فەوزی هەریری: لە داهاتوویەکی نزیکدا لێکتێگەیشتننامەی باش لە نێوان عێراق و ئیمارات واژۆ دەکرێن


رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا هەندێک لێکتێگەیشتننامە لەنێوان عێراق و ئیمارات واژۆ دەکرێن؛ ئاماژەی بەوەش کرد، ئیمارات پێی خۆشە سەقامگیرییەکی سیاسیی باش لە هەرێمی کوردستان هەبێت.
 
رۆژی هەینی 10-03-2023، فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەبارەی نێوەڕۆکی کۆبوونەوەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات قسەی بۆ سەنگەر عەبدولڕەحمان، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ ئیمارات کرد.
 
فەوزی هەریری دەڵێت، هەردوو سەرۆک تێگەیشتنی "زۆر باش"یان لە هاوئاهەنگی ئابووری، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر لەگەڵ ئیمارات هەیە. 
 
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان گوتیشی، لە ماوەیەکی کورتدا هەندێک لێکتێگەیشتننامە لە نێوان عێراق و ئیمارات واژۆ دەکرێن و هەندێک لەوانیش لە بەرژەوەندی هەرێمی کوردستان دەبن. 
 
فەوزی هەریری ئاماژەی بەوەش کرد، بەرپرسانی باڵای ئیمارات بەو جۆرە سەیری هەرێمی کوردستان دەکەن کە دۆست و هاوبەشێکی ستراتیژییە، "بۆیە دەبێ زیاتر رەچاوی گرنگیی ئەو وڵاتە بکەین؛ رەچاوی گرنگیی ئەو پەیوەندیی کەسییە بکەین کە لەنێوان سەرۆکی هەرێمی کوردستان، هەروەها سەرۆکی حکومەت و سەرکردایەتیی سیاسیی ئێمە لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی ئەو وڵاتە هەیە." 
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان 
 
رووداو: دوای سەردانێکی و دیداری لووتکە لەنێوان هەردوو سەرۆک، سەرۆکی هەرێمی کوردستان گەڕایەوە. گرنگیی ئەم سەردانە و نێوەرۆکی کۆبوونەوەی هەردوو سەرۆک چی بوو؟ 
 
فەوزی هەریری: بێگومان سەردانەکە گرنگیی ئەوە بوو کە  لەسەر بانگێشتنامەی جەنابی شێخ محەممەد بن زاید بوو کە لە ناوچەکە و جیهان سیاسەتمەدار و سەرکردەیەکی کاریگەرە. پەیوەندییەکی تایبەت لە نێوان بەڕێز شێخ محەممەد و جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیە کە لە ماوەی ئەم دوو یان سێ ساڵەی رابردوودا پێکەوە توانیویانە زۆر کێشە لە ناوچەکە و لە عێراقیشدا بە راوێژ چارەسەر بکەن. شێخ محەممەد بن زاید رێزێکی تایبەتی بۆ هەرێمی کوردستان هەیە و عێراقی خۆش دەوێت، بەڵام رێزێکی تایبەت و خۆشەویستییەکی تایبەتی بۆ هەرێمی کوردستان هەیە.
 
رووداو: ئەم رێزە تایبەتە لە کوێوە سەرچاوەی گرتووە؟
 
فەوزی هەریری: لە پەیوەندییەکانی پێشووش جەنابی شێخ محەممەد پێشتر دوو تا سێ جار پێشوازی لە جەنابی سەرۆک بارزانی کردووە. هەروەها ماوەیەک لەمەوپێش پێشوازی لە جەنابی سەرۆکی حکومەت کرد لە کۆڕبەندی حکومەتەکان. بۆیە بەڕێزیان پەیوەندییەکی زۆر تایبەتی لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسی لە هەرێمی  کوردستان، بە تایبەتی لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیە. ئەوان لە یەکدی باش تێدەگەن لە بابەتەکانی پەیوەندیدار بە ناوچەکە؛ بۆیە سەردانەکە گرنگ بوو.
 
لە بابەتی دارایی و ئابووری، یانی هاوئاهەنگی لە بواری ئابووری و هاوئاهەنگی لە بواری لێکتێگەیشتن لە بواری پێکەوەژیان و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر لەگەڵ ئیمارات و لەگەڵ ناوچەکە بە لێکتێگەیشتنێکی زۆر گەیشتن کە ئینشاڵڵا لە ماویەکی کورتدا هەندێک لێکتێگەیشتننامە لە نێوان عێراق و ئیمارات واژۆ دەکرێن کە بەشێکی زۆر باشی بەتایبەتی لە بواری ئابووریی بۆ هەرێمی کوردستان دەبێت.
 
رووداو: بابەتی وزە چی؟
 
فەوزی هەریری: بابەتی وزەش جەختیان لەسەر کردەوە کە ئێستا هەرێمی کوردستان سەرچاوەیەکی سەرەکیی وزەیە بە تایبەتی لەبواری گاز و خۆشی گوتی وەکو برایەکی سەرکرایەتیی سیاسی ئێمە، حەز دەکەین ئەگەر هەر کێشەیەک لەنێو هەرێمی کوردستان هەبێت بە زووترین کات چارەسەر بکرێت، چونکە لە نێو یەک ماڵیشدا تێنەگەیشتن لە یەکدی روودەدات، بەڵام لەبەر هەرێم و ناوچەکە، پێمان باشە هەر کێشەیەک هەبێت چارەسەر بکرێت، چونکە بابەتی وزە و بابەتی رۆڵی هەرێمی کوردستان لە چارەسەرکردنی وزە، رەنگە لە سەرانسەری جیهان رۆڵێکی سەرەکی هەبێت و هەرێمی کوردستان و عێراق پێکەوە دەتوانن زۆر زۆر پێشکەوتووتر ئەو رۆڵە ببینن، ئەگەر هەرێمی کوردستان کێشەکانی ئێستای وەکو هەڵبژاردن و ئەو بابەتانە چارەسەر بکات.
ئەوان یارمەتیدەرن و حەزدەکەن و لە دڵسۆزیی خۆیان بۆ ئێمە، پێیانخۆشە سەقامگیریی سیاسی باش لە هەرێمی کوردستان هەبێت. ئێمەش دڵنیامان کردنەوە کە ئەم ئاستەنگییانە چارەسەر دەکرێن.
 
هەرێمی کوردستان لای ئیمارات دۆست و هاوبەشێکی ستراتیژییە، نەک بۆ ئێستا بەڵکو بۆ 50 یان 100 ساڵی داهاتوو؛ بۆیە دەبێ زیاتر رەچاوی گرنگیی ئەو وڵاتە بکەین، رەچاوی گرنگیی ئەو  پەیوەندی کەسییە بکەین کە لەنێوان سەرۆکی هەرێم، لە نێوان سەرۆکی حکومەت و لە نێوان سەرکردایەتیی سیاسیی ئێمە لەگەڵ سەرکردایەتیی سیاسیی ئەو وڵاتە هەیە.
 
رووداو: ئێستا زیاتر لە  150 کۆمپانیای ئیماراتی لە هەرێمی کوردستان کاری وەبەرهێنان دەکەن، تێکەڵییەکی زۆر لەنێوان بازرگانانی هەرێمی کوردستان و ئیمارات هەیە، لە رووی ئابووری و وەبەرهێنان و بازرگانییەوە هیچ هەنگاوی نوێ بۆ پەرەپێدانی ئەم پەیوەندییە لە داهاتوودا هەیە؟
 
فەوزی هەریری: پێش ئێستا، جەنابی سەرۆکی حکومەت سەردانی ئەبوزەبی و دووبەی کردبوو، لیژنەیەکی دەستەی وەبەرهێنان و ئەنجوومەنێکی بازرگانی پێکدەهێندرێت کە چەندین کەسایەتیی دیاری بازرگانیی هەرێمی کوردستان، هەروەها چەندین کەسایەتی لە ئیمارات لە ژێر چاودێری هەردوو حکومەتی هەرێم و دەوڵەتی ئیمارات تێدا دەبێت. ئەم پلانە بە جۆرێکە کە پێویستت بەو ئەنجوومەنە دەبێت بۆ ئەوەی بزانی پەرەپێدانی ئابووری لە هەرێمی کوردستان لە هەر بوارێکی وەک وزە، گەشتوگوزار، کشتوکاڵ، پیشەسازی چۆنە و پێویستی بە ئیدارەیەکی یەکگرتوو هەیە.
 
دامەزراندنی ئەو ئەنجوومەنە هەنگاوێکی زۆر زۆر باشە. جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی لەوە کردەوە کە ئەمە باشترین رێوشوێنە بۆ زیاتر رێکخستنی پەیوەندییەکان. جەنابت فەرمووت زیاتر لە 150 کۆمپانیای ئیمارات لە هەرێمی کوردستان هەیە، بەڵام گرنگە ئەو پەیوەندییە بە شێوازێکی زانستی رێکبخرێت و ئەوانیش تێبگەن. بۆ ئێمە زۆر ئاساییە هەرکەس بێت کار بکات، بەڵام دەبێت بە سیستمێک کار بکەن کە ئێمەش پابەندبین پێوەی. ئەمە هەنگاوێکی زۆر باشە و بە راستی دەرفەت زۆرە. ئێمە لە هەرێمی کوردستان گەشبینین.
 
رووداو: دوا پرسیارم لەسەر ئاڵای کوردستانە کە لە پشتی ئێمە بۆ پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لێرە لە فڕۆکەخانە هەڵکراوە. ئەمە چی مانایەکی بۆ ئێوە هەیە؟
 
فەوزی هەریری: بێگومان ئەوە نیشانەی سەرکەوتنی دیپلۆماسی و رۆڵی سیاسیی جەنابی سەرۆکی هەرێمە لە عێراق و لە ناوچەکە و لە هەمانکاتیش سەرکەوتنێکی سیاسییە بۆ سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان لە بینینی رۆڵێکی سەرەکی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ناوچەکە. ئەمە وەکو جەنابت فەرمووت، 10 ساڵ، 15 ساڵ یان 20 ساڵ لەمەوبەر نەک هەر لێرە لە زۆر وڵات ئەوەمان نەدەبینی، بەڵام ئێستا هەر لێرە نابیندرێت؛ لە تورکیاش هەیە؛ لە ئێرانیش هەبوو؛ لە ئوردن و وڵاتانی ئەوروپیش هەبووە.
 
رەنگە هەندێک کەس لە خۆمان لەو گرنگییە تێنەگەین چۆنە، بەڵام خەڵکی دیکە و دۆستی ئێمە باش لەبەرچاویانە هەرێمی کوردستان چی رۆڵێک دەتوانێت بەو سەرکردایەتییە گەنجەی کە هەیەتی، بیبینێت و بە راستی ئەمە جێگەی دڵخۆشییە بۆ هەموومان.