باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق: جۆرە دانەوێڵەیەک بە عێراق ئاشنادەکەین بەرگەی گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵی بگرێت
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق رایدەگەیێنێت، لە بواری کشتوکاڵ، وشکەساڵی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی هاوکاریی عێراق دەکەن. دەشڵێت، یەکێک لەو کارانەی کە بۆ عێراق دەیکەن ئەوەیە کە لە هەوڵدان جۆرە دانەوێڵەیەک بەو وڵاتە ئاشنابکەن کە بەرگەی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوا بگرێت.
ڤیلا ڤاریۆلا، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداو لە بەغدا لەگەڵی ئەنجامی دا، لەبارەی هاوکارییەکی نوێنەرایەتیی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق بۆ ئەو وڵاتە رایگەیاند، دوو لقی ئەوروپی لە عێراق هەن کە ئەو نوێنەرایەتیی یەكێکیان دەکات. دەشڵێت، "ئێمە وەکو لایەنێکی کۆمەکبەخش کار دەکەین، ئەمەش بەو مانایەی کە هاوکاریی دارایی چالاکییەکان دەکەین، بێگومان ئێمە چەند پڕۆژەیەکی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیمان لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان هەیە."
ئەو باڵیۆزەی یەکێتیی ئەوروپا لەبارەی هاوکارییەکانیان لە بواری کشتوکاڵ و گۆڕانی کەشوهەوا بۆ عێراق باسی لەوەش کرد، یەکێک لەو کارانەی کە ئەنجامی دەدەن ئەوەیە کە "جۆرە دانەوێڵەیەک بە عێراق ئاشنادەکەین کە توانای بەرگەگرتنی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوای هەیە." ئاماژە بەوەش دەکات کە دەیانەوێ لە عێراق کاری زیاتر بکەن و وەبەرهێنانی زیاتر بکەن بەتایبەتی لە وزە نوێبووەکاندا و بە تایبەتتریش لە بواری بەرهەمهێنانی هایدرۆجیندا.
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ڤیلا ڤاریۆلا، باڵیۆزی یەکێتیی ئەوروپا لە عێراق:
رووداو: سوپاس بۆ ئەم دەرفەتەی پێتەبەخشین. دەمەوێت تایبەت بەوە پرسیار بکەم کە ئایا نوێنەرایەتیی ئەوروپا پڕۆژەی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لەگەڵ حکومەتی عێراقی هەیە و چۆنیش هاوکاریی حکومەتی عێراق دەکەن لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیدا؟
ڤیلا ڤاریۆلا: راستییەکەی بەڵێ هەمانە، بەڵام با هەندێک قسە لەبارەی چۆنێتیی کارەکانمان بکەم. راستییەکەی دوو لقی ئەوروپی هەن. من نوێنەرایەتیی یەكێتیی ئەوروپا دەکەم و هەروەها بەشی راوێژکاری یەکێتیی ئەوروپاشمان هەیە، کە ئەمڕۆ یادی دامەزراندنی ئەو بەشە دەکەینەوە. بێگومان لەبارەی لایەنە راوێژکارییەکەوە، ئەوان زیاتر کار لەسەر چاکسازییەکانی نێو هێزە ئەمنییەکان دەکەن. بێگومان تەماشای ئەو دامەزراوە ئەمنییانە دەکەن تاوەکو بزانن چۆن کار دەکەن، بۆیە راوێژکارییەکانیان راستەخۆ سوودی بۆ عێراق دەبێت، لە هەوڵەکانیان بۆ دۆزینەوەی رێکارێکی تەندروست تاوەکو پرۆسەی دەسەڵاتدارێتی لە دامەزراوە ئەمنییەکان باشتر بکەن کە ئەمەش بێگومان هاوکار دەبێت لە هەوڵەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، لەبارەی لایەنی نوێنەرایەتییەکەوە، ئێمە وەکو لایەنێکی کۆمەکبەخش کار دەکەین، ئەمەش بەو مانایەی کە هاوکاریی دارایی چالاکییەکان دەکەین، بێگومان ئێمە چەند پڕۆژەیەکی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیمان لەگەڵ نەتەوەیەکگرتووەکان هەیە.
رووداو: ئێستا گۆڕانی کەشوهەوا رووبەڕووی هەموو جیهان بووەتەوە، بەڵام قوربانیی یەکەم و گەورە عێراقە. ئێوە چۆن هاوکاریی عێراق دەکەن لە رووبەڕووبوونەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا؟
ڤیلا ڤاریۆلا: سەرەتا دەتوانم نموونەیەکت بۆ باس بکەم لەبارەی ئەوەی چی دەکەین. ئێمە پرۆگرامێکی فراوانمان هەیە کە هاوکاریی عێراق دەکات لە بواری کشتوکاڵ، راستییەکەی ئەم پرۆگرامەش لەلایەن رێکخراوی (فاو)ـەوە جێبەجێ دەکرێت. یەکێک لەو کارانەی ئەنجامی دەدەین ئەوەیە، ئێمە جۆرە دانەوێڵەیەک بە عێراق ئاشنا دەکەین کە توانای بەرگەگرتنی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوای هەیە. ئەمە تەنیا یەک نموونەیە، بێگومان ئێمە چاومان لە کاری زیاترە و ئێمە عێراق وا دەبینین کە لە داهاتوودا ببێتە هاوبەشێکی گرنگ لە کەرتی وزەدا. لێرەشدا دەمانەوێت کاری زیاتر بکەین و وەبەرهێنانی زیاتر بکەین، بەتایبەتی لە وزە نوێبووەکاندا و بە تایبەتتریش لە بواری بەرهەمهێنانی هایدرۆجیندا.
رووداو: ئێران بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی عێراق و پێشێلکردنی سەروەریی خاکی عێراق، بەڵام ئێستا لەلایەن هەردوولاوە هەوڵ هەیە بۆ راگرتنی ئەو هێرشانە. پێتانوایە کە گفتوگۆکانی عێراق و ئێران راگرتنی هێرشەکانی ئێرانی بۆ سەر ناوچە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان لێبکەوێتەوە؟
ڤیلا ڤاریۆلا: بێگومان ئێمە چەندین راگەیێندراومان بڵاوکردووەتەوە و نیگەرانیی خۆمان راگەیاندووە، لەبارەی پێشێلکردنی سەروەری و سەربەخۆیی خاکی عێراق. بەشێوەیەکی سرووشتیش ئێمە پشتگیریی ئەمجۆرە گفتوگۆیانە دەکەین و هیوادارین ئەو گفتوگۆیانە ببێتە هۆی راگرتنی بۆردوومانەکان.