رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری ناحیەی ئەلقوش رایدەگەیێنێت، ناوچەکەیان لە لایەن پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەپارێزرێت و ئەوەش "بەڵگەی بایەخی تایبەتی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ کریستیانەکان و تەواوی پێکهاتەکانی دیکە."
لارا یوسف زارا، بەڕێوەبەری ناحیەی ئەلقۆش میوانی بوولتەنی کاژێر 08:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە ئەمڕۆ هەینی، 09-12-2022، فواد رەحیم پێشکێشی کرد، رایگەیاند، سەردانی سەرۆکی هەنگاریا بۆ سنوورەکەیان زۆر گرنگە. گوتیشی، "بە سەرۆکی هەنگاریام گوت پێشمەرگە قوربانی زۆری پێشکێشی ناوچەکەمان کردووە."
بەڕێوەبەری ناحیەی ئەلقۆش لەبارەی هاوکارییەکانی هەنگاریا بۆ سنوورەکەیان باسی لەوە کرد، پاڵپشتیی چەند پڕۆژەیەکیان کردووە، وەک دروستکردنی بینای قوتابخانەیەک لە ئەلقۆش و پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی. هەروەها لە تلسقۆف پڕۆژەی باخچەی منداڵانیان کردەوە و بیناکە لەسەر ئەرکی ئەوان دروستکرا. هاوکات کەنیسەی تلسقۆفیان نۆژەنکردەوە.
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ لارا یوسف زارا، بەڕێوەبەری ناحیەی ئەلقۆش:
رووداو: سەردانی سەرۆکی هەنگاریا بۆ ئێوەی کریستیان لە دەشتی نەینەوا چ بایەخێکی دەبێت؟
لارا: سوپاس. بەدڵنیاییەوە ئەمە سەردانێکی مێژوویی و گرنگ بوو بۆ سەرجەم دانیشتووانی دەشتی نەینەوا بەگشتی و خەڵکی ناحیەی ئەلقۆش بەتایبەتی. سەردانەکە تەنیا بایەخی بۆ کریستیانەکان نەبوو، بەڵکو بۆ تەواوی ناوچەکە بایەخدار بوو کە لەم چەند ساڵەی رابردوودا نەهامەتییەکی زۆر و ئاڵنگارییەکی زۆری رووبەڕووی بووەوە.
رووداو: چ داوایەکتان لە سەرۆکی هەنگاریا کرد؟
لارا: حکومەتی هەنگاریا چەند پڕۆژەیەکی لە ناوچەکەمان وەک تلسقۆف و بەهەمان شێوە لە ئەلقۆش ئەنجامداوە. ئێمەش داوای پشتیوانیمان لێکرد تاوەکو پڕۆژەی خزمەتگوزاریی زیاتر لە ناوچەکەمان جێبەجێبکرێن بەتایبەتی ئەو پڕۆژانەی هەلی کار بۆ گەنجانی ناوچەکە فەراهەم دەکەن، بەهۆی ئەوەی ناوچەکەمان بەدەست بێکارییەوە دەناڵێنێت و رێژەی بێکاری لە ناوچەکەماندا زۆر بەرزە. بەدڵنیاییەوە، هەنگاوێکی لەو جۆرە بەشێوەیەکی راستەوخۆ هۆکار دەبێت بۆ مانەوەی رۆڵەکانی ئەم ناوچەیە لە زێدی خۆیان و دەستبەرداربوونیان لە بیرۆکەی چوونیان بۆ دەرەوەی وڵات. وەک دەزانرێت، زۆربەی زۆری دانیشتووانی ئەم ناوچەیە لە پێکهاتەی کریستیان و ئێزیدییەکانن کە بەشێکی زۆریان ئاوارە و پەنابەر بوون و تاوەکو ئێستاش دۆخەکە بەردەوامە. هەروەها لەبارەی دۆخی ناوچەکە گفتوگۆمان کرد. باسمان لە گرنگی و ستراتیژییەتی ناوچەکە کرد و ئاماژەمان بە سەقامگیریی دۆخی ئەمنیی ناوچەکە و تلسقۆف کرد بەهۆی ئەوەی لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان دەپارێزرێت و ئەمەش هۆکاری سەرەکیی پارێزراوبوونی ناوچەکەیە، بەراورد بە دۆخی ناوچەکانی دیکەی نەینەوا. ئەوەش دەبێتە هەنگاوێکی زۆر باش بۆ بونیاتنان و ئەنجامدانی هەر جۆرە پڕۆژەیەک، ئینجا لەلایەن حکومەتی هەنگاریاوە بکرێت یان هەر حکومەتێکی دیکەوە بێت.
رووداو: سەرۆکی هەنگاریا چ وەڵامێکی هەبوو بۆ داواکارییەکانی ئێوە؟
لارا: بێگومان، سەرۆکی هەنگاریا پێشوازیی لەم بیرۆکەیە کرد و پێی راگەیاندین کە ئەوان پاڵپشتی دەکەن و ئامانجیان پاڵپشتیکردنە لە سەقامگیریی ناوچەکە و زۆربەی قسەکانی بەشێوەیەکی گشتی بۆ تەواوی پێکهاتەکانی ناوچەکە و بەتایبەتیش ئاراستەی کریستیانەکانی کرد. پێی گوتم: ئێمەش خوازیارین هەلی کاری نوێ و زیاتر بڕەخسێنین لە رێگەی ئەو پڕۆژانەی پاڵپشتییان دەکەن. هەروەها گوتی، ئامانجیان پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکەیە. هاوکات پرسیاری لە دۆخی ناوچەکە لێکردین و گوتی: ئایا ئەم ناوچەیە کەوتووەتە بەر شاڵاوی پەلامار و دەستدرێژییەکانی چەتەکانی داعش؟ منیش پێم راگەیاند کە داعش نەگەیشتە ئەلقۆش و تلسقۆفیش لەژێر دەستی داعش بوو و لەلایەن هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان ئازاد کرا. هەروەها پێم راگەیاند، پێشمەرگە قوربانی زۆری پێشکێشی ناوچەکە کرد. دواتر پرسیاری کرد چۆن داعش ئەلقۆشی داگیرنەکرد؟ لە کاتێکدا داعش تلسقۆفی داگیرکرد و زۆر نزیک بوو لە ئەلقۆش؟ منیش پێم راگەیاند کە ئەلقۆش لەلایەن پێشمەرگەی کوردستان پارێزراو بوو و بۆیە ناوچەکە بە پارێزراوی مایەوە و هەر لەژێر سایەی پاڵپشتیی سەربازیی پێشمەرگە پارێزراوە.
رووداو: هەنگاریا تاوەکو ئێستا چەند هاوکاری ناوچەی ئێوەی کردووە؟
لارا: پاڵپشتی چەند پڕۆژەیەکیان جێبەجێکردووە، وەک دروستکردنی بینای قوتابخانەیەک لە ئەلقۆش و پڕۆژەیەکی کشتوکاڵی. هەروەها لە تلسقۆف پڕۆژەی باخچەی منداڵانیان کردەوە و بیناکە لەسەر ئەرکی ئەوان دروستکرا. هاوکات کەنیسەی تلسقۆفیان نۆژەنکردەوە. ئەو پڕۆژانە لە ماوەی رابردوودا جێبەجێیان کردن و منیش بەناوی ناحیەی ئەلقۆشەوە سوپاسی سەرۆکی هەنگاریام کرد. دواتر گفتوگۆمان لەبارەی کێشە و کەموکوڕییەکانی ناوچەکەمان کرد و پێم راگەیاند کە چەند کێشەیەکی سەرەکیمان هەن و پێداویستیی و داواکارییەکانی خەڵکی ناوچەکەم کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی پێشکێشی بکەم. جەختمان لەوە کردەوە کە ئامادەین ببینە رایەڵی پەیوەندیی نێوان دانیشتووانی ناوچەکە و حکومەتی هەنگاریا و پێم راگەیاند کە بەمجۆرە دەتوانین پێداویستی و داواکارییەکانی خەڵکی ناوچەکە جێبەجێ بکەین، بەتایبەتی لە بواری فەراهەمکردنی هەلی کار بۆ هاووڵاتییانی ئەم ناوچەیە کە سەرەکیترین داواکارییانە.
رووداو: سەردانی بەرپرسانی گەورەی وەک سەرۆکی هەنگاریا چەند هاریکار دەبێت بۆ وەستاندنی کۆچکردنی کریستیانەکان بۆ دەرەوە؟
لارا: بەدڵنیاییەوە ئەمە بابەتێکی زۆر گرنگە، بەتایبەتی لەم ماوەیەدا دەتوانم بڵێم کۆچکردن نەماوە و چەند هۆکارێکی تایبەتی هەن، بەڵام سەردانی سەرۆکی وڵاتێک بۆ ئەم ناوچەیە کە بەدەست پشتگوێخستنێکی زۆرەوە دەیناڵاند، ئەمە سەلمێنەری ئەوەیە کە ناوچەکە و خەڵکی ناوچەکە مایەی بایەخی نێودەوڵەتین، بۆیە دەکرێ ئەم سەردانە متمانەی زیاتر بە هاووڵاتییان و دانیشتووانی ناوچەکە ببەخشێت بەتایبەتی خەڵکی دەشتی نەینەوا، بەوەی ناوچەکەمان رەهەندێکی مێژوویی و شارستانیی گرنگی هەیە. بەدڵنیاییەوە، ئەگەر ئەمە رێژەییش بێت، بەڵام دەبێتە هۆی دڵنیاییکردنەوە و سەقامگیریی زیاتر بۆ رۆڵەکانی ئەم ناوچەیە، بۆ ئەوەی لە زێدی خۆیان بمێننەوە.
رووداو: سەرۆکی هەنگاریا رایگەیاند لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسیان لە دۆخی کریستیانەکان کردووە. سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان تاوەکو چەند بایەخ بە ماف و پاراستنی کریستیانەکان دەدەن؟
لارا: ئەگەر حکومەتی هەرێمی کوردستان نەبووایە، دۆخی کریستیانەکان زۆر سەخت و دژوارتر دەبوو. بەدڵنیاییەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتیوانییەکی زۆری پێشکێشی کریستیانەکان و پێکهاتەکانی دیکەشی کردووە لێرە و لە هەرێمی کوردستان.
گومان لەوەدا نییە، ناوچەکەمان بەشێکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بەڵام لەلایەن پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانەوە دەپارێزرێین. ئەمە باشترین بەڵگەی بایەخی تایبەتی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستانە بۆ کریستیانەکان و تەواوی پێکهاتەکانی دیکە کە لەم خاکەدا دەژین. ئێمە یەک میللەتین و خۆشەویستیمان بۆ خاکمان هەیە. تەنیا لە ئایین و بیروباوەڕەکانماندا جیاوازین، بەڵام ئەم خاکە نیشتمانی هەموومانە. کوردستانیش بۆ هەمووانە و هیچ جیاوازییەک لە نێوان موسڵمان و کریستیان و پێکهاتەکانی دیکە نییە.
رووداو: ئەمڕۆ وێنەی زۆر جوانت لەگەڵ سەرۆکی هەنگاریا گرت. وێنەکانتان جوان دەرچوون؟ ژمارەی تەلەفۆنتان گۆڕینەوە؟
لارا: لەناکاو سەرۆکی هەنگاریا پرسیاری لێکردم کە من یەکەمین ژنی بەڕێوەبەری ناحیەم لە حکومەتی عێراق و منیش بە بەڵێ وەڵامم دایەوە. پرسیارەکەی سەرنجی راکێشام و پێی گوتم: زۆر پەسنیان کردی، ژنێکی ئازا و بوێریت و رۆڵێکی زۆر باشت هەبووە لە بەڕێوەبردنی ناوچەکە. ژمارەی تەلەفۆنەکانمان ئاڵوگۆڕ نەکرد، بەڵام لەگەڵ جەنابی وەزیر کە یاوەری سەرۆکی هەنگاریا بوو، ژمارەی تەلەفۆنەکانمان ئاڵوگۆڕکرد بۆ ئەوەی پێداویستی و کەموکوڕییەکانی ناوچەکەی پێ رابگەیەنم و لە رێگەی سەرۆکی هەنگاریاوە هاوکاریمان بکات. دواتر لەسەر خواستی سەرۆکی هەنگاریا پێکەوە وێنەمان گرت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ