بەربژێری ئاکپارتی لە ئامەد: دانانی قەیووم راست نییە و بە کوردی خزمەت دەکەم

رووداو دیجیتاڵ

بەربژێری ئاکپارتی بۆ شارەوانیی گەورەی شاری ئامەد، مەهمەت هالیس بیلدەن رایگەیاند، ئەگەر ئەو وەکو سەرۆکی شارەوانی هەڵبژێردرێت، لە پلانیدایە پڕۆژەی تراموا و گەلی دیجلە تەواوبکات و بیناسازیی شارەکە بەپێی کاریگەرییەکانی بوومەلەرزە رێکبخات. 
 
هالیس بیلدەن هەروەها دەڵێت، لە شارەوانیدا رێگە بۆ زمانی کوردی دەکاتەوە و خزمەتەکانی بە زمانی کوردیش پێشکێش دەکات. هەروەها بەمەبەستی باشترکردنی کوردییەکەی، مامۆستایەکی تایبەتی کوردی بۆ خۆی دەگرێت.
 
هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە 31ـی ئادار بەڕێوەدەچێت. بە تێپەڕبوونی کات، رکابەریی لەنێوان حیزبە سیاسییەکان گەرموگوڕتر و بەهێزتر دەبێت، بەڵام لە ئامەد رکابەرییەکە لەنێوان دەم پارتی و ئاکپارتی دایە.
 
ماشەڵڵا دەکاک، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە ئامەد هەڤپەیڤێنیکی لەگەڵ مەهمەت هالیس بیلدەن، بەربژێری ئاکپارتی بۆ سەرۆک شارەوانیی گەورەی ئامەد کردووە و لەبارەی پلان و پڕۆژەکانی چەندین پرسیاری ئاراستە کردووە. لە هەڤپەیڤینەکەدا لەبارەی پڕۆژەی گەلی دیجلە، پڕۆژەی تراموای ئامەد، دیاریکردنی قەیومەکان و گەیاندنی خزمەتەکان بە زمانی کوردی، هەروەها لەبارەی چەندین مژاری دیکە پرسیار ئاراستەی بەربژیری ئاکپارتی کردووە.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکە: 

رووداو: زۆربەی ئامەدییەکان یەکەم جارە ناوی هالیس بیلدەن دەبیستن. چۆن بوو کە ئاکپارتی کەسێکی وای لە شاری ئامەد وەک بەربژێر دیاریکرد کە نەناسراوە؟
 
مەهمەت هالیس بیلدەن: سڵاوم هەیە بۆ هەموو دیاربەکرییەکان. هەڵبژاردن لە 31ـی ئادارە و دەمانەوێت بە باشی بەڕێوەبچێت. لە راستی دا ئێمە بۆ ئەمە هەوڵدەدەین، درێژە بە خەباتمان دەدەین. بڕوابکە ئێمە لە رۆژێکدا 20 کاژێر کار دەکەین. من هەموو قۆناخەکانی خوێندنم لە ئامەد تەواو کردووە. من ئەندازیاری بیناسازیم لە ئیستەنبووڵ کاتێک سەرۆککۆمارمان سەرۆکی شارەوانیی ئیستەنبووڵ بوو، من لە شارەوانیی پەندیکی ئیستەنبووڵ کارم دەکرد. ئەحمەد بیلگەن لە دیاربەکر بردبوویەوە. لە 1994 سەرکەوتبوو، بەڵام من لە 1996 دەستم بە کارکرد. تاوەکو ساڵی 1999 سەرۆکایەتیی فەرمانگەی بیناسازیم کرد. دوای ئەوە چووم بۆ شارەوانیی گەورەی ئەدەنە و لەگەڵ ئایتاچ دووراک کارم کرد. سەرۆکی فەرمانگەی بیناسازی بووم. ئایتاچ دووراک لە شارەوانییەکان دا کەسێکی ناسراوە. لە ساڵی 2005 چووم بۆ ئەنقەرە و لە وەزارەتی کشتوکاڵ دەستم بە کار کرد. هەشت ساڵ کارم کرد. دواتر بوومە بەڕێوەبەری گشتیی تیگەم. نزیکەی 30 کێڵگە لە ژێر دەستی ئەو فەرمانگەیە بوون. هەموو کەسەکانم لەوێن. من کەسێکی غەریب نیم، ئەوانەی دەمناسنەوە، هەر دەمناسن. لە چنار، باغلار، نووسینگەی کەسوکارم زۆرن.
 
رووداو: دەتوانی بۆ من سێ هۆکار بژمێری کە دەبێ ببیتە سەرۆکی شارەوانیی ئامەد؟ بۆچی خەڵک دەنگ بە هالیس بیلدەن بدەن؟
 
مەهمەت هالیس بیلدەن: یەکەمین شت، پڕۆژەی زۆر باشم هەن. دووەم شت ئەوەیە، من بەربژێری حیزبی دەسەڵاتدارم. بەربژێری (حیزبی) حکومەتم. سێیەمین شت ئەوەیە من رۆڵەی دیاربەکرم. بۆ ئەوەی مرۆڤ ببێتە سەرۆک (شارەوانی)، پێویستە مرۆڤ خەڵکی شارەکە بێت. من خەڵکی ئێرەم، من رۆڵەی دیاربەکرم. ئەمڕۆ ژمارەی دانیشتووانی دیاربەکر دوو ملیۆن کەسە، بۆچی لە ئیستەنبووڵەوە و لێرە و لەوێ خەڵکی بێنین و لێرە بیکەینە سەرۆکی شارەوانی؟ بۆچی لە شارێکی دیکەوە خەڵک بێنین و لێرە بکەینە سەرۆک. من خۆمم پێشخستووە، بیرۆکراسی دەزانم، شارەزای جیهانم، بۆ کاروباری شارەوانییەکان، بۆ وەزارەتی کشتوکاڵ تائێستا چوومەتە 55 وڵاتی جیهان. هەروەها 150 جار لە جیهان گەڕاوم. ئەوانە هەمووی ئەزموونن و دەمەوێت ئەو ئەزموونەم بخەمە خزمەتی دیاربەکرەوە.
 
رووداو: ئەگەر لە هەڵبژاردنەکاندا بردتەوە، یەکەم کار کە دەتەوێ لە ئامەد بکەیت، چییە؟ کام پڕۆژەیە؟
 
مەهمەت هالیس بیلدەن: لە دیاربەکر، لە ناوچەکەمان زۆر کەس بێکارن. دەمەوێت دەرفەتی کاریان بۆ بڕەخسێنمەوە، کارگەیان بۆ بکەمەوە.
 
رووداو: دروستکردنی کارگەکان کاری شارەوانییەکان نییە. چی دەکەی و چۆن؟
 
مەهمەت هالیس بیلدەن: ئێستا 100 خاوەنکار و ئەوانەی پەیوەستن بە کاری گەشتیارییەوە، دەیانەوێت بێن بۆ دیاربەکر. بۆچی تائێستا نەهاتوون؟ پێشتر نەدەهاتن، لەبەر ئەوەی تیرۆر هەبوو، کێشە زۆر بوون. ئێستا دیاربەکر زۆر خۆش بووە. كاتێک ببمە شارەدار، من هەموویان دەناسمەوە، بۆ هەموویان زەوی دابین دەکەم و شوێنیان پێدەدەم. داوایان لێدەکەین بێن بۆ ئێرە و کارگە بکەنەوە. ئێمە دەمانەوێت 40-50 هەزار گەنج لەو کارگانەدا کار بکەن، فێری کاریان دەکەین، لە کۆرس دا دەیانکەینە وەستا و دەیاننێرینەوە کارگەکان. بەم شێوەیە دەمانەوێت بێکاری کەم بکەینەوە.
 
رووداو: لە هەموو هەڵبژاردنەکان دا پڕۆژەی تراموا دەبێتە رۆژەڤ، بەڵام تائێستا جێبەجێنەکراوە. بەڵێن دەدەی کە هێڵی تراموا بۆ ئامەد بهێنی؟  
 
مەهمەت هالیس بیلدەن: ئەو تراموایەی تۆ باسی دەکەیت، شەمەندەفەرە. من ناوی لێدەنێم شەمەندەفەر. ئەوە 5-6 ساڵە بۆ تراموای شارەکە پڕۆژە ئامادە دەکرێن، بەڵام بەخت یاوەر نەبوو. پشت بە خوا دەبێتە نسیبی خۆم.
 
رووداو: ئێوە بە نیازن تراموا لە کوێ دروست بکەنەوە؟
 
مەهمەت هالیس بیلدەن: لە دەروازەی چیاوە دێتەوە بۆ ئۆفیس و لەوێوە بۆ پارکی کۆشویۆلو، لەوێ دێت بۆ تەسیسلەر، لەوێش دێتەوە بۆ دونیا کاڤشاگی و دواتر لەوێش دەچێت بۆ ئاراشترما (نەخۆشخانەی لێکۆڵینەوەی ئامەد). ئەمە لایەکیەتی. ئەوەی دووەم دەچێتە رێگەی رووها و تاوەکو گوزەلی دەڕوات. لەوێ خانووەکانی بوومەلەرزە دروست دەکرێن و ئێمە تاوەکو ئەو شوێنە دەیبەین. چونکە تاوەکو چوار پێنج ساڵی دیکە لەنێوان 100 تاوەکو 150 هەزار مرۆڤ دەچنەوە بۆ ئەو شوێنە.
 
رووداو: باشە، تائێستا کەس نەیتوانیوە ئەم تراموایە دروست بکات، تۆ چۆن دروستی دەکەیت؟
 
مەهمەت هالیس بیلدەن: دروستی دەکەم. من کەسێکی لێهاتووم. من کەسێکی سەر بە حیزبی دەسەڵاتم. ئامانجی من خزمەتکردنە، شارەوانییە. ئەوانەی تائێستا، کردوویانە شارەوانی نەبوو.
 
رووداو: بەڵام پارەیەکی زۆری پێویستە. بودجەیەکی گەورەی پێویستە...
 
مەهمەت هالیس بیلدەن: پارە بەم شێوەیەیە. شارەزاییەکی باشم لە بودجە هەیە. بودجەیەکی بچووکی شارەوانی بۆ تەرخان دەکەین. ئەوەی دیکە لە جیهانەوە دەهێنم. هەندێکی لە پێبەخشینەوە دەهێنین. من پارەی دیاربەکرییەکان زۆر ناخەمە نێو ئەو پڕۆژانەوە. ئەم پڕۆژە گەورانەمان، بە پارەی ئەنقەرە و هەروەها بە پارەی جیهان جێبەجێ دەکەم. بەو قەرزانەی لە جیهانەوەیان دەهێنم، دروستی دەکەم. بەشێوەی قیست قەرزەکان دەدەمەوە. سندووقی جیهانی هەیە و پشت بەخوا دەیانهێنینەوە. سوودیان ناچێتە سەر. گوتم، من زۆر کەس دەناسم. با شتێکی دیکەش بڵێم، هێڵی شەمەندەفەر تاوەکو ئەرخەنیش دەڕوات. لە ناوەندی شارەکەش هەیە. ئێمە ئەو تراموایە تاوەکو ئەرخەنی و بسملیش دەبەین. تاوەکو گوندی چۆلی، تەپە دەیبەین. ئەو ئاسنانە پێکەوە دەبەستینەوە. ئەوکاتەی شەمەندەفەر ناڕوات، تراموا دەچێت و هەر کاتێک تراموا نەچێت، شەمەندەفەرەکە دەڕوات. هاوشارییەکانمان بە ئاسانی و بە خۆشییەوە دەتوانن بچنەوە ئەرخەنی و بسمل.
 
رووداو: پڕۆژەیەکی دیکە هەیە کە بۆ ئامەد زۆر گرنگە. لەبەرئەوەی لە جیهان کەم شار هەن کە رووبار بە نێویاندا تێپەڕێت. لە نێو ئامەد رووباری دیجلە هەیە. پڕۆژەی گەلی دیجلە بەڵێنی حکومەت بوو. بەڵێنیدا و نەیکرد. لە هەڵبژاردنی 2014دا بەڕێز غالیب ئەنساریئۆغلۆ ئەم پڕۆژەیەی راگەیاند، بەڵام نەیبردە سەر. تۆ ئەم پڕۆژەیە جێبەجێ دەکەیت؟
 
مەهمەت هالیس بیلدەن: پشت بەخوا دروستی دەکەین. ئێمە لە پردی سیلڤان (پردی  فارقین بەرەو فیسکایا) و سەرووترەوە گەلی دروست دەکەین. چونکە لەلای خوارەوە باخچەکانی حەوسەل هەن و ناتوانین دەستیان لێ بدەین، چونکە لەنێو لیستی میراتی جیهانی رێکخراوی یونسکۆدایە. کەس ناتوانێ دەستکاری ئەو شوێنە بکات. ئێمە پڕۆژەکە دروست دەکەین، بەڵام دەریاچە دروست ناکەین. ئاوەکە راناگرین و بەنداو دروست ناکەین. ئێمە پردی زانکۆ و سەرووتری چاک دەکەین. لەلای کەبەش دروست دەکەین، لەو شوێنانەش پڕۆژە جێبەجێ دەکەین.
 
رووداو: کاتێک دەڵێین شارەوانی و باژێرڤانی، ئیتر بوومەلەرزەشمان بە بیر دێتەوە. چونکە لە دوایین بوومەلەرزەدا کە لە 11 شار قەوما و بە دەیان هەزار کەس مردن، خەڵک هەستیارە. بۆ ئەوەی شار لە بوومەلەرزەدا نەڕووخێت و تێکنەچێ، ئێوە چی دەکەن؟
 
مەهمەت هالیس بیلدەن: بۆ بوومەلەرزە، خانووەکانمان بە پتەوی دروست دەکەین. زەویەکەمان زنار، بەرد و وشکە. خانووەکانمان لەسەر ئەم زەوییە دروست دەکەین. لە رووباری دیجلە تاوەکو چیای قەرەچ داخ سەلامەتە. لە باغلار، فیسکایا و شەهیتلیک، چەند گەڕەکی بەوشێوەیە هەن، خانووە کۆنەکانیان دەڕۆخێنین، تێکیان دەدەین و لە شوێنیان خانووی نوێ دروست دەکەین. تەنیا 3-4 نهۆم دروست دەکەین، نهۆمی زیاد دروست ناکەین، بەهیچ شێوەیەک زیانیان پێناگەیێنین. پڕۆژەیەکی باش جێبەجێ دەکەین. لە قوتابخانە، مزگەوت، پارک و هەروەها لە شوێنە گشتییەکان، گۆڕانکارییەکی زۆر دەکەین.
 
رووداو: شارەوانی بە چی ئەو شتانە دروست دەکات؟ باغلار شوێنێکی زۆر گەورەیە. شارەوانی چۆن هێز دەداتە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژانە؟
 
مەهمەت هالیس بیلدەن: توانای شارەوانییەکان زۆرە. کاتێک ئەو توانایە لەپێناو خەڵکی خۆت، بۆ ناوچەی خۆت بەکاربێنی، پارە تەواو نابێ. پارە کێشە نییە. ئەوەی زەحمەتە، کار بکەی و بە سەلامەتی کار بکەی، بە دروستی کار بکەی. کاتێک مەبەستت خزمەت بێت، حکومەت و خواش هاوکاریت دەکەن. توانای شارەوانییەکان زۆرە. ئەگەر بە باشی ئەو توانایانە بەکاربێنین، دەتوانین داهاتی شارەوانییەکانی پێ زیاد بکەین.
 
رووداو: با هەندێک لەسەر مژارەکانی دەرەوەی تەکنیک قسە بکەین. لە شارەوانی دا بۆ زمانی کوردی دەتەوێ چی بکەیت؟ تو کوردی، دایکت کوردە، باوکت کوردە، شار شارێکی کوردییە، تۆ بەنیازی چیت بۆ زمانی کوردی؟
 
مەهمەت هالیس بیلدەن: بۆ زمانی کوردی هیچ کێشەیەک نییە. سەیری بکە چەند خۆش قسە دەکەین. بەرلە ئاکپارتی ئەمە نەبوو. قەدەخە بوو.
 
رووداو: قەیوومەکان هاتن و ناوەکانیان گۆڕی، تابلۆکانیان گۆڕی..
 
مەهمەت هالیس بیلدەن: قەیووم جیایە. کاتێک من بێمە سەر کار، قەیووم دەچنەوە. ئەگەر من بێم، ئیتر قەیوومەکان نامێنن، چونکە ئەوان بە هەڵبژاردن نەهاتوون، بەناچاری هاتوون.
 
رووداو: ئایا ئێوە بە کوردی خزمەت دەکەن؟
 
مەهمەت هالیس بیلدەن: بێگۆمان دەیکەین. بەنیازم زۆر خزمەت بە کوردی بکەم. منیش کوردم و دیاربەکریش (شارێکی) کوردییە. کوردی کولتوورە و کەسیش دژی کوردی نییە. کوردی زمانێکی خۆشە. کوردیش، تورکیش و لازیش دەوڵەمەندی ئێمەیە.
 
رووداو: لەبەرئەوەی ئێمە لە ئامەدین، باسی کوردی دەکەین. رێگە دەدەن کە شانۆی کوردی هەبێ، فیستیڤاڵی کوردی بکرێن؟ ئایا کۆنسێرتی کوردی سازدەکەن یان نا، بۆ وێژەی کوردی ئایا خزمەتێک دەکەن یان نا؟
 
مەهمەت هالیس بیلدەن: بێگومان. ئێمە ئێستا بە کوردی قسە دەکەین. بە کوردیش دەنووسین. تابلۆمان بە کوردی هەن. لە قوتابخانەکان وانەی بژاردە هەن. بەداخەوە هیچ کەس داوکاریی پێشکێش نەکرد، دەمەوێت هەموو هاوشارییەکانم بچن و بۆ منداڵەکانیان وانەی کوردی هەڵبژێرن. ئەم دەرفەتە هەمووی لەلایەن سەرۆککۆمارمان بەڕێز رەجەب تەییب ئەردۆغانەوە ئازاد کرا. کۆرسیش دەکەینەوە. بۆ دەنگبێژەکانمان دەرفەت دەڕەخسێنین. کورد و تورک لە دێرزەمانەوە بران. ئەوانەی جیاکاری بکەن، لە دژیان دەوەستینەوە. دەمانەوێت زیاتر لەمە گەشە بە برایەتیمان بدەین.
 
رووداو: دەپرسم. دانانی قەیوومەکانت پێ راستە یان نا؟
 
مەهمەت هالیس بیلدەن: کەیفم پێی نایێ، بەڵام بەناچاری هاتوونەتە ئێرە. دانانی قەیوومەکانم پێ راست نییە.
 
رووداو: ئەگەر نەیبەیەوە، دووبارە قەیووم دادەنێن یان نا؟
 
مەهمەت هالیس بیلدەن: نازانم. ئێستا دەمەوێ تاوەکو 31ـی ئادار هەموو وزەم بخەمە سەر هەڵبژاردن. دەیبەمەوە. مانگێکە لە دیاربەکر دەگەڕێم. خەڵک منیان خۆشدەوێت. من دەبمە سەرۆک (شارەوانی). من دەیبەمەوە.