فرانسیس ریچاردۆنی: دووبارە كێشانەوەی سنوورەكان نامانگەیەنێتە شتێكی باش

08-06-2016
شاهۆ ئەمین
شاهۆ ئەمین
نیشانەکردن فرانسیس ریچاردۆنی
A+ A-

رووداو- سلێمانی

فرانسیس ریچاردۆنی دیپلۆماتكار و باڵیۆزی ئەمریكا بووە لە چەندین وڵات، لەوانەش میسر، فیلیپین، ئەفغانستان و دواتریش لە 2011 بۆ 2014 لە توركیا. هەر بۆیە شارەزای كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. ریچاردۆنی یەكێك بوو لە میوانانی ئاهەنگی دەرچوونی خولێكی نوێی قوتابیانی زانكۆی ئەمریكی لە سلێمانی كە هەفتەی كۆتایی مانگی رابردوو لە شاری سلێمانی بەڕێوەچوو. (تۆڕی میدیایی رووداو) لەوێ ئەم هەڤپەیڤینەی لەگەڵ سازكرد.

رووداو: لەوكاتەی كە تۆ لێرەی، عێراق بەناو ژمارەیەك كێشەدا دەڕوات، ژمارەیەك كەسیش پێیانوایە یەكێتیی عێراق بە كردەوە نەماوە، ئایا پێتوایە عێراق هێشتاش دەتوانێت یەكێتی خۆی بپارێزێت؟

فرانسیس ریچاردۆنی: بەڵێ، بە وشەیەكی سادە بەڵێ، بەڵام ئێوەی عێراقی، جا لە كوردستانی عێراق بن یان بەشەكانی دیكە، دەبێ روونی بكەنەوە مەبەستتان لەوە چییە، دەبێ خۆتان داهاتووتان دەستنیشان بكەن و بونیادی بنێن. وەك گوتت، ماوەی چەندین ساڵ وەك دیپلۆماتكارێكی ئەمریكی لە ناوچەكەدا كارم كردووە. پێویستە بڵێم ئێستا چیدی دیپلۆماتكاری ئەمریكی نیم. هەر قسەیەك بكەم لەبارەی سیاسەتی ئەمریكا، بەناوی ئەمریكاوە قسە ناكەم. بەڵام بۆ چەندین ساڵ لەگەڵ عێراقییەكان كارم كردووە، بەتایبەت كوردی عێراق، هەروەها لەگەڵ كوردی پارچەكانی دیكەش كارم كردووە. پێموایە ئێستا لە ساتەوەختێكی مێژوویی سەرنجڕاكێشداین، سەختە، تەنانەت مەترسیداریشە، چەندین هەڕەشە هەن، بەڵام لەهەمانكاتدا ساتەوەختی هەلی گەورەیە. ئێوە بڕیار دەدەن لەوەی مەبەستتان چییە لە كوردستان و لە عێراق و لە یەكگرتوویی و هاوسەنگیی هێز لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە. كەس ناتوانێ ئەوەتان بۆ بكات، ئێران ناتوانێ ئەوەتان بۆ بكات، توركیا ناتوانێ و ئەمریكاش ناتوانێ.

رووداو: ژمارەیەكی زۆر كێشە لە ناوچەكەدا هەن، باشترین چارەسەر لەم قۆناغەدا بۆ عێراق چییە؟

فرانسیس ریچاردۆنی: بڕوام وانییە دووبارە كێشانەوەی سنوورەكان بمانگەیەنێتە هیچ شوێنێكی باش، هۆكارێكی دیكەی سەرهەڵدانی شەڕ دەبێت. پێموایە پێویستە ئێمە لەدەرەوە و ئێوە لە ناوەوە لەوە بڕوانین بزانین چیمان پێدەكرێت بۆ بنیاتنان و وەبەرهێنان. بۆ من وا دەردەكەوێت بوونی یەكەیەكی سیاسی و ئابووریی گەورەتر لە عێراق، رەنگە رێگەیەكی باشتر بێت بەرەو سەركەوتن، بەرەو بووژانەوە و برەودان بە سەرچاوەكانی ئاو و نەوت و كشتوكاڵ و كارگەكان، هەروەها سەرچاوە مرۆییەكان. بەلای منەوە ئەوە رێگەیەكی رۆشنترە بەرەو سەركەوتن. بەڵام بەپێی ئەمە، ئێوە چەندین بژارەتان لەبەردەمە، پێناسەی بكەن واتای كوردبوون چییە، مەسیحیبوون، موسڵمانبوون، شیعەبوون یان سوننەبوون چییە. چەندین بژارەی ئەرێنیتان لەبەردەمن، پێویستتان بەوە نییە بە چەك شتەكان یەكلایی بكەنەوە. من زۆر رێگە دەبینم بەرەو داهاتوویەكی رۆشن.

رووداو: مەبەستت لە یەكەیەكی سیاسی و ئابووریی گەورەتر لە عێراق چییە؟

فرانسیس ریچاردۆنی: داوا لە ئەمرییكییەك مەكە بڕیارت بۆ بدات، تەنیا خۆتان دەتوانن باشترین بژارە هەڵبژێرن. بژارەكان ئاسان نابن. پێكهاتەی جیاواز هەن كە داهاتووی جیاوازیان دەوێت، بەڵام بۆ من وا دەردەكەوێت زۆربەی خەڵك دەیانەوی شتێك بنیات بنێن نەك لەسەر شتێك شەڕ بكەن. ئەوان بەدوای ئیش و كار و بزنس و ئەو شتانەوەن كە دەیانەوێ بیكەن. نایانەوێ وەك یەكەیەكی بچووك ئەو كارە بكەن، دەیانەوێ لەگەڵ جیهان بیكەن. چۆن تێكەڵی جیهانی دەرەوە دەبن؟ ئایا وەك وڵاتێكی بچووكی قوفڵدراو باشتر دەتوانن لەگەڵ دەرەوە تێكەڵ بن یان وەك وڵاتێكی فرەڕەنگ و گەورە كە بەهێزترە.

رووداو: ئەمە لەسەر وەرەقە دەشێت بكرێت، بەڵام لەڕووی پراكتیكییەوە ئەوە چەندین ساڵە ناكرێت، كێشەی تایفی هەیە، لایەنەكان لە جەنگدان، شیعە و سوننە یەكدی و دەسەڵاتی یەكدی قەبوڵ ناكەن. لەڕووی پراكتیكییەوە باشترین چارەسەر بۆ عێراق و نەتەوەكانی عێراق چییە؟ 

فرانسیس ریچاردۆنی: وەكو عێراق، عێراق دەكرێ وابێت، یان لە رابردوودا دەكرا وای لێهاتبا، ئێستاش دەكرێ وای لێبێت. چەندین كولتووری جیاواز، زمانی جیاواز، باوەڕی ئاینیی جیاواز، جیۆگرافیای جیاواز لەخۆدەگرێ‌. ئەمریكییەكان فرەڕەنگی و جیاوازی وەك مایەی هێز دەبینن نەك لاوازی. دەتوانن لەیەك كاتدا خاوەنی یەكگرتوویی و فرەڕەنگی بن. ئەوە پارادۆكسێكە، بەڵام پێمانوایە ئەگەر بتوانن لەیەك كاتدا خاوەنی هەردووكیان بن لەبری هەڵبژاردنی یەكێكیان، بەهێزتر و دەوڵەمەندتر دەبن.

رووداو: مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند كە دوای سەد ساڵ لە واژۆكردنی رێككەوتننامەی سایكس پیكۆ، سنوورەكان دەبێت بگۆڕدرێن و ئەمریكی و ئەوروپییەكان دەبێ بیر لە سەربەخۆیی كورد بكەنەوە، رای تۆ لەوبارەوە چییە؟

فرانسیس ریچاردۆنی: وەك گوتم تەنیا ئێوە خۆتان دەتوانن بڕیاری لەبارەوە بدەن. من تەواو ئاگادارم، نامەوێ وەك كەسێكی كورتبین و ئایدیاڵیستی دەربكەوم كە چاو لە ئاست كێشە گەورەكان دەنوقێنێ. خەڵكی ئەم هەرێمە خوێنی زۆریان رشتووە و قوربانیی زۆریان داوە، مەبەستم نییە لە بەهای بنیاتنانی شتێكی هاوبەش كەم بكەمەوە. یەكێك لە كێشە گەورەكانتان لەم ناوچەیە ئەوەیە كە من ناوی دەنێم "بە ئەویدی كردن". ناساندنی بەرامبەر وەك بڵێی لە خۆمان نییە، یەكێك لە ڤێرژنەكانی ئەوە ناوی تەكفیرە. كەسانی توندئاژۆ كە دەڵێن: "تەنیا من راستی دەزانم. تەنیا من خوا دەناسم ، من راستم و ئێوە هەڵەن. ئەوەی من دەیكەم راستەو من هیچ تاوانێك ناكەم"، وەك ئەمریكی، پێمانوایە ئەمە مایەی كارەساتە. ئەگەر بە ئەویدی كردن هەڵبژێرن و پێناسەیەكی بەرتەسك بۆ كۆمەڵگاكەتان بكەن، خوا رەحمتان پێبكا و بەختێكی باش. ئێوە هەرچی هەڵبژێرن ئێمە مامەڵەی لەگەڵ دەكەین، بەڵام بەلای ئێمەوە ئەگەر ئێوە بتوانن فرەڕەنگی و جیاوازیی هەڵبژێرن ئەگەری سەركەوتنتان زۆرترە.

من هاوسۆزم لەگەڵ خواستی هەر گەلێك بۆ بڕیاردان لە چارەنووسی خۆی، بۆ ئەوەی وەك ئەوەی هەن دانیان پێدابنرێت. تەنیا خوا دەزانێ كورد، بەتایبەتی كوردی عێراق، چەندە ئازاریان چەشتووە. پێویستە هەموومان هاوسۆزی ئەو هەستەیان بین. بەڵام لەبارەی سەربەخۆیی سیاسی و ماناكەی، ئێوە دەتوانن بڕیاری لێبدەن. ئایا گشتپرسی واتای هەیە؟ پێویستە بە قووڵی بیری لێبكەنەوە، ئەگەر گشتپرسی بكەن چی روودەدات؟ هەمووان دەزانن ئەنجامەكەی چی دەبێت، زۆربەی خەڵك دەڵێن بێگومان دەوڵەتی سەربەخۆمان دەوێت. باشە، ئەی دواتر چی؟ پلانتان چییە و هەنگاوی داهاتووتان چییە بۆ دروستكردنی دەوڵەتێكی سەربەخۆ كە لە گەشەكردن و ئاشتیدا بژی لە نێوخۆ و لەگەڵ دراوسێكانی. رەنگە ئەنجامدانی گشتپرسی یان راگەیاندنی سەربەخۆیی بەبێ بنیاتنانی كوردستان كارێكی هەڵە بێت. رەنگە رێگەیەكی كرداری ئەوەبێت سەرەتا بنیات بنێن، قەیرانی دارایی ئێستا چارەسەر بكەن. بۆ نموونە چارەسەركردنی كێشە سیاسییە ناوخۆییەكانی ئێستا لەڕێی بەهێزكردنی دامەزراوە دیموكراسییەكان. پەیوەندییەكانتان لەگەڵ دراوسێ سەرسەختەكان باش بكەن. كەس ناڵێ شتێكی ئاسانە كەوتبیتە ئەم ناوچەیەوە و ئێران لەلایەك و توركیا لەلایەكی دیكەتەوە بن. ئەو پەیوەندییە ناخۆشانەت لەگەڵ بەغدا هەبن بەدرێژایی چەندین ساڵ. ئەمانە ئاسان نین. ئایا ئەنجامدانی گشتپرسی ئاسانكاری دەكات یان رەوشەكە سەختتر دەكات؟ بۆ من وا دەردەكەوێ كە پێویستە بیری لێبكەنەوە. ئەمریكییەكان ناتوانن وەڵامی ئەمە بدەنەوە. ناشبێ وەڵام بدەنەوە. 

رووداو: بەڵام ئەمریكا یاریكەری سەرەكییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئەمریكا دەتوانێت لەم ئامانجە ستراتیژییەدا هاوكاری و یارمەتی كورد بدات؟

فرانسیس ریچاردۆنی: هاوڕام، هیوا بۆ چەند شتێكیش دەخوازم، سەرەتا دەڵێم ئەمریكا هەمیشە بەشێوەیەكی زیرەكانە دەستێوەردانی نەكردووە. بڕوام وایە ئێمە هەڵەمان كردووە، بەجۆرێك دەستێوەردانمان كردووە كە پشتی بە زانیاری دروست و بیركردنەوەی باش و ستراتیژی نەبەستووە. كەواتە با ئەوە بخەینە لاوە و مشتومڕی لەسەر نەكەین.

رووداو: هەڵەكانی ئەمریكا لە عێراق و كوردستان چی بوون؟

فرانسیس ریچاردۆنی: پێموایە شتێكی دروست بوو كە ئەمریكا پشتگیری لە مافەكانی مرۆڤ و دیموكراسی و ئازادبوونی خەڵك لەژێر ستەم و چەوساندنەوەی سەددام حوسێن كرد، بەڵام دروست نەبوو كە ئەمریكییەكان پێیانوابوو بە چارەسەری لە ئەمریكا دروستكراو دەتوانن بچنە عێراق، یان لەناوبردنی سەددام بەخێرایی و ئۆتۆماتیكی دەبێتە هۆی دروستبوونی عێراقێكی سەقامگیر و گەشەسەندوو. بەڕای من دەبووایە بەر لە جەنگ ئامادەكاری زۆرتر لەگەڵ خەڵكی عێراق بكرێت بەتایبەتی كوردستان. من خۆم لەسەردەمی سەدامدا بەشداریم كرد لە قسەكردن لەگەڵ كورد، كوردی عێراق و عێراقییەكانی دیكەش، قسەم لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی عێراقی كرد. دەزانم كە كاری خۆمان تەواو نەكرد و پلانێكی هێندە تۆكمەمان دانەڕشت بۆ عێراقی دوای سەددام ، نە هێندەش گوێمان لە عێراقییەكان گرت دوای رووخانی سەددام. پێموایە هەڵە بوو كە واماندەزانی ئەمریكا دەتوانێ بە هێزیكی سەربازیی زۆرەوە بچێتە عێراق و رژێمی سەددام تێكبشكێنێ، دواتریش حوكمی عێراق بكەین، یان بەجێیبێڵین. پێویست بوو باشتر بیرمان لەوە كردبایەوە.

رووداو: ئایا كوردستان بۆ ئەمریكا هاوپەیمانێكی ستراتیژییە یان تەنیا تەكتیكییە؟

فرانسیس ریچاردۆنی: پێدەچێت ئەمە جیاكارییەكی ئەكادیمیانەی بوێت، من خۆم حەز دەكەم ئەمریكا لە هەموو ئاستەكاندا هاوكاریی كوردستان بكات، مەبەستم ئەوەیە تەنیا لە نێوان حكومەتەكاندا نەبێت، حەز دەكەم بازرگانی و وەبەرهێنانی دوولایەنەی زیاتریش ببینم، حەز دەكەم هاتوچۆی خەڵكی هەردوو لایەن زیاتر بێت، یەكێك لە هۆكارەكانی هاتنی من پێشاندانی پشتگیریی خۆم بوو بۆ عێراقییەكان و كورد، كە كارێكی زۆر دەكەن بۆ ئەوەی لە رێگەی پەروەردەوە وڵاتەكەیان بنیات بنێن. 

رووداو: پێتانوایە ئەمریكا لە جەنگی دژی داعشدا بەپێی پێویست هاوكاریی كوردی كردبێت؟

فرانسیس ریچاردۆنی: شتێكی زۆر پێویستە كە هەموومان پێكەوە شكست بەو توندوتیژی، دڕەندەیی و تاوانكارییانە بهێنین كە داعش نوێنەرایەتی دەكات. ئەمەش هەم كاتێكی زۆری دەوێت و هەمیش پێویستی بە هاوپەیمانێتیی گەورەی هەموو ئەوانەیە كە بەرژەوەندییان لە شكستی داعشدایە، ئەمە زیاتر لە هەموو كەسێك ئەو خەڵكە دەگرێتەوە كە لێرە دەژین و قوربانیی سەرەكی داعش و دڕەندەییەكانی ئەوانن. 

رووداو: تۆ بۆ ماوەی نزیكەی چوار ساڵ باڵیۆزی ئەمریكا بووی لە توركیا، داهاتووی توركیا چۆن دەبینی، پێتوایە لە توركیا چانسێك بۆ كورد هەیە بۆ ئەوەی بە دەستكەوتێك بگەن؟

فرانسیس ریچاردۆنی: بەڵێ، زۆر زیاتر لە چانسێكیشیان هەیە و ئەمەش حاشاهەڵنەگرە. حەز دەكەم بڵێم پرسیارەكە زیاتر پەیوەندی بە كات و شێوەی چانسەكەوە هەیە. ئەو كاتەی من لەوێ بووم ساتەوەختێكی هیوابەخش بوو بۆ گەیشتن بە چارەسەرێكی سیاسی و بەهێزكردنی دیموكراسیی توركیا و دانی مافی هەموو خەڵكی توركیا، تەنانەت ئەوانەش كە كورد نەبوون بەم شێوەیە باسی پرۆسەكەیان بۆ من دەكرد، ئەمەش هی ساڵی 2013یە، لە هاوینی 2013 لەگەڵ ئەندامانی خێزانەكەم چووین بۆ ئەوێ و بە شاخی ئاراراتدا سەركەوتین، ئەمە بەشێكی بۆ خۆشی خۆمان بوو، بەشێكیشی بۆ هاندانی ئەمریكییەكان بوو بۆ ئەوەی بێن و لە كەرتی گەشتیاریی ئەو بەشە جوانەی جیهاندا بەشداری بكەن، ئێمە چووینە ئامەد، یەكێك لە گەورەترین شارەكانی كورد. من هیوایەكی زۆرم بۆ توركیا هەیە، وەكوو وڵاتێكی كۆماری و هاوپەیمانێكی نێو ناتۆ، وەكو خۆم پێموانییە دابەشكردنی توركیا رووبدات یانیش لەجێی خۆی بێت، نە بۆ توركیا و نە بۆ هاووڵاتییانی ئەم وڵاتە، لەوانەش كوردی توركیا.

رووداو: هەتا ئێستاش هەمان هیوات بۆ توركیا هەیە؟

فرانسیس ریچاردۆنی: من متمانەیەكی تەواوم بە توركیا هەیە، راستە توركیا بە كاتێكی سەخت و ناخۆشدا دەڕوات، هەست بە ئازارێكی قووڵ دەكەم كاتێك بینیم ئەو پرۆسە سیاسییە بەو دەردە چوو، لە كاتێكدا وادیار بوو بەرەو چارەسەر دەچێت و مافەكانی مرۆڤ و دیموكراسی بۆ هەموو خەڵكی توركیا باشتر دەكات. من بینیم ئەو پرۆسەیە چەندە بەرەوپێش چووبوو، دواتریش بینیم هاوینی ساڵی پار لە نێو ئاگردا دەسووتا. ئێستاش دەبینم راپۆرتەكان باسی سەرهەڵدانەوەی پێكدادانی توندوتیژ دەكەن و پێدەچێت پرۆسەی سیاسی گەڕابێتەوە دۆخی پێش چارەسەری.

رووداو: ئەو هەڵانە چی بوون كە توركیایان گێڕایەوە ئەم دۆخەی ئێستا؟ 

فرانسیس ریچاردۆنی: وابزانم رووداوەكە هاوینی پارساڵ لە سروچ تەقییەوە، بەڵام بەدەر لەمە ئەمە شكستی پرۆسەی سیاسی بوو، پێموایە حكومەتی توركیا خۆڕاگرە و توركیا كۆمارێكی بەهێزە و خاوەن یاسایە، هاووڵاتیانی توركیا سەبارەت بە هەستیان بەرامبەر سەركردەی ئێستایان مشتومڕیانە، من وەكوو ئەمریكییەك ناتوانم لەسەر ئەمە تێبینیم هەبێت، بەڵام هیچ گومانێكم نییە كە كۆماری توركیا دەمێنێتەوە، ئەمە فاكتە، لە ناتۆشدا هاوپەیمانی ویلایەتە یەكگرتووەكانە. 

رووداو: باشە پەكەكە دەبێت چی بكات؟

فرانسیس ریچاردۆنی: پەكەكە دەتوانێت دان بەوەدا بنێت لە جیهاندا هاوسۆزییەكی زۆر بۆ كورد بەگشتی هەیە، واتە كورد لە عێراق، كورد لە ئێران، كوردەكانی سووریا و كوردی توركیا. بەڵام بە لایەنی كەم لە ئەمریكا، من هیچ هاووڵاتییەكم نەبینیوە كە هاوسۆزی دەرببڕێت بۆ گرووپێك لەدژی هاوپەیمانێكی ناتۆ دەستی دابێتە چەك، جا ئەمریكییەكە كۆماری بێت یان دیموكرات. چ بەڕێز ترامپ یان خاتوو كلینتن هەڵبژاردنەكان ببەنەوە، من هەست ناكەم ئیدارەی داهاتووی ئەمریكا هاوسۆز بێت لەگەڵ هەر گرووپێك كە لە دژی كۆماری توركیا چەكی هەڵگرتبێ، هەر بۆیە بەڕای من پەكەكە كە لە دژی هاوپەیمانێكی ناتۆ دەستی داوەتە چەك، تەنیا كوشتار و وێرانی بەسەر هەموو لایەنەكانی توركیادا دەهێنێ.

رووداو: بەڵام ئێستا ئەمریكا پشتگیری لە یەكینەكانی پاراستنی گەل (یەپەگە) دەكات، ئەوانیش بە بەشێك لە پەكەكە دەزانرێن، ئەمەش توركیای زۆر دڵگران كردووە؟

فرانسیس ریچاردۆنی: ئەم بەشە لە جیهان زۆر ئاڵۆزە. راستە ئەمە توركیا دڵگران دەكات، بەڵام پەكەكە زیاتر لە دڵگرانیمان پێدەدات. ئێمەش وەكوو توركیا تووڕەین لەوەی كە پەكەكە لە دژی هاوپەیمانێكی ناتۆ دەیكات، بە بۆچوونی ئێمە كاتی ئەوە هاتووە پەكەكە چەك دابنێ و بزانێت كە بەهێزكردنی دیموكراسی لە توركیا و باشتركردنی مافەكانی هەموو لایەك تاكە رێگەی بەرەوپێشچوونە. لە پەیوەندی لەگەڵ سووریا، حەز دەكەین داعش كۆتایی بێت، یەپەگەش گرووپێكی چەكداری بەهێزە لەدژی داعش. ئەوەی هەتا ئێستا كراوە بەس نییە، داعش دەبێ دەربكرێت، ئەمەش بۆ ئاساییكردنەوەی رەوشی سووریا بەس نییە، ئێمە پێمانوانییە سووریا لە ژێر دەسەڵاتی رژێمی ئەسەد بگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی، لەمەدا لەگەڵ حكومەتی توركیا هاوڕاین. ئەمە بارودۆخێكی زۆر ئاڵۆزە. راستە لێكدژییەك هەیە، بەڵام چی بكەین جیهان ئاوهایە. ئێمەش لە رەوشە ئاڵۆزەكاندا لەگەڵ هاوپەیمانانماندا كار دەكەین.

رووداو: باسی سووریات كرد، رات سەبارەت بە داهاتووی كورد لە سووریا چییە؟ پێتوایە لە سووریای نوێدا شتێكیان دەستبكەوێ؟

فرانسیس ریچاردۆنی: وابزانم هیچ كەس و لایەنێك لە سووریا هێندەی كوردی سووریا مكوڕ نەبووە لەسەر ئەوەی بۆ پاراستنی كۆمەڵگەكەی خۆیان لە دژی داعش بجەنگن، بەڵام بە بۆچوونی من ئێستا تەحەداكە ئەوەیە كورد و لایەنەكانی دیكەی ئۆپۆزیسیۆنی سووریا لە دژی رژێمی ئەسەد كۆبكەینەوە. ئەمە كارێكی سەختە، بەڕای من ئەمە هێندەی یان زیاتر لە هەوڵەكانی یەكخستنەوەی ئۆپۆزیسیۆنی سەدام حوسێن سەختە كە من ساڵانێك پێش ئێستا تێیدا بەشدار بووم، نازانم ئەمە چۆن دەكرێت، بەڵام هەر دەبێ بكرێت. ئەمە بە شێوازێك لەو پرسیارە دەچێت كە پێشتر لە بارەی عێراقەوە كردت، واتە ئایا بۆ خەڵكی سووریا وەها باشترە بەسەر كۆمەڵێك پارچەی بچووكدا دابەش ببن، كە هەر كۆمەڵگەیەك چاوی لەسەر ناوچەكەی خۆی و بەرژەوەندییە بەرتەسكە ناوچەییەكانی خۆی بێت، یان بڕیار بدەن لە نێو سنوورەكانی سووریایەكدا بمێننەوە كە بەهێزتر، ئارامتر و گەشەسەندووترە و تێیدا بە كەرامەتەوە بژین، هەڵبەت ئەگەر بتوانن لەگەڵ كۆمەڵگە دراوسێكانی خۆیان لە نێو سنوورەكانی سووریا دۆزێكی هاوبەش بدۆزنەوە. ئەمە بڕیارێكە ئێمە لە دەرەوە ناتوانین بیدەین، بەڵام ئەگەر سوورییەكان خۆیان بڕیار بدەن كە دەیانەوێت وڵاتەكەیان بگەڕێننەوە، ئەوە جیهانی دەرەوەش هەموویان دەیانەوێت ئەمە رووبدات.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە