سەعدی ئەحمەد پیرە: گوتارەکەی کاک مەسعود بارزانی کۆتایی بە زۆر شت هێنا و پشتیوانی لێدەکەین

12-05-2023
پەیمان محەممەد
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی
سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

سەعدی ئەحمەد پیرە دەڵێت، گوتارەکەی سەرۆک مەسعود بارزانی کە دەستپێشخەریی راگەیاند بۆ کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی، ''کۆتایی بە زۆر شت هێناوە و پەیامێکی زۆر باش بووە'' و پشتیوانی لێدەکەن.
 
رۆژی هەینی 12-05-2023، سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە لە بوولتەنی کاژێر 11:00 پەخشکرا رایگەیاند: ''گوتارەکەی دوێنێی کاک مەسعود لە بارزان، کۆتایی بە زۆر شت هێنا و پەیامێکی زۆر باش بوو، من پێموایە پەیامێکە کە هەر دەبووایە ئەو بیدات.''
 
دوێنێ پێنجشەممە، سەرۆک مەسعود بارزانی لە رێوڕەسمی کردنەوەی یادگەی نیشتمانیی بارزانی، گوتارێکی پێشکێشکرد و رایگەیاند، ''ئێرە بە دەرفەت دەزانم بانگەوازێکی دڵسۆزانە ئاراستەی هەموو لایەنەکانی هەرێمی کوردستان بکەم کە لاپەڕەیەکی نوێ بکەنەوە، داواکارم هەرچی زووترە کۆبوونەوەیەکی بەرفراوان پێش 18ی ئەم مانگە بکرێت." بە پێویستیشی زانی مەکتەبی سیاسیی پارتی و یەکێتی کۆببنەوە.
 
سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی: "بنیاتنانی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی سەرۆک مەسعود بارزانی، مام جەلال، ئیدریس بارزانی و نەوشیروان مستەفا بووە، دەشڵێت، ئەو سێ کەسەی کە باسم کرد لە ژیاندا نەماون، کاک مەسعود نوێنەری ئەوانە، بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژەیە، ئەم ئەزموونەی هەرێمی کوردستان تەسلیمی قەدەر نەکات بێتە جواب و ئێمەش هەموومان پشتیوانی دەکەین.'' 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەعدی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی 
 
رووداو: بە رای ئێوە ئەو دەستپێشخەرییەی سەرۆک مەسعود بارزانی دەتوانێت یەکڕیزی و رێککەوتن لە نێوان یەکێتی و پارتیدا دروست بکات؟
 
سەعدی ئەحمەد پیرە: راستییەکەی ئەو کێشەیەی نێوان یەکێتی و پارتی، بەتایبەتی شەش مانگی دوایی، کە تیمی یەکێتی لە حکومەت، بەشداری نەما لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران، بووە مایەی پەرۆشی و نیگەرانیی خەڵکێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان. بووە مایەی پەرۆشیی خەڵکی کوردستان، بۆ حکومەتی عێراق، بۆ دراوسێکان، وڵاتانی ئەروروپی، بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گشتی و ئەمریکا، هەموو لایەک لە دۆستەکانمان هەوڵی زۆریاندا، چوار رۆژ پێش کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت، کاک مەسرور و کاک قوباد بووە مایەی خۆشحاڵی، بە تایبەتی ئەو گوتارەی دوێنێی کاک مەسعود لە بارزان، کۆتایی بە زۆر شت هێنا و پەیامێکی زۆر باش بوو بۆ هەموو لایەک، من پێموایە پەیامێکە کە هەر دەبووایە ئەو بیدات، زۆر جار داوای لێکرابوو کە پەیامێک بدات، خۆی بکاتە خاوەنی ئەم کێشانە، لەبەر ئەوەی ئەو پڕۆژەیەی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی چوار کەسە کە لە تەمەنی ئەودا بوون، بە تایبەتی بەڕێز مام جەلال، کاک ئیدریس بارزانی، کاک نەوشیروان مستەفا و کاک مەسعود خۆی، ئێستا ئەو سێ زاتەی کە پێشتر باسم کردن لە ژیان نەماون، کاک مەسعود نوێنەری ئەوانە، بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژەیە، ئەم ئەزموونەی هەرێمی کوردستان تەسلیمی قەدەر نەکات و بێتە جواب، ئێمە هەموومان پشتیوانی دەکەین بۆ ئەوەی کە ئەم بارودۆخەری هەرێمی کوردستان لێک نەترازێت و نیگەرانییەکان بەرەو خراپتر نەڕۆن و هەرێمی کوردستان بەرەو خراپی نەڕوات. دوو ئیدارەیی ئەزموون کرا، یەک ئیدارەیی ئەزموون کرا، تەنیا رێگەی راست ئەوەیە یەکڕیزی نەتەوەکەمان دەتوانێت ئێمە لە هەڕەشەی دوژمنەکانمان بپارێزێت و ئێمە بخاتە سەر قاچ و میللەتەکەشمان خۆشحاڵ بکەین، بۆیە دەڵێم پەیامێکی زۆر باش بوو، دەستی خۆش بێت.
 
رووداو: هەردوولا باسی یەکڕیزی و یەکگرتوویی دەکەن، کۆسپەکانی بەردەم رێککەوتن چین لە نێوان یەکێتی و پارتی؟
 
سەعدی ئەحمەد پیرە: پرسگرێک زۆرن، پارتی و یەکێتی دوو هێزن رکابەری یەکدین، دوژمی یەکدی نین، بۆیە زۆرجار بە زاراوەی دوژمن قسە دەکەن، پێموایە ئەمە لە باش نەخوێندنەوەوە دێت، ئەگینا پارتی و یەکێتی رکابەری یەکدین. هەر کەسێک هەوڵی ئەوە دەدات لە رێگەی شەرعی و ناشەرعی زۆرترین دەنگ و کورسی بە دەست بێنێت. ئەوە لە شەڕی هەڵبژاردن و سیاسەت رەنگە ناخۆشیش بێت، خەڵکیش نیگەران بکات، بەڵام ئەو شتە هەیە. 
 
بۆیە من پێموایە ئەمەی ئێستا کە پارتی بەخەبەرە، یەکێتی بەخەبەرە، ئەگەر هەوڵی ئەوە بدەین دۆخی سلێمانی ئاڵۆز بکەین، تێکیبدەین، لە رێگەی چەکدارکردنی گرووپ، لە رێگەی کەمکردنەوەی بودجە، یەکێتی پێی لاواز نابێت، ئەو دوو قوتابخانەیە، دوو قوتابخانەی جێگیرن، یەکێتیش هەوڵی ئەوە بدات لە هەولێر، لە دهۆک کارێک بکات پارتی نیگەران بکات، دیسان سەرکەوتوو نابێت، ئەو دوو قوتابخانەیە دوو قوتابخانەی جێگیرن، لە رابردووشدا لەتبوونی زۆر هەبووە لە پارتی و لە یەکێتیدا، بەڵام هەر دوو قوتابخانەکە لەسەر قاچی خۆیان ماونەتەوە.
 
من پێموایە واز لەو پراکتیکە بێنین و هەوڵی ئەوە بدەین یەکڕیزیی میللەتەکەمان بکەینە سەرمەشقی کارەکانمان و ئەوەیە سەرمان دەخات، دوێنێ کاک مەسعودیش لە مەسەلەی 70 ساڵ خەباتی چەکداری و حەوت رۆژی راپەڕین، گوتی بە حەوت رۆژی راپەڕین زۆر زیاتر لە 70 ساڵی چەکداری توانیمان دەستکەوت بەدەست بێنین و هەموو کوردستان ئازاد بکەین، بۆیە خۆمان بە هەڵەدا نەبەین، یەکخستنەوەی تواناکانمان، پێکەوە کارکردنمان، یەکڕیزیی میللەتەکەمان بە دڵنیاییەوە تەنیا رێگەیە بۆ سەرکەوتن و کلیلی هەموو دەرگە داخراوەکانە، بۆیە یەکێتی و پارتی دەبێ سەرەتا کۆببنەوە و بەرنامەیەک بەیەکەوە دابنێن بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لەسەر کۆتاییهێنان بە کێشەکانی نێوانیان.
 
رووداو: زەمینە هەیە لەو شەش رۆژەدا، تاوەکو 18ی مانگ پارتی و یەکێتی لەسەر پرسی هەڵبژاردن رێکبکەون؟
 
سەعدی ئەحمەد پیرە: زەمینە هەیە، بەرەو رێککەوتن چووینە و بە دڵنیاییەوە دەزگاکانیش بەرەو رێککەوتن دەچن، بەڵام هەندێک کێشە هەیە، کێشەی ژمارەیە. مەسەلەکە هەندێکی مەسەلەی ژمارەیە، ژمارە بەینی ئەو لیستی دەنگدەرانی فیدراڵی لەگەڵ لیستی دەنگدەرانی هەرێم، گرفتەکە ئەوەیە لە دهۆک و لە هەولێر دەنگی زیاد هەیە لە سلێمانی دەنگی کەم هەیە، بۆیە پێموایە ئەو بابەتە پێویستی بە ئامادەیی هەردوولا هەیە بۆ کۆتاییپێهێنان و رێکخستنەوەیان.  
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەلیم سالم، هونەرمەندی عێراقی

سەلیم سالم: هەولێر سەقامگیرە و مرۆڤ تێیدا ئازادە

بەشێک لە هونەرمەندانی عێراق ئێستا لە هەولێر نیشتەجێن، جگە لە گێڕانی ئاهەنگ، کارە هونەرییەکانیشیان لێرە ئەنجام دەدەن. سەلیم سالم، هونەرمەندێکی گەنجی عێراقییە و بەم دواییە گۆرانییەکی نوێی بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەتایبەتیش لە نێو کورددا. ئەو دەڵێت، هەولێر ئارامە و مرۆڤ تێیدا ئازادە، لە هەولێر هەستی نەکردووە لە وڵاتێکی عەرەبییە. ئەو گۆرانیبێژە لە 2023 لە ئاهەنگێکی تایبەتەدا لە دەرەوەی عێراق داوای لێکراوە گۆرانی لەبارەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق بڵێت، ئەویش گۆرانی گوتووە و بەهۆیەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و دەڵێت، نەیزانیوە بە یاسا قەدەخکراوە، هەروەها ئەو خۆی بە لایەنگری بەعس نازانێت و دوو خاڵی لەسەردەمی بەعسدا لەسێدارە دراون. نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو، هەڤپەیڤینێکی کورتی لەگەڵدا ئەنجامداوە.