دوای شكستی یەكێتی لە هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان، رەخنەی زۆری بەرەوڕوو بووەوە، تەنانەت هەندێك داوای دەست لەكاركێشانەوەی لێدەكەن. بەڵام شۆڕش ئیسماعیل، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكیتی نیشتیمانی كوردستان بۆ یەكەمجار لەدوای هەڵبژاردنەكانەوە بێدەنگیی شكاند و گوتی كە “بە ئەنقەست” تاوەكو ئێستا قسەی نەكردووە. شۆڕش ئیسماعیل لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ (رووداو) دەڵێ “ئەوەی پێشبینیمان كردبوو ئەوە هاتەدی و هەموو ئامار و راپرسییەكانیشمان خستووەتە بەردەم مەكتەبی سیاسی و لە دۆخەكە ئاگادارمان كردوون”. لەبارەی دەست لەكاركێشانەوەش دەڵێ “ئەگەر ئەوە كێشەكە بێت ئاساییە و دەست لەكاردەكێشمەوە”.
رووداو: ئێستا لەنێو یەكێتی رەخنەیەكی زۆر لە تۆ دەگرن كە ئاماری هەڵەت داوەتە مەكتەبی سیاسی و دەڵێن تۆ لەوە بەرپرسیاری. بۆچی ئاماری هەڵەت داوە؟
دەزگای هەڵبژاردن گۆچانی سیحریی پێ نییە
شۆڕش ئیسماعیل: وەكو دەزگای هەڵبژاردن هەموو راپرسی و توێژینەوە و شیكارەكانمان بەشێوەیەكی زانستیانە خستووەتە بەردەم هەڤاڵانی مەكتەبی سیاسی و ئەوان ئاگاداری ئەو مەسەلەیەن. دووەم، ئەم دەزگایەی ئێمە لەڕووی هونەری و تەكنیكییەوە هەڵەیەكی ئەوتۆی نەكردووە، بەپێچەوانەوە هەموو ئەركەكانی خۆی بەشێوەیەكی سەركەوتووانە بەهاوكاری لەگەڵ مەكتەبی سیاسی و مەڵبەندەكان جێبەجێ كردووە. خاڵی سێیەمیش، ئەگەر یەكێتی لە كۆی ئەو پرۆسەیە مافی خۆی بەرامبەر بەو هەموو قوربانی و دەستكەوتانەی رابردوو نەیتوانیوە رێژەی كورسییەكان وەكو ئیستیحقاقی خۆی بەدەستبهێنێ. دڵنیام لای پیاوی بەئاگا و رۆشنبیر دیارە كە دەزگای هەڵبژاردن گۆچانی سیحریی پێ نییە. دەبێ هەموو لایەكمان ورد ورد بگەڕێین هەموو كەموكوڕییەكانمان چارەسەر بكەین. دەبێ لەسەر ئەو ئەنجامانەی هەڵبژاردن وردتر بوەستین.
ئێمە لە رۆژێكدا 15 كاژێر كارمان دەكرد. تۆ كە ئەوەندە كات كاربكەی بێگومان هەڵەش دەكەی و ئەو زەرەرە یاخود ئەو شكستەی یەكێتی رووبەڕووی بووەتەوە بەشێكی من لێی بەرپرسم، بەڵام ئەگەر تەنیا دەزگای هەڵبژاردن تۆمەتبار بكرێ بەو شكستە ئەوە ناحەقییە.
رووداو: لەكاتی بانگەشەی هەڵبژاردن دەتگوت یەكێتی 30 كورسی دەباتەوە، بەڵام وا دەرنەچوو، پێتوانییە تۆ لەوەدا ورد نەبووی؟
شۆڕش ئیسماعیل: ئەوە بەشێك بوو لە شەڕی دەروونی كە هەموو لایەك كردیان. بەڕای تۆ و ئەوانەی لەوە تێنەگەیشتوون و ئەوانەی لەشەڕی دەروونی تێنەگەیشتوون، دەبووایە من بڵێم دەنگدەری كوردستان، یەكێتی نیشتیمانی كوردستان لەم هەڵبژاردنە دەنگ ناهێنێ؟ بەپێچەوانەوە خۆ لایەنی دیكەش هەبوو دەیگوت دەیبەینەوە و دەسەڵات دەگرینە دەست و خۆمان حكومەت دروست دەكەین. هەموو لایەنەكان مافی خۆیان بوو بڵێن زۆرترین كورسی دەبەینەوە. ئەگەر بەپێچەوانەوە بڵێی ئەوە ورەی دەنگدەری خۆت دێنێتە خوارێ. ئەوانەی لەو رووەوە رەخنە دەگرن دەبێ باشتر لەسەر زانست و تەكتیك و هەڵمەتی هەڵبژاردن بخوێننەوە.
لە هەولێر و سلێمانیش غەدرێكی زۆر لە یەكێتی كرا
رووداو: ئامار و ژمارەی راستەقینە لای ئێوە هەبوو كە چەندە دەنگ بەدەستدێنن؟ راپرسییەكانی ئێوە دەیانگوت یەكێتی چەند كورسی دەباتەوە؟
شۆڕش ئیسماعیل: هەموو لایەنێك كە دەچێتە هەڵبژاردنەوە راپرسی دەكات بۆ ئەوەی بزانێ قەبارەی چەندە و دەنگدەرەكانی لە كوێن. راپرسییەكانی ئێمە 5 كورسی زیاتر یان كەمتر لەوەی پێشاندەدا كە چاوەڕوانمان دەكرد. بەڵام بەداخەوە ئەوانەی رەخنەدەگرن ناخوێننەوە و خۆیان هیلاك ناكەن، ئەگەرنا ئێمە وەكو دەزگای هەڵبژاردن هەموو ئەوەی كە پێویست بووە لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا كردوومانە و دڵنیایان دەكەمەوە هەم راپرسی وردمان كردووە لە چەند مانگی پێش هەڵبژاردن، بگرە لەكاتی هەڵبژاردن و تاوەكو دوو هەفتە پێش هەڵبژاردنیش راپرسیمان كردووە و هەموو ئەنجامەكانی ئەو راپرسی و توێژینەوانەمان رادەستی مەكتەبی سیاسی كردووە.
رووداو: راپرسییەكان نزیك بوون لەو ژمارەیەی یەكێتی بەدەستی هێنا؟
شۆڕش ئیسماعیل: هیچ راپرسییەك 100% ورد نییە، بەڵام ئەو راپرسییانەی كردوومانە لەو ئەنجامە نزیك بووە كە بەدەستمان هێنا. بەڵام من نایەم لەسەر تەلەڤزیۆن بڵێم خەڵكینە دەنگی كەم دەهێنین. مەكتەبی سیاسیشم لەوە ئاگاداركردەوە كە ئەم ئامار و راپرسییانەمان هەیە.
مەكتەبی سیاسیمان لە ئامار و راپرسییەكانمان ئاگادار كردەوە
رووداو: واتە پێشبینیتان دەكرد كە یەكێتی 17 بۆ 18 كورسی بباتەوە نەك زیاتر؟
شۆڕش ئیسماعیل: پێشبینیم دەكرد لە 20 بۆ 25 كورسی ببەینەوە، بەڵام بەگشتی راپرسییەكان نزیكبوون لەو ئەنجامەی یەكێتی بەدەستی هێنا.
رووداو: بەهۆی ئەو ئەنجامە كە یەكێتی دەڵێ شكست بوو، تۆ وەكو بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی ئەو حیزبە ئامادەی دەست لەكاربكێشیتەوە؟
ئەو راپرسییانەی كردمان لەو ئەنجامە نزیك بوو كە بەدەستمان هێنا
شۆڕش ئیسماعیل: قەت ئامادە نیم هەڵەیەكی من نەمكردبێت راستی بكەمەوە، ئەوەی بۆم باسكردی هەمووی بە دۆكیومێنت هەیە. ئاساییە ئیستیقالەكردن بۆ یەكێتی و لەپێناوی یەكێتی بەگەورەیی دەزانم. بەڵام ئەو ئەنجامە چەندین خاڵی لەپشتەوە هەیە كە دوا خاڵیان لەسەر دەزگای هەڵبژاردنە. دەزگای هەڵبژاردن هەموو بەرچاو روونییەكی داوەتە مەكتەبی سیاسی، وەكو دیكە دەزگای هەڵبژاردن عەسای سیحریی پێ نییە تاوەكو بەرپرسیارێتی هەموو هەڵە سیاسییەكان لەئەستۆ بگرێ. دەزگای هەڵبژاردن دەزگایەكی یاسایی و پرۆفێشناڵە و هیچ فشارێكی بۆ سەر دەزگایەكی دیكەی یەكێتی نەبووە. دەبێ بەخۆیاندا بچنەوە و هەڵە و كەموكورتییەكان چاك بكەنەوە.
رووداو: داوایەك هەیە كە تۆ هەر لە مەكتەبی سیاسی بمێنیتیەوە، بەڵام لە دەزگای هەڵبژاردن دەست لەكاربكێشیتەوە. ئەوە دەكەی؟
شۆڕش ئیسماعیل: دەبێ رەخنە لەسەر بنەمای زانستی بێ. بەڵێ بەلامەوە ئاساییە، بەڵام ئەگەر تێكەڵی سیاسەت بكرێ ئەوە ئاسایی نییە. منیش ئامادەم بۆ هەموو رەخنەیەك. هەموو شتێكیان بۆ رووندەكەمەوە و ئەمە گفتوگۆیەكی سیاسییە و شتی عاتفی و سەرپێیی نییە. كاتێك دەتوانن داوای دەست لەكاركێشانەوە لە من بكەن ئەگەر دەزگای هەڵبژاردن هەڵەی تەكنیكی كردبێ.
رووداو: داوایەكی زۆر هەیە لەنێوەندی یەكێتی كە دەبێ مەكتەبی سیاسی دەست لەكاربكێشێتەوە، كەس هەیە دەست لەكاربكێشێتەوە لەسەر ئەو شكستەی یەكێتی؟
شۆڕش ئیسماعیل: كەسی ئازا دەبێ بەرامبەر بە رەخنە و كەموكوڕییەكان رابوەستێ و دان بە هەڵەكاندا بنێت. ئەگەر كێشەكان بە وازهێنانی من چارەسەر دەبن ئەوا بێگومان ئامادەم. دەبێ یەكێتی هەڵەكانی خۆی بە نەشتەرگەرییەكەی زانستییانە راست بكاتەوە.
رووداو: تۆش وای نابینی كە پێشبینییەكانی پارتی لەوەی هەموو لایەنەكانی دیكە زانستیتر بوو، پارتی دەیگوت 40 كورسی دەبەینەوە بەڵام 38یان برد، واتە تەنیا دوو كورسی جیاواز بوو. بەڵام یەكێتی و گۆڕان دەیانگوت 30 كورسی دەبەینەوە؟
پێشبینیم دەكرد20 بۆ 25 كورسی ببەینەوە
شۆڕش ئیسماعیل: با نەچینە ئەو باسەوە، بەدەر لەوەی ساختەكاریەكی زۆر لە زەرەری یەكێتی كراوە، بەڕاستی لەم هەڵبژاردنەدا پێشێلكاری و غەدرێكی زۆریش لەیەكێتی كرا كە بەشێكی لە هەولێر بوو، بەشێكیشی لە سلێمانی بوو، دەنگێكی زۆری یەكێتی فەوتاوە. بەڵام یەكێتی نەیویست ئەو پرۆسەیە تێكبچێ. مەكتەبی سیاسیش نەیویست ئاشتی و ئارامی تێكبچێ.
رووداو: پێتوایە بە ئەنقەست تۆیان كردووەتە ئامانج كە هۆكاری شكستی یەكێتی دەخەنە ئەستۆی تۆ؟
شۆڕش ئیسماعیل: مەكتەبی سیاسی ئازایانە تەحەمولی ئەو بەرپرسیارێتییە دەكەن. لە مەكتەبی سیاسیش باس لەوە كراوە كە دەزگای هەڵبژاردن كاری خۆی بە تەواوەتی كردووە، بەڵام هەندێك دەیانەوێ خۆیان لەو ئاوازە بەدوور بگرن، ئەگەرنا مەكتەبی سیاسی شایەتێكی سەرەكییە كە دەزگای هەڵبژاردن بە زیادەوە كاری خۆی كردووە. پسپۆڕی بیانیش لەگەڵ ئێمە كاریان كردووە و شەو و رۆژ لە پشتەوە كارمان كردووە و ئەوەی گوتوومانە ئەوە هاتووەتە دی. ئێمە لەدەزگای هەڵبژاردن هەڵمەتێكی سەركەوتوومان دانا، ئیتر كە ئەنجامەكە بەوشێوەیە دەرچوو ئەوە هەر لایەنێك بەشی خۆی دەبێ بەرپرسیارێتی لەئەستۆ بگرێ. دیسانەوە دەڵێم دەزگای هەڵبژاردن عەسای سیحریی پێ نییە كۆی هەموو ئەو گرێكوێرانە و كێشەكان بە شەو و رۆژێك بكاتەوە و چارەسەریان بكات. یان سیحر بكات و دەنگەكانی یەكێتی بگۆڕێ و زیادی بكات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ