ژووری بازرگانیی کلدانی - ئەمریکی: هەرێمی کوردستان باشترین شوێنە بۆ وەبەرهێنان

09-05-2023
دیار کوردە @diyarkurda
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ مارتن مەننا، سەرۆکی ژووری بازرگانیی کلدانی - ئەمریکی
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ مارتن مەننا، سەرۆکی ژووری بازرگانیی کلدانی - ئەمریکی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی ژووری بازرگانیی کلدانی - ئەمریکی رایگەیاند، ژمارەیەک پرۆژەیان هەیە لە هەرێمی کوردستان و لە ئێستاشەوە چەند پڕۆژەیەکیان دەستپێکردووە بۆ پشتیوانیکردن لە بازرگانیی بچووک و پەرەپێدانی بەرهەمی گوندەکان؛ ئێستاش بەرهەمە نێوخۆییەکانی پارێزگای دهۆک دەکڕنەوە و لە ئەمریکا دەیفرۆشن.
 
مارتن مەننا، سەرۆکی ژووری بازرگانیی کلدانی - ئەمریکی، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ دیار کوردە، بەرپرسی نووسینگەی رووداو لە واشنتن ئاشکرای دەکات، بازرگان و وەبەرهێنە کلدانەکان دەیانەوێت لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکانی دەشتی نەینەوا وەبەرهێنان بکەن و جەخت دەکاتەوە، هەرێمی کوردستان "باشترین شوێنە" بۆ وەبەرهێنان.
 
رووداو: سوپاس مارتن بۆ پەسندکردنی بانگهێشتنامەکەمان.
 
مارتن مەننا: سوپاس بۆ میواندارییەکەتان.
 
رووداو: ئێوە، ئەمڕۆ و دوێنێش لێرە چاوتان بە شاندێکی کوردستان کەوت، ئەگەر پێمان بڵێیت، کاتێک ئێوە بیر لە وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و دەشتی نەینەوا دەکەنەوە، دەتانەوێت لەم ناوچەیەدا، وەبەرهێنان لە چیدا بکەن؟
 
مارتن مەننا: بەڵێ، ئەم ناوچانە، ناوچەی باب و باپیرانمانە، گرنگە بۆ ئێمە وەبەرهێنان لە ناوچەیەکدا بکەین کە هێشتا خەڵکێکی زۆرمان لەوێیە، ئەم شوێنەش وا دەردەکەوێت کە باشترین ناوچە بێت لە عێراق، دەمانەوێت پارێزگاری لە شوناس و کولتوور و زمانمان لەو ناوچەیەدا بکەین. ئێمە لێرە لە ئەمریکا، کۆمەڵگەیەکی زۆر دەوڵەمەندمان هەیە، هیچ ناوچەیەکیش باشتر نییە لە هەرێمی کوردستان کە کۆمەڵگەی ئێمە وەبەرهێنانی تێدا بکات.
 
رووداو: ئێوە تائێستا هیچ وەبەرهێنانێکتان لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، یان دەتانەوێت لە داهاتوودا دەستپێبکەن؟
 
مارتن مەننا: چەندین شت هەیە، ئێمە لە تشرینی دووەمی ساڵی رابردووش لەوێ بووین، لەگەڵ شاندێکی کۆنگرێس بووم کە چووینە هەولێر، چەندین کۆبوونەوەمان لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریکا و ئەو سەرکردانەش کرد کە توانیمان بیانبینین، چاومان بە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، وەزیری نێوخۆ و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان و چەندین کەسی دیکەشمان بینی، سەرنجی زیاتری ئێمەش لەسەر ئەوە بوو، تێبگەین چی لە ناوچەکە دەگوزەرێت و بشزانین چۆن لەوێ پارێزگاری لە هێشتنەوەی کۆمەڵگەکەمان بکەین، لەو روانگەیەشەوە چەندین پڕۆژەمان کردووە، زۆربەیان پڕۆژەی مرۆیی بووە، بەڵام ئێستا چاومان زیاتر لەسەر ئەو پڕۆژانەیە کە هاوکاریی کۆمەڵگە و کەرتی بازرگانی دەکات، پرۆگرامێکی هاوکاریی دارایی بچووکمان راگەیاندووە بۆ یارمەتیدانی بازرگانیی بچووک. هەروەها، دەستمان بە پڕۆژەیەکیش کردووە کە لە هەر چەند مانگێکدا گوندێک لەو ناوچانە هەڵدەبژێرین و پەرەی پێدەدەین، ئەمەش لە رێگەی کڕینی ئەو کاڵا و بەرهەمانەی کە لەو گوندە دروستدەکرێن و بەرهەم دەهێندرێن. هاوکات، لە چەند شوێنێکی وەکو کەرەملش و دەشتی نەینەوا، بیری ئاوی نوێ لێدەدەین، هاوکات راستەوخۆ لەگەڵ مەتڕانی ئەلقوش هاوئاهەنگین و پەرە بە ئابووریی ناوچەکە دەدەین. ئێمە وەکو کۆمەڵگەی بازرگانی لە دیترۆیتەوە، پشتیوانی لە چەندین پڕۆژەی دیکە دەکەین.
 
رووداو: ئەوەی زانیومە، ئێوە دەچنە کوردستان بۆ کردنەوەی چەند کارگەیەک و بنیادنانی قوتابخانە و نەخۆشخانە، دەتوانیت لەوبارەیەوە زانیاریی زیاترمان پێبدەیت؟ لەبارەی دروستکردنی کارگە و قوتابخانەکان کە بەنیازن دروستیان بکەن و کاریان لەسەر بکەن؟
 
مارتن مەننا: بە دڵنیاییەوە، ئێمە لێرە لە دیترۆیت کۆمەڵگەیەکی گەورەی کلدانیمان هەیە. هەروەها، کۆمەڵەی کلدانی - ئەمریکی بۆ پسپۆڕانی تەندروستی هەیە، ئەوان دەیانەوێت زیاتر لە کەرتی تەندروستییەوە کار بکەن، هاوکات شاندێکی پزیشکیش هەن کە لە مانگی داهاتوودا دەچنە کوردستان تاوەکو زیاتر سەیری ئەو دەرفەتانە بکەن کە هەیە، هەروەها دەمانەوێت پشتیوانی لە نەخۆشخانە لۆکاڵییەکانیش بکەین، ئێستا قسە لەسەر ئەوەش دەکەین کە کۆلێژێکی پزیشکیی ددان لە ناوچەکە بکەینەوە، هەروەها قسە لەسەر کردنەوەی چەند قوتابخانەیەکی جەزووید – مەسیحی دەکەین، خۆت دەزانیت کە کۆلێژێکی زۆر بەنێوبانگ بەناوی کۆلێژی بەغدا، کە کۆلێژێکی کریستیانییە، هەیە. ئێمە قسەمان لەسەر کردنەوەی کۆلێژی هاوشێوە لە ناوچەکە و هەرێمی کوردستان کردووە. لەڕووی وەبەرهێنانیشەوە، تۆ باست لە کردنەوەی کارگە و شتەکانی دیکە کرد، ئەگەر نموونەیەکت پێبدەم، کۆمەڵگەی کلدانی لە دیترۆیت نزیکەی 11 ملیار دۆلاریان لە ئابووریی ئەو ناوچەیەدا هەیە و لە چەندین پیشەسازیی جیاوازدا کار دەکەن، زۆربەشیان کارسازن و چاویان لە دەرفەتی دیکەیە، ئێمە خاوەنی زۆربەی هۆتێل و چەندین جۆری بازرگانیی دیکەین لە ویلایەتی میشیگن، بۆیەش زۆربەی ئەو بازرگانانە خوازیارن بگەڕێنەوە بۆ ئەو ناوچانەی کە مێژووی لەدایکبوونیان لەوێیە، دەیانەوێت لەڕووی داراییەوە پشتیوانیی بکەن و وەبەرهێنان لەو ناوچەیەدا بکەن.
 
رووداو: رووبەڕووی هیچ بەربەستێک بوونەتەوە کاتێک دەچنە هەرێمی کوردستان و بازرگانییەک دەکەنەوە؟ چونکە ئەوەی لێرە بیستم هەندێک رۆتینیات و شت هەن کە بەربەست دەخەنە بەردەم بازرگانەکان، ئێوە تائێستا رووبەڕووی هیچ بەربەستێک بوونەتەوە؟
 
مارتن مەننا: ئەوەت پێدەڵێم، تەنیا نیگەرانییەک کە هەیە لەبارەی سیستمی بانکییە، ئەگەر نموونەیکیشت پێبدەم، بانکێکی زۆر گەورەی کلدانی لێرەیە، خاوەنی بانکەکەش دەیەوێت بانکێکی نوێ لە کوردستان بکاتەوە، ئەو هێشتاش سەیر دەکات کە یاسا و رێنوێنییەکان و ئاستەنگەکان لە پیشەسازیی بانکیدا لە عێراق چییە. پێی گوتراوە کە دەبێت سەرەتا لە بەغداوە دەستپێبکات، کردنەوەی لقێکی بانکەکەش پارەیەکی زۆری دەوێت بۆئەوەی بکەوێتە سەر کار، ئەمەش رەنگە هەندێک سنوورداریی بۆ دابنێن کە لە کۆتاییدا نەتوانێت بانکەکە بکاتەوە، بەڵام بیرۆکراسی لە هەموو شوێنێک هەیە، هەتا لە ئەمریکاش کاتێک دەست بە بازرگانییەک دەکەیت ئەوە هەیە، بەڵام ئەوەی من پێموایە بۆ ئێمە هاوکار دەبێت ئەوەیە، ئێمە پەیوەندییەکی باشمان لەگەڵ نووسینگەی سەرۆکوەزیران و لەگەڵ ژوورە بازرگانییەکاندا هەیە، هەروەها لەگەڵ دامەزراوەکانی دیکەش لە هەرێمی کوردستان ئەو پەیوەندییە هەیە کە هاوکارمانن بۆ شارەزابوون لە سیستمەکە، بۆیە هێشتا لە سەرەتای پڕۆسەکەداین و ئەگەر ئاستەنگێکیش بێتە پێشەوە، بە سوپاسەوە لەگەڵ ئەوان رووبەڕوو دەبینەوە.
 
رووداو: ئێوە دەتانەوێت وەبەرهێنان یان کارگە و قوتابخانە و کۆمپانیاکانتان تەنیا لەو شوێنانە بکەنەوە کە خەڵکی کلدانی لێی دەژین، یان چاوتان لەسەر هەموو کوردستانە، وەکو سلێمانی، هەولێر و هەروەها دهۆکیش؟
 
مارتن مەننا: وەڵامێکی خێرا بۆ ئەمە، خەڵکی ئێمە لە هەموو ناوچەکانی کوردستاندا دەژین، تەنیا لە چەند ناوچەیەکی دیاریکراودا ناژین، بەڵام ئەگەر سەیری عێراقیش بکەیت، ئەم ناوچەیە زۆر گەشاوەیە، سەلامەتترینە، بە دڵنیاییەوە پەرەپێدانی زۆری بازرگانی هەیە، زیاتر لە هەر شوێنێکی دیکەی وڵاتەکە، دەرفەتی زیاتری هەیە، بۆیەش پێموایە چاوەکان لەسەر هەموو بەشەکانی هەرێمی کوردستانن.
 
رووداو: ئایا گەیشتوونەتە ئەو بڕیارەی کە پارە یان قەبارەی وەبەرهێنانەکەتان لە ناوچەکەدا چەند دەبێت؟
 
مارتن مەننا: ئەمە پرسیارێکی باشە، بەڵام ئەرکی ئێمە کارئاسانییە بۆ بازرگانی، کارئاسانییە بۆ وەبەرهێنان، ئێمەش ئەمەمان کردووەتە بەشێک لە کارەکانمان، کە ساڵانە شاندێک دەنێرین، شاندێکی بازرگانی و خەڵکانێکی زۆر دەوڵەمەند دەنێرین کە خواستی بازرگانیکردنیان هەیە، ئەوان دەتوانن بڕیاری خۆیان بدەن، کاری ئێمە ئەوەیە دەرفەتەکانیان بۆ بڕەخسێنین، دەرفەتەکانیش وەبەرهێنان بەدوای خۆیاندا دەهێنن.
 
رووداو: ئەی ئێوە ئەمەتان لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا، بەتایبەتیش بەرپرسانی ویلایەتی میشیگن، لەگەڵ حاکمی ویلایەت و ئەندامانی کۆنگرێس باسکردووە؟ بۆچوونی ئەوان چییە لەسەر چوونتان بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە تاوەکو وەبەرهێنان بکەن؟
 
مارتن مەننا: ئێمە گفتوگۆمان کردووە و لەسەر هێڵ بووین لەگەڵ حاکمی ویلایەتەکەمان لە میشیگن، هاوکات کار لەسەر بەدەستەخوشککردنی ویلایەتی میشگن و پارێزگای دهۆکیش دەکەین، کاتێک ئەمە دەستیپێکرد، کە هیواخوازین لە کۆتایی ئەمساڵدا رووبدات، بەڕاستی ئەمە دەرفەتی نوێ دێنێتە پێشەوە، بۆ کەرتی گەشتیاری، بازرگانی، بۆ پەرەپێدانی بازرگانی و وەبەرهێنان، چەندین دەرفەتی دیکە، بۆیەش پێمانوایە کە ئەمە هەنگاوێکی زۆر گرنگ دەبێت، چونکە ئێمە لێرە لە ویلایەتی میشگین پێمانوایە نزیکایەتییەکی زۆرمان لەگەڵ پارێزگای دهۆک دا هەیە، نەک بە تەنیا لەبەر ئەوە نا کە خەڵکی ئێمە لەوێ دەژین، بەڵکو دەرفەتێکی مەزنیش بۆ پەرەپێدانی ئابووری هەیە. لایەنێکی دیکەی ئەمە، ئێمە هەمیشە لەگەڵ ئەندامانی کۆنگرێسیش لەسەر هێڵین، ئێمە بەشێک بووین لە شاندی ژووری بازرگانیی ئەمریکا کە چوونە هەولێر، هاوشان لەگەڵ چەندین کۆمپانیا و ناوەندی ئەمریکی چووین، بۆیە ئێمە لە کارکردندا لەگەڵ ئەوان بەردەوام دەبین، دەشمانەوێت هەنگاوەکانی خۆشمان خێراتر بکەین، واتە هاوشان لەگەڵ شاندەکانی ژووری بازرگانیی ئەمریکا و شاندە بازرگانییەکانی دیکە، دەمانەوێت سەرۆکایەتیی شاندی خۆشمان بکەین.
 
رووداو: ئێوە چوونە هەرێمی کوردستان و خەڵکی جیاوازتان بینی، لێرەش لەگەڵیان کۆبوویتەوە، هیچ نیگەرانییەکتان هەیە لە وەبەرهێنان کردن لەو ناوچەیە، لە دەشتی نەینەوا؟ چونکە گرووپ و پێکهاتەی جیاواز لەو ناوچانەدا هەن، ئێمە دەزانین کە هەڕەشەکان لەلایەن داعش و گرووپی جیاوازی دیکەشەوە هەن، چ نیگەرانییەکتان هەیە کاتێک بیر لە وەبەرهێنان لەو ناوچانە دەکەنەوە؟
 
مارتن مەننا: نیگەرانیی ژمارە یەک، بە بۆچوونی من هەمیشە پرسی ئەمنییە، چونکە ئەگەر ئاسایش نەبێت، سەقامگیریش نابێت، خەڵک دەبێت هەست بەوە بکەن کە سەلامەتن و ژینگەیەک هەیە بۆ خێراکردنی گەشەی ئابووری، ئێستاش هیچ ناوچەیەک هێندەی هەرێمی کوردستان سەلامەتتر نییە، ئەمەش هەواڵێکی خۆشە، بەڵام دەبێت بۆ درێژمەوداش بیر بکەینەوە، دەبێت ئێمە بیرکردنەوەکانمان لە دڵەوە بگوازینەوە بۆ مێشک، هێشتا خەڵکی کلدانی لەو ناوچانەدا دەژین، ئایا هێشتا دەیانەوێت بمێننەوە، هیچ هیوایەک و داهاتوویەک لەو ناوچەیە دەبینین، ئەگەر ئێمە وا بکەین هەست بەوە بکەن کە لەوێ سەلامەتن، داهاتوویەک بۆ ئەوان لەو وڵاتەدا هەیە و یەکسانن، دەمێننەوە، پێموایە بەشی دووەمی ئەم پرسە، ئابووری و وەبەرهێنانە، ئەمەش روودەدات ئەگەر دڵنیا بین لەوەی ئەو خەڵکانە لە ناوچەکەدا سەلامەتن.
 
رووداو: ئەگەر باس لە کۆمەڵگەی کلدانی و کریستیانەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش بکەین، پێموایە لەدوای 2002 و 2003 ژمارەیەکی زۆر کریستیان لە عێراق کۆچیان کرد، پێموایە ژمارەیان نزیکەی 1.5 ملیۆن کەس دەبوو، بەڵام ئێستا کەمتر لە 300 هەزار کەسێک ماون، بەشی زۆریان کۆچیان بۆ دەرەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە، هەروەها ئەوانەش کە لە شارە جیاوازەکانی عێراق مابوون روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، لەدوای ئەم وەبەرهێنانە و ئەو ئاسایشەی کە لە هەرێمی کوردستان پارێزراوە، هیچ خواستێک دەبێت کە کلدانییەکان و کۆمەڵگەی کریستیانی بگەڕێنەوە ناوچەکان و شارەکانیان؟
 
مارتن مەننا: ئەوە ئامانجی ئێمەیە، پێتدەڵێم بۆچی، نزیکەی 50 هەزار کلدانی لە ساڵی 2007ـەوە کۆچیان کردووەتە ئێرە، بەڵام ئەمریکا پەنابەری دیکەی نوێ وەرناگرێت، ئەمەش ئاستەنگێکی گەورەیە. ئێمە پێمانوایە باشترین شوێن بۆ خەڵکی ئێمە کە لە شوێنەکانی وەکو تورکیا، ئوردن و لوبنان ئەوەیە بگەڕێنەوە، دەرفەتی باشتر بۆ ئەوان لە هەولێر و عەنکاوە و دهۆک هەیە، باشترە لەو شوێنانەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست کە ئێستا لێی دەژین، ئامانجی ئێمە ئەوەیە بیانگەڕێنینەوە، بگەڕێنەوە شوێنی باب و باپیرانیان، بەشێکی دیکەش ئەوەیە هەوڵدەدەین ناکۆکییەکان کە لە دەشتی نەینەودا هەن چارەسەر بکەین، ناکۆکییەکان لە نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، لەنێوان حەشدی شەعبی و پێشمەرگە، ئەوە ئامانجی ئێمەیە کە کار بکەین بۆ جۆرێک لە چارەسەرکردن، چونکە ئەگەر بتوانین ئەم ناکۆکییانە چارەسەر بکەین، دواجار ئەمە رێگەخۆشکەر دەبێت کە ئەو خەڵکانە بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان.
 
رووداو: من دوێنێ شەو ئەوەم بینی کە ئێوە کاریگەرییەکی زۆرتان لەسەر سیاسییەکان لێرە لە ویلایەتی میشیگن هەیە، رەنگە لە شوێنی دیکەشدا هەتانبێت، ئێوە بۆ خۆبەربژێرکردنیان هاوکاریی دارایتان کردوون؟ تائێستا قسەتان لەگەڵ کردوون کە هاوئاهەنگی لەگەڵ هەردوو حکومەتەکە لە هەولێر و بەغدا بکەن ئەو ناکۆکییانە لە ناوچە جێناکۆکەکان چارەسەر بکەن، تاوەکو خەڵکی ئێوەش وەکو باستکرد لە تورکیا و ئوردن و شوێنەکانی دیکە بگەڕێنەوە ماڵەکانیان؟
 
مارتن مەننا: کۆمەڵگەی کلدانی کاریگەرییەکی زۆریان هەیە نەک بە تەنیا لە ویلایەتی میشیگن، بەڵکو لە سەرتاسەری ئەمریکا، چەند مانگێک بەر لە ئێستا میوانداریی کەیڤن مەکارسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمریکامان لە میشیگن کرد، پەیوەندیمان لەگەڵ هەموو ئیدارەکاندا هەبووە، لەگەڵ وەزارەتی دەرەوە و هەروەها چەندین سیناتۆری ئەمریکیش، پێشتر سەرنجمان زیاتر لەسەر ئەوە بوو کە هاوکاریی هێنانی پەنابەرەکان و کلدانییەکان لێرە بکەن، بەڵام ئێستا سەرنجەکەمان گۆڕاوە، سەرنجمان چووەتە سەر عێراق و کوردستان، چۆن بتوانین ئەو کێشە سەرەکییانە چارەسەر بکەین کە کاریگەرییان لەسەر کۆمەڵگەی ئێمەدا هەیە، ئەوە سەرنجی ئێمەیە، هەنگاوی یەکەممان ئەوە بوو نوێنەرێکمان لەوێ (لە ئەلقوش) هەبێت، بەڵام ئێستا دوو نوێنەرمان هەیە کە کار بۆ ژووری بازرگانیی کلدانی - ئەمریکی و دامەزراوەی کۆمەڵگەی کلدانی دەکەن لە ئەلقوش، ئەوان نوێنەرایەتیی ئێمە دەکەن، کارە بازرگانییەکانمان بۆ دەکەن، هەروەها کار لەسەر لایەنە مرۆییەکەش دەکەن کە لەپاڵ کارە بازرگانییەکە سەرنجمان لەسەریەتی، ئێستا ئێمە کە نوێنەرمان لە ناوچەکەدا هەیە، لێرەش سەرنجمان لەسەر ئەوەیە کە لە سیاسەتی ئەمریکادا چالاکانەتر کار بکەین، ئامانجی ئێمەش زۆر روونە، ئەوەمان لەگەڵ بەرپرسانی عێراق و کوردستانیش باس کردووە، ئێمە دەمانەوێت ئەو ناکۆکیانە چارەسەر ببن، یاداشتی لێکتێگەیشتنمان نووسیووە، باسمان لە کێشە ئەمنییەکان کردووە، بۆیەش لەگەڵ سەرۆکوەزیران لە عێراق و سەرۆکوەزیران لە کوردستانیش کار بۆ چارەسەرکردنیان دەکەین، حکومەتی ئەمریکاش هەنگاوەکانیان زیاتر کردووە، دەزانن پلانی ئێمە چییە، داوای پشتیوانیمان لێکردوون، هەروەها بۆ یەکەمینجاریشە لە چەند ساڵی رابردوودا، ئەمریکا پشتیوانی لە دەستپێشخەرییەکانی ئێمە دەکات، ئەوان هاوڕان کە ناوچەکە بکرێتە ناوچەیەکی ناسەربازی، ئێمە هێزی سەربازیمان لە دەشتی نەینەوا ناوێت، ئێمە دەمانەوێت پۆلیسی خۆجێیی هەبێت، دەمانەوێت ئەو خەڵکە، بازگەی لۆکاڵی خۆیان هەبێت، دەکرێت بەشێک بن لەو هێزەی پۆلیس کە لە ناوچەکەن و سەر بە حکومەتن، ئامانجی ئێمە دروستکردنی یەکێتییەکە کە بتوانێت یارمەتیی ئەو خەڵکە بدات کە هێشتا لەوێ ماونەتەوە، ئەمە پرۆسەیەکی درێژخایەنە، بەڵام دەتوانم پێت بێڵم لە چەند مانگی رابردوودا هەوڵێکی زۆرمان لەسەر ئەمە لەگەڵ حکومەتی ئەمریکا داوە.
 
رووداو: دوایین پرسیارم، کەی ئێمە وەبەرهێنانی ئێوە لەسەر زەوی و بە شێوەیەکی کرداری دەبینین؟
 
مارتن مەننا: پێموایە کاتی دەوێت، کاتێک ئاسایش و سەقامگیریمان هەبوو، ئێمە لە کۆتاییدا لەوە نزیک دەکاتەوە، بۆیەش هەنگاوی داهاتووی ئێمە هێنانی خەڵکە بۆ ئەوێ، تاوەکو لە نزیکەوە دۆخەکە ببینن و بزانن چ دەرفەتێک هەیە، ئێمە لە تشرینی دووەمی رابردوو لەوێ بووین، بینیمان کە خەڵکێکی زیاتر خواستی هەیە وەبەرهێنان بکات. ئێستا ئێمە پشتیوانی لە بەرهەمی گوندەکان دەکەین، یەکێک لە دەستپێشخەرییە گەورەکانیش کە دەستمان پێکردووە، لە شاری دهۆک دەستمان کردووە بە کڕینی ئەو بەرهەمانەی لە دهۆکەوە بەرهەم دەهێندرێن، دێین لێرە دەیانفرۆشینەوە، ئەمە نموونەیەکە، دەزانیت بۆچی ئەمە گرنگە، گرنگە چونکە یارمەتیی خاوەن بازرگانییە بچووکەکان دەدات، خەڵک لە ناوچەکە دەخاتە سەر کار، هاوکات بەگشتیش یارمەتیی کۆمەڵگەکەمان دەدات، هەواڵە خۆشەکەش ئەوەیە، شتەکان دەستیانپێکردووە، بەڵام چۆن دەتوانین قۆناخێکی دیکە ببەینە پێشەوە، ئێمە لە رێگەی ناردنی شاندی دیکە بۆ ناوچەکە و بیرکردنەوە لە وەبەرهێنانی دیکە دەتوانین ئەوە بکەین.
 
رووداو: زۆر سوپاس مارتن.
 
مارتن مەننا: خۆشحاڵبووم، سوپاس بۆ میواندارییەکەتان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە