وەزیری خوێندنی باڵای سووریا لەبارەی خوێندنی زمانی کوردی: ئەنجوومەنی زانستیی زانکۆکان بڕیار دەدەن
رووداو دیجیتاڵ
عەبدولمونعیم عەبدولحافز، وەزیری خوێندنی باڵایە لە سووریای نوێ، ئەو دەڵێت: سووریا بۆ سووریاییەکان گەڕاوەتەوە و، "هیچ جیاکارییەک لەنێوان پێکهاتەکاندا نییە." لەبارەی خوێندن بە زمانی کوردیش، دەڵێت: "ئەنجوومەنە زانستییەکانی زانکۆکان بڕیاری لەسەر خوێندنی زمانی کوردی دەدەن."
ئەو دەڵێت: ئێستا خەریکی رێکخستنی کاروباری زانکۆکان و بەڕێوەبردنی کارەکانیانن، هەروەها "هیچ گفتوگۆیەک لەبارەی زانکۆی فورات و لقەکانی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر نییە."
زانکۆکان و دامەزراوە پەروەردەییەکانی سووریا پێویستیان بە نۆژەنکردنەوە و ژێرخان هەیە، عەبدولحافز ئاماژەی بەوە کرد، "هەموومان یەک ئامانجمان هەیە کە بنیاتنانی سووریای نوێیە و پێشوازی لە هاوکاریی هەموو وڵاتان دەکەین کە یارمەتیمان بدەن لە بنیاتنانەوە و پەرەپێدانی زانکۆکان."
دەقی هەڤپەیڤینەکە:
رووداو: ئایا دەستکاری پرۆگرامی خوێندنی زانکۆکانی سووریا دەکەن؟
عەبدولمونعیم عەبدولحافز: سەرەتا زۆر بەخێربێن و سەرچاوان، پیرۆزبایی لە گەل و خەڵکەکەمان لە هەموو شوێنێک دەکەین بۆ ئەم ئازادییە پیرۆزە و، رزگاربوون لە ستەم و چەوسانەوە. هیوادارین بە پشتیوانی خودا لاپەڕەیەکی نوێ لە بنیاتنانەوەی وڵاتەکەمان دەستپێبکەین. سەبارەت بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و پلانەکانی خوێندن، بێگومان پلانگەلێکن کە لە هەموو زانکۆکانی جیهاندا ناسراون، بەڵام هەندێک جیاوازی و گۆڕانکاری هەیە کە دەکرێت رووبدەن بەپێی بارودۆخی هەر وڵاتێک. بنەما سەرەکییەکان وەکو خۆیان دەمێننەوە، بەڵام لە هەندێک بابەتی لاوەکیدا دەتوانین گۆڕانکاری بکەین.
رووداو: کەی ئەو گۆڕانکارییانە دەستپێدەکەن؟
عەبدولمونعیم عەبدولحافز: بێگومان گۆڕانکاری بە مانا راستەقینەکەی نییە، بەڵکو پلانێک هەیە بۆ پێداچوونەوەی ئەو پلانانەی کە ئێستا لە زانکۆکاندا هەن، پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت بەو جۆرەی کە لەگەڵ پلانەکانی خوێندنی زانکۆکانی عەرەبی و جیهانیدا بگونجێت. لە هەندێک بابەتدا کە پێویستیان بە گۆڕانکاری هەیە، بۆ نموونە وانەی پەروەردەی نەتەوەیی سۆشیالیستی، یان رۆشنبیریی نەتەوەیی سۆشیالیستی، ئەم وانەیە دەکرێت بگۆڕدرێت، وانەکە وەکو ناو دەمێنێتەوە وەکو وانەیەکی رۆشنبیری، بەڵام دەکرێت تەنیا ناوەڕۆکەکەی گۆڕانکاری تێدا بکرێت بەو شێوەیەی کە لەگەڵ بارودۆخەکەدا بگونجێت وەکو وانەیەکی رۆشنبیری، نەک وەکو ئەوەی پێشتر کە بانگەشەی بۆ بیر و بۆچوون و بنەما سیاسییەکانی رژێم دەکرد.
رووداو: لەسەر گۆڕینی پرۆگرامی قوتابخانەکان ناڕەزایی دروستبوو، ئێوە بۆ زانکۆکان دەستکاری چی دەکەن؟
عەبدولمونعیم عەبدولحافز: سەرەتا، سەبارەت بە پرۆگرامەکانی وەزارەتی پەروەردە، ئەوە پەیوەندی بە وەزارەتی پەروەردەوە هەیە. بەڵام هێشتا هیچ گۆڕانکارییەک لە پرۆگرامەکاندا نەکراوە، ئەوەندەی من ئاگاداربم، گۆڕانکاری لە پرۆگرامەکانی وەزارەتی پەروەردە نەکراوە، تەنیا گۆڕانکاری لە هەندێک زاراوە و هەندێک بابەتدا کراوە کە لە چوارچێوەی یەک وانەدان و هێما بوون بۆ رژێمی پێشوو. تەنیا ئەمە گۆڕدراوە و پرۆگرامەکان بە شێوەیەکی بنەڕەتی نەگۆڕدراون. هەروەها لە وەزارەتی خوێندنی باڵاشدا، وەکو پێشتر گوتم، پرۆگرام و پلانی خوێندن، پلانی زانستین کە لەگەڵ هەر کۆلێژێکدا دەگونجێن و بەپێی پلانەکانی خوێندنن، یاخود لەگەڵ پلانەکانی خوێندنی هەموو زانکۆکاندا دەگونجێن. بەڵام هەندێک بابەتی سادە هەن، وەکو باسمکرد، بۆ نموونە وانەی رۆشنبیریی نەتەوەیی سۆشیالیستی، دەکرێت ناوەڕۆکی ئەم وانەیە بگۆڕدرێت و لە هەندێک وانەی سادەی دیکەشدا دەکرێت گۆڕانکاری بکرێت. بەڵام شێوەی گشتی و پێکهاتەی گشتیی پلانەکانی خوێندن و پرۆگرامەکان وەکو خۆیان دەمێننەوە.
رووداو: ئایا ئەو دەستکارییە پرۆگرامی خوێندنی زانکۆکانی ئیدلب، حکومەتی کاتیی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و کوردستانی سووریا دەگرێتەوە؟
عەبدولمونعیم عەبدولحافز: دوای رزگارکردن، ناوچەی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزیسیۆن و ناوچەی ژێر دەسەڵاتی گرووپەکان یان گرووپی دیکە نەماوە. سووریا هەمووی بۆ سووریاییەکان گەڕاوەتەوە. سووریا وەکو خۆی گەڕایەوە، دەوڵەتێکی ناوەندی کە کێش و قورساییەکەی لە جیهانی عەرەبی و تەنانەت لە جیهانیشدا هەیە. سووریا بۆ هەموو سووریاییەکانە. سووریا خاوەنی مێژوویەکی رۆشنبیری و شارستانی زۆر دێرینە و چەندین پێکهاتەی تێدایە، هەموو ئەو پێکهاتانەش رۆڵیان لە بنیاتنانی سووریای نوێدا هەیە، چ پێکهاتەی کوردی بێت یان پێکهاتەکانی دیکە کە لە سووریا دا هەن. ئێمە هەموومان لە سووریا سووریایین، هەموومان برای یەکدین، هەموومان یەک ئامانجمان هەیە کە بنیاتنانی سووریای نوێیە، بنیاتنانی مرۆڤە کە لە سەردەمی رژێمی پێشوودا وێرانکاری لە ئاستی رۆشنبیری و گەندەڵی لە هەموو ئاستەکانی دیکەدا روویدا، هەروەها سووریا لە رۆڵی رۆشنبیری و شارستانی خۆی لە قۆناخەکانی پێشوودا دوورکەوتبووەوە. بە خواستی خودا ئێمە لە سەردەمێکی نوێداین، لە لاپەڕەیەکی نوێداین، بنیاتنانی لاپەڕەیەکی نوێ، ئەم لاپەڕەیەش ناکرێت بنیاتبنرێت تەنیا بە یارمەتی و بەشداریی هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگای سووریا بە هەموو پێکهاتەکانییەوە نەبێت.
رووداو: لەنێوان ساڵانی 2011 - 2024 چەند زانکۆیەک لە ناوچەکانی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و کوردستانی سووریادا دروستبوون. چۆن پرۆسەی داننان بە هەموو زانکۆکان دەست پێدەکەن؟
عەبدولمونعیم عەبدولحافز: بەڵێ، وەکو پێشتر گوتم، چەند زانکۆیەک هەبوون بۆ بەڕێوەبردنی پرۆسەی خوێندن لەو ناوچانەی کە سووریاییەکان لەلایەن رژێمی رووخاوەوە بۆی ئاوارە کرابوون، ئەمانەش لەبەر پێویستی هەبوون. ئەم زانکۆیانە لەلایەن ئەنجوومەنی خوێندنی باڵا لە حکومەتی رزگاری متمانەپێدراو بوون و پەسەند کرابوون. ئێستا سووریا بە هەموو زانکۆکانییەوە سەر بە ئەنجوومەنی خوێندنی باڵای حکومەتی سووریا یان حکومەتی بەڕێوەبردنی کارەکانە. بە خواستی خودا مامەڵە لەگەڵ هەموو زانکۆکان بە هەمان شێوە و بە هەمان پێوەر دەکرێت، چ زانکۆی گشتی بن یان تایبەت، ئەگەر پێوەرەکانی متمانەپێدان بۆ زانکۆ تایبەتەکان جێبەجێ بکرێن.
رووداو: ئایا بیر لەوە دەکەنەوە کە کۆنفرانسێک بۆ کۆکردنەوەی سەرۆکی هەموو زانکۆکان لە سووریا بکەن؟
عەبدولمونعیم عەبدولحافز: بەڕێزم، ئێمە لە دوای رزگارکردنەوە چووین بۆ ئەو زانکۆیانەی کە بە تازەیی رزگار کراون، پارێزگاریمان بۆ دابینکردن و لیژنەمان بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری ئەم زانکۆیانە پێکهێنا. هەروەها کۆبوونەوەمان لەگەڵ ئەنجوومەنی زانکۆکان، لەگەڵ ستافەکان و کارگێڕەکانی ئەم زانکۆیانە ئەنجام دا. سەردانی هەموو ئەو زانکۆیانەمان کرد کە بە تازەیی رزگارکراون، هەروەها لیژنەمان بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری کارگێڕی ئەم زانکۆیانە پێکهێنا کە لەژێر سەرپەرشتی ئەنجوومەنی خوێندنی باڵادایە.
رووداو: خوێندن و کاتی تاقیکردنەوەکانی ئێستا هیچ گۆڕانکاری بەسەردا دێت؟
عەبدولمونعیم عەبدولحافز: سیستمی خوێندن لەم ساڵی خوێندنەدا وەکو خۆی دەمێنێتەوە تاوەکو کۆتایی ساڵی خوێندن، لەبەر ئەوەی ئێمە لە کۆتایی وەرزی یەکەمداین. جیاوازییەک هەبوو لەنێوان سیستمی خوێندن لەو زانکۆیانەی کە سەر بە حکومەتی رزگاری بوون و ئەو زانکۆیانەی کە بە تازەیی رزگارکراون. لە زانکۆی ئیدلیب بۆ نموونە، ئێمە پەیڕەوی سیستمی وەرزیی هەموارکراو دەکەین کە سێ خولی تاقیکردنەوە لەخۆدەگرێت، لە کاتێکدا زانکۆکانی دیکە پەیڕەوی سیستمی وەرزیی ئاسایی دەکەن کە تەنیا دوو خولی تاقیکردنەوە لەخۆدەگرێت. کەواتە جیاوازی لە سیستمی خوێندندا هەیە و ئێستا لەم ساڵی خوێندنەدا ناکرێت یەکبخرێت، چونکە خوێندکاران دەستیان بە خوێندن کردووە و ئێمە لە کۆتایی وەرزی یەکەمداین. بە پشتیوانی خودا لە ساڵی خوێندنی داهاتوودا، شێوازی خوێندن و کاروبارەکان بۆ هەموو زانکۆکان یەکدەخەین کە دەچنە ژێر یەک سیستمی خوێندن بە پشتیوانی خودا.
رووداو: هەندێک مامۆستای زانکۆ لە دیمەشق دەڵێن مووچەکەیان بەشی سێ رۆژ دەکات. مووچەی ئێستای مامۆستایانی زانکۆ چەندە و دەتانەوێت بیکەنە چەند؟
عەبدولمونعیم عەبدولحافز: بێگومان، ئێمە تێبینی ئەوەمان کردووە کە مووچەی کارمەندانی زانکۆ و ستافەکان کەمە، هەروەها لە هەموو وەزارەتەکانیشدا، مووچەکان کەمن و تەنیا بەشی چەند رۆژێکی کەمی مانگ دەکەن. لەبەر ئەوە، سەرکردایەتی و حکومەت پلانێکیان داناوە بۆ ئەوەی وردە وردە دۆخی گوزەران باشتر بکرێت، بە پشتیوانی خودا زیادکردنێک بە رێژەی 400% بۆ مووچەکان دەکرێت لە ئایندەیەکی نزیکدا.
رووداو: زۆر چەکداری بیانی لەگەڵ هێزەکانی هەتەشەدان، ئایا رێگە دەدەن منداڵەکانیان لە زانکۆدا بخوێنن؟
عەبدولمونعیم عەبدولحافز: بێگومان ئێمە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا و لە سووریا پشت بە بابەتە ئەکادیمی و زانستییەکان دەبەستین. ئەو خوێندکارانەی کە هەن و پێوەرەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەیانگرێتەوە، دەتوانن بچنە زانکۆکان، هەر کەس بن، تەنانەت ئەوانەی لە سووریا دەژین و لێرە بڕوانامەی دواناوەندییان پێشکێش کردووە و یاساکان دەیانگرێتەوە. ئەگەر مەرجەکان بیانگرێتەوە، دەتوانن بچنە زانکۆکان.
رووداو: وەزارەتی گەشەپێدانی ئەڵمانیا بڕیاریداوە یارمەتی کەرتی پەروەردە و خوێندنی سووریا بدات، بەڵام مەرجی سەرەکی ئەوەیە خوێندن دووربێت لە ئایدۆلۆجیا، جیاکاری و پەراوێزخستن. ئێوە چ دەکەن بۆ نەهێشتنی پەراوێزخستنی هەموو نەتەوەو ئاینێک لە سووریا لە پرۆگرامەکانی خوێندن دا؟
عەبدولمونعیم عەبدولحافز: بێگومان ئێمە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا پرۆگرامی پەیڕەوکراومان هەیە، هیچ جیاکارییەک لە نێوان پێکهاتەکاندا نییە، وەکو پێشتر باسمکرد، هەموومان سووریایین و هەموومان لەم نیشتمانەداین بۆ بنیاتنانی ئەم نیشتمانە. ئەوەی بەسەر پێکهاتەیەکدا جێبەجێ دەبێت، بەسەر پێکهاتەکانی دیکەشدا جێبەجێ دەبێت، هەموویان هەمان مافیان هەیە و هەمان ئەرکیشیان لەسەرە، هەرگیز هیچ جیاکارییەک نییە.
رووداو: تائێستا چەند وڵات ئامادەییان دەربڕیوە بۆ هاوکاریکردنی وەزارەتەکەی ئێوە؟
عەبدولمونعیم عەبدولحافز: بێگومان، چەندین وڵات و قەوارەی زانستی دەستیان بە ئامادەکاری کردووە بۆ هاوکاری و زانینی ئەو پێداویستییانەی کە لەوانەیە ئێستا زانکۆکان پێویستییان پێیانبێت. لە ئێوەی ناشارمەوە کە بارودۆخەکە، وەکو پێشتر باسمکرد، لەڕووی ژێرخانەوە لە زانکۆکاندا پێویستی بە کارێکی زۆر و توانایەکی زۆر هەیە. ئێمە پێشوازی لە هەموو هاوکارییەک و هەموو ئەو دەوڵەتانە دەکەین کە دەتوانن یارمەتیمان بدەن لە دووبارە بنیاتنانەوە و پەرەپێدانی ئەم زانکۆیانەدا.
رووداو: بەدیاریکراوی چەند وڵات ئامادەییان دەربڕیوە بۆ هاوکاریکردن؟
عەبدولمونعیم عەبدولحافز: ئێمە ئێستا خەریکی رێکخستنی کاروباری زانکۆکان و بەڕێوەبردنی کارەکانیانین لە رووی کارگێڕی و خزمەتگوزارییەوە. ئێستا سوپاس بۆ خوا، خوێندکاران و ستافەکان بەشێوەیەکی ئاسایی دەگەڕێنەوە زانکۆکان و تاقیکردنەوەکانیان ئەنجامدەدەن. بارودۆخەکەش بەرەو ئاسایی بوونەوە دەچێت، سوپاس بۆ پەروەردگاری جیهانیان. چاومان بە چەندین شاندی هەندێک دەوڵەت کەوتووەو کە ئامادەیی خۆیان دەربڕیوە بۆ هاوکاریی زانستی و بەشداریکردن لە کۆنفرانسەکان و سازدانی وۆرکشۆپی زانستی بۆ پەرەپێدانی زانستی و پەروەردەیی و هاوئاهەنگی زانستی لە نێوانماندا. هەروەها لەوانەیە پەیوەندی زیاترمان لەگەڵ دەوڵەتانی دیکەش هەبێت بۆ زیادکردنی هاوکارییەکان.
رووداو: ئەو شاندانەی ئاماژەت پێدا، لەکام وڵاتانە بوون؟
عەبدولمونعیم عەبدولحافز: بێگومان لە چەند شوێنێکەوە، لە تورکیا، لە کۆمەڵگە عەرەبییەکانی دانیشتووی ئەمریکاوە، لە وڵاتانی عەرەبییەوە هەن و لایەنی دیکەش. ئێستا ناتوانین ژمارە و ناوی هەموو ئەو وڵاتانە بخەینەڕوو کە هەوڵی پەیوەندیکردن لەگەڵمان دەدەن بۆ هاوکاری لە بواری زانستی و بواری خوێندنی باڵا.
رووداو: ئایا هەڵسەنگاندتان کردووە بۆ ئەو بوارانەی کە پێویستیتان بە هاوکارییە؟ ئەو بوارانە چین؟
عەبدولمونعیم عەبدولحافز: لەڕووی ژێرخانەوە، پێویستیمان بە نۆژەنکردنەوەی ژێرخان هەیە لە تاقیگەکان و هۆڵەکان و ئەو بینایانەی کە لە زانکۆکاندا هەن، چونکە کەموکوڕی گەورە و لاوازی و نەبوونی چاودێری بۆ چەندین ساڵ هەبووە. هەروەها لەو ئامێرانەی پێویستمانن، ئامێری تاقیگەکان و ئەو کەرەستانەن کە ئەو تاقیگانە پێویستیانە، هەروەها لەڕووی تەکنەلۆژیاوە، لە کۆمپیوتەرەوە بگرە تا دەگاتە شتەکانی دیکە. کەموکوڕی تەکنیکی و کەمی ئامێر لە تاقیگە زانستییەکانی کۆلێژە تەکنیکییەکاندا هەیە. ئەمانە هەموویان بە پشتیوانی خودا و بە هاوکاریی دۆستەکانمان، هەوڵدەدەین هەموو شتەکان نۆژەن بکەینەوە، چ لەڕووی ژێرخانەوە و چ لەڕووی ئەو شتانەی کە ئەو زانکۆیانە پێویستیانە بە پشتیوانی خودا لە داهاتوودا.
رووداو: چ دەکەن بۆ ئەوەی رەنگدانەوەی زمان، ناسنامە، کولتوور و مێژووی هەموو نەتەوەکان و ئایینەکان لە سووریا لە پرۆگرامی خوێندنی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتی و شارستانی و زمانییەکان دا هەبێت؟
عەبدولمونعیم عەبدولحافز: سووریا خاوەن مێژوویەکی دێرینە، مێژوویەکی شارستانی کە بە قووڵایی مێژوودا درێژ دەبێتەوە. زانکۆکانی سووریا مینبەری زانست بوون و چەندین زانا لە ئاستی رۆشنبیری و زانست و پزیشکی لە بوارە جیاجیاکاندا لێیانەوە دەرچوون. بە پشتیوانی خودا زانکۆکانی سووریا وەکو پێشوو دەگەڕێنەوە و هەموو کولتوور و بەهاکان لەخۆدەگرن، هەموو بابەتەکان بە پشتیوانی خودا لە زانکۆکاندا دەخوێندرێن، چونکە هیچ پێکهاتەیەک لە پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا دوور ناخرێتەوە.
رووداو: خوێندنی کوردی تەنیا وەک بەشێک لە زانکۆی دیمەشق هەبوو. چ دەکەن بۆ بایەخدان بە زمانی کوردی، وەک زمانی دووەمین گەورەترین نەتەوە لە سووریا؟
عەبدولمونعیم عەبدولحافز: ئەم بابەتە لایەنە پسپۆڕەکان، لایەنە زانستییە پسپۆڕەکان و ئەنجوومەنە زانستییەکانی زانکۆکان بڕیاری لەسەر دەدەن. ئەگەر پێویستی بە کردنەوەی بەشی دیکە لە زانکۆکانی دیکەدا هەبێت، ئێمە پێشوازی لێدەکەین. ئەمانە هەمووی بابەتی تەکنیکین، بابەتی ئاستی زانکۆن کە ئەنجوومەنی زانکۆکان ئەنجامی دەدەن و ئەوان پێویستییەکانی کردنەوەی پسپۆڕیی نوێ یاخود بەشی نوێ دیاری دەکەن.
رووداو: کاری لەسەر دەکەن؟
عەبدولمونعیم عەبدولحافز: وەکو لە سەرەتادا گوتم، ئێمە ئێستا لە سەرەتای رێکخستنی کاروباری زانکۆکانداین لە هەموو رووەکانەوە. پلانەکانی خوێندنیش وەکو باسمکرد، لەم ساڵی خوێندنەدا پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت بە پشتیوانی خودا، دەکرێت هەندێک وانە کە هێما بوون بۆ رژێمی پێشوو و شتی لەو جۆرە بگۆڕدرێن. وەکو گوتم، ئەگەر پێویستی بە کردنەوەی بەشی نوێ هەبێت، دەکرێت لە ئاستی ئەنجوومەنی زانکۆکاندا بێت کە پسپۆڕی و وانە و ئەو بابەتانە دیاری دەکەن کە دەکرێت بۆ پلانی خوێندن زیاد بکرێن.
رووداو: هیچ گفتوگۆیەکتان هەیە لە بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر سەبارەت زانکۆکانی رەقە و ناوچەکانی کوردستانی سووریا؟
عەبدولمونعیم عەبدولحافز: لە رەققە، زانکۆی فورات لە دێرەزوور هەیە و لقی لە رەققە و قامیشلۆ هەیە، سەر بە ئەنجوومەنی خوێندنی باڵایە و لیژنەیەک راسپێردراوە بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری زانکۆی فورات بە هەموو کۆلێژ و لق و بەشەکانییەوە. پێکهاتەیەکی سەرەکییە لە ئەنجوومەنی خوێندنی باڵا لە ناوچەی رۆژهەڵات.
رووداو: بەڵام هیچ گفتوگۆیەک هەیە؟
عەبدولمونعیم عەبدولحافز: ئێمە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا هیچ پەیوەندی یاخود گفتوگۆیەکی لەو جۆرەمان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر نییە. تەنیا گرنگی بە کاروباری وەزارەتی خوێندنی باڵا و کاروباری زانکۆکان دەدەین. بابەتەکانی دیکە، دەکرێت گفتوگۆ لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی سیاسی هەبێت ئەگەر بابەتی پەیوەندیدار بە کاروباری سیاسی هەبێت. ئێمە لە وەزارەتی خوێندنی باڵا گرنگی بە بوونی زانکۆکان لە ناوچە جیاوازەکانی سووریا دەدەین و ناوچەی رۆژهەڵات یەکێکە لەو ناوچانە کە زانکۆی فوراتی تێدایە و چەندین لقی هەیە، کۆلێژی زۆر و پەیمانگەی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت. گرنگی پێدەدەین و هەوڵی پەرەپێدانیشی دەدەین وەکو زانکۆکانی دیکەی سووریا، وەکو باسمکرد پێکهاتەیەکی رەسەن و سەرەکییە لە ئەنجوومەنی خوێندنی باڵای سووریا.
رووداو: بەڕێز عەبدولمونعیم عەبدولحافز سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە.
عەبدولمونعیم عەبدولحافز: زۆر سوپاس بۆ ئێوەش.