کۆنسووڵی گشتیی ئەڵمانیا بۆ رووداو: پێویستمان بە کۆچبەرە

08-07-2024
شیراز رەئوف
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ کۆنسووڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر.
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ کۆنسووڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەولێر.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کڵاوس شترایشەر، کۆنسووڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەڵمانیا وڵاتێکە پێویستی بە کۆچبەرە" و، روونیکردەوە کە ئەڵمانیا پێویستی بەوەیە کەسانی "بەتوانا و لێهاتوو" بە رێگەی یاسایی کۆچ بکەن بۆ ئەڵمانیا، یاسایەکی تازەی ئاسانکاریکردنیش لەوماوەیەدا دەردەچێت لە ئەڵمانیا.  
 
کۆنسووڵی گشتیی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان کە لە بەرنامەی (رووداوی ئەمڕۆ) دا قسەی کرد، سەبارەت نزیکەی ئەو 30 هەزار هاووڵاتییە عێراقییەی داوای پەنابەری و مانەوەیان لە ئەڵمانیا رەتکراوەتەوە، دەڵێ ئەوانەش یەکسەر بە زۆر نانێردرێنەوە و هەوڵدەدەن بە ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە.
 
شترایشەر لەو بارەیەوە دەڵێت: "بێگومان کاری لەپێشینەی ئێمەش ئەوە نییە بە زۆر بیاننێرینەوە، بەڵکو رێگەی ئێمە هەمیشە ئەوەیە کە دەمانەوێت ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە. بۆیە بەشێوەیەکی سەرەکی کاتێک ئەم کەسانە داواکارییان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە پێدەگات بۆ ئەوەی ئەڵمانیا بەجێبێڵن، هەمیشە دەرفەتی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەیان پێدەدرێت و تەنیا کاتێک ئەگەر پابەند نەبن ئینجا رەنگە بەهێز دیپۆرتیان بکەینەوە یان بیانگەڕێنینەوە".
 
هەروەها ئەوانەی ئارەزوومەندانە و بەزۆر دەنێردرێنەوە یارمەتی دەدەرێن بۆ ئەوەی بتوانن تێکەڵاوی کۆمەڵگەکانیان ببنەوە.  
 
سەبارەت بە کوردانی رۆژئاوای کوردستان کە لە رێگەی کۆنسووڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر کارە یاساییەکانی کۆکردنەوەی خێزان دەکەن بۆ ئەوەی بگەنەوە خێزانەکەیان لە ئەڵمانیا و بەهۆی تووندکردنی رێوشوێنەکانی هاتن بۆ هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانەوە، کۆنسوولی گشتی ئەڵمانیا لە هەولێر دەڵێت: "بە هاوئاهەنگی نزیک لەگەڵ وەزارەتی نێوخۆی هەرێمی کوردستانی عێراق چارەسەرێکمان دۆزییەوە کە وادەکات ئەو کەسانە بتوانن بێنە کۆنسووڵخانە و مامەڵەکانیان بکەن بۆ ئەوەی ئێمە دۆسیەی یەکگرتنەوەی خێزانەکەیان رایی بکەین".
 
رۆژی 20ی ئوکتۆبەر لەلایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە دیاریکراوە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ، ئەوە جێگەی دڵخۆشی ئەڵمانیایە، چونکە دواکەوتنی بۆ ئەوان ناخۆش بووە "بێگومان بۆ ئێمەش کێشە بوو وەکو دۆست و هاوبەشی نزیک کە ببینین ئەم هەڵبژاردنە دوادەخرێت و دوادەخرێت". هەروەها کۆنسووڵی ئەڵمانیا دەڵێت: "بێگومان ئێمە بە بەهێزی هانی هاوبەشە کوردەکانمان دەدەین کە ئەم هەڵبژاردنە نەک تەنیا لەکاتی دەستنیشانکراوی خۆیدا بکرێت، بەڵکو ئەم بەشێوەیەکی ئازاد و دادپەروەر و گشتیش بەڕێوەبچێت".
 
هەڤپەیڤین: نوێنەر فاتیح 
 
رووداو: بەڕێز کڵاوس بەخێربێێت بۆ رووداو، دڵخۆشم کە لێرەی.
 
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: زۆر سوپاس بۆ بانگهێشتکردنم، منیش دڵخۆشم کە لێرەم.
 
رووداو: زۆر سوپاس، دەمەوێت لە پەیوەندی نێوان ئەڵمانیا و هەرێمی کوردستانەوە دەستپێبکەم، ئایا ئەم پەیوەندییە لە شوێنی خۆی وەستاوە یان گۆڕانکاری نوێ هەیە لە پەیوەندییەکەدا؟
 
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: رێگەم بدە بەمە دەستپێبکەم کە بڵێم عێراق بەگشتی هاوبەشێکی گرنگە بۆ ئەڵمانیا، بەڵام لەنێو عێراق دا ئەڵمانیا بێگومان پەیوەندی نزیک و دۆستانەی تایبەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستانی عێراق دا هەیە. بەدڵنیاییەوە ئێمە هەموومان کاردەکەین بۆ زیاتر قووڵکردن و پتەوکردنی ئەم پەیوەندییانە، بۆیە بەڵێ بەردەوام کار لەسەر ئەو ئەرکە گرنگە دەکەین و زۆر گەشبینین کە لە ئاییندەش دا پەیوەندییەکی زۆر نزیک و دۆستانەمان لەگەڵ هاوبەش و دۆستە کوردەکانمان دەبێت.
 
رووداو: چەندین دەرچووی زانکۆ و گەنج لە هەرێمی کوردستانەوە بە رێگەی یاسایی دەچنە ئەڵمانیا بۆ خوێندن و کارکردن، خۆت وەک کۆنسووڵی گشتی، وای دەبینیت کە ژمارەی ئەو دەرچووانەی زانکۆ کە دەچنە ئەڵمانیا بۆ خوێندن و کارکردن زیادیکردووە؟
 
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: ئێستا نا، بێگومان بەردەوام ژمارەیەکی زۆری خەڵک داوای ڤیزا و رێگەپێدان لە ئێمە دەکەن بۆ گەشتکردن و خوێندن لە ئەڵمانیا، بەڵام پێموایە ئەو ژمارەیە زیاد دەکات چونکە ئەڵمانیا لە داهاتوویەکی زۆر نزیک دا یاسایەکی نوێ دەردەکات کە ئامانجی ئاسانکاریکردنە بۆ کۆچکردنی ئەو کەسانەی توانای پیشەیی تایبەتیان هەیە بۆ ئەڵمانیا. بەداخەوە من ئێستا لەو پێگەیەدا نیم کە وردەکاری زیاترت پێبدەم چونکە یاساکە هێشتا لەلایەن هەردوو ئەنجوومەنەوە تێنەپەڕێندراوە، بەڵام لە ماوەیەکی زۆر نزیک دا تێدەپەڕێندرێت، ئینجا هیوادارم و ئەوکاتە بە دڵنیاییەوە دەبینینن ژمارەکان و داواکارییەکان زیاد دەکەن.
 
رووداو: کەواتە لە دوای دەرچوونی ئەو یاسایە، کە تێدەپەڕێت و لەلایەن هەردوو ئەنجوومەنەوە پەسند دەکرێت، ئەوکات خەڵکی لێهاتوو و خاوەن توانا چانسی زیاتریان دەبێت بۆ ئەوەی رێگەیان پێبدرێت بچنە ئەڵمانیا و کار بکەن؟
 
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: بەڵێ، رێک وایە، رێک وایە.. بۆ نموونە پلانەکە وایە کە وادەی مانەوە و گەڕان بە شوێن کاردا لە ئەڵمانیا بۆ یەک ساڵ درێژ دەکرێتەوە، بێگومان پێویستە کەسەکان چەند مەرجێکیان تێدا هەبێت بۆ نموونە دەبێت لێهاتوویی پێویستیان هەبێت و ئاستێکی سەرەتایی توانای زمانیان هەبێت لەگەڵ وردەکاری دیکە، بەڵام پێموایە ئەمە هەنگاوێکی بەرەوپێشچوونی گرنگە کە یەک ساڵت لە ئەڵمانیا هەبێت و بە دوای کارێکی شایستەدا بگەڕێیت و هەروەها بتوانیت لە هەمان کاتدا کار بکەیت و بژێوی خۆت پەیدا بکەیت، لانیکەم بڕێکی دیاریکراو لە داهات پەیدا بکەیت.
 
رووداو: ئینجا بێگومان بۆ زمان تەنانەت لە هەولێریش دەتوانن بچنە پەیمانگەی گۆتە؟
 
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: بەڵێ وایە، ئەوەش وایە. 
 
رووداو: لەبارەی زمانەوە، ئایا ئەو کەسانە زۆرن کە لە هەرێمی کوردستانەوە دەیانەوێت فێری زمانی ئەڵمانی بن؟
 
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: هەن، دوایین ئامارەکانم لەلانییە، بەڵام وایە هێشتا داواکارییەکی زۆر  هەیە و گۆتەش یەکێکە لە گرنگترین دابینکەرانی خولی فێربوونی زمان کە لێرە لە کوردستان و عێراق دا هەمانە. ئێمە زۆر دڵخۆشین کە بنکەی ئەو پەیمانگە مەزنەمان لە هەولێرە و تەنیا بەرپرسی هەرێمی کوردستان نییە بەڵکو بەرپرسی هەموو عێراقە بەگشتی.
 
رووداو: لەبارەی کۆچەوە، پێموایە زۆر لە خەڵکی دەیانەوێت زیاتر بزانن و پرسیاریش زۆرن، بەڵام لە رۆژانی رابردوودا نوێنەری تایبەتی حکومەتی ئەڵمانیا بۆ رێککەوتننامەی کۆچ لە کوردستان بوو و تەنانەت سەردانی شارە جیاوازەکانیشی کرد و لەگەڵ بەرپرسی جیاجیا کۆبووەوە، ئەنجامی سەردانەکە چی بوو؟
 
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: هۆکارەکە وردبوونەوە بوو لە هاوئاهەنگییە دووقۆڵییەکەمان لەبارەی کۆچ. بێگومان نهێنی نییە کە ئێمەش بەشێوەیەکی رێکخراو هاووڵاتی عێراقی دەنێرینەوە کە مافی یاسایی مانەوەیان لە ئەڵمانیا نییە. سەرنجی سەرەکی ئەو ئەوەبوو، وەکو گوتم، وردبێتەوە لە هاوئاهەنگییە دووقۆڵییەکان و من پێموایە گفتوگۆی زۆر باشمان هەبوو لێرە لەگەڵ بەرپرسان و توانیمان زۆر شت روونبکەینەوە. هەروەها ئەو هەستێکی زۆر باشی هەبوو لەبارەی کاری دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان و دامەزراوەکانی وەکو JCC بۆ نموونە –ناوەندی هاوبەشی هاوئاهەنگی قەیرانەکان- و ئەوەی پێی دەگوترێت میکانیزمی رەوانەکردنی نیشتمانی. حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەیی دەربڕیوە کۆچبەران و ئەوانەی ئەگەری کۆچکردنیان هەیە لەبارەی کۆچ ئاگادار و هۆشیار بکاتەوە، هەروەها پاڵپشتی گەڕاوەکان بکات کاتێک دەگەڕێنەوە هەرێمی کوردستانی عێراق.
 
رووداو: نوێنەری تایبەتی حکومەتی ئەڵمانیا چ پەیامێکی پێبوو بۆ بەرپرسانی هەرێمی کوردستان؟
 
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: پەیامی ئەوەی هەبوو کە ئێمە ئارەزوو دەکەین ئەم هاوئاهەنگییە قووڵتر بکەین و ئاڵوگۆڕەکانیشمان فراوانتر بکەین، بەڵام نەک تەنیا لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڵکو لەگەڵ دامەزراوە و دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانیش.
 
رووداو: بۆ رێگەگرتن لە دووبارەبوونەوەی رووداوێکی وەکو ئەوەی ئیتاڵیا لە رۆژانی رابردوودا کە بەلەمێکی کۆچبەران نقوم بوو، یەکێتی ئەورووپا و ئەڵمانیا چی دەکەن؟
 
کۆنسووڵی ئەڵمانیا:  پێموایە ئەم رووداوە زۆر خەمناکە و زۆر بە روونی ئەوەی نیشان دا کە ئەو قاچاخچییانە خەڵک و ئەو کەسانەیان بەلاوە گرنگ نییە کە هەوڵی بە قاچاخبردنیان دەدەن، ئەوان تەنیا گرنگی بە پارەکە دەدەن.
 
رووداو: وەکو پارە و کاڵا دەیانبینن. 
 
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: ئەمە روونیدەکاتەوە کە چەندە گرنگە خەڵک لە مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی ئاگادار بکرێنەوە و ئەمەش شتێکە کە هاوڕێ کوردەکانمان لە رێگەی JCC یەوە دەیکەن بۆ نموونە. ئێمەش لێرەدا بەشدارین و رۆڵمان هەیە و سەنتەری ئەڵمانیمان بۆ کار و کۆچ و تێکەڵکردنەوە بە کۆمەڵگە هەیە کە بە (جی ماک) ناسراوە، کە لێرەیە نەک تەنیا بۆ پاڵپشتیکردنی کۆچبەرە گەڕاوەکان کە لە ئەڵمانیاوە بۆ هەرێمی کوردستان گەڕێندراونەتەوە بەڵکو بۆ ئاگادارکردنەوەش لەبارەی رێگە یاساییەکانی کۆچکردن بۆ ئەڵمانیا.
 
رووداو: ئێستا رێککەوتنێک لەنێوان ئەڵمانیا و عێراق هەیە، 36 هەزار پەناخوازی عێراقی لە ئەڵمانیا هەن کە دادگە لە ئەڵمانیا کەیسەکانیانی رەتکردووەتەوە و دەنێردرێنەوە، کە خەڵکی هەرێمی کوردستانیشی تێدایە، ئەو پرۆسەیە چۆنە؟
 
کۆنسووڵی ئەڵمانیا:  سەرەتا رێگەم بدە ئەوە بڵێم کە ئەڵمانیا وڵاتێکە پێویستی بە کۆچبەرە، ئێمە وەکو ئەڵمانەکان و حکومەتی ئەڵمانیا دەمانەوێت پێشوازی لە بیانییەکان و ئەو کەسانە بکەین کە توانا و لێهاتووییان هەیە و کۆچ دەکەن، بەڵام بێگومان بەشەکەی دیکەی ئەو راستییە ئەوەیە کە ئێمە ناتوانین پێشوازی لە هەموو ئەو کۆچبەرانە بکەین کە دەیانەوێت بێنە ئەڵمانیا، بۆیە بەداخەوە ژمارەیەکیان دەبێت بنێردرێنەوە. پێموایە ئەو ژمارەیە کەمێک دابەزیەوە، ئەگەر من ئاگاداربم ئێستا کەمێک لە 30 هەزار کەمترە، بەڵام تۆ راست دەکەیت، ئەم کەسانە مافی یاسایی مانەوەیان نییە و بێگومانیش کاری لەپێشینەی ئێمە ئەوە نییە بە زۆر بیاننێرینەوە، بەڵکو رێگەی ئێمە هەمیشە ئەوەیە کە دەمانەوێت ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە. بۆیە بەشێوەیەکی سەرەکی کاتێک ئەم کەسانە داواکارییان لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە پێدەگات بۆ ئەوەی ئەڵمانیا بەجێبێڵن، هەمیشە دەرفەتی گەڕانەوەی ئارەزوومەندانەیان پێدەدرێت و تەنیا کاتێک ئەگەر پابەند نەبن ئینجا رەنگە بەهێز دیپۆرتیان بکەینەوە یان بیانگەڕێنینەوە. بەڵام ئامانجەکەمان هەمیشە ئەوەیە ئارەزوومەندانە بگەڕێنەوە و بۆ ئەوەش ئێمە پاکێجێکی گەڕانەوەشیان پێدەدەین کە پاڵپشتییەکی دارایی دیاریکراوە بۆ ئاسانکردنی گەڕانەوەیان، تەنانەت بەو کەسانەشی دەدەین کە ئارەزوومەندانە ناگەڕێنەوە. پێویستە ئەوەش بڵێم کە ئێمە یەکێکین لە وڵاتە دەگمەنەکان کە ئەوە دەکەین و زۆر وڵاتی دیکە تەنیا دەیانێرێتەوە و تەواو، هەر ئەوەندە. 
 
رووداو: کەواتە دەنێردرێنەوە و پاڵپشتی داراییش دەکرێن؟
 
کۆنسووڵی ئەڵمانیا:  بەڵێ بەڵێ، پاکێجێکی دارایی دیاریکراو وەردەگرن و کاتێکیش دەگەڕێنەوە بێگومان ئەگەری ئەوەیان هەیە کە بتوانن پاڵپشتی و راوێژ لە دەسەڵاتە کوردییەکان وەربگرن بۆ نموونە JCC لە چوارچێوەی میکانیزمی رەوانەکردنەوەی نیشتمانی  دا. هەروەها لە رێگەی ئەو دامەزراوانەی کە ئەڵمانیا پاڵپشتی داراییان دەکات هەروەکو پێشتر ئاماژەم بۆ کرد سەنتەرەکانی جی ماک. ئێستا دوو سەنتەرمان هەن، یەکێکیان لە هەولێرە و ئەوەی دیکە لە بەغدا، بەڵام دەمانەوێت ژمارەی ئەو سەنتەرانەش زیاد بکەین لە شوێنی دیکە لەنێو عێراق و هەرێمی کوردستان دا.
 
رووداو: کەواتە ئەڵمانیا لەلایەک پاڵپشتی دارایی ئەو کۆچبەرانە دەکات کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە یان بۆ وڵاتی خۆیان دەنێردرێنەوە، لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش لەگەڵ حکومەت دا کار دەکەن بۆ ئەوەی بە جۆرێک پاڵپشتی کۆچبەرە گەڕاوەکان بکەن تاوەکو تێکەڵی کۆمەڵگەکەی خۆیان ببنەوە؟
 
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: بەڵێ وایە، راستە.
 
رووداو: بێگومان ئەمە دوو لایەنەیە، ئەڵمانیا و ئەو وڵاتەی کۆچبەرەکان وەردەگرێتەوە کە عێراقە، هەروەها هەرێمی کوردستان، هەر بۆیە ئێوە لێرە لەگەڵ بەرپرسان بۆ ئەو پرسە کۆدەبنەوە. ئایا حکومەتی عێراق تاوەکو چ ئاستێک وەڵامدەرەوەی ئەم پلانەیە، هاوئاهەنگی نێوان عێراق و ئەڵمانیا لەسەر ئەم پلانە چۆنە؟
 
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: هەستی من ئەوەیە کە حکومەتی عێراق زۆر هاوکارە و تێدەگەم کە ناوەندی عێراق ناوچەی بەرپرسیارێتی من نییە و ئەمە لای باڵیۆزخانەیە، بەڵام لە سەردانەکەی کۆمیسیاری تایبەتی کۆچەوە تێدەگەم کە گفتوگۆکانی لەگەڵ دەسەڵاتەکان لە بەغداش هاندەر بوون بەو واتایەی ئەوانیش ئاماژەی روونیان ناردووە بۆ زیاتر قووڵکردنەوە و فراوانکردنی ئەم هاوئاهەنگییە.
 
رووداو: باشە، ئێزدییەکانیش لەنێو ئەو ژمارەیەدا هەن، ئێمە باسی 30 یان 36 هەزار دەکەین، کەسانی ئێزدی لەنێو ئەوانەدان لەکاتێکدا دۆسیەی ئەوان بە جۆرێک لە جۆرەکان جیاوازە، ئەوان جینۆسایدکراون و هێشتا ناوچە سەرەکییەکەیان کە شنگالە سەقامگیرنییە، تەنانەت هەموو ئاوارەکانیش ناتوانن بگەڕێنەوە، ئەوان بۆچی دەنێردرێنەوە؟ ئایا هیچ دۆخێکی تایبەتیان لە ئەڵمانیا هەیە؟ لە دادگەکان جیاوازتر مامەڵیان لەگەڵ دەکرێت؟
 
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: لەڕووی یاساییەوە نەخێر، بەڵام بێگومان هەموو دەسەڵاتەکانی ئەڵمانیا و هەموو دادگەکان ئاگاداری چارەنووسی تایبەتی ئێزدییەکانن، بەڵام وەکو گوتم، لە بنەڕەتدا گەڕاندنەوەی هەموو بیانییەک ئەگەر ئارەزوومەندانە بێت یان بەزۆر، هەموو کەیسێک بە جیا بڕیاری لێ دەدرێت. هەموو بیانییەک کە رووبەڕووی ناردنەوە دەبێتەوە دەرفەتی یاسایی هەیە بۆ ئەوەی لە دادگە رووبەڕووی بڕیارەکە بوەستێت. ئەو کاتەش دادگە بێگومان زۆر بە وردی تەماشای پەڕاوی ئەو کەسە دەکات. کاتێک دێتە سەر ئێزدییەکان بەدڵنیاییەوە دادگە چارەنووسی تایبەتی ئەوان و ئەو زەحمەتییانەی تێیدا بوون کاتێک لە عێراق ژیاون لەبەرچاو دەگرێت.
 
رووداو:  چەندین کەس لە سووریاوە، بە تایبەت لە ناوچە کوردییەکانەوە کە بە رۆژئاڤا ناسراوە دەهاتنە هەولێر و لە رێگەی کۆنسووڵخانەی ئەڵمانیاوە مامەڵەی کۆکردنەوەی خێزانیان دەکرد.
 
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: بەڵێ.
 
رووداو: بەڵام ئێستا کۆسپ هەیە لەبەردەم گەشتکردن لە رۆژئاڤاوە بۆ هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوان ئاسان نییە بگەنە کۆنسووڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر، چی دەکەن لەگەل حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئاسانکاریکردن بۆ ئەو کەسانە لە رۆژئاڤا، تاوەکو بگەنە کۆنسووڵخانەی ئەڵمانیا لە هەولێر؟
 
کۆنسووڵی ئەڵمانیا:  لێرەدا ناچمە نێو وردەکارییەوە، بەڵام تەنیا دەتوانم جەخت لەوە بکەمەوە کە ئێمە بە هاوئاهەنگی نزیک لەگەڵ وەزارەتی نێوخۆی هەرێمی کوردستانی عێراق چارەسەرێکمان دۆزییەوە کە وادەکات ئەو کەسانە بتوانن بێنە کۆنسووڵخانە و مامەڵەکانیان بکەن بۆ ئەوەی ئێمە دۆسیەی یەکگرتنەوەی خێزانەکەیان رایی بکەین.
 
رووداو: ئایا ژمارەی دۆسیەکان لە رۆژئاڤای کوردستانەوە زۆرن، داواکاری زۆرتان لە رۆژئاڤاوە بۆ دێت؟
 
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: هێشتا هەمانە، وەکو گوتم چونکە ئاگاداری ئەو کێشەیە بووین کە هەمانبوو، هەر زوو پەیوەندیمان بە وەزارەتی ناوخۆوە کرد و پێکەوە میکانیزمێکمان دۆزییەوە کە رێگە بەم کەسانە دەدات لە سنوور بپەڕنەوە و بێنە کۆنسووڵخانە بۆ ئەوەی بتوانین دۆسیەکانیان رایی بکەین.
 
رووداو: بەڕێز کڵاوس، زۆر کەس، گەنجان لە هەرێمی کوردستان و تەنانەت خێزانیش، ئێستا دەتبینن و گوێت لێدەگرن، رەنگە لەنێویاندا کەسانێک هەبن بیەوێت لە رێگەی قاچاخچییەکانەوە کۆچ بکات بۆ ئەڵمانیا، تۆ چییان پێ دەڵێیت؟ پەیامت بۆ ئەو کەسانە چییە کە دەتبینن و رەنگە پلانیان هەبێت کۆچ بکەن بۆ ئەڵمانیا؟
 
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: دەڵێم، پێش هەموو شتێک ئێمە دڵخۆشین لەبارەی هەبوونی ئەو هەموو ژمارەیەی دەیانەوێت بچنە ئەڵمانیا، بەڵام بێگومان پێشنیازم ئەمە دەبێت، زانیاری کۆبکەوە لەبارەی ژیان و ئەگەرەکان لە ئەڵمانیا، قاچاخچییەکان زۆر جار وای نیشاندەدەن کە هەموو شتێک زۆر ئاسانە و پارە لەوگۆڕە کەوتووە لەوێ و پێویست ناکات هیچ بکەیت، بەڵام بەدڵنیاییەوە وانییە، بۆیە زانیاری کۆبکەوە لەبارەی ئەگەرەکان هەروەها لەبارەی ئەو کێشانەی کە رەنگە رووبەڕووت ببنەوە، ئەمە هەنگاوێکە ئاسان نییە، مەبەستم ئەوەیە تۆ خێزانەکەت بەجێدێڵێت بۆیە ئەمە دەبێت بڕیارێک بێت کە بەوریاییەوە بیدەیت. وەکو گوتم، ئێمە کۆچبەرمان دەوێت و پێویستمانە و دەمانەوێت رێگە و شێوەکان بە خەڵک نیشانبدەین بۆ کۆچکردن بەشێوەیەکی یاسایی. بۆیە چەندین شوێن هەن کە دەتوانیت ئەم زانیارییانەیان لێ بەدەستبێنی، بۆ نموونە ئەمە لەسەر ماڵپەڕی کۆنسووڵخانەی گشتیی ئەڵمانیا هەیە هەروەها شوێنی دیکەی وەکو پەیمانگەی گۆتە کە خولی راهێنانی زمانی ئەڵمانی دەکات یان خزمەتگوزاری ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی کە نووسینگەیەکی لێرە هەیە و ئەم جۆرە زانیارییانە دەدات.
 
رووداو: کەواتە تۆ پێیان دەڵێیت رێگەی یاسایی هەیە بۆ کۆچکردن؟
 
کۆنسووڵی ئەڵمانیا:  رێگەی یاسایی هەیە، بێگومان پێویستیشە رێگە یاساییەکان بەکاربێنیت.
 
رووداو: لەبارەی هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان، ئەڵمانیا بەشێکە لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش، ئەو ئەرک و کارانە چین ئێستا هێزەکانی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان دەیکەن.. لە هەمان کاتدا ئەڵمانیا بەشێکە لە پلانی چاکسازی و یەکخستنی پێشمەرگە.
 
کۆنسووڵی ئەڵمانیا:  با کەمێک ئەم دووانە جیابکەمەوە.
 
رووداو:  ئەمە دوو ئەرکی جیاوازن.
 
کۆنسووڵی ئەڵمانیا:هەبوونی هێزەکانی ئەڵمانیا پێش هەموو شتێک لەبەرئەوەیە کە بەشێکن لە ئەرکی دژی داعش، تاوەکو ئەو ئەرک و بڕیارەش بمێنێت ئەوان لێرە دەمێننەوە، لەڕووی سیاسییەوە پێموایە لەنێو ئەڵمانیا و لەنێو پەرلەمانی ئەڵمانیا ئەمە جێی ناکۆکی نییە، بێگومانیش ئێمە زۆر لە نزیکەوە چاودێری گفتوگۆ سیاسییەکان لەنێوان حکومەت لە بەغدا لەگەڵ ئەمریکا دەکەین لەبارەی ئاییندەی مانەوەی هێزە سەربازییە نێودەوڵەتییەکان لە عێراق. بەڵام بەم شێوەیە، تاوەکو بڕیاری ئەرکی دژی داعش هەبێت من زۆر دڵنیام هێزەکانی ئەڵمانیا بەردەوام دەبن لەوەی بەشێک بن لەو ئەرک و بڕیارە، بەڵام لەگەڵ ئەمەدا، لەگەڵ هەبوونیان لێرە بێگومان هێزەکانی ئەڵمانیا بە چەندین پڕۆژەی گەورە پاڵپشتی وەزارەتی پێشمەرگە دەکات لەپێناو پاڵپشتیکردنی ئامانجە سیاسییەکە کە یەکخستنی پێشمەرگەیە لە رێگەی ئەوەی پێیدەگوترێت چاکسازی پێشمەرگە.
 
رووداو: هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان چەندین جار دواخرا، بەڵام ئێستا جۆرێک لە کۆدەنگی و رێککەوتن هەیە هەڵبژاردن لە ٢٠ی ئۆکتۆبەردا بکرێت، وا دەردەکەوێت هەموو لایەنە سیاسییەکان دەچنە هەڵبژاردنەوە، چۆن لەمە دەڕوانیت و هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان تاوەکو چەند بۆ ئەڵمانیا گرنگە؟
 
کۆنسووڵی ئەڵمانیا:  لە دیموکراسی دا هەڵبژاردن گرنگە، بێگومان بۆ ئێمەش کێشە بوو وەکو دۆست و هاوبەشی نزیک کە ببینین ئەم هەڵبژاردنە دوادەخرێت و دوادەخرێت. بۆیە بێگومان ئێمە زۆر دڵخۆشین کە ئێستا وادەیەکی نوێ داندراوە کە وادەردەکەوێت لەلایەن هەموو هێزە سیاسییەکانەوە قبووڵکراوبێت، بێگومان ئێمە بە بەهێزی هانی هاوبەشە کوردەکانمان دەدەین کە ئەم هەڵبژاردنە نەک تەنیا لەکاتی دەستنیشانکراوی خۆیدا بکرێت، بەڵکو ئەم بەشێوەیەکی ئازاد و دادپەروەر و گشتیش بەڕێوەبچێت. 
 
رووداو: بەڕێز کڵاوس زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە من دڵخۆشم لە بەرنامەکەم بووی لە رووداو.
 
کۆنسووڵی ئەڵمانیا: شایەنی نییە، جێی دڵخۆشیم بوو لێرەبم، زۆر سوپاس.
 
رووداو: جێگەی دڵخۆشی ئێمەشە، زۆر سوپاس.  

 

 

 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆبوونەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی نەمسا

وەزیری دەرەوەی نەمسا بۆ رووداو: پێزانینمان هەیە بۆ رۆڵی سیاسیی باڵای نێچیرڤان بارزانی لە عێراق و ناوچەکە

وەزیری دەرەوەی نەمسا کە بە کەسێکی زۆر چالاکی بواری دیپلۆماسی دادەنرێت لەسەر ئاستی ئەورووپا و جیهان دا سەبارەت رۆڵی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "پێزانینمان هەیە بۆ رۆڵی سیاسییانەی باڵای سەرۆک بارزانی و پەیوەندییە کەسییە نزیکەکانی، چ لەگەڵ سەرۆکوەزیران سوودانی و چ لەگەڵ کەسایەتییە سیاسییەکانی عێراق و چ لەگەڵ کەسایەتییەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە بەگشتی."