ئەحمەد سەحاف: بەهیچ شێوەیەک لەگەڵ بەزۆرناردنەوەی پەنابەراندا نین

09-06-2022
گۆڤەند مستەفا
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق
نیشانەکردن ئەحمەد سەحاف
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایدەگەیێنێت، حکومەتی عێراق بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ بەزۆرناردنەوەی پەنابەراندا نییە، دەشڵێت، حکومەت قبوڵناکات رەوەندی عێراقی لە هەر شوێنێک بێت رووبەڕووی داهاتوویێکی مەترسیدار ببنەوە.
 
د. ئەحمەد سەحاف، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە رۆژی چوارشەممە 08-06-2022 نوێنەری فاتیح لەگەڵی ئەنجامیدا، باسی لە کێشەی ئاوی نێوان عێراق و ئێران، شەڕی پەکەکە و تورکیا، عێراقییەکانی نیشتەجێی کەمپی هۆل، گۆڕانی کەشوهەوا و پەنابەرە عێراقییەکانی نیشتەجێی بەریتانیا کرد کە بڕیارە بەزۆربنێردرێنەوە.
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق گوتی، هەڵوێستی دیپلۆماسییان هەبووە بەرامبەر بە هێرشەکانی تورکیا و باسی لەوەش کرد، "تورکیا پرسی پەکەکەی کردووەتە پاساو بۆ هێرشەکانی." هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، "تاوەکو ئێستا 600 خێزانی عێراقی لە کەمپی هۆڵ گەڕێندراونەتەوە."
 
لەبارەی کێشەی ئاوی نێوان عێراق و ئێران، ئەحمەد سەحاف گوتی، عێراق و ئێران 42 رووباری هاوبەشیان هەیە، گوتیشی، "لەگەڵ ئێران بەوردی باسی کێشەی ئاومان کردووە."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق:
 
رووداو: لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بڕیارتان داوە بابەتی گۆڕانی کەشوهەوا بە تایبەتی ئاو بکەنە کاری لە پێشینەتان.مەترسییەکە لە ئاستێکی ئەوەندە گەورەدایە لەسەر عێراق تاوەکو ببێتە کاری لە پێشینەتان؟ کە دەبێتە کاری لە پێشینەتان چۆن کاری لەسەر دەکەن؟
 
ئەحمەد سەحاف: ئەوەی بەڕێزتان ئاماژەتان پێکرد و پرسیارتان کرد لەبارەی هەڵوێستی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لەبارەی بابەتی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا، سروشتی ئەو کردارانەی کە پێشبینی دەکرێن لەوبارەیەوە. راستییەکەی ئەمە پێشەکییەکە، بابەتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا ئەمڕۆ بووەتە پێشەنگ لە گفتوگۆ و لێکۆڵینەوەکان لەسەر ئاستی چەند لایەنەدا. راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان. راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە رەنگە ئەم مەترسییانە وردە وردە فراوانتر ببن و بەم پێیەش وڵاتان لەم نێوەندەدا دەستپێشخەری دەکەن بۆ گرتنەبەری کۆمەڵێک ستراتیژی لە ئاستی دوولایەنە و فرەلایەنە و بە سروشتی بەشداریکردن. راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان ئاماژە بەوە دەدەن کە رەنگە ئەم مەترسییانە وردە وردە فراوانتر ببن و بەم پێیەش وڵاتان لەم نێوەندەدا دەستپێشخەری دەکەن بۆ گرتنەبەری کۆمەڵێک ستراتیژ لە ئاستی دوولایەنە و فرە لایەنە، بۆ دانانی میکانیزمێک بۆ کەمکردنەوەی سەرچاوەی زیانە پێبینکراوەکان.
 
عێراق لە رێگەی دەستپێشخەرییەکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لە میانی سەردانی شاندێكی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەفتەی رابردوو، کە پێکهاتبوون لە جێگری سەرۆککۆماری ئێران بەڕێز عەلی سەلاچقە، لەگەڵ بەڕێز فوئاد حوسێن، وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە ئامادەبوونی بەڕێزان وەزیری ژینگە، وەزیری کشتوکاڵ، وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان و شاندی بەرفراونی عێراقی کە نوێنەرایەتی چەندین کەرتیان دەکرد بە شێوەیەکی ورد گفتوگۆیان لەسەر لێکەوتەکان و دۆزینەوەی تێڕوانینێکی ستراتیژی هاوبەش لەنێوان عێراق و کۆماری ئیسلامیی ئێران. بە ئاراستەی فراوانکردنی بازنەی ئەو کارە لەپێشینەیە کە وڵاتانی ناوچەکەش بگرێتەوە. ئەمەش دوابەدوای هاتنی چەند شەپۆلێکی خۆڵبارین کە زیاتر لە جارێک عێراقی گرتەوە، دواتر بە هەمان شێوە ئێرانیش گرتەوە.
 
شاندەکە لەگەڵ بەڕێز وەزیری دەرەوە گفتوگۆیان لەسەر بابەتی سەرچاوەی هەڵکردنی ئەو خۆڵبارینانە لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەکە کرد، ئەگەری دۆزینەوەی نەخشەی دیجیتاڵی بۆ دیاریکردنی بوونیان، پاشان دۆزینەوەی میکانیزمەکانی هاوئاهەنگی هاوبەشی نێوان ئێران و عێراق. هاوکات بەشداری وڵاتانی ناوچەکە. جەنابی وەزیری دەرەوە لە نزیکەوە گرنگی زۆر بەو بابەتە دەدات لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە و فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی بە جیددی کار لەسەر ئەو دۆسیەیە دەکەن بەرەو دۆزینەوەی کەشوهەوایەکی لەبار بۆ بەدیهێنانی ئەو دستپێشخەرییەکە ئامانج یەکخستنی توانا ستراتیجییەکان بە پشتبەستن لە دیالۆگی هاوبەش لەوبارەیەوە.
 
رووداو: دوای ئەو سەردانە، عێراق و ئێران بە یەکەوە چی دەکەن؟ ئێران پێیوایە بەشێک لەو خۆڵبارینەی رووی تێدەکات لە عێراقەوە سەرچاوە دەگرێت، کەواتە ئێران لەگەڵ عێراقدا چۆن هاوکار دەبێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو بابەتە؟
 
ئەحمەد سەحاف: دەمەوێت ئەوە بۆ ئێوە روونبکەمەوە کە کۆماری ئیسلامیی ئێران پێیوانییە عێراق بە تەنیا سەرچاوە بێت بۆ ئەو خۆڵبارینە، بەڵکو پێیوایە بەشێکە لە سەرچاوە ئیقلیمییەکان. بۆیە لە میانی گفتوگۆکاندا هەوڵەکان لە دیالۆگەکەدا ئاراستەکرابوون بۆ دیاریکردنی رێگەکانی یەکگرتنی بەشدارانە بۆ هەموو وڵاتانی ناوچەکە، ئەم بابەتەیان بە ئاڵنگارییەک لە ئاستی وڵاتانی ناوچەکە بە گشتی وەسف کرد. وەزیری دەرەوە لەمیانی گفتوگۆیەکانیدا تیشکی خستە پرەنسیپی تەواوكاری لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان بۆ فراوانکردنی بازنەی لێکۆڵینەوەکان بەشێوەیەکی تەكنیكی و تایبەتمەند لەنێوان عێراق و ئێران و هاوتاکانی لە کۆماری ئیسلامی ئێران.
 
وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەم دەستپێشخەرییە رێکدەخات و لەم نێوەندەدا هاوئاهەنگی دەکات بۆ بەستنی کۆنفرانسێکی هەرێمی بۆ وڵاتانی ناوچەکە، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک لە رێگەی هاوبەشێکی ستراتیژییەوە ئەوکارە چارەسەر بکەن. واتە بابەتەکە تەنیا لەسەر سەرچاوەی خۆڵبارین و پیسبوونی ژینگە و کەشوهەوا نەکرێت، بەڵکو لەسەر ئاستی جیاواز بکرێت. بۆ ئەوەی ژینگەی دیالۆگەکە بەرهەمدار بێت بە قوڵی گفتوگۆ لەسەر بابەتەکان بکرێت.
 
رووداو: بابەتی کەشوهەوا بەشێکی ئەوەیە عێراق چۆن لەگەڵ دراوسێیەکانی رێکبکەوێت، لەسەر بنەمای دابەشکردنی زیانەکان. هەفتەی رابردوو وەزیری سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق بۆ رووداو باسی لەوەکرد کە ئەوان لەگەڵ تورکیا کێشەیان نییە، تورکیا رازی بووە زیانەکە لەگەڵمان دابەش بکات، بەڵام ئێران بەدەممانەوە نایێت. چۆن باسی ئەم بابەتەتان لەگەڵ ئەو شاندەی ئێران کرد.
 
ئەحمەد سەحاف: بابەتی ئاو ئاڵنگارییەکی ستراتیژییە بۆ دەوڵەتی عێراق، زیانە چاوەڕوانکراوەکان لەسەر ئاستی جیاواز دەبێت، بەڵام بیرکردنەوە ستراتیجیەکان بۆ چارەسەری واقیعییانە و لۆژیکانە بۆ کەمکردنەوەی زیانەکان لەلایەک و لە هەمان کاتدا بەشداریکردنی لە رووی بابەتیانە لەگەڵ وڵاتان بە تایبەتی ئەو وڵاتانەی کە هاوبەشن لە ئاوەکە، بۆ نموونە کۆماری ئیسلامی ئێران لە 42 رووباری لاوەکییەوە هاوبەشە. بابەتی ئاو ئاڵنگارییەکی نێوخۆییشە لەنێو ئێراندا زۆربەی ناوچەکانیان وشک بوونەتەوە، داراستانەکانیان بەهۆی کەمی ئاو وشک بوونەتەوە. لەلایەکی دیکەوە عێراق بە هەمان شێوە مافی سەروەری خۆیەتی بتوانێت بە شێوەیەکی تێرو تەسەل توێژینەوە بکات. ئەو بابەتە زیاتر تەکنیکی کراوە لە لایەنە پەیوەندیدارەکانی عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێران، بە هەمانشێوە دانوستاندنەکان ئاراستەی جیاوازی لەخۆی گرتووە، لە ئاراستەی یاساییەوە، بە تایبەتیش کۆماری ئیسلامی ئێران پێیوایە دەبێت بە هەموو شێوەیەک لە دانوستاندنەکان کاتێک کە ئاراستەکان گۆڕاون، گۆڕانی ئاراستەکان بەشێوەیەکی سروشتی کراوە نەوەک دەستکرد، بەڵام عێراق پێیوایە ئەمە بەهۆی چەندین رێکارەوە واتە بابەتەکە دەستکاری کراوە و رێڕەو و ئاراستەی ئاوەکان گۆڕدراون.. لە رووی یاساییەوە باسی ئەو بابەتەیان کردووە، بەڵام لەبارەی ئاراستەکردن و هاوبەشیپێکردنی ئەو مەترسییانە بابەتێکی هاوبەشە، دیالۆگەکانیش تاوەکو ئێستا بەردەوامن.
 
رووداو: عێراق بەنیازبوو سکاڵا لەسەر ئێران تۆمار بکات لە بەرامبەر ئەوەی ئێران وەڵامی نەدەدایەوە بەو شێوەیەی کەوا عێراق دەیویست، ئاستی گفتوگۆیەکە بەو راددەیەیە کە سکاڵا لە ئێران نەکەن و ئەو بابەتە بە نێودەوڵەتی نەکەن؟
 
ئەحمەد سەحاف: پێمانوایە دیالۆگ یەکێکە لە هۆکارەکانی چارەسەری، عێراق بە هەموو شێوەیەک بە تایبەتیش وەزارەتی دەرەوە هەمیشە پشت بە دیالۆگ دەبەستێت بۆ سەرخستنی پرۆسەکان و میکانزمی بابەتەکان. وەزارەتی دەرەوە بابەتە ئاڵۆزەکانی چارەسەرکردووە و هەوڵیداوە چارەسەری بکات، بابەتی سەروەری عێراق، هەڵکشانی ئەمنی و گرژییەکان، بابەتی ئاڵۆگۆڕکردنی کەسەکان و تۆمەتبار و تاوانبارەکان و چەندین بابەتی جیاوازی دیکە. ئێمە بە هەمان دیدگاوە هەنگاو دەنێین و کاردەکەین بۆ ئەوەی بتوانین لە رێگەی دیالۆگەوە هەموو کارەکان بکەین و هاوبەشەکان شایستەکان بپارێزێت بە تایبەت لەگەڵ وڵات و سەرچاوە، جا ئاو بێت یان هەر بابەتێکی دیکە بێت. واتە ئەوەی وەزارەتی دەرەوەی عێراق دەیکات تەنیا لە یەک سێکتەر نییە، بەڵکو لەسەر هەموو سێکتەرەکانە، پەیوەندییەکی مێژووییمان لەگەڵ ئەو وڵاتانە هەیە، لە رووی گۆڕانی سیاسی و پەیوەندییە ئابوورییەکان و هەموو بوارەکانی دیکە.
 
رووداو: بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان رووبارە هاوبەشەکان مافی هەردوولان، ئەگەر هاتوو ئێران بەو شێوەیە نەهاتە پێشەوە کە عێراق دەیەوێت بە دیالۆگ، عێراق ئامادەیە ئەو بابەتە بە نێودەوڵەتی بکات، بیباتە نەتەوەیەکگرتووەکان تاوەکو ئەو پرسەی بۆ یەکلا بکاتەوە؟
 
ئەحمەد سەحاف: تا ئەو کاژێرە ئێمە پشت بە دیالۆگی سیاسی و تەکنیکی دەبەستین بۆ ئەوەی پارێزگاری لە مافی عێراق بکەین، پرسی ئاو یەکێکە لە پرسە هەرە تایبەتەکان بۆ گەلی عێراق کە بەرژەوەندی گەلی عێراق لەخۆ دەگرێت، بنەمای دابەشكردنی زیانەکان بابەتێکی زۆر هەستیارە. عێراق بە هەموو شێوەیەک وەک چۆن وڵاتی سەرچاوە گرنگی پێدەدات.. بە هەمان شێوەش عێراق زۆر گرنگی پێدەدات و عێراق دەیەوێت ئەو بابەتە بقۆزێتەوە بۆ زیادکردنی رێژەی سەوزایی و لە هەمان کاتدا ئاوی سەر زەوی و ژێر زەوی. وەزارەتی دەرەوە بە هاوبەشی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە حکومەت لەگەڵ لایەنی کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئاراستەی دیالۆگەکان تا ئەو کاژێرە کۆتایی پێنەهاتووە، بە هەمان شێوە لەگەڵ تورکیاش کە وڵاتێکی دراوسێی گرنگی ئێمەیە، ئەوانیش رێژەیەکی ئاوی زۆریان لەسەرە.
 
رووداو: دەتوانن بڵێن گفتوگۆیەکانتان لەگەڵ ئێران ئیجابی بووە؟
 
ئەحمەد سەحاف: دەتوانین بڵێین دیالۆگ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران دەکرا لە رووی تەکنیکییەوە بکرێت، دۆخێکی تەباییش هەبوو، لەسەر هەندێک خاڵ ناکۆکی هەبووە لەسەر ئەمە پەکخراوە، بەڵام هەمووی کۆتایی پێنەهێندراوە بە تایبەتی لە بابەتی لۆجستیک و ژینگەیی، هەندێک بابەت پێویستیان بە بڕیاری هاوبەشی هەردوو حکومەت هەیە، دەبێت ئەمە لەبیر نەکەین عێراق کە دەیەوێت بڕیارێک بە هەمانشێوە ئەمە لەبەر چاو دەگرێت کە ئایا تا چەند وڵاتی بەرامبەر وەڵامی دەداتەوە. کاتێک کە ئێمە دەڵێین ئەو بابەتە دەکەین بە هیچ شێویەک سازشمان نەکردووە لەو کەیسانەدا، بەڵام دەبێت پشت بەوە ببەستین کە بەشێوەیەکی لۆژیکی ماف و شایستەکانی خۆمان بەدەستبهێنین.
 
رووداو: واتە سکاڵاکردن هیچ کاتێک بژاردەیەک نییە بۆ عێراق؟
 
ئەحمەد سەحاف: تاوەکو ئێستا کاری لە پێشینەمان دیالۆگە.
 
رووداو: ئەگەر ئەو دیالۆگە هیچ ئەنجامێکی نەبوو؟
 
ئەحمەد سەحاف: رێکارە یاسایی و دیپلۆماسییەکان چۆن بێت بەو شێوەیە دەگیرێتەبەر.
 
رووداو: بابەتی کەمپی هۆل هەیە، ژمارەیەکی زۆری خێزانی عێراقی لە کەمپی هۆلن، وەزارەتی دەرەوەی عێراق و حکومەتی عێراق کار لەسەر گەڕاندنەوەیان دەکات، تاوەکو ئێستا چەند کەستان گەڕاندووەتەوە؟ کێشە لەبەردەم گەڕاندنەوەی هەموو عێراقییەکان بۆ نێو عێراق چییە؟
 
ئەحمەد سەحاف: وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە رێگەی وەزیری دەرەوە، بەڕێز بریکار و خاوەن پسپۆڕان لەسەر ئاستی هەردوو وڵات لەوبارەیەوە کاردەکەن، ماوەیەکی زۆریشی پێچووە لەگەڵ هاوبەش و دۆستەکانی عێراق بابەتی کەمپی هۆل رەنگدانەوەشی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە، ئەمە بابەتێکی هاوبەشە لەنێوان عێراق و سووریای دراوسێمان. لەمبارەیەوە حکومەتی عێراق لە رێگەی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق و ئۆپەراسیۆنەکان لە رووی لۆجستیک و پسپۆڕییەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان رۆڵی خۆی گێڕاوە بۆ گەڕاندنەوەی زۆر لەو خێزانانە بۆ عێراق و نیشتەجێکردنیان بە شێوەیەکی کاتی بۆ کەمکردنەوەی نەهامەتییەکانیان، دواتر گرتنەبەری رێکار پشت پێ بەستووەکان بۆ چاودێریکردنی داتاکانیان و زانیارییە سەرەکییەکان و بینین و پرۆفایلکردنی هەموو کارەکانیان. لەم چوارچێوەیە ئاراستەکان لایەنە پەیوەندیدارە ئەمنییەکانی عێراق کاردەکەن تاوەکو ئەو کاژێرە زیاتر لە 600 خێزانی عێراقی گەڕێندراونەتەوە عێراق، ئێستا بەشێکیان لە کەمپی جەدعا نیشتەجێکراون. راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارە ئەمنییەکان دەیانەوێت رێکارە ئەمنییەکان و بەرنامە تایبەتەکان و ئاوێتەکردن لە رێگەی پسپۆڕە دەروونییەکان بۆ ئەوەی بتوانن رێکیان بخەن و بیانگەڕێننەوە.
 
رووداو: بابەتی ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بۆسەر هەرێمی کوردستان هەر بەردەوامە، مانگی رابردوو تورکیا رایگەیاند ئۆپەراسیۆنێکی نوێ لەناو سنووری نێودەوڵەتیی عێراق ئەنجام دەدات. ئێوە پێشتر لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە فەرمی یاداشتی ناڕەزایەتیتان رادەستی تورکیا کرد. تورکیا وەڵامی ئەو ناڕەزاییەی ئێوەی دایەوە؟
 
ئەحمەد سەحاف: وەزارەتی دەرەوەی عێراق هەموو رێکارە دیپلۆماسییەکانی گرتووەتەبەر، ئەو زانیارییانەی لە میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە، ئەو پرسیارانە کە کراون بە شێوەی چاوەڕوانکراو دەکرێت لەبارەی ئەدای وەزارەتی دەرەوە، هەندێک جاریش پرسیار لەبارەی لایەنە ئەمنییەکەوە دەکرێت، هەندێکجار کەسانێک پێیانوایە دەبێت وەزارەتی دەرەوە لە رووی ئەمنییەوە کار بکات، لە کاتێکدا ئەمە ئەرکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق نییە، بەڵکو بە هەموو شێوەیەک لە رووی دیپلۆماسییەوە کاردەکات. پشت بە دیالۆگ و هاوئاهەنگی و پەیوەندیکردنی لۆژیکی و رێکار و میکانزمەکان دەبێت. ئەو بەربەستە سەرەکییانە چین کە پارێزگاری لە کۆمەڵگەی عێراقی و سەروەری خاکەکەی بکەن؟ وەزارەتی دەرەوە هەڵوێستی تایبەتی خۆی هەیە کە دیدگای حکومەتی عێراقی دیاریدەکات لە رێگەی دیپلۆماسییەوە، بە هەموو شێوەیەک کە سەروەریی عێراق بپارێزرێت. هەڵوێستی زۆری لەبارە پێشێلکارییەکان هەبووە کە دژی سەروەری عێراق کراون، لە رێگەی دەرکردنی راگەیێندراوی سەرکۆنەکردنی ئەو پێشێلکاریانە هاوکات بانگهێشتکردنی باڵیۆزەکان و پێدانی یاداشتی رەتکردنەوە و سەرکۆنەکردن و ناڕەزایەتی زارەکی و پەیوەندییە تەلەفۆنییەکان و هەوڵە بەردەوامەکان بۆ چارەسەرکردن لەسەر ئاستی نەتەوەیەکگرتووەکان و کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی و لایەنە پەیوەندیدارەکان لە هەردوو وڵات پەیوەندی بەردەوامیان هەیە. وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە هەموو شێوەیەک پشت بە دیالۆگ دەبەستێت لە رێگەی میکانزمە جیاوازەکانەوە هەوڵی بەردەوام دەدات بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی عێراق لە هەموو رووێکەوە. 
 
رووداو: لە بابەتێکی وەکو ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا، ئەو گفتوگۆیانە نە ئۆپەراسیۆنەکانی راگرتووە لە شوێنی خۆی، نە کەمیشی کردوونەتەوە. ئێوە هەر پشت بە دیالۆگ دەبەست؟ بۆ نموونە لە نەتەوەیەکگرتووەکان یان دادگایەکی نێودەوڵەتی سکاڵا تۆمار ناکەن؟
 
ئەحمەد سەحاف: ئەوەی چاوەڕواندەکرێت لەلایەن میدیاکانەوە بەردەوام روو لە گۆشە زۆر نیگەرانەکان دەکات بە تایبەتی لە رووی شەرمەزارکارییەوە. هەندێکجار دەبینین ئۆپەراسیۆنەکان کە سەروەری خاکی عێراق پێشێلدەکات جا لە هەرێمی کوردستان بێت یان ناوچەکانی دیکە، بە هیچ شێوەیەک ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین کە هەڵکشانی گرژی هەبێت. ئێمە باس لە ئاڵنگارییەکی ئەمنی سەربازی دەکەین کە دەگاتە ئاستی رەنگدانەوەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بۆیە ئێمە دەبێت کاری لە پێشینەیەکی زۆر گرنگ دابنێین لە چوارچێوەیەکی دیکە. بە واتایەکی دیکە بابەتی پارتی کرێکارانی کوردستان کە پاساوێکە لەلایەن تورکیاوە، راستیەکەی ئەمە بابەتێکی پەیوەندی بە نێوخۆی تورکیاوە هەیە، بەڵام هەناردەی عێراق کراوە. عێراق بە هەموو شێوەیەک بە پشتبەستن بە بنەمای دەستوور کە دەڵێت نابێت خاکی عێراق ببێتە سەرچاوەی هێرشکردن و هەڕەشە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ. لە هەمان کاتیشدا عێراق رەتیدەکاتەوە خاکەکەی بکرێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێیەکان بە هێرشکردنە سەر پەکەکە و پەکەکەش هێرش بکاتە سەر خاکی تورکیا.
 
ئێمە بەرژەوەندیی هاوبەش دەگرینەبەر، لەهەمان کاتدا دەبێت هەوڵی نێوەندگیری بدەین بۆ ئەوەی کۆتایی بەو ئاڵنگارییانە بهێنین. دەبێت ئەوەش لەبەرچاو بگرین کە ئەو ناوچەیە زۆر گرنگە رووبەڕووی داعش بووینەتەوە هەڕەشەی داعش تاوەکو ئێستا ماوەتەوە. پرسیار ئەوەیە هەر کارێکی تاک لایەنە کاتێک کە بکرێت ئایا ئەمە کاریگەری نابێت بەسەر پرسی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر؟ ئایا بە هیچ شێوەیەک کاریگەری ناڕاستەوخۆ و راستەوخۆ ناکاتە سەر ئەوەی گرووپە تیرۆریستیەکان بە تایبەتی داعش لەو چوارچێوەیە خۆی زیاتر رێکبخاتەوە؟ بۆیە ئێمە دەبێت سەرەتا باس لە کاری لە پێشینەی خۆمان بکەین، دەبێت بە هەموو شێوەیەک رووبەڕووی داعش ببینەوە، رووبەڕووی ئەو ئاڵنگارییە ببینەوە لەسەر هەموو ئاستێکدا بۆ ئەوەی نەبێتە هۆکار بۆ سەرهەڵدانی ئاڵنگارییەکی دیکە.
 
پارتی کرێکارانی کوردستان ئەویش یەکێکە لەو ئاڵنگارییانە، حکومەتی عێراق لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان رێککەوتنی شنگالیان کردووە، ئەویش بەهۆی میکانزمی دابەشکردنی هێزەکانی عێراق و بڵاوەپێکردنیان لەو ناوچەیە و پرسە کۆمەڵایەتیەکان لەو چوارچێوەیەدا هاوئاهەنگی لەنێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان و لایەنە ئەمنییە پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق، بە تایبەتی هێزەکانی پێشمەرگە و فەرماندەیی هێزەکانی سوپای عێراق، هەموو ئەو هەوڵانە لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانە دێت کە ئەنجامی ئەرێنی هەبێت بەو مەرجەی کە دەبێت بەردەوامبێت لەو چوارچێوەیە.
 
رووداو: عێراق دەیەوێت چاوپۆشی لەو ئۆپەراسیۆنانە یان بەشێوەیەک لە شێوەکان رەزامەندی پیشانداوە بۆ ئەنجامدانی ئەو ئۆپەراسیۆنانە؟
 
ئەحمەد سەحاف: هەڵوێستەکانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق زۆر روون و ئاشکران، حکومەتی عێراق بە هیچ شێوەیەک قبووڵی هەڵوێستە تاک لایەنەکانی تورکیای نەکردووە، ئەمەشی بە هەڵوێستێکی دوژمنکارانە ناوبردووە، بەهۆی ئەوەی کە پێشێلی سەروەریی خاکی عێراقی کردووە، لەسەر ئەم بنەمایە وەزارەت دەرەوەی عێراق کە دژی ئەو کارەیە چۆن خۆی دێت پێچەوانەی هەڵوێستەکان رەزامەندی بۆ کارێکی وا پیشان بدات. لەسەر ئەو بنەمایەش دیالۆگ کراوە میکانزمی دیالۆگەکان دانراوە بەگوێرەی قەبارەی مەترسیی هەڕەشە و ئاڵنگارییەکان، لەوبارەیەوە هاوئاهەنگی بەردەوام دەکرێت، ئەمە کاری لە پێشینەی ئێمەیە، لە هەمان کاتیشدا لەرووی ئەمنی لایەنی پەیوەندیدار لە تورکیا و وەزارەتی دەرەوەی عێراق بە هەموو شێوەیەک لە پەیوەندی بەردەوامدان بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکان تاوەکو بتوانن دیالۆگ بکەن بۆ ئەوەی بتوانن ئەو کێشانە چارەسەر بکەن.
 
رووداو: بابەتی پەنابەران پرسێکە لە عێراق زۆر باسی لێوەدەکرێت بە تایبەتی لە هەرێمی کوردستان. حکومەتی بەریتانیا بەشێک لە پەنابەران ئەوانەی کەوا نایاسایین یان دۆکیۆمێنتەکانیان تەواو نییە، بە دوو شێوە دیپۆرتیان دەکاتەوە، هەندێکیان بۆ رواندا دیپۆرت دەکات، هەروەها دیپۆرتکردنەوەش هەیە بۆ عێراق، تاوەکو چەند ئاگاداری ئەو هەنگاوەی حکومەتی بەریتانیان و هاوئاهەنگیتان لەگەڵ بەریتانیا لەسەر ئەو بابەتە چۆنە؟
 
ئەحمەد سەحاف: ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگە، چونکە ئەمە پەیوەندی بە گەلی خۆمانەوە هەیە رەوەندی عێراقی لەو وڵاتە یان وڵاتانی دیکە. ئەمەش کێشەیەکی گشتییە، وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە لەسەر بنەمای ئەو کارەدا بنەمایەکی گشتی وەردەگرێت. حکومەتی عێراقی لەگەڵ گەڕاندنەوەی زۆرەملێی پەنابەرانی عێراق نییە بۆ خاکی عێراق، وەزارەتی دەرەوە لەسەر ئەو بنەمایە کاردەکات. بنەمای دووەمیش وەزارەتی دەرەوەی عێراق بەرژەوەندیی عێراقییەکان لەبەرچاو دەگرێت بە پشتبەستن بە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکان و سروشتی پەیوەندییەکان لەگەڵ هەموو لایەنەکان ئەو وڵاتانەی کە رەوەندی عێراقی لەخۆیان دەگرن، لەو نێوەندەدا هەندێک وڵات مەترسیی و نیگەرانییەکانی خۆی ئاشکرا دەکات، ئەو گۆڕانکارییانەی کە لەسەر ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی روویانداوە وایانکردووە هەندێک وڵاتان خوێندنەوەی نوێ دەکەن لەبارەی پەیوەندییەکان یان لەبارەی پەنابەران. ئەوەی بەسەر عێراقییەکاندا هات لە بیلاڕووسیا و لتوانیا و لاتیڤیا و پۆڵەندا، گەڕاندنەوەی ئەوانەش گەڕاندنەوەیەکی ئارەزوومەندانە بوو لە کاتێکی زۆر کەمدا زیاتر لە چوار هەزار پەنابەرمان گەڕاندەوە لەسەر داواو ویستی خۆیان، هەموو جۆرە هاوکارییەکی مرۆییشمان پێشکەش کردوون. تۆڕی قاچاخەکان و بازرگانیکردن بە مرۆڤ هەڕەشەیەکی زۆر گەورەیە بۆسەر هاووڵاتیانمان بە تایبەتی رەوەندەکانمان، وڵاتان خوێندنەوەی جیاواز دەکەن لەبارەی پەنابەران و کۆچبەران. لەسەر ئاستی دوو لایەنە وەزارەتی دەرەوە بە هەموو شێوەیەک پەیوەندی بەردەوامی لەگەڵ هەموو لایەنەکان هەیە، جەخست لەسەر دیدگای عێراق کراوەتەوە کە لەگەڵ گەڕاندنەوە ئارەزوومەندانەیە، بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ گەڕاندنەوەی زۆرەملێی رەوەندی عێراقی نین بۆ نێو عێراق. لەلایەکی دیکەوە دەبێت پابەندبوون هەبێت بە بنەماکانی مافی مرۆڤ بەرامبەر بە رەوەندی عێراقی لە هەر شوێنێکی جیهان بن.
 
ئاراستەیەکی دیکەش هەیە، پێویستە لەو رێکارانەی بۆ گەڕاندنەوەی رەوەندی عێراقی دەگیرێنە بەر هاوئاهەنگیکردن لەگەڵ حکومەتی عێراق بکرێت، دەبێت ئاسایش و ژیانیان و بەرژەوەندییەکانی بپارێزرێت. ئەمەش بایەخی حکومەتی عێراق و وەارەتی دەرەوەی عێراقە. ئاراستەیەکی دیکەش هەیە، دیالۆگەکان بەردەوامن نەک تەنیا لەگەڵ بەریتانیا.. لەگەڵ ئەڵمانیا و وڵاتانی دیکە دیالۆگ هەیە جەختیش لەسەر ئەوە دەکەینەوە هەمان پەیڕەوەمان گرتووەتەبەر. بابەتی کۆچبەران و پەنابەرانی عێراق لە مانەوەیان لە سنووری بیلارووسیا و سنوورەکانی ئەو وڵاتە، ئەمجارە وایکرد کە وڵاتانی ئەوروپی خوێندنەوەی جیاواز و هەڵوێستی جیاواز بنوێنن و بە چاوێکی جیاواز سەیری رەوەندی عێراقی بکەن. ئەوان بە هەڕەشەیەک دەیبینن، لە هەمان کاتیشدا چاو بە یاساکانی نێوخۆیاندا دەگێڕنەوە. وەزارەتی دەرەوەی عێراقیش بەردەوامە لەبارەی ئەوەی دەبێت هاوکاری مرۆییان پێشکەش بکرێت و مافەکانیان بپارێزرێت.
 
رووداو: ئەو پەنابەرانەی لەلایەن بەریتانیاوە بڕیارە بنێردرێنەوە، بەبێ هاوئاهەنگیکردنە لەگەڵ عێراق؟
 
ئەحمەد سەحاف: بە دڵنیاییەوە ئەگەر بێت و هاوئاهەنگیش هەبێت، ئایا وەزارەتی دەرەوەی عێراق قبووڵ دەکات ژمارەیەک لە رەوەندی عێراقی لە هەر شوێنێک بێت رووبەڕووی داهاتووێکی مەترسیدار ببنەوە، نەخێر ئەمە قبووڵکراو نییە. ئێمە بەردەوام جەخت لەسەر ئەوە دەکەینەوە، کە دەبێت پابەندی بە مافەکانی مرۆڤ هەبێت و ناکرێت بە زۆرەملێ بگەڕێندرێنەوە یاخو رەفتارێکی خراپ و نەشیاویان بەرامبەر بکرێت.
 
رووداو: هیچ هاوئاهەنگی و پەیوەندییەک لەنێوان باڵیۆزخانەکانی عێراق و نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە وڵاتانی جیهاندا هەیە؟
 
ئەحمەد سەحاف: پرسیارێکی زۆر جوانە، منیش دوو پرسیارم  لە بەڕێزت هەیە، یەکەمیان ئەوەیە؛ کاتێک بەڕێزتان ئەو بابەتەتان وروژاند ئایا پێتانوایە نوێنەرایەتییەکانی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە رەنگدانەوەی بەرژەوەندی کەسی بێت یان رەنگدانەوەی دیدگای دەوڵەتی عێراق بێت بە جیاوازی ئینتیما و پێکهاتە کانیەوە؟
 
رووداو: من رۆژنامەنووسم و پرسیار دەکەم..
 
ئەحمەد سەحاف: منیش لەو چوارچێوەیەدا ئەو بابەتە دەوروژێنم، پرسیاری دووەم؛ وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە رێگەی نوێنەرایەتیی دیپلۆماسی لە بوارە جیاجیاكانی كار لەسەر ئاستی دوو قۆڵی و فرە قۆڵی، گرنگی بە بەرژەوەندییەكانی هەموو عێراقییەكان دەدات. ئایا ئەم بەرژەوەندییانە لەسەر بنەمای هەستی ناسیۆنالیزمە؟ یان هەستی تائیفییە؟ یان ناوچەیی یانیش هەستێکی عێراقی کە نوێنەرایەتی دەوڵەتی عێراق دەکات؟ بەو واتەیەی کاتێک گەلەکەمان لە هەرێمی کوردستانی عێراق چاویان لە باڵیۆزخانەکانی عێراق دەبێت، بۆیان دەردەکەوێت کە دەنگیان لە کردار و ئەداو ویژدان و نوێنەرایەتیدا هەیە.
 
کاتێک کە رۆڵەیەکی باشوو، یان دیالە یان ئەنبار، سەیری باڵیۆزخانەکانی عێراق و وەزارەتی دەرەوە دەکات، بۆیان دەردەکەوێت کە گوزارشت لە بەرژەوەندی و پرس و ویژدانی خۆیان دەکەن، کە کۆمەڵێک شت و پرس هەڵدەگرێت. کەواتە ئێمە لە وەزارەتی دەرەوەی عێراق، خەمی سەرەکیمان هەیە بۆ بەدیهێنانی بنەمای کاری پێکەوەییە لە نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق و حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا. ئەم پێکەوەییەش لەسەر هەنگاوە هاوبەشەکان بنیات دەنرێت لەوانە: فەرمانبەرەکانی وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە یەک پێکهاتە پێک نەهاتوون، واتە باڵیۆزخانەکانی عێراق لە دەرەوە نوێنەرایەتی یەک پێکهاتە ناکەن، 
ناکرێت باس لە پێکهاتەکان و نەتەوەکان و ڕەگەزەکان بکرێت، بەڵکو باس لە عێراق وەکو دەوڵەت بکرێت کە بەرژەوەندییەکانی یەکە کە بەرژەوەندی حکومەتی کوردستانی عێراقیش دەگرێتەوە.
 
رووداو: واتە ئەمە بە مانای ئەوە دێت کە هیچ هاوئاهەنگییەک لەنێوان ئێوە نوێنەرایەتیەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەرەوە نییە؟
 
ئەحمەد سەحاف: هاوبەشی لەسەر ئاستی ئەو لیژنانەی کە سروشتێكی ستراتیژیان هەیە لە کاری دووقۆڵی و فرەییدا، پێویستی بە تێکەڵکردنی بۆچوونەکان هەیە. حکومەتی هەرێمی کوردستان پەرۆشی ئەمەیە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لە بەغدا و هەموو لیژنە بنەڕەتییەکان و پێگە سیاسییەکان و دەستپێشخەری و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان. وەزارەتی دەرەوەی عێراق گوزارشت لە بەرژەوەندییەكانی كۆماری عێراق و بەرژەوەندییەكانی حكومەتی عێراق وەك دەوڵەت و گەل دەكات.
 
لێرەدا پرەنسیپی تەواوکاری باو بووە، شاندەکانی هەرێمی کوردستان هەنگاویان دژ بە بەرژەوەندییەکانی حکومەتی فیدراڵی نەناوە، چونکە ئەمە رەنگدانەوەی نەرێنی لەسەر هەموو لایەنەکان دەبێت. هەروەها وەزارەتی دەرەوەی عێراق جەخت لەسەر بەرژەوەندییە باڵاکانی دەوڵەتی عێراق دەکاتەوە بەو پێیەی نوێنەرایەتیی سەجەم پێکهاتەکان و ناوچەکان دەکات، ئێمە بە هەموو شێوەیەک پێداگرین لەسەر پاراستنی بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی عێراق.
 
رووداو: لەناو باڵیۆزخانەکانی عێراقدا هەرێمەکان مافی ئەوەیان هەیە پاشکۆیەکی کولتووری خۆیان هەبێت، کە نوێنەرایەتی دیپلۆماسییان هەبێت. ئایا لەنێو هیچ باڵیۆزخانەیەکی عێراقدا پاشکۆیەک بۆ هەرێمی کوردستان کراوەتەوە؟
 
ئەحمەد سەحاف: ئێوە ئێستا دەستەواژەی پاشکۆی کولتووریتان بەکارهێنا، وەکو ئەوەی نابێت لەو نوێنەرایەتیەتان زیاتر هەبێت لەنێو باڵیۆزخانەکاندا، ئەمە پێناسەیەکی هەڵەیە. ئێمە کەسایەتی پیشەگەری زۆر باشمان هەیە لە بواری دیپلۆماسی لە رۆڵەکانی ئێمە لە هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی باڵا زۆرجار لەسەر ئاستی باڵیۆز نەک تەنیا پاشکۆیەک.
 
رووداو: بابەتی پاشکۆ لە دەستووردا هەیە، کە هەرێمەکان لە عێراقدا مافی ئەوەیان هەیە پاشکۆیەکیان هەبێت لەنێو باڵیۆزخانەکاندا. ئایا لە هیچ باڵیۆزخانەیەکی عێراقدا پاشکۆیەکی هەرێمی کوردستان هەیە؟
 
ئەحمەد سەحاف: وەزارەتی دەرەوەی عێراق نوێنەرایەتی سەجەم عێراقییەکان دەکات بە هەموو پێکاتەکانیانەوە، بە هەموو رەنگ و دەنگەکانیانەوە، کار بۆ بەرژەوەندی هەموویان دەکات لەسەر هەموو ئاستێک، لەسەر ئاستی پێکهاتە سیاسییەکان، ئەنجوومەنی نوێنەرانیش لە ئەنجامی هەڵبژاردنی نوێنەرانی هەموو پێکهاتەکانی گەلی عێراق پێکهاتووە، وەزارەتی دەرەوەش بە هەمان شێوەیە، وەزارەتی درەوە سروستی هاوبەشیکردنە لەسەر ئاستی لایەنەکان بە پشتبەستن بە دەستووری عێراق و بەرژەوەندی باڵای عێراق.
 
رووداو: ئاماژەتان بەوەدا کە باڵیۆزخانەکانی عێراق نوێنەرایەتی هەموو گەلی عێراق دەکەن و هەمووشیان لەنێویدا هەن بەگوێرەی دەستوور و یاسا. کورد بە گوێرەی پشکی خۆی و بەشدارییەکەی لە عێراق و لەناو پەرلەماندا، باڵیۆز و کونسوڵی هەیە لە باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکانی عێراق لە دەرەوە؟
 
ئەحمەد سەحاف: باڵیۆزخانەکانی عێراق نوێنەرایەتی سەرجەم رۆڵەی پێکهاتەکانی عێراق دەکات بە جیاوازی پێکاتە سیاسیی و کۆمەڵایەتییەکان. لە هەمان کاتدا من وەکو نوێنەری بەرژەوەندییەکانی عێراق لەو وەزارەتە کار دەکەم بۆم نییە بە هیچ شێوەیەک باس لە ناوچەگەری و پێکهاتەکان بکەم، بەڵام سروشتی هاوبەشیکردن لە بەرژەوەندییەکان لە ئاستی باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکان و سروشتی بەڕێوەبردنی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەوەیە کە نابێت هیچ کەسێک هەبێت نوێنەرایەتی نەبێت، دەبێت هەموو کەسێک نوێنەرایەتی هەبێت لەسەر ئاستی وەزارەتی دەرەوە بەپێی یاساو دەستوور. ئەم هەستە پێویستی بە کولتوور و فەرهەنگ و پەروەردەیە. ئەگەر بێت و بەدواداچوونی بۆ بکەن دەبینن بە هیچ شێوەیەک وەزارەتی دەرەوە لە دژی پێکهاتەیەک کاری نەکردووە، بۆیە داواتان لێدەکەم بەدواداچوون بۆ باڵیۆزخانەو کونسوڵخانەکان و نێردە دیپلۆماسییەکان لە دەرەوە بکەن بۆ ئەوەی بزانن کە سروشتی کارکردنیان لەچ چوارچێوەیەکە.. خەمی ئێمە یەک خەمە بۆ ئەوەی بتوانین نوێنەرایەتییەکی جوان بکەن لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ ئەوەی تەبایی و خۆشەویستی بپارێزین، تەنیا لە یەک گۆشەوە سەیری نەکەین و لە ناوچەیەکی دیاریکراودا کورتی نەکەینەوە، بەڵکو بە شێوەیەکی پیشەگەریانە کارەکانی خۆمان بکەین، سەرباری ئەوەی عێراق رەنگدانەوەی هەموو پێکهاتەکانە.
 
رووداو: ئایا دکتۆر فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق کە کارت لەگەڵی کردووە، نوێنەرایەتییەکی باشی عێراقی کردووە؟
 
ئەحمەد سەحاف: هیوادارم ئەو پرسیارەتان لەوکاتە ئاراستە کردبام کە لە دەرەوەی ئەو پێگەیە بوومایە، کە گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراقم، چونکە ئەوکا ئازادی زیاترم دەبوو، بەڵام با ئێستا، لە سنووری ئەوەی کە دەتوانم پێی بڵێم، وەک چۆن خۆم پابەند دەکەم بە پێگەی پیشەیی خۆمەوە وەک عێراقییەک لەناو وەزارەتی دەرەوەی عێراقدا، دەڵێم: بەڕێز فواد حوسێن پیاوێکی عێراقییە، پیاوێکە پابەندە بە پێوەرێک بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی عێراق بەبێ ئەوەی سەیری پێکهاتە و ناوچەییەکانی بکات. بە دەیان شایەتم هەیە لە چەندین دۆسیەدا. پیاوێکی قووڵ، شتەکان بە باشی سەیر دەکات و بەڕێوەیان دەبات، نەرم و نیان، بۆ ماوەی چەندین کاژێر تاوەکو درەنگانی شەو کاردەکات. هەرگیز بێزار نابێت. حەز ناکات کاریگەری نەرێنی لەسەر دەروونی هیچ کەسێک بەجێبهێڵێت، هەمیشە ئاماژە بەوە دەدات خۆی دەڵێت ئەگەر دۆزێکی هەبێت دۆزەکەی هەڵدەگرێت و بەرەو دوورترین خاڵی دەیبات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەلیم سالم، هونەرمەندی عێراقی

سەلیم سالم: هەولێر سەقامگیرە و مرۆڤ تێیدا ئازادە

بەشێک لە هونەرمەندانی عێراق ئێستا لە هەولێر نیشتەجێن، جگە لە گێڕانی ئاهەنگ، کارە هونەرییەکانیشیان لێرە ئەنجام دەدەن. سەلیم سالم، هونەرمەندێکی گەنجی عێراقییە و بەم دواییە گۆرانییەکی نوێی بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەتایبەتیش لە نێو کورددا. ئەو دەڵێت، هەولێر ئارامە و مرۆڤ تێیدا ئازادە، لە هەولێر هەستی نەکردووە لە وڵاتێکی عەرەبییە. ئەو گۆرانیبێژە لە 2023 لە ئاهەنگێکی تایبەتەدا لە دەرەوەی عێراق داوای لێکراوە گۆرانی لەبارەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق بڵێت، ئەویش گۆرانی گوتووە و بەهۆیەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و دەڵێت، نەیزانیوە بە یاسا قەدەخکراوە، هەروەها ئەو خۆی بە لایەنگری بەعس نازانێت و دوو خاڵی لەسەردەمی بەعسدا لەسێدارە دراون. نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو، هەڤپەیڤینێکی کورتی لەگەڵدا ئەنجامداوە.