رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە ئەنجامی بایۆمەتری تاوەکو ئێستا مووچەی زیاتر لە 53 هەزار کەس راگیراوە و لەو مانگەشەوە بڕیاریانداوە مووچەی 16 هەزار کەس کە بە نایاسایی لە مووچەیەک زیاتر وەردەگرن رابگرن.
بەگوتەی سەمیر هەورامی، گوتەبێژی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەو 16 هەزار کەسە دەتوانن تانە لە بڕیارەکە بدەن و سەرپشک دەکرێن لەوەی کە یەکێک لە مووچەکانیان هەڵبژێرن.
رووداو: دوای چوارساڵ کارکردن لە پرۆسەی بایۆمەتری ئێستا گەیشتین بە کوێ؟
سەمیر هەورامی: لە راستیدا تاوەکو بایۆمەتریمان نەکرد حکومەتی هەرێمی کوردستان داتایەکی فەرمی لەلا نەبوو کە چەند مووچەخۆرمان هەیە، پاش ئەوەی کە حکومەتی عێراقی بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی، نرخی نەوت داڕما، شەڕی داعشی بەسەرداهات و ئاوارەیەکی زۆر هاتنە هەرێمی کوردستان، گوشارێکی دارایی زۆر لەسەر هەرێمی کوردستان بوو، بۆیە هاتین پۆلێنی خەرجییەکانی حکومەتمان کرد و بینیمان زۆرترین خەرجی لە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە. نەشماندەزانی ژمارەی ئەم مووچەخۆرانە بەڕاستی چەندە، واماندەزانی ملیۆنێک و 400 هەزار کەسە.
پێش ئەوەی دەست بە بایۆمەتری بکەین، داوای لیستەکانمان لە بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکان لە وەزارەتەکان کرد، بۆمان دەرکەوت ملیۆنێک و 305 هەزار کەس مووچە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرێت، ئەمە پێش ئەوەی بایۆمەتری بکرێت.
کە دەستمانکرد بە بایۆمەتری، گوتمان ئەوانەی مووچەی نایاساییان هەیە دەیانبڕین، تەنیا ملیۆنێک و 251 هەزار و 451 کەس وەکو مووچەخۆر مایەوە، واتە 53 هەزار و 549 کەس خۆیان تۆمار نەکرد. بەشی هەرە زۆریان بە نایاسایی بۆ نموونە فەرمانبەرە و گرێبەستێکی هەیە یان دوو گرێبەستی هەیە، ئەمانە خۆیان کە زانیان مووچەکانیان دەبڕدرێت نەهاتن بۆ ئەوەی خۆیان تۆمار بکەن.
رووداو: ئەی بۆ ئەوانەی کە مووچەیەکی خانەنشینی هەیە و لە ئەوروپا دەژی، ئەمەتان چۆن چارەسەرکردووە؟
سەمیر هەورامی: ئێمە دەرفەتی ئەوەمانداوە هەر کەسێک خانەنشینە، کاتێک کە هاتەوە بیسەلمێنێت کە فڵان کات هاتووەتەوە بایۆمەتری خۆی دەکات و مووچەکانی بۆ خەرج دەکرێت.
رووداو: ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان چەند مووچەخۆرمان هەیە؟
سەمیر هەورامی: ملیۆنێک و 251 هەزار و 451 کەس مووچە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرن، کۆی مووچەکەشیان زیاتر لە 893 ملیار دینارە، 751 هەزار و 85 فەرمانبەری شارستانی و سەربازی لە ئەرکدان.
رووداو: ئایا لە هەرچوار پارێزگاکەی هەرێمی کوردستان پێویستیمان بە 751 هەزار و 85 فەرمانبەری شارستانی و سەربازی هەیە؟
سەمیر هەورامی: لەڕستیدا لەڕووی فەرمانبەرەوە ئێمە حکومەتێکی گەورەمان هەیە، بەڵام دواتر ئەنجوومەنی وەزیران دەبێت بڕیار بدات کە ئەمە زۆرە یان نا. بەپێی یاسا ئەمانە فەرمانبەرن لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و ناکرێت هیچ شتێکیان لەبەرامبەر بکرێت. بەڵام دەشزانین لە وڵاتێکی وەکو سعودیە وەکو ئێمە فەرمانبەریان نییە، لە وەڵاتانی دیکەش بەهەمان شێوە.
کێشەکەی ئێمە ئەوەیە کەرتی تایبەتمان کێبڕکێی کەرتی حکومی ناکات. ئەگەرنا لە وڵاتێکی وەکو تورکیا کە زیاتر لە 80 ملیۆن کەسن، 2 ملیۆن و 400 هەزار مووچەخۆری حکومەتی هەیە، ئەوەی دیکە لە کەرتی تایبەت کار دەکات.
رووداو: بەپێی ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان بێت، نزیکەی 25%ی دانیشتووانەکەی مووچەخۆرن، بەڵام لە وڵاتانی دیکە بۆ نموونە لە ئەمریکا زیاتر لە 1% ـی کۆمەڵگە مووچەخۆری حکومەتن، لە ئەوروپا و ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکە رێژەکە بەرەو دابەزین دەچێت، تەنیا وڵاتێک کە لە هەموو وڵاتان زیاتر ژمارەی مووچەخۆری حکومەتی هەیە، سعودیەیە ئەویش 16%ـە، بەڵام لە کوردستان نزیکەی 25%ـە و پێش ئەوانیش کەوتووینەتەوە.
سەمیر هەورامی: راستە لەو سعودیە دەوڵەمەندە ئەوەندە مووچەخۆر هەیە.
رووداو: لەو 751 هەزار و 85 فەرمانبەرەی هەمانە، چەندی سەربازی و چەندی شارستانین؟
سەمیر هەورامی: نزیکەی 200 هەزاریان سەربازین، ئەوەی دیکە فەرمانبەری شارستانین. ژمارەی خانەنشینان دەگاتە 242 هەزار و 269 بە سەربازی و شارستانییەوە. وارسی سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی 98 هەزار و937 کەسە. ژمارەی سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتی و خاوەن پێداویستی تایبەت، 159 هەزار و 160 کەسن. کۆی گشتی ئەمانە دەکاتە ملیۆنێک و 251 هەزار و 451 کەس.
رووداو: ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی ئەم بایۆمەترییەوە داتای وردی لەسەر هەر یەکێک لەو یەک ملیۆن و 251 هەزار و 451 کەسە لەبەردەستدا هەیە؟
سەمیر هەورامی: لە سێرڤەری بایۆمەتری جیا لەو هەموو وردەکارییە لەسەر خودی فەرمانبەرەکە، بەسمەی دەست و چاویش وەرگیراوە.
رووداو: بەپێی ئەو داتایانەی بەر دەستتان کەوتووە، بەدەر لەو ژمارانەی باستکردن، چەند کەس دوو مووچەو سێ مووچە وەردەگرێت؟
سەمیر هەورامی: لە کۆی گشتی ژمارەی مووچەخۆران کە ئاماژەمان پێدا، 106 هەزار و 839 کەس دوو مووچە و سێ مووچە وەردەگرن.
رووداو: لە 106 هەزارو 839 کەسەی کە دوو مووچە و سێ مووچە وەردەگرن، هەموویان نایاسایین یان هەندێکیان بە یاسا رێکخراون؟ ژمارەی ئەوانەی نایاسایین چەند کەسن؟
سەمیر هەورامی: هەرە زۆریان بە یاسا رێکخراون، هەر لێرە نا لە عێراقیش ئەو یاسایە هەیە، ئەوانیش وارسی سەبەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی و سوودمەندانی تۆڕی چاودێریی کۆمەڵایەتین، ئەمانە مینحەیان هەیە. ئەوەی نایاسایی بووە لە سێرڤەرەکە بۆمان دەرکەوتووە، 16 هەزار و 505 کەسن، 1138 کەسیان دووجار فەرمانبەرن، واتە دووجار مووچەی فەرمانبەری وەردەگرێت، 3891 کەسیان لە یەک کاتدا فەرمانبەر و خانەنشینیشە، 5734 کەسیان دووجار خانەنشینی وەردەگرێت، 5742 کەس لە سوودمەندانی چاودێریی کۆمەڵایەتین.
رووداو: مامەڵەی حکومەت لەگەڵ ئەوانەی بە نایاسایی زیاتر لە مووچەیەک وەردەگرن چییە؟
سەمیر هەورامی: حاڵی حازر لە کۆبوونەوەی رابردووی لیژنەی باڵای بایۆمەتری کە دووەم کۆبوونەوەمان بوو لەو کابینەیە بە سەرۆکایەتی بەڕێز قوباد تاڵەبانی، بڕیاردرا مووچەی ئەو 16 هەزار و 505 کەسە بۆ ئەم مانگە رابگیرێت، ماوەی مانگێکیان لەبەردەستدا دەبێت بۆ ئەوەی تانە بدەن لە بڕیارەکەی لیژنەی باڵای بایۆمەتری، رەنگە تێیدابێت یاسایی بێت، بەڵام دەکرێت گرفتێکی تێدابێت. پێموابێت ژمارەیەکی زۆر کەمیان رەنگە یاسایی بووبێت و گرفتێکی هەبێت، ئەوەی دیکە هەر هەموویان لە مانگی دواتر بڕیارد دەدرێت مووچەکانیان ببڕدرێت، ئێستا مووچەکانیان راگیراوە.
لەدوای ئەو مانگە ئەو کەسانە کە نەیانتوانی بیانووێکی یاسایی بهێننەوە کە مووچەکانیان یاسایی بووە، مووچەکانیان رادەگیرێت و پاشان مووچەیەکی یاسایی خۆیان وەردەگرن و ئەوەی دیکەیان دەبڕدرێت.
رووداو: ئایا لە رێگەی بایۆمەترییەوە چۆن حاڵەتەکانی بندیوار دەدۆزرێنەوە؟
سەمیر هەورامی: ئەو 16 هەزار و 505 کەسەی باسمکرد، بەشی هەرە زۆریان بندیوارن بۆیە لە دوو بۆ سێ شوێن مووچە وەردەگرن.
لە قۆناخی دووەمی بایۆمەتری یەکێکی دیکە لە ئامانجەکانی دووبارە داڕشتنەوەو دابەشکردنی میلاکاتە، پەیکەری حکومەت دووبارە دادەڕێژرێتەوە و میلاکات دابەش دەکرێتەوە. بەشێکی ئەو گەندەڵییەی کە هەیە بەمە چارەسەر دەکرێت، بۆ نموونە لە کەرتی شارستانی بەڕێوەبەرایەتییەکمان هەیە لە بری ئەوەی 100 فەرمانبەر یان 75 فەرمانبەری تێدابێت، 250 کەسی تێدایە واتە دوو هێندەی ئەوەی کە پێویستە، ئێمە دێین ئەوەی کە لێی زیادە دەیخەینە شوێنێکەوە، دواتر دەیدەین بەو بەڕێوەبەرایەتیەی کە پێویستیەتی بەپێی پسپۆڕییەکەی.
بە هەمانشێوە لە سەربازییەکەش بۆ نموونە لە فەوجێک یان لیوایەک پێویستمان بە 100 کەس دەبێت، بەڵام 300 کەسمان لایە، ئەوانەش دابەش دەکرێن بەسەر ئەو شوێنانەی کە پێویستیانە.
رووداو: جیا لە راگرتنی مووچەی ئەو 16 هەزار و 505 کەسە و دواتر بڕینی مووچەکانیان و پێدانی یەکێک لە مووچەکانیان، رێککارەکانی حکومەت چی دەبێت لە بەرامبەر ئەو مووچە خۆرانە کە لە ماوەی 20 ساڵی رابردوودا دوو مووچە و سێ مووچەی لە حکومەت وەرگرتووە، حکومەت داوای گەڕاندنەوەی ئەو مووچانەیان لێناکات؟
سەمیر هەورامی: ئێمە کە بیرمان لە بایۆمەتری کردەوە، دوو سێ پرسیارمان بۆخۆمان دانابوو. یەکەم؛ کێن ئەوانەی مووچە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وەردەگرن؟ لە کوێن؟ بۆ مووچە وەردەگرن؟ دوای ئەوەی بۆمان دەرکەوت 16 هەزار و 505 کەس دوو مووچەو سێ مووچەی نایاسایی وەردەگرن، لەم قۆناخەدا بڕیاری راگرتنی ئەو مووچانەمان داوە. ئەو هەنگاوەی تۆ باستکرد بۆ سزادانی ئەوانەی دوو مووچەو سێ مووچەی نایاساییان وەرگرتووە، دواتر لە کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی وەزیران بڕیاری لێدەدات کە چ رێکارێکیان لە بەرامبەر بگیرێتەبەر.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ