بیرمەندێکی عێراقی: تاوەکو پرسی کورد و فەڵەستین چارەسەر نەکرێت ناوچەکە سەقامگیر نابێت


رووداو دیجیتاڵ

بیرمەندێکی دیاری عێراقی-عەرەبی دەڵێت، دوو پرس لەم ناوچەیەدا پێویستیان بە چارەسەرە تاوەکو ناوچەکە سەقامگیر بێت ئەوانیش پرسی کورد و پرسی فەڵەستینن. باس لەوەش دەکات کە ئیسرائیل نایەوێت جەنگ کۆتایی بێت و هەوڵ دەدات جەنگ لە باشووری لوبنانەوە بەرەو باکووری ئەو وڵاتە بگوازێتەوە و هاوشێوەی غەززەی لێبکات.
 
عەبدولحوسێن شەعبان، بیرمەندی دیاری عێراقی-عەرەبی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا گوتی: ئێستا دۆخی لوبنان لەوپەڕی خراپیدایە و نزیکەی پێنج ملیۆن مرۆڤ لەبەردەم مەترسیدان، ژیان لە بەشێکی بووەتە مەحاڵ و یەک ملیۆن کەس ئاوارە بوون. گوتیشی: ئیسرائیل نایەوێت جەنگ تەواو بێت و دەیەوێت لوبنان لە باشوورەوە تاوەکو باکوور لە جەنگەوە بگلێت و وەکو غەززە بە تەواوی وێران ببێت کە ئێستا غەززە 85٪ی خاپووربووە و ژیانی تێدا نەماوە.
 
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، ئەو بیرمەندە عێراقییە باس لە دۆخی ناوچەکە دەکات و پێیوایە بەبێ چارەسەری پرسی کورد و پرسی فەڵەستین دۆخی ناوچەکە سەقامگیر نابێت، هاوکات باس لە کاریگەریی نەبوونی باڵانسی هێز دەکات لە جیهان و نموونە بەوە دەهێنێتەوە ئەگەر یەکێتیی سۆڤێت بمایە دۆخەکە بەمجۆرەی ئێستا نەدەبوو.
 
دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو لەگەڵ بعەبدولحوسێن شەعبان:
 
رووداو: تۆ لە بەیرووتەوە هاتوویت لە لوبنان، گرنگیپێدانی جیهان ئێستا لە راستیدا لە غەززەوە گوازراوەتەوە بۆ لوبنان، دۆخی ئێستای بەیرووت چۆنە لەڕووی ژیانەوە؟
 
عەبدولحوسێن شەعبان: دوای ئەو جەنگە وێرانکارییەی رووبەڕووی غەززە بووەوە لەماوەی ساڵێکدا، جەنگە وێرانکەرەکە گوازرایەوە بۆ لوبنان بۆ بەرفراوانکردنی بازنەی جەنگ، ئامانجی ئیسرائیل و سەرۆکوەزیران نەتەنیاهوو بە دیاریکراوی فراوانکردنی بازنەی جەنگە، تاوکو جەنگ نەوەستێت، هەربۆیە لوبنان ئێستا لە خراپترین دۆخدایە، یەکەم چەند ناوچەیەک بە تەواوی خاپوور کراون لە بەیرووت، زیاتر لە یەک ملیۆن کەس ئاوارە بوون لە ناوخۆ و دەرەوەی لوبنان، ژیان بە تەواوی شێوێندراوە بە هەموو مانایەک، خزمەتگوزاری تەندروستی پەکخراوە.
 
پرۆسەی خوێندن بە تەواوی وەستاوە، سەرەتایترین پێداویستییەکانی ژیان نەماون، کارەبا، ئاو، سووتەمەنی، خۆراک، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم جەنگە کراوەیە، کراوەیە لەزۆر رووەوە بەبێ راوەستان، هاوکات هەوڵ هەیە بۆ راکێشانی بەرەو باکووری لوبنان، واتا لە باشووری لوبنانەوە بۆ باکوور، مەبەستم فەڵەستینە، بە واتایەکی دیکە چوار ملیۆن و نیو مرۆڤ لە لوبنان ئێستا لە مەترسییەکی گەورەدا دەژین، چیتر ناوچە کەناراوەکان بەتەنیا لەژێر هەڕەشەدا نین بەڵکو هێرشە مووشەکییەکان و بەئامانجگرتنە ئیسرائیلییە دوژمنکارانەکان ناوچەکانی دیکەی گرتووەتەوە لە لوبنان و رەنگە بەرفراوان بێت بۆ پانتاییەکی بەرفراوانتر.
 
رووداو: تۆ رووداوەکانی ناوچەکە دەبینیت، چۆن ئاشنابین بەوەی ئێستا روودەدات، ئایا ئێمە لەنێو رووداوگەلێکی لێکچووین لەگەڵ ئەوانەی کە روویاندا ساڵی 1967 لە سەدەی رابردوو 1973، ئایا ئەم جەنگە جەنگی عەرەب – ئیسرائیلە، جەنگی مەزهەبی – ئیسرائیلییە، جەنگی ئیسلام و جووە، ئەم جەنگە چییە؟
 
عەبدولحوسێن شەعبان: کرۆکی دوژمنکاریی یەک شتە، بوونی ئیسرائیل لە ناوچەکە لە ساڵی 1948ەوە بووەتە رووبەرێک بۆ دوژمنکاری، رووبەرێک بۆ پشێوی بەهەمان شێوە و پێگەیەک بۆ بەرفراوانبوون لەسەر حسابی دراوسێیەکانی تەنانەت دوای بڕیاری نەتەوەیەکگرتووەکان 181ی ساڵی 1947 کە بەهۆیەوە ئیسرائیل دروستکرا لە ساڵی 1948، جەنگی 1967 جەنگ بوو لەنێوان دەوڵەتان، بەرەکانی جەنگ کراوە بوون جەنگێکی کلاسیکی بوو پێکدادان و هێرش و بەرگری و بەئامانجگرتن و جیابوونەوەی هێزەکان بوو، جەنگی 1973 بە هەمانشێوە جەنگێک بوو لەنێوان وڵاتان ئەوە جەنگە سەرەکیترین خاڵ بوو بۆ دەستڕێژی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان ساڵی 1982، لەم جەنگەدا ئیسرائیل دەستدێژیی کردەسەر غەززە بە تەواوی، دانیشتووانی ناوچەکەی راگواستووە بەرەو رەفەح بەرەو باشوور، وێرانکارییەکی تەواوی ئەنجامداوە و تاوەکو ئێستا زیاتر لە 150 هەزار کەس شەهید و برینداربوون جگە لەوەی کە ژیان مەحاڵ بووە لە گەورەترین بەش کە 85٪ی هەموو غەززە ژیان بووەتە مەحاڵ، دەیەوێت ئەو ئەزموونە بگوازێتەوە بۆ لوبنان هێرشکردن، لەشکرکێشییەکی دیاریکراو، بەڵام هێرشە موشەکییەکان و بۆردوومانە ئاسمانییەکان لەڕێگەی درۆن و فڕۆکەی جەنگییەوە لەڕێگەی کوشتنی چەند کەسایەتییەک و لەنێویشیاندا بەڕێز حەسەن نەسروڵڵا، کە کەسێکی سیمبوولی بوو بەلای زۆرێک لە بزووتنەوە بەرەنگاریخوازەکانی لوبنان و عەرەبی و تەنانەت بیانییەوە، ئەم بابەتە توندوتیژییەکانی زیاتر کرد کە روویدا و روودەدات لە لوبنان، هەربۆیە ئەم جەنگە دوژمنکارییە بە هەموو مانایەک و بنەما یاساییەکان، هاوکات جەنگێکی وێرانکارە بەپێی پێوەرەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە جەنگی غەززەی بە جەنگی وێرانکاری و کۆمەڵکوژی داناوە، ئێستا بەلای لوبنانییەکانەوە جەنگێکی وێرانکەرە هەربۆیە وڵاتێکی وەکو فەرەنسا داوای راگرتنی ئەو وڵاتانەی کردووە کە چەک دەبەخشن بە ئیسرائیل و داوایکردووە رابوەستن لە فرۆشتن و گواستنەوەی چەک بۆ ئیسرائیل، چونکە ئەو جەنگەی کە لە لوبنان بەرپابووە چەند هەفتەیەکە زۆر نزیکە لەو جەنگە وێرانکارییەی کە لە غەززە هەیە.
 
رووداو: ئێستا تەنیا یەک یازیزان لە گۆڕەپانەکەدا نییە بەڵکو زۆرن، بەڵام بەبۆچوونی تۆ ئەو هۆکارە چییە کە لەپشتی بەردەوامی ناسەقامگیرییەوەیە لە ناوچەکە بە گشتی؟
 
عەبدولحوسێن شەعبان: ناسەقامگیریی ناوچەکە لە ئەمڕۆوە دەستیپێنەکردووە، لە ساڵی 1948ەوە دۆخی ناسەقامگیریی دەستیپێکرد، دەرکردنی فەڵەستییەکان و پەسەندنەکردنی بڕیاری گەڕانەوەیان ژمارە 197ی ساڵی 1948 و 1949، پابەندنەبوونی ئیسرائیل تەنانەت بە مەرجەکانی ئاگربەست کە لەگەڵیدا واژۆکرابوو و هەوڵدان بۆ بەرفراوانکردن و راکێشانی ئاوی خاکی فەڵەستین بۆ ناوچەکانی خۆی، بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکانی داگیرکردن و راوەدونان، بونیادنانی کۆمەڵگە جوولەکەنشینەکان، ئەم رووبەڕە یان ئەم پێگەیە بۆ بەرفراوانکردنی جەنگ و بۆ دوژمنکاریی هێشتا بەردەوامە و بووتە هۆکاری ئەوەی ناوچەکە لە دۆخێکی نائارامدا بژی، بەڵام ئەمە تەنیا نییە ئەم دۆخە پاڵی بە وڵاتانی عەرەبییەوە ناوە ببنە سەربازگە، پاڵی پێوەناون بەرەو خۆپڕچەککردن و راگرتنی گەشەپێدان و پەکخستنی گەشەپێدان، پاڵی پێوەناون بەرەو راگرتنی هەموو چاکسازییەک بە پاساوی ئەوەی دوژمن لە دەرگە دەدات هەربۆیە لەبری پێشکەوتنی شارستانییانە کە پێشتر هەبوون لە میسر و سووریا و عێراق لە ساڵانی سییەکان و چلەکان و پەنجاکان گۆڕا بۆ دۆخی نائاسایی و حکومەتەکان بوونە سەربازیی و دیکتاتۆری لە وڵاتەکانیان و گەشەپێدان پەکخرا.
 
لەپاڵ ئەوەشدا دەمارگیریی گەشەی کرد لەو وڵاتانە لەژێر ناونیشانی جیاوازدا، دەمارگیریی لەنێوخۆی وڵاتانی عەرەبی لە بەرامبەر دەمارگیریی ئیسرائیل، بەشێک لە هێزەکان خۆیان خستە گۆشەی داخراو بە پاساوی بەرگریی لە نیشتمان دژی ئیسرائیل و دژی دوژمنکارییەکانی ئیسرائیل، ئەم دەمارگیرییە کە بۆ پارێزگاریی و خۆسەلماندن بوو سەریکێشا بۆ تاکڕەوی، تاکڕەویش کاتێک لە بیرکردنەوەوە دەگۆڕێت بۆ کردار دەبێتە هۆی تووندوتیژیی، توندوتیژییش ئەگەر بە هەڕەمەکی ئەنجامدرا دەبێتە تیرۆر بەتایبەت ئەگەر لە سنوورەکان پەڕییەوە و متمانەبوونی دەوڵەت بەخۆی دەکاتە ئامانج و متمانەی کۆمەڵگە و هاوڵاتییان بە دەوڵەت لاواز دەکات و کۆمەڵگەی مەدەنیش لاواز دەبێت، هەربۆیە ئەم بابەتانە دەبێتە هۆی بەریەککەوتنی بەرژەوەندییە هەرێمییەکان.
 
ئێرانمان هەیە کە بەهەمان شێوە پڕۆژەی خۆی هەیە، پڕۆژەیەکی نەتەوەیی ئایدۆلۆژی لەشیوەی تائیفی، هاوکات پڕۆژەی تورکیامان هەیە پڕۆژەیەکی عوسمانی ئایدۆلۆژی نەتەوەیی بە ئامانجێکی تائیفی بە هەمانشێوە، ئەم پڕۆژانە هەموویان بەریەک دەکەون لە خاکی عێراق، لە خاکی عەرەبدا بۆ دروستکردنی دۆخێکی ناسەقامگیر، لەپاڵ ئەوەشدا خاڵێکی دیکە هەیە کە زۆر گرینگە، وڵاتانی خۆرئاوا لە مێژە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ دەستبەسەرداگرتنی سامانی ناوچەکە و سەرقاڵکردنی گەلەکانیان بە کێشە و پێکدادانی ناوخۆیی رۆڵیان هەبووە و هەیە لە زیانگەیاندن بە ناوچەکە و دابەشکردن و لەبەریەک هەڵوەشاندنی و گۆڕینیان بۆ ئەمارەتی بچووک بچووک تاوەکو هەموویان ببنە کەمینە و لەنێویشیاندا کەمینەیەکی بەهێزتر هەبێت لەڕووی زانستی و تەکنەلۆژیا و لەلایەن خۆرئاواوە پاڵپشتی دەکرێت و ناوی ئیسرائیلە، کیسینجەر لە ساڵی 1975 گوتی 'پێویستە ئەمارەتێک دروست بکەین لە پشتی هەر کێڵگەیەکی نەوتەوە' کە ئەوە هەمان پڕۆژەی بێرنارد لویس بوو لە ساڵی 1979 کە کۆنگرێس پاڵپشتی لێکرد لە ساڵی 1983 لە دانیشتنێکی نهێنی کە وڵاتانی ئەم ناوچەیە پێویستە دابەشبکرێن بەسەر 41 قەوارەدا هیچ کەسێک خۆی نابوێرێت لە هەنگاوەکانی دابەشکردن نە لەگەڵ ئەوانەی هاوسۆزی خۆرئاوان و نە ئەوانەی بانگەشەی ئەوە دەکەن دژی خۆرئاوان و ئەوانەشی هەوڵ دەدەن کێشە لەگەڵ وڵاتانی خۆرئاوا دروستبکەن بەشێکن لەو دابەشکارییە..
 
رووداو: رۆڵی وڵاتان لەسەر دۆخی ئێستای ناوچەکە چۆن هەڵدەسەنگێنی؟
 
عەبدولحوسێن شەعبان: لە راستیدا ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەمریکا بەگوێرەی لێدوانەکانی، هاوبەشی ئەو کارەیە کە ئیسرائیل لە غەززە کردوویەتی و دەیکات، بە پاساوی بەرگری لەخۆکرن. بەگوێرەی یاسای نێودەوڵەتی و ماددەی 51یش لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمە نە بەسەر ئەوە جێبەجێ دەبێ کە ئیسرائیل دەیکات لە جەنگی لەناوبردن لە دژی گەلی عەرەبی فەڵەستینی لە غەززە و نە دژی گەلی لوبنان و نە کارە بەئامانجکردەکانی دیکەش، ئەمە یەکەم. دووەم، ئەوەی کە هەموو ئەو هۆکار و ئامرازانە بۆ ئیسرائیل دابین دەکات کە یارمەتی دەدات بۆ بەردەوامی دوژمنکارییەکەی. سێیەم، تەنانەت لەڕووی سیاسی و دیپلۆماسیشەوە کاتێک لێدوان دەدەیت و دەتەوێت ئەم جەنگە بوەستێت بە مەرج و بە گەڕاندنەوەی دیل و رفێندراوەکان و ئەوانی دیکە، ئەوا ئەو پشتڕاستی دەکات کاتێک تێڕوانینی ئیسرائیل لەئەستۆ دەگرێت. ئەمریکا بەگوێرەی بەرپرسیاتێتییەکی وەکو دەوڵەتێکی ئەندامی هەمیشەیی لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەبوو بڕیارێکی یەکلاکەرەوە بدات لە رێگەی ئەنجوومەنی ئاسایشەوە، بە دەرکردنی بڕیارێکی یەکلاکەرەوە کە ئەگەر ئیسرائیل جێبەجێی نەکات ئەوا بەندی حەوتەمی لەسەر جێبەجێ دەکرێت، واتە ماددەکانی لە 39وە بۆ 42 لە پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان. بەداخەوە ئەو ئەم هەڵوێستەی نەبووە، لەگەڵیشیدا بەریتانیا و ئەڵمانیا و فەڕەنساش لە سەرەتاوە هەرچەندە لە دوای هێرشی ئیسرائیل بۆسەر لوبنان هەڵوێستی فەڕەنسا گۆڕا. هەروەها وڵاتانی وەکو ئیتاڵیا و وڵاتانی دیکە، بەم واتایە سەرۆکی ئەو وڵاتانە حەجیان کرد بۆ تەلئەڤیڤ، هەر لە بایدنەوە و بۆ ئوستن وەزیری بەرگریی، هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، هەموویان دوای ئۆپەراسیۆنی تۆفانی ئەقسا حەجیان بۆ تەلئەڤیڤ کرد بۆ دەربڕینی هاوسۆزی و پاڵپشتی بۆ ئیسرائیل و هاندانی بۆ ئەوەی کە ئەنجامیدا و ئەنجانی دەدات لە غەززە.
 
بۆیە پێموایە ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی وەکو جاران بووایە، ئەگەر جۆرێک لە باڵانس و هاوسەنگی هەبووایە، ئەگەر وایدابنێین یەکێتیی سۆڤییەتی پێشوو هەبووایە، ئەوەی ئەمڕۆ بەسەر فەلەستینی و عەرەبدا هات رووینەدەدا. عەرەب، هەروەها ژمارەیەک حکومەتی عەرەبی دەیانویست پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیلدا دروست بکەن، بەم واتایە ئەوان دوورکەوتنەوە لە پاڵپشتیکردنی فەڵەستینییەکان بۆ بیرکردنەوە لە دروستکردنی پەیوەندیی دووقوڵی لەگەڵ ئیسرائیل. بابەتە ئێستا پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە، عەرەب هەموویان لەژێر هەڕەشەی بەئامانجکردندان، نەک تەنیا عەرەب، بەڵکو ناوچەکە بە هەمووی بەئامانجکراوە، ئیسرائیل پەل دەهاوێژێت و کەس ناتوانێت جڵەوی بکات بە ئەمریکاشەوە کە باوکی رۆحیەتی لە ناوچەکەدا، نایەوێت ئیسرائیل جڵەو بکرێت و دەیەوێت پڕۆسەی لەناوبردنەکە تەواو بکات و پڕۆژەکەی تەواو بکات لەوەی کە رایگەیاند و سەرەڕای تێپەڕبوونی ئەم ماوەیەش هێشتا ئیسرائیل بەو ئامانجە گەورانەی نەگەیشتووە کە رایگەیاندووە، نە مقاوەمە کۆتایی هات و نە توانی مەرجەکانی بسەپێنێت و نە گەلی عەرەبی فەلەستینی یان گەلی لوبنان خۆیان رادەست کرد، دیلەکانیشی نەگەڕاندەوە کە ئامانجێکی تەواوکاری ئامانجە بنەڕەتییەکانە، نە توانی ژێرخانی ئەم رێکخراوانە هەڵبوەشێنێتەوە کە ناویان دەنێت تیرۆریستی چونکە گەلی فەلەستین گەلێکە بەرگری لە نیشمان و خاک و مافی بڕیاردان لە چارەنووسی دەکات وڵاتانی ئەم ناوچەیە دوو پرسی سەرەکییان هەیە کە تێیدا دەژین، پرسی کورد و پرسی فەلەستین، پرسی کورد دێرین و هەمیشەییە لە وڵاتانی ناوچەکە، ئەگەر دان بە مافی بڕیاڕدان لە چارەنووس نەنرێت، ئەم ناوچەکە بەردەوام گیرۆدەی جەنگ و ململانێ و ناکۆکی و ناسەقامگیری نێوخۆیی دەبێت، هەروەها پرسی فەلەستینیش ئەگەر دان نەنرێت بە مافی بڕیاردان لە چارەنووس و دروستکردنی دەوڵەتی نیشتمانیی فەلەستینی کە ژیانی تێدا بکرێت و پایتەختەکەی قودسی شەریف بێت و گەڕانەوەی پەنابەرە فەڵەستینییەکان، ناکرێ ئەم ناوچەیە جۆرێک لە دۆخی سەقامگیری و ئاشتی و پێشکەوتن و پەرەسەندن بەخۆیەوە ببینێت.
 
رووداو: پێتوایە سیاسەت و دیپلۆماسییەت دەتوانێت کۆتایی بە رووداوەکانی ئەم ناوچەیە بهێنیت؟
 
عەبدولحوسێن شەعبان: تەنانەت ئەم جەنگە بۆ ماوەیەکی دیکەش بەردەوام بێت، بەڵام دەبێت چارەسەرێکی سیاسی هەبێت، هەموو جەنگەکان بە چارەسەری سیاسی کۆتاییان دێت، تێبینی بکە ئەو جەنگەی کە 30 ساڵ لە ئەورووپا بەردەوام بوو، دوای ئەوە پێکەوە گەیشتنە رێککەوتنی وێستڤالیا لە ساڵی 1648، ئەم رێککەوتنە پەیوەندییەکانی لەنێوان ئیمارەت و قەوارە و فیدراڵییە ئەوروپییەکان رێکخستن و بڕیاریدا کە لە ئاشتیدا بژین و هەموویان دان بە سەرەوەری ئەوانی دیکەدا بنێن و مافیان لە پێڕەوکردنی سرووتە ئاینییەکان و رێگریکردن لە ناکۆکییە ئایینییەکان، هەروەها تێپەڕبوونی کاڵاکان بە ئاسانی بەگوێرەی ئەو رێککەوتنانەی روودەدەن بە گوێرەی هەلومەرجە ئابووریی و بازرگانییەکان، پاش وێستڤالیا دەوڵەتی ناسیۆنالیستی لە ئەوروپا دروستبوو لەگەڵ دەرکەوتنی سەرمایەداری لەو ئەوروپایەی کە هەستی گشتیی تێیدا بووە ئەو پێشکەوتنە مێژووییەی کە لەسەر ئاستی جیهانیدا روویدا. دەبێت چارەسەری سیاسی هەبێت، بەڵام چارەسەری سیاسی پێویستی بە هاوسەنگی هێز هەیە، باڵانس ئۆف پاوەر، ئێستا ئەم هاوسەنگییە نییە، فەلەستینییەکان یان لوبنانییەکان یان ئەوانەی بەرهەڵستکاری دەکەن بە تەنیان، لە کاتێکدا ئەمریکا و وڵاتانی گەورە لەگەڵ ئیسرائیلدان، دەبێت ویژانی جیهانیی بجووڵێت، لە راستیشدا جووڵا، مانگرتنی گەورە لە 62 زانکۆی ئەمریکیدا روویدا، هەروەها لە ژمارەیەک لە زانکۆکانی ئەوروپا، ئێستا هەڵسانەوەیەک هەیە یان پێشڤەچوونێک لە هەڵوێستی هەندێک لە جووەکانیش لە ئەوروپا و ئەمریکا لە دژی کارە دوژمنکارەکانی ئیسرائیل، هەروەها بەشێک لە رای گشتیش هەیە لەناو ئیسرائیل ئێستا لە دژی سیاسەتە دوژمنکارانەکەی نەتانیاهوو دەوەستێتەوە، ئەمەش پێویستی بە پاڵپشتی نێودەوڵەتی و عەرەبیش هەیە بەشێوەیەکی سەرەکی، چونکە بۆ یەکەم جارە کە رای گشتی عەرەبی لە ئاستی پێویستدا نەبوو و ئەمەش بابەتێکی جێی خەم و داخە لە کاتێکدا ئەمریکای لاتین یان هەندێک وڵاتی ئەفریقیا و ئاسیا لەگەڵ چەندین شاری ئەوروپی پێشڕەوی ناڕەزایی دەربڕین بوون لە دژی ئەوەی ئیسرائیل لە غەززە کردی و ئەوەی ئێستا لە لوبنان دەیکات.
 
رووداو: بۆچوونێک هەیە لەناو هەندێک لە رۆشنبیرانی عەرەب، تۆ باسی ئەوەت کرد کە مەترسی لەسەر هەموو وڵاتانی عەرەبیدا هەیە، بەڵام گرووپێکیش هەن کە دەڵێن ئەوەی روودەدات جەنگێکە لەنێوان ئێران و باڵەکانی لە ناوچەکەدا لەگەڵ ئیسرائیلدا، بۆیە عەرەب چ پەیوەندییەکی بەمەوە هەیە، سەرکردەکانی عەرەب رەزامەند نەبوون و گڵۆپی سەوزیان هەڵنەکرد بۆ دەستپێکردنی هێرش بۆسەر ئیسرائیل، بۆيە بۆچی عەرەب بەرپرسیارییەتی ئەوە هەڵبگرێت کە لە ناوچەکەدا روودەدات؟
 
عەبدولحوسێن شەعبان: بەشێکی ئەم قسەیە دروستە، بەشێکیشی هەڵەیە، بە بەڵگەی ئەوەی ئیسرائیل پێش هەبوونی شۆڕشی ئیسلامی لە ئێران دوژمنکاری و هێرشی دەستپێکردووە. لە ساڵی 1948 لەسەر حیسابی بڕیاری بەشکردن فراوان بووەوە، لە ساڵی 1952 یاسای ناسنامەی دەرکرد و فەلەستنییەکانی کردە دەرەوە و لە شوێنی ئەوان پەنابەرەکانی دانا کە لە هەموو سووچێکی جیهانەوە هاتبوون تاوەکو ئەوان ببنە هاووڵاتی و خاوەنە رەسەنەکانی زەوییەکان بوونە پەنابەر. لە ساڵی 1967 ئیسرائیل جەنگێکی لە دژی وڵاتانی عەرەبی هەڵگیرساند بە هاوکاری لەگەڵ ئەڵمانیا و فەرەنسا.. ببوورە لە ساڵی 1956 هێرشی ئەنگلۆ فەرەنسی ئیسرائیلی بۆسەر میسر لە پاش بەنیشتمانیکردنی کەناڵی سوێس، لە ساڵی 1967 جەنگی لە دژی وڵاتانی عەرەبی هەڵگیرساند، لە ساڵی 1973 دیسان چووە جەنگەوە، لە ساڵی 1982 لوبنانی داگیرکرد، ئێران لەو کاتەدا باڵی نەبوو بەو واتایەی کە فەرمووت، شوێنکەوتە و لایەنگر و هاندەری نەبوو، یان ئەوانەی هاوبەشین لەگەڵیدا لە وەلائ بۆ هەمان بەها و تێگەیشتن و ئەو مەبدەئانەی بڕوای پێیەتی. 
 
ئەمە لە لایەک، لەلایەکی دیکە فەڵەستین هێشتا داگیرکراوە و گەلی فەڵەستین بە ئیرادەی خۆی نەگەیشتووە لە بڕیاردان لە چارەنووسی، ئەمە هۆکارێکی بابەتییە ئیتر ئێران هەبێت یان نەبێت ئەم هۆکارە وادەکات بەرهەڵستکاری هەبێت، پێشموانییە هیچ گەلێک کە رووبەڕووی داگیرکردن ببێتەوە و رووبەڕووی داگیرکەران نەبێتەوە بە بەرهەڵستکاری. گەلێکی وا گەلێکی کۆیلە دەبێت نەک گەلێکی ئازاد وەکو گەلی عەرەبی فەلەستینی یان وەکو هەموو گەلانی ناوچەکە و گەلی کورد و گەلانی ناوچەکانی دیکە. ئەمە لایەنێک.. لایەنێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە کە ئیسرائیل دوژمنکاری بەردەوام ئەنجام دەدات، ئەو کاتە عێراق نەچووە ململانێ لەگەڵیدا بەڵام ساڵی 1981 بنکە ئەتۆمییەکانی عێراقی بۆدوومان کرد لە کاتێکدا عێراق سەرقاڵی جەنگی عێراق – ئێران بوو بۆ نموونە. چەندین زانای عێراقی و عەرەبی کوشت هەروەها لە وڵاتانی ناوچەکە، ئیسرائیل رۆڵی پۆلیس لە ناوچەکەدا دەبینێت، تیرۆر ئەنجام دەدات بە کوشتن کە رۆژانە دەیکات لە ژێر ناونیشانی بەرگری لەخۆکردن کە هیچ بنەمایەکی لە یاسای نێودەوڵەتیدا نییە، من لێرە لە گۆشەی یاساییشەوە قسە دەکەم. بۆیە ئێران ئەمە بەکاردێنێت بە راگەیاندنی هەڵوێستی بەرامبەر ئیسرائیل و ئیسرائیلیش مافی گەلی فەڵەستین نادات و هێزە دژەکانی ئیسرائیلیش پاساوێک دەبیننەوە لە جووڵاندنی ئەم لایەنە یان پاڵنان بەم لایەنێکی دیکە یان پاڵپشتی ئەو لایەنە یان هاوکاری لایەنێکی دیکە لەکاتێکدا کە خەبات دژی ئیسرائیل دەکات ئەو خەباتەش لە رووی یاساییەوە خەباتێکی رەوایە چونکە خەباتێکە لەپێناو هەبوون، لەپێناو مافی بڕیاردان لە چارەنووس و لەپێناو دروستکردنی ئەو قەوارەیەی کە گەلی عەرەبی فەڵەستینی شایەنییەتی، هاوشێوەی گەلانی دیکە.