بورهان کایا تورک: ئەردۆغان بۆ پرسی کورد هەموو جەستەی خۆی خستە ژێر بەردەکەوە

08-05-2023
نوێنەر فاتيح @NwenarFatih
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ بورهان کایا تورک، ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندیی بەڕێوەبردنی پارتی داد و گەشەپێدان و بەربژێری ئەو حیزبە لە شاری وانی باکووری کوردستان بۆ پەرلەمانی تورکیا
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ بورهان کایا تورک، ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندیی بەڕێوەبردنی پارتی داد و گەشەپێدان و بەربژێری ئەو حیزبە لە شاری وانی باکووری کوردستان بۆ پەرلەمانی تورکیا
A+ A-
 
رووداو - وان

بورهان کایا تورک دەڵێت، هەدەپە تەنیا ئامانجی لە خەباتکردن بووەتە ئەوە کە ئەردۆغان لە دەسەڵات نەمێنێت و هەر کەسێکیش دەسەڵات بگرێتە دەست بەلایەوە گرنگ نییە، "لەو پێناوەدا هەدەپە لەگەڵ حیزبێک چووەتە بەرەوە کە دەستیان هەبووە لە کۆمەڵکوژیی کورد."
 
بورهان کایا تورک، ئەندامی ئەنجوومەنی ناوەندیی بەڕێوەبردنی پارتی داد و گەشەپێدان و بەربژێری ئەو حیزبە لە شاری وانی باکووری کوردستان بۆ پەرلەمانی تورکیا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێمە کار دەکەین، ئێمە دەڵێین نەخۆشخانەمان دروستکرد، قوتابخانەمان دروستکرد، لە داهاتووشدا زانکۆ و تێرمیناڵتان بۆ دروستدەکەین، ئێمە ئەو قسانە دەکەین. هەر بۆیە ئێمە بە خەباتکردن سیاسەت دەکەین و ئەوان بە قسەکردن سیاسەت دەکەن، ئەوان دەڵێن با ئەردۆغان بڕوات، چی دەبێت با ببێت."
 
رووداو: بانگەشەی هەڵبژاردن لە تورکیا دەستی پێکردووە، کەشوهەوای هەڵبژاردن چۆنە؟
 
بورهان کایا تورک: هەیەجانی خەڵک زۆر باشە، هەستی ئەوان بۆ ئێمە و بەتایبەت بۆ سەرۆک ئەردۆغان زۆر باشە، من لێرە بە شەو و رۆژ کار دەکەم و رۆژانە سێ بۆ چوار کاژێر پشوو دەدەم.
 
رووداو: کێشەی سەرەکیی خەڵک لە وان چییە؟
 
بورهان کایا تورک: ئەوان داوای خزمەتگوزاری دەکەن و داوای دروستکردنی رێگەی دەوری وان دەکەن و داوا دەکەن فڕۆکەخانەی گەورەیان بۆ دروستبکرێت و هاوکات داوا دەکەن یاریگایەکی وەرزشیی گەورەیان بۆ دروستبکەن و گەراجی پاسەکانیان بۆ بگوازنەوە شوێنێکی دیکە؛ داوای دروستکردنی زانکۆی دیکە و کۆمەڵێک خزمەتگوزاریی هاوشێوە دەکەن. ئێمە خزمەتی گەورەمان کردووە، بۆیەش کە دەچینە نێو خەڵک سەرمان بەرزە.
 
رووداو: لە وان کێبڕکێ لەنێوان دوو لایەنی سەرەکیدا هەیە، ئاکپارتی و هەدەپە، لە هەڵبژاردنی رابردوو هەدەپە دەنگی زۆرینەی بەدەستهێنا، پێشبینی دەکەیت ئەمجارەیان کام لایەنتان دەنگی زۆرینە بەدەستبهێنن؟
 
بورهان کایا تورک: ئێستا دەنگەکان بۆ دوو گرووپی گەورەیە، گرووپێکیان ئاکپارتییە و ئەوی دیکە هەدەپەیە، بەڵام کارکردنی ئێمە وەکو هەدەپە نییە، ئەوان کاریان ئەوەیە درووشم بدەن، بەڵام کاری ئێمە خەباتکردنە.
 
رووداو: چۆن؟
 
بورهان کایا تورک: ئێمە کار دەکەین، ئێمە دەڵێین نەخۆشخانەمان دروستکرد، قوتابخانەمان دروستکرد، لە داهاتووشدا زانکۆ و تێرمیناڵتان بۆ دروستدەکەین، ئێمە ئەو قسانە دەکەین. هەر بۆیە ئێمە بە خەباتکردن سیاسەت دەکەین و ئەوان بە قسەکردن سیاسەت دەکەن، ئەوان دەڵێن با ئەردۆغان بڕوات، چی دەبێت با ببێت، چونکە هەتا ئەمڕۆ ئەوە 40 بۆ 50 ساڵە پەکەکە تەنیا یەک خەباتی کردووە، خەباتەکەشیان ئەوەیە دووژمنایەتی لەگەڵ تورکیا بکەن و تورکیا بخەنە شەڕەوە. من نازانم ئەوان چ سوودێکیان بۆ کورد هەیە، هەدەپەش وەکو ئەوان کە 10 بۆ 12 ساڵە دروستبووە، یەک ئامانجیان هەیە، ئامانجی ئەوان ئەوەیە کە ئەردۆغان بەڕێبکەن، ئەگەر ئەردۆغان سوودی بۆ کوردان هەبێت یان زیان، بۆ ئەوان کێشە نییە، تەنیا ئەردۆغان بڕوات، چونکە رێنوێنییان پێدراوە کە ئەردۆغان بەڕێ بکەن، ئەو رێنوێنییەش لەلایەن کوردەوە نەهاتووە.
 
رووداو: پێتوایە ئەو رێنوێنییەی باسی دەکەیت لە کوێوە هاتووە؟
 
بورهان کایا تورک: پێموایە لە دەرەوەڕا هاتووە.
 
رووداو: چەند رۆژ لەمەوبەر ئەردۆغان لە شاری وان بوو، گوتی ئێمە پرسی کوردمان لە تورکیا چارەسەر کرد، کوا ئەو چارەسەرییەی پرسی کورد؟
 
بورهان کایا تورک: بەرلەوەی ئەردۆغان دەسەڵات بگرێتە دەست، دۆخی نائاسایی هەبوو. ئەردۆغان گوتی نا، دەبێت ئەو دۆخە نەمێنێت، دواتر دەگوترا کورد گوێ لە دەنگێک دەگرن کە زیانیان پێ دەگەیێنێت، گوتی نا ئەوە ئازادییە و کورد گوێ لە هەر دەنگێک دەگرن و بە هەر زمانێک دەدوێن مافی خۆیانە، دواتر گوتی خوێندن و نووسین بە زمانی کوردیش قەدەخە نییە، دواتر زمانی کوردی لە زانکۆکان لەسەر ئاستی ماستەر و دکتۆرا دانرا، کتێبی زۆر لە زانایانی کوردی وەکو فەقێ تەیران و مەلای جزیری و ئەحمەدی خانی بە کوردی چاپ کران و دواتر وەرگێڕدرانە سەر زمانی تورکی و ئینگلیزی و فەرەنسی و دواتر تەرەتە کوردی 24 کاژێر بە پارەی حکومەت بە فەرمی دەستی بە وەشان کرد. بەر لە دەستبەکاربوونی ئەردۆغان ئەگەر کەسێک بە زمانی کوردی گوتبای، "بەخێربێن سەر سەر و سەر چاوم،" پۆلیس راپێچی دەکرد و دەیگوت: ئەوە چیت گوت؟ بۆیە هەموو ئەو بابەتانە لە سەردەمی ئەردۆغاندا چارەسەر بوون.
 
رووداو: چ لایەنێکی سیاسی ئێستا لە تورکیا نوێنەرایەتیی کورد دەکات؟
 
بورهان کایا تورک: کورد نوێنەریان نییە، گرووپ هەن کە خۆیان دەڵێن ئێمە نوێنەرایەتیی کورد دەکەین، ئەوە 12 ساڵە هەدەپە بەبۆنەی کوردەوە خەبات دەکات، من لە خەباتی ئەوان تێناگەم، خەباتێک کە دەڵێت، ئەردۆغان بڕوات، ئینجا چی دەبێت با ببێت. ئەگینا با تاوەکو ئەمڕۆ یەک خزمەتی هەدەپە باس بکرێت کە بۆ وانی کردووە.
 
رووداو: ئەوان دەڵێن ئێمە لە دەسەڵاتدا نین، کە دەسەڵاتیشمان نەبێت چۆن خزمەت بکەین؟
 
بورهان کایا تورک: سەلاحەدین دەمیرتاش ئێستا لە زیندانە، بە شەو و بە رۆژ دەیگوت، ئێمە ناهێڵین تۆ "ئەردۆغان" ببی بە سەرۆک، دوای ئەو جووڵەیەی لە دیاربەکر کردیان و بووە هۆی مردنی 57 کەس، لە زیندان کران، ئێستاش لە زینداندا بە شەو و رۆژ دەنووسێت کە دەبێت ئەردۆغان لاببەن، ئەوان دەڵێن، مەهەپە سەر بە باخچەلییە، ساڵی 2015 ئەوان گوتیان با هاوپەیمانیی جەهەپە و مەهەپە و هەدەپە دروست ببێت و باخچەلی بکەن بە سەرۆکوەزیران، هەدەپە و سەلاحەدین دەمیرتاش قبووڵیان کرد، بەڵام گوتیان، ئێمە ناهێڵین ئەردۆغان ببێت بە سەرۆک، ئەردۆغان بۆ پرسی کورد دەستی خۆی نەخستە ژێر بەردەکە، بەڵکو هەموو جەستەی خۆی خستە ژێری. پێش ئەردۆغان کەس نەیتوانیوە خەونیش بەو بابەتانەوە ببینێت.
 
رووداو: پرۆسەی ئاشتی بۆ گەیشتە ئەو ئاستە؟
 
بورهان کایا تورک: ئەردۆغان لە دیاربەکر گوتی، ئێوە ئەوان دەبینن و لێیان بپرسن کێ رێنوێنیی دایە ئێوە و گوتی ئەو پرۆسەیە رابگرن، پرسی ئەوان ئەوە بوو کورد و ئەردۆغان نەچنە یەک بەرەوە، چونکە ئەوان لەو بابەتە زۆر دەترسان، شوکر بۆ خودا ئەوان هەرچەندی کاریان لەسەر ئەو بابەتە کرد، زۆربەی کورد لە ئەردۆغان و ئێمەش دوور نەکەوتنەوە، ئەمڕۆ نوێنەرایەتیی ئێمە لەنێو تورکیادا لە هەدەپە کەمتر نییە.
 
رووداو: یەسەپە داوای کردووە دەنگدەرەکانیان دەنگ بە کڵچدارئۆغڵو بدەن، روانینی ئێوە لەسەر ئەو داواکارییە چییە؟
 
بورهان کایا تورک: جەهەپە سەرکردایەتیی رێککەوتنی میللەت دەکات، ئەوەی جەهەپە بەسەر کوردی هێنا، هەتا ماوم لەبیری ناکەم، خەڵکی گەلی زیلانی بە چەکی میترالیۆز قڕ کرد و هەمووانی کوشت، 33 کورد بە دەمانچەی ژەنەراڵێک لە دەرەسێ کوژران، لە دەرسیم چوونە سەر کوردان و تاوەکو مابم لەبیری ناکەم، بەڵام ئەمڕۆ هەدەپە دەچێت و لەگەڵ ئەوان کار دەکات، هەربۆیە هەدەپە راستگۆ نییە و کوردیش لێرە لەوە تێدەگەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سەلیم سالم، هونەرمەندی عێراقی

سەلیم سالم: هەولێر سەقامگیرە و مرۆڤ تێیدا ئازادە

بەشێک لە هونەرمەندانی عێراق ئێستا لە هەولێر نیشتەجێن، جگە لە گێڕانی ئاهەنگ، کارە هونەرییەکانیشیان لێرە ئەنجام دەدەن. سەلیم سالم، هونەرمەندێکی گەنجی عێراقییە و بەم دواییە گۆرانییەکی نوێی بە زمانی کوردی و عەرەبی بڵاوکردەوە و دەنگدانەوەی زۆری هەبوو، بەتایبەتیش لە نێو کورددا. ئەو دەڵێت، هەولێر ئارامە و مرۆڤ تێیدا ئازادە، لە هەولێر هەستی نەکردووە لە وڵاتێکی عەرەبییە. ئەو گۆرانیبێژە لە 2023 لە ئاهەنگێکی تایبەتەدا لە دەرەوەی عێراق داوای لێکراوە گۆرانی لەبارەی سەدام حوسێن، سەرۆکی پێشووتری عێراق بڵێت، ئەویش گۆرانی گوتووە و بەهۆیەوەی رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەتەوە و دەڵێت، نەیزانیوە بە یاسا قەدەخکراوە، هەروەها ئەو خۆی بە لایەنگری بەعس نازانێت و دوو خاڵی لەسەردەمی بەعسدا لەسێدارە دراون. نالین حەسەن، پێشکێشکاری رووداو، هەڤپەیڤینێکی کورتی لەگەڵدا ئەنجامداوە.