلینەوەو شوێنەوارناسی لە ئەشکەوتی شانەدەر لە هەڤپەیڤینێک دا لەگەڵ رووداو دا کە 7ی ئەم مانگە بڵاوکرایەوە گوتی، تیمەکەی ئەوان لە ساڵی 2011ـەوە لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە پەیوەندییان پێوەکراو ، لە ساڵی 2014دا لە ئەشکەوتی شانەدەردا دەستیان بە هەڵکۆلین کرد و، دۆزینەوەکەیان لە ساڵی 2016دا پاشماوەکە ببینن و کاسە سەری ژنە نیاندارتاڵەکەیان لە 11-9-2018دا دەرهێنا. 
   
پرۆفیسۆر د. گرەیەم بارکەر، لە بەرنامەی (لەگەڵ رەنج)دا ئاشکرای کرد کە "نیاندەرتاڵ و مرۆڤی هۆشمەند ئەوەی پێی دەڵێین مرۆڤی هاوچەرخ، واتە مرۆڤی هۆشمەندی دێرین، دەبێت بەر یەکدی کەوتبن و یەکدییان دیبێت". 
  
سەرۆکی تیمی شوێنەوارناسی لە ئەشکەوتی شانەدەر، زانیارییەکی دیکەی زۆر گرنگی بۆ رووداو ئاشکرا کرد و گوتی: "یەکێک لەو شتانەی لێرە دۆزیمانەوە و دەگمەنە، ئەوەیە بە شۆردنەوەی خۆڵەکە بینیمان کە رووەکی سووتێنراو ماوەتەوە کە خواردوویانە. لە ئەشکەوتی شانەدەردا ئەوەمان دۆزیوەتەوە کە ئەوان ئاگریان کۆنترۆڵکردووە و دانەوێڵە و رووەکیان کۆکردووەتەوە و کردوونیان بە جۆرێک لە هەویر و بەردیان لە ئاگردا گەرم کردووە و ئەو شتانەیان وەک چێشت لێناوە. لە دەوری ئاگرەکە دانیشتوون و پێکەوە نانیان خواردووە. ئەمە دۆزینەوەیەکی نوێی گرنگە، چونکە پێشتر وادەزانرا کە نیاندەرتاڵ کولتوورێکی کەمیان هەبووە، بەڵام ئەوەی لە شانەدەر دەیبینین ئەوەیە کە ئەوان لە دەوری ئاگر کۆبوونەتەوە و پێکەوە نانیان خواردووە، وەک ئەوەی ئێمە دەیکەین".
 
دەقی هەڤپەیڤینی رەنج سەنگاوی لەگەڵ پرۆفیسۆر د. گرەیەم بارکەر: 
 
رەنج سەنگاوی: سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە. دیارە ئەوە یەکەم جار نییە مرۆڤی نیاندەرتاڵ لە جیهان دا دەدۆزرێتەوە، بەڵام دۆزینەوەی نیاندەرتال زێد، بۆمبێکی ناو سۆشیاڵ میدیایە و جیهان پێوەی سەرقاڵە؟  
 
گرەیەم بارکەر: دوو هۆکاری سەرەکی هەن بۆ گرنگبوونی (شانەدەر زێد). یەکەم، ئاشکرایە ئەوەی بەڵگەفیلمەکە و کاردانەوەکانی نیشانیاندا ئەوەیە کە (شانەدەر زێد) وای لە کورد کرد گرنگی کەلەپوورە دەوڵەمەندەکەی بۆ دەربکەوێت. کورد ئەویان وەک دایکی خۆیان داناوە. ئەوە شتێکی سەرنجڕاکێشە کە ببینی چۆن (شانەدەر زێد) و نیاندەرتاڵ بوونەتە بەشێک لە ناسنامەی کورد. پێموایە ئەوە بەشی یەکەمە، چونکە مانای وایە کورد بۆی دەردەکەوێت کە نەک تەنیا (شانەدەر زێد)، بەڵکو ئەشکەوتی شانەدەریش چەندە گرنگە. دۆزینەوەکانی پرۆفیسۆر سلوکی لە پەنجاکان دا و دۆزینەوەکانی ئێمەش گرنگن. ئەو شتانەی لەلایەن ئێمە و پرۆفیسۆر سلوکییەوە دۆزراونەتەوە شتی دانسقەن. ئینجا هیوادارین ناوەندێکی باش، ناوەندێک بۆ سەردانیکردنی خەڵک دروست بکرێت، تاوەکو لەو مێژووە تێبگەن و هەروەها کار لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شوێنەوار و بەڕێوەبەرایەتیی شوێنەواری سۆران و بەرپرسانی حکومی دا بکرێت، بۆ ئامادەکردنی کەیسێک لەسەر ئەشکەوتی شانەدەر بۆ یونسکۆ تاوەکو ئەشکەوتەکە ببێتە شوێنێکی کەلەپووریی جیهانی. کوردستان تەنیا یەک شوێنی کەلەپووریی جیهانی هەیە کە قەڵای هەولێرە. 
 
رەنج سەنگاوی: سوپاس، بەڵام من کارم بەوە نییە خەڵک بە ئامۆزای خۆی دەزانێت یان پووری یان خاڵی خۆی دەزانێت، بەڵام وەڵامی تۆی شوێنەوارناس بۆ من گرنگە... 
  
گرەیەم بارکەر: با بەردەوام بم. دەمەوێت روونی بکەمەوە ... 
 
رەنج سەنگاوی: ئایا تۆ هیچ رایەڵەیەک دەبینی لەنێوان خاتوو زێد کە بە مرۆڤی نیاندەرتاڵ یان مرۆڤی شانەدەر ناسراوە لەگەڵ ئەو گەلە خاوەن شارستانییەی کە پێی دەڵێن کورد و سەر بە مرۆڤی هۆشمەندن و سەر بە گرووپی مرۆڤی هۆشمەندن؟ 
 
گرەیەم بارکەر: پەیوەندی هەیە، چونکە ئێمە ئێستا لە رێگەی جینەکانەوە دەزانین کە نیاندەرتاڵەکان و مرۆڤی هۆشمەند بنەچەی رەچەڵەکی ئێمەن. هەندێک توخمی تێکەڵبوون هەن. هەموومان هەمانن کە 2٪ بۆ 4٪ لە دی ئێن ئەی نیاندەرتاڵ لە ئێمەدایە.  
 
رەنج سەنگاوی: باشە بەڵام لە رەنج سەنگاوی دا هەیە یان لە گرەیەم بارکەریش دا ئەو دی ئێن ئەیە هەیە، واتە تەنیا لەمن دا هەیە یان لە تۆش دا هەیە؟ 
 
گرەیەم بارکەر: ئێمە کەمێکمان تێدایە. 
 
رەنج سەنگاوی: واتە لە هەموو مرۆڤێک دا هەیە؟ 
 
گرەیەم بارکەر: لە هەموو کەسێک دا هەیە. مرۆڤی هۆشمەند لە ئەفریقاوە هاتوون. هەموو مرۆڤە هۆشمەندەکان لە ئەفریقاوە هاتوون. مرۆڤی هاوچەرخ کە لە باشووری رۆژئاوای ئاسیا و ئەورووپا دەژین و ئەوانەش کە چوونەتە ئەمریکا هەموومان رێژەیەکی کەم لە دی ئێن ئەی نیاندەرتاڵمان تێدایە کە دەگەڕێتەوە بۆ 50 هەزار و بۆ 100 هەزار ساڵ پێش ئێستا. 
 
رەنج سەنگاوی : ئەم قسانەی تۆ زۆر گرنگن، کەواتە لەیەک سەردەم دا مرۆڤی نیاندەرتاڵ و مرۆڤی هۆشمەند هەبووە. کەواتە پەیوەندی سێکسی و جووتبوون و وەچەخستنەوە هەبووە لەنێوان مرۆڤی هۆشمەند کە داپیران و پابیرانی ئێمەن لەگەڵ نیاندەرتاڵەکان جووتبوون روویداوە؟ 
 
گرەیەم بارکەر: دەبێت روویدابێت، چونکە پسپۆڕانی جینەکان رێژەیەکی کەم لە دی ئێن ئەی نیاندەرتاڵیان لە ئێسکی مرۆڤی هۆشمەندی پێشینانی ئێمەدا دۆزیوەتەوە. ئەم مرۆڤە هۆشمەندانە لە رۆژئاوای ئەورووپاوە چوون بۆ رووسیا. بۆیە لە سەردەمێک دا کە پێمان وایە لەنێوان 50 هەزار بۆ 100 هەزار ساڵ لەمەوبەرە، دەبێت هەندێک پەیوەندی سێکسی هەبووبێت. نازانین پەیوەندییەکە چەند بووە، هیچی لەبارەوە نازانین، بەڵام ئاشکرایە لە دەوروبەری کۆتاییهاتنی سەردەمی نیاندەرتاڵ دا بووە. نیاندەرتاڵ و مرۆڤی هۆشمەند ئەوەی پێی دەڵێین مرۆڤی هاوچەرخ، واتە مرۆڤی هۆشمەندی دێرین، دەبێت بەر یەکدی کەوتبن و یەکدییان دیبێت و رەنگە هەندێک لەو پەیوەندییانەش تووندوتیژی بووبن، رەنگە هەندێکیشیان تووندوتیژی نەبووبن.  
 
رەنج سەنگاوی: بۆچی ئەم ئافرەتە بە ( شانەدەر زێد) ناونرا؟ ئەم ناوە هیچ پاشخانێکی هەیە؟ کێ ناوی نا؟ 
 
گرەیەم بارکەر : پرۆفیسۆر سلوکی لەنێوان 1951 بۆ 1960دا پاشماوەی 10 نیاندەرتاڵی دۆزییەوە لە ژن و پیاو و منداڵ. لەبەرئەوەیە کە شانەدەر بۆ شوێنەوارناسان گرنگە. لە دوای هەڵکۆڵینەکانی ئەوەوەیە، چونکە ئەوە یەکێک لە گەورەترین کۆمەڵەکان بوو. ئێمە پاشماوەی کەمی هەندێک لەو نیاندەرتاڵانەمان دۆزییەوە کە ئەو دۆزیبوونییەوە. لەو شوێنانەدا کە ئەو نەیتوانیبوو هەڵکۆڵینەکەی تەواو بکات. بۆ نموونە، دوای ساڵی 1960 ئەو ویستبووی بگەڕێتەوە و نەیتوانیبوو. ئەوەبوو ئێمە توانیمان پاشماوەی دوو یان سێ نیاندەرتاڵ بدۆزینەوە و باشترین پاشماوەیان ئەوەی (شانەدەر زێد)ە. ئێمە تەنیا بەشی سەرەوەیمان دۆزییەوە. لە سەریەوە بۆ دەست و حەوز و لاقەکانی کۆمەڵەکەی پرۆفیسۆر سلوکی دۆزیونیەتەوە لەگەڵ بەنێوبانگترین ئێسکەپەیکەردا کە سلوکی پێیوابوو بە گوڵەوە نێژراوە. ئێمە پێیدەڵێین (شانەدەر زێد)، چونکە ئێستا دەیناسین. ناومان نا (زێد)، لەبەرئەوەی هەر لە سەرەتاوە پرۆفیسۆر سلوکی ژمارەی رۆمانیی بەکارهێناوە کە لە بەرامبەر (1، 2، 3)دا (IV ،II ،I)ی تاوەکو 10 بەکارهێناوە و (10) دەبێتە (X). دواتر هەموومان ژمارەی عەرەبیمان بەکارهێنا. بۆ ئەوەی سەرلێشێوان دروست نەکەین و ژمارە بەکارنەهێنین کە وا بیربکرێتەوە دانەیەکە لەوانی دیکە، ئێمە (Z)مان هەڵبژارد تاوەکو بڵێین جیاوازە و لەو پارەچەیەوە کە دۆزیومانەتەوە لە پەیوەندییەکانی دڵنیا نین و بەشێکی ئەگەری هەیە بەشێک بێت لەو ئێسکانەی پرۆفیسۆر سلوکی دۆزیبوونییەوە.  
 
رەنج سەنگاوی: ناونانی بە (شانەدەر زێد) میوانەکانم قایل ناکات و دەکرێت روونکردنەوەی زیاتر بدەیت؟ 
 
گرەیەم بارکەر : پرۆفیسۆر سلوکی 10 نیاندەرتاڵی ژن و پیاو و منداڵی دۆزییەوە و لە (1) تاوەکو (10) ژمارەی بۆ دانان.  
 
رەنج سەنگاوی: هەموویان لە شانەدەر؟ 
 
گرەیەم بارکەر: لە شانەدەر. بە ژمارەی رۆمانی ژمارەی بۆ دانان کە ژمارە 10 لە ژمارەی رۆمانی دا دەبێتە (X). ئێمە دڵنیا نین لە پەیوەندی (شانەدەر زێد) بەو کۆمەڵە نیاندەرتاڵەوەی پرۆفیسۆر سلوکی دۆزیونییەتەوە کە یەک یان دوو مەتر لە سەرووی (شانەدەر زێد)ەوەن. بۆیە ناومان نا (Z)، چونکە مانای وایە ئەمەیان بە تەواوی لەوانەی سلوکی جودایە. 
 
رەنج سەنگاوی : چەند مەترتان هەڵکەند تاوەکو (شانەدەر زێد)تان دۆزییەوە؟ 
 
گرەیەم بارکەر: (شانەدەر زێد) نزیکەی هەشت مەتر لەژێر ئاستی رووی زەوییەوە بوو.  
 
رەنج سەنگاوی: پێشبینی دەکەن لەژێر هەشت مەترەکەوە ئێسکەپەیکەری مرۆڤی دیکە هەبێت؟ ئایا ئەوێ شوێنی ژیان بووە یان گۆڕستان بووە؟ 
 
گرەیەم بارکەر: رەنگە. پرۆفیسۆر سلوکی 14 مەتری هەڵکەندووە.  
 
رەنج سەنگاوی: گۆڕستان بووە یان شوێنی ژیان؟ 
 
گرەیەم بارکەر: ئێمە پێنج مەتری دیکە چووینە خوارەوەتر و قووڵتر لە نیاندەرتاڵە دۆزراوەکان. گۆڕستان وشەیەکی هەڵەیە، چونکە ئێمە باسی نزیکەی هەشت-نۆ مەتر قووڵایی دەکەین کە چوار-پێنج نیاندەرتاڵ و گوڵی پرسەی تێدا بووە و (شانەدەر زێد)یش لەوێدا بووە. لەبەرئەوە لەوانەیە ئەمانە زیاتر لە سەتان ساڵ نێوانیان بێت. نیاندەرتاڵەکان دەوروبەری 75 هەزار ساڵ لاشەیەکیان لەو ئەشکەوتەدا ناشتووە. رەنگە دوو نەوەی دواتریان هاتبنەوە بۆ هەمان ئەشکەوت و هەمان شوێن و لاشەیەکی دیکەیان ناشتبێت. هەروەها نەوەیەکی دواتریش هەمان شتیان کردبێت. بۆیە هەڵەیە بڵێیت گۆڕستان بووە، چونکە ئێمە باسی پێنج-شەش نیاندەرتاڵ دەکەین کە رەنگە 500 ساڵیان نێوان بووبێت. بەڵام ئەوەی گرنگە یادگاری و کولتووری نیاندەرتاڵە. ئەشکەوتی شانەدەر شوێنێکی تایبەت بووە کە بۆی گەڕاونەتەوە و یادگارییان بووە و لاشەیان تێدا ناشتووە.  
 
رەنج سەنگاوی: بەڕێوەبەری شوێنەواری کوردستان دەڵێت گەڕاندنەوەی نزیکەی پێنج ساڵی دەوێت. تۆ دەڵێیت چی؟ چەندی دەوێت؟ 
 
گرەیەم بارکەر: ئەمە دۆزینەوەیەکی زۆر سەرنجڕاکێشە. لە لێکۆڵینەوەی ئەو کاسەسەرەوە زانیارییەکی زۆر دەست دەکەوێت. ئەو لێکۆڵینەوانە زانایانی زۆر وڵاتی جیاوازیان تێدایە.  
 
رەنج سەنگاوی: کەی دێتەوە بۆ کوردستان؟ بۆچی ئەوەندە ساڵی دەوێت؟ 
 
گرەیەم بارکەر: کەی و بۆچییەکەی پەیوەندی بە زانستەوە هەیە. ئەوە زانستێکە لەڕووی نێودەوڵەتییەوە گرنگە و دەبێت کوردستان هەر زۆر شانازی پێوە بکات. کاسە سەری (شانەدەر زێد) دەگەڕێتەوە و زۆر زیاتر لە ئێستا بەنێوبانگ دەبێت. کە بەڵگەفیلمەکە پەخشکرا ئارەزوویەکی گشتی دروست کرد، بەڵام ئارەزوویەکی زانستییانە لەسەرانسەری جیهانیش دا هەیە. 
 
رەنج سەنگاوی: ئێستا (شانەدەر زێد) کەی دێتەوە؟ 
 
گرەیەم بارکەر: پێموایە پێنج-شەش ساڵی پێدەچێت. پێموایە زیانی بۆ کوردستان دەبێت ئەگەر رۆژێک دیار بکرێت و لێکۆڵینەوەکە بە نیوەچڵی بمێنێتەوە.  
 
 
رەنج سەنگاوی : ئایا ئێوە گەیشتوونەتە هەمان ئەنجامی سلوکی؟
 
گرەیەم بارکەر: سلوکی چاڵێکی گەورەی هەڵکەندووە. ئەوە وەڵامێکە. ئەو هەڵکۆڵینێکی زۆری کردووە. ئەو 14 مەتری هەڵکەندووە. ئەوە جۆرێکی شوێنەوارناسییە کە ئێمە ئێستا ناتوانین بیکەین، چونکە ئێمە دەبێت زۆر شێوازی زانستی بەکاربێنین. بۆیە ئێمە هەڵکۆڵینەکەمان بچووکە و نزیکەی 10 مەترە، لەگەڵیشیدا چاڵەکەی سلوکی هەیە. ئێمە زۆر شێوازی جیاوازی شوێنەوارناسیمان دۆزیوەتەوە. ئەوە دروست نییە کە بڵێیت ئەو یان ئەم زۆری دۆزییەوە. ئەو چاڵێکی زۆر گەورەی هەڵکەندووە و ئێمەش شتی زۆر سەرنجڕاکێشمان دۆزیوەتەوە. ئێمە بە زۆر زانستەوە کە لە سەردەمی سلوکی دا نەبوون لە چاڵێکی بچووک دا بووین. ئێمە بۆ شتی ئۆرگانی گەڕاوین، هەرچییەک ئەو هەڵیکۆڵیوە و دۆزیویەتییەوە شتی رەق و پتەوە. ئێمە لە ئامێرێک دا دەیانشۆین ...
 
بەڕێوەبەری شوێنەواری هەرێمی کوردستان: بەڵام 70 ساڵ بەسەر دۆزینەوەکانی ئەودا تێپەڕیوە. بۆچی ئەنجامەکانی سلوکی لەوەی ئێوە باشترە لەکاتێکدا 10 ساڵە خەریکن و تەکنەلۆجیایەکی زۆر پێشکەوتوویشتان لەبەردەستدایە؟ 
 
گرەیەم بارکەر: ئەنجامەکانی باشتر نین، بەڵکو جیاوازن. ئەو لە رووبەرێکی فراوان دا کاری کردووە، ئێمە رووبەرێکی بچووکمان هەڵکۆڵیوە، بەڵام زانیاری و زانستی زۆر زۆرمان دەستکەوتووە لەسەر ئەوەی نیاندەرتاڵەکان چۆن ژیاون و چۆن مردوون، توخمەکانیان چۆن بوون. بۆیە ئێمە لە رێگەی زانستی شوێنەوارناسی هاوچەرخەوە زانستێکی زۆر فراوانمان هەیە. بۆیە ئەوە دروست نییە کە بڵێیت ئەو زۆری دۆزیوەتەوە و ئێمە کەممان دۆزیوەتەوە یان ئێمە زیاترمان دۆزیوەتەوە. ئەوە پرۆسەیەکی زانستی نوێ و جێنەتیکی نوێیە. 
 
رەنج سەنگاوی: ئایا رەنگی پێستی کەللـەسەرەکە لە سەر چ بنەمایەکی زانستی هەڵبژێردراوە. زۆر کەس پێیان وایە زیاتر لە هیندییە سوورەکان دەچێت تاوەکو مرۆڤی نیاندەرتاڵ؟
 
گرەیەم بارکەر: ئێمەی شوێنەوارناس لە ئەشکەوتی شانەدەردا کار دەکەین و بەشداری لە مۆدێلی رووخسارەکەیدا  ناکەین، بەڵام مۆدێلەکە بە سوود وەرگرتنی تەواو لە زانستی هاوچەرخ دروستکراوە. ئێمە لە رێگەی جینەکانەوە دەزانین کە بۆ نموونە لە ئەشکەوتێکی رووسیادا کە جینەکان زۆر باش مابوونەوە، خەریکین زۆر باش لە سرووشتی قژ و پێستیانەوە زانیاری وەردەگرین. 
 
رەنج سەنگاوی: کەواتە پێستیان وەک ئەوەی مۆدێلەکە بووە؟
 
گرەیەم بارکەر: پێموایە بەڵگەفیلمەکە بڕیارێکی زۆر باشی دا لەبارەی ئەوەی کە لەلایەنی رەنگ و پێست و قژیانەوە و لە هەموویشیان گرنگتر لەبارەی رەفتاریانەوە چۆن نیاندەرتاڵەکان پیشان بدات. لە بەڵگەفیلمەکەدا ژنێکی مرۆڤی هۆشمەند و ژنێکی نیاندەرتاڵ دەبینرێن کە باسی کێشەکانی پەیوەندییەکانیان دەکەن کە ئایا تووندوتیژانەن یان نا. ئینجا لە بەڵگەفیلمەکەدا دەبینین کە پەیوەندییەکە تووندوتیژانەیە و ژنە هۆشمەندەکە خواردنی پێشکێش دەکات. ئەگەر سەیری بەڵگەفیلمەکە بکەیت، مرۆڤی هۆشمەند ئەفریقاییانە پیشان دەدات. 
 
رەنج سەنگاوی: دەگوترێت نیاندەرتاڵەکان گۆشتی یەکدییان خواردووە، هەر بۆیە بە پارچەپارچەیی دەدۆزرێنەوە. ئایا نیاندەرتاڵەکان تووندوتیژبوون یان میهرەبان بوون؟
 
گرەیەم بارکەر: ئەو ئەشکەوتەی باسی دەکەیت کراپینایە لە کرواتیا و دەکرێت کەسی دڕەندەیشیان تێدا بووبێت.
 
رەنج سەنگاوی: من بڕیارم نەدا، بەڵکو پرسیارم کرد. ئایا میهرەبان بوون یان تووندوتیژ؟
 
گرەیەم بارکەر: دڕندەیی مانای تووندوتیژی ناگەیێنێت. وەک لە بەڵگەفیلمەکەدا هەیە، دەکرێت جۆرێک لە رێزیان لە مردووەکانیان گرتبێت. لە ئەشکەوتی شانەدەردا دڕندەییمان نییە، بەڵکو بەڵگەمان هەیە کە خەڵک هاتوون و مردووەکانیان بە وریاییەوە ناشتوون و بە رووەک دایانپۆشیون. هەروەها بەڵگەمان هەیە کە نیاندەرتاڵەکان لە نزیک مردووەکانیانەوە ژیاون. هاتوونەتە ئەشکەوتەکە و رەنگە بۆ چەند هەفتەیەک تێیدا ژیابن. 
 
رەنج سەنگاوی: لە هیچ شوێنێکی دیکەدا بەوشێوەیە بە گوڵ داپۆشراون؟
 
گرەیەم بارکەر: نەخێر، نیمانە، بەڵام یەکێک لەو شتانەی لێرە دۆزیمانەوە و دەگمەنە ئەوەیە بە شۆردنەوەی خۆڵەکە بینیمان کە رووەکی سووتێنراو ماوەتەوە کە خواردوویانە. لە ئەشکەوتی شانەدەردا ئەوەمان دۆزیوەتەوە کە ئەوان ئاگریان کۆنترۆڵکردووە و دانەوێڵە و رووەکیان کۆکردووەتەوە و کردوونیان بە جۆرێک لە هەویر و بەردیان لە ئاگردا گەرم کردووە و ئەو شتانەیان وەک چێشت لێناوە. لە دەوری ئاگرەکە دانیشتوون و پێکەوە نانیان خواردووە. ئەمە دۆزینەوەیەکی نوێی گرنگە، چونکە پێشتر وادەزانرا کە نیاندەرتاڵ کولتوورێکی کەمیان هەبووە، بەڵام ئەوەی لە شانەدەر دەیبینین ئەوەیە کە ئەوان لە دەوری ئاگر کۆبوونەتەوە و پێکەوە نانیان خواردووە، وەک ئەوەی ئێمە دەیکەین. خواردن کولتوورە. ئەوە نموونەیەکە بۆ ئەو پرسیارەی کە پرسیت ئێمە زۆر یان کەممان دۆزیوەتەوە. ئەوە نموونەیەکە کە زانستی هاوچەرخ شتی بە تەواوی نوێ لەبارەی چۆنیەتی نیاندەرتاڵەوە پیشان دەدات. لێکۆڵینەوەکەمان مایکرۆسکۆپیی وردییلەییە. بۆیە ئەوە دروست نییە کە بڵێیت ئێمە زۆرمان دۆزیوەتەوە یان پرۆفیسۆر سلوکی. 
 
رەنج سەنگاوی: کەواتە ئەوەی کە تیمەکەی ئێوە ئاشکرای کردووە ئەوەیە کە مرۆڤی شاندەر جۆرە شارستانییەتێکی جیاوازیان هەبووە، بەڵکو دێو نەبوون و پەیوەندی کۆمەڵایەتییان هەبووە و رەنگە هاوسەرگیریشیان کردبێت؟
 
گرەیەم بارکەر: ئەوەی ئێمە لە شانەدەر و شوێنەکانی دیکەی نیاندەرتاڵ لە جیهان دا دۆزیومانەتەوە ئەوەیە کە زیاتر لەوەی کە ئێمە زانیبوومان  کولتووریان هەبووە، ئەوەش لە دۆزینەوەکەی سلوکییەوە دەستی پێکرد کە گوڵیان لەسەر مردووەکانیان داناوە و بەڵگەی یەکەم نیاندەرتاڵ کە بریندار بووە.  
 
رەنج سەنگاوی: گرنگترین جیاوازی نیاندەرتاڵی شانەدەر و شوێنەکانی دیکە چییە؟
 
گرەیەم بارکەر: نیاندەرتاڵەکان وەک ئێمە بوون و، وەک ئێمەش نەبوون. هەروەها بۆ ئەو مرۆڤە هۆشمەندانەی لە شانەدەردا ژیاون ئێمە بەڵگەمان زۆرە. ئێمە ناڵێین کە نیاندەرتاڵی شانەدەر لە نیاندەرتاڵی شوێنەکانی دیکە جیاوازن. ئێمە دەڵێین ئەو بەڵگە زانستییانەی هەمانن بەڵگەی زۆرترمان پێدەدەن لەسەر ئەوەی نیاندەرتاڵەکان چۆن ژیاون و لەڕووی کولتوورییەوە چۆن ژیاون. ئێمە ناڵێین کە جیاوازن و باشتربوون لەوانەی شوێنەکانی دیکەی جیهان. 
 
رەنج سەنگاوی: گوڵ لە شوێنەکانی دیکە دۆزراوەتەوە یان ئەمە تایمەتمەندی نیاندەرتاڵی شانەدەرە؟
 
گرەیەم بارکەر: ناشتن بە گوڵەوە شتێکی دەگمەنە. هەمیشە ناشتن بە گوڵەوە جێی گفتوگۆ بووە و زۆر شوێنەوارناس باوەڕیان پێی نییە. پێیانوایە گوڵەکان لەسەر تەرمەکان نەنێژراون و لە رێگەی گیانەوەرانەوە گوازراونەتەوە. بۆیە هەر لە ساڵی 1960ـەوە قسەی زۆر لەسەرە. ئێمەش لەم ماوەیەدا توێژینەوەیەکمان بڵاوکردەوە و دەڵێین ئێمەش پێمان وایە لەوانەیە گوڵەکان لەسەر لاشەکان دانەنرابن، بەوجۆرەی سلوکی بیری کردووەتەوە، بەڵام ئێمە پێمان وایە کە هەموو لاشەکان هەندێک رووەکیان لەسەر دانرابن، رەنگە ئەوەش بۆ ئەوە بووبێت ئاژەڵیان لێ دووربخەنەوە. بۆیە ناشتن بە گوڵەوە راستییەکی زانستی نییە، بەڵام ئێمە ئەوەمان دۆزیوەتەوە کە ئەوان بیریان لە مردووەکانیان کردووەتەوە و بە وریاییەوە ناشتوویانن. بە هەمان شێوە ناشتوویانن و سەریان بەرەو پێشەوەی ئەشکەوتەکەیە. زۆر شت هەیە کە پیشانی دەدات مردووەکان بەشیک بوون لە کولتووریان. بۆیە نابێت وا بیر بکەینەوە کە ناشتن بە گوڵەوە شتێکی تایبەتە. 
 
رەنج سەنگاوی: دۆزینەوەی گرنگتر لە کەللـەسەرەکەدا هەیە؟
 
گرەیەم بارکەر: بەردەوام شتی نوێ دەدۆزینەوە و توێژینەوەی زانستی دەنووسین. پرۆسەی زانستی ئەوەیە کە توێژینەوە بنووسیت و دواتر لەلایەن دەزگا نێودەوڵەتییەکانەوە تاقی بکرێتەوە و پێداچوونەوەی بۆ بکرێت. بۆیە ئێمە لەو پرۆسەیەی شوێنەوارناسیی نوێداین کە توێژینەوە بۆ جۆرناڵە بەرزەکان بنووسین. نموونەیەک لەو شتانەی دۆزیومانەتەوە کە هێشتا لە پرۆسەی بڵاوکردنەوەدا لە لێکۆڵینەوەدایە ئەوەیە کە قەپاخێکی زۆر بچووکمان دۆزیوەتەوە کە لەنێو ...
 
رەنج سەنگاوی: هیچ پارچەیەکی گرنگتر لە دەموچاوەکەتان دۆزیوەتەوە کە راتاننەگەیاندبێت؟
 
گرەیەم بارکەر:هیچ کەسێک و لە هیچ شوێنێک پێستی نیاندەرتاڵی نەدۆزیوەتەوە. 
 
رەنج سەنگاوی : هیچ شتێکی دیکە دۆزراوەتەوە و نەتانەوێت بە رای گشتی بڵێن؟
 
گرەیەم بارکەر:  نەخێر، شوێنەوارناسی و زانستی هاوچەرخ بە تێکەڵاوبوونی هەمووانە. هیچ شتێک بە نهێنی ناهێڵیتەوە. دەمەوێت روونی بکەمەوە کە قەپاخێکی زۆر بچووکمان دۆزیوەتەوە کە کونێکی بچووکی تێدایە و ئامرازی خۆپارێزییە. شوێنەوارناسان لە ئەفریقا قەپاخیان دۆزیەوەتەوە کە مرۆڤی هۆشمەند 18 هەزار ساڵ لەمەوبەر وەک ئامڕازی خۆپارێزی بەکاری هێناوە و 80 هەزار ساڵ لەمەوبەریش لە مەغریب. ئامرازی خۆپارێزی دوای سەردەمی نیاندەرتاڵمان هەبووە. بۆچی ئەوە گرنگە؟ چونکە ئەوە وەک کولتوورێکی هێمایی مرۆڤی هاوچەرخ دەبینرێت. ئێستا ئەو توێژینەوەیە پێداچوونەوەی بۆ دەکرێت.
 
رەنج سەنگاوی: وەڵامەکەت بۆ مامۆستا سۆران چییە؟
 
گرەیەم بارکەر: ئێمە لەبەر هۆکاری زانستی ناومان نا ( شانەدەر زێد)، چونکە شانەدەر بۆ کوردستان گرنگە و کۆمەڵگەی زانستی نێودەوڵەتی بەهۆی ئەو بەڵگەفیلمەوە ئێستا زیاتر سەیری کوردستان دەکات. ئێمەش لە چوارچێوەی ئەو جیهانە زانستییەدا کار دەکەین. هەر شتێک ئێمە لێی دەکۆڵینەوە دەچیت بۆ بەریتانیا و لەوێش  لێیدەکۆڵنەوە و دەگەڕێتەوە. ئەمە شوێنەواری من نییە و شوێنەواری کامبریج نییە، شوێنەواری کوردستانە. بۆ لێکۆڵینەوەی زانستی دەچێت بۆ شوێنی دیکە و دەگەڕێتەوە. ئەو ناوە بە پیتی (زێد) لەبەر هۆکاری زانستییە کە ئێستا هەموو زانایان پەسندی دەکەن. 
 
رەنج سەنگاوی: پرسیارەکە ئەوەیە ئایا کورد رۆڵی ناونانی هەیە و گرێبەستەکەتان لەگەڵ حکومەت چۆنە ئەگەر شتێک بدۆزنەوە دەبێت بیهێننەوە بۆ کوردستان؟
 
گرەیەم بارکەر: بێگومان. هەموو تیمە بیانییەکان هاوکاری کوردیان لەگەڵە. بەپێی یاساکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کاردەکەین. هەموو دۆزراوەکان دەگەڕێنەوە.
 
رەنج سەنگاوی: زۆر سوپاس بەڕێز بارکەر. کارەکەتان جێی دەستخۆشی و شانازییە، هەرچەندە کە شوێنەوارناسی پارەی کەمی بۆ خەرج دەکرێت و بایەخی کەمی پێدەدرێت لە هەرێمی کوردستان، بەڵام کارێکی زۆر باشتان کردووە و سوپاس بۆ ئێوە و بۆ حکومەتیش.
 
گرەیەم بارکەر: بەڵێ، هاوڕام کە لە هەرێمی کوردستان شوێنەوارناسی بە باشی پارەی بۆ تەرخان ناکرێت. شوێنەوارناسان لە دۆخی سەخت دا دەژین. من و بەڕێوەبەری گشتیی شوێنەواری هەرێمی کوردستان هیوادارین کە ئەو بەڵگەفیلمە گەنجانی کورد هانبدات روو لە شوێنەوارناسی بکەن. باشترین شت بۆ داهاتووی شوێنەوارناسی کوردی ئەوەیە کە هەرزەکاران و ئەوانەی دەچنە زانکۆکان هەر تەنیا بیر لە ژمێریاری و بازرگانی و پیشەسازی و ئەندازیاری نەکەنەوە، بەڵکو بیانەوێت شوێنەوارناسی بخوێنن، چونکە دەتوانن لەم بەڵگەفیلمەدا ببینن کە شوێنەوارناسی چەندە گرنگە و چەندە پیشەیەکی باشە. پێموایە ئەمە هیوای ئێمەیە.  
 
راستییەکەی ئێوە کە ئەم بەرنامەیەتان هەیە ... باشە ... سوپاس.