رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی تەمەن 20 ساڵی خەڵکی سلێمانی، بە رەوانبێژی و شێوازی گوتاردانی، سەرنجی سیاسییەکانی راکیشاوە. ئەو گەنجە ناوی سان جۆڵا ـیە و جگە لە ئەڵمانی، بە زمانی کوردیش بە هەمان شێواز گوتار دەدات.
سان جۆڵا، ئەمساڵ لە ئەڵمانیا قۆناخی یەکەمی زانکۆ دەخوێنێت. کورد و ئەڵمانییەکان بە رەوانبێژیی، شێوازی ئاخافتن و بیرکردنەوەی سەرسامن، هەندێک دەڵێن 'داهاتوویەکی گەشی هەیە؛ چاوەڕێ دەکرێت ببێتە راوێژکاری ئەڵمانیا.'
سان جۆڵا کار بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ ـی ئاشتیش دەکات.
هیوا جەمال، پێشکێشکاری رووداو، هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ کرد و لەبارەی ژیان و داهاتووی سیاسیی پرسیاری لێکرد. سان جۆڵا داوا لە گەنجان دەکات، خوو بدەنە سیاسەت، هزر و فەلسەفە، داواش دەکات بایەخ بە زانست بدەن.
ئەو گەنجە کوردە، بە نوێنەرایەتیی گەنجانی ئەڵمانیا بەشداریی لە کۆڕبەندی ئابووریی داڤۆس کردووە و لە چەندین چالاکی سیاسی و مەدەنیشدا بەشدار بووە. پێیوایە "گەنجان دەتوانن گۆڕانکاری بکەن، هەموو کەسێک دەبێت دەست بە گۆڕانکاری بکات بۆ ئەوەی سیاسەت بخرێتە خزمەت خەڵک."
لەبارەی داهاتووی سیاسیی خۆی و مانەوەی لەنێوان ئەڵمانیا و کوردستان، سان جۆڵا نایشارێتەوە، زۆر کەس پێی دەڵێن بگەڕێتەوە کوردستان، بەڵام وەک خۆی دەڵێ "پەیوەندیی من لەگەڵ ئەڵمانیا عەقڵانییە، پەیوەندیشم لەگەڵ کوردستان رۆحانییە، بڕیاردان لەنێوان رۆح و عەقڵ سەختە و ئەوە جێدەهێڵم بۆ دوای قۆناخی زانکۆ."
ئەو پێیوایە "سیاسەتکردن لە کوردستان و ئەڵمانیاش سەختە." دەڵێ " لە کوردستان سەختە بتوانی دەرەقەتی ئەو هەموو هۆز و سوپایە بێیت، لە ئەڵمانیاش پرچم زەرد نییە و چاویشم شین نییە، بۆیە لەوێش سەختە."
سان جۆڵا پەیوەندیی لەگەڵ دەیان کەسایەتیی گەورەی ئەڵمانیا هەیە؛ لەوانە ئۆلاف شوڵتز، راوێژکاری ئێستای ئەڵمانیا، فرانس مونتەفێری، سەرۆكی پێشووی حزبی سۆسیال - دیموكراتی ئەڵمانی، پرۆفیسۆر لاوتەباخ، وەزیری تەندروستی، سەرۆكی پەرلەمان و چەندین پرۆفیسۆر و کەسایەتیی ناسراوی دیکە.
سان گەنجان هان دەدات بۆ سیاسەت و گۆڕانکاری، داوا دەکات گەنجان بچنە نێو سیاسەتەوە و ببنە ئەندامی حیزبەکان "دەتوانن لەنێو حیزبەکانیان گۆڕانکاری بکەن و لەو رێگەیەشەوە گۆڕانکاری لە وڵات بکەن و داهاتوو دروست بکەن."
گەنجە رەوانبێژەکە، حەزێکی تایبەتی بۆ خوێندنەوە هەیە و وەک خۆی دەڵێت "لە ئەڵمانیا بە تەنیا دەژیم، ئەوەش وایکردووە بەردەوام حەز بکەم بخوێنمەوە، داوای خواردن ناکەم لە کوردستان، بەڵکو بەردەوام تەلەفۆن بۆ دایک و باپیرم دەکەم و داوای کتێبیان لێدەکەم."
بە بڕوای سان "بۆ پیرەکان بوونی گەنج بێزارکەرە، بەڵام بوونی گەنجان لە سوودی پیرەکانیشە و ئەوان دەتوانن لەگەڵ وزەی گەنجان، زیاتر خزمەت بکەن."
لەبارەی ئامانجی ئەو گەنجە کوردە کوردە و هەوڵەکانی بۆ گەیشتن بە سەرکردایەتیی سیاسی لە ئەڵمانیا، سان دەڵێت "لە سیاسەتدا قورسە بڵێیت ئامانجمە بگەم بەم پلە سیاسییە، چونکە دەبێت لەنێو حیزبەکەت دا پاڵپشتی کۆبکەیتەوە و خەڵکیش دەنگت پێبدات، بەڵام حەزدەکەم لە بەرلینەوە بەشێک بم لە گۆڕانکاری لە ئەڵمانیا، ناوچەکە و جیهان و کوردستان، دەمەوێت لە چوارچێوەی سیاسەت، خزمەت بە خەڵک بکەم."
لەبارەی ئەوەی ئاخۆ سان جۆڵا، لەنێوان کوردستان و ئەڵمانیا بۆ سیاسەت کامەیان هەڵدەبژێرێت؟ لە وەڵامدا گوتی "پەیوەندیم لەگەڵ ئەڵمانیا عەقڵانییە، پەیوەندیشم لەگەڵ کوردستان رۆحییە، هەڵبژاردن لەنێوان عەقڵ و رۆح دا بژاردەیەکی قورسە؛ هەڵیدەگرم بۆ دوای تەواوکردنی زانکۆ."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ