کۆنسووڵی رووسیا لە هەولێر: دەمانەوێت بەشداریی رێگەی گەشەپێدان بکەین

12-06-2024
ماکسیم رووبین، کۆنسووڵی گشتیی رووسیا لە هەولێر
ماکسیم رووبین، کۆنسووڵی گشتیی رووسیا لە هەولێر
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

ماکسیم رووبین، کۆنسووڵی گشتیی رووسیا لە هەولێر، سەبارەت بە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدان کە عێراق، تورکیا، ئیمارات و قەتەر تێیدا بەشدارن رایگەیاند "ئەگەر دەرفەت هەبێت ئێمەش لە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیەدا بەشداردەبین". 
 
کۆنسووڵی گشتیی رووسیا لە هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو دا رایگەیاند، گەورەترین وەبەرهێنان لەلایەن کۆمپانیا رووسییەکان لە هەرێمی کوردستان دا کراوە "وەبەرهێنانی ئەم کۆمپانیایانە بەگشتی زیاترە لە پێنج ملیار دۆلار، هێشتا لێرە کاردەکەن، تەنانەت پاش وەستاندنی هەناردەکردنی نەوتیش. کۆمپانیایەکی گەورەی هاوبەشیش هەیە، کۆمپانیای بۆڕییە، ئەو بۆڕییەی نەوتی کوردی پێ هەناردەی دەرەوە دەکرێت لەلایەن کۆمپانیایەکی هاوبەشی کوردی - رووسییەوە بەڕێوەدەبرێت، رووس نێفت و کار گرووپ". 
 
هەروەها دەڵێت، سزاکانی ئەمریکا لەسەر کۆمپانیا رووسییەکان نەبووەتە هۆی وەستانی کاری کۆمپانیا رووسییەکان لە هەرێمی کوردستان: "بێگومان (سزاکان) کاریگەرییان هەبووە، بەڵام بەشێوەیەکی زۆر نا". 
 
ئەم هەڤپەیڤینە لە رۆژی 2ـی حوزەیران لە کۆنسووڵخانەی رووسیا لە هەولێر تۆمارکرا کە یەکێکە لە کۆنترین کۆنسووڵخانەکان لە هەرێمی کوردستان و لە ساڵی 2007 کراوەتەوە. دلبخوین دارا هەڤپەیڤینەکەی لەگەڵ کۆنسووڵی رووسیا کردووە.
 
رووداو: بەڕێز ماکسیم بەخێربێیت، تەندروستیت چۆنە؟
 
ماکسیم رووبین: سوپاس بەخێربێن. من باشم، زۆر دڵخۆشم لێرە لە هەرێمی کوردستانم، شانازی دەکەم بەوەی نوێنەرایەتیی وڵاتی خۆم لێرە لە هەرێم دەکەم.
 
رووداو: ئێمەش بەخێرهاتنت دەکەین بۆ کوردستان.
 
ماکسیم رووبین: زۆر سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە.
 
رووداو: رووسەکان لای گەلی کورد خۆشەویستن، هەر لە کۆنەوە پەیوەندیمان هەیە.
 
ماکسیم رووبین: منیش هەست بەوە دەکەم، بە دیاریکراوی لە هەولێر، هەست بەو خۆشەویستی و رێزە دەکەم.
 
رووداو: بەڕێز ماکسیم، هیچ کوردی فێربوویت؟
 
ماکسیم رووبین: کەم، چەند وشەیەک.
 
رووداو: چەند وشەیەک.
 
ماکسیم رووبین: بەڵێ، من تەمبەڵم.
 
رووداو: عەرەبییەکەت باشە.
 
ماکسیم رووبین: هەوڵدەدەم بە شێوەیەکی دروست قسە بکەم.
 
رووداو: زۆربەی دیپلۆماتکارە رووسەکان و چینییەکان بە عەرەبییەکی رەوان قسە دەکەن.
 
ماکسیم رووبین: بەڵێ ئێمە سیستمێکمان هەیە لە وەزارەتی دەرەوە، ئەوەی پەیوەستە بە زمانی ناوچەیەکەوە، ئەوانەی زمانی عەرەبی دەزانن لەو باڵیۆزخانە و نێردە دیپلۆماسییانەمان کاردەکەن کە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستن.
 
رووداو: ئێرە شوێنی تۆیە. من لێرە دادەنیشم و پرسیار دەکەم، بەڕێز ماکسیم. پرسیارەکانم پەیوەستن بە پەیوەندییەکانی رووسیا و کوردستان، پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان گەلی کورد و گەلی رووسیا کە لە کۆنەوە هەن و پەیوەندیی بازرگانی، سیاسی و دیپلۆماسین، شەڕی ئۆکرایناش بێگومان زۆر گرنگە.
 
ماکسیم رووبین: من ئامادەم بۆ ئەوەی وەڵامی هەموو پرسیارەکانت بدەمەوە.
 
رووداو: سوپاس.. باشە، با لە پرسیاری یەکەمەوە دەستپێبکەم: چۆن پەیوەندییەکانی نێوان رووسیای فیدراڵ و هەرێمی کوردستان هەڵدەسەنگێنیت؟ ئایا پێشکەوتن لە پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولادا هەیە؟
 
ماکسیم رووبین: وەکو لە سەرەتادا تێبینیت کردووە گوتمان مێژوویین، پەیوەندییەکانمان درێژەیان هەیە، پەیوەندییەکانمان دۆستانەن، پەیوەندییەکانمان ئەرێنین، بگرە بێ هاوتان. چەندین سەدەیە دەستیان پێکردووە. ئەوەی ئەمڕۆ پێیدەگوترێت لێکۆڵینەوەی کوردی بە کۆششی زانایانی رووس دەستیان پێکرد کە جیهانیان بە کولتوور، یان گەنجینەکانی کولتوور و نەریتەکانی گەلی کورد ئاشنا کرد. دەتوانین لێرەدا ناوی هەندێک زانای رووسی بهێنین بۆ نموونە: مینۆرسکی و ژابا، ئەوان دیپلۆماتکار بوون.
 
رووداو: ئەوان لەنێو کورد دا ناسراون، مینۆرسکی ناسراوە.
 
ماکسیم رووبین: هەروەها لازاریف و کوردۆیێڤ کە کتێبێکی لە سەر زمانی کوردی داناوە.
 
رووداو: ئێمە بە قەناتی کوردۆ ناوی دەبەین، بە رووسی پێی دەڵێن کوردۆیێڤ.
 
ماکسیم رووبین: بەڵێ بەڵێ کوردۆیێڤ. ئەمە بەشدارییەکی زۆر مەزنە لەو بوارەدا. هەروەها مێژوونامەی شەرەفنامە، کێ یەکەم کەس بوو لە زمانی کوردییەوە وەریگێڕا بۆ زمانێکی بیانی کە زمانی فەڕەنسی بوو، زانایەکی رووس بوو. ئێستا نزیکەی دوو سەدە دەبێت. بێگومان مانەوەی 12 ساڵەی سەرکردەی نەمری کوردستان، مەلا مستەفای بارزان لە یەکێتیی سۆڤیەت شایانی باسکردنە. ئەو لەگەڵ هاوەڵانی کە 504 کەس بوون لە رووسیا بوون و لەوێ ژیان و خوێندیان و کاریان لەوێ کرد. هەندێکیشیان گەڕانەوە کوردستان و عێراق بۆ درێژەدان بە خەبات و بنیادنانی هەرێمی کوردستان و هاوژینی رووسیان لەگەڵ خۆیاندا هێنایەوە. من ئەمە بە پردێکی مرۆڤی ناو دەبەم.
 
رووداو: فێری زمانی کوردیش بوون.
 
ماکسیم رووبین: فێری زمانی کوردی بوون، بەڵێ. پەیوەندییەکانمان نەوەستان و بەروپێش دەچن، لە بواری کولتووری، ئابووری، سیاسەت و فێرکردن. بۆ نموونە، لێرە لە کوردستانی عێراق کۆمپانیای رووسی کار دەکەن.
 
رووداو: دێینە سەر ئەو خاڵانە، بەڵام پێشکەوتنێکی گەورەمان بەدینەکردووە لە ئاستی پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و هەرێمی کوردستان، هەرچەندە تۆ باسی پەیوەندیی مێژوویی نێوان هەردوولات کرد. پێشڤەچوونی گەورە لەو پەیوەندییانەدا نییە؟ 
 
ماکسیم رووبین: کۆنسووڵخانەی رووسیا لە یەکەمین نێردە دیپلۆماتییەکان بوو کە لێرە لە هەرێمی کوردستان کرایەوە، ساڵی 2007 بوو. گفتوگۆیەکی سیاسیی باشمان هەیە، هەڵوێستی نزیک لە یەکمان هەیە بەرامبەر پرسە جیهانییەکان. ئەمە تەنیا قسە نییە، ئەمە زانیارییە کە لە دیدارەکانم لەگەڵ سەرکردەکانی کورد دا بەدەستم هێناون.
 
رووداو: باشە، کاری کۆمپانیا رووسییەکان لە هەرێمی کوردستان دا چۆنە، بەتایبەتی پاش ئەو سزایانەی لەلایەن ئەمریکاوە بەسەر کۆمپانیاکانی رووسیادا سەپێندراون؟
 
ماکسیم رووبین: کۆمپانیا رووسییەکان لە بواری وزە لە هەرێمی کوردستان کار دەکەن، کۆمپانیای زۆر گەورەن، رووس نێفت و گازپڕۆم، ئەوانە لە گەورەترین وەبەرهێنانەکانن لە هەرێمی کوردستان دا. وەبەرهێنانی ئەم کۆمپانیایانە بەگشتی زیاترە لە پێنج ملیار دۆلار، هێشتا لێرە کاردەکەن، تەنانەت پاش وەستاندنی هەناردەکردنی نەوتیش. کۆمپانیایەکی گەورەی هاوبەشیش هەیە، کۆمپانیای بۆڕییە، ئەو بۆڕییەی نەوتی کوردی پێ هەناردەی دەرەوە دەکرێت لەلایەن کۆمپانیایەکی هاوبەشی کوردی - رووسییەوە بەڕێوەدەبرێت، رووس نێفت و کار گرووپ.
 
رووداو: ئایا سزاکانی ئەمریکا کاریگەرییان لەسەر کاری رووس نێفت لە هەرێمی کوردستان هەبووە؟
 
ماکسیم رووبین: بێگومان کاریگەری هەبووە، بەڵام بەشێوەیەکی زۆر نا. بێگومان ئەم سزایانە کاریگەرییان هەبووە، بەڵام بەردەوام رێگە هەیە بۆ خۆلادان لەو سزایانە، بەڵگەی ئەوەش بەردەوامبوونی کارکردنی کۆمپانیاکانی رووسیایە لێرە لە هەرێمی کوردستان.
 
رووداو: بەبێ هیچ بەربەستێک لەلایەن ئەمریکاوە؟
 
ماکسیم رووبین: کام بەربەست؟
 
رووداو: مەبەستم ئایا رووبەڕووی ئاستەنگی ئەمریکی دەبنەوە لەکاتی کارکردنتان لە بواری وزە و لە بواری نەوت لە کوردستان و عێراق؟
 
ماکسیم رووبین: سزاکان لە بواری دارایی دان، بۆ نموونە لە حەواڵە داراییەکان دا.
 
رووداو: مەبەستت سویفتە؟
 
ماکسیم رووبین: بەڵێ، بەڵێ، سویفت و دۆلار. ئەوانە گەورەترین کاریگەرییان لەسەرە.
 
رووداو: جگە لەو کێشانە، هیچ کێشەی دیکە نین؟
 
ماکسیم رووبین: رەنگە کێشە هەبن، بەڵام من نایانزانم.
 
رووداو: بەڵێ، دەبینین لەلایەنی ئێوەوە وەکو کۆنسووڵی رووسیای فیدراڵ گرنگییەکی زۆر هەیە بۆ پەیوەندی لەگەڵ کۆمەڵگەی کوردی، لە رێگەی وتارەکانت لە رووداو ئەوەت باسکردووە، منیش وتارەکانت دەخوێنمەوە سەبارەت بە ساڵانی ژیانی سەرکردەی کورد مەلا مستەفا بارزانی لە رووسیا کە لەوێ فێری رووسی بووە، هەروەها رۆڵی...
 
ماکسیم رووبین: ئەو یەکێتیی سۆڤیەتی بە نیشتمانی دووەمی خۆی دەزانی.
 
رووداو: راستە، ئەو زیاتر لە 10 ساڵ لە رووسیا مایەوە. کورد رۆڵی گەورەیان لە سەرکەوتنە مەزنەکەی رووسیادا هەبوو بۆ نموونە. ئێوە چۆن دەڕواننە داهاتووی پەیوەندییەکانی نێوان گەلی کوردستان و گەلی رووسیا؟
 
ماکسیم رووبین: ئێمە پاشخانێکی گەورەی مێژوویی پەیوەندییەکانمان هەیە. منیش وەکو دیپلۆماتکار کە لێرە لە هەرێمی کوردستان کاردەکەم، ئەرکەکەم بریتییە لە بەهێزکردن و بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان، گەشەپێدانی ئەو پەیوەندییانە و ئاراستەکردنیان بەرەو داهاتوو. بەبێ مێژوو، ئێستا و داهاتووش نابن. من هەمیشە دەگەڕێمەوە بۆ ئەو پاشخانە مێژووییەی پەیوەندییەکانمان، بۆ ئەوەی لەو پاشخانەوە بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێین. ئەوەش شتێکی سرووشتییە، چونکە ئەو پاشخانە ناکەوێتە ژێر کاریگەریی ئەجێنداکانی ئێستا، ئینجا سرووشتیان هەرچییەک بێت، ئابووری بن یاخود سیاسی. بۆیە دەبێت بگەڕێینەوە بۆ ئەو مێژووە و لەوێوە بەرەو داهاتوو هەنگاو بنێین. لەبەر ئەو هۆکارەیە من بەردەوام باسی ئەو بابەتە دەکەم.
 
رووداو: جگە لە پەیوەندییە فەرمی و دیپلۆماسییەکان، پەیوەندیت لەگەڵ کوردانی نێو کوردستان هەیە؟ پەیوەندی گشتی؟
 
ماکسیم رووبین: بێگومان. من لێرە هاوڕێم دەستکەوتوون و پێموایە ئەم دۆستایەتییە بەردەوام دەبێت، تەنانەت لە دوای رۆیشتنیشم لە هەرێمی کوردستان. ئەوە شتێکی زۆرباشە. ئێمە پێکەوە دادەنیشین، قسە دەکەین، باسی بابەتەکانی دوور لە سیاسەت دەکەین. ئەمە شتێکی باشە، شتێکی کۆمەڵایەتییە.
 
رووداو: لەنێوان کورد و رووس دا، تایبەتمەندی هاوبەش هەن؟
 
ماکسیم رووبین: تایبەتمەندی هاوبەشی زۆر هەن، تەنانەت وشەی هاوبەشیش هەن لە نێوان هەردوو زمانەکەدا، بۆ نموونە: سوپاس، سپاسیبا – ژن، ژنا – هتد.
 
رووداو: باشە. بەڕێز کۆنسووڵ هاونیشتمانیانی کورد زۆر حەز دەکەن سەردانی رووسیا بکەن، بەڵام بۆ وەرگرتنی ڤیزا کۆمەڵێک گرفت هەن. چۆن هاوکار دەبن، یاخود کۆنسووڵخانەکەتان چۆن لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو داواکارییانەدا هاوکار دەبێت؟
 
ماکسیم رووبین: بەر لە هەموو شتێک دەمەوێت ئاماژە بۆ ئەوە بکەم کە دەرگاکانی رووسیا بەڕووی گشت دۆستان دا کراوەن. ئێمەش لێرە، لە کۆنسووڵخانەکەماندا تەواوی خزمەتگوزارییە کۆنسووڵگەرییەکان پێشکێش دەکەین، لەنێویشیاندا بەخشینی ڤیزا بۆ چوونە نێو خاکی رووسیا، بەڵام یاسا و رێنمایی هەن، دەبێت پابەندیان بین. یەکێک لەو رێنمایی و رێسایانە بریتییە لە بانگهێشتنامە. گرنگترین مەرج بۆ چوونە رووسیا و وەرگرتنی ڤیزا، هەبوونی بانگهێشتنامەیە.
 
رووداو: بانگهێشتنامە لەکوێوە؟
 
ماکسیم رووبین: لە رووسیا.
 
رووداو: لە رووسیا.
 
ماکسیم رووبین: بانگهێشتنامە لەلایەن کەسایەتییەکی دیاری رووسیا یاخود کەسێک. ئەوە گرنگترین شتە، یاخود بانگهێشتنامەیەکی گەشتیاری. بەڵێ من دان بەوە دادەنێم هەندێک تووندی لە وەرگرتنی ڤیزا هەبێت، بە لەبەرچاوگرتنی رووداوەکانی ئەم دواییەی عێراق، مەبەستم داعش و ناسەقامگیریی سیاسی و هەندێ گرفتی ئەمنی هۆکارن. 
 
رووداو: بۆ وەرگرتنی ڤیزا.
 
ماکسیم رووبین: بەڵێ بۆ وەرگرتنی ڤیزا. هەروەها هەندێک کێشە هەبوونە وەکو چوون بۆ رووسیا و بەکارهێنانی رووسیا وەک خاڵی پەڕینەوە بۆ ئەورووپا بەشێوەیەکی نایاسایی.
 
رووداو: واتە رووسیا وەک وێستگەیەکی ترانزێت بەکاردەهێنن.
 
ماکسیم رووبین: هەندێک جار.. بەڵێ وەکو ترانزێت.
 
رووداو: بۆ ئەوەی بەڕێگەی نایاسایی لە رووسیاوە بچنە خاکی ئەورووپا، مەبەستت ئەوەیە؟
 
ماکسیم رووبین: بەڵێ، هەندێک شتی واهەبووە.
 
رووداو: واتە ڤیزا وەردەگرن و لە رووسیاوە دەچنە ئەورووپا؟ 
 
ماکسیم رووبین: بەڵێ.
 
رووداو: بە ڤیزای رووسی؟
 
ماکسیم رووبین: بەڵێ.
 
رووداو: ئەمە کێشەیەکی گشتی نییە، زۆر کەس هەن بۆ بازرگانی، گەشتیاری، یان خوێندن دەیانەوێت بچنە رووسیا و دوایی دەگەڕێنەوە کوردستان.
 
ماکسیم رووبین: بەڵێ، بەڵێ.
 
رووداو: ئەوانە دەتوانن ڤیزا وەربگرن؟ 
 
ماکسیم رووبین: دەتوانن ڤیزا وەربگرن.
 
رووداو: چەندی پێدەچێت؟
 
ماکسیم رووبین: دوای پێداچوونەوە بە پەڕاوەکاندا و، بە مەرجێک بانگهێشتنامەیەکی لە رووسیاوە هەبێت.
 
رووداو: وەرگرتنی ڤیزا چەندی پێدەچێت؟
 
ماکسیم رووبین: ڤیزای بەپەلە لە دوو رۆژ زیاتر ناخایێنێت، ڤیزەی ئاسایی رەنگە هەفتەیەک یاخود 10 رۆژ بخایێنێت. من لەگەڵ خەڵک قسە دەکەم، هەندێکیان سەرنجی منیان بۆ ئەو نووسینگە گەشتیارییانە راکێشا کە لە بەرامبەر بڕە پارەیەکی دیاریکراودا هەندێک خزمەتگوزاری پێشکێش دەکەن و دەڵێن ڤیزە لەو نووسینگانە وەردەگیرێت، بەڵام بە نرخێکی زۆر، وەکو 700-900 دۆلار.
 
رووداو: ڤیزای رووسیا بێ بەرامبەرە؟
 
ماکسیم رووبین: لە دەرەوەی کۆنسووڵخانە هیچ نووسینگەیەکمان نییە و هیچ پەیوەندییەکمان بەو نووسینگانەوە نییە و دەڵاڵیشمان نییە. هاووڵاتیانی کوردی عێراق دەتوانن بۆ وەرگرتنی ڤیزا بێنە کۆنسووڵخانەکەمان.
 
رووداو: تێچووی ڤیزاکە چەندە؟
 
ماکسیم رووبین: بەپێی جۆری سەردانەکەیە.
 
رووداو: لە 700 دۆلار کەمترە؟
 
ماکسیم رووبین: بێگومان، بێگومان زۆر زۆر کەمترە.
 
رووداو: بەڕێز کۆنسووڵ ئەو ئاسانکارییانە چین کە بۆ خوازیارانی خوێندن لە رووسیا دەیکەن؟ 
 
ماکسیم رووبین: هەموو ساڵێک..
 
رووداو: ئەوە گرنگە بۆ ئەو کەسانەی دەچن بۆ خوێندن لە رووسیا. 
 
ماکسیم رووبین: هەموو ساڵێک حکومەتی رووسیا کورسی خوێندن لەسەر ئەرکی دەوڵەتی رووسیا پێشکێش دەکات. ساڵی رابردوو ژمارەی ئەو کورسیانە 70 بوو. هەر خوێندکارێکیش بیەوێت بۆ خوێندن بچێتە رووسیا، دەتوانێت خۆی داواکاری پێشکێش بکات، بەبێ هیچ دەڵاڵێک و بەبێ هیچ نووسینگەیەک.
 
رووداو: لەڕێگەی ئۆنلاینەوە؟
 
ماکسیم رووبین: لە رێگەی ئۆنلاینەوە لیستێکی دیاریکراو لە بڕوانامە و بەڵگە پێشکێش بە ماڵپەڕێکی دیاریکراو دەکات و پسپۆڕییەک دیاری دەکات. 
 
رووداو: ساڵانە چەند کورسی خوێندن پێشکێش دەکەن؟
 
ماکسیم رووبین: 70 کورسی خوێندن.
 
رووداو: ئەی بۆ ئەم ساڵ 2024، چەند کورسی؟
 
ماکسیم رووبین: 70 کورسی خوێندن بۆ ئەم ساڵ 2024 هەبوو، بەڵام نازانین ساڵی داهاتوو چەند دەبن، بێگومان کەمتر نابن، رەنگە زیاتربن.
 
رووداو: بچینە سەر بابەتێکی دیکەی زۆر گرنگ بۆ ئێوە و جیهان و بۆ کورد و هەموو ناوچەکە ئەویش شەڕی ئۆکراینا و رووسیایە.  
 
ماکسیم رووبین: ئێمە بە ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سەربازی ناوی دەبەین.
 
رووداو: من رۆژانە بەدواداچوون بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە تایبەتە دەکەم، ئێوە سوورن لە سەر ئەوەی بەم شەڕە بڵێن ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سەربازی.
 
ماکسیم رووبین: بەڵێ.
 
رووداو: هەڵوێستی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو ئۆپەراسیۆنە تایبەتە سەربازییە چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
 
ماکسیم رووبین: هەڵوێستی عێراق بەگشتی و حکومەتی کوردستان بێلایەنانەیە، هاوشێوەی هەڵوێستی زۆرینەی وڵاتانی جیهان. عێراق نەچووە پاڵ سزاکان و دەنگەکانی ئیدانەکردن، ئێمەش ئەوە زۆر بەرز دەنرخێنین، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەهەمان شێوە.
 
رووداو: ئایا رووسیا نیازی هەیە بچێتە خارکێڤ، بە تایبەت کە هێزەکانتان تەنیا نزیکەی 20 تاوەکو 25 کیلۆمەتر لەوێوە دوورن؟
 
ماکسیم رووبین: ئامانجی سەرەکی پێشڕەویی ئێستای سووپای رووسیا بەرەو خارکێڤ، دروستکردنی پشتێنەی ئەمنییە لەنێوان پێگە سەربازییەکانی ئۆکراینا و خاکی رووسیادا. ئەوەش بەهۆی ئەو بۆردوومانە تووندەی خاکی رووسیا لەلایەن سووپای ئۆکرایناوە، گەڕەکە مەدەنییەکان بۆردوومان دەکات و دانیشتووانی سیڤیل زۆر زیانیان پێدەگات. پێموایە ئەو بۆردوومانە هەڕەمەکییە لە تۆڵەی نەبوونی سەرکەوتنیانە لە بەرەکانی شەڕدا.
 
رووداو: رووسیا وڵاتێکی ئەتۆمی و گەورەیە، هاوئاهەنگییەکی زۆر لەنێوان ڤلادیمێر پووتین سەرۆکی رووسیا و گەلی رووسیادا هەیە، هەروەها هەندێک وڵات هەن پشتگیریی رووسیا دەکەن، وەک چین بۆ نموونە و هەندێک وڵاتی ئەفریقا.
 
ماکسیم رووبین: چین و وڵاتانی دیکە دەیانەوێت پەیوەندی ئاسایی خۆیان لەگەڵ رووسیا بپارێزن. 
 
رووداو: بەڵام رووسیا هەڕەشە دەکات.
 
ماکسیم رووبین: بەڵام هەڵوێستی بێلایەنیش هەیە، ئەو دەنگانەش لەلایەن رۆژئاواوە هەن کە دەڵێن چین پشتیوانی دەکات، راست نین. پەیوەندییەکانی نێوان رووسیا و چین دژی هیچ کەسێک نین.
 
رووداو: مێدڤێدێڤ بەردەوام هەڕەشە دەکات، ئەگەر ئۆکراینا بە چەکی رۆژئاوایی لە نێوخۆی رووسیا بدات..
 
ماکسیم رووبین: بەڵێ نێوخۆی رووسیا. 
 
رووداو: رووسیا دەتوانێت چەکی ئەتۆمی بەکاربێنێت. ئایا شتی واهەیە؟
 
ماکسیم رووبین: بۆ نموونە ئەرکی سەرەکی سووپای رووسیا پاراستنی گەلی رووسیا و خاکی رووسیایە. ئەگەر مەترسی لەسەر گەلی رووسیا هەبێت، لەپێناو پاراستنی گەلی رووسیا هەموو ئامرازە بەردەستەکان بەکار دەهێنین. دەتوانم تەنیا ئەوەندەت پێبڵێم. 
 
رووداو: لەباسی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی رووسیا دەربچین.
 
ماکسیم رووبین: دەتوانین بمێنینەوە، کێشە نییە. 
 
رووداو: بێگومان کەس لەگەڵ شەڕدا نییە.
 
ماکسیم رووبین: ئێمە لەگەڵ شەڕ نین، لێرەدا گرنگە ئەوە بڵێم کە ئێمە ناچارین بەرژەوەندییەکانی خۆمان و گەلی رووسیا لە دۆنباز بپارێزین. ئەوەش هۆکاری سەرەکی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی تایبەتی سەربازییە.
 
رووداو: هەڵوێستی رووسیا سەبارەت رێگەی گەشەپێدانی نێوان تورکیا و عێراق و ئیمارات و قەتەر چییە، بەتایبەتی کە رووسیا لەو رێگەیەوە نزیکە؟
 
ماکسیم رووبین: رێگەی گەشەپێدان، وشەکەش گرنگە، گەشەپێدان یەکێکە لە گرنگترین وشەکان. ئێمە پێشوازی لە گەشەپێدان دەکەین چونکە دەتوانین سوود لە گەشەپێدان وەربگرین، گەلانی ناوچەکەش لە گەشەپێدان سوودمەند دەبن. ئێمە پێشوازی لەو پڕۆژەیە دەکەین کە بڕیارە رێگەوبان و هێڵی ئاسنیش لەخۆ بگرێت، ئەوەش زۆر باشە، ئەگەر دەرفەت هەبێت ئێمەش لە جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیەدا بەشداردەبین.
 
رووداو: ئایا رووسیا سەبارەت بەم پڕۆژەیە لەگەڵ هەندێک وڵات و هەندێک لایەن گفتوگۆی کردووە؟
 
ماکسیم رووبین: ئێستا نازانم، ئێستا نازانم.
 
رووداو: بابەتێکی دیکەی گرنگ؛ بابچینە سەر بابەتی سووریا. من خەڵکی کۆبانێم. بەهۆی بوونی رووسیا لە سووریا، ئایا پەیوەندییەکانی سووریا لەگەڵ رووسیا، مێژوویی و ستراتیجی و درێژخایەنن؟ 
 
ماکسیم رووبین: مێژووییە بەڵێ تەواوە. 
 
رووداو: ژمارەی کورد لە سووریا زۆرە و هەندێک دانوستاندن لەنێوان کوردانی سووریا و سەرکردایەتی رووسیادا هەبوو، ئایا رووسیا پڕۆژەی چارەسەرکردنی پرسی کوردی لە سووریا هەیە؟
 
ماکسیم رووبین: لەو خاڵەوە دەست پێدەکەین کە رووسیا لە سووریایە لەسەر بانگهێشتێکی حکومەتی شەرعیی سووریا لە دیمەشق. ئێمە لەساڵی 2015دا چووینە ئەو وڵاتە، بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمی نێودەوڵەتی. دەتوانین بڵێین رووسیا یارمەتی سووریا و گەلی سووریای داوە بۆ ئەوەی نەکەوێتە ژێر دەستی داعش. ئێمە پشتگیری سووریا دەکەین، سووریایەکی یەکگرتووی سەربەخۆ و خاوەن سەروەری، سووریایەکی دیموکراسی و سووریایەک کە تێیدا رێز لە مافەکانی هەموو چین و گرووپ و نەتەوە و ئایینەکان بگیرێت، لەنێویشیاندا گەلی کورد. 
 
رووداو: بەڵام گەلی کورد لە سووریا لە هەموو مافەکانی بێبەشە. بۆ نموونە زمانی کوردی لە قوتابخانەکانی سووریادا ناخوێندرێت و لە دەستووری سووریادا یەک وشە لەسەر مافەکانی گەلی کورد نییە.
 
ماکسیم رووبین: گفتوگۆ لەنێوان ئۆپۆزیسیۆنی سووریا و حکومەتی سووریادا هەیە. لەوانەیە ئێستا گفتوگۆکان وەستابن. 
 
رووداو: مەبەستت لە ئۆپۆزیسیۆن بەڕێوەبەرایەتی خۆسەرە؟
 
ماکسیم رووبین: ئۆپۆزیسیۆنی سووریا.
 
رووداو: ئیئتیلافی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا یاخود کوردانی کە دەسەڵاتیان..
 
ماکسیم رووبین: هاوپەیمانیی سووریا.
 
رووداو: هێزێکی گەورەی کوردی هەیە، هەسەدە بۆ نموونە، حوکمڕانیی بەشێکی گەورەی خاکی وڵاتەکە دەکات.
 
ماکسیم رووبین: بەڵێ، بەڵێ.
 
رووداو: هەڵوێستتان بەرامبەری چییە؟
 
ماکسیم رووبین: بەڵێ. گفتوگۆ و پەیوەندی لەنێوان حکومەتی سووریا لە دیمەشق و حکومەتی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا هەیە، بە نێوەندگیریی رووسیا. من ئێستا دۆخی گفتوگۆکان نازانم، من لێرەم و لە سووریا نیم بۆیە وردەکارییەکان نازانم، بەڵام سەبارەت بە پڕۆژەی رووسیا لە سووریا، پرەنسیپی سەرەکی ئەوەیە کە ئێمە چارەسەری ئامادەکراومان بۆ گەلی سووریا ناوێت، پێمانوایە لایەنەکانی سووریا دەبێت چارەسەری گونجاو بۆ لایەنەکانی ململانێیەکە بدۆزنەوە، ئەوەش زۆر گرنگە. پێش ئەوە رووسیا پڕۆژەی دەستوورێکی بۆ سووریا پێشنیاز کرد، زیاتر لە جارێک هەوڵماندا یارمەتیی سووریا بدەین بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ پرسی سووریا، ئەوە زۆر گرنگە. بەبێ ئەوەی هیچ گوشارێک بکەین، بەڵکو تەنیا لە رێگەی قایلکردنەوە، لەو روانگەیەوە کار دەکەین کە دەبێت گەلی سووریا خۆی بۆ گەیشتن بە خاڵە هاوبەشەکان، هەلومەرجی گونجاو دروست بکات.
 
رووداو: بەهۆی دۆستایەتی گەلی کورد و گەلی رووسیا، گەلی کورد لە سووریا چاوی لە مۆسکۆیە رۆڵێکی گرنگ بگێڕێت لە چارەسەرکردنی کێشەکەیان دا، یاخود لانیکەم لە چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە پەیوەندییان بە دیمەشق و کورد لە سووریاوە هەیە.
 
ماکسیم رووبین: بێگومان ئێمە ئامادەین هاوکاری لایەنە سوورییەکان بکەین بۆ گەیشتن بە چارەسەر. ئەوەش زۆر گرنگە و شتێکی سەرەکییە لە رێبازی مامەڵەکردنمان لەگەڵ پرسی سووریا دا. ئێمە دژی بوونی نایاسایی بیانی و دەستتێوەردانی نایاسایی دەرەکین لەوێ. بۆ نموونە ئەمریکی لەوێن.
 
رووداو: هەروەها تورکیا. بەڕێز کۆنسووڵ زۆر سوپاس، سپاسیڤا. 
 
ماکسیم رووبین: زۆر سوپاس، سەرچاوان.
 
رووداو: زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە و ئەنجامدانی ئەم هەڤپەیڤینە لەنێو باڵەخانەی کۆنسووڵخانەی رووسیا لە هەولێر. 
 
ماکسیم رووبین: زۆر سوپاس بۆ ئەم هەڤپەیڤینە. هەڤپەیڤینێکی خۆش بوو. 
 
رووداو: خوش بوو، ئەمە یەکەم هەڤپەیڤینی من بوو لەگەڵ کۆنسووڵی رووسیا لە هەولێر.
 
ماکسیم رووبین: پشت بە خودا هەڤپەیڤینی دیکەش لەگەڵ کۆنسووڵی دیکەی رووسیاش دەکەن. 
 
رووداو: زۆر سوپاس.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە