رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی جەنگی چەندین ساڵەی سووریاوە، سەرجەم کەرتە جیاجیاکانی ئەو وڵاتە زیانیان بەرکەوت، یەکێک لەوانەش کەرتی کشتوکاڵە کە "زیانێکی گەورەی" بەرکەوتووە. وەزیری کشتوکاڵی سووریا دەڵێت، بەهۆی کەمبارانی و راوەستانی ناردنی گەنم کێشە دروستبووە، "حکومەتی نوێیش دەیەوێت قەرز بداتە جووتیاران."
لە دوای رووخانی رژێمی بەشار ئەسەد، سیاسەتی کشتوکاڵی سووریای نوێ چۆن دەبێت؟ پێداویستییەکان لە بواری کشتوکاڵ و خۆراک دا چین؟ سرووشتی پەیوەندی نێوان دیمەشق و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە کەرتی کشتوکاڵ و ئاودا چۆنە؟ کاریگەریی گەمارۆکان لەسەر کەرتی کشتوکاڵی وڵاتەکە چییە؟ لە هەڤپەیڤینیدا لەگەڵ رووداو محەممەد تەها ئەحمەد، وەزیری کشتوکاڵ و ئاودێری لە بەڕێوەبەرایەتی نوێی سووریا وەڵامی ئەم پرسیارانە و چەندین پرسیاری دیکەی دایەوە.
سەبارەت بە پرسی ئاو ئەو وەزیرەی سووریا گوتی، 70%ی تۆڕەکانی ئاودێری و پرۆژەکانی دەوڵەت وێران کراون، دانوستاندنیش لەنێوان سووریا و تورکیا لەسەر دابەشکردنی ئاوی فورات هەیە. ئێستا لەنزیک بەنداوی تشرین شەڕ و ئاڵۆزی دروستبووە، لەوبارەیەوە محەممەد تەها گوتی، دەیانەوێت بەنداوی تشرین لە شەڕ دووربخەنەوە.
بە گوتەی محەممەد تەها، هەریەکە لە میسر، سعودیە، ئوردن و ئۆکراینا ئامادەن گەنم بۆ سووریا بنێرن، ئامانجیشیان لە داهاتوویەکی نزیکدا ئەوەیە بۆ گەنم پێویستیان بە دەرەوە نەبێت. هەر لەبارەی گەنمەوە، ئەو وەزیرە دەڵێت، هیچ دانوستاندنێک لەسەر گەنم لەگەڵ هەسەدە نییە. ئاماژەی بەوەش کرد، هەموو "یاسا نادادپەروەرەکانی رژێمی ئەسەد هەڵدەوەشێندرێنەوە."
وەزیری کشتوکاڵی سووریا ئاماژەی بەوە کرد، ناوچەی جزیرە لە رۆژئاوای کوردستان وەکو "سەبەتەی خۆراک"ی سووریا دەبیندرێت.
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ محەممەد تەها، وەزیری کشتوکاڵی حکومەتی راگوزەری سووریا:
رووداو: بەڕێز وەزیر، بەخێرهاتی لە دیمەشقەوە کە وەکو میوان لە شاشەی رووداو بەشداری دەکەیت.
وەزیری کشتوکاڵی سووریا: سڵاو و رێزم هەیە. سڵاو لە هەموو بینەران.
رووداو: پلانتان بۆ پەرەپێدانی کەرتی کشتوکاڵ لە سووریا چییە؟
وەزیری کشتوکاڵی سووریا: وەکو دەزانن خاتوونی بەڕێز، کەرتی کشتوکاڵ لە سووریا بەهۆی شەڕێکەوە کە بەسەر ئەم ناوچەیەدا سەپێندرا، زیانی زۆری پێگەیشتووە. کەرتی کشتوکاڵ تووشی چەندین کێشە بووە کە رێگرن لە بەدیهێنانی ئامانجەکانی کەرتی کشتوکاڵ وەکو دابینکردنی بەرهەمە ستراتیژییەکان و دڵنیابوونەوە لە ئاسایشی خۆراک. یەکەم ئاڵنگاری کە ئەمڕۆ رووبەڕوومان دەبێتەوە لە بواری کەرتی کشتوکاڵدا، دابینکردنی تەرخانکردنی پارەیە بۆ برا جووتیارەکان تاوەکو بتوانن بگەڕێنەوە سەر کێڵگە و زەوییە کشتوکاڵییەکانیان و وەبەرهێنان لە سامانی زەوی و سامانی ئاودا بە شێوەیەکی گونجاو بکرێت، ئەوەش بە پشتیوانیی خوا دەبێتە هۆی دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی ناوخۆ. دواتر دەتوانین بیر لە زیادکردنی تایبەتمەندیی رێژەیی بۆ زۆر لە بەرهەمە کشتوکاڵییەکان بکەینەوە، پاشان بەرەو کێبڕکێ لە بازاڕە دەرەکییەکان هەنگاو بنێین.
رووداو: قەبارەی ئەو زیانەی لە ماوەی 13 ساڵی شەڕدا بەر کەرتی کشتوکاڵ کەوتووە چەندە؟
وەزیری کشتوکاڵی سووریا: بەڕاستی، ئەو ژێرخانەی پێشتر خزمەتی کەرتی کشتوکاڵی دەکرد، بە تەواوی وێران بووە. چ لەسەر ئاستی مایکرۆ یان لەسەر ئاستی جووتیار، یان تەنانەت لەسەر ئاستی ئابووریی گشتی. زۆر لە پڕۆژەکانی ئاودێریی حکومی لە خزمەت دەرچوون، وەکو دەزانن ئەم پڕۆژانە کاریان گەیاندنی ئاوی ئاودێری بوو بە کەمترین تێچوو بۆ برا جووتیارەکان. ئەم تۆڕانە، ئەم پڕۆژانە، ئەم ترۆمپایانە بە رێژەی زیاتر لە 70% وێران کراون. ئەمڕۆ ئێمە پێویستیمان بە نۆژەنکردنەوەی ئەم ژێرخانەیە لەگەڵ کارکردن لەسەر پەرەپێدانی توانای هەڵگرتنیان بە جۆرێک کە ئاوی ئاودێری بۆ ئەم زەوییە کشتوکاڵییانە دابین بکرێت. وەکو دەزانن بەرهەمهێنانی زەوییە کشتوکاڵییە ئاودێرییەکان چەندین جار زیاترە لە بەرهەمهێنانی زەوییە دێمەکان.
رووداو: راتانگەیاندووە کە دانوستاندن لەگەڵ تورکیا هەیە بۆ زیادکردنی پشکی سووریا لە ئاوی فورات، ئەنجامی ئەو دانوستاندنانە تاوەکو ئێستا چین؟
وەزیری کشتوکاڵی سووریا: ئەوە دانیشتنێکی راوێژکاری بوو سەبارەت بە گۆڕانی کەشوهەوا کە بە گشتی تووشی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بووە، هەروەها کەمبوونەوەی باران. هەموو ئەمانە بوونە هۆی هێنانەئارای بیرۆکەی دووبارە گفتوگۆکردن لەسەر پشکی هەریەک لە سووریا و عێراق و تورکیا لە رووباری فورات و دیجلە، بە جۆرێک گەشەی ئابووری و سوود وەرگرتن لەم سەرچاوە ئاوییە بێنێتە دی، کە بەنێو خاکی تورکیا، سووریا و عێراقدا تێدەپەڕێت. ئێستا ئێمە لە قۆناخی راوێژکاریداین و تاوەکو ئێستا بە کردەیی دەستمان بە دانوستاندن نەکردووە.
رووداو: ئێستا ململانێیەک لەسەر بەنداوی تشرین هەیە. هیچ هەوڵێکتان داوە بۆ راگرتنی هێرشی گرووپەکانی سوپای نیشتمانیی سووریا بۆ سەر هێزەکانی سووریای دیموکرات - هەسەدە لەوێ، بۆ رێگری لە زیانگەیاندن بە بەنداوەکە؟
وەزیری کشتوکاڵی سووریا: بێگومان وەکو دەزانن، بەنداوی تشرین یەکێکە لە دامەزراوە ژیاری و گرنگەکان کە لەسەر رووباری فورات هەڵکەوتووە، بە پەرۆشییەوە هەوڵدەدەین لە رێگەی پەیوەندی لەگەڵ هەردوو لایەنەکە، ئەو شوێنە گرنگە لە ململانێ بەدوور بگرین؛ چونکە گرنگییەکی زۆری هەیە و خودا نەخواستە هەر زیانێکی بەربکەوێت، جا لە ئەنجامی هێرشی سوپای نیشتمانی بێت یان هێزەکانی سووریای دیموکرات، ئەوە زیانێک دەبێت بۆ بەنداوەکە و ئەوەش کاریگەریی خراپی لەسەر بەنداوی فورات دەبێت، دەبێتە هۆی ژێرئاوکەوتنی رووبەرێکی فراوان لە گوند و شارۆچکە و زەویی کشتوکاڵی و بێکەڵکبوونیان. ئێمە بە پەرۆشەوە هەوڵدەدەین لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە و بەڕێوەبەرایەتیی سووریاوە بۆ دوورخستنەوەی ئەم بەنداوە و ئەم دامەزراوە گرنگە لەو ململانێیانە.
رووداو: هەوڵەکانتان لەم بارەیەوە گەیشتوونەتە کوێ؟
وەزیری کشتوکاڵی سووریا: بەڕاستی ئێستا ئێمە فۆکەسمان لەسەر وێستگەکانی هەڵدانی ئاوە، کە لەسەر هەردوو کەناری رووباری فورات هەن. هەروەها وێستگەی بابیری، چونکە گرنگییەکی زۆریان هەیە بۆ گەیاندنی ئاوی خواردنەوە، یەکەم بۆ شاری حەلەب و دەوروبەری، هەروەها بۆ دابینکردن و کارپێکردنی 14 پەمپی دیکەی ئاو کە لەو وێستگانەدا هەن. تاوەکو رادەیەک بەدەنگەوەهاتن هەیە، بەڵام وەکو دەزانن شەڕی بەردەوام زۆرجار لە چوارچێوەی رێککەوتن و راوێژکاری دەردەچێت، بەڵام هەوڵدەدەین و ئامانجی سەرەکیمان دوورخستنەوەی ئەو ناوچەیەیە لە ململانێ.
رووداو: بەڕێز جەنابی وەزیر، ئەم ساڵ باران کەم بوو، رووسیاش هەناردەی گەنمی بۆ سووریا راگرتووە. ئەمە کێشەی بۆ ئێوە دروستکردووە؟
وەزیری کشتوکاڵی سووریا: بێگومان.. ئەو گۆڕانی کەشوهەوایەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، بەتایبەتی لەڕووی کەمبوونەوەی باران، ئێستا لە 5ی مانگی یەکداین، دەبینین ئەو بارانەی باریوە تەنانەت نیوەی رێژەی ساڵی رابردوو یان ساڵانی پێشترە. هەموو ئەمانە کاریگەرییان لەسەر رووبەری گەنمی چێندراو دەبێت، هەروەها راگرتنی هەناردەی گەنم لەلایەن رووسیاوە، بەڵام ئێمە هەوڵی هاوئاهەنگی لەگەڵ برا جووتیارەکان دەدەین بۆ چاندنی ئەو رووبەرانەی کە پلانیان بۆ دانراوە. هەروەها پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکان چ دارایی بن یان خزمەتگوزاریی بەخشینی قەرز بە برا جووتیارەکان و هاندانیان بۆ کشتوکاڵ، ئەمە سەرباری بەدواداچوونی کاری فەرمانگە و بەشە کشتوکاڵییەکان بە جۆرێک کە بتوانین بگەینە بەرزترین ئاستی بەرهەمهێنان لەم بەرهەمە ستراتیژییە کە پەیوەندی بە خۆراکی هاووڵاتییانی سووریاوە هەیە، بەدیبهێنین. هەروەها گفتوگۆ و راوێژ لەگەڵ وڵاتانی دیکە هەیە بۆ هەناردەکردنی ئەوەی پێویستمانە لەم بەرهەمە، بەڕاستی بەدەنگەوەهاتنی باشیش لەو لایەنانەوە هەیە.
رووداو: باسی چ لایەنێک دەکەیت؟ کام وڵاتانە بەدەنگەوە هاتوون؟
وەزیری کشتوکاڵی سووریا: زۆر لە وڵاتانی دۆست تەنانەت وڵاتانی دراوسێ ئارەزوویان دەربڕیوە بۆ دابینکردنی ئەوەی پێویستمانە لە گەنم، بەڵام ئێمە بە پشتیوانی خودا، ئەگەر رووبەری پلان بۆ دانراو بچێنرێت لەگەڵ بەدواداچوونی بەردەوامی بەشە کشتوکاڵییەکان کە لە سەرتاسەری خاکی سووریا دا بڵاوبوونەتەوە، بە پشتیوانی خودا، ئەگەر پێویستییەک هەبێت زۆر گەورە نابێت. ئەمڕۆ ئێمە بەرهەمێکی هەڵگیراوی زۆرمان هەیە، بۆیە دڵنیایی دەدەینە هاووڵاتیان کە بە پشتیوانی خودای گەورە بەردەوام دەبین لە پرۆسەی دابینکردنی گەنم و ئارد چ لە سایلۆکانەوە بەرەو ئاشەکان یان لە ئاشەکانەوە بەرەو نانەواخانەکان.
رووداو: هەموو وڵاتانی دراوسێ گەنمتان بۆ دەنێرن؟
وەزیری کشتوکاڵی سووریا: من ناڵێم هەموو وڵاتەکان. چەندین وڵاتی دراوسێ هەن وەکو میسر، عەرەبستانی سعودیە، ئوردن و وڵاتانی ئەورووپایی وەکو ئۆکراینا و وڵاتانی دیکە هەوڵدەدەن یارمەتی گەلی سووریا بدەن بەم بەرهەمە سەرەکییە.
رووداو: ئایا هیچ دانوستاندنێک لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە کوردستانی سووریا سەبارەت بە گەنم و دانەوێڵە هەیە؟
وەزیری کشتوکاڵی سووریا: وەکو دەزانن خاتوونی بەڕێز، سەبارەت بە دانوستاندن لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات، پێش ئەوەی بچینە نێو لایەنی خزمەتگوزاری، یان ئابووری و هەناردەکردن، دانوستاندن هەیە سەبارەت بە لایەنی سەربازی و ئاسایش. ئەگەر ئەم کێشانە چارەسەر بکرێن و رێککەوتن لەسەر شێوەیەکی دیاریکراو لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات بکرێت، بێگومان پرس و راوێژ سەبارەت بە لایەنی ئابووری و هەناردەکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بەڵام سەرەتا دەبێت رێککەوتن لەسەر بابەتە سەربازی و ئەمنییەکان بکرێت تاوەکو هاوئاهەنگی لە کاروباری خزمەتگوزاری دیکە بکرێت.
رووداو: واتە ئێستا هیچ دانوستاندنێک سەبارەت بە دانەوێڵە و گەنم لە نێوان ئێوە و بەڕێوەبەرایەتی خۆسەردا نییە؟
وەزیری کشتوکاڵی سووریا: تاوەکو ئێستا لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر نەچووینەتە ئەو بەشەی دانوستاندنەکانەوە، بەڵام دانوستاندن وەکو ئاگادارم، لەبارەی هەردوو لایەنی ئەمنی و سەربازی بەردەوامە.
رووداو: ئایا نزیکبوونەوەیەک لە بواری ئەمنی و سەربازی هەیە، ئەنجامەکان بەپێی زانیاریتان چین؟
وەزیری کشتوکاڵی سووریا: خاتوونی بەڕێز، وەکو دەزانن من پسپۆڕی کاروباری کشتوکاڵیم و پەیوەندیم بە کاروباری بازرگانی ناوخۆییەوە هەیە، واتە زانیاریی تەواوم لەبارەی ئەو دانوستاندنە نییە، وەکو دەشزانن ئەو دانوستاندنە هەتا ئاستێکی زۆر نهێنییە و وردەکارییەکانی ئاشکرا ناکرێن، بەڵام هەندێک ئاماژە هەن بە پشتیوانی خوای گەورە سەبارەت بە رێککەوتن لەسەر بەڕێوەبردنی ئەوەی ماوە لە خاکی سووریا، و بە پشتیوانی خودا هەمووی دەگەڕێتەوە ژێر یەک بەڕێوەبەرایەتی، چونکە گەلی سووریا بەڕاستی ئازاری زۆری چەشتووە، چ لە ساڵانی شۆڕشی سووریا یان تەنانەت پێشتر لە سایەی حوکمی بنەماڵەی ئەسەد. ئیتر کاتی ئەوە هاتووە ئەم گەلە ژیانێکی شایستە بژی و سوود لە هەموو تواناکان وەربگرێت کە خودا پێی بەخشیوە، بە هەموو پێکهاتەکانییەوە چ عەرەب بن یان کورد یان ئاشووری. بە پشتیوانی خودای گەورە ئەرکە لەسەرمان کار بکەین بۆ بەدیهێنانی ئەوەی دەکرێت بەدی بێت تاوەکو هاونیشتیمانیانی سووریا ژیانێکی شایستە و بەڕێز بژین.
رووداو: بەڕێز وەزیر، وەزیری کشتوکاڵی پێشووی سووریا ئەسعەد مستەفا دەڵێت دروستکردنی پشتێنەی عەرەبی لە ساڵی 1968 بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتنی زەوی جووتیارەکانی کورد و بەعەرەبکردنی ناوچەکە بوو. رێکاری ئێوە چییە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم ستەمەی رژێمی ئەسەد؟
وەزیری کشتوکاڵی سووریا: زۆر لە یاساکان و زۆر لە رێنماییەکان کە پێشتر لە لایەن حکومەتی رژێمی ئەسەدەوە دەرچوون نەک تەنیا نادادپەروەر بوون بەرامبەر گەلی کورد بەڵکو نادادپەروەر بوون تەنانەت بەرامبەر هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا. ئێمە ئێستا بە پەرۆشەوە کار دەکەین بۆ پێداچوونەوە بەم یاسایانە کە دەکرێت هەڵبوەشێنرێنەوە و دەکرێت هەموار بکرێن تاوەکو هەموو مافەکان بۆ گەلی سووریا بگەڕێنینەوە تاوەکو گەلی سووریا بە هەموو تاکەکانییەوە ببنە ئامرازی کارا لە بونیاتنانی سووریای نوێ دا، چونکە هەر هاووڵاتییەک هەست بە ستەم بکات، هەست بکات بەشێک لە مافی وەرنەگرتووە، تەنیا دەبێتە ئامرازێکی نەرێنی کە سووریا بەرەو دواوە دەبات. ئێمە ئامانجێکمان لە پێش خۆمان داناوە کە گەلی سووریا بە هەموو پێکهاتە و تاکەکانییەوە ژیانێکی شایستە بژی تاوەکو ببێتە ئامرازێکی راستەقینە و ئەرێنی لە بونیاتنانی سووریای داهاتوودا.
رووداو: رێژەی بەرهەمهێنان لە جەزیرەی سووریا لە کۆی گشتیی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی لە سووریا چەندە؟
وەزیری کشتوکاڵی سووریا: وەکو دەزانن، جەزیرەی سووریا بە سەبەتەی خۆراک دادەنرێت بە تایبەتی سەبارەت بە بەرهەمەکانی وەرزی زستان و، لە پێش هەموویانەوە گەنم، جۆ و هەندێک دانەوێڵە. کەواتە ناوچەیەکی گرنگە لە رووی کشتوکاڵی و ئابوورییەوە بۆ حکومەتی نوێی سووریا. ئێمە بە پەرۆشەوە هەوڵدەدەین بە پشتیوانی خودای گەورە بۆ گێڕانەوەی ئەم ناوچەیە، تاوەکو بکەوێتەوە نێو کار و پلانەکانمان بە پشتیوانی خودای گەورە. رێژەی بەرهەمەکەی زۆرە.
رووداو: بەرهەمهێنانی ناوخۆیی لە سووریا ئێستا چەندە؟
وەزیری کشتوکاڵی سووریا: بەداخەوە لە ساڵانی رابردوودا تێکڕای بەرهەمهێنانی گەنم لە باشترین ئاستیدا 300 هەزار تۆن گەنمی تێنەپەڕاند. بێگومان هۆکارەکەش تەنیا گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا نەبوو، هۆکارەکە خراپی خزمەتکردنی ئەو جووتیارانە بوو کە ئەم بەرهەمە ستراتیژییە دەچێنن و ئەوەش بووە هۆی پاشەکشەی بەرهەمهێنان، هۆکارەکە سیاسەتی رژێمی ئەسەد بوو لەهەمبەر توێژەکانی کۆمەڵگەی سووریا و بە تایبەتی جووتیاران، بۆیە بەرهەمهێنان زۆر دابەزی. ئێمە بە پشتیوانی خودای گەورە، هەوڵ دەدەین بەرهەممان لە داهاتوودا بچێتە سەرووی پێداویستیی راستەقینە کە بە دوو ملیۆن تۆن مەزەندە دەکرێت. تەنانەت هەوڵ دەدەین بگەینە ئاستی کێبڕکێ لە بازاڕە دەرەکییەکاندا، وەکو چۆن پێشتر سووریا پلەیەکی زۆر گرنگی لە بەرهەمهێنان و هەناردەکردنی گەنمدا هەبوو.
رووداو: چۆن دەگەنە ئەم بەرهەمهێنانەی کە ئاواتی بۆ دەخودازن؟
وەزیری کشتوکاڵی سووریا: وەکو باسم کرد خاتوونی بەڕێز، بۆ ئەم بەرهەمهێنانە سەرەتا دەبێت متمانەی جووتیار بە خۆی بگەڕێتەوە، دەبێت متمانەی جووتیار بە بەڕێوەبەرایەتی نوێ و لە پێشیانەوە بە وەزارەتی کشتوکاڵ و چاکسازی کشتوکاڵی بۆ بگەڕێتەوە. دەبێت هەوڵی بەردەوام لە بەشە کشتوکاڵییەکان و هەموو لقەکانی سەر بە وەزارەتی کشتوکاڵ هەبێت بۆ بەدواداچوونی کاروباری کشتوکاڵی و پێشکەشکردنی باشترین خزمەتگوزاری بە تایبەتی رێنمایی بۆ جووتیاران بە جۆرێک کە بەرهەمهێنانی راستەقینەی ئەم بەرهەمانە بگەڕێتەوە. هەروەها هەوڵدەدەین لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی پشتگیری کشتوکاڵییەوە قەرز بدەینە برا جووتیارەکان، بە جۆرێک کە خەرجی و تێچووەکانی لەسەرشانیان کەمتر بکاتەوە. جگە لەوە هەوڵ دەدەین جۆرێک لە بەهای زیادکراو یان زنجیرەکانی بەرهەمهێنان بەدی بهێنین بە جۆرێک کە بتوانین زۆرترین داهات لەم بەرهەمانە بەدەستبێنین.
رووداو: پێداویستییەکانی سووریا لەو کەرەستە خۆراکییانەی کە لە دەرەوە هاوردە دەکرێن ئێستا چین؟
وەزیری کشتوکاڵی سووریا: ئێستا وەکو دەزانن، کەرتی کشتوکاڵ لە ساڵانی رابردوودا وەکو کەرتێکی ئابووری نەما و تا ئاستێکی زۆر پشت بە هاوردەکردن لە دەرەوە و گرێبەستی نادادپەروەرانە بەرامبەر گەلی سووریا بەسترا، بەڵام لە رێگەی ئەم کەناڵە میدیاییەوە مژدە دەدەمە هەموو هاووڵاتیان کە بە پشتیوانی خودای گەورە لە ئایندەیەکی نزیکدا پێویستمان بە وڵاتانی دیکە نامێنێ لەڕووی هاوردەکردنی ئەم بەرهەمە خۆراکییانەوە، چونکە دەگەڕێینەوە سەر پشتبەخۆبەستن لە بەرهەمهێنانی بەروبووم و، بە پشتیوانی خودا دەچینە قۆناخی هەناردەکردن بۆ وڵاتانی دیکە.
رووداو: کاریگەری گەمارۆکانی رۆژئاوا لەسەر کەرتی کشتوکاڵی لە سووریا چییە؟
وەزیری کشتوکاڵی سووریا: کاریگەری گەمارۆکان ئەگەر بمێننەوە، ئێمە بە پشتیوانی خودا بە پەرۆشەوە کار دەکەین بۆ لابردنی ئەم گەمارۆیانە، چونکە رۆڵێکی نەرێنی دەگێڕن لە بەرزبوونەوەی تێچووی پێداویستییەکانی بەرهەمهێنان لەسەر برا جووتیارەکان، بەڵام ئێمە هەوڵدەدەین بۆ لابردنی ئەم گەمارۆیانە، هەروەک چۆن هەوڵدەدەین بۆ چالاککردنی وەبەرهێنانی ناوخۆیی بە جۆرێک کە زۆربەی پێداویستییە کشتوکاڵییەکان لە پەیین و ئامرازەکانی ئاودێری بە ویستی خودا لە رێگەی دامەزراوە ناوخۆییەکانمانەوە بەرهەمبێنین، هەروەها بە ویستی خودا پێداویستییەکانی وزەش بە نرخی کەمکراوە دابین بکرێت چونکە رۆڵێکی زۆر زۆر گەورە لە تێچووی بەرهەمهێنان و تێچووی بەروبوومە کشتوکاڵییەکان دا دەگێڕن.
رووداو: ئەو گۆڕانکارییانە چین کە لە سیاسەتی کشتوکاڵی سووریادا دەیکەن بەڕێز جەنابی وەزیر؟
وەزیری کشتوکاڵی سووریا: بەڕاستی دەستمان بە گۆڕانکاریی هەیکەلی لەسەر ئاستی پێکهاتەی وەزارەتی کشتوکاڵ کردووە. پشت بە خوا داڕشتنی سیاسەتی کشتوکاڵی نوێ بەجۆرێک دەبێت کە لە سەرەتادا خۆبژێوی بەدیبێنێ، پاشان هەنگاو بەرەو زیادکردنی بڕی زۆر لە بەروبوومەکان دەنێین. پشت بە خوا بەم زووانە لە دەرگای بازاڕە دەرەکییەکان دەدەین و وا لە بەرهەمەکانمان دەکەین کە توانای کێبڕکێیان هەبێ. بە پەرۆشەوە هەوڵدەدەین لەگەڵ وەزارەتەکانی دیکە بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری بۆ ئەم کەرتە چ لە بواری پیشەسازی، بواری پیشەسازی پێداویستییە کشتوکاڵییەکان و بواری وزە دا . بە جۆرێک کە ئەم تێچووانە لەسەر وەبەرهێنانی کشتوکاڵی کەمبکەینەوە. هەروەها کار دەکەین لەسەر پێشکێشکردنی ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنەرانی سووری و ئەوانی دیکە بۆ هاتنە ناوەوە و وەبەرهێنان لە کەرتی کشتوکاڵی دا.
رووداو: ئایا ئەم ئاسانکارییانە بۆ وەبەرهێنەرانی بیانیش دەبێت؟
وەزیری کشتوکاڵی سووریا: بەڵێ، بۆ وەبەرهێنەرانی سووری و هەروەها بیانی و عەرەب.
رووداو: بەڕێز وەزیر، ئێستا رووبەری شیاوی کشتوکاڵ کردن لە سووریا چەندە؟
وەزیری کشتوکاڵی سووریا: ئێستا سەبارەت بەو ناوچانەی کە بەڕێوەبەرایەتی نوێی سووریا بەڕێوەی دەبات، رووبەری زەوی شیاوی کشتوکاڵی لە دێمی و ئاودێری لە سنووری 556 هەزار هێکتار تێدەپەڕێت. بێگومان زۆر لە زەوییەکان بەداخەوە لە زەوی ئاودێرییەوە بوونەتە زەوی دێمی. لە رێگەی هەوڵەکانمان و پڕۆژەکانمان بە پشتیوانی خودا سەبارەت بە نۆژەنکردنەوە و بەرزکردنەوەی توانای هەڵگرتنی پڕۆژە سەرەکییە حکومییەکان، بە پشتیوانی خودا رووبەری زەوی ئاودێری وەک پێشتری لێدێتەوە.
رووداو: ژمارەی جووتیاران چەندە؟
وەزیری کشتوکاڵی سووریا: بەڕاستی دەزانن کارمەندانی کەرتی کشتوکاڵ پێشتر رێژەی 30%ی قەبارەی هێزی کاریان لە سووریا پێکدەهێنا. لە ساڵانی دواییدا کەم بووەوە بۆ کەمتر لە 15%. ئێستا بە هاتنی ئەم وەبەرهێنانانە و دووبارە چالاککردنەوەی خولی کشتوکاڵی بە پشتیوانی خودا هەوڵدەدەین بۆ گەڕانەوەی هەمان رێژە، هەوڵدەدەین بۆ زیاتر لەوە لە رێگەی هاندانی زنجیرەی بەها و هاندانی پیشەسازی کشتوکاڵی و بازاڕکردنی کشتوکاڵی. بە پشتیوانی خودا دەگەینە رێژەی 35% لە کۆی هێزی کار لە سووریا کە لە کەرتی کشتوکاڵ و کەرتە پەیوەندیدارەکانی بەرهەمهێنانی کشتوکاڵی دا کار بکەن.
رووداو: بەڕێز وەزیر محەممەد تەها ئەحمەد وەزیری کشتوکاڵ و ئاودێری لە بەڕێوەبەرایەتی نوێی سووریا. میوانمان بوویت لە دیمەشقەوە، زۆر سوپاست دەکەم.
وەزیری کشتوکاڵی سووریا: سڵاو بۆ ئێوە. سڵاو بۆ هەموو بینەران. و بە ویستی خودا بەم زووانە سووریایەکی یەک پارچە دەبینین، سووریای خێر، سووریای بەخشندەیی، سووریای ئاشتی بە پشتیوانی خودای گەورە.
رووداو: سوپاس بەڕێز وەزیر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ