میشێل ڤیڤیۆرکا: گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا کاریگەریی سیاسیی و کۆمەڵایەتییان لەسەر جیهان هەیە

07-06-2024
شیراز رەئوف
میشێل ڤیڤیۆرکا، بیرمەندی فەرەنسایی و سەرۆکی پێشووی دامەزراوەی کۆمەڵناسیی نێودەوڵەتی لە رووداوی ئەمڕۆ.
میشێل ڤیڤیۆرکا، بیرمەندی فەرەنسایی و سەرۆکی پێشووی دامەزراوەی کۆمەڵناسیی نێودەوڵەتی لە رووداوی ئەمڕۆ.
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

میشێل ڤیڤیۆرکا، بیرمەندی فەرەنسایی و سەرۆکی پێشووی دامەزراوەی کۆمەڵناسیی نێودەوڵەتی دەڵێت گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا زیاتر لە رەهەندێکیان هەیە و کاریگەرییان لەسەر دۆخی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و تووندوتیژیی دژی ژنان و تەنانەت کاریگەریی لەسەر تووندئاژۆیی و تەشەنەکردنی گرووپە تیرۆریستییەکان هەیە.
 
ڤیڤیۆرکا لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ بە وردی باس لەو دەرهاویشتە مەترسیدارانە دەکات کە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا بەسەر جیهاندا دەیسەپێنن، هاوکات باس لە چارەسەر و چۆنێتیی ئامادەسازیی دەوڵەتان بۆ رووبەڕوو بوونەوەی ئەو مەترسییە گەورانەی سەر جیهان دەکات کە بەهۆی گۆڕانکارییەکانی کوشوهەوا سەریانهەڵداوە.
 
دەقی گوتەکانی میشێل ڤیڤیۆرکا، بیرمەندی فەرەنسایی و سەرۆکی پێشووی دامەزراوەی کۆمەڵناسیی نێودەوڵەتی لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ:
 
رووداو: جێی سەرنجە کە لە هەولێر دانیشتووین و باسی کێشە جیهانییەکان دەکەین.
 
میشێل ڤیڤیۆرکا: کێشە جیهانییەکان رەهەندی نێوخۆییان هەیە، کێشەی زۆر کەس ئەوەیە کە بتوانن کێشە نێوخۆییەکان یان هەندێک جار کێشە کەسییەکان بەرەو جیهانییەکان تێبپەڕێنن، بەڵام بە گشتی ئەمە هەمان کێشەیە، هەمیشە رەچاوکردنی هەموو لایەنەکان زۆر سوودی هەیە.
 
رووداو: تۆ بۆ قسەکردن لەسەر گۆڕانی کەشوهەوا لە هەرێمی کوردستانیت، بەڵام تۆ بۆچوونێکی جیاوازت هەیە و پێتوانییە کە گۆڕانی کەشوهەوا تەنیا پەیوەندیی بە کەشوهەواوە هەبێت، تۆ پێتوایە کاریگەریی زۆری هەیە لە ئاستی سیاسی و کۆمەڵایەتی و تووندوتیژی دژی ئافرەتانیشدا، بۆچی پێتوایە ئێستا گۆڕانی کەشوهەوا گەورەترین پاڵنەری هەموو گۆڕانکارییەکانی جیهانە؟
 
میشێل ڤیڤیۆرکا: من وەکو هەمووانم، گوێ لەو زانایانە دەگرم کە ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەوە کێشەیەکی مەزنە و لە داهاتوودا گەورەتر و گەورەتر دەبێت. بۆیە زۆر بەجیددی گرتنی ئەمە مانای گرنگیپێدانە. دەکرێت کاریگەریی هەبێت لەسەر ئەو هەسار و جیهانەی تێیدا دەژیین، ئەو نەوانەی دێن، نەک هەر نەوەکانی ئێمە، بەڵکو ئەو خەڵکانەی دوای ئێمە دێن و، دەکرێت کاریگەریی بەهێزی لەسەر پەیوەندیی نێوان وڵاتان هەبێت، هەروەها کاریگەریی لەسەر پەیوەندی خەڵکی لەنێو هەمان وڵاتدا هەبێت. مەبەستم ئەوەیە ئەوە شتێکی زۆر گرنگە کە تێناگەم چۆن حکومەتێک یان هەندێک خەڵک دەڵێن: "کورە ئەوە گرنگ نییە و کێشەی گرنگتر هەیە"! جا لێرەدا ئاڵنگارییەکی زۆر گرنگ هەیە. با زۆر بە کورتی بیخەمەڕوو، کاتێک شتێک بە تەواوەتی نوێیە و ئەمەیش بەم جۆرەیە کە 30-40 ساڵێکە دەرکەوتووە، زۆر بە جیددی دەیگرین، کەچی پۆلێنبەندیی هزریمان نییە   بۆ ئەوەی بیری لێ بکەینەوە، چونکە پێویستمان بە پۆلێنبەندیی نوێیە بۆ بیرکردنەوە لە رووداو و کێشە نوێیەکان. ناتوانین بە شێوازە کۆنەکەی بیرکردنەوە بیر لە گۆڕانی کەش و هەوا بکەینەوە. بەڵام چۆن دەتوانین شێوازی نوێی بیرکردنەوە دابهێنین ئەگەر هەر لە هەمان جیهانی کۆندا بین؟ ئەمە ئاڵنگارییەکی راستەقینەیە. هیوادارم مەبەستەکەم روون بێت. چۆن دەتوانین هەوڵ بدەین ئەمە بە هەمان ئەندازە بە جیددی وەربگرین ئەگەر توانای هزریمان بۆ کردنی نەبێت؟ هەر بۆیە نەوەی نوێ لە تاوتوێی ئەم کێشە نوێیانەدا زۆر گرنگن، چونکە لەبەر ئەوەی نوێن و لە رووی هزرییەوە لە جیهانی کۆندا ئامادە نەکراون. ئەوان لە جیهانێکی نوێوە دێن.
 
رووداو: پرسیارەکە ئەوەیە کە تۆ بە شێوەیەکی فراوانتر گرنگی بە گۆڕانی کەشوهەوا دەدەیت، بەڵام ئایا پێتوایە سەرکردە سیاسییەکان و بڕیاربەدەستان تەنانەت لە ئەوروپا، تێگەیشتنێکی باشیان لەبارەی هەڕەشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا هەبێت کە خەریکە لە رووی نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە کاریگەری لەسەر وڵاتان دادەنێت؟
 
میشێل ڤیڤیۆرکا: پێموایە تێدەگەن یان دەتوانن تێبگەن، چونکە هەموو شتێک ئامادەیە و یەکسەر دەستت بە راپۆرتی گرووپە نێودەوڵەتییەکان دەگات و هەموو شتێک دەزانین. بەڵام کاتێک دەرگیری سیاسەت دەبیت، دەبێت لەگەڵ زۆر کێشەدا مامەڵە بکەیت. خەڵکێک هەن دەڵین بەپێی پێویست پارە پەیدا ناکەن. خەڵک هەن دەڵێن پێویستمان بە خانووە. خەڵک هەن دەڵێن خۆزگە پشووم هەبووایە. خەڵک هەن دەڵێن نامانەوێت بیانی و کۆچبەری زیاتر بێنە وڵاتەکەمانەوە. بۆیە گەلێک کێشەت دەبن بۆ ئەوەی مامەڵەیان لەگەڵدا بکەیت. بۆیە پێموایە سیاسییەکان تێدەگەن کە چ شتێک بەڕێوەیە، بەڵام هەمیشە نایخەنە ئاستی باڵاوە، چونکە دەبێت لەگەڵ کێشەی دیکەدا مامەڵە بکات. بۆیە مەبەستە سەرەکییەکەم ئەوەیە کە سیاسییەکان چۆن دەتوانن ئەمە بە جیددی وەربگرن تا بڵێن ئەمە پرسێکی ژیان و مردنە بۆ خەڵک و وڵاتان و تەواوی جیهان و نەوەکانی داهاتووە و هەر بۆ ئێمە نییە؟ ئیدی چۆن دەتوانن بیخەنە سەری سەرەوەی ئەجێنداکانیان و لە شوێنێکدا نەبێت کە پەیوەست بێت بە کێشە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانەوە؟
 
رووداو: تێڕوانینی تۆ چییە لەبارەی ئەوەی کە چۆن گۆڕانی کەشوهەوا کڵێشەی کۆمەڵگەکان و سیستەمی جیهانیی دادەڕێژێتەوە؟ ئێستا سیستمێکی جیهانیمان هەیە کە بەرهەمی جەنگ و هاوسەنگیی دەسەڵاتە ناوچە و سنوورەکانیش دەرئەنجامی جەنگن، بە تایبەتی جەنگی جیهانیی دووەم، ئەو سەردەمە ئەم سیستەمی جیهانییەی داڕشتەوە کە ئێستا دەیبینین ئێستا هەڕەشەیەکی وەک گۆڕانی کەشوهەوا چۆن کڵێشەی ئەم جیهانەی ئێستا و سیستمی نێودەوڵەتی و جیهانی دادەڕێژێتەوە؟
 
 
میشێل ڤیڤیۆرکا: سەرەتا دەمەوێت پشتیوانیی ئەوە بکەم کە تۆ دەیڵێیت و ئەوەی بۆ زیاد بکەم کە جەنگی جیهانیی دووەم گرنگ بوو، بەڵام جەنگی جیهانیی یەکەمیش گرنگ بوو، لەوانەیە لەم بەشەی جیهاندا زیاتر لە هەر شوێنێکی دیکە. کۆتایی ئیمپراتۆریەتی تورکی، ئیمپراتۆریەتی عوسمانی دەرئەنجامی جەنگی جیهانیی یەکەم بوو، سنوورەکان و ئەو شتانە لێرە لەم بەشەی جیهادا زۆر پەیوەندییان بە جەنگی جیهانیی یەکەمیشیەوە هەیە، بەڵام ئەوەی گرنگترە پرسیارەکەی تۆیە لە رابردوودا نەتدەتوانی وای دابنێیت کە کێشە ناوخۆییەکانی وڵاتێک بە تووندی پەیوەستن بەو رووداوانەوەی لە دەرەوە روودەدەن. با نموونەیەک بهێنمەوە، ئێستا دەتوانیت وڵاتێکت هەبێت کە زۆر جیددی بێت و کێشە ژینگەییەکان و پیسبوون لەبەرچاو بگرێت و وڵاتێکی باش بێت لەو رووەوە، بەڵام ئەگەر تۆ یەک وڵات بیت ئەوە بکەیت، رەنگە پیسبوون لە دەرەوە بێت لە وڵاتانی دیکەوە رەنگە کەمبوونەوەی ئاو بەهۆی وڵاتانی دیکەوە بێت رەنگە زۆر کێشە لە دەرەوەی وڵاتەوە بێن. ئەو کاتە ئەو وڵاتەی بە باشی کارەکانی دەکات، دەبێت رووبەڕووی ئەو سەختییانە ببێتەوە کە لە سەرانسەری جیهانەوە بۆی دێن. بۆیە ئەمە مانای وایە لە ئاستی جیهاندا پێویستمان بە هاودەنگییە. جا بۆ ئەوەی ئەوە بکەین، دەبێت گرژییەکان چارەسەر بکەین رەنگە هەندێک لەم گرژییانە پەیوەندییان بە گۆڕانی کەشوهەواوە هەبێت، بەو شێوەیەی من پێموایە راستەوخۆ.
 
با نموونەیەکت بدەمێ، لە سووریا کە زۆر لێرەوە دوور نییە، لەنێوان 2009 و 2016دا زۆر وشکەساڵی بوو. کاتێکیش وشکەساڵی بوو، ئاو نابێت، ئیدی زۆر کەس نەیانتوانی مەڕ و ماڵات رابگرن و دەستیان بە ئاو و ئەو سەرچاوانە نەگەیشت کە بۆ ژیان لە دەوروبەری شارەکاندا پێویستیان بوو، بۆیە ئەم کەسانە گۆڕان و بڕیاریان دا بچن بۆ رۆژئاوای وڵات. لە جێی خۆیان نەمانەوە، چونکە نەیانتوانی بژین. کە گەیشتنە رۆژئاوای وڵات، لەوێش لە رۆژئاوای سووریا خزمەتگوزاری و یارمەتی نەبوو و هەیکەلی حکومەت و دامودەزگای حکومەت نەبوو تاوەکو یارمەتی ئەم خەڵکە بدات بۆ ئەوەی ئەم خەڵکە ئاوارەیەی لە رۆژهەڵاتی وڵاتەوە هاتوون ئاسوودە بکرێن، بۆیە چی دەکەیت لە کاتێکدا کەس نییە یارمەتیت بدات و هەیکەلییەت نییە و دامەزراوەیەک نییە بە جیددی کێشەکانت وەربگرێت؟ چی دەکەیت بۆ ئەوەی کێشەکە بە جیددی وەربگریت و خەڵک گوێت بۆ بگرن؟ بۆیە ئەو خەڵکە بۆ کوێ دەچن؟ هەموویان نا، بەڵام هەندێکیان دەچن بۆ مزگەوت و دەچنە ناو گرووپە ئیسلامییەکانەوە و دەچنە لای ئەو کەسانەی کە گوێیان بۆ دەگرن. بۆیە ئەگەر دەتەوێت لەوە تێبگەیت کە لە سووریا چۆن داعش هەبوو، پێویستە گۆڕانی کەش و هەوا لەبەرچاو بگریت. ئێستاش لە باشووری بیابانی ئەفریقا هەمان شت هەیە کە کێشەیەکی زۆر گرنگە. ئەگەر دەتەوێت لە بۆکۆ حەرام و ئەم جۆرە بزووتنەوانەی ئەوێ تێبگەیت، ئەوا تێگەیشتنەکە لە کەش و هەواوە دەستپێبکە. جا ئەمە نێوخۆییە، بەڵام کاتێک داعشت هەبوو، ئیدی هەر تەنیا تووندوتیژیی نێوخۆییت نابێت، بەڵکو کەسانێکت دەبێت کە بڕیار دەدەن هێرش لە شوێنەکانی دیکەی جیهان رێکبخەن. ئەوەیش گۆڕانکاری دەهێنێتە ئاراوە. بۆیە وەڵامەکەم بۆ سەرنجەکەت ئەوەیە: ئیدی شتەکە لە دیدگەی منەوە نامێت، بەڵکو گۆرانکارییە راستەوخۆکان و دەستکاریکردنی سنوورەکان یان ئەم جۆرە شتانە راستەوخۆ پەیوەندییان بە گۆڕانی کەش و هەواوە دەبێت، بەڵام گۆڕانی کەش و هەوا دۆخگەلێکی نوێی وا دروست دەکات کە ناڕاستەوخۆ جیهان بگۆڕن. ئەوەیش پێیدەچێت و سبەی و دووسبەی نییە. رەنگە 10 ساڵی دیکە میوانداریم بکەیتەوە و لە جیهانێکی زۆر جیاوازدا بژیین کە بەهۆی گۆڕانی کەش و هەواوە گۆڕابێت.
 
ئێمە تاوتوێی شتێکی وا دەکەین خۆی رێکخستووە و سەربازییە، بەڵام لەگەڵ ئەوەیشدا زۆر گۆڕانکاری دیکەیش هەن کە تووندوتیژی تێیاندا سەرهەڵدەدات بەبێ ئەوەی زۆر سیاسیش بن. من بۆ هەولێر بانگکراوم تاوەکو گفتوگۆی تووندوتیژی و کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەش و هەوا لەسەر تووندوتیژی بکەم. جا سەرنجی یەکەمم لەسەر جەنگ نییە. سەرنجی سەرەکیم لەسەر ژنان و جێندەرە. بۆچی؟ چونکە بە گشتی ژنان یەکەمین کەسانێکن کە بە دەست لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەواوە دەناڵێنن. با نموونەیەکی بچووکت بۆ بهێنمەوە، ئافرەتان لە زۆر دۆخدا بەرپرسیارن لە پەیداکردنی ئاو بۆ خێزان. ئەوان لە کەمپدان یان لە دۆخێکی زۆر سەختدان، کەچی خێزان پێیان دەڵێن بچن ئاو بدۆزنەوە. ئەگەر کچێکی 18-19 ساڵان بیت 3-4 کیلۆمەتر بە پێ بچیت بۆ دابینکردنی ئاو، کێ دەزانێت لەنێوان شوێنی ژیانی خۆت و شوێنی ئاوەکەدا چی روودەدات؟ رەنگە گێچەڵیان پێبکرێت، تووندوتیژییان بەرامبەر بکرێت و گەلێک کێشە هەبێت. دەتوانم نموونەی دیکەیش لەسەر ئەوە بهێنمەوە. دەبێت بزانین کە لەو جۆرە کێشەیەدا رەهەندێکی تایبەت هەیە کە ئێستا گفتوگۆی دەکەین.
 
رووداو: کەواتە ئێستا گۆڕانی کەشوهەوا لەپاڵ هەڕەشە کۆمەڵایەتی و فەرهەنگییەکاندا هەڕەشەیەکی دیکەیە بۆ سەر مافەکانی ژنان؟
 
میشێل ڤیڤیۆرکا: بەڵێ، هەر بۆیە زۆر کۆنفڕانس و دیداری گەورە و نێودەوڵەتی ساز دەکرێن و باس لە گۆڕانی کەش و هەوا دەکەن. بە گشتی ساتێک هەیە کە خەڵک گفتوگۆی ئەم جۆرە کێشانەی تێدا دەکەن.
 
رووداو: باسی هاودەنگیت کرد، هاودەنگیی جیهانی بۆ چارەسەرکردنی کێشەیەکی وەک کەش و هەوا. بەڵام دواجار گۆڕانی کەش و هەوا وڵات و سنوورەکان و هیچ سیستمەمێکی سیاسی ناناسێت. ئەمە سرووشتە، بەڵام هاوکات ئێمە لە سەردەمێکدا دەژیین کە بە جۆرێک لە جۆرەکان میکانیزمە نێودەوڵەتییەکان تێیدا ناکاران، ئەوە قسەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانە کە وادەڵێت. دەڵێت: "ئەنجوومەنی ئاسایش ئیدی کارا نییە و هەر وڵاتێک بۆ بەرژەوەندیی خۆی بەکاریدێنێت و دەزگایەکی نێودەوڵەتیی وەک یوئێن کە ئەویش بەرهەمی جەنگی یەکەم و دووەمی جیهانییە، لە چارەسەرکردنی قەیرانێکی وەک قەیرانی ئۆکراینادا هیچی پێناکرێت." هاوکات تاکگەرایی لە دەسەڵاتدا لە هەڵکشاندایە، بۆ نموونە راستڕەوەکان، یان ئیدی هیچ شتێک جیهانگەرا نییە و خەڵک دەڵێن با دەست بە کڵاوی خۆمانەوە بگرین و خەمی ناوماڵی خۆمانمان بێت و واز لەوی دیکە بهێنین. بەڵام پێتوایە ئایا لە جیهانێکی وادا کە ئێستا تێیدا دەژیین ئەگەری هاودەنگی هەبێت؟ ئەگەری هەیە، بەڵام ئایا ئاسانە؟
 
میشێل ڤیڤیۆرکا: خۆی هاودەنگی پێویستییەکە کە هەرگیز نەمگوتووە ئاسانە سەرەتا پێم خۆشە بە زیادکردنی قسەیەک پشتگیریی قسەکەت بکەم کە ئەوەی لەسەر ئاستی نیودەوڵەتی باست کرد لە ئاستەکانی دیکەیشدا راستە. بۆیە دەبێت بڵێین پێویستمان بە دەسەڵاتی زیاتری دەزگایی یان دەسەڵاتی سیاسییە تاوەکو لە هەموو ئاستەکاندا مامەڵە لەگەڵ ئەم کێشە نوێیانەی وەک گۆڕانی کەش و هەوادا بکەین. نەک تەنیا هەر گۆڕانی کەش و هەوا، خۆ ئۆکراینا گۆڕانی کەش و هەوا نییە. بۆیە لە ئاستی راستەقینەدا پێویستمان بەو دەزگایانەیە و، ئێستا نەتەوە یەکگرتووەکان لەم ئاستەیدا و لە ئاستی هەرێمایەتی و نیشتمانیی و نێوخۆییدا ناتوانێت مامەڵە بکات. بۆیە ئەگەر کارەساتێکی ناوخۆییت هەبێت، وەک لافاوێکی گەورە یان شتێکی لەو جۆرە، ئەوا گەلێک کێشەت بۆ دروست دەکات، ئەگەر دامودەزگا و هەیکەلی حکومی و کارەکتەری سیاسیت نەبێت کە بیانەوێت ئەمە بە جیددی وەربگرن، ئەوا شتەکان کارەساتبار دەبن بۆیە ئەو کێشانەی باست کردن لە هەموو ئاستەکاندا راستن و من هاوڕاتم کە ئێستا لە ئاستی نێودەوڵەتیدا زۆر دوورین لە ژیانکردن لە جیهانێکدا کە تێیدا بتوانرێت ئەمە بە راستی مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، من نموونە لەبەرچاو دەگرم و نامەوێت قسەی سیاسییانە بکەم بەڵام بڕوانە تا ئەو کاتەی کێشەی ئیسرائیلی و فەلەستینییەکان لە ئارادا بێت، نەتەوە یەکگرتووەکان چەندە گاڵتەجاڕانەیە! گاڵتەجاڕانەیە، من سکرتێری گشتی ناناسم و رەنگە کەسێکی باش بێت، بەڵام ئەوەی دەیڵێت گرنگ نییە و هیچ ناگۆڕێت. جا مەبەستی من ئەوەیە ئێمە لەم ئاستەدا پێویستمان بەم دەزگایە و یاسا نێودەوڵەتییەکانە و هەروەها بۆ گۆڕانی کەش و هەوای جیهان و بۆ جەنگیش پێویستمانە. بۆ زۆر لایەنی ژیانمان پێویستمانە. بۆیە ئەوەی بۆ قسەکەی تۆم زیاد کرد ئەوەیە کە ئەو بابەتە بۆ هەموو ئاستەکان راستە نەک تەنیا لە ئاستی جیهانیدا.
 
رووداو: تۆ بە کارەکانت لە بارەی تووندئاژۆیی و تیرۆر و هۆکارە ریشەییەکانی بەنێوبانگیت، نەک تەنیا هۆکارە سیاسییەکانی بەڵکو ریشە کۆمەڵایەتییەکانی، گۆڕانی کەشوهەوا چۆن تووندئاژۆیی لە جیهاندا زیاد دەکات؟
 
میشێل ڤیڤیۆرکا: کاتێک خەڵک چارەسەر نادۆزنەوە بۆ باشکردنی گۆڕانی کەشوهەوا و کەمکردنەوەی و بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کاریگەرییەکانی لە کۆمەڵگەدا ئەگەر کۆمەڵگە هیچ توانایەکی نەبێت بەرەنگاری گۆڕانی کەشوهەوا و کاریگەرییەکانی ببیتەوە، ئەوا رێ بۆ شتی ناخۆش خۆش دەکات کە مەرج نییە هەر تووندئاژۆیی بێت دەکرێت ببێتە مایەی ئەوەی خەڵک ئیدی نەیانەوێت منداڵ بخەنەوە و کاریگەریی لەسەر دیمۆگرافی هەبێت، دەکرێت ببێتە مایەی زۆربوونی بیری ئایینی. دەکرێت ببێتە مایەی زۆر شت کە مەرج نییە شتی خراپ بێت. بەڵام دەکرێت لۆژیکییش بێت کە ببێتە مایەی تیرۆریزم و تووندئاژۆیی سیاسی و هەندێک جۆری تووندوتیژی لە گۆڕانی کەشوهەوادا ئەگەری ئەوانە لە کاتی دیکە زیاترە، بەڵام راستەوخۆ نییە. کێشەکە ئەوەیە ئێمە حەز دەکەین بە شێوەی زۆر سادە بیربکەینەوە شتەکە بەو جۆرە نییە و ئاڵۆزترە بە خێرایی نموونەیەکی سووریام باسکرد ئەگەر کاتم هەبووایە هەوڵم دەدا ئەو قۆناخە جیاوازانەشی بکەمەوە کە ناڕاستەوخۆ بوونە مایەی دروستبوونی رێکخراوی تیرۆریستی. من نەمگوتووە کە گۆڕانی کەش و هەوا تیرۆریزم بە دوای خۆیدا دەهێنێت. راستەوخۆ شتی وا ناکات، بەڵام دۆخێک دروست دەکات کە وادەکات ئەگەری ئەوە هەبێت هەندێک پرۆسە ببنە مایەی تیرۆریزم.
 
رووداو: ئەگەر بە گشتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبەرچاو بگرین بەهۆی گۆڕانکارییە مرۆییەکان و دەسەڵات و ململانێکانەوە، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست تەنیا کێشەی خەڵکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە، لەم چەند دەیەی دواییدا هەموو جەنگ و ململانێکانی ئێرە کێشەی تەواوی جیهان بووە بەڵام ئێستا هەڕەشەیەکی دیکە هەیە کە گۆڕانی کەشوهەوایە تەنانەت بە لەبەرچاوگرتنی گۆڕانی کەشوهەوا، لە جیهاندا ئەو ناوچەیەی زۆرترین کاریگەریی ئەو گۆرانەی لەسەر دەبێت دیسان رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە کە ناوچەیەکە هەر ئێستا خۆی بەهۆی هەموو ئەو کێشانەیەوە کە لەم سەدەیەدا هەیبووە لاواز بووە چۆن پێشبینیی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ململانێ زۆرەکانی دەکەیت کە کێشەی گۆڕانی کەشوهەواشی بۆ زیاد ببێت؟
 
میشێل ڤیڤیۆرکا: بە داخەوە چەند بەشیکی دیکەی جیهانیش دەناڵێنن ئەگەر بچیت بۆ ئەفریقا، لەوێش دۆخێکی هەر زۆر مەترسیدار هەیە، بەڵام با باسی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەین کاتێک دەوڵەتێکی بەهێزت بە دامودەزگای تووندوتۆڵ و ژیانی سیاسییانە و کارەکتەرانێکەوە هەبێت کە بزانن چۆن پێکەوە مامەڵە و دانوستاندن و سازش بکەن، ئەوە زۆر باشتر دەبێت لەوەی کە دەوڵەتێکی بەهێزت نەبێت و دامودەزگات نەبێت و حیزبی سیاسیت نەبێت کە بیەوێت شان بداتە ژێر کێشەی گەورەی وەک ئەمە. بۆیە وەڵامەکەم ئەوە دەبێت، ئەگەر ئێوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدان، ئەوا دەزانن کە خراپترین دۆخ ئەو دۆخەیە کە دەوڵەت یان دەسەڵاتە نێوخۆییەکان لاوازن. ئەگەر زۆر لاواز نەبن، بۆ نموونە دەتوانن نەک تەنیا یارمەتیی خەڵک بدەن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کەمئاوی بۆ نموونە، بەڵکو دەشتوانن لەگەڵ وڵاتانی دیکەدا گفتوگۆ بکەن، من دەزانم کە ئێستا لەسەر ئاو کێشەی گەورە لەنێوان وڵاتی ئێوە و تورکیا هەیە لەسەر دوو رووبارەکە جا ئەگەر عێراق یان هەرێمی کوردستان بە‌هێزبن دەتوانن لەگەڵ تورکیادا گفتوگۆ بکەن ئەگەر لاواز بن، ئەوا زۆر قورستر دەبێت بۆیە مەبەستم ئەوەیە کە لە هەموو وڵاتاندا پێویستمان بە دامودەزگا و حیزبی سیاسی و رێکخراو و کەسایەتی و دامەزراوەی بەهێزە تا ئەم کێشەیە بە جیددی بگرن ئەگەر ئەمانەت نەبێت کە هەندێک جار لەم بەشەی جیهاندا بەم جۆرەیە، ئەوا گۆڕانی کەشوهەوا بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیدا زۆر قورستر دەبێت ئەمە مەبەستەکەی منە.
 
رووداو: ئایە پێتوانییە کە ئەمە دژیەکییە؟ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گۆرانی کەشوهەوادا پێویستت بە دەوڵەتی بەهێزە، بەڵام هاوکات پێویستیشت بە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی بەهێزیشە زۆرجار دەوڵەتی بەهێز لانی کەم لە روانینی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە، بەڵام لێرە تەنیا مەبەستم رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە مەبەستم هەموو جیهانە، دەوڵەتێکی بەهێز بە جۆرێک لە جۆرەکان واتە بزووتنەوەیەکی کۆمەڵایەتیی لاواز چۆن ئەم دژیەکییە دەبینیت؟ دەوڵەتێکی بەهێزمان بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا دەوێت، بەڵام هاوکات پێویستمان بەوەیە گەنجان لەسەر شەقامەکان بن، لە کاتێکدا ئەمە شتێکە کە لە هیچ شوێنێکی جیهاندا دەوڵەتی بەهێز حەزی پێناکات.
 
میشێل ڤیڤیۆرکا: ئێستا وشەیەک هەیە کە دەتوانین بەکاریبهێنین، ئەویش وشەی دیموکراسییە پێموایە ئێستا زۆر زیاتر لە رابردوو پێویستمان بە دیموکراسییە ئەمڕۆ بۆ ئەوەی بە دیاریکراوی وەڵامی ئەم پرسیارە بدرێتەوە، ئێستا زۆر کەس دەڵێن: "باشە، پێویستمان بە دەوڵەتی بەهێزە و دەبێت پشتیوانیی رژێمی سەرکوتکەر بکەین" ئەو وڵاتانەی کە هەندێکجار پێیاندەڵێین رژێمە نالیبراڵەکان، کە زۆر لە دیموکراسییەوە دوور نین، بەڵام بە راستییش دیموکراسی نین جا مەبەستم ئەوەیە، من نموونەیەکت دەدەمێ، ئێمە تەنیا پێویستمان بە دەوڵەتێکی بەهێز نییە، پێویستمان بە دیموکراسییە کە زیاتر رەوایەتی بەم دەوڵەتە بەهێزە دەدات و وادەکات زیاتر بتوانێت بە کۆمەڵگەوە پەیوەست بێت نموونەیەکت دەدەمێ، کاتێک ڤایرۆسی کۆرۆنا سەریهەڵدا، هەموومان لە جیهاندا سەرسامی چین بووین کە رژێمێکی تاکڕەوانەیە و رووبەڕووی ئەو نەخۆشییە بووەوە و توانیی لە سێ هەفتەدا نەخۆشخانە دروست بکات. رەنگە ئەمانەت بیرمابن.
 
بۆیە چین دەوڵەتێکی زۆر بەهێز بوو، بەڵام ئەنجامەکەی زۆر خراپ بوو. لەو بەشەی جیهان کە لێی دەژیم، لە ئەڵمانیا، لە فەرەنسا، وامان بیردەکردەوە کە ئێمە زۆر باش نیین. دەوڵەت بەهێزە، بەڵام تاکڕەو نییە و، دواجار ئەنجامەکە زۆر باشتر بوو. بۆیە مەبەستم ئەوەیە کە دەبێت زۆر بە جیددی ئەم بیرۆکەیەی دەوڵەتی بەهێز لە بەرچاوبگرین، بەڵام نەک تاکڕەو بێت. دەوڵەتێکی بەهێز کە پابەندی دیموکراسی بێت. بە لای منەوە ئەمە باشترین چارەسەرە. ئینجا دیموکراسی واتە حیزبە سیاسییەکان، یەکێتییە بازرگانییەکان، رێکخراوە ناحکومییەکان، دەزگا نێوخۆییەکان هەبن. ئەگەر ئەمانەت نەبن، ئەوا رژێمێکی زۆر تاکڕەوت هەیە و رەنگە سوپا خەڵکی ناچار بکەن ئەو شتە بکەن کە دەسەڵات دەیەوێت، دواجاریش ئەنجامی خراپی دەبێت. ئەمە تێڕوانینی گشتیی منە.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە