سەرۆکی کۆنسەی گەردوونیی رۆژنامەڤانان: 73٪ـی هەواڵەکانی سۆشیال میدیا درۆن

رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوی (کۆنسەی گەردوونیی رۆژنامەڤانان) بە بڕیاری سەرۆککۆماری تورکیا دامەزراوە، سەرۆکی رێکخراوەکە لە هەڤپەیڤینێک دا لەگەڵ رووداو دا دەڵێ ، میدیا لە جیهان دا لە وەرچەرخان دایە "ئێستا ئێمە لە قۆناخێکی وەرچەرخانی دیجیتاڵیی ئەوتۆداین کە لەوانەیە واژۆی وەرچەرخانی لەسەر ئەم سەت ساڵە کردبێت".
 
محەممەد عەلی دیم، سەرۆکی کۆنسەی گەردوونیی رۆژنامەڤانان لەو هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ رووداو دەڵێت، ئەو هەواڵانەی بەبێ پشتبەستن بە دەزگا میدیاییەکان لە سۆشیال میدیادا لەلایەن کەسانی بەکارهێنەری سۆشیال میدیاوە بڵاودەکرێنەوە " 73٪ـی ئەو جۆرە هەواڵانە بێ بنەمان، درۆ و چەواشەکارانەن". ئەو پێیوایە ئەوە مەترسییەکی زۆر دەخاتە نێو کۆمەڵگەکانەوە "ئەو کۆمەڵگەیەی بەو زانیارییانە ئامادەکراوە، دەبێتە کۆمەڵگەیەکی زۆر مەترسیدار. ئەوکات لەنێو ئەو کۆمەڵگەیەدا تووندوتیژی، تیرۆر، هەڕەشەی سەر خێزان، خۆکوژی کە ئێستا جیهانی هەراسان کردووە، داڕمانی دەروونی و نیشانەی کۆتاییهاتنی کەسەکان زیاد دەبێت کە هۆکاری هەموو ئەوانە سۆشیال میدیایە".

دەقی هەڤپەیڤینەکە:  

رووداو: ئەنجوومەنی ئێوە کەی دامەزرا؟ کار و چالاکیتان زیاتر لەبارەی چییە؟ تاوەکو ئێستا هیچ کۆڕبەندێکتان رێکخستووە؟
 
محەممەد عەلی دیم: ئێمە رێکخراوێکین لە 14-10-2019 بە بڕیاری سەرۆککۆمارمان دامەزراوین. لەسەر شێوازی یەکێتیی نێودەوڵەتی دامەزراوین. یاسای 3035 هەیە و ئێمەش پابەندی ئەو یاسایەین. ئەو دامەزراوانەی پابەندی ئەو یاسایەن، دەتوانن لە ئاستی نێودەوڵەتیدا بەبێ وەرگرتنی مۆڵەت، چالاکییەکانیان بکەن. ئێمەش هەنگاوێکمان هاوێشت بۆ ئەوەی ببینە رێکخراوێکی نێودەوڵەتی.
 
رێکخراوەکەمان لە خاڵی سەرەتاوە تاوەکو ئەو خاڵەی ئێستا پێیگەیشتووین، بووەتە یەکێک لە دامەزراوە پیشەییە رۆژنامەڤانییەکان لە تورکیا، تەنانەت دەتوانم بڵێم لە ئەورووپاش، چونکە ئێمە رێکخراوێکین لە زۆر وڵات نوێنەرایەتیمان هەیە. بەڕێوەبەرایەتیی گشتی لە ئەنقەرەیە و لە ئیستەنبووڵ نووسینگەی هەیە و لە باکۆش نووسینگەی هەیە. 
 
سەبارەت بە ژمارەی ئەندامیش، ئێمە بە هەڕەمەکی هەر کەسێک وەرناگرین، تەنیا لەپێناو زیادکردنی ژمارەی ئەندام. بە دیاریکراوی ئەو ئەندامانە هەڵدەبژێرین کە تایبەتمەندییان هەیە و دەتوانن خزمەتی ئامانجی ریکخراوەکەمان بکەن. لەم نێوەندەدا کارمەندانی کەناڵی رووداویش هەن کە ئەندامن و سوپاسی کەناڵی رووداو دەکەین. هەر لەکاتی دامەزراندنمانەوە ئەوان هاتنە نێو رێکخراوەکە و لە دەرەوەش پشتیوانیی باشیان کردین. لەوانەیە لە چەند رۆژی داهاتوودا لە سەردانەکەمدا بۆ هەولێر کە بیری لێ دەکەمەوە، ئاماژە بەو خاڵانە بکەم.
 
ئێمە ئەرکێکمان هەیە. لێرەدا مەبەستم ئەرکی رێکخراوە پیشەییەکەمان نییە کە ئەوەمان بە جیا هەیە، بەڵام ئەو ئەرکەی باسی دەکەم ئەوەیە پشتیوانی لە دیپلۆماسیی گشتی دەکەین. هەروەک دەزانن چالاکیی دیپلۆماسیی وڵاتەکەمان لەلایەن وەزارەتی دەرەوە و دیپلۆماتەکانمانەوە دەکرێت، بەڵام رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، کەسایەتییەکان، دامەزراوەکان، کۆمپانیاکان و ئەوانەش کە لە ئاستی نێودەوڵەتی بازرگانی دەکەن، پشتیوانی لە دیپلۆماسیی گشتی دەکەن. ئێمەش رێکخراوێکین لە میدیادا پشتیوانی لە دیپلۆماسیی گشتی دەکەین. لەم رووەوە ئەرکی ئێمە کەمێک جیاوازە.
 
کاتێک دامەزراین، وەزیری دەرەوەی ئەوکات بەڕێز مەولوود چاوشئۆغڵو کە سوپاسی دەکەین، لە هەموو روویێکەوە هاوکاری و پشتیوانیی خۆی بۆ رێکخراوەکەمان نیشاندا. ئێمە گوتمان لە وڵاتەکەماندا لەوانەیە سەتان رێکخراوی تایبەت بە پیشەی رۆژنامەڤانی هەبن، کۆمەڵەکانی رۆژنامەڤانی هەن، فیدراسیۆن، کۆنفیدراسیۆن و سەندیکا هەن، بەڵام هیچیان لە دەرەوەی وڵات چالاکییان نییە. ئەوە لەکاتێکدایە ئێمە پێویستیمان بە کۆمەڵێک رێکخراو هەیە کە لە دەرەوەی وڵات و لە رێگەی میدیاوە پشتیوانی لە دیپلۆماسیی گشتی بکەن. گوتمان ئەگەر ئێوە (سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا) ئەم کارە دەکەن با دەستی پێبکەین و منیش پشتیوان بم. گوتمان با لەسەر رەزامەندیی سەرۆککۆمارمان یەکێتییەک دابمەزرێنین، بۆ ئەوەی لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا بەشێوەیەکی باشتر و ئاسوودەتر چالاکییەکانی بکات. بەڕێز چاوشئۆغڵو کە ئەوکات وەزیر بوو، رێگەی نیشانداین. کاتێک دەستیشمان پێکرد، سوپاسی دەکەین کە بەهەموو جۆرێک هاوکاریی کردین.
 
10 رۆژ دوای دامەزراندنی رێکخراوەکەمان کە رۆژی 24-10-2019 بوو، 21ـەمین کۆنگرەی میدیای نێودەوڵەتیی رووسیامان لە ئەنقەرە رێکخست و نزیکەی 180 رۆژنامەڤان لە 5 وڵاتەوە بەشداربوون. ئێمەش لە کاپادۆکیا و ئالانیا چوار رۆژ میوانداریمان کرد. سەیر بکەن، من باسی 10 رۆژ دوای دامەزراندنی رێکخراوەکەمان دەکەم. ئەوە بووە پەیژەیەک بۆ چالاکیی زیاتر لە پشتیوانیکردنی دیپلۆماسیی گشتی. دواتر لە وڵاتی ئازەربایجانی برا و قوبرسی باکووری برا چەندین جار وۆرکشۆپمان سازکردن، بەتایبەتی دوای سەرکەوتنی ئازەربایجان، پێش رووداوەکانی قەرەباخ و دواتریش. ئێمە پشتیوانیی ئازەربایجانمان کرد لە گەیاندنی ئەو پەیامانەی کە مافەکانی ئازەربایجان لەو بابەتەدا نیشاندەدەن. ژمارەیەکی زۆر رۆژنامەڤانی بیانیمان بردە ئازەربایجان و قەرەباخ. هەروەک دەزانن جۆرجیا وڵاتێکی دراوسێیە، دوو جاریش چووینە جۆرجیا. تەنانەت ئێمە رۆژنامەڤانانی ئازەربایجان و ئەرمینیامان لە یەک شوێندا کۆکردنەوە کە ئەو کات ئەو دوو وڵاتە لە شەڕدا بوون. ئەوە یەکەم جارە لە مێژوودا رووبدات. ئەوانمان لەسەر هەمان مێز کۆکردەوە و دەرفەتی ئەوەمان بۆ رەخساندن کە لە دیدی جیاوازەوە شرۆڤە بۆ رووداوەکان بکرێت. ئێمە میوانداریی کۆبوونەوەیەکمان کرد کە تێیدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە شەڕ هیچ کاتێک ئامانج نییە و دۆخێکی کاتییە؛ هەروەها باس لەوەکرا سەرئەنجام دۆستایەتی و برایەتی بۆ هەردوو وڵات گرنگە. ئەو کۆبوونەوەیەمان لە تبلیسی (پایتەختی جۆرجیا) رێکخست. راستە ئێمە میوانداریمان کرد، بەڵام شوێنەکە تبلیسی بوو. دەمەوێت بڵێم ئەنجوومەنی ئێمە لە ماوەیەکی کورتدا گەیشتە ئاستێکی ئەتۆ کە چالاکییەکانی لە نێوخۆ و دەرەوەی وڵات دەکرد. لەم بارەوە بێگومان سوپاسی ئەو کەس و دامەزراوانە دەکەم کە هاوکارییان کردووین. 
 
رووداو: مژاری سەرەکیی ئێوە لە کۆنگرەی ئەم ساڵ دا میدیای دیجیتاڵ بوو، دەمانەوێ باسی ژیریی دەستکرد لە میدیایشدا بکەین. دەمەوێت بزانم لە تورکیادا میدیای دیجیتاڵ و ژیریی دەستکرد لە چ ئاستێکدان؟ رۆژنامەڤانانی تورکیا تاوەکو چەند دەتوانن سوود لە ژیریی دەستکرد وەربگرن و کام لەو تەوەرانە گفتوگۆی لەسەر کرا؟
 
محەممەد عەلی دیم: سەرەتا دەمەوێت بڵێم، میدیا لە وەرچەرخاندایە. ئەمڕۆ لە گیرفانی هەر یەکێکمان مۆبایل هەیە. ئینجا لێرەدا وەرچەرخانی تەکنەلۆجیا جێگەی باسە. ئێستا ئێمە لە قۆناخێکی وەرچەرخانی دیجیتاڵیی ئەوتۆداین کە لەوانەیە واژۆی وەرچەرخانی لەسەر ئەم سەت ساڵە کردبێت. 
 
میدیای نەریتی، هەواڵی چاپکراوی رۆژنامە و ئەم شاشەیەی ئێمە دەگرێتەوە. ئینجا ئێستا سۆشیاڵ میدیا هاتووە کە هەڕەشە لەوانە دەکات. سۆشیاڵ میدیاش هەروەک چۆن سوودی هەیە، زیان و لایەنی نەرێنیشی هەن. سۆشیاڵ میدیا رۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە گەیاندنی ئەو هەواڵانەی لە میدیای نەریتییەوە دەگەنە خەڵک. ئەوە لە رێگەی بڵاوکردنەوە و دروستکردنی لینکەوە دەکرێت، ئەوە راستییەکەیە. 
 
بەڵام لەلایەکی دیکەوە دەبینین سۆشیال میدیا لە هەمان کاتدا پرۆسەی لەنێوچوونی کارەکانی میدیای نەریتی خێراتر دەکات. چۆن؟ دەبینین بەکارهێنەرانی سۆشیال میدیا، ئەوانەی هەژماریان هەیە، بێگومان رۆژنامەڤان نین. ئەوان هەواڵ و زانیاری جۆراوجۆر بەشێوەی لینک و نووسین بڵاودەکەنەوە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە لینکی میدیای نەریتی بدەن. ئامارەکان دەڵێن 73٪ـی ئەو جۆرە هەواڵانە بێ بنەمان، درۆ و چەواشەکارانەن یانیش دەڵێن دوورن لە راستییەوە. لەکاتێکدا خەڵک کاتێک ئەو زانیارییانە دەخوێننەوە، وەک راستی وەریدەگرن. ئینجا ئەو کۆمەڵگەیەی بەو زانیارییانە ئامادەکراوە، دەبێتە کۆمەڵگەیەکی زۆر مەترسیدار. ئەوکات لەنێو ئەو کۆمەڵگەیەدا تووندوتیژی، تیرۆر، هەڕەشەی سەر خێزان، خۆکوژی کە ئێستا جیهانی هەراسان کردووە، داڕمانی دەروونی و نیشانەی کۆتاییهاتنی کەسەکان زیاد دەبێت کە هۆکاری هەموو ئەوانە سۆشیاڵ میدیایە. ئەوە من نیم ئەمانە دەڵێم! پسپۆڕان وادەڵێن. ئیدی بەرەیەکی سۆشیاڵ میدیا هەیە کە دەبێت شەڕی لەگەڵ بکرێت و بگەڕێندرێتەوە شوێنی خۆی. ئینجا بۆیە ئێستا بابەتی بنەڕەتی چالاکییەکانی ئێمە ئەوەیە، واتە بەدیجیتاڵیبوون، هەڵە بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان؛ هەروەها ئەوەی کە دەبێت میدیا بە چ شێوەیەکی سۆشیاڵ میدیا بەکاربهێنێت و بە چ شێوەیەک شەڕی سۆشیاڵ میدیا بکرێت. ئەوە جگە لە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە میدیاکاندا کە لە ماوەی رابردوودا بووەتە شتێکی باو. ئێمە شەن و کەوی هەموو ئەمانە دەکەین. هەروەها ئەنجامیش دەخەینەڕوو.
 
رووداو: هەمیشە بۆ ئەو جۆرە بابەتانە بنەمایەکی یاساییش پێویستە. ئێستا حکومەتی تورکیا لە پەرلەمان کار لەسەر یاسای ئینتەرنێت دەکات. دەمەوێت بۆچوونی ئێوە لەسەر ئەو یاسایە بزانم. ئەگەر هەیە یاسایەکی لەوجۆرە ببێتە ئاستەنگ لەبەردەم ئازادیی راگەیاندن، لەڕووی یاساییەوە چۆن هەڵسەنگاندن بۆ میدیای دیجیتاڵ، ژیریی دەستکرد و تەکنەلۆجیا دەکەیت؟
 
محەممەد عەلی دیم: من لە هەمان کاتدا ئەندامی دەستەی دامەزرێنەرانی دەزگای چاپەمەنی و راگەیاندنم. هەروەک دەزانن، ئەو دەزگایە میدیای نەریتییە و دەزگایەکە کە راگەیێندراوی نووسراو دەداتە رۆژنامەکان. منیش لەو دەزگایەدام و نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر بابڵێم 18 مانگ بەر لە ئێستا، بڕیارێکمان دا. لەگەڵ ئەو بڕیارە تازەیەی تایبەت بە ئینتەرنێت، ئیدی راگەیاندن و هۆشدارییە فەرمییەکان دەدرێتە ماڵپەڕە فەرمییەکانیش، بەڵام بە مەرجی دیاریکراو. دەزانین لە وڵاتێکدا دەژین کە هەزاران ماڵپەڕ هەن. بۆ نموونە لە ئەنتالیا نزیکەی دوو هەزار ماڵپەڕ هەن، ئەگەر هەڵە نەبم. بۆ نموونە دەیڵێم. تۆ ناتوانیت هەموویان بە سەرچاوەی هەواڵی دروست دابنێیت. دەزگای چاپ و راگەیاندن لەگەڵ دەرچوونی یاسای تازە رایگەیاند، دەبێت لە ماڵپەڕەکاندا ژمارەی پێویستی پەیامنێر، ئیدیتۆر، بەڕێوەبەر، بەڕێوەبەری پەخش و بەرپرسی هەواڵ دیاریبکرێن، ئەوکات بەگوێرەی پلەکانیان راگەیاندنی فەرمی بەو دەزگایانە دەدات تاوەکو بڵاوی بکەنەوە. ئەو راگەیاندنانە پارەشیان پێدەدرێت. ئەوەبوو ماڵپەڕە ئینتەرنێتییەکان خۆیان رێکخست. بەشێکیان دەیانەوێت خۆیان لەگەڵ مەرجەکان بگونجێنن بۆ ئەوەی دەستکەوتیان هەبێت، هەروەها لەسەر بنەمای رەوشت کار بکەن.
 
ئێستا سیستمێک لەلایەن دەوڵەتەوە پشتیوانی لێدەکرێت کە رێگری لە زانیاری و هەواڵی چەواشەکاری دەکات. ئینجا ئەوەی بەوەوە پابەندبێت لە سەر پێی خۆی دەوەستێت و دەمێنێتەوە. ئەوەش کە پابەندی نابێت، دەڕوات. لێرەدا راستییەک هەیە. دەتوانیت بە 500 دۆلار ماڵپەڕێک دروست بکەیت، واتە کارەکانی سۆفتوێر و دۆمەین هەر 500 دۆلاری دەوێت. لە وڵاتێکدا هەموو کەسیک بتوانێت بە 500 دۆلار ماڵپەڕێک دروست بکات، بەڕای من ئەمە دیموکراسی نییە و ئازادیش نییە. ئەمە سیستمێکی ئەوتۆیە کە بە تەواوی پشێوی و تێکدان دروست دەکات. ئێمە چەندین جار بۆچوونی خۆمان لەم بارەیەوە بە حکومەت و پەرلەمانیش گەیاندووە. گوتمان با ئەمە بە مەرجی دیاریکراوەوە ببەستینەوە. راستە میدیا هیچ مۆڵەتێکی پێویستی بۆ وەرناگیرێت، هەروەها بۆ کار و چالاکی و هەواڵەکانی مۆڵەت وەرناگرێت، ئەوە تەواوە و دیموکراسیانەیە، بەڵام هیچ نەبێت بۆ دامەزراندنی دەزگایەکی میدیایی با رێکار هەبن. تۆ بۆ دانانی دووکانێکی سەرتاشین 36 واژۆ وەردەگریت، بەڵام بۆ دانانی ماڵپەڕێک هیچ واژۆیەک پێویست نییە و تەنیا یەک داواکاری پێشکێشی داواکاری گشتی دەکەیت، ئەویش ئەگەر ناچار کرایت، ئەگەرنا ئەویش پێویست ناکات. ماڵپەڕەکە بکەوە و دەست بە بڵاوکردنەوە بکە. مۆڵەت وەرگرتن نییە. گوتم سیستمێکی بەوشێوەیە گونجاو نییە و پێویستە ئەوە بە مەرجی دیاریکراوەوە ببەستینەوە. ئێستا لە بەشێکیدا گۆڕانکاری کراوە. ئێستا مەرجە ئەو ماڵپەڕانە خاوەن ستاف و ناونیشان بن، هەروەها لە سیستمی سەرۆکایەتیی پەیوەندییەکانی سەرۆککۆماریی تورکیادا تۆمارکراوبن. لەسەر ئەمە کارکرا، بەڵام هێشتا بەڕای من 70٪ـی ماڵپەڕە ئینتەرنێتییەکان قاچاخن. مەبەستم لە قاچاخ ئەوەیە کە ساختەن. ئەوان بە ساختە پەخش دەکەن. لەم بابەتەدا دەبێت مەودایەکی دوور ببڕین، ئینجا ئێمەش ئەو کاتەمان نییە. ئێمە رێسای (هەرچی رزگار بکەین هەر قازانجە) جێبەجێ دەکەین. 
 
رووداو: ئێوە لە سەرەتای گفتوگۆکەتاندا باستان لە کاری رووداو کرد. ئێمەش لێرە ئامادەین. تاوەکو چەند دەرفەتی ئەوەتان هەیە سەیری رووداو بکەن و چۆن دەیبینن، بەتایبەتی دیجیتاڵ میدیاکەی و لە بواری ژیریی دەستکرد. چونکە لە ماوەی ساڵی رابردوودا کاری زۆری لەو بوارانە کردووە. کارەکانی ئێمە لە رووداو چۆن دەبینن؟
 
محەممەد عەلی دیم: ئەگەر راستیت دەوێت، ناتوانم زۆر سەیری بکەم. باوەڕ بکەن ئەگەر لێم بپرسن سەیری کەناڵی دیکە دەکەیت، دووبارە دەڵێم نەخێر. زیاتر لە رێگەی مۆبایلەوە چاودێری دەکەم و ئەو لینکانەش کە بۆم دەنێردرێن سەیری ئەوان دەکەم. بەڵام ئاگاداری کەناڵی رووداوم و ناو بە ناو هەواڵەکانی بۆ من دێن، بەتایبەتی لە یوتیووبەوە هەندێک جار بۆم دێن. ناو بەناو دەیبینم. بەگشتی، ئێمە کێشەمان لەگەڵ کات هەیە، واتە دەرفەتی ئەوەمان نییە دابنیشین و سەیری تەلەڤزیۆن بکەین، بەڵام نۆتیفیکەیشنی هەواڵەکانی ئێوەش هاوشێوەی ئەوانی دیکە ناو بە ناو دەگاتە من. بەبێ ئەوەی دابنیشم و سەیری شاشەکەی بکەم، با قسەی لەسەر نەکەم. بەڵام کەناڵی رووداو ناوەندەکەی لە هەولێرە و گرنگە ئەمە بڵێم! دەزانم بەو کارانەی لەبارەی تورکیاوە دەیانکات، لە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی باکووری عێراق و حکومەتی تورکیا رۆڵێکی گرنگی لە ئەستۆ گرتووە. بێگومان ئەمە شتێکە دەبێت گرنگی پێبدرێت. پەنا بەخوا لە ماوەی داهاتوودا ئەگەر دەرفەتی سەردانێکی هەولێرمان هەبێت و لەگەڵ هاوڕێیانی رۆژنامەڤان بێین، ئەو پەیوەندییە بەهێزتر دەکەین. پەنا بەخوا رووداویش پشتگیریمان دەکات.
 
رووداو: ئەگەر هەیە کۆڕبەندی ساڵی داهاتوو لە هەولێر سازبکەن، چونکە بەر لەم هەڤپەیڤینەش هەندێک قسەمان لەم بارەیەوە کرد. ئێوە دەتانەوێت ساڵی داهاتوو لە هەولێر کۆڕبەند سازبکەن؟
 
محەممەد عەلی دیم: دەمەوێت ئەمە بڵێم، ئێمە بەڕاستی دەمانەوێ لە هەولێر ئەوە بکەین. من پێشتر هەولێرم بینیوە، بووەتە شارێکی زۆر جوان و زۆر لە سەرووی خۆزگەکانی منەوەیە، بەتایبەتی لەڕووی شارسازییەوە زۆر پێشکەوتووە. جاران شتی باشمان لەبارەی هەولێر نەدەبیست. لەم بابەتەدا ئەگەر بتوانین پەیوەندی لەنێوان هەردوولای هەولێر و ئەنقەرە دروست بکەین و پەیوەندییەک لەگەڵ نوێنەرانی حکومەتی ئێرەش دروست بکەین، چونکە هەروەک دەزانن ئێمە تەواوی کارەکانمان بەشێوەیەکی فەرمی دەکەین، واتە بە دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ حکومەت و باڵیۆزی ئەو وڵاتە کارەکە دەکەین. تەواوی سەردانەکانمان فەرمین و بە نافەرمی هیچ چالاکییەک ناکەین. بڕۆین بۆ هەر شوێنێک، لەگەڵ باڵیۆزی ئەو وڵاتە کۆدەبینەوە. ئەمە وەکو مۆڵەت وەرگرتن نییە، بەڵکو بەشێوەیەکی گونجاو بەپێی پرۆگرامی ئەوان، کارەکان رێکدەخەین. وەها پێویست دەکات، چونکە ئێمە کارێکی ساختە ناکەین. لەم بابەتەدا پێویستیمان بە پشتیوانیی ئێوەیە. 
 
رووداو: بەڵێ ئێمەش هیوادارین ئەو کۆڕبەندە ساڵی داهاتوو لە پایتەختی هەرێمی کوردستان لە هەولێر بکرێت. 
 
محەممەد عەلی دیم: پەنا بەخوا، جێگەی شەرەفە.
 
رووداو: ئێمە پێشوازی لە ئێوە دەکەین و زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە.