نوێنەری UNHCR لە عێراق: یەک ملیۆن و 200 هەزار ئاوارەی عێراقی ناتوانن بگەڕێنەوە ناوچەکانیان

07-07-2022
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جان نیکۆلا، نوێنەری UNHCR لە عێراق: ​
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جان نیکۆلا، نوێنەری UNHCR لە عێراق: ​
A+ A-

رووداو - هەولێر

نوێنەری کۆمیسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەران UNHCR لە عێراق دەڵێت، لە کۆی 300 هەزار پەنابەر لە عێراقدا، نزیکەی 260 هەزاریان لە هەرێمی کوردستانن، دەشڵێت، تاوەکو ئیستا زیاتر لە 1.2 ملیۆن ئاوارەی ناوخۆیی عێراق هەیە کە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان. باسی لەوەش کرد، زۆربەی پەنابەران لە هەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە ئاستی خۆبژێوی.

 

جان نیکۆلا، نوێنەری UNHCR لە عێراق، لە هەڤپەیڤینێکدا لە بەرنامەی "رووداوی ئەمڕۆ" کە نوێنەر فاتیح پێشکێشی دەکات، گوتی، ئێستا کۆمیسیۆنی باڵای کاروباری پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان 20٪ـی بوودجەی پێویستی لەبەر دەستدایە بۆ هاوکاریکردنی ئاوارە و پەنابەران لە عێراقدا، هەروەک دەڵێت، جەنگی ئۆکراینا و قەیرانە جیهانییەکان کاریگەری کردووەتە سەر کەمبوونەوەی هاوکارییە دارییەکان لە لایەن وڵاتانی پارەبەخشەوە بۆ ئاژانسەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان.
 
جان نیکۆلا دەشڵیت، بەشێک لە ئاوارە و پەنابەران نایەنەوێت بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانی خۆیان بەهۆی ئەو پێشوازییە گەرمەی لە لایەن خەڵک و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە لێیانکراوە و هەروەک بەشێکیشیان تۆمەرتبارن بە بوونی پەیوەندی لەگەڵ داعشدا.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ جان نیکۆلا، نوێنەری UNHCR لە عێراق:
 
رووداو: دەمەوێت سەرەتا بەو پرسیارە دەسپێبکەم، پەنابەران چ لەناو کامپ یان دەرەوەی کامپەکاندا گلەیی لەوە دەکەن لەمساڵدا هاوکارییەکان بۆیان زۆر کەمی کردووە و کاریگەری لەسەر گوزەرانیان هەبوو، هۆکاری کەمبوونەوەی هاوکارییەکان چییە؟
 
جان نیکۆلا: سەرەتا رێگەمبدە ئەوە بخەمەڕوو کە 300 هەزار ئاوارە لە عێراق هەن. زۆرینەیان لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەمێننەوە. بە درێژایی ساڵان لە لایەن کۆمەڵگەوە بەباشی قبوڵکراون و هەموو خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانیان بۆ دابینکراون لەڕێی سیستمی گشتییەوە. بەدیاریکراوی دەتوانن بچنە قوتابخانە دەتوانن سەردانی بنکە تەندروستییەکان بکەن، زۆریان لە کەرتە نا حکومییەکاندا کار دەکەن. زۆریشیان توانیویانە راددەیەک لە خۆشگوزەرانی بەدیبهێنن. ئێمە بەردەوامین لە پشتگیریکردنی ئەو خێزانانەی پێویستیان بە یارمەتییە. ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، UNHCR، بەردەوامە لە دابینکردنی پارەی کاش بۆ ئەو خێزانە ئاوارانەی کە هەژارترینن. بۆ نموونە ئەو ژنانەی کە بەتەنیان و چەندین منداڵیان هەیە، ئەو سەرۆک خێزانانەی کە خاوەن پێداویستی تایبەتن، ئەو ئاوارانەش کە پیرن و ناتوانن خۆیان داهات پەیدابکەن، دەسەڵاتدارانیش زۆر بەخشندەن و یارمەتی ئەو ئاوارانە دەدەن و ئێستا کە قسە دەکەین لەو کارەیان بەردەوامن.
 
رووداو: بەڵام لە مانگی پێنج و بەدیاریکراوی لە 17ـی 5 نەتەوە یەکگرتووەکان گوتی پەنابەران لە عێراقدا لەبەردەم هەڕەشەی برسێتیدان، بەهۆی ئەوەی هاوکارییەکان کەمیکردووە، ئەم هەڕەشەیە تاچەند جیدییە ؟
 
جان نیکۆلا: راستە کە یارمەتی دارایی کەمبووەتەوە بەدیاریکراویش بۆ ئەو رێکخراوانەی یارمەتی ئەو خێزانانە دەدەن کە بەهۆی داعشەوە ئاوارەبوون. زۆرینەیان توانیویانە بگەڕێنەوە ماڵەکانی خۆیان. هێشتا هەندێکیان لە کامپەکانی هەرێمی کوردستاندا دەژین و هەندێکیان لە ناوچەی دیکە دەژین لە بەشە جیاوازەکانی وڵاتدا. هەندێکیان گەڕاونەتەوە ماڵی خۆیان و لە رەوشی قورسدان. پەیوەست بە هاوکاریکردنی ئاوارە عێراقییەکان، یارمەتی دارایی کەمبووەتەوە، بەڵام ئێمە باوەڕمان وایە خزمەتگوزارییە گشتییەکان توانیویانە پێویستییەکانیان پڕ بکەنەوە. ئێمەش وەک نەتەوە یەکگرتووەکان هەروەها رێکخراوە مرۆییەکانی دیکەش لەگەڵ دامەزراوە کۆمەک بەخشەکان بەردەوامین لەسەر پشتگیریکردنی دەسەڵاتداران بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەو عێراقییە ئاوارانە کە بێێنە سەر باسی پەنابەران، بەتایبەتی پەنابەرانی سووریا، کە ژمارەیان 260 هەزار کەسە لە هەرێمی کوردستان، ئێمە وەک UNHCR  بەردەوامین لەسەر یارمەتیدانی دەسەڵاتی کوردی بۆ دابینکردنی پێویستییەکان.
 
رووداو: هیچ کورتهێنانێکتان لە بوودجەی ئەمساڵدا هەیە بۆ هاوکاری ئاوارە و پەنابەران؟ بەگشتی ئەو پلانەی بۆ 2022 داتاننابوو چەند پارەتان پێویستبوو و، بەخشەرەکان چەندیان بۆ دابینکردوون؟
 
جان نیکۆلا: لەم کاتەدا ئاژانسی پەنابەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان، UNHCR تەنیا 21٪ـی ئەو یارمەتییە داراییەی لەبەردەستە کە پێویستییەتی. ئێمە لە لایەن ژمارەیەک وڵاتەوە کۆمەک دەکرێین، بە دیاریکراوی ئەمریکا، 21٪ رێژەیەکی باش نییە. بەدڵنیاییەوە داوا لە وڵاتە کۆمەکبەخشەکان دەکەین یارمەتی دارایی زۆرترمان بۆ بنێرن بۆئەوەی ئێمە بتوانین ژیانی خەڵک رزگار بکەین و یارمەتی ئەوانە بدەین کە زۆر زۆر پێویستیانە. هەروەها باوەڕمان وایە بە پشتگیری دەسەڵات دڵنیایی دەدەین کە هەموو ئاوارە و پەنابەران بتوانن بێ کێشە بژین و بەردەوام بن لە سوود بینین لەو پێشوازییە بەخشندانەیەی لە لایەن دەسەڵات و خەڵکی هەرێمی کوردستانی عێراق لێیان دەکرێت.
 
رووداو: 21٪ لە راستیدا رێژەیەکی کەمە، چونکە ئێوە کورتهێنانەکەتان 79٪ ـە تاوەکو ئیستا، نیوەی ساڵیش تێپەڕیوە، ئەم بڕە پارە کەمە چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر ئەو خزمەتگوزارییانەی پێشکێش بە ئاوارە پەنابەرانی دەکەن؟ چونکە ژمارەیەکی زۆر خێزان هەیە ئێوە پارەیان دەدەنێ لەبری خۆراک، ئەمە کاریگەری دەبێت لەوەی ئەوان بکەونە ژێر هەڕەشەوە؟
 
جان نیکۆلا: ئێمە دڵنیایی دەدەین لەوەی بەو 21٪ـەی هاوکاری دارایی یارمەتی ئەوانە بدەین کە بارودۆخیان خراپترینە. لەڕاستیدا ئەوە مانای ئەوەیە ئەو خێزانانەی کە کەمتر لە ژێر مەترسیدان و دەتوانن خۆیان خۆیان بەڕێوەببەن، لەم چەند مانگەدا یارمەتییان نەدەین. رەنگە کوالیتی و رێژەی ئەو خۆراکەی بۆیان دەیکڕن وەکو جاران نەبێت، رەنگە نەتوانن جلی نوێ بکڕن بۆ منداڵانیان، بەڵام بۆ ئەو خێزانانەی رەوشیان زۆر خراپە بەردەوام دەبین لە دابینکردنی یارمەتی راستەوخۆ، بەردەوامیش دەبین لە پشتگیریکردنی دەسەڵاتی کوردی کە خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانیان بۆ دابیندەکات وەکو پەروەردە، تەندروستی و چەندین خزمەتگوزاری دیکە.
 
رووداو: لەو 300 هەزار پەنابەرەی لە عێراقدا تۆمارکراون، وەکو ئاماژەت پێکرد زۆرینەیان لە هەرێمی کوردستانن، لەو ژمارەیە وەکو رێژە چەندیان زۆر پێویستیان بە هاوکارییە؟
 
جان نیکۆلا: ئەوە پشت بەوە دەبەستێت کە جۆری پێویستییەکان چین. هەر خێزانە و بارودۆخی جیاوازە. هەندێکیان پێویستیان بە یارمەتییە بۆ تۆمارکردنی منداڵيکانیان لە قوتابخانە، یان پێویستیان بە یارمەتییە بۆئەوەی بزنسێکی بچووک لە ماڵی خۆیان دەستپێبکەن و لەڕووی ئابوورییەوە پشت بە خۆیان ببەستن. هەندێکیان پێویستیان بە چاودێری تەندروستی تایبەتە، ئەگەر کەسێکیان لە خێزانەکەیاندا نەخۆشی درێژخایەنی هەبێت، بۆیە هەر کەسە و جۆرێک یارمەتی پێویستە، بەڵام دووبارەی دەکەمەوە کە زۆرینەی پەنابەران کە ئێستا نزیکەی 10 ساڵە لە هەرێمی کوردستانی عێراقن، چونکە 2013 و 2014  و 2015 هاتن، توانیویانە بگەنە قۆناخی خۆبژێوی. ئێستا ئاڵنگاری بەردەممان ئەوەیە دڵنیابین لەوەی بتوانین هاوکاری داراییمان پێبگات. هیواخوازین پارەی زۆرترمان پێبگات لە وڵاتە کۆمەکبەخشەکانەوە. بۆئەوەی بتوانین یارمەتی ئەو خێزانانە بدەین کە لە رەوشێکی دژواردان، هەروەها بتوانین یارمەتی دەسەڵاتی کوردیش بدەین بۆئەوەی بتوانێ ئەو خزمەتگوزارییە بنەڕەتییانە راستەوخۆ دابین بکات، نەک تەنیا بۆ ئاواران، بەڵکو بۆ خێزانە کوردییە عێراقییە هەژارەکانیش کە لە دهۆک و سلێمانی و هەولێر دەژین.
 
رووداو: کەمبوونەوەی هاوکارییەکان لە لایەن پارە بەخشەکانەوە هۆکارەکەی چییە؟ ئایا هاوکارییە داراییەکان بۆ ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان تەنیا بۆ عێراق کەمبووەتەوە یان بابەتەکە جیهانییە و لە هەموو جیهاندا پارەبەخشین کەمبووتەوە؟
 
جان نیکۆلا: دوو هۆکاری سەرەکی بۆ کەمبوونەوەی فەندی مرۆیی لە لایەک پەیوەندی بەوەوە هەیە کە رەوشی ئابووری وڵاتانی رۆژئاوا و وڵاتانی کەنداو بەهۆی پەتای کۆرۆنا زیانی زۆریان بەرکەوت. ژمارەیەکی زۆر خەڵک کەوتنە نێو هەژاری، کاریان لەدەستدا. ئەو وڵاتانە پێویست بوو وەبەرهێنان بکەن لە کەرتی تەندروستییاندا. خاڵی دووەمیش ئەوەیە کە قەیرانەکان چەند هێندە بوونە، قەیرانی مرۆیی لە جیهاندا. لە چەند مانگی رابردوودا قەیرانی ئۆکراینامان بینی، پێش ئەوەش گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ ئەفغانستان. لە ئەفریقاش رەوشی ئەتیوپیا، لە ئەمریکای لاتین و ئەمریکای ناوەڕاستیش قەیران هەن. هەروەها لە ئاسیاش قەیرانی پەنابەرانی رۆهینگیا لە بەنگلادیش. کەواتە لەراستیدا عێراق یەکێکە لە چەندین قەیران، کۆمەک بەخشەکانیش رەنگە فەندەکانیان بۆ ئەو قیرانانە بنێرن کە زۆر پێویستیانە و دژوارن. بۆ ئەو خەڵکە ئاوارانەی لەو وڵاتانەی باسمکردن کە لە رەوشێکی ناهەمواردا دەژین. لەکاتێکدا خۆشبەختانە، بەهۆی بەخشندەیی دەسەڵات و خەڵکی کورد، پەنابەرانی سووریا و ئاوارەکانی دیکە لە کوردستان توانیویانە رێگە بدۆزنەوە بۆ مانەوە لە ژیاندا، هموویان لە رەوشێکی زۆر باشدا نین، بەڵام لەژێر مەترسی لەدەستدانی ژیانیاندا نین.
 
رووداو: بەدیاریکراوی جەنگی ئۆکراینا چ کاریگەرییەکی لەسەر دۆخی پەنابەران لە عێراقدا دروستکردووە، بەتایبەتی جەنگی ئۆکراینا جگەلەوەی قەیرانێکی مرۆیی دروستکردووە، بەڵام نرخی خۆراکیشی لە جیهاندا زۆر بەرزکردووەتەوە، ئەمە چی کاریگەرییەکی لەسەر عێراق هەیە؟
 
جان نیکۆلا: ئاوارە و پەنابەران وەک هەموو دانیشتووانی دیکەی عێراق، بەرزبوونەوەی نرخ کاریگەری لەسەر ژیانیان داناوە. هەموومان تێبینیمان کردووە ئێستا لە بازاڕ شتەکان گرانگترن، ئەگەر بتەوێ شوێنێک بەکرێ بگری ئێستا گرانترە. کەواتە تەنیا ئاوارەکان نین کە دەرەنجامەکانی قەیرانی ئۆکراینا کاریگەرییان لەسەر ژیانیان داناوە. پێموایە ئەو رێگەیەی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتە یارمەتی بەخشەکان گرتوویانە بەر رێگەیەکی گشتگیرە بۆ پشتگیریکردنی حکومەتان بۆئەوەی دڵنیابن لەوەی دەتوانن یارمەتی بەشە هەژارەکەی دانیشتووان بدەن. جا ئاوارەی عێراقی بن کە لە دەست داعش رایانکردووە، یان پەنابەر بن، یاخود هاوڵاتی عێراقی بن، ئەو هاوڵاتییانەی کێشەی بژێوییان هەیە، ئێمە دەمانەوێ بەرێگەیەکی گشتگیر یارمەتیدەربین و پێشوازی لەو بڕیارە نوێیەی پەرلەمان دەکەین بۆ تەرخانکردنی بودجەی بەپەلە بۆ خۆراک کە رێگە دەدات بە گرتنە بەری چەند رێوشوێنێک بۆ رێگرتن لەوەی خەڵک بکەونە نێو هەژاری دژوارتر.
 
رووداو: دەمەوێت باسی دۆخی ئاوارە نێوخۆییەکان بکەم لە عێراقدا، سەرەڕای ئەوەی لە 2017ـەوە داعش تێکشکێندراوە، هەندێ ژمارە ئاماژە بەوە دەکەن زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارەی نێوخۆیی ماون و ناتوانن بگەڕێنەوە شوێنەکانی خۆیان، هۆکاری سەرەکی نەگەڕانەوەی ئەو خەڵکە بۆ ناوچەکانی خۆیان چییە لەکاتێکدا هەموو عێراق لە داعش پاککراوەتەوە؟
 
جان نیکۆلا: راستە، هێشتا 1.2 ملیۆن ئاوارەی عێراقی هەن کە بەهۆی شەڕی دژی داعش و توندوتیژی داعشەوە ئاوارەبوون کە پێنج ساڵ لەمەوبەر تێکشکێندرا. ئەوان هێشتا نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە سەر ماڵی خۆیان. چەندین هۆکاری جیاواز هەن، هەندێکیان نایانەوێ بگەڕێنەوە ماڵی خۆیان، چونکە تووشی تڕاومای دەروونی بوونە بەهۆی ئەوەی ئەزموونیان کردووە. بۆ نموونە ئێزدییەکان کە تووشی تڕاومای گەورەبوون. بۆ هەندێکیان زۆر قورسە بگەڕێنەوە نێو ماڵێک کە تێیدا رەنگە دایک و باوکیان کوژرابن یان دەستدرێژیی سێکسی کراوەتە سەر خوشک و دایکیان. هەندێکیان ناتوانن بگەڕێنەوە، چونکە ماڵەکانیان رووخاون. تواناشیان نییە ماڵەکانیان بنیاتبنێنەوە. هەندێکیش هەن ناتوانن بگەڕێنەوە، چونکە هێشتا ناسەقامگیری هەیە، وەکو مەترسی شانە نووستووەکانی داعش. هەست دەکەن هێشتا کاتی گەڕانەوەیان نەهاتووە. هەندێکیش هەن رێگە نادرێ بگەڕێنەوە، چونکە بەوە تۆمەتبارن کە دەستیان هەبووە لەگەڵ داعش، یان پەیوەندییان لەگەڵ داعش هەبووە و چیدی لە لایەن کۆمەڵگەی خۆیانەوە قبوڵکراونین، بۆیە بارودۆخی هەموویان سەختە، بەڵام نەتەوەیەکگرتووەکان و UNHCR کار دەکەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی کردەیی بۆ هەموو ئەو گروپانە کە دەیانەوێ بگەرێنەوە ماڵی خۆیان.
 
رووداو: ئەو کەسانەی وەکو خۆت باست لێکرد پێشوازییان لێ ناکرێت لە ناوچەکانی خۆیان، لە لایەن کێوە رێگە بە گەڕانەوەیان نادرێت؟ بەتایبەت هەندێ راپۆرت هەن لە میدیا عێراقییەکان ئاماژە بەوە دەکەن هەندێ گروپی چەکدار هەن رێگە بەگەڕانەوەیان نادەن، ئێوە چی زانیارییەکتان لەوبارەیەوە هەیە؟ هەستتان پێکردووە؟ 
 
جان نیکۆلا: چەندین هۆکار هەن بۆئەوەی ئەو کەسانە لە لایەن کۆمەڵگەکانی خۆیانەوە قبوڵنەکرێنەوە. پشت بە پرۆفایلی ئەو دانیشتووانە و ئەو شوێنە دەبەستێ کە دەیانەوێ بۆی بگەڕێنەوە. کەواتە ئەوەش زۆر گرنگە بیری هەمووانی بخەینەوە وەک هاوڵاتی عێراقی بۆیان هەیە بڕیار بدەن لە ناوچەیەکی دیکەی وڵاتەکەیان بژین. زۆر کەس لە عێراق وەکو هەر شوێنێکی دیکەی جیهان، بڕیار دەدەن شوێنی ژیانیان بگۆڕن لەبەر دۆزینەوەی کار، دەرفەتی خوێندن، هەندێ جار لەبەر ژیانی هاوژینی، هەندێ جار بۆ یەکگرتنەوە لەگەڵ خێزانەکانیان. دەچنە شوێنێکی دیکە، لە باکوورەوە دەچنە باشوور، لە گوندەوارەوە دەچنە شار. ئەوە بژاردەیەکە هەموومان هەمانە وەک هاوڵاتی وڵاتی خۆمان. هەندێک لەو خێزانانەی بەهۆی داعشەوە ئاوارەبوون، رەنگە بڕیاریان دابێت نەگەڕێنەوە بۆ ئەو شوێنەی لێیەوە هاتوون و بڕیاریاندابێت لەو شوێنە نیشتەجێبن کە بۆی هاتوون. زۆرجار لە لایەن کۆمەڵگەی نوێوە باش پێشوازییان لێکراوە، هەروەها لە لایەن دەسەڵاتیش.
 
رووداو: دواین پرسیارم بەڕێز جان، دەمەوێ لەسەر بارودۆخی نێو کەمپەکان بێت، بەشێکی زۆری دانیشتووانی نێو کامپەکان ژن و منداڵن، وە هەندێک راپۆرت هەبوون باس لەوە دەکرا لە هەندێک شوێندا رەنگە ژنان زیاتر بکەونە بەر هەڕەشەی گێچەڵ و دەستدرێژی، یاخود منداڵەکانیش ناچار بە کارکردن بکرێن کە لەگەڵ تەمەنیاندا نەگونجێت، ئایا تێبینی ئەمە کراوە؟ چۆن لەگەڵ حکومەتی عێراقی کار لەسەر ئەوەکراوە رێگری لە رووداوی لەو جۆرە بکەن؟
 
جان نیکۆلا: وەک هەر شوێنێکی دیکەی جیهان کاتێک خێزانەکان ئاوارە دەبن، ئەوانەی زۆرترین کاریگەرییان لەسەرە ژنان و منداڵانن، بۆیە مایەی سەرسامی نییە کە ببینی ژمارەیەکی زۆری ژنان و منداڵان لە کامپەکاندان، تەنانەت لە کامپەکانی ئاوارەکانی عێراقیشدا. مایەی سەرسامی نییە بەداخەوە کە ئەوان زۆرجار قوربانی دەستدرێژین بە دەستدرێژیی سێکسیشەوە. هەندێجار لە نێو کۆمەڵگەکە هەندێجار لە لایەن ئەوانەوە کە خزمەتگوزارییان بۆ دێنن، بەداخەوە هەندێجار لە لایەن رێکخراوەکان و کارمەندانی نەتەوەیەکگرتووەکان، کرێکارانیش. هەندێجار لەلایەن دەسەڵاتەوە. هەندێجار ناچاردەکرێن لەشیان بفرۆشن بۆ کڕینی نان و پەیداکردنی خواردن بۆ منداڵانیان. هەندێجار منداڵان دەنێرن بۆ کارکردن لەو شوێنانەی باڵەخانە بنیات دەنێن، یان کێڵگە و دووکان، بۆیە بێگومان ئەمە نیگەرانییەکی گەورەیە بۆ نەتەوەیەکگرتووەکان و UNHCR. 
 
بەڵێ ئێمە پڕۆگرامی تایبەتمان هەن بۆ چاودێریکردنی بارودۆخیان و رێگرتن لەو جۆرە دەستدرێژییانە. هەروەها رەخساندنی دەرفەت بۆ ئەو کەسانەی کە دەسترێژییان دەکرێتە سەر باسی بکەن و ئێمەش لەگەڵ دەسەڵات کار لەسەر ئەو راپۆرتانە بکەین و دەستدرێژیی سێکسی پێشێلکاری بوەستێنین، هەروەها چارەسەر بۆ رزگاربووانی دەستدرێژی دابین بکەین. ئەمە کاری لەپێشینەی نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوە مرۆییەکانە، هەروەها بۆ دەسەڵاتیش. بۆئەوەی دڵنیابین لەوەی هیچ ژن و هیچ منداڵێک یان هیچ کەسێکی خاوەن پێداویستیی تایبەت، هیچ کەسێکی بەتەمەن و دایک و باوکان، هەروەها پیاوانیش دەستدرێژییان نەکرێتە سەر بەهۆی لاوازیی بارودۆخیان وەک خەڵکی ئاوارە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە