سیابولێلا ماندێلا: ئەوەی خەڵکی ئێمە بە کورد دەبەستێتەوە، شەڕە بۆ سەربەخۆیی

رووداو دیجیتاڵ
 
سیابولێلا ماندێلا، نەوەی نیلسۆن ماندێلا پێیوایە مێژووی کورد نزیکە لە خەڵکی رەشپێستی ئەفریقای باشوور و دەڵێت، ماندێلا مەلا مستەفای وەک هاوتای خۆی بۆ خەباتی سەربەخۆیی باسکردووە و ئەوەی خەڵکی ئەوانیش بە کورد دەبەستێتەوە، شەڕە بۆ سەربەخۆیی. 
 
کاژێر 22:00ی شەوی دووشەممە 6-3-2023 هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ سیابولێلا ماندێلا، نەوەی نیلسۆن ماندێلا پەخشکرا و گوتی: دەزانین کە کورد بێ پشوودان تێکۆشاوە لە شەڕی گەیشتن بە سەربەخۆیی، لەبەرئەوە دەبێت کورد هەمیشە ئەوەی بیربێت کە بە تەنیا نییە.  
 
ئەو نەوەیەی ماندێلا لەبارەی ئەوەی کە خێزانەکەی تاوەکو چەند ئاگایان لە خەباتی کوردە، گوتی "خێزانی ماندێلا ئەوەی لە ئەستۆ گرتووە کە بۆ سەربەخۆبوونی یەکجارەکیی گەلی کورد، بەردەوام بێت لە گەیاندنی دەنگی گەلی کورد لە ناوچەکەدا."
 
دەقی هەڤپەیڤینەکەی رووداو لەگەڵ سیابولێلا ماندێلا
 
رووداو: خۆشحاڵم بە بینینت، دکتۆر ماندێلا.
 
سیابولێلا ماندێلا: خۆشحاڵم بە بینینت. سوپاس بۆ ئەم میواندارییە. 
 
رووداو: بەخێربێیت. دەزانیت من سەیری ئەو فیلمانەم کردووە کە لەبارەی نیلسۆنماندێلاوەن کاتێک لاو بوو و خەباتی دەکرد؟ ئەو پیاوێکی قۆزی گەنج بوو. جا تۆیش لەو دەچیت. دەزانیت؟
 
سیابولێلا ماندێلا: ئەوە بەرز دەنرخێنم.
 
رووداو: بەڵێ.
 
سیابولێلا ماندێلا: پێشتریش ئەوەم بیستووە. خەڵک باسیان کردووە.
 
رووداو: ئەوەت بیستووە؟ 
 
سیابولێلا ماندێلا: بەڵێ.
 
رووداو: بەخێر بێیت بۆ تۆڕی میدیایی رووداو. دەزانیت کە خەڵکی کورد لە کوردستانی گەورەدا و بە تایبەتی لەم بەشەدا نیلسۆنماندێلایان زۆر خۆش دەوێت؟ 
 
سیابولێلا ماندێلا: بەڵێ.
 
رووداو: بەر لەوەی بێیت بۆ ئێرە، چیت لەبارەی کوردستانەوە بیستووە؟
 
سیابولێلا ماندێلا: مێژووی خەڵکی کورد نزیکە لە خەڵکی رەشپێستی ئەفریقای باشوور. لە رێگەی مێژووەوە دەزانین کە کورد چۆن بێ پشوودان تێکۆشاوە لە شەڕی گەیشتن بە سەربەخۆیی تەواوەتی و فیدراڵی بۆ خەڵکەکەی. 
 
لە ساڵانی 1920 بە دواوە تا ئەمڕۆ کورد بێ پشوو شەڕی کردووە دان بە مافەکانیدا بنرێت، بە گشتی شەڕی بۆ خەڵکی کورد کردووە، بۆ مافی ئەوەی خەڵکی کورد وڵاتێکی سەربەخۆیان هەبێت. جا ئەوەی خەڵکی ئێمە، بە تایبەتی رەشپێستەکانی ئەفریقای باشوور، بە [کوردەوە] دەبەستێتەوە ئەو پەیوەندییەیە کە شەڕە بۆ سەربەخۆیی، شەڕە دژی شێوە جیاوازەکانی بێدادی. 
 
ئێوە تێدەگەن کە نیلسۆنماندێلا لە سەردەمی خۆیدا لە خەباتێکی بێپشوودا دژی رژێمی ئاپارتاید لە ئەفریقای باشوور جەنگا. جا ئێمە  بەشداریی خۆشیی خەڵکی کورد دەکەین کە ئەم مێژووە هاوشێوەیەمان هەیە، هەر وەک ئەوەی خەڵکەکەی منیش بۆ مافی چارەی خۆنووسین، مافی هەبوونی وڵاتی سەربەخۆ جەنگان. 
 
جا بە درێژایی مێژوو لە 1920ـەکانەوە کورد زۆر چەوسێنراوەتەوە و مافەکانی پشتگوێ خراون. مافی دەستگەیشتن بە جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکانەوە ساڵی 1948 راگەیێنراوە. لەو کاتەیشەوە خەڵکی کورد هەرگیز دەرفەتیان نەدراوەتێ چێژ لەو جاڕنامە گەردوونییەی مافەکانی مرۆڤ وەربگرن. 
 
جا هەر وەک خەڵکی کورد، خەڵکێکی زۆری رەشپێست لە سەردەمی سیستمی کۆڵۆنیالیزمدا لە ئەفریقای باشوور بەو دۆخەدا تێپەڕین لە سیستمی ئاپارتایددا. ئینجا نیلسۆنماندێلای باپیرە گەورەم بەشێک بوو لە بزووتنەوەی رزگاریخوازی. 
 
ئەوە ئەو جۆرە مێژووەیە، ئەوەی چۆن زانیاری لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەی دواتر و دواتر و ئێمە بگوازرێتەوە. جا خەڵکی کوردیش وەک ئێمە وان و هەمان تێکۆشانی هاوبەشمان هەیە. هەر بۆیە کاتێک نیلسۆنماندێلا لە ساڵی 1990دا ئازاد کرا گوتی: "سەربەخۆییەکەمان تەواو نەبووە تا گەلی فەلەستین و گەلانی چەوساوەی جیهان، لە ناویشیاندا گەلی کورد لە کوردستان، ئازاد نەبن." بۆیە گەلی کورد زۆر لە گەلی ئێمە دەچێت و ئێمە لە مێژوو و خەباتدا هاوبەشین. ئەوە بۆیە ئەمڕۆ من لە کوردستانم بۆ ئەوەی زیاتر لەسەر شەڕ و خەباتیان لە پێناو سەربەخۆیی یەکجارەکیی گەلی کورددا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بدوێین.
 
رووداو: زۆر باشە. نیلسۆنماندێلا لە کتێبی یادەوەرییەکانیدا پشتیوانیی کوردی کردووە کە مافەکانیان بەدەستبهێنن. هەروەها رەتیدەکاتەوە لە تورکیا ستایشی ئەتاتورک بکات و، لەبەر چەوساندنەوەی کورد لە تورکیا ئەوە رەتدەکاتەوە. تا چەندە نیلسۆنماندێلا ئاگای لە مافەکانی کورد بووە لە کوردستاندا؟ 
 
سیابولێلا ماندێلا: نیلسۆن ماندێلا لە سەردەمی خۆیدا لە ئەفریقای باشوور دژی کۆلۆنیاڵیزم و ئاپارتاید دەجەنگا. لەگەڵ گرووپی دیکەی سەرانسەری جیهاندا هاوپەیمانێتییان پێکهێناوە. بەوەیش بە یەکسانی خەباتیان بەرەو پێش دەبرد لە پێناو مافی چارەی خۆنووسیندا. ئەوان خەباتیان کرد بۆ مافی دەنگدان و هەڵبژاردن و، خۆمان، خۆمان بەڕێوە ببەین، مافی ئەوەی وەک خەڵک هەبین، بۆیە هاوپەیمانێتییان دروست کرد، بۆ نموونە نیلسۆنماندێلا بەشێک بوو لە ئەنجوومەنی نیشتمانیی ئەفریقایی. 
 
پەیوەندیی زۆر نزیکی لەگەڵ خەڵکانی بەرەی ئازادیی فەلەستیندا هەبوو کە لەلایەن یاسر عەرەفاتەوە رابەرایەتی دەکرا. یاسر عەرەفات هاوڕێیەکی زۆر نزیکی باپیرە گەورەم بوو. ئینجا ئێمە لە رێگەی ئەو پەیوەندییانەوە لە خەباتی خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە فێربووین، بە تایبەتی لە فەلەستینی و کوردەوە کە نەوەی کۆن و نیلسۆنماندێلا لەگەڵ خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەیانبوو. 
 
ئێمە لە رێگەی کتێبەکانی مێژوومانەوە ئاگاداری زۆر شێوازی جودای ئەو بزووتنەوە رزگاریخوازنە بووین کە کورد کردوونی و، شەڕیان بۆ سەربەخۆیی یەکجارەکی و مافی چارەی خۆنووسین کردووە بۆ ئەوەی وڵاتی خۆیانیان هەبێت. ئێمە لە رێگەی مێژووەوە دەزانین کە کورد جینۆسایدی زۆری بەسەردا هاتووە لە تورکیا، سووریا، عێراق و ئێران. خەڵکی کوردستان شکۆ و وڵاتینامەی خۆیانیان لێ زەوت کراوە. بۆ نموونە ئەگەر سەیر بکەین چۆن حکومەتی تورکیا، یان چۆن حکومەتی سووریا وڵاتینامەیان لە کورد زەوت کردووە لەو وڵاتانەدا. بۆیە ئێمە ئەو مێژووە دەزانین. ئەوە بۆیە خەڵکەکەم، بە تایبەتی رەشپێستەکانی ئەفریقای باشوور، مامەڵە لەگەڵ خەباتی کورددا دەکات، چونکە رێک وەک ئەوەی ئێمەیە کە بۆ مافەکانیان دەجەنگن لە پێناو بە دیهێنانی مافی چارەی خۆنووسین و، مافی خۆبەڕێوەبەری وەک وڵات بۆ ئەوەی بتوانن بە شێوەی کولتووری گوزارشت لە خۆیان بکەن، تا بتوانن بەبێ دەستتێوەردانی نەتەوەکانی دیکەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسنامەی خۆیانیان هەبێت. 
 
جا لەم دۆخەدا کورد بە درێژایی مێژوو لە 1920ـەوە تا ئێستا چەوسێنراوەتەوە و پەراوێز خراوە و زیاتر شیاوە دەرفەتی بدرێتێ دەستی بە جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ بگات کە لە ساڵی 1948ـدا نەتەوە یەکگرتووەکان دەریکردووە. 
 
رووداو: خێزانەکەت چەندە ئاگایان لە خەباتی کوردە؟
 
سیابولێلا ماندێلا: خێزانی ماندێلا ئەوەی لە ئەستۆ گرتووە کە بۆ سەربەخۆبوونی یەکجارەکیی گەلی کورد، بەردەوام بێت لە گەیاندنی دەنگی گەلی کورد لە ناوچەکەدا. 
 
بەم نزیکانە مامم لە مەغریب قسەی کرد، باسی ئەو کێشانەی کرد کە پەیوەندییان بە سەربەخۆبوونی گەلی کورد و فەلەستینەوە هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بۆیە بە لای ئێمەوە وەک خێزان پەیوەندییەکی نزیک و پەیوەندیدارمان لەگەڵ خەباتی گەلی کورددا هەیە لە ناوچەکەدا،  لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. بۆیە بە لای ئێمەوە ئەوان زۆر لە خۆمان دەچن. ئەوە بۆیە ئەمڕۆ من لێرەم و بە متمانەبەخۆبوونەوە دەتوانم بڵێم کە گەلی کورد گەلی منە، چونکە رێک وەک گەلی من وایە. هەروەها ئەوانیش هێرشیان کراوەتە سەر و سەرکوتکراون و پەراوێزخراون و نکووڵی لە مافەکانیان بۆ چارەی خۆنووسین کراوە. من لەبەر ئەوە لێرەم کە لەگەڵ نەوەی نوێدا پەیوەندی ببەستم بۆ ئەوەی ستراتیجی و تاکتیک دابنێین کە چۆن ئێمە ئەم نەوەیە بەردەوام بین لە خەبات بۆ سەربەخۆبوونی یەکجارەکیی گەلی کورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. 
 
رووداو: ئێستا تۆ لە هەولێریت و ئەمڕۆ یەکەم رۆژتە. 
 
سیابولێلا ماندێلا: راستییەکەی ئەمڕۆ یەکەم رۆژمە و ئەم بەیانییە گەیشتوومەتە کوردستان. هەر لە ئێستاوە وا هەستدەکەم لە نیشتمانی خۆمم. 
 
رووداو: زۆر باشە. چی وای لێ کردیت حەز بکەیت میواندارییەکە بۆ بەشداربوون لە کۆڕبەندی هەولێردا پەسەند بکەیت؟ 
 
سیابولێلا ماندێلا: ئەگەر تۆ سەیری مێژووی ئێمە بکەیت، نیلسۆنماندێلای باپیرە گەورەم بە خۆشەویستییەوە باسی گەلی کورد و فەلەستینی دەکرد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. جا لەو مێژووەدا شتێک لە مندا چێنرا کە وەک سەرکردەیەکی لاو بڵێم ئێوە بەرپرسیارێتییەکتان لەسەر شانە کە دەنگی خەڵکانی پەراوێزخراو لە رابردوو و ئێستای جیهاندا بگەیێنن. 
 
جا گەلی کورد یەکێکە لەو گەلە پەراوێزخراوانەی جیهان کە هێشتا مافی چارەی خۆنووسینی نکووڵی لێ دەکرێت. هێشتا نکووڵی لەوە دەکرێت کە بگەن بە مافەکانی مرۆڤ، مافی سەربەخۆبوونی گەلەکەیان، مافی پەیڕەویکردن لە کولتوور و ناسنامەی خۆیان، تەنانەت بەکارهێنانی زمانیشیان شتێکە کە لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا پەراوێز خراوە. 
 
بە لای منەوە ئەوە شتێکە کە بەشێکە لە خوێنی من هەر وەک چۆن بەشێک بوو لە خوێنی نیلسۆنماندێلا و لەم نەوەیەدایە. هەر وەک چۆن بەشێک بوو لە خوێنی کەسانی وەک مستەفا بارزانی. کاتێک سەیری مستەفا بارزانی دەکەین، بەراوردی دەکەین بە ماندێلا لە ئەفریقای باشوور. کاتێک ماندێلا باسی مستەفا بارزانیی کرد، وەک هاوتای خۆی بۆ خەباتی سەربەخۆیی یەکجارەکیی گەلێکی سەرکوتکراو لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا باسی کرد.
 
بۆ نموونە کاتێک من هاتم بۆ ئێرە، چاوم بۆ شوێنی پەیکەری مستەفا بارزانی گێڕا، چونکە کاتێک من سەیری ئەو رابەرە دەکەم، بۆ من گوزارشتە لەو شتەی نیلسۆن ماندێلا لە ئەفریقای باشوور و کیشوەری ئەفریقا لە پێناویدا جەنگا. بۆیە من بە تەواوەتی پەیوەستم بە مێژووی خەباتی گەلی کوردەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. 
 
رووداو: پێم وایە تۆ زۆر باش لە خەباتی کورد تێدەگەیت. باشە بەر لەوەی بێیت روانینت بۆ کوردستان چی بوو؟ 
 
ماندێلا: خۆی بە شێوەیەکی سەرسامکەر روانینی من وا بوو کە دەچم بۆ شوێنێک بڕیارە لەوێ لەگەڵ خەڵکەکەی خۆمدا یەک بگرمەوە، چونکە گەلی کورد و گەلی ئەفریقای باشوور هەمان خەباتی هاوبەشیان هەیە. تەنانەت لە جیهانیشدا گەلی کورد لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک دەرکراو وێنایان کراوە. 
 
جا گەلی منیش لە ئەفریقای باشوور هە ربەو جۆرە وێنایان دەکرا. ئێمەیش لە نیشتمانی خۆماندا پەراوێز خراین و وەک هاووڵاتیی پلەدوو هەڵسوکەوتمان لەگەڵ کرا. لە نیشتمانی خۆماندا مافی دەستگەیشتن بە سەرچاوەکانی خۆمانمان نەبوو. ناسنامەی خۆمانمان لێ زەوت کرا. شکۆی خۆمانمان لێ زەوت کرا. مافی خۆمانمان بۆ دەنگدان و چارەی خۆنووسین لێ زەوت کرا. جا کاتێک هاتمە ئێرە، وەک ئەوە بوو لەگەڵ گەلەکەمدا یەک بگرمەوە و پێیانەوە پەیوەست ببمەوە کە هەمان خەبات و مێژووی هاوبەشمان هەیە. 
 
رووداو: باشە. تۆ زۆر باش ئاگات لە خەباتی نیلسۆنماندێلایە و زۆر وتارت لە بارەیەوە نووسیوە. چۆن ئیلهامت لە خەباتی نیلسۆنماندێلا وەرگرتووە و چۆن لێی سوودمەند بوویت؟
 
سیابولێلا ماندێلا: خۆی نیلسۆن ماندێلا کەسێک نەبوو کە تەنیا لە پێناوی ئازادیدا بجەنگێت و رابەرێکی شۆڕشگێڕ بێت، بەڵکو رابەرێکی پراگماتیکی بوو. ئەو پراگماتیکی بوو بەو مانایەی کاتێک رژێمی ئاپارتاید تووندوتیژیی بێبەزەییانەی دژ بە خەڵکی بێبەرگری بەرپا کرد، ئەو توانیی بە شێوەیەکی ستراتیجییانە لە رابەرایەتییەکەیدا ببێتە پراگماتیک و بڵێت ئێمە تووندوتیژی بەکاردەهێنین، لە خەباتێکی ناتووندووتیژەوە دەچینە ناو خەباتێکی تووندوتیژانەوە وەک رێگەیەک بۆ ئەوەی رژێمی ئاپارتاید بهێنینە سەر مێزی گفتوگۆ. بەڵام کاتێک رژێمی ئاپارتاید چووە ناو دانوستاندنەوە، نیلسۆن ماندێلا توانیی ببێتە پراگماتیک و بڵێت تووندوتیژی شتێک نییە کە ئەنجامەکەی ئەو جۆرە داهاتووە بێت کە دەمانەوێت بۆ نەوەی دواتری دروست بکەین. بۆیە گفتوگۆ و دانوستاندنێکی پراگماتیکییانەیان لەبارەی داهاتووی ئەفریقای باشوورەوە کرد کە بووە هۆی دەستەبەرکردنی داهاتوویەک بۆ نەوەکانی دواتر. 
 
ئەوە بۆیە من لێرەدا دەتوانم لە قسە بەردەوام بم، چونکە نیلسۆنماندێلا لە سەردەمی خۆیدا سەرکەوتوو بوو لەوەی خۆی لە شەڕی ناوخۆیی بپارێزێت لە پێناو بەدیهێنانی داهاتووی نەوەی دواتردا. بەڵام لە هەمان کاتدا ئەوان ناپاکییان لەو راسپاردەیە نەکرد کە نەوەی سەردەمەکەی و خەڵکەکەی شەڕیان لە پێناودا کرد کە سەربەخۆیی یەکجارەکی رەشپێستەکان بوو لە کۆڵۆنیالیزم و رژێمی ئاپارتایدی ئەفریقای باشوور. 
 
ئەو شێوازە پراگماتیکییەی رابەرایەتی ئەو جۆرەیە کە من لە وتارەکانمدا باسم کردوون، ئێمە دەتوانین دەستکەوتمان زۆربێت گەر بێتو بەشداری لە گفتوگۆی پراگماتیکدا بکەین سەبارەت بەوەی ئێستامان چۆن بێت و چۆن بەرەو پێش بچین. ئەو ململانێیەی ئێمەی تێدایە و ئەو رێگەی گفتوگۆیەی لە پێشمانە بۆ دەستەبەرکردنی داهاتوویەک بۆ نەوەی دواتر، ئەوە ئەو شتەیە من لێرەم بۆی، بۆ بەشداریکردن لە گفتوگۆ لەگەڵ خەڵکی گەنج تا بڵێم لێرە تووندوتیژی بە تەنیا ناتوانێت ببێتە چارەسەری ئەو کێشانەی رووبەڕوومان دەبنەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و، بە تایبەتی ئەو کێشانەی خەڵکی کوردستان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا رووبەڕوویان دەبنەوە تووندوتیژی تاکە چارەسەر نییە، بەڵکو نێوانگیری و دانوستاندن و گفتوگۆ دەتوانن یارمەتیمان بدەن بۆ بەدیهێنانی داهاتوویەکی زۆر باشتر بۆ خەڵکی کوردستان. 
 
بەڵام پێویستە بەردەوام بین لە خەباتێکی نەبڕاوە بۆ سەربەخۆیی یەکجارەکیی گەلی کوردستان تاوەکو گەلی کوردستان مافی چارەی خۆنووسینیان بەدی بهێنن و ئەو شوێنە رەوایەیان بدرێتێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تا وەک وڵاتێکی سەربەخۆ هەبن.
 
رووداو: د. ماندێلا، خەڵکی کورد زۆر بە سەختی کار دەکەن بۆ ئەوەی ئیدی رووبەڕووی جیاکاری نەبنەوە و هەروەها لە نیشتمانی خۆیاندا بە مافی چارەی خۆنووسین بگەن. دەبێت چی بکەن؟ یان تا چ رادەیەک دەتوانن خەباتی نیلسۆنماندێلا لە رێگەکەیاندا بەکاربهێنن بۆ ئەوەی ئەم ئامانجە مەزنانە بە دەست بهێنن؟
 
سیابولێلا ماندێلا: پێموایە خەڵکی کورد و هەروەها کوردستان وەک هەرێمێک زیاتر دەتوانن لەو ستراتیج و تەکنیکانەوە فێر ببن کە ماندێلا لە سەردەمی خۆیدا لە شەڕی سەربەخۆبوونی یەکجارەکیی خەڵکی سەرکوتکراو و پەراوێزخراوی ئەفریقای باشوور لە ناوچەی ئەفریقادا بە گشتی جێبەجێی کردن. ئەوەندە زۆرن کە دەتوانرێت لێیانەوە فێر ببن. یەکێک لەوانە ئەو کێشانەن کە ئاماژەم پێ دا و گوتم، تووندوتیژی بە تەنیا ناتوانێت ببێتە چارەسەری ئەو کێشانەی رووبەڕووی گەلی کورد و هەرێمی کوردستان دەبنەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا وەک ناوچەیەک کە پێوەی بەستراونەتەوە. بەڵام گفتوگۆ و نێوانگیری و دانوستاندن دەتوانن ببنە ئەو کلیلانەی بەکاربهێنرێن بۆ بەدیهێنانی ئازادی و سەربەخۆیی و مافی چارەی خۆنووسین بۆ کوردستان و گەلی کورد بە گشتی. 
 
بۆیە ئەوانە هەندێک لە سیفەت و شوێنپێ و شێوازی رابەرایەتین کە دەتوانرێت لە ماندێلاوە وەربگیردرێن. بەڵام ئەوە بۆ ئەوە نییە بگوترێت کە هەموو شتێک بێکەموکوڕی بووە لەو بزووتنەوە رزگاریخوازەدا کە نیلسۆنماندێلا رابەرایەتیی کردووە. بەڵام هێندە وانەی تیدایە کە دەتوانرێت لێوەی فێر ببیت وەک ئەوەی ئێمە خەباتمان بەرەو پێش برد بۆ بەدیهێنانی سەربەخۆیی یەکجارەکی و بەدیهێنانی مافی چارەی خۆنووسین. جا زۆری تێدایە بۆ مافی خۆبەڕێوەبەریی کورد کە دەتوانرێت لە بەڕێوەبردنەکەی ماندێلاوە فێر ببن. 
 
رووداو: د. ماندێلا، ئەوەندەی من ئاگادارم تۆ پشتیوانی مافەکانی مرۆڤ دەکەیت. جا پرسیارەکەم ئەوەیە کە ئایا تۆ ئاگاداری مافەکانی کوردیت، مافەکانی کورد لەو وڵاتانەی تێیدا دەژین رێزیان لیناگیرێت. 
 
سیابولێلا ماندێلا: بەڵێ، تەواو ئاگام لێیەتی کە لە تورکیاوە بۆ سووریا، لە سووریاوە بۆ عێراق، لە عێراقەوە بۆ ئێران لە 1920ـەوە تاوەکو ئەمڕۆ مافی گەلی کورد پێشێل کراوە. ئەوە بۆیە ئەمڕۆ بە جەختەوە پێم گوتیت خەباتی گەلی کورد بۆ سەربەخۆیی زۆر هاوشێوەی خەباتی ئەفریقای باشووریە دژی جیاکاری و نەژادپەرستیی رژێمی ئاپارتاید. 
 
ئەوە بۆیە ئێمە هاوکاریی گەلی کورد دەکەین. ئەوە بۆیە ئەمڕۆ لێرەم تا بپەرژێمە سەر کێشەکانی مافی مرۆڤ کە پەیوەندیی هەیە بە مافەکانی گەلی کوردەوە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. ئاخر ئەوان گرووپێکن بە فەلەستینییەکانیشەوە کە بەردەوام مافەکانیان پەراوێز دەخرێت و نکووڵییان لێ دەکرێت. ئەوان بەردەوام ناهێڵرێت بگەن بە جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤ. جا نەتەوە یەکگرتووەکان لە زۆر لایەنەوە شکستی هێناوە لەوەی مافی گەلی کورد بپارێزێت. شکستی هێناوە لەوەی لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئۆتۆنۆمی دەوڵەتی کورد بناسێنێت، هەر بەو جۆرەی بەردەوامن لە رێگەدان بە ئاپارتایدی ئیسرائیلی دژی گەلی فەلەستین بێ ئەوەی رێگری لێبکەن.  ئێمە بینیومانە لە رابردوودا کە چۆن ئیدارەی ترەمپ بڕیاری دا باڵیۆزخانەی ئەمریکا ببرێتە قودس کە ئەوە نکووڵیکردنی تەواوەتی بوو لەو راستییەی کە حکومەتی ئیسرائیل ئاپارتاید دژی خەڵکی فەلەستین جێبەجێ دەکات. بۆیە بە لای ئێمەوە ئەو دوو نەتەوەیە، فەلەستین و کوردستان، هەر زۆر گرنگن بۆ گەلی من و خەڵکی رەشپێست و بە گشتییش ئەفریقای باشوور و، بە تایبەتی زۆر گرنگ بوون بۆ ماندێلا و هاوسەردەمەکانی. ئێمە لەوێوە فێری ئەو مێژووە بووین، ئەوە بۆیە نەوەی من بەردەوام بووە لەسەر دامەزراندنی پەیوەندییەکان لەگەڵ نەوەی لاوی ئێرە لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بڵێین چۆن پێکەوە بین و یارمەتیتان بدەین لە خەباتەکەتاندا وەک گەلی کورد پێش بکەون. چونکە ئێوە لەگەڵ ئێمەدا بوون کاتێک لە ئەفریقای باشوور بۆ سەربەخۆییمان دەجەنگاین. جا ئێستا ئێمە بە دەستمان هێناوە. ئێمە دەمانەوێت ئەو رێگایانە بدۆزینەوە کە بە هۆیەوە بتوانین  لە سەرانسەری جیهاندا دەنگتان هەڵبڕین، بۆ ئەوەی خەباتەکەتان وەک ئەوەی ئێمە بناسرێت. 
 
سیابولێلا ماندێلا: من دەمەوێت باسی نەوەی نوێ لە ئەفریقای باشوور بکەم و ئەفریقای باشوورش بە شێوەیەکی گشتی، ئێوە چۆن یارمەتی نەوەی نوێ و گەنجەکان دەدەن تا شوێن خەباتی نیلسۆن ماندێلا بکەون، لە لۆژیک، پرەنسیپەکان و ژیانی نیلسۆن ماندێلا؟ 
 
سیابولێلا ماندێلا: وەک نەوەی نوێ لە ئەفریقای باشوور و هەروەها و کیشوەری ئەفریقا بەشێوەیەکی گشتی، ئێمە بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشمان هەیە بۆ برەودان بە ئەو رێبازەی کەسانی وەک ماندێلا لە ئەفریقای باشوور، کەسانی وەک کوانێ نکروما، کەسانی وەک جۆمۆ کینیەتتا و هەروەها ژمارەیەکی زۆر پاڵەوانی ژن و پیاو کە بێ ماندووبوون خەباتیان کرد بۆ ئازادکردنی هەموو ئەو خەڵکانەی رەچەڵەکی ئەفریقییان هەیە.
 
بۆیە ئێمە وەک نەوەی گەنج بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشمان هەیە بۆ برەودان بەو رێبازە. هەر بۆیە ئێمە بەردەوام لە پەیوەندیداین و بەردەوام خەریکی جووڵاندنی [شەقامین] بۆ بەرپرسیارکردنی سەرکردەکانی ئەفریقا، ئەوەش کاتێک ئەوان خەڵکی ئەفریقا دەقۆزنەوە، کاتێک سەرچاوەکانی ئەفریقا و وڵاتەکانی ئەفریقا بەو لایەنە دەفرۆشن زۆرترین نرخ دیاریدەکات کە زۆر جار داگیرکەرەکانی پێشوومانن. 
 
بۆیە ئێمە بەردەوامین، ئەگەر سەیری نموونەکان بکەیت، مافی پەروەردەی خۆڕایی لە ئەفریقای باشوور، تا دەگاتە بەهاری عەرەبی لە باکووری ئەفریقا، ئەمانە ئەو بزووتنەوانەن کە بەشێوەیەکی سەرەکی لەلایەن گەنجانەوە بەڕێوەدەبران بە بەکارهێنانی سەکۆی وەک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لەبارەی چۆنیەتیی بەردەوامیدان و برەودان بە رێبازەکە لە ئەفریقا، ئەمە بۆ کاتێکە ئێمە ئەفریقایەکمان لای خۆمان وێناکردووە کە ئاوەدانە، ئەفریقایەک کە لەگەڵ خۆیدا ئاشتە، ئەفریقایەک کە گەشە دەکات. ئەوە رۆڵی ئێمە وەک ئەم نەوەیە. بۆیە ئێمە یەکدی ئاراستە دەکەین بۆ گەیشتن بەو [ئامانجە] دیاریکراوە. 
 
سیابولێلا ماندێلا: دکتۆر ماندێلا. سەرکردەی سیمبوولی ئەفریقا، نیلسۆنماندێلا لەکاتێکدا لە ژیاندا مابوو دەستی لە کار کێشایەوە، دەمەوێت بزانم ئاخۆ هیچ کەسێک لە خێزانی ماندێلا ئێستا پۆستی باڵای لە حکومەتی ئەفریقای باشوور هەیە؟  
 
سیابولێلا ماندێلا: بەڵێ بە دڵنیاییەوە. خێزانی ماندێلا بەشێکی دانەبڕاو بووە لە حکومەتی دوای ئاپارتاید لە ئەفریقای باشوور. کاتێک باپیرە گەورەم نیلسۆنماندێلا دەستی لە کار کێشایەوە، نەوەکەی کە دەکاتە سەرۆک هۆزی خێزانی ماندێلا، ماندلا ماندێلا، ئەو لە ساڵی 2000ەوە بەشێک بووە لە حکومەتی ئەفریقای باشوور. لە راستیدا ئەو ئێستا ئەندامی پەرلەمانە لە حکومەتی ئەفریقا. پێموابێت ئەو پۆستەی ئێستای بریکاری وەزیرە لە حکومەتی ئەفریقای باشوور و هەروەها ئەندامی پەرلەمانە لە حکومەتی ئەفریقای باشوور. بە دڵنیاییەوە وەڵامی من بەشداریکردنە لە حکومەت. هەروەها لە روانگەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانەوە، یەکێک باڵیۆزی ئەفریقای باشوور بووە لە باشووری ئاسیا و یەکێکی دیکە لە ئەوروپا، کەسێکیش لە ئەمریکای باشوور. بۆیە ئێمە بەردەوام بووین لە بەشداریکردن لە حکومەتی ئەفریقای باشوور.  
 
رووداو: من دڵنیام ئێوە نیلسۆنماندێلاتان بینیوە، وایە؟ 
 
سیابولێلا ماندێلا: بەڵێ 
 
رووداو: دەتوانیت شتێکم لەبارەی ئەوەوە پێ بڵێیت؟ خۆشترین یادگاریی تۆ لەگەڵ ئەو چییە؟  
 
سیابولێلا ماندێلا: یەک لە یادەوەرییەکان کە لە راستیدا لە منەوە نزیکە بریتییە لەو نەریتە بەردەوامەی کە کەسانی گەنجی کۆدەکردەوە لە گوندەکەمان. من خەڵکی گوندی کونوم. خێزانی ماندێلا خەڵکی گوندی کونون کە دەکەوێتە بەشی رۆژهەڵاتی ئەفریقای باشوور. پێموابێت ئەوە نەریتێک بوو کە حەوت ساڵ کردی، هەموو ساڵێک لە 25 کانوونی یەکەم یادی دەکردەوە، بەو جۆرە بوو نیلسۆنماندێلا بە شێوەیەک خۆی وەک بابا نوئێل پیشاندەدا و خەڵکی گەنجی لە هەموو گوندەکەدا کۆدەکردەوە و تەوقەی لەگەڵ دەکردن و دیاری پێدەدان و سەرگەرمی دەکردن و کاتێکی خۆشیان بەسەر دەبرد. بۆیە ئەو ئاهەنگێکی کریسمسی بۆ هەموو گەنجەکان رێکدەخست.
 
یەک لە شتەکان کە بەردەوام تیشکی دەخستە سەر وەبەرهێنان بوو لە نەوەی گەنجدا، بە تایبەت وەبەرهێنان لە پەروەردە، پەروەردە گرنگترین چەکە دەتوانیت بەکاریبهێنیت بۆ گۆڕینی جیهان.  هەر بۆیە ئەمڕۆ من تەنیا وەک نەوەی خێزانی ماندێلا نەهاتوومەتە ئێرە، بەڵکو دەبێت بڕوانامەی ئەکادیمیشم هەبێت، بۆ ئەوەی بتوانم بە ئەرێنی بەشدار بم لە گەشەپێدانی وڵاتی خۆم، ئەفریقای باشوور، کیشوەری خۆم و هەروەها هەموو بەشەکانی دیکەی جیهان. بەبێ پەروەردە، بە چ شیوازێکی دیکە دەتوانم بەشداری ئەرێنیم هەبێت لە گەشەپێدانی جیهان؟ بۆیە پەروەردە یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکان، نیلسۆن ماندێلاش رژد بوو لەو بارەوە. 
 
ئەگەر سەیری تەواوی مێژووی ئەو بکەیت، لە راستیدا ئەو دەستی بە خوێندنی بڕوانامەی یاسا کرد ئەو کاتەی هێشتا لە زیندان بوو، ئەو کاتەی بووە سەرۆک، ئەو پێشوەختە خاوەنی ئەو بڕوانامە بوو کە لە زینداندا بۆی دەخوێند. ئەوە پیشانی دەدات چەندە پەروەردە بۆ نیلسۆنماندێلا گرنگ بوو. 
 
بۆیە بۆ من، ئەوە ئەو دوو شتەن لەبارەی ئەوەوە لە بیرمە. بە دڵنیایەوە رێبازی ئەو رێبازێکە ئێمە دەمانەوێت شوێنپێی بکەوین، رێبازێکە دەمانەوێت بەردەوامی پێبدەین.  
 
رووداو: باشە، دکتۆر ماندێلا، پەیامی ئێوە بۆ گەلی کورد چییە، بە تایبەت نەوەی نوێ؟  
 
سیابولێلا ماندێلا: من بە خەڵکی کورد دەڵێم کە دەبێت هەمیشە ئەوەیان لەبیر بێت کە بە تەنیا نین. ئەفریقای باشوور، نیلسۆن ماندێلا و نەوەی سەردەمی ئەو خۆیان بە نزیک دەزانی لە خەباتی کورد. نەوەی سەردەمی منیش خۆیان بە نزیک دەزانن لە خەباتی رزگاریی یەکجارەکی و مافی چارەی خۆنووسین و مافی ئۆتۆنۆمی بۆ گەلی کورد. بۆیە گەلی کورد بە تەنیا نین، من دەڵێم کە ئێمە بەرپرسیارێتییەکی هاوبەشمان هەیە، بۆ بەردەوام بونیاتنان لەسەر ئەو رێبازەی کەسانی وەک نیلسۆن ماندێلا، کەسانی وەک مستەفا بارزانی، بۆیان جێهێشتوین. ئەوان رەچەتەیەکیان بۆ ئێمە بەجێهێشتووە کە لە رێیەوە دەتوانین بەردەوامی بە خەبات بدەین بۆ رزگاریی یەکجارەکیی هەموو کەسانی چەوساوە، جا لە ئەفریقا بێت یان لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاست. 
 
بۆیە ئێمە وەک نەوەی نوێ قەرزاری ئەوانین، قەرزاری نەوەی سەردەمی مستەفا [بارزانی] تاوەکو نەوەی ماندێلا، بۆ ئەوەی شتی زیاتر لەسەر ئەو رێبازە بونیات بنێین کە ئەوان سەرکردایەتییان کرد. بۆیە ئێمە لەو خەباتە بەردەوام دەبین و، بەو نەوەیەی گەنجانی کورد دەڵێم کە ئەوان بە تەنیا نین. ئێمە بەردەستین، لێرەین. ئێمە لێرەین بۆ بەردەوامی و بۆ بەرزکردنەوەی دەنگی ئەوان و بۆ بەردەوامیدان بە خەباتی خۆیان. بۆیە ئەوان بە تەنیا نین.  
 
رووداو: بەشداریی ئێوە دنیایەک جێگەی رێزە. ئەمە کۆتایی چاوپێکەوتنەکەیە، سوپاس.