فوئاد حوسێن بۆ رووداو: بەمزووانە شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ پڕۆژەیاسای نەوت و گاز سەردانی بەغدا دەکات

09-02-2023
دیار کوردە @diyarkurda
هەڤپەیڤین لەگەڵ فوئاد حوسێن، سەرۆکی شاندی عێراق لە ئەمریکا
هەڤپەیڤین لەگەڵ فوئاد حوسێن، سەرۆکی شاندی عێراق لە ئەمریکا
نیشانەکردن فوئاد حوسێن ئەمریکا |عێڕاق
A+ A-
داڕشتنەوە: شەنگە ئەحمەد

رووداو - واشنتن 

شاندێکی عێراق بە سەرۆکایەتیی فوئاد حوسێن لە ئەمریکایە. سەرۆکی شاندە عێراقییەکە لە هەڤپەیڤینێکدا وەڵامی پرسیارەکانی تۆڕی میدیایی رووداو دەداتەوە سەبارەت بە کۆبوونەوەکانیان لە ئەمریکا، لەبارەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراقیش دەڵێ "بەمزووانە شاندێکی هەرێمی کوردستان بۆ پڕۆژەیاسای نەوت و گاز سەردانی بەغدا دەکات".
 
وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ بەرپرسانی ئەمریکا ژمارەیەک کۆبوونەوەی گرنگیان دەبێت و دەشڵێت ئەمریکییەکان دەیانەوێت بزانن ئەو دۆلارەی بۆ عێراقی دەنێرن، هەر لە عێراق بەکاردەهێندرێت یان دەبرێتە ئەو ناوچانەی ئەوان کێشەیان لەگەڵدا هەن.
 
شاندەکەی عێراق لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکان. پێش کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەمریکییەکان، د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە هەڤپەیڤینێکی کورتدا لەگەڵ دیار کوردە، بەڕێوەبەری نووسینگەی رووداو لە واشتن، باسی ئەجێندای سەردانەکەیانی کرد و رایگەیاند: "ئێستا لە ئەمریکاین بۆ چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی لە ماوەی رابردوودا دروست بوون".
 
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان، فوئاد حوسێن گوتی، پەیوەندییەکان بەرەو باشی دەچن، بەمزووانە شاندێکی هەرێمی کوردستان بەمەبەستی ئامادەکردنی پرۆژەیاسای نەوت و گاز لەگەڵ عێراق، سەردانی بەغدا دەکات.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکەی رووداو لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق:
 
رووداو: ئێوە چی وەڵامێکتان بۆ داواکارییەکانی ئەمریکا پێییە بۆ ئەو رێکارانەی گرتوویانەتەبەر و ئەو نیگەرانیانەی، هەیانە سەبارەت بە پرسی دۆلار؟
 
فوئاد حوسێن: ئەم بابەتانە کێشەی ئەمریکا و عێراقیشە، عێراق بەدواداچوونی بۆ پرسی دۆلار کرد و کۆمەڵێک رێکاری گرتووەتەبەر. دەستمانکرد بە جێبەجێکردنی ئەو رێکارانە، کە رێکاری ناوخۆن. ئەو رێکارانەی پەیوەندییان بە ئەمریکاوە  هەیە، ئێمە  لێرەین بۆ  رێککەوتن لەگەڵ لایەنی ئەمریکی، لە کۆتاییدا دۆلار دراوی خۆیانە و ئەوان دەینێرن بۆ ئێمە. ئەوان سیاسەتی خۆیان هەیە، سیاسەتەکەیان پەیوەندی بەو کێشانەوە هەیە کە لە دەوروبەری عێراق هەن. ئەوان دەیانەوێ بزانن دۆلار دەچێتە بازاڕی عێراق یاخود شوێنی دیکە، لەو چوارچێوەیەدا ئێمە ئەو باسانەیان لەگەڵ دەکەین.
 
رووداو: ئێوە داوای کاتتان لە ئەمریکا کردووە بۆ ئەوەی رێکارەکان جێبەجێ بکەن، ئەگەر ئەمریکا کات بە ئێوە بدات ئێوە دەتوانن لە ماوەیەکی کورتدا ئەو نیگەرانییانەی هەیەتی سەبارەت بە سپیکردنەوەی پارە یاخود بردنە دەرەوەی پارە، جێبەجێیان بکەن؟
 
فوئاد حوسێن: بە هاوکاریی هەردوولا کۆمەڵێک رێکار گیرانەبەر، هەم بانکی ناوەندیی عێراق و هەم بانکی فیدراڵیی ئەمریکا. هەنگاوەکانی داهاتوو پێکەوە دیراسەت دەکەین، هەر هەنگاوێک کە لە بەرژەوەندیی دراو و ئابووریی عێراقدا بێت، کاریگەری لەسەر سیاسەتی دارایی ئەمریکا نەبێت، جێبەجێی دەکەین.
 
رووداو: لەگەڵ وەزیری گەنجینە کۆدەبنەوە. لەوێ داواکاریی عێراق چی دەبێت؟
 
فوئاد حوسێن: بە دڵنیاییەوە هەموو بابەتەکان باس دەکەین، بەڵام بابەتەکان هەستیارن و هەموویان بۆ راگەیاندن نابن، ئێستا هەر شتێک بگوترێت کاریگەری لەسەر نرخی دۆلار و دینار دروست دەکات، بۆیە پێمباشە دوای کۆبوونەوەکە هەرشتێک کە پێویست بکات باس بکرێت، باس بکەین.
 
رووداو: سەبارەت بە کۆمپانیا رووسییەکان لە عێراق، ئێوە پێتانوایە ئەمریکا لێخۆشبوونێک بۆ عێراق دەربکات بۆ پەیوەندییە بازرگانییەکان لەگەڵ رووسیا؟
 
فوئاد حوسێن: بابەتی سزای ئەمریکا بەرامبەر رووسیا، ئەوە سیاسەتی خۆیانە، ئێمە کێشەیەکمان هەیە، چەند کۆمپانیایەکی رووسی لە عێراق کاریان کردووە، هەندێکیان کارەکانیان تەواو بووە، یاخود کاڵایان بە عێراق فرۆشتووە، بەرامبەر ئەوە، ئێمە پێویست بووە پارەیان پێبدەین، کێشەکە بۆ ئێمە ئەوەیە ئێستا کە کاڵامان کڕیوە پارەمان نەداوە بەهۆی سزاکانی ئەمریکا بۆ سەر رووسیا، ئێمە دەبێت پارەیان پێبدەین.
 
رووداو: ئێستا کێشەکە تەنیا ئێران نییە، رووسیاشە؟
 
فوئاد حوسێن: ئەم بابەتە دەربارەی رووسیایە.
 
رووداو: ئێوە دەتانەوێت تەنیا قەرزەکانی رابردوو بە رووسیا بدەنەوە یاخود لە داهاتووشدا مامەڵەی بازرگانی لەگەڵ رووسیا بەردەوام بێت؟
 
فوئاد حوسین: باسی رابردوو دەکەین نەک داهاتوو.
 
رووداو: بەشێک لە کۆمپانیاکان نیگەرانن و کۆبوونەوەیەکتان لەگەڵ کۆمپانیاکان هەیە بەتایبەت کۆمپانیا نەوتییەکان، ئەوان دەڵێن حکومەتی عێراق بەهۆی ئەو بڕیارەی دادگای فیدراڵی کێشەی بۆ ئێمە دروست کردووە، ناتوانین بچین لە هەرێمی کوردستان کار بکەین، لە کاتێکدا ئەو کارەی ئێمە کردوومانە پێچەوانەی دەستوور نییە، ئەگەر بەرپرسێکی ئەمریکی ئەو پرسیارەت لێبکات، وەڵامتان چی دەبێت؟
 
فوئاد حوسێن: هەروەختێک پرسیاریان کرد وەڵامیان دەدەمەوە.
 
رووداو: ئێوە ئامادەن لەگەڵ هەرێمی کوردستان رێکبکەون؟
 
فوئاد حوسین: ئێمە رۆژانە لەگەڵ هەرێمی کوردستان لە پەیوەندیداین و باسی گرفتەکان دەکەین. دوور نییە لە ماوەیەکی زۆر نزیکدا شاندێکی هەرێمی کوردستان بچێتە بەغدا بۆ باسکردنی پڕۆژەیاسای نەوت لەگەڵ بەرپرسانی نەوتی عێراق و پێکەوە پرۆژەیەک پێشکەشی پەرلەمانی عێراق بکەین.
 
رووداو: بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لە بارەی دۆسیەی نەوت و گاز، چ کێشەیەکی بۆ حکومەتی عێراق دروستکردووە؟
 
 فوئاد حوسێن: من، باسی بڕیاری دادگای فدراڵی ناکەم، بەڵام باسی پەیوەندیی هەرێم و بەغدا دەکەم، کە بەرەو باشی دەچێت و ئەو گرفتانە چارەسەر دەبن.
 
رووداو: پەیوەندییەکانی ئەم حکومەتەی ئێستای عێراق لەگەڵ ئەمریکا وەکو حکومەتی پێشوو بەهێز نین، نیگەرانییەکانی ئەمریکا سەبارەت بەو گرووپانەی هەن، چین؟
 
فوئاد حوسێن: من لە حکومەتی پێشوو بەرپرسی ئەو ئیدارەیە بووم، ئێستاش ئیدارەی هەمان پرس دەکەم.
 
رووداو: ئەمریکا نیگەرانی چی دیکەیە لە عێراق؟
 
فوئاد حوسێن: من، ئەوەتا لێرەم بۆ ئەوەی هەر نیگەرانییەک هەبێت، باسی بکەین.
 
رووداو: داواکاریی ئەمریکا لە عێراق چییە؟
 
فوئاد حوسێن: باوەڕناکەم داواکارییان هەبێ، گفتوگۆ دەکرێت، چۆن مامەڵە بکەین لەگەڵ ئەو شتە، چۆن چارەسەری ئەو کێشەیە بکەین.
 
رووداو: بڕیارە سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی ئەمریکا بکات؟
 
فوئاد حوسێن: نەخێر.
 
رووداو: ئەی لە داهاتوو؟
 
فوئاد حوسێن: نازانم، بەڵام ئێستا لەم کاتەدا هیچ بەرنامەیەک نییە.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەلیم سالم، هونەرمەندی عێراقی

سەلیم سالم: هەولێر سەقامگیرە و مرۆڤ تێیدا ئازادە

بەشێک لە هونەرمەندانی عێراق ئێستا لە هەولێر نیشتەجێن، جگە لە گێڕانی ئاهەنگ، کارە هونەرییەکانیشیان لێرە ئەنجام دەدەن. سەلیم سالم، هونەرمەندێکی گەنجی عێراقییە و بەم دواییە گۆرانییەکی نوێی بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەتایبەتیش لە نێو کورددا. ئەو دەڵێت، هەولێر ئارامە و مرۆڤ تێیدا ئازادە، لە هەولێر هەستی نەکردووە لە وڵاتێکی عەرەبییە. ئەو گۆرانیبێژە لە 2023 لە ئاهەنگێکی تایبەتەدا لە دەرەوەی عێراق داوای لێکراوە گۆرانی لەبارەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق بڵێت، ئەویش گۆرانی گوتووە و بەهۆیەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و دەڵێت، نەیزانیوە بە یاسا قەدەخکراوە، هەروەها ئەو خۆی بە لایەنگری بەعس نازانێت و دوو خاڵی لەسەردەمی بەعسدا لەسێدارە دراون. نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو، هەڤپەیڤینێکی کورتی لەگەڵدا ئەنجامداوە.