وەبەرهێنەرێکی پەروەردەیی: گرنگە ئاستی زمانی ئینگلیزی لە قوتابخانە حکومییەکاندا بەرز بکرێتەوە

11-04-2023
محەممەد شێخ فاتیح
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د. پابلۆ فێتەر، وەبەرهێنەری پەروەردەیی
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د. پابلۆ فێتەر، وەبەرهێنەری پەروەردەیی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

وەبەرهێنەرێکی پەروەردەیی کە ئەزموونێکی زۆری لە بواری پەروەردەدا هەیە، باس لەوە دەکات، کەمیی باڵەخانەی قوتابخانە پەیوەندیی بە کەرتی تایبەتەوە هەیە، ئەم کێشەیە بە ئەوان چارەسەر دەکرێت. ئاماژەی بە زانیارییەکی گرنگ کرد و گوتی، لە هەرێمی کوردستان تەنیا 3%ی پەروەردە بە دەست کەرتی تایبەتەوەیە، ئەوەی دیکەیان بەدەست کەرتی گشتییەوەیە.
 
د. پابلۆ فێتەر، وەبەرهێنەری پەروەردەییە و ماوەی 10 ساڵ لە دووبەی بووە، سەرسامە بە ئەزموونی ئەوان و دەڵێت، "ئەوەی حکومەتی دووبەی لە پەروەردەی تایبەتدا بەدەستیهێناوە جێگەی سەرنجە."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د. پابلۆ فێتەر، وەبەر‌هێنەری پەروەردەیی:
 
رووداو: هەرێمی کوردستان کێشەیەکی گەورەی لە کەمیی باڵەخانەی قوتابخانەدا هەیە. بە بۆچوونی تۆ پێشنیاز ئەم کێشەیە چۆن چارەسەر دەکرێت؟
 
د. پابلۆ: چارەسەرەکە لە بواری پەروەردەدا پەیوەندیی بە کەرتی تایبەتەوە دەبێت. ئەگەر سەیری ئەو وڵاتانەی دیکە بکەیت کە کردوویانە، وەک ئیمارات و ولاتانی ئەوروپا لە نموونەی هۆڵەندا و سوێد، ئەوان لە هێنانە ناوەوەی کەرتی تایبەتدا، زۆر سەرکەوتوو بوون لە زیادکردنی ژمارەی قوتابخانەکاندا. لە هەرێمی کوردستان ئێوە لانیکەم دەوروبەری ملیۆنێک و 600 هەزار قوتابیتان هەیە، تەنیا 3٪ـیان لە کەرتی تایبەتدان. هەموو ئەوی دیکە لە کەرتی حکومیدان. ئەگەر بتوانن کەرتی تایبەت زۆر زیاتر بهێننە ناوەوە، بە بۆچوونی من ئەو کاتە ئەوە دەبێتە چارەسەرەکە.
 
رووداو: با باسی دژیەکییەک بکەین. لە دەستە راستدا عێراق بڕێکی باش نەوتی هەیە، کە داهاتی لەسەر بەندە. لە دەستە چەپدا ئێمە باڵەخانەی قوتابخانەی زۆرمان نییە. لە هەمان کاتدا ژمارەی نەخوێندەواری زیاد دەبێت. کاریگەریی لەسەر داهاتووی وڵاتەکە چییە؟  
 
د. پابلۆ: بە دڵنیاییەوە خوێندەواری لە گەشەپێدانی وڵاتدا بە تەواوەتی گرنگە. بە تایبەت ئەگەر سەیری ئابووریی جیهان بکەیت، بە روونی بەرەو ئاراستەی کارکەری فێرخواز دەڕوات. تا وڵات باشتر خوێندەوار بێت، زیاتر سەرکەوتوو دەبێت. پێموایە ئەوە پەیوەندیی بە لەپێشترییەوە هەیە. باوەڕم وایە کە سەرنج خستنە سەر پەروەردە هەر زۆر گرنگە بۆ وڵاتێکی گەنجی بەرزیخوازی وەک هەرێمی کوردستان. بۆیە زۆر دڵخۆشم ک دەردەکەوێت سەرنجێکی زۆرباش دەخرێتە سەر نرخاندنی پەروەردە. ئەمە گرنگە. پێموایە لەم لایەنەوە هەرێمی کوردستان لەسەر رێی راستە.
 
رووداو: لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەکی زۆر قوتابخانەی تایبەتمان هەیە. ئەگەر لێم بپرسیت، پێموایە زیاتر لە 90٪ کەمتر سەرنج خراوەتە سەر زمانی کوردی.
 
د. پابلۆ: لە قوتابخانە تایبەتەکاندا؟
 
رووداو: بەڵێ، بەڵێ. پێم بڵێ کاریگەرییەکەی لەسەر داهاتووی هەرێمی کوردستان چییە؟ بە بۆچوونی تۆ، ئەوە مەترسی نییە لەسەر داهاتووی هەرێمی کوردستان؟
 
د. پابلۆ: روونە کە زۆر گرنگە زمانی نەتەوەیی بپارێزرێت و گرنگیی پێ بدرێت، ئەوە شتێکە کە حکومەت زۆر بە ئاسانی دەتوانێت چوارچێوەیەکی بڕیاری بۆ دابنێت، کە تایبەت بێت بە قوتابخانە تایبەتەکان بۆ ئەوەی تاوەکو ئاستێکی دیاریکراو زمانی کوردییان تێدا بگوترێتەوە. هەروەها ئەو منداڵانەی دەچنە قوتابخانە تایبەتەکانەوە بە زمانی کوردی تاقیکردنەوەی نیشتمانی بکەن. دەکرێت ئەوە لە لایەن حکومەتەوە لە چوارچێوەیەکی یاساییدا بە ئاسانی جێبەجێ بکرێت. هەروەها پێموایە ئەوەیش زۆر گرنگە کە قوتابخانە حکومییەکان ئاستێکی باڵای ئینگلیزییان هەبێت. خۆ کوردی زۆر گرنگە، بەڵام ئێوە وڵاتێکی بچووکن و هیوای زۆرتان هەیە بۆ داهاتوویەکی مەزن. جا بۆ ئەوەی ئەو داهاتووە بە دی بێت، پێویستتان بە کەسانێکە زمانی دنیا بە رەوانی بزانن کە بە داخەوە ئینگلیزییە. هەر لەبەر ئەوەیە ئێستا ئێمە بەوە قسە دەکەین. لە ئەرجەنتین و ئەڵمانیا بووم و ئەمڕۆیش لە کوردستانم، پێکەوە [بەم زمانە] قسە دەکەین، چونکە ئەم زمانە هاوبەشەمان هەیە، کە ئینگلیزییە.
 
رووداو: وایە.
 
د. پابلۆ: بۆیە زۆر گرنگە کە قوتابخانە حکومییەکان ئاستی زمانی ئینگلیزی بەرز بکەنەوە، بۆ ئاستێک کە بتوانن بە ئینگلیزی قسە بکەن. 
 
رووداو: بەڵام ژمارەیەکی زۆر قوتابخانەی تایبەتمان لە هەرێمی کوردستان هەن. ئێمە چۆن وەک بازرگانییەک وەبەرهێنان لەم بوارەدا بکەین؟ لە هەمان کاتیشدا چۆن ئامانجە سەرەکییەکە بپارێزێن کە پەروەردە کۆ پەروەردەیە کە یەکسانە بە پەروەردە؟
 
د. پابلۆ: خۆی ئەوە پرسیارێکی زۆر باشە. پێموایە ئەگەر سەیری ئەوە بکەیت کە حکومەت لە دوبەی کردوویەتی، بە ئەزموونی خۆم کە زیاتر لە دەیەیەک لەوێ بووم، ئەوەی حکومەتی دوبەی لە پەروەردەی تایبەتدا بە دەستیهێناوە جێگەی سەرنجە. جا ئەوەی ئەوان کردوویانە، ئەوەیە چوارچێوەیەکیان دروستکردووە کە تێیدا ئەوەیان پێناسە کردووە، کواڵێتی چییە. ئینجا بە پشتبەستن بەو چوارچێوەیە هەموو قوتابخانەیەک چاودێری دەکرێت و هەموو قوتابخانەیەک دەبێت بە هەڵسەنگاندنی کواڵێتیدا بڕوات، کە لەلایەن حکومەتەوە بەڕێوەدەبرێت. پاشان ئەنجامی ئەو چاودێریکردنە بۆ خەڵکی بڵاودەکرێتەوە. بۆ هەموو قوتابخانەیەک. چونکە باوک و دایکان کە پارە بە قوتابخانە تایبەتەکان دەدەن، خۆیان دەتوانن بڕیار بدەن کە ئاخۆ قوتابخانەکە ئەو کواڵێتییە پێشکەش دەکات کە چاوەڕێی دەکەن یان نا. بۆیە ئەوەی دەبێت حکومەت بیکات ئەوەیە بە شێوەیەکی بنچینەیی پێناسەی ئەوە بکات کە کواڵێتی چییە و دەکرێت زمانی کوردی و ئەو بابەتانەی دیکەیش لە خۆبگرێت، کە لە پێناسەی ئەو کواڵێتییەدا بە لای حکومەتەوە گرنگن. دواتر چاودێریی ئەو قوتابخانانە بکرێت و [هەڵسەنگاندنەکە] بڵاو بکرێتەوە تاوەکو دایک و باوکان بڕیار بدەن، کە چ قوتابخانەیەک باشترە و چ قوتابخانەیەک زۆرباش نییە. بۆیە ئەوە رەچەتەیەکی زۆر روونی سەرکەوتووانەیە، کە دوبەی هەر زۆر باش جێبەجێی کردووە. جا هانی حکومەتی ئێرە دەدەم کە سەیری ئەو چیرۆکە سەرکەوتووە بکات.
 
رووداو: کۆمپانیاکەتان سەرپەرشتیی زۆر قوتابخانەی تایبەت دەکات. تۆ گوتت کە ئەوان دەتوانن یان پێویستە رۆڵێکی مەزن لە پێگەیاندنی  یان گەشەدان بە کارامەیی منداڵەکانماندا بگێڕن. پێم بڵێ بۆچی واتگوت؟ چۆن [دەیکەن]؟
 
د. پابلۆ: خۆی وەک گوتت، گرنگترین شت بۆ خوێندنی کەرتی حکومی و تایبەت ئەوەیە کە منداڵان تا ئەوپەڕی پەنگراوییان گەشەیان پێ بدرێت. ئەوە ئەوپەڕی ئامانجێکی روونە. ئەگەر بە تایبەتی لە کەرتی تایبەتدا ئەوە بکەیت، ئەگەر بە باشی ئەوە بکەیت، ئەوا پارە پەیدا دەکەیت وەک کارکەرێکی تایبەت، بەڵام دەبێت ئامانجەکە گەیاندنی باشترین کواڵێتیی خوێندن بێت کە وڵاتەکە شایەنیەتی.
 
رووداو: ئەگەر ئەنجامگیرییەک بۆ دانوستاندنەکانمان بکەیت، قازانجەکە چی دەبێت ئەگەر قوتابخانەکان لەلایەن کەرتی تایبەت یان حکومییەوە بەڕێوە ببرێن؟ کامیان باشترە؟
 
د. پابلۆ: من لەم لایەنەوە بۆچوونێکی چەسپاوم هەیە. من لە کەرتی تایبەتدا لە بەڕێوەبەری خوێندنی قوتابخانە تایبەتەکاندا کارم کردووە. جا بە چاوی خۆم بینیومە کە کەرتی تایبەت چۆن دەتوانێت بە کواڵێتیی باش، خوێندن دابین بکات ئەگەر لە ژینگەیەکی باشی رێکوپێکدا کار بکات. بۆیە ئەوە رۆڵی حکومەتە و، دەبێت حکومەت ئەو ژینگە رێکوپێکە دابین بکات. ئینجا لەژێر ژینگەیەکی رێکوپێکدا من ناچارم کە کەرتی تایبەت بتوانێت لە کەرتی گشتی کاری باشتر بکات لە دابینکردنی کواڵێتییەکی زۆر باشی خوێندندا. جا ئەوە پێویست ناکات [نرخەکەی] گران بێت. زۆر قوتابخانە هەن کە هەندێک کات کەرتی تایبەت پەیوەندی لەگەڵ قوتابخانە گرانەکاندا دروست دەکات. پێویست ناکات گران بێت. لە وڵاتانی ئەفریقا و ئاسیا قوتابخانە هەن رۆژی بە یەک دۆلار بەڕێوەدەبرێن. قوتابخانەی تایبەت، رۆژی یەک دۆلار! ئینجا ئەوانە ئەنجامی باشتریشیان لە قوتابخانە حکومییەکان هەبووە. لەسەر بنچینەی بە تێچوویەکی هەر زۆر زۆر کەم. 
 
رووداو: بۆ دۆخی ئێمە لە هەرێمی کوردستان، چۆن کێشەی سیاسی و ئابووریی هەرێمی کوردستان خۆی لەگەڵ دۆخی جیهانیدا بگونجێنێت، بە تایبەتی لە بارەی خوێندنەوە؟ چۆن؟ 
 
د. پابلۆ: بەڵێ. ئەوەیش پرسیارێکی زۆرباشە. پێموایە هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی گەنج بە هیوای گەورەوە، دەتوانێت بە شێوەیەکی بنچینەیی باز بدات و بەسەر هەموو ئەوانی دیکەدا باز بدات. ئێستا لە بواری خوێندندا شۆڕشێک بەرپا بووە، ئەویش گۆڕینی سیستمی کۆنی خوێندنە بۆ ئەوەی داهاتوو دەیخوازێت. ئەگەر بیر لەوە بکەینەوە، با بڵێین 20-30 ساڵ لەمەو پێش روویدا، ئامانجی هەموو سیستەمێکی خوێندن ئەوە بوو ئەوەندەی دەشێت زانیاریی زۆر بئاخنێتە سەرت. فێربوون بە لەبەرکردن بوو، چونکە لەو سەردەمەدا لەسەر بنەمای دەستکەوتنی زانیاری بوو. 30 ساڵ لەمەو پێش زۆر قورس بوو زانیاری لەسەر شتێک پەیدا بکەیت. پێویستت بەوە بوو کتێب دەست بخەیت. با بڵێین، ئەگەر لە ناوەڕاستی شارێکی بچووکدا یان لە وڵاتێکدا بوویتایە چۆن کتێبت پەیدا دەکرد؟ ئەگەر کێشەیەکی زۆر تایبەتت هەبووایە و پێشتر رووبەڕووی نەبووبوویتایەتەوە و پێویست بووایە چارەی بکەیت، دەبوو زانیاری گونجاو بەو کێشەیە پەیدا بکەیت. جا 30 ساڵ لەمەو پێش پەیداکردنی ئەو زانیارییە زۆر قورس بوو. بۆیە ئامانجی هەموو سیستەمەکانی خوێندن لە جیهاندا ئەوە بوو تاوەکو دەکرێت زانیاری بئاخنرێتە مێشکتەوە. بۆ ئەوەی ئەگەر رۆژێک لە رۆژان لە داهاتوودا پێویستت بەو زانیارییە بوو، ئەوا بیرت بێتەوە. دەی ئەوە 30 ساڵ لەمەو پێش بوو. ئەمڕۆ هەموومان زانیاریی جیهان لەژێر پەنجەمۆرەکانماندایە. بۆیە پێویستیی سیستەمی خوێندنی ئەمڕۆ ئەوە نییە زانیاری بئاخنێتە مێشکت، چونکە هەموو زانیارییەکان بە ئاسانی بەردەستن. ئەمڕۆ ئامانجەکە ئەوەیە خەڵک، قوتابی، قوتابییە لاوەکان زیاتر ئامادە بکەیت کە مێشکێکی کراوەیان هەبێت و سەرەتا سەیری ئەو کێشەیە بکەن کە پێشتر هەرگیز رووبەڕووی نەبوونەتەوە و بڵێن دەتوانم چارەی بکەم، دەتوانم بچم ئەو زانیارییە بهێنم کە بۆ چارەی ئەو کێشەیە پێویستمە. من دەچم لە ئینتەرنێتدا ... ئەمڕۆ ئینتەرنێت قورسترە، نەک بۆ پەیداکردنی زانیاری کە زانیاریی زۆریش پەیدا دەکەیت، بەڵکو لەبەر ئەوەی زۆربەی زانیارییەکان نادروستن و هەواڵی ساختەن و دەبێت بتوانیت زانیارییە دروستەکە پەیدا بکەیت و سەنگی کوالیتیی سەرچاوەکان بکێشیت تاوەکو بۆت دەربکەوێت کە کام زانیاری راستە و کامەیان راست نییە. ئەو زانیارییانە کۆ بکەیتەوە و دواتر دیدگەی جیاواز بدۆزیتەوە و ئەوجا بگەیتە چارەسەرێک بۆ ئەو کێشەیە. ئەوە ئەو سیستەمی خوێندنی داهاتووەیە کە دەبێت سەرنجی بخرێتە سەر. جا ئەوە دەرفەتێکە بۆ هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی سیستەمێکی وەک ئامادەکراو بۆ داهاتووی هەبێت، کە قوتابییە لاوەکان ئامادە بکات. کاتێک ئەم منداڵانە 20 ساڵی دی دەچن دەست بە کار دەکەن، لە ئیشێکدا کار دەکەن کە رەنگە ئەمڕۆ نەبێت. بۆیە دەبێت ئەوان ئەو بۆچوونەیان بۆ فێربوونی رووبەڕووبوونەوەی شتی تازە هەبێت و، فێربوونیش ئەو شتەیە کە بۆ ئەو کێشە تایبەتە پێویستە.
 
رووداو: سەرنجڕاکێشە. بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا تۆ باسی زانیاریت کرد. ئەی لە بارەی ژیریی دەستکردەوە چی دەڵێیت؟ ئێستا خەڵک باسی ژیرییەکی دەستکردی مەزن دەکەن، وەک جات جی پی تی. چۆن ئەوە تێبپەڕێنین؟
 
د. پابلۆ: خۆی ژیریی دەستکرد و بە تایبەتی چات جی پی تی لە هەمان کاتدا ئاڵنگاری و دەرفەتن. ئاڵنگارییە، چونکە بەر لە چات جی پی تی دەتتوانی داوا لە خوێندکار بکەیت لە ماڵەوە بابەتێک لەسەر شتێک بنووسێت و، تۆیش چاوەڕێت دەکرد ئەو خوێندکارە خۆی بینووسێت، بەڵام ئەمڕۆ بە هەبوونی چات جی پی تی، خوێندکار دەتوانێت داوای لێ بکات کە ئەو بابەتەی بۆ بنووسێت، راستییەکەی بابەتێکی نایابیشی دەست بکەوێت. ئیتر قوتابییەکە خۆی فێر نابێت. وای لێ دێت هەلێک بۆ فێربوونی خوێندکارەکە لە دەست دەدرێت. لەبەر ئەو هۆکارەیە کە ئاڵنگارییە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانرێت ئاماژە بەوە بکرێت کە قوتابخانە هاوچەرخەکان هەوڵدەدەن رێگەگەلێک بدۆزنەوە بۆ ئەوەی چۆن رێگە لە خوێندکارەکان بگرن لە خراپ بەکارهێنانی چات جی پی تی. دەتوانیت..
 
رووداو: ئایا هیچ رێگەیەک هەیە بۆ دەرچوون؟
 
د. پابلۆ: بەڵێ، هەیە. یەکەم شت دەتوانیت چات جی پیتییەکی ئاشکراکەر بکڕیت کە دەریدەخات ئایا بابەتی خوێندکارەکە لەلایەن جات جی پی تییەوە نووسراوە یان نا. ئەوە رێگەیەکی ئاسانە. دووەم شت ئەوەیە لە بری ئەوەی بابەتەکە لە ماڵەوە بنووسن، دەکرێت تاقیکردنەوەی زارەکی هەبێت، وەک جاران کە دەچووین بۆ قوتابخانە و تاقیکردنەوەی زارەکیمان دەکرد. ئەوە شتێکە دەکرێت بە کاربهێنرێت، چونکە ئاشکرایە خوێندکار لە تاقیکردنەوە زارەکیدا ناتوانێت چات جی پی تی بەکاربهێنێت. بەڵام دەشتوانیت بپرسیت، ئەگەر بتەوێت شتێکی نووسراوت لە خوێندکارێکەوە دەستبکەوێت، ئەوا دەشتوانیت پرسیاری ئەزموونە کەسییەکان بکەیت کە چات جی پی تی نایانزانێت. ئەزموونە کەسییەکان شتانێکن تەنیا خۆت دەتوانیت باسیان بکەیت و ژیریی دەستکرد ناتوانێت. بۆیە رێگەگەلێک هەن بۆ ئاماژەکردن بە ئاڵنگارییەکە. هەروەها دەرفەتەکانیش باشن، چونکە ئێستا ئەگەر قوتابخانە ئەوە بگرێتە خۆی. قوتابی فێر بکەیت چۆن بە رێگەیەکی چالاک و بونیاتنەر بەکاری بهێنێت، ئەوا قوتابییەکە زۆر بەبەرهەمتر دەبێت. ئەگەر بتوانن لە بری ئەوەی چەند کاژێرێک بە نووسینی شتێکەوە بەسەر ببەن کە دەتوانرێت بە ژیریی دەستکرد بنووسرێت، دەتوانن بە چات جی پی تی بە خولەکێک بینووسن، دەتوانن ئەو کاتە بۆ شتی دیکە بەکاربهێنن. بۆیە ئەو دەرفەتە مەزنەیشی هەیە. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە