هەڤپەیڤین
شێخ جەعفەر: نێچیرڤان بارزانی رۆڵی بنەڕەتی هەبوو لە تێپەڕاندنی قۆناخی سەختی دوو ئیدارەیی و بێ متمانەیی
رووداو- سلێمانی
شێخ جەعفەر لە كابینەی حەوتدا وەزیری پێشمەرگە بوو و ئێستاش لەلایەن یەكێتییەوە بەربژێرە بۆ وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان. ئەو ئەزموونی کارکردنی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی هەیە و پەسنی دەدات کە لە قۆناخێکی سەختدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە و بەهۆی ئەوەوە "قۆناخی سەختی دوو ئیدارەیی و بێمتمانەیی" تێپەڕیوە.
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو شێخ جەعفەر لەبارەی پۆستی جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان و کارکردنی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی دەڵێت: "من لەبارەی كاك نێچیرڤانەوە ئەزموونم زۆرە. ماوەیەك كە ئەو سەرۆكی حكومەت بوو، من وەزیری پێشمەرگە بووم. بەڕاستی لە ئەدای كاركردنی، لە مامەڵەی، لە گوێگرتنی لە تیمەكەی، لە هەموو ئەوانە زۆر رازی بووم. رۆژێك لە رۆژان هەستم نەكردووە جیاوازی بكات لە نێوان كەسێك و كەسێكی دیكە. یان لایەنێك و لایەنێكی دیكە. دەتوانم بڵێم ئەو تەنیا سەیری كاركردنی دەكرد. كێ كاری باشتر و جوانتری كردووە و كێ دڵسۆزترە".
شێخ جەعفەر دەشڵێت: "قۆناغەكان زۆر جیاوازن. بۆ نموونە، رۆژگارێك كە كاك نێچیرڤان بارزانی بووە سەرۆكی حكومەت، قۆناغێكی ئێجگار سەخت بوو. شەڕی قێزەونی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی و یەكخستنی ئیدارەكان و هێزەكانی پێشمەرگەی لەبەردەم بوو. كاركردن بۆ یەكخستنی ئەوانە و لەو قۆناغەدا، یان دروستكردنی متمانە لە نێوان پارتی و یەكێتی زۆر زۆر قورس بوو. كاك نێچیرڤان رۆڵێكی بنەڕەتی هەبوو لەوەی بتوانێ ئەو ئیدارە جیاوازانە یەكبخات و تێبگەی كە گۆڕانكاری روویداوە".
شێخ جەعفەر تاوەکو ئێستاش فەرماندەی هێزەكانی حەفتایە و راشیدەگەیێنێت: "بەڵێ من تاوەکو ئێستا لەو پۆستەدام، چونکە لەلایەن سەرۆكی هەرێمی كوردستانەوە فەرمانی دەستبەكاربوونم بۆ دەرنەكراوە وەك جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان. هەركاتێك فەرمانی دەستبەكاربوونم پێگەیشت، وەك جێگری سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەستبەکاردەبم. دیارە كاك نێچیرڤان بەهۆی ئیش و كار لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان بوو، چاوەڕێم فەرمانی دەستبەكاربوونم واژۆ بكات".
شێخ جەعفەر ئەزموونێکی زۆری لەگەڵ هێزەکانی پێشمەرگە هەیە و سەبارەت بە یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە ئاماژە بەوە دەکات: "پێموایە هیچ قورس نییە و ئەزموونمان هەیە. ئەوەندەمان ئەزموون هەیە بڵێین زۆریش قورس نییە. ئێمە 12 لیوای پێشمەرگەمان یەكخست. ئەو لیوایانە هێزی هەموو لایەنەكانی تێدابوو، تەنانەت هێزی سۆشیالیست و شیوعی و لایەنەكانی دیكەش. ئەو لیوایانە تاقیكرانەوە لە شەڕی داعشدا كە هەموویان لە یەك سەنگەردا بەرگرییان دەكرد، بەڵام زەحمەتی بەردەم یەكخستنی هێزەكان زۆرە و خاڵێك و دوو خاڵ نییە. یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە بودجەی پێویستە، ئێمە لەو رۆژگارەدا بودجەی پێویستمان لەبەردەست نەبوو تاوەكو هەموو پێداویستییەكانی یەكخستنی ئەو هێزانە دابین بكەین".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ