دلاوەر ئاژگەیی: یەکێتیی ئەوروپا هاوکاریی زیاتری پەنابەرانی سووریا لە هەرێمی کوردستان دەکات


رووداو دیجیتاڵ

کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پەنابەرانی سووریا لە وڵاتانی دراوسێی سووریا لە برۆکسل بەڕێوەچوو. نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا باسی دۆخی پەنابەرانی سووری لە کامپەکان کردووە و داوای هاوکاریی زیاتری لە یەکێتیی ئەوروپا کردووە. دەشڵێت، یەکێتیی ئەوروپا لەژێر ناوێکی نوێدا هاوکاریی زیاتری پەنابەرانی سووریا دەکات.
 
دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە برۆکسل، میوانی بووڵتەنی کاژێر 19:00ـی رۆژی هەینی، 09-12-2022ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە نالین حەسەن پێشکێشی کرد، رایگەیاند، بەرپرسانی یەکێتیی ئەوروپا "زۆر" لە هەرێمی کوردستان رازی بوون کە بەشێوەیەکی باش و رێکوپێک مامەڵەی لەگەڵ پڕۆژەکانی یەکێتییەکە کردووە.
 
نوێنەری حکومەتی هەرێمی کورستان لە برۆکسل باسی لەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکەدا ئەو بەشەی کە بۆ پەنابەرانی سووری لە هەرێمی کوردستان باسی لێوەکراوە بڕیارە نزیکەی 20 ملیۆن یۆرۆ خەرج بکرێت. گوتیشی، جگە لە پەنابەرانی سووری، زیاتر لە 650 هەزار ئاوارەی نێوخۆیی عێراقیش لە هەرێمی کوردستان هەن و "بارگرانییەکی زۆر گەورەیان لەسەر هەرێمی کوردستان دروستکردووە".

 

دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتیی ئەوروپا:

رووداو: چەند پارە بۆ ئەو وڵاتانە تەرخانکرا کە پەنابەرانی رۆژئاوای کوردستان و سووریای لێیە؟
 
دلاوەر ئاژگەیی: کۆنگرەیەکی گرنگ لە برۆکسل بەڕێوەچوو، تایبەت بە قەیرانی سووریا و بەتایبەت پرسی پەنابەران و ئەو وڵاتانەی پەنابەرانی سووریا روویان تێکردووە، یەکێک لەوانەش لە عێراق هەرێمی کوردستان کە زۆرینەی هەرەزۆری ئەو پەنابەرانە لەوێ نیشتەجێبوون. ئەوەی گرنگ بوو کە لێرەدا باسی بکەین ئەوەیە کە ئەو وڵاتانەی وڵاتی کۆمەکبەخشیان پێدەگوترێت و ئەوانەن کە پارە بۆ یەکێتیی ئەوروپا تەرخان دەکەن؛ یەکێتیی ئەوروپا خۆی لەخۆیدا هیچی لەبەردەست نییە و وڵاتانی ئەندام هاوکاریی دەکەن، ئەوان لەوێ ئامادەبوون کە زۆر گرنگ بوو لەوێ باسی ئەو کەموکورتییانە بکرێت کە بە دیتینی ئێمە وڵاتانی دیکەش گرنگە لەبەرچاو بگیرێن و کاریان لەسەربکرێت. 
 
یەکێک لەو پڕۆژە گەورانەی یەکێتیی ئەوروپا بۆ ئەو بابەتە تەرخانیکردبوو بەناوی پڕۆژەی مەدەت؛ ئەو پڕۆژەیە پار کۆتاییهات، دەتوانین بڵێین ئەوکاتانە بەشێوەیەکی باش هاوکاریی کەمپەکانی پەنابەرانی سوورییان لە هەرێمی کوردستان و شوێنەکانی دیکەش دەکرد؛ زۆریش لە هەرێمی کوردستان رازیبوون کە بەشێوەیەکی باش و رێکوپێک هەڵسوکەوت لەگەڵ ئەو پڕۆژەیە کراوە و چەند جارێک ئەوەیان لە کۆبوونەوەکان باسکردووە و دەستخۆشیان کردووە، بەڵام ئەو پڕۆژەیە کۆتاییهات، یەکێتیی ئەوروپا ئێستا سەرقاڵی ئەوەیە چۆن بتوانێت بە پڕۆژەیەکی دیکە لەژێر ناوێکی دیکەدا هاوکاریی پەنابەرانی سووریا بکات، چونکە زۆرینەی ئامادەبووان پێیانوابوو ئەو قەیرانەی ئێستا لە سووریا هەیە پێناچێت بەمزووانە کۆتایی بێت.
 
رووداو: ئەو هاوکارییەی ئەمساڵ بڕیاری لەسەر دراوە چەندە؟ نیو ملیار دۆلارە کەمتر یان زیاتر؟
 
دلاوەر ئاژگەیی: کەمترە لە نیو ملیار دۆلار؛ ئەم پارەیە لەژێر ناوی مەدات بڕیاری لەسەر درابوو، بەڵام هەمووی خەرج نەکرابوو، بۆیە ئەو بەشەی کە مابوویەوە ئێستا بەکاری دەهێنن بۆ ئەمساڵ. ئەو بەشەی کە بۆ پەنابەرانی سووری لە هەرێمی کوردستان باسی لێوەکرا نزیکەی 20 ملیۆن یۆرۆ بوو، ئەوەش راستەوخۆ رادەستی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناکرێت.
 
رووداو: 20 ملیۆن یۆرۆ تەنیا بۆ عێراق بوو؟
 
دلاوەر ئاژگەیی: بەڵی تەنیا بۆ عێراق بوو، عێراق لە هەمووی کەمتری بەرکەوت، چونکە ژمارەی پەنابەران بەراورد لەگەڵ ئوردن، لوبنان و سووریا کەمترە، لوبنان زۆرینەی هاوکارییەکانی بەرکەوت کە 41%ـی کۆی هاوکارییەکان بوو، دوای ئەو ئوردن و پاشان تورکیا، لەبەر ئەوەی ژمارەیەکی زۆری پەنابەری سووری لە تورکیان. ئێمە ئاماژەمان بەوەکرد کە دەبێت یەکێتیی ئەوروپا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی زیاتر هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکەن، چونکە هەرێمی کوردستان سەرەڕای ئەوەی ژمارەیەکی زۆری پەنابەرانی سووریای تێدایە، پەنابەرانی وڵاتانی دیکەش هەن، هەروەها زیاتر لە 650 هەزار ئاوارەی نێوخۆی عێراقیش لە هەرێمی کوردستان هەن، ئەمەش بارگرانییەکی زۆر گەورەیە لەسەر هەرێمی کوردستان و بەتەنیا ناتوانێت هاوکاری ئەو پەنابەر و ئاوارانە بکات، بۆیە دەبێت هاوکاریی هەرێمی کوردستان زیاتر بکرێت ئەگەر بێت و نەکرێت بە دڵنیاییەوە ئەو پەنابەرانە ئومێدی ئەوەیان نامێنێ بگەڕێنەوە وڵاتی خۆیان، چونکە زۆربەی ئامادەبووان لەو بڕوایەدابوون کە پێناچێت قەیرانی سووریا بەمزووانە کۆتایی بێت و خەڵکەکە بگەڕێتەوە، بۆیە دەبێ هاوکاریی بکرێن لەوشوێنەی کە تێیدا دەمێننەوە.
 
وڵاتانی هاوسێی سووریا؛ لەوانەش هەرێمی کورستان؛ پەیامەکەمان ئەوەبوو، ئەگەر بێتو هاوکاریی ئەو پەنابەرانە نەکرێت ئەوە بەدڵنیاییەوە بیرلەوە دەکەنەوە کە ئەو ناوچەیە جێبهێڵن و روو لە ئەوروپا بکەن، ئەوەش دەبێتە کێشەیەکی زۆر گەورەتر بۆ یەکێتی ئەوروپا، چونکە یەکێک لە هەستیارترین ئەو بابەتانەی ئێستا لە یەکێتیی ئەوروپا باسی لێوەدەکرێت و ستراتیژییەتی بۆ دادەڕێژرێت پرسی هاتنی پەنابەرانە بەتایبەتی لە سووریا، بۆیە پێمانگوتن ئاسانتر چارەسەری ئەو بابەتە دەکرێت ئەگەر بێت و هاوکاریی ئەو پەنابەرانە بکەن، بەتایبەت ئەوەی کە پەیوەندی بە ئێمەوە هەیە لە هەرێمی کوردستان ژمارەیەک کەمپ هەن و بەشێکیشیان لە دەرەوەی کەمپەکان نیشتەجێن و پێویستیان بە هاوکاریی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە. ئاماژەمان بەوەکرد، کە رێکخراوەکانی سەربە نەتەوە یەکگرتووەکانیش تاوەکو رادەیەکی زۆر هاوکاری ئەو خەڵکە ناکەن و ئەوەی پێشتوور هەبوو لێیان بڕدراو و لە دۆخێکی زۆر خراپدان، بێگومان هەرێمی کوردستان بەگوێرەی ئەوەی لەبەردەستییەتی هاوکاریی کردوون، بەڵام بە تەنیا ناتوانێت، جگە لەوەش بەگوێرەی رێککەوتنی یوئێن ئەوانە پەنابەرن؛ پەنابەریش ئەرکی تەنیا ئەو وڵاتە نییە کە روویان تێکردووە، بەڵکو ئەرکی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیشە هاوکارییان بکات.
 
رووداو: ئێوە داواتانکرد لە 20 ملیۆن یۆرۆ چەند زیاتر هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکرێت؟
 
دلاوەر ئاژگەیی: ئێمە هیچ بڕێکمان پێشنیاز نەکرد، ئاماژەمان بەوەکرد کە 20 ملیۆن زۆر زۆر کەمە و لە ئاست داواکاریی ئێمەدا نییە بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی لە کەمپی پەنابەرانی سووریدا هەن لە هەرێمی کوردستان. ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە باس لەوەکرا کە پڕۆژەیەکی دیکە هەیە و ئێستا لە یەکێتیی ئەوروپا گفتوگۆی لەبارەوە دەکرێت بەناوی پەرەپێدانی هاوکاری بۆ وڵاتانی هاوسێی سووریا ئەوانەی پەنابەریان تێدایە، تەنیا ئەو بڕە پارە نییە و پارەی دیکەش دێن، بەڵام بڕیاری لەسەر نەدراوە و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت، بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو کە بەوان بڵێین هەرێمی کوردستان هاوکاری زیاتری پێویستە؛ پێویستە لەو کۆبوونەوانەی دەکرێن دۆخی هەرێمی کوردستان لەپێشچاو بگیرێت.
 
رووداو: ئەو خواردن و هاوکاری و پارەیەی پێشتر دەدرایە پەنابەران بڕدراون، ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان کارەکانیان کەمکردووەتەوە و لە هەندێک بواردا کارەکانیان راگرتووە. ئێوە چۆن باستان لە دۆخی نێو کەمپەکان کرد، بەتایبەت لە رووی پەروەردە و خزمەتگوزارییەوە؟
 
دلاوەر ئاژگەیی: پێش ئەوەی بچینە کۆبوونەوەوە لەگەڵ لایەنی بەرپرسیار لە دۆخی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان کە زانیاری و داتایان لەبەردەستە گفتوگۆمان کرد و زانیارییەکانمان لێ وەرگرتن. گفتوگۆمان لەسەر ئەوە کرد کە ئێمە چی بڵێین و پەیامی هەرێمی کوردستان چییە، بۆیە لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی هەندێک داتامان خستنە بەرچاوی وڵاتانی ئەندام؛ ئەوانەی هاوکاریی یەکێتیی ئەوروپا دەکەن و یەکێتیی ئەوروپاش دەیداتە ئەو پڕۆژانەی بۆ پەنابەران جێبەجێ دەکرێن. بەتایبەتی لەسەر بابەتی قوتابی و قوتابخانەکان قسەمان کرد، ئاماژەمان بەوەکرد نزیکەی 35 هەزار قوتابی پەنابەری سووری هەن لە کەمپەکان دەخوێنن و مامۆستایان هەیە؛ دۆخی مامۆستاکانیان باش نییە و بەشێوەی خۆبەخش وانە دەڵێنەوە، پێویستە ئێمە لەگەڵ یەکێتیی ئەوروپا زیاتر هاوکارییان بکەین. یەکێتیی ئەوروپا زۆر بۆی گرنگە کە سێکتەری پەروەردە، قوتابخانەکان، قوتابی و مامۆستان هاوکاری بکرێن بۆیە ئێمە جەختمان لەسەر ئەوەکردەوە، داوامان کرد ئەو بابەتە بە جیدی کاری لەسەر بکەن.
 
رووداو: ئێوە گەشبینن وڵاتانی ئەوروپی هاوکاریی زیاتری پەنابەرانی سووری و رۆژئاوای کوردستان لە هەرێمی کوردستان بکەن؟
 
دلاوەر ئاژگەیی: ئەوان بەڵێنیاندا هاوکاریی زیاتر بکەن؛ من زۆر گەشبینم کە دۆخەکە گۆڕانکاری بەسەردا دێت؛ وەکو باسم کرد بۆ یەکێتیی ئەوروپا پرسی پەنابەران پرسێکی هەستیارە، ئەوان دەزانن کە پەنابەرانی سووری لە وڵاتانی هاوسێی سووریا هاوکاریی بکرێن کەمتریان بڕیار دەدەن ئەو ناوچەیە جێبهێڵن و بێنە ئەوروپا، لەبەر دۆخی پەنابەرانیش نەبێ لەبەر سیاسەتی پەنابەران لەنێو یەکێتیی ئەوروپا هاوکاری دەکەن. ئەوەش زۆر گرنگە؛ ئێمە وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە بەرنامەشماندا هەیە دوای سەری ساڵ هەوڵ بدەین هەندێک شاند و ئەو لایەنانەی بەرپرس و پەیوەندیدارن بە دۆسیەی پەنابەران؛ ئەو رێکخراوانەی لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ پەنابەران کاردەکەن بانگهێشتی برۆکسل بکەین و هەندێک کۆبوونەوەی دوو قوۆڵی بەڕێوەببەین و ئەوان زیاتر لە رەوشی پەنابەران ئاگادار بکەینەوە، بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر هاوکاری پەنابەرانی سووری بکەن لە هەرێمی کوردستان.