دەنیز ناتالی: ئەمریکا بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکانەوە هێزەکانی لە ناوچەکەدا زیاد بکات
رووداو دیجیتاڵ
دیپلۆماتکارێکی پێشووی ئەمریکا پێیوایە، بۆ ئەوەی تورکیا هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە، پێویستە سەرەتا هەولێر و بەغدا لەنێو خۆیاندا رێکبکەون.
دەنیز ناتالی، یاریدەدەری وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریکا کە ئێستا بەڕێوەبەری پەیمانگەی لێکۆڵینەوەی ستراتیژی نیشتیمانییە لە زانکۆی ناشناڵ دیفێنس لە ئەمریکا، لە هەڤپەیڤینێکدا بە رووداوی گوت، " پێش ئەوەی هەناردەکردنی نەوت بۆ تورکیا دەستپێبکاتەوە، دەبێت هەندێک بڕیار لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا بدرێن. بە تێگەیشتنی من، بەتایبەت دوای بڕیارەکەی دادگەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی، تورکیا دوودڵ دەبێت لەوەی خۆی بخاتە نێو پرسێکی دیکەی یاساییەوە".
دەشڵێت، "تورکیا دەڵێت حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا دەبێت خۆیان کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن، ئینجا هەناردەکردنی نەوت دەتوانێت دەستپێبکاتەوە".
ناتالی کە پسپۆڕی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، تورکیا، عێراق و کێشە سنوورییەکانی کوردستانە، باس لەوە دەکات، هێرشی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، وادەکات کە واشنتن هێزەکانی لە ناوچەکەدا زیاد بکات.
ئەو خانمە دیپلۆماتکارە کە ئاشنای هەرێمی کوردستانە و پێشتر لە وەک مامۆستا لە زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی وانەی گوتووەتەوە، سەرنجی خۆی لە بارەی کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا و سیستمی فیدڕالی خستەڕوو.
ئەمەی خوارەوە دەقی هەڤپەیڤینەکەیە:
رووداو: دکتۆر دەنیز ناتالی زۆر سوپاس بۆ ئەم چاوپێکەوتنە، ئەمڕۆ باسی ئەو ئاڵەنگارییانە دەکرێت کە ئێستا رووبەڕووی عێراق بووەتەوە، ئەو کێشانەی لە نێوخۆی عێراق هەیە، باس لەو یەک ساڵە دەکرێت کە سوودانی بووەتە سەرۆکوەزیرانی عێراق، دۆخی ئێستای عێراق چۆن دەبینیت؟
دەنیز ناتالی: زۆر سوپاس، دڵخۆشم کە لەگەڵ ئێوەم، عێراق لە هەندێک رووەوە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی نوێ، سوودانی، گۆڕانکاری گرنگی بەخۆیەوە بینیوە، سوودانی هەوڵی باشی داوە و ئەو هەوڵانەی جێگەی رێزن، بەڵام لە عێراق چەند کێشەیەکی بنچینەیی و پێکهاتەیی هەن، بەر لە ساڵی 2003ـەوە بەردەوامن لە ئاڵنگاری دروستکردن بۆ دامەزراوەکانی عێراق، مەبەستیشم لەوە پێکهاتەی فیدراڵییە، کە لە سەرەتاوە پێکهاتەیەکی فیدراڵیی گونجاو نەبووە و بەشێک لە ناڕوونییەکانی پێکهاتەی فیدرالی دەستوور بووە؛ کە هەرگیز جێبەجێنەکراوە، چەندین بەشی دەستوور هەن لە یاسا و لە سیاسەتی وڵات کە هەرگیز جێبەجێنەکراون و ئێستاش دەرئەنجامەکەی دەبینن کە ئەو سیستمانەیە کە کارناکەن، هەروەها پەیوەندی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق؛ لە راستیدا هەبوونی دەزگا لاوازەکان لە تەواوی وڵاتەکەدا و ئەو بڕیارانەی کە هێشتا ناتوانرێت یەکلایی بکرێنەوە، لەنێویاندا پرسی نەوت، ناوچە کێشە لەسەرەکان و بودجە، ئەو کێشانەن کە بۆ ماوەی چەندین دەیەیە بەردەوامن و کێشەی دامەزراوەیین.
رووداو: دکتۆر ناتالی، لێرەدا پرسیارێک دروست دەبێت، ئایا سیستمی فێدراڵی لە عێراق شکستیهێنا؟ ئەوەیە هۆکاری ئەوەی کە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر ناکات؟
دەنیز ناتالی: نازانم ئەگەر ئەوە تەواوی کێشەکە بێت، ئەوە شتێکی قورسە کە بڵێی سیستمی فێدراڵی شکستیهێناوە، لەکاتێکدا کە فێدراڵی هەر لە سەرەتاوە لە عێراق بەشێوەیەکی گونجاو بەرەو پێشەوە نەبراوە؛ من لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەژیم و سیستمی فێدراڵیمان هەیە، راستە هەموو بەشێکی ئەو جیهانە جیاوازە، بەڵام بەشێکی سیستمی فێدراڵی ئەوەی کە من لێی تێدەگەم ئەوەیە کە پەیوەندییەکی دۆستانە هەبێت لەگەڵ حکومەتی فێدراڵیدا، کە تێیدا حکومەتی فێدراڵی پەیوەندی لەگەڵ پارێزگاکان هەبێت و پارێزگاکانیش پەیوەندییان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی هەبێت؛ هەروەها سیستمی فێدراڵی ناوچەیی و سیستمی فێدراڵی هەرێمیشمان هەیە، وەکو حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە ئەوە جۆرێکی زۆر باشی فێدراڵیە، هەندێک کەس بە سازانی نێوان لایەنەکان ناوی دەبەن، هەروەها کارکردن لەسەر ئەو دەستوورە هەرگیز کێشە گرنگەکانی دەستنیشان نەکردووە کە بووەتە هۆی ئەوەی دوو لایەنەکە، ئێستاش بەشەکانی دیکەی عێراق بەردەوامبن لەسەر کێشەکانیان، ئەوە بەشێكە، بەشێکی دیکە ئەوەیە کە هەستێکی چۆنە هاووڵاتییەکی عێراقی بیت؟ دەستووری عێراق یاخود عێراق چۆن داڕێژرا دوای ساڵی 2003 بۆ ئەوەبوو کە دڵنیابینەوە لەوەی سیستمی دیکتاتۆری هەرگیز نەگەڕێتەوە، پێموایە کە وڵاتەکە بەسەر سێ پۆلدا دابەشبووە، سوننە، شیعە و کورد. جیاوازی نێوانیان باس ناکرێن، ئەو جیاوازییانە پێویستە باس بکرێن، نەوەک پشتگوێ بخرێن، جیاوازی تەندروست و جیاوازی ناتەندروست هەن، لەنێو کۆمەڵگەی کوردیدا لەنێوان پارێزگاکاندا، جیاوازی لەنێو عەرەبە سوننەکان و جیاوازی لەنێوان عەرەبە شیعەکانیشدا هەیە. هێشتا ئێمە عێراقییەکان بە کورد، سوننە و شیعە بانگ دەکەین و ناویان دەبەین، هەروەها سیستمی کۆتا کە من پێموایە شتێکی زۆر خراپە و دەبێت کۆتایی پێبهێندرێت. پێویستە ئێمە بیر لە عێراقییەکان بکەینەوە وەک هاووڵاتی، لەوە تێبگەین کە نەتەوەی کورد نەتەوەیەکی جیاوازە، هەروەها جیاوازی ئایینی هەیە، بەڵام بەوشێوەیەی کە عێراق ئێستا بەردەوامە هیچ گۆڕانکارییەکی گرنگ روونادات.
رووداو: ماوەیەکی درێژە کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا چارەسەر ناکرێن، خەڵکی هەرێمی کوردستان نیگەرانن کەوا دەبێت بە بەردەوامی چاوەڕێی ناردنی بودجەی هەرێمی کوردستان لە بەغداوە بێت؛ بودجە رۆژێک دێت، رۆژێک نایەت و ئەمەش خەڵکی زۆر نیگەران کردووە، بەم شێوازە ژیان بەڕێناکرێت، گەنجەکان بێزار بوون و بێکار بوون، لێرە دەتانەوێت چۆن لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکەن بۆ ئەوەی چارەسەری ئەو کێشانە بکرێن؟ هۆکاری ئەو هەموو قەیرانە چییە کە چارەسەر ناکرێت؟
دەنیز ناتالی: ئەوە شتێکی خراپە، ئەوە دۆخێکی خراپە بۆ هەرێمی کوردستان، من بەداخم بۆ ئەو دۆخەی کە خەڵکی کوردستان پێیدا تێدەپەڕن بەتایبەت سەبارەت بە مووچەکانیان و چەندین شتی دیکە. بەشێک لەوە پەیوەندی بە دەسەڵاتەوە هەیە لەنێوان هەرێمی کورستان و بەغدا، بەڵام من بە راشکاوانە قسە دەکەم، بەشێکی دیکەش پەیوەندی بە دەسەڵاتەوە هەیە لەنێو هەرێمی کوردستاندا، کاتێکی زۆر لە چەند ساڵی رابردوودا بە هەوڵدان بۆ دروستکردنی دەوڵەتی سەربەخۆی کورد بەسەربردرا و وەبەرهێنانێکی زۆر کرا و ئێستاش پارەیەکی زۆر هەیە کە دەبێت بدرێت؛ لەنێو هەرێمی کوردستان دا جیاوازی هەیە، جیاوازی لەنێوان هەولێر و سلێمانی و شوێنەکانی دیکە هەیە، لەبەرئەوە پرسیارێک هەیە کە دەمەوێت بیکەم ئەوەیە کە لەنێو کوردستاندا دەیانەوێت چۆن هەرێمی کوردستان بەڕێوە ببەن؟ ئایا بە لامەرکەزی بەڕێوەی دەبەن؟ پەیوەندی هەر یەک لە پارێزگاکانی کوردستان لەگەڵ بەغدا چۆن دەبێت؟ ئایا ئەوە ئاساییە کە ئیدارەی سلێمانی راستەوخۆ لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ بکات، یاخود دەبێت بچن لە هەولێرەوە ئەوە بکەن؟ ئایا دەستوور لە هەرێمی کوردستان هەیە؟ پێش ئەوەی چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا بکرێت، گرنگە و من پێشنیاز دەکەم هەرێمی کوردستان کێشەکانی خۆی چارەسەر بکات، مەبەستی من ئەوە نییە کە هێزی پێشمەرگە یەکبخەنەوە، پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان یەکبگرن، پێم وانییە کە ئەو شتە چیدیکە سوودی هەبێت. پێموایە کە ئەوە 31 ساڵە خەڵک هەوڵدەدەن ئەوە بکەن، بەرەوپێشچوونی باش هەبووە، بەڵام دەبێت باس لەوەش بکرێت کە جیاوازی گەورە هەن، هەروەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاش جیاوازی لەنێوان دیموکراتەکان و کۆمارییەکان دا هەیە؛ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان هەن، دوو سیستمی حیزبایەتی هەن و حیزبی دیکەش هەن، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە هەرێمی کوردستان چۆن جیاوازییەکانی بەڕێوەدەبات؟ لەوانەیە لامەرکەزی زیاتر دروست بکەن و دوای ئەوەش لەگەڵ حکومەتی عێراق یەک بە یەک کار لەسەر کێشەکان بکەن؛ لەلای من گرنگترین کێشە کە دەبێت چارەسەر بکرێت ئەوەیە بەشێک لەو قەرزانەی [هەرێمی کوردستان] بدرێتەوە و جۆرێک لە رێککەوتن لەسەر فرۆشتنی نەوت هەبێت و بتواندرێت مووچەی خەڵک بەشێوەیەکی بەردەوام بدرێت، لەوانەیە 10 ساڵ پێویست بێت بۆ ئەوەی هەموو ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن، بەڵام دەبێت رێگەیەک هەبێت کە دان بە جیاوازی حیزبە سیاسییەکان بنێت و رێگەیان بدات کە پێکەوەبن.
رووداو: بەڕێزتان باسی نەوتتان کرد، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، ئەوە پرسیارێک بوو کە من چەند رۆژێک پێش ئێستا لە پاریس لە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانیم کرد، ئاماژەم بەوەدا کە بۆچی تاوەکو ئێستا نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە ناکرێتەوە؟ ئەو کێشەیە، هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان، دەگوترێت کە ئێستا لە دەستی بەغدایە و تەنیا تەکنیکی ماوە چارەسەر بکرێت، ئەمریکا و وڵاتانی دیکە چۆن دەتوانن هاوکاربن لەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەستپێبکاتەوە؟
دەنیز ناتالی: بەڵێ، کێشەی هەناردەکردنی نەوت، لەوەتەی من چاودێری دەکەم، بۆ ماوەیەکی درێژە بەردەوامە و لە ساڵی 2005ـەوە لەوەتەی دەستووری عێراق هەیە بەردەوامە، من پێموایە لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا حکومەتی ئەمریکا بەشداری کردووە تێیدا، کاتێک کە کێشەیەک دەبێت ئێمە قسە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی کوردستان و عێراق دەکەین و جۆرێک لە رێککەوتنی کورتخایەن دێتە ئاراوە، ئەو دەستتێوەردانانەی لە رابردوودا روویانداوە لەگەڵ ئەوانەی ئێستا جیاوازن؛ لەبەر چەند هۆکاری جیاواز، لەبەر کارە لەپێشینە جیهانییەکان؛ لەراستیدا هەندێک کەس پێیان وایە کە ئێمە پێشتر هەوڵمانداوە و دەکەوێتە سەر هەرێمی کوردستان و بەغدا کە ئەو جیاوازییانە چارەسەر بکەن، من بە راستگۆیی لەگەڵت دەدوێم، خۆم پێم وانییە کە ئێوە پێشبینی دەستتێوەردانی زیاتری راستەوخۆ لەسەر ئەو پرسانە بکەن، کاتێک کە قسەکە دێتە سەر پرسی دیپلۆماسی؛ بەڵێ بەدڵنیاییەوە دەبێت. بەڵام پێش ئەوەی هەناردەکردنی نەوت بۆ تورکیا دەستپێبکاتەوە، دەبێت هەندێک بڕیار لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا بدرێن. بە تێگەیشتنی من، بەتایبەت دوای بڕیارەکەی دادگەی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی، تورکیا دوودڵ دەبێت لەوەی خۆی بخاتە نێو پرسێکی دیکەی یاساییەوە و دەڵێت حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا دەبێت خۆیان کێشەکانی نێوانیان چارەسەر بکەن، ئینجا هەناردەکردنی نەوت دەتوانێت دەستپێبکاتەوە؛ ئێمە بەهیواین کە ئەو کێشانە چارەسەر بکرێن، چەندین کار و پڕۆژەی ئابووری بەو کێشانەوە بەستراونەتەوە و بەدڵنیاییەوە چەندین دامەزراوە و رێکخراو لە جیهان دا هەن کە چاوەڕیی ئەنجامێکی ئەرێنی ئەو کێشانە دەکەن، بەڵام ئەو جۆرە دەستتێوەردانەی لە رابردوودا روویداوە پێناچێت ئەم جارە رووبدات، ئەوەش مانای ئەوە نییە کە گفتوگۆی نافەرمی ناکرێت. هەروەها دەبێت هانی گفتوگۆی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەغدا بدرێت.
رووداو: دکتۆر ناتالی دوو پرسیاری دیکە، یەکەمیان ئەوەیە، دەمەوێت بزانم کە چەندین جارە هێرشی درۆنی دەکرێتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا، ئەمە بەردەوام روودەدات، ئەمریکا دەیەوێت چۆن سەربازەکانی لە عێراق بپارێزێت؟ دووەمیان ئەوەیە، ئێستا رۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە دۆخێکی مەترسیدار و هەستیاردایە، عێراق دەبێت چی بکات تاوەکو نەکەوێتە نێو ئەو شەڕەی نێوان ئیسرائیل و غەززە؟ ئێوە لێرە چ پەیامێکتان بۆ عێراق هەیە؟
دەنیز ناتالی: من تەنیا دەتوانم بیروڕای خۆم دەربڕم، ناتوانم لەجیاتی وەزارەتی بەرگری قسە بکەم، بەڵام بینیومانە کە چ روویداوە و ئەوەش کاری چەکداری گرووپە میلیشیاکانە، کە بۆ چەندین ساڵە چەند بەشێک و خاکی عێراقیان کۆنتڕۆلکردووە و پێناچێت هەژموونیان کەم ببێتەوە و بوونەتە بەشێک لە دیمەنی سیاسی لە عێراق، ئەو زنجیرە هێرشانەش کە کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق و سووریا دەبنە هۆی ئەوەی کە ئەمریکا کار لەسەر بەهێزکردنی بەرگریی هێزەکانی بکات، ئێمە هەموومان چاومان لەسەر ئەوەیە کە شەڕ و ئاڵۆزییەکان تەشەنە نەکەن، بەڵام کێشە گەورەکە ئەوەیە کە حکومەتی عێراق دڵنیایی بدات لەوەی ئەو گرووپە میلیشییایانە کۆنتڕۆل کراون، ئەوە یەکێکە لە کێشە گەورەکان و زۆربەی گرووپە میلیشیاکان لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن و بە ناوچە جیاوازەکانی عێراق دەسووڕێنەوە و هەڕەشە لە ئێمە دەکەن، هەڕەشە لە هەرێمی کوردستانی عێراق و بەشەکانی دیکەی عێراق دەکەن، ئەو گرووپانە هاوشێوەی ئەو گرووپەن کە باڵیوزخانەی سوێدیان تەقاندەوە، هەربۆیە ئەوە کێشەیەکی گەورەیە و من پێموایە کە ئەو گرووپە چەکدارە میلیشیایانە بەردەوامن لەوەی بەدوای دەرفەتێکدا بگەڕێن، دەرفەتێک بۆ ئەوەی دۆخی ئەمنی ناوچەکە بشێوێنن، هەربۆیە چەندین وڵات لە نزیکەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن و هەوڵدەدەن رێگە لە زیاتر خراپبوونی دۆخەکە بگرن.
رووداو: دوایین پرسیارم ئەوەیە کە عێراق دەبێت چی بکات تاوەکو نەخزێتە نێو ئەو شەڕە؟ پرسیارێکی دیکەش، پەیامی تۆ بۆ کورد چییە؟
دەنیز ناتالی: بەدڵنیاییەوە، بە تێڕوانینی من حکومەتەکانی ناوچەکە دەبێت کاربکەن بۆ سەقامگیرکردنی گەلەکەیان و سەقامگیرکردنی سنوورەکانیان، بۆ عێراقیش، حکومەت دەبێت رێگە لە تێکچوونی دۆخەکە بگرێت و گرووپە چەکدارەکانیش نەتوانن سوود لە دۆخەکە ببینن و دۆخی ناوچەکە تێکبدەن و خۆیان بخزێننە نێو شەڕەکە، مەبەستم لە گرووپە چەکدارەکان، گرووپە چەکدارە ئێرانییەکانیشە، کە لە ساڵی 2003ـەوە هەوڵیانداوە کاریگەری خۆیان لە عێراق بچەسپێنن. پەیامی من بۆ گەلی کورد، چەندین پەیامم هەیە بۆ گەلی کورد، بەڵام ئەوەی کە من زۆر هاوسۆزیم بۆ هەیە ئەوەیە کە دوای ساڵی 2017 روویدا، دوای گشتپرسییەکە و ئەو ئاڵنگارییە ئابوورییەی کە هەرێمی کوردستان ئێستا پێیدا تێدەپەڕێت، بۆ من کاتێک کە دەبیستم و دەبینم کە خەڵک مووچەکانیان وەرناگرن و نرخەکان کاریگەری لەسەر ژیانی رۆژانەی خەڵک و کارەکانیان دروستکردووە، جێگەی نیگەرانی زۆرە. من بەهیوام کە حیزبە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان بتوانن پێکەوە کۆببنەوە و بگەنە رێککەوتنێک، رێککەوتنێک کە لە سوودی خەڵکی کوردستان و هەرێمی کوردستان بێت. دەتوانین بڵێین کە دوو هێزی پێشمەرگە هەن، کە هەردووکیان هێزی پیشەیین، ئەوە ئاساییە، ئێمە هەست بە جیاوازی نێوان هەردوو هێزەکە دەکەین، ئێمە ئێستا دەمانەوێت رێگەیەک بدۆزینەوە لەنێو هەرێمی کوردستاندا رازی ببین کار لەگەڵ بەغدا بکەین و کار لەگەڵ وڵاتانی دیکەی ناوچەیی، هەروەها کار لەگەڵ کاراکتەرێکی گرنگی ناوچەکە کە تورکیایە بکەن بۆ ئەوەی هەمووتان لە هەرێمێکی خۆشگوزەران و سەقامگیردا بژین.