سەرۆکی UNFPA لە عێراق: ژمارەی دانیشتووان لە کوردستان ساڵانە 130هەزار زیاد دەکات، لە عێراق 870 هەزار


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی رێکخراوی سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان لە عێراق دەڵێت، ساڵی داهاتوو سەرژمێریی گشتی لە عێراق دەکرێت. دەشڵێت، گەشەی دانیشتووان لە عێراق ساڵانە 870 هەزار کەس و لە هەرێمی کوردستانیش 130 هەزار کەسە.
 
نێستەر ئۆوموهانجی، سەرۆکی رێکخراوی سندووقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتووان لە عێراق (UNFPA) لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژ عەلی زاڵە لەگەڵی ئەنجامی دا، لەبارەی سەرژمێریی گشتی لە عێراق، بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما، کەمبوونەوەی ئاو و کێشە خزمەتگوزارییەکان قسەی کرد.
 
نێستەر ئۆوموهانجی لە بەشێکی قسەکانیدا رایگەیاند، حکومەتی عێراق بڕیاریداوە ساڵی داهاتوو سەرژمێریی گشتی بکات، چونکە عێراق لە ساڵی 1987ـەوە سەرژمێریی تەواوی دانیشتووانی نەکردووە. گوتیشی، لەو سەرژمێرییەدا لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە ئەو بڕگەیە لە پرسیارەکاندا لاببرێت کە کێ کورد و کێ عەرەبە، حکومەتی عێراق دەیەوێت ئاماری سەرژمێریی گشتی دەستبکەوێت.
 
سەرۆکی UNFPA لە عێراق باسی لەوە کرد، نزیکەی چارەگێکی ژنانی عێراق نایانەوێت منداڵیان ببێت. گوتیشی، بەگشتی دانیشتووانی عێراق بە گەنج ئەژمار دەکرێن.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەرۆکی UNFPA لە عێراق:
 
رووداو: زۆر سوپاس کە لەگەڵمانیت. دەمەوێت لە پرسەکانی ئەمساڵتانەوە دەست پێ بکەم کە ژنان و گۆڕانی کەشوهەوایە. بۆچی عێراق ئەم بابەتەی هەڵبژاردووە و یو ئێن ئێف پی ئەی چۆن لەم بابەتەدا هاوکار دەبێت؟ 
 
نێستەر ئۆوموهانجی: خۆی لە ئاستی جیهاندا، یوئێن ئەمساڵی بۆ رۆژی جیهانیی ژمارەی دانیشتووان هەڵبژاردووە وەکو بابەتێکی بەهێزکردنی ژنان. هێزی ژنان یان یەکسانیی جێندەری ئازاد دەکات. جا عێراقیش هەر بە راستی وایە و گۆڕانی کەشوهەوای کردووەتە کاری لەپێشینەی. وا دەردەکەوت کە پێویست بێت گۆڕانی کەشوهەوا وەکو کاری لەپێشینەی پەیوەند بکرێت لەگەڵ یەکسانیی جێندەرییدا و دان بەوەدا بنرێت کە یەکسانیی جێندەری بە دی نایەت ئەگەر کێشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا چارەسەر نەکرێن. حکومەت ژیرانە بەدوایدا چوو کە دەبێت بابەتێکمان هەبێت پەیوەندی بە ژنان و گۆڕانی کەشوهەواوە هەبێت. ئێمە وەک یوئێن ئێف پی ئەی پشتیوانیی ئەو بابەتە دەکەین کە پەیوەندیی بە بابەتی جیهانییەوە هەبێت، چونکە ئێمە لەگەڵ حکومەتدا کار لەسەر دیاریکردنی کێشەکان یان گۆڕانی کەشوهەوا دەکەین هاوتەریب بە پرسی ژنان. جا ئێمە تازەکی دەست پێدەکەین و خەریکی چەند لێکۆڵینەوەیەکین، بۆ نموونە لە زۆنگاوەکاندا تا سەیری کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر ژنان بکەین، کە روونن. ئەمە دەستپێکە، چونکە دەمانەوێت کاریگەرییەکە بزانین تا بتوانین بچینە پال حکومەت بۆ ئەوەی بزانین چۆن دەتوانین بە راستی وا بکەین ژنان مامەڵە لەگەڵ کێشەکانی کەشوهەوادا بکەن بۆ ئەوەی خۆیان لە پێشهاتەکانی داهاتوو بپارێزن. 
 
رووداو: باشە، یو ئێن ئێف پی ئەی کار لەسەر ژمارەی دانیشتووان و کێشەکانی دەکات. تێگەیشتنتان بۆ ژمارەی دانیشتووانی عێراق چییە؟ چ ئامارێکتان لە بەردەستدایە. هەروەها هەندێک راپۆرت هەن باس لەوە دەکەن کە ژمارەی دانیشتووان لە هەرێمی کوردستان هاوشانی عێراق زیاد ناکات بە تایبەتی لە لایەنی رێژەی لەدایکبوونەوە. بۆیە ژمارەی دانیشتووانی کەم دەکات و، لە عێراقیش زیاد دەکات یان هاوشانی یەک زیاد ناکەن. ئێوە لەوە چۆن تێدەگەن؟ 
 
نێستەر ئۆوموهانجی: بە گشتی دانیشتووانی عێراق بە گەنج ئەژمار دەکرێن. لە بنچینەدا گەنج بەو مانایە دێت کە وەک پێشبینییەک بۆ داهاتوو ژمارەی ئەو خەڵکەی لە دایک دەبن زیاد دەبێت. جا خەمڵێنراوە کە دانیشتووانی عێراق بە رێژەی نزیکەی 3.6٪ گەشە دەکات، بەڵام لە راستیدا ئەوە بەو مانایە نییە کە زۆر بێت. بەو مانایەیە کاتێک ئەو کەسانەی ئەم وڵاتە جێ دەهێڵن و ئەو کەسانەی دەمرن ئەژمار بکەیت و، ئەو لەدایکبووان و ئەوانەی دێنە ناو عێراقەوە بخەیتە سەری، ئەوا ساڵانە ملیۆنێک کەس بۆ ئەم وڵاتە زیاد دەبن. 
 
رووداو: ساڵانە ملیۆنێک؟ 
 
نێستەر ئۆوموهانجی: ساڵانە ملیۆنێک کەس زیاد دەبن بە شێوەیەکی رێژەیی ژمارەیەکی زۆرە، چونکە بە پشتبەستن بە رەوتی پلاندانان، ئەوا دەبێت پلان بۆ ملیۆنێک زیاتر و ئەوانەیش کە هەتن دابنێیت. دەبێت بۆ هەردووکیان پلان دابنێیت. دانیشتووانی زۆر بە هیچ شێوەیەک کێشە نییە، کێشەکە تەنیا لەو کاتەدایە کە ئەوانەی نایانەوێت منداڵیان ببێت، کەچی دەیانبێت لەبەر ئەوەی هیچ بژارەیەکیان نییە. جا ئێمە لە رێگەی داتاکانمانەوە دەزانین کە هەموو پێنج بۆ 10 ساڵ جارێک کۆیان دەکەینەوە، لە راستیدا نزیکەی چارەکێکی ژنانی عێراق نایانەوێت منداڵیان ببێت، کەچی هیچ بژارەیەکیشیان نییە. نازانن لە کوێ ئامڕازی رێگری لە منداڵبوون پەیدا بکەن یان خۆیان لە سکپڕی بپارێزن، یان بژارەیان نییە، چونکە مێردەکانیان یان کەسوکاریان داوای منداڵیان لێ دەکەن. جا نیگەرانییەکە لێرەدایە، بەڵام خودی ژمارەکان کێشە نین. ئێستا تۆ باسی کوردستان دەکەیت. 
 
رووداو: بەڵێ، راستییەکەی، ئایا ئێمە دەزانین کە چ ناوچەیەک ئەو ملیۆنە زیاد دەکات؟ 
 
نێستەر ئۆوموهانجی: ئەوە پەیوەندیی بە فەرهەنگەوە هەیە و دەتوانم پێت بڵێم، ئەگەر هیی کوردستانت دەوێت، ئەوە نزیکەی 130 هەزارە، ساڵانە ئەوەندە بۆ دانیشتووانەکەی زیاد دەبێت.  
 
رووداو: یانی کوردستان ساڵانە 130 هەزار زیاد دەکات بۆ ژمارەی دانیشتووانەکەی و، ئەو 900 هەزارەی دیکە؟
 
نێستەر ئۆوموهانجی: 870 هەزاری هیی عێراقە.  
 
رووداو: باشە، ئەوە ناهاوسەنگییەک لە پرسی زۆربوونی دانیشتوواندا دروست ناکات؟
 
نێستەر ئۆوموهانجی: بە هیچ شێوەیەک، ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ ئەو خاڵەی کوردستان بەرامبەر بە عێراق، ئەوە راستە کە گەشەی دانیشتووانی کوردستان لە چاو عێراقدا کەمێک رێژەکەی کەمترە. نزیکەی 3.6٪ بۆ وڵاتەکە و 3.4٪ بۆ کوردستان. ئەوە جیاوازییەکی زۆر کەمە. لە لایەنی گەشەوە ئەوە جیاوازییەکی زۆر کەمە، بەڵام ئەوەیش دەزانین کە هەرێمی کوردستان کە تۆزێک زیاتر دەگەشێتەوە و ئەوی پێی دەگوترێت گواستنەوەی دیموگرافی، ئەو وڵاتانەی لە لەدایکبوون و مردنی زۆرەوە دەگوازرێنەوە بۆ لەدایکبوون و مردنی کەم هەمیشە لە ژمارەی زیادبوونی خەڵکیاندا کورتهێنانیان دەبێت. جا کوردستان لەم لایەنەوە لە تەواوی عێراق خێراتر دەڕوات. ئەمە شتێکی نەرێنی نییە، ئەمە شتێکی ئەرێنییە، چونکە شتێکی پەیوەندیدارە. تەنانەت لە خودی عێراقیشدا دەتوانین لەم ژمارە زۆرەی دانیشتووانەوە کە شەش کەسە بۆ خێزانێک بچین بەرەو چوار یان سێ و نیو و شتێکە کە مسۆگەر روودەدات، چونکە ئەوە جیهانییە و جیهان بەو ئاراستەیە دەچێت. نیگەرانییەکە لە کوێدایە؟ نیگەرانییەکە لەوێدایە ولاتێکت هەبێت نەتوانێت شوێنی خۆی پڕ بکاتەوە. بۆ نموونە تۆ ژن و مێردێکت هەیە و ناتوانن شوێنی خۆیان پڕ بکەنەوە. جا ئێمە کڵێشەیەکی جیهانیمان بۆ گەشە هەیە کە 2.1ـە. بۆیە پێویستە رێک لەو ئاستەدا گەشە بکەین کە بتوانین شوێنی خۆمان پڕ بکەینەوە. جا عێراق نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە، پاکستانیش نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە. بۆیە ئەوە کێشە نییە. کێشەکە ئەوەیە کە ئایا ئێمە دەتوانین لەوە دڵنیا ببینەوە کە ئەم خێزانانە پشتیوانیی خۆیان بکەن و لەسەر رێڕەوی داهاتوو بڕۆن؟ 
 
رووداو: بەڵام ئەوە، دەکرێت بڵێین کە عێراق هەندێک کاتی پێ دەچێت تا دەگاتە ئەو ئاستە. جا دەزانین کە عێراق دۆخێکی سیاسیی زۆر ناسکی هەیە. زۆربوونی دانیشتووان بەم رێژەیەی کە ئێستا هەیە، پێتان وایە کە هەندێک کێشەی کۆمەڵایەتی و سیاسی بەهۆی ئەو ناهاوسەنگییەوە دروست ببێت؟
 
نێستەر ئۆوموهانجی: پێموایە، ئەوەی زیاتر بیری لێ دەکەمەوە ئەوەیە کە پێشتر لە عێراق بووم لە 2014 و 2018دا و ئێستایش ئەوە وەک نوێنەری یو ئێن ئێف پی ئەی گەڕاومەتەوە، کێشەی قەبارەی دانیشتووان لە چاو جاراندا لە هەرێمەکان و پارێزگەکاندا زیاتر لێی تێدەگەن، بۆیە وا نابینم لە داهاتوویەکی نزیکدا سیاسەت لە دەوروبەری ژمارەی دانیشتوواندا هەبێت. لە راستیدا بە هاوڕێکانمم دەگوت کە ئەوە عێراقە زۆر دیموگرافی دەناسێت، زیاتر لە زۆر وڵاتی دیکە نزیکەی هەموو کەسێک دەزانن دیموگرافی چییە، بۆیە پێم وایە ئەم پرسیارە لەبارەی دیموگرافییەوە زیاتر لێی تێدەگەن، چونکە لە کۆتایی رۆژەکەدا خەڵکی دەگەنە هەمان چینی هەژاری، خەڵک دەگەنە هەمان چینی خۆشبژێوی. ئەمە پەیوەندیی بەوەوە نییە کە تۆ لەو کەسانەیت لەوانی دیکە دەوڵەمەندترن. کاریگەرییەکانی تیرۆر و داعش کاریان لە هەمووان کردووە نەک تاکەکەس. بۆیە لەوە تێدەگەن و بڕوام وایە تا پلانەکان لە هەموو بوارەکاندا کار لە دانیشتووان بکەن، تا گەشەکردن بۆ هەمووان بێت، لە داهاتوودا ئەم پرسیارە نابێت و کێشەی سیاسەت بە دەوری ژمارەی دانیشتوواندا سەر هەڵنادات. 
 
رووداو: باشە، پێشتر گوتت کە ساڵانە ملیۆنێک کەس بۆ ژمارەی دانیشتووانی عێراق زیاد دەکات. ئەوەش 130 هەزاری لە کورستان و 870یەکەی دیکە لە عێراق. ماوەیەکی زۆرە لە عێراق سەرژمێری نەکراوە. ئێوە ئەم ئامارەتان لە کوێوە هێناوە؟
 
نێستەر ئۆوموهانجی: وایە. کاتێک ئاماژە بەم کڵێشانە دەکەین، ئەوانە نزیکەیین و لەسەر بنەمای پێشبینییەکانن. جا ئێستە ئەوەی مایەی داخە ئەوەیە کە لە راستیدا عێراق لە ساڵی 1987ـەوە سەرژمێریی تەواوەتیی دانیشتووانی نەکردووە. ئەو کاتە سەرژمێری لە تەواوی وڵاتدا کراوە. ساڵی 1997ـیش هەوڵێکی سەرژمێریی دیکە دراوە، بەڵام بەبێ لەخۆگرتنی هەرێمی کوردستان، چونکە هەرێمەکە ئامادە نەبووە و هیچ رێککەوتنێک نەبووە لەسەر ئەوەی چۆن ئەم سەرژمێرییە بکرێت. بۆیە بە دڵنیاییەوە ئەو کڵێشانەی دەیاندەین نزیکەیین و لەسەر پێشبینی بەندن کە ئێمە لەو سەرژمێرییانەی ساڵانی پێشووەوە بە رێژەیی شکاندووماننەتەوە.  
 
رووداو: راستە، ئاشکرایە کە پێویستییەکی زۆر بۆ کردنی سەرژمێرییەک هەیە، یو ئێن ئیف پی ئەی، چۆن دەتوانێت هاوکاریی عێراق بکات لە کردنی؟
 
نێستەر ئۆوموهانجی: خۆشحاڵم کە ئاماژەت بەو پێویستییە کرد. سەرژمێری پێویستە، چونکە هەرکەسێک کە سەیری ئەم بەرنامە یان هەڤپەیڤینە دەکات، رەنگە ئەوە بڵێت، بەڵام ئێمە پێویستمان بە سەرژمێری نییە و ئەم شتە چییە؟ سەرژمێری ژمارەی تەواوەتیی خەڵکە. تۆ ناتوانیت پلان بۆ وڵاتێک دابنێیت ئەگەر نەزانیت چەند کەست هەیە، لە کوێ نیشتەجێن، پێکهاتەی دانیشتووان چۆنە، چەندیان منداڵن، چەنیان گەنجن، چەندیان ئافرەتن، چەندیان پیاون و چ خزمەتگوزارییەک بەردەستە، بۆیە سەرژمێری دەرفەتت دەداتێ هەموو ئەمانە بزانیت، بەڵام لەناو سەرژمێرییشدا لیستی خزمەتگوزارییەکانی دەوروبەری خەڵک هەیە. کاتێک سرووشتی خانووەکان دەزانیت، نەخۆشخانەکان و قوتابخانەکان دەزانیت و هەموویان تۆمار دەکرێن، ئەوا دەتوانیت بزانیت چەندە نەخۆشخانەت هەیە، چەندە قوتابخانە و وێستگەی ئاوت هەیە و سرووشتی خانووەکان چۆنە و سرووشتی قەبارەی دانیشتووان بەپێی خێزان چۆنە، بۆیە تۆ وەک وڵات پێویستت بەمەیە. ئێستا سەرژمێری ئەم شتە گرنگەیە، بەڵام سەرژمێری هەر ئەو رۆژەی دەکرێت، بەسەر دەچێت، لەبەر ئەوەی لە رۆژی سەرژمێرییەکەدا حکومەت داوا لە هەمووان دەکات کە تکایە لە ماڵەوە بمێننەوە، چونکە سەرژمێرنووسانێک دێن چێکتان دەکەنەوە. رۆژێک دوای سەرژمێرییەکە، هەموو شتێک دەگۆڕێت. خەڵک لە وڵات دەچنە دەرەوە، خەڵک کۆچ دەکەن، منداڵ لە دایک دەبن، خەڵک دەمرن. سەرژمێری بۆ پێشبینی گرنگە. جا سەرژمێری بۆ هەر پلاندانەرێک گرنگە، چونکە بەندە لەسەر ئەو ژمارانەی کە تۆ دەتوانیت لە رێیەوە  پێشبینی بکەیت لە فڵان رۆژدا چەند کەس هەن، چەند کەس لە دایک دەبن، چەند کەس منداڵن. ئەو شتە گرنگەیە. جا من زۆر خۆشحاڵم کە حکومەتی عێراق بڕیاری داوە کە کاری لەپێشینەیە لە بودجەی ئەمساڵدا و دەبێت ساڵی داهاتوو سەرژمێری بکرێت و لە مانگی کانوونی یەکەمدا ژمارەی تەواوەتی هەبێت. جا ئێمەیش هەموومان دڵخۆشین.  
 
رووداو: پێتوایە ساڵی داهاتوو سەرژمێری بکرێت؟
 
نێستەر ئۆوموهانجی: بڕوام وایە سەرژمێری دەکرێت. پێشتر کە لێرە بووم، بڕوام نەدەکرد. ئێستا بە تەواوەتی بڕوا پێیەتی. قسەم لەگەڵ وەزیری پلاندانان و نووسینگەی سەرژمێریی فیدراڵی کردووە، قسەم لەگەڵ وەزیری پلاندانانی هەرێمی کوردستاندا کوردووە، قسەم لەگەڵ سەرۆکی دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستان کردووە، کاک سیروان. من دڵنیا کراومەتەوە کە سەرژمێری دەکرێت، چونکە پرسیاری هەستیاری نەژادی یان لابراون و لەسەریان رێککەوتوون، کە ئەوەیش کێشەیەکی سەرەکی بوو. بۆیە سەرژمێری بۆ مەبەستی پلاندانان و مەبەستی گەشەکردنە نەک بۆ مەبەستی سیاسی. بۆیە بڕوام وایە ساڵی داهاتوو سەرژمێری دەکرێت. 
 
رووداو: باشە، بەڵام پێموایە سەرکردە عێراقییەکان دەزانن کە سەرژمێرییەک پێویستە بۆ ئەوەی بزانن کە چ پێویستییەک هەیە و دەبێت کار لەسەر چی بکرێت، بەڵام کێشەکان چی بوون؟ دەزانم هەندێک کێشەی سیاسی هەبوون، بەڵام جگە لەو کێشانە، بۆچی سەرکردە عێراقییەکان دوای ئەو هەموو ساڵە ئێستا بڕیاریان داوە سەرژمێری بکەنە یەکێک لە پێشینەی کارەکانیان؟
 
نێستەر ئۆوموهانجی: راستییەکەت پێ بڵێم؟ پێم وایە حکومەتەکانی پێشوویش کردوویانەتە کاری لەپێشینەیان. کاتێک ساڵی 2014 هاتم و پێنج ساڵ لەمەو پێشیش هاتم، بڕیار بوو ساڵی 2019 سەرژمێری بکرێت. ئەوە بوو هەندێک کێشە سەریان هەڵدا. ساڵی 2020ـیش هەوڵێک هەبوو کە سەرژمێری بکرێت، کۆرۆنا هات. بۆیە هەر پێداگری هەبووە کە سەرژمێری بکرێت. جگە لە کۆرۆنا، لە لایەنی کۆدەنگییەوە چەند کێشەیەک هەبوون لەنێوان سەرکردە سیاسییەکاندا کە باسیان نەکرا، وەک ئەوەی چ پرسیارێک بکرێت، چ زانیارییەک وەربگیردرێت. ئەوەی ئێستا باوەڕم پێیەتی ئەوەیە ئەو پرسیارانە دیاری کراون و هەر بۆیە من زۆر ئەرێنیم کە ساڵی داهاتوو سەرژمێری دەکرێت. 
 
رووداو: باشە، لە راستیدا ئەوە جێگەی سەرنجە. تۆ دەڵێیت کە پرسیاری ئەوەی کە کێ کوردە و کێ عەرەب لە سەرژمێریدا نابێت، بەڵام دەیان ساڵە کورد چاوەڕێن کە بزانن ژمارەیان چەندە. یانی کە وابێت ئەوە لە سەرژمێرییەکەدا نابێت؟
 
نێستەر ئۆوموهانجی: دەیڵێمەوە، ئەوەی دەیڵێم ئەوەیە لە حکومەتەوە دەرچووە، چونکە وەک سیستەمی یوئێن، ئێمە دیاری ناکەین کە چی بپرسرێت. بۆیە من ئەوە ملە حکومەتەوە زانیوە و هیوادارم ئەوە راست بێت.لە لایەنی زانینی نەژادی دیاریکراویشەوە، دەکرێت پرۆسەیەکی جەدا بێت. ئەگەر ئێمە باسی کڵێشەکان بکەین، ئەوە دەبێت بۆ گەسەپێدان بن. پێم وایە ئەوە بۆ هەرێمی کوردستان گرنگە کە بزانێت بە راستی چەند کەس لە هەرێمەکەدان و سوود لە خزمەتگوزارییەکان وەردەگرن و پێویستیان بەوەیە لە هەرێمەکەدا پشتیوانییان بکرێت بەبێ ئەوەی بڵێی خەڵکی کوێن و بزانیت چەندە ئۆگەندایی لە کوردستاندان. پێم وایە ئەوە زانیارییەکی گرنگە، بەڵام بۆ گەشەپێدان نا. هیوادارم ئەم سەرژمێرییە بۆ گەشەپێدان بێت. هەر بە راستی پێویستمان بەوەیە بزانین لە هەرێمی کوردستاندا چەند کەس سوود لە خزمەتگوزارییەکان وەردەگرن. کە دەبێت ئەوە پلانی بۆ دابنرێت، نەک ئەوەی بتەوێت بزانیت لە کوێ لە دایک بوون و هی کامە دایکن. 
 
رووداو: باشە، یو ئێن ئێف پی ئەی هاوکاریی حکومەتی عێراق بوو لە مانگی تەممووز بۆ دەرکردنی دۆکۆمێنتی سیاسەتی نیشتیمانیی دانیشتووان، ئەوە چییە؟ چی دەکات بۆ عێراق؟
 
نێستەر ئۆوموهانجی: من زۆر خۆشحاڵم کە حکومەتی عێراق سیاسەتی نیشتمانیی گەشەپێدانی دانیشتووانی کردووەتە کاری لەپێشینەی. رەنگە تێگەیشتنی ئاسان نەبێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کاتێک تۆ داوا لە پلاندانەران دەکەیت کە پلانێک بۆ بودجە دابنێن، دەتوانن گەلێک شێواز بە کار بهێنن. دەتوان هەڵاوسان بەکاربهێنن. بۆ نموونە لە ئاستی ئێستای هەڵاوساندا ئێمە زۆربەی توانای کڕین لە دەست دەدەین. پێویستمان بەوەیە بەپێی ئەمە پلان دابنێین. دەتوانن شێوازی دامەزراندن بەکاربهێنن، ئەوا سیاسەتی نیشتمانیی دانیشتووان بە شێوەیەکی بنچینەیی بە حکومەت و پلاندەنەران و کەرتە جیاوازەکان دەڵێت کە ئێمە لە ناوەندی هەر شتێکدا پلانی بۆ دادەنێن خەڵکمان هەیە. نەک تەنیا هەڵاوسان و دامەزراندن و گەشەکردن و جی دی پی، بەڵکو بە راستی تۆ خەڵکت هەیە. جا ئەم خەڵکەیش پێویستیان بە ئاو و خزمەتگوزاریی تەندروستی و خوێندنە. بۆیە سیاسەتی دانیشتووان هەموو ئەم توخمانە لە دەوری خەڵک کۆدەکاتەوە و کار دەکاتە سەر هەر شتێک لەسەر ئەم خەڵکە پلانی بۆ دابنێیت و چۆن وەبەرهێنان لە خەڵکدا بکەیت. جا بۆیە سیاسەتی دانیشتووان هەموو ئەمانە لەخۆدەگرێت. بۆیە ئەو سیاسەتە تەنیا بۆ کەرتێک نییە، بەڵکو بۆ هەموو کەرتەکانە کە لە بنچینەدا وەکو تاک یارمەتیی تۆ دەدات کاتێک هەمووان پلان بۆ هەموو شتیک دادەنێن. کە پلان بۆ تۆ وەک تاکێک دادەنێت. جا ئەو سیاسەتە دەڵێت، سەر باری هەموو ئەو شتانەی دەیانکەیت، ئەم کەسانە بکە کاری لەپێشینەت ک ەلە کوێن و چییان پێویستە.  
 
رووداو: باشە، با بگەڕێینەوە بۆ سەر ئەو پرسانەی کە ئەم ساڵ هەڵبژێردراون. پێشتر باسی رێژەی لەدایکبوون و توانای وەچەخستنەوەت کرد. یو ئێن ئێف پی ئەی چ شتێک دەکات بۆ باشترکردنی خزمەتگوازارییە تەندروستییەکانی تایبەت بە وەچەخستنەوە و رێژەی دانیشتووان؟
 
نێستەر ئۆوموهانجی: خۆی سیستەمی یوئێن بە شێوەی فرەحکومەتی رێکخراوە. یوئێن رێکخراوێکی فرەحکومەتییە. ئێمە لەلایەن وڵاتانی ئەندامەوە پێکهێنراوین و عێراقیش یەکێکە لە وڵاتە ئەندامەکان. جا ئێمە رێکخراوی ناحکومی نیین، لە راستیدا ئێمە رێکخراوێکی حکومیین. بۆیە کاتێک ئێمە دێینە وڵاتێکەوە ئەوەی وەک سیستەم دەیکەین پێدانی راوێژی تەکنیکییە. راوێژ بە وڵاتان دەدەین کە پێویستە چی بکەن، بەڵام وڵاتان ناچار ناکەین ئەوە بکەن کە دەمانەوێت بیکەن. جا لە عێراق ئێمە زۆر دڵخۆشین کە بۆ نموونە وەزیری تەندروستی پلانی خێزانی کردووتە کاری لەپێشینە و بە گشتی تەندروستیی وەچەخستنەوەی بە کاری لەپێشینە داناوە کە کێشەی دایکان و کچانە. جا پشتیوانیی حکومەت دەکەین لە پرسەکانیدا، شارەزا تەکنیکییەکانمان لەسەر ئاستی جیهاندا بە کار دەهێنین و خۆبەخشەکان دەگەیەنین تا بە شێوەیەکی بنچینەیی پشتیوانیی کارە لەپێشینەکانی حکومەت بکەن. ئینجا بەر لەوەی پشتیوانیی تێچووی زۆر پرسی مرۆیی بکەین، پشتیوانیی ئەو خزمەتگوزارییانەمان دەکرد کە حکومەت نەیدەتوانی دابینیان بکات کە بەپەلە بوون. بەڵام ئێستا کاری بەپەلە تا رادەیەک تەواو بووە. بۆیە ئێمە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی و وەزارەتی لاواندا ئامادە دەبین بۆ ئەوەی بتوانین  لەسەر ئەو سیاسەتانە کاریان لەگەڵدا بکەین کە دەتوانن کاریگەرییان لەسەر گۆڕانی ژمارەی دانیشتووان هەبێت. 
 
رووداو: هەروەها پرسی گۆڕانی کەشوهەوا و ژن، گۆڕانی کەشوهەوا چ کاریگەرییەکی لەسەر پرسەکانی تایبەت بە ژنان هەیە؟ ئینجا زۆر بوونی ژمارەی دانیشتووان، ساڵانە ملیۆنێک کە زیاد دەکات، ئەوە کاریگەریی لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا چییە؟
 
نێستەر ئۆوموهانجی: وەڵامە ئاسانەکە ئەوەیە کە زۆرینەی خەڵک زیاتر بە کار دەهێنن. کاتێک بەکارهێنانی زیاترت هەبوو، ئەوا کاریگەریی لەسەر ژینگە دەبێت. بەڵێ، ئەوە وەڵامە ئاسانەکەیە. 
 
وەڵامە راستییەکە ئەوەیە ئەم ژمارانە هەردووکیان مانای زۆر دەگەیەنن، چونکە نوێگەری هەیە، زانست هەیە، رێگەی زۆر بۆ قەرەبوو هەن. ئەو کێشەیەی لە عێراق بە تایبەتی لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوادا هەمانە ئەوەیە دەجووڵێت. کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا بە رێژەیەکی خێراتر لەوە دەجووڵێن کە ژمارەی دانیشتووان لە توانایدایە. هەر لە زۆنگاوەکانەوە بیگرە تا زۆر ناوچە کە هاوینان ئاوێکی کەمیان هەیە کە خەڵکی زێدی کەلتووریی خۆیان بەرەو شارەکان جێدەهێڵن کە پێیان رانەهاتوون و دەکەونە هەژاریی تەواوەتییەوە. ئێستا کێشەی ژنان ئەوەیە ژنان بناخەی خێزانن، بۆیە کاتێک خێزان لە بنچینەدا لە هەموو شتێک بێبەش دەکرێت، زیاتر کاریگەریی لەسەر ژنان دەبێت، چونکە ئەوان دەبێت ئاگایان لە منداڵان و مێردەکانیان بێت. جا ئا لەوێدا ئێمە دێینە ناوەوە. 
 
رووداو: پێم وایە کاتم بۆ یەک پرسیاری دیکە ماوە، بەڵام پرسیارێکی چەند لقی دەپرسم. یەکسانی جێندەری شتێکە کە یو ئێن ئێف پی ئەی و رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە گشتی، کاری لەسەر دەکات. یو ئێن ئێف پی ئەی لە عێراق لەسەر کێشەکانی تایبەت بە یەکسانیی جێندەری چ شتێک دەکات؟ دەزانین لەم ساڵانەی دواییدا ناڕەزایەتی بەرامبەر بە گرووپی پەلکەزیڕینە هەبوو. بۆچوونی یو ئێن ئێف پی ئەی لەسەر ئەو پرسە چییە؟
 
نێستەر ئۆوموهانجی: دەیڵێمەوە، سیستەمی یوئێن گەلێک رێکخراوی هەیە کە پەیوەندییان بە زۆر کێشەوە هەیە. بۆیە وەک یوئین ئێف پی ئەی نیگەرانی گەورەمان ئەوەیە ژنان بتوانن بڕیار بدەن کەی منداڵیان ببێت و ئەو منداڵانە بە پارێزراوی ببێت. جا بەو جۆرە توانای گەنجانیش دەردەکەوێت. ئینجا بۆ ئەوەی ئەوە رووبدات، دەبێت یەکسانی لەنێوان هەردوو رەگەزەکەدا هەبێت، ئەوی پێی دەڵێین ژن و پیاو، بە تایبەتی ژنان پێویستیان بەوەیە بڕیار بدەن کە بچن بۆ لای پزیشک. ئەگەر نەڕوات، ئەوا ساغلەمیی وەچەخستنەوەی دەکەوێتە مەترسییەوە. بۆیە ئێمە لێرەدا لە یەکسانیی جێندەری نزیک دەبینەوە. ئێمە ئەوە وەک ئامانجێکی کۆتایی بۆ باشترکردنی بەهێزکردنی ژنان لە خودی خۆیاندا ناکەین، بەڵکو بەهێزکردنی ژنان گرنگە، چونکە وای لێ دەکات بژارەکانی هەبێت. بۆیە نیگەرانیمان لە یو ئێن ئێف پی ئەی دڵنیابوونەوەی لەوەی ژنان بتوانن بڕیار بدەن. ئینجا لە لایەنی مافەکانی دیکەوە، یو ئێن ئێف پی ئەی لەگەڵ حکومەتدا کار دەکات وەک ئەوەی دیاری کراوە. ئێمە وەک سیستەمی یو ئێن هاتووین لەگەڵ وڵاتاندا کار بکەین، چونکە ئێمە رێکخراوی ناحکومی نیین. لەگەڵ راوێژپێداندا داکۆکییش دەکەین، پشتیوانیی سیستەمەکە دەکەین بۆ ئەوەی گەشە بە سیاسەتەکانی و یاساکان بدات. ئەمە پشتیوانییە، مانای ناچارکردن یان ئەوە نییە کە خۆمان بیکەین. جا ئێمە مافی مرۆڤ بە گشتی لە بەرچاو دەگرین نەک تاکە مافێکی تایبەت. جا ئەوەندەی نووسینگەی مافەکانی مرۆڤ کە هەمانن داکۆکی دەکەن و زمانحاڵی ئەو کارانەن کە دەیانکەین. ئێمە وەک سیستەم کار لەگەڵ کەرتە جیاوازەکاندا دەکەین تا دڵنیا بین لەوەی ئەم مافانە لە یاساکان و سیاسەتدا رەگیان داکوتاوە. 
 
رووداو: کاتم نەما، بەڵام ئەو یەکسانیی رەگەزییەی کە یو ئێن ئێف پی ئەی کاری لەسەر دەکات و هاوکاریی حکومەتی عێراق دەکات، تەنیا لەسەر یەکسانیی نێوان پیاو و ژنەی نەک رەگەزەکانی دیکە، ئەوە دروستە ئەگەر وا بڵێم؟
 
نێستەر ئۆوموهانجی: ئەوە تەواو راستە، بێجگە لەوەی کە ژنان زیاتر بێبەش بوونە. بۆیە ئێمە زۆر جەخت لە ژنان دەکەینەوە، بەڵام ئەوە بۆ یەکسانییە بۆ هەردووکیان.  
 
رووداو: زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە.
 
نێستەر ئۆوموهانجی: زۆر سوپاس. دەزانیت، تۆ زۆر زمانپاراویت.