رافع ئەلعیساوی بۆ رووداو: حكومەتی عێراق لە شنگال مووچەی پەكەكە دەدات

06-11-2016
ئەیوب نووری
نیشانەکردن رافع ئەلعیساوی پەكەكە شەڕی_موسڵ
A+ A-

رووداو- هەولێر

د.رافع ئەلعیساوی، جێگری پێشووی سەرۆكوەزیرانی عێراق، وەزیری پێشووی دارایی و یەكێك لە سەركردە دیارەكانی سوننە لە عێراق، لەم هەڤپەیڤینەدا لەگەڵ (رووداو)، باسی داهاتووی سوننە لە عێراق دەكات و دەڵێت ئەوان جەخت لەسەر دروستكردنی هەرێمی نەینەوا و هەرێمی ئەنبار دەكەنەوە. ئەو پێیوایە سوننەكان باشترین هێزن كە بتوانن شكست بە داعش بهێنن. رافع ئەلعیساوی لەم هەڤپەیڤینەدا ئاشكرای دەكات كە حكومەتی عێراق لە شنگال یارمەتی پەكەكە دەدات و ئەوەش بە پێشێلكردنی دەستوور دەزانێت و دەڵێت "بەپێی دەستوور نابێت حكومەت یارمەتی رێكخراوی تیرۆرستی بدات".

رووداو: رۆڵ و بەشداریی سوننە لە هێرشەكانی ئێستای گرتنەوەی مووسڵدا چییە؟

د.رافع ئەلعیساوی: دوای ئەوەی فەللوجە و رومادی و دواتریش مووسڵ كەوتنە ژێر كۆنترۆڵی داعش، هەتا ئێستاش كە ئۆپەراسیۆنی رزگاركردنی مووسڵ و نەینەوا بەڕێوەدەچێ، سوننەكان و هۆزە سوننەكان هەوڵیانداوە بە حكومەت بڵێن خەڵكی ئەوان وەربگرێ بۆ ئەوەی لە دژی داعش بجەنگن، بەڵام بەداخەوە هەمیشە روانینێكی بەدگومان هەبووە، حكومەت بەدگومانە یان دەترسێ لەوەی سوننەكان دزە بكەنە نێو هێزە ئەمنییەكانەوە، ئەو چەكانەش كە لە حكومەتی وەردەگرن بۆ رۆژی دواتر بكەوێتە دەستی داعش.


باشترین هێز كە شكست بە داعش بهێنێ‌ سوننەكانن


بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە كێ چەكەكانی خۆی رادەستی داعش كرد؟ سەرۆك هۆزەكان بوون وایان كرد یان سوپای عێراقی پێش 2014 بوو؟ بۆیە بەداخەوە ئەم بیانووە بۆ ئەوەی عەرەبە سوننەكان لە بەشداریكردن لە سوپا دووربخەنەوە، وای كردووە عێراق و هەموو عێراقییەكان، لەوانەش عەرەبە سوننەكان، لە كاتی كەوتنی ناوچەكانیان بۆ ژێر دەسەڵاتی داعش، چەندین ساڵیان لە كیس بچێت.

سوننەكان بۆ بەشداریكردن و پڕچەككردنیان هەوڵیانداوە پەیوەندی بە حكومەتەوە بكەن، بەڵام بە داخەوە هەفتەی پێشوو بینیمان سەرۆكوەزیران عەبادی باسی حەشدی عەشایری دەكرد كە خۆبەخشن و بەشێك نین لە حەشدی شەعبی. ئەمەش واتە پەراوێزخستنی زیاتر. سەبارەت بە مووسڵیش، ئێستا ئەو هێزە هەیە كە پێیدەگوترێ حەشدی نیشتمانی، یان وەكوو دەڵێن پاسەوانانی نەینەوا كە بەڕێز ئەسیل نوجەیفی سەركردایەتی دەكات. ئەوان ئێستا بەشدارن، هەندێك هۆزیش هەن كە لە گەیارە و ناوچەكانی دیكەی نەینەوا دەستیان پێكردووە.

بۆیە دەڵێم بەشداری هەیە. ئێمە هەر لە سەرەتاوە زۆر راشكاوانە بە حكومەت و هاوبەشەكانی دیكەمان گوتووە كە ئەم ئۆپەراسیۆنە بەشێوەیەكی سەرەكی كاری عەرەبە سوننەكانە، چونكە ئەو پارێزگایانە هی ئەوانة. ئەوان كاریگەرن، بەڵام مەسەلەكە ئەوەیە ئایا حكومەت ئەوان وەكوو هاوبەشێك قەبووڵ دەكات یان تۆمەتباریان دەكات بە هەندێك شت؟

رووداو: كەواتە بەدگومانییەكە هەتا ئێستاش ماوە؟

د.رافع ئەلعیساوی: بێگومان هەر ماوە. هەر بۆیە بەردەوام دەڵێم بە دووبارەكردنەوەی مۆدێلی خراپ یان رەفتاری خراپ ناتوانین بە ئاكامێكی باش بگەین. رەفتارە خراپەكانیش پەراوێزخستنی عەرەبە سوننەكان، وەرنەگرتنیان لە سوپا و هێزە ئەمنییەكان و ئەو بەدگومانییەی كە رەنگە سوننەكان لە داعشەوە نزیك بن، لە كاتێكدا ئەوانەی یەكەمجار بەر لە هاتنی داعش شەڕی ئەلقاعیدەیان كرد عەرەبە سوننەكان بوون.

رووداو: بەڕای تۆ هێزە سوننەكان دەتوانن ئاسایشی مووسڵ و ناوچەكانی دیكە بپارێزن؟

حكومەتی عێراق دەستووری پێشێل كردووە و یارمەتی رێكخراوی تیرۆریستی دەدات


د.رافع ئەلعیساوی: لە هەموو ناوچەكان دەتوانن. كێ لە 2006 و 2007 قاعیدەی تێكشكاند؟ هۆزە عەرەبە سوننەكان بوون. ئێستاش هەم هۆزەكان هەن و هەمیش هێزی پاسەوانانی نەینەوا هەیە، ئەوان هەم ئامادەن و هەمیش توانای ئەوەیان هەیە، بۆیە وەڵامی من ئەوەیە كە بەڵێ دەتوانن رەوشەكە كۆنتڕۆڵ بكەن. ئینجا ئەم هێزانە شارەزای ناوچەكەن، ئەوان باشترین هێزن بۆ ئەوەی شكست بە داعش بهێنن.

رووداو: ئەی بۆچی كاتێك داعش یەكەمجار هێرشی كرد ئەم هێزە سوننیانە داعشیان نەوەستاند؟

د.رافع ئەلعیساوی: حكومەت ئامادە نەبوو عەرەبە سوننەكان پڕچەك بكا، من خۆم زۆر باش پێنج كۆبوونەوەم لەبیرە كە عەرەبە سوننەكانی فەللوجە و رومادی لەگەڵ سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق و دواتریش عەبادی كردیان. فۆكەسی كۆبوونەوەكان لەسەر یەك خاڵ بوو: عەرەبە سوننەكان پڕچەك بكە بۆ ئەوەی جەنگی داعش بكەن. بەڵام ئەوان بە بیانووی بەدگومانییەوە داواكەیان رەتكردەوە. تەنانەت ئێستاش كە هەوڵی دروستكردنی ئەو حەشدی شەعبیە دەدەن، لەمەشدا تەركیز لەسەر هەندێك گروپ دەكەن و واز لە هەندێك گروپی دیكە دەهێنن. مەبەستم ئەوەیە بۆ مامەڵەكردن لەگەڵ گروپە شیعە و سوننەكان یەك ستاندارد پەیڕەو ناكرێ.

رووداو: كاتێك سەیری كۆمەڵگەی سوننە لە عێراق دەكەین، دەبینین حەشدی نیشتمانی هەیە، پاسەوانانی نەینەوا هەیە و
 
میلیشیا شیعەكان خۆیان دەڵێن ئەوان سەر بە وەلی فەقیهی ئێرانن
ئینجا حەشدی هۆزەكانیش هەیە. بۆچی هێزێكی یەكڕیزی سوننەكان لەئارادا نییە؟


د.رافع ئەلعیساوی: ئەمە هەڵەی حكومەتە. هەر لە سەرەتای هێرشەكانی داعشەوە پێشنیازمان كرد، با گاردێكی نیشتمانیمان هەبێ، واتە پەیڕەوی لە مۆدێلی گاردی نیشتمانی بۆ هەر كام لە پارێزگاكان بكەین، كە دەكرێ هەماهەنگی لەگەڵ حكومەت هەبێ و راستەوخۆش ببەسترێتەوە بە پارێزگار و بەشێك لە وەزارەتی نێوخۆ بێ، پارەشی لە حكومەتی ناوەندییەوە بۆ دابین بكرێ، بەڵام ئەم بیرۆكەیە قبووڵ نەكرا. دواتریش ئاراستەكان بەرەو دروستكردنی حەشد گۆڕان. ئایا سوننەكان میلیشیا قەبووڵ دەكەن؟ هەڵبەت من باسی حەشدی مەرجەعی سیستانی ناكەم، چونكە ئەم حەشدە بەشێكە لە فەتواكەی سیستانی و جێگەی رێزە، من باسی ئەو حەشدە دەكەم كە بەشێكە لە میلیشیاكانی وەلی فەقیه و لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەكرێن.

وەڵامەكە نەخێرە، هەر بۆیە سوننەكان بەدوای مۆدێلی خۆیاندا دەگەڕێن، حكومەت ئەگەر بیەوێ یەك مۆدێلی هەبێ، دەبێ یەك مۆدێلی نیشتمانی دروست بكات كە بە دامەزراوەییكردنی هێزە ئەمنییەكانە. پێویست ناكات هۆزە سوننەكان و خەڵكی شیعە پڕچەك بكرێن، چونكە لەم حاڵەتەدا لە رۆژی دوای ئازادكردنی مووسڵ شەڕی نێوخۆیی سوننە و شەڕی نێوخۆیی شیعە و شەڕی نێوخۆیی شیعە و سوننەمان دەبێ. واتە دەبێ سوپا بە دامەزراوەیی بكرێ.

رووداو: لە نێوخۆ و لە دەرەوەش رەخنەی ئەوە دەگیرێ كە سوننەكان ناوەندێكی بڕیاردانیان نییە. ئەگەر كۆمەڵگای نێودەوڵەتی
 
ئۆپەراسیۆنی مووسڵ بەشێوەیەكی سەرەكی كاری عەرەبە سوننەكانە 
بیەوێ بۆ چارەسەری رەوشەكە لەگەڵ سوننە گفتوگۆ بكا، نازانن دەبێ بچنە لای كێ؟


د.رافع ئەلعیساوی: ئەم دابەشبوونە نێوخۆییەی سوننە دوو لایەنی هەیە. یەكێكیان لە 2003ەوە هەتا ئێستا بەردەوام بووە، لەسەر ئەو بنەمایەی هەندێكیان ئامادەن لە پرۆسەی سیاسیدا بەشداری بكەن و هەندێكیشیان ئامادە نین. بۆیەش هەر لە سەرەتاوە ناكۆكی هەبووە، بەڵام ئەو خەڵكانەی كە ئامادەبوون لە پرۆسەی سیاسیدا بەشدار بن، یەك لەوانیش من، تارق ئەلهاشمی و عەدنان دلێمی و خەڵكانێكی دی، ئەو كەسانە ئێستا لە كوێن؟ لە مەنفان. چونكە بەپێی یاسای تیرۆر تۆمەتباركراون. پرسیارەكە ئەوەیە ئەگەر تۆ سەركردە سوننەكان لە پرۆسەی سیاسی بخەیتە دەرەوە، ئەمە مانای ئەوەیە تۆ هانی ئەو خەڵكە دەدەیت كە پرۆسەی سیاسی رەتدەكەنەوە، چونكە خەڵك دەڵێن سوودی بەشداری سیاسی چی بوو، لە كاتێكدا ئێوە كە بەشداریتان كرد خراونەتە دەرەوەی پرۆسەكە.

بۆیە مەسەلەكە غیابی سەركردە سوننەكان نییە، بەڵكو كێشەكە هەڵسوكەوتە نایاساییەكانی حكومەت و ئەو هەڕەشە سیاسییانەیە كە لە دژی سەركردە سوننەكانی عێراق كراون، حكومەت لە لایەكەوە سوننەكان لە پرۆسەی سیاسی دووردەخاتەوە و رۆژی دواتر دەڵێ سوننەكان لە كوێن بۆ ئەوەی بۆ گفتوگۆ و دانوستاندن یان ئاشتەوایی لەگەڵیان دابنیشین؟ سەركردە سوننەكان هەن، بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە ئایا حكومەت بەڕاستی دەیەوێ لەگەڵیان دابنیشێ؟ ئەگەر وەڵامی حكومەت بەڵێ بێ، ئەوە ئێمەش ئامادەین.

رووداو: كاتێك كە وەزیری دارایی عێراق بوویت، كێشەت لەگەڵ حكومەتی نووری مالیكی هەبوو، دواتریش گەڕایەوە بۆ ناوچە سوننیەكان، هەندێك خەڵك دەڵێن ئێوە هۆكاری هەموو كێشەكان بوون، چونكە داواتان لە خەڵك كرد بێنە سەر شەقام و ئەمەش دواتر خۆپیشاندانی جەماوەری و دواتریش داعشی لێكەوتەوە.

د.رافع ئەلعیساوی: من پشتگیریم لە خۆپیشاندانەكان كرد، وابزانم ئەمەش مافی من و خەڵكی منە كە داوای خۆپیشاندان و مافی خۆیان بكەن. ئایا من كێشە دروست دەكەم ئەگەر بەپێی دەستوور و یاسا داوای مافی خۆم بكەم؟ وەڵامەكە ئەوەیە كە حكومەت لە دژی خەڵكی حەویجە، كەركووك، فەللوجە و رومادی تانكی بەكارهێنا، بۆیە ئەوانن كە كێشەیان دروستكرد و ئەوان بوون كە یاسا و دەستووریان پێشێل كرد، نەك من كە بەپێی یاسا داوای مافەكانی خۆمانم كرد.
 
سوننە بەدوای مۆدێلی خۆیاندا دەگەڕێن


رووداو: پێتوایە ئەم حكومەتەی سەرۆكوەزیران حەیدەر ئەلعەبادی لە حكومەتەكەی مالیكی جیاواز بێ كە ئێوە كێشەتان لەگەڵی هەبوو؟

د.رافع ئەلعیساوی: حەیدەر عەبادی هەندێك هەنگاوی باش و خراپی هەبووە. هەنگاوە باشەكانی ئەوەن هەوڵی داوە ئەو شارانە كۆنترۆڵ بكاتەوە كە لە سەردەمی حكومەتەكەی پێشوودا كەوتبوونە دەستی داعش، هەنگاوە خراپەكەشی ئەوە بووە كە ئەو پشێوییەی نێو هێزە چەكدارەكانی قەبووڵ كردووە، ئەو دەیان میلیشیای قەبووڵ كردووە كە لە دەرەوەی یاسان، بەردەوامیش جەخت لەسەر ئەوە دەكەنەوە كە ئەو میلیشیایانە لە ژێر چاودێریی یاسا، حكومەت و كۆمیتەی حەشدە شەعبییەكاندان، بەڵام ئێمە دەزانین ئەوان بە تەواوەتی لە دەرەوەی كۆنتڕۆڵی مەرجەعییەت و حكومەتن.

ئەمەش هەڵە سەرەكییەكەیە كە ئەم بێسەروبەرییەی نێو شەقامەكانی عێراقی دروستكردووە. وەك گوتم ئەمە لە رۆژی دوای رزگاركردنی هەموو پارێزگاكان دەبێ بە هەڕەشەیەك لەسەر هەموو عێراقییەكان. تەنانەت خەڵكی شیعەش كە وادەزانن ئەم حەشدی شەعبییە دەیانپارێزن و سەقامگیریی ناوچەكانی ئەوان دەپارێزن، ئێوە هەڵەن، ئەوان هەڕەشەن لەسەر ئێوەش، چونكە ئەوانە گروپی نایاسایین.

رووداو: كەوابێ بەپێی ئەوەی تۆ دەیڵێی كێشەكە ئەوەیە حكومەتی عێراق متمانەی بە سوننە نەكردووە بۆ ئەوەی پڕچەكیان بكات، سوننەكانیش بەهەمانشێوە بەرامبەر بە میلیشیا شیعەكان بەدگومانن، چارەسەر چییە؟

ملیشیاكان بە تەواوەتی لە دەرەوەی كۆنترۆڵی مەرجەعیەت و حكومەتن

د.رافع ئەلعیساوی: بە داخەوە پێكهاتەكانی عێراق بەدەست نەبوونی متمانەوە دەناڵێنن، لە ساڵی 2003ەوە هەتا ئێستا هیچ رێككەوتنێكی سەرەتایی لەسەر هیچ خاڵێك لەئارادا نییە. بۆیە بەشێك لە قۆناغی دوای داعش دەبێ بۆ رێككەوتنێكی هەمەلایەنە تەرخان بكرێ، لەوانەش كاركردن بەپێی یاسا و دەستوور، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، هاوبەشێتی راستەقینە لە بوارەكانی سیاسی و ئابووری و بەتایبەتیش ئاسایش، چونكە ئەگەر بەردەوام بڵێین پاراستنی ئاسایش كاری سەرۆكوەزیرانە، ئەوە هۆشدارییان دەدەمێ كە ئەگەر ئەمە كاری تۆ بێ، ئەوە سەرۆكوەزیرانی پێشووش دەیگوت ئەمە كاری منە و بەشداری لایەنەكانی دیكەی رەتدەكردەوە، ئاكامی ئەمە ئەوە بوو كە پارێزگا سوننەكان كەوتنە ژێر كۆنترۆڵی داعش. بڕوا ناكەم هیچ كەس قەبووڵی ئەم كۆنترۆڵە تاكلایەنەیە لەسەر هێزە ئەمنییەكان بكات. بۆیەش بەشێك لە چارەسەرەكە دەشێ پەرەپێدانی هاوبەشێتی بەهەرێمكردنی پارێزگاكان بێ، بۆ نموونە نەینەوا، سەلاحەدین، ئەنبار و دیالە دەكرێ لە پارێزگاوە بكرێن بە هەرێم.

رووداو: هیچ پڕۆژەیەك هەیە بۆ دامەزراندنی هەرێمی سوننی كە نەینەوا و ئەنبار لەخۆبگرێ؟


د.رافع ئەلعیساوی: ئەمە ئەو شتەیە كە لە چەند ساڵی رابردوودا جەختمان لەسەر كردووەتەوە و پێشنیازمان كردووە، تەنانەت ئێستاش وەكوو بەشێك لە پرۆسەی ئازادكردنی نەینەوا باسی دامەزراندنی هەرێمە جوگرافییەكان دەكەین لە بری هەرێمی ئەتنیكی و تایفی، بۆ نموونە هەرێمی نەینەوا و هەرێمی ئەنبار، بۆ ئەوەی كەس گومانی ئەوەی بۆ دروست نەبێ كە ئەمانە هەرێمێكن بۆ سوننەكان لە دژی هەرێمی شیعەكان.

رووداو: جا ئەمە كێشەكەیە، ئەم ناوچانە هەموویان ناوچەی سوننین، بۆچی دەترسن لەوەی بڵێن ئەمە هەرێمێكی سوننەیە؟

د.رافع ئەلعیساوی: نەخێر ناترسین و شەرمیش نییە بڵێین سوننەین. بەڵام خەڵكی ئەم ناوچانە دەیانەوێ مۆدێلی خۆیان هەبێ، بۆ نموونە پێكهاتەی دانیشتووانی مووسڵ جیاوازن لە ئەنبار یان دیالە. لە مووسڵ ئێزدی، مەسیحی و شیعە و سوننە هەیە، بۆیە دەیانەوێ مۆدێلی خۆیان هەبێ، ناكرێ یەك مۆدێل بەسەر هەموویاندا بسەپێنی و پێیان بڵێی هەمووتان دەبێ لە نێو یەك هەرێمدا بن. مومكینە یەك مۆدێلیشیان هەبێ، بەڵام لەم حاڵەتەدا دەبێ نوێنەری هەموو پارێزگاكانی تێدا بێ كە تێیدا باسی "هەرێمەكان" بكرێ نەك "یەك هەرێم".

رووداو: كەواتە تۆ لەگەڵ پارێزگاری پێشووی مووسڵ، بەڕێز ئەسیل نوجەیفی كۆكیت كە پێیوایە دەبێ هەرێم لەسەر بنەمای جوگرافی بێ، نەك لەسەر بنەمای ئەتنیك؟

د.رافع ئەلعیساوی: بەڵێ ئەمە باشترە. چونكە دواجار بیانووی هەندێك لە هاوكار و هاوبەشەكانمان لە بەغدا ئەوەیە كە بیرۆكەی هەرێمەكان دەكرێ سەرەتای دابەشبوونی عێراق بێ، بەڵام هیچ كەس باسی دابەشكردنی عێراقی نەكردووە، ئێمە دژی دابەشكردنی عێراقین، چونكە بەپێی دەستووریش عێراق وڵاتێكی یەكپارچەی فیدراڵە، واتە یەك وڵاتە، بەڵام ئەگەر بتەوێ بە یەكپارچەیی بیهێڵیتەوە دەبێ رێز لە دەستوور بگریت، ئەگەر سوور بی لەسەر هەندێك مۆدێلی هەڵسوكەوت، ئەوە بەرەو دابەشبوونی دەبەیت، مەبەستم حكومەتە.

 
حەشدی شەعبی دەبنە هەڕەشە لەسەر شیعەكانیش


رووداو: پەیوەندیتان لەگەڵ وڵاتانی كەنداو چۆنە؟ ئەوان چ شتێك بە چارەسەری كێشەی عەرەبە سوننەكانی عێراق دەزانن؟

د.رافع ئەلعیساوی: پەیوەندی باشمان لەگەڵ هەموو ئەكتەرە سەرەكییەكاندا هەیە، پەیوەندی باشمان لەگەڵ واشنتن، هاوبەشە نێوخۆییەكان و وڵاتانی عەرەبیدا هەیە. وڵاتانی كەنداو حەز دەكەن عێراقێكی یەكپارچەیی ناتایفی ببینن كە رەنگە حكومەتێكی لیبراڵی سێكولاری هەبێ، نەك حكومەتی ویلایەتی فەقیه. چونكە بەپێی دەستووریش حكومەتی عێراق حكومەتێكی سێكولاری لیبراڵە، نەك حكومەتێكی ئایینی لەسەر بنەمای دەسەڵاتی وەلی فەقیه. واتە عێراق وەكوو وڵاتێكی خاوەن شوناسی نیشتمانی نەك شوناسێكی تایفی. دەستێوەردانی كەسایەتییە ئایینییەكانی سوننە یان شیعە لە كاروباری دەوڵەتدا، بەشێوازێك لە شێوازەكان دەوڵەت دەگۆڕێ بۆ دەوڵەتی وەلی فەقیه.

رووداو: وەكوو خۆت گوتت، حكومەتی عێراق سەركردە سوننەكانی راوناوە و دەریكردوون، دوای كۆنتڕۆڵكردنەوەی مووسڵ چی روودەدا، لە كاتێكدا لە روانگەی حكومەتی عێراقەوە تۆ هێشتاش كەسێكی داواكراوی، هەڵوێستی تۆ چی دەبێ؟

د.رافع ئەلعیساوی: با پرسیارەكە بە شێوازێكی دیكە بكەین. مۆدێلی مووسڵ وەربگرە، ئەسیل نوجەیفی هێزێكی هەیە كە دەكرێ لە رزگاركردنی مووسڵدا بەشداربێ، ئەگەر حكومەت هەڵسوكەوتێكی ئاسایی بكات دەبێ لەگەڵ ئەسیل رێكبكەوێ بۆ ئەوەی بەشێك بێ لەو پرۆسەیە، بەڵام ئەوان ئەسیل تۆمەتبار دەكەن بەوەی سەر بە توركیایە. پرسیارەكە ئەوەیە ئەوان دەیان كەسیان هەیە سەر بە میلیشیاكانی ئێرانن. بۆچی ئەسیل تۆمەتبار دەكەن، لە حاڵێكدا ئەسیل پابەندە بەوەی بەرەنگاری تیرۆریستان ببێتەوە، ئەو خەڵكی نەینەوایە و مافی ئەوەی هەیە پارێزگاكەی خۆی بپارێزێ و لە ئۆپەراسیۆنەكەدا بەشدار بێ. مەبەستم ئەوەیە ئەمە مۆدێلی هەڵسوكەوتی خراپی حكومەتە، واتە بەردەوام هەمان هەڵە دووبارە دەكەنەوە. پرسیارەكە ئەوەیە ئایا ئەسیل ئەم تۆمەتانەی حكومەت قەبووڵ دەكات؟ نەخێر، ئەو بەردەوام دەبێ و پڕۆژەكەی خۆی تەواو دەكات.

رووداو: سوننەكان دەڵێن میلیشیا شیعەكانی عێراق لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەكرێن، ئەوانیش دەڵێن سوننەكان لە لایەن توركیاوە پشتگیری دەكرێن، تێڕوانینی سوننە بۆ پشتگیریی توركیا چییە؟

د.رافع ئەلعیساوی: جارێ با ئەم مەسەلەیە راست بكەمەوە. ئەوە سوننەكان نین كە دەڵێن میلیشیا شیعەكان سەر بە ئێرانن، بەڵكو میلیشیا شیعەكان خۆیان لەسەر شاشە دەڵێن كە ئەوان سەر بە وەلی فەقیهی ئێرانن. تەنانەت هەندێكیان كۆنفراسی رۆژنامەوانییان لەگەڵ مەلاكان لە ئێران هەبووە و گوتوویانە كە ئێمە سەر بە ئێرانین. كەواتە ئەوە خۆیانن دەڵێن ئێمە سەر بە ئێرانین. بۆ ئەوەی سوننە بتوانێ بەشێك بێ لە دامەزراوەی سەربازی، حكومەت دەبێ مۆدێلی دامەزراوەی ئەمنی نیشتمانیی پیشەیی پەیڕەو بكا، كە دەبێ یەك جۆریش بێ، واتە نیشتمانی بێ، نەك شیعی یان سوننی.

رووداو: ئێستا هێزە سوننەكانی نەینەوا بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی پارێزگاكەیان پێویستیان بە پشتگیری توركیا هەیە؟

د.رافع ئەلعیساوی: وابزانم زۆربەی هێزە بەشدارەكان داوایان لە توركیان كردبوو كە بێن، بەڵام ئێستا سەركۆنەی توركیا دەكەن كە بۆچی هاتووە. پرسیارەكە ئەوەیە بۆچی حكومەتی عێراق لە شنگال مووچەی پەكەكە و پەیەدە دەدات، لە حاڵێكدا دەزانن پەكەكە و پەیەدە هەڕەشەن بۆ توركیا. ئەگەر حكومەت دەیەوێ رێزی دوو لایەنە لە نێوان ئەوان و توركیادا هەبێ، نابێ ئەمە قەبووڵ بكات.

حكومەتی عێراق دەستوور پێشێل دەكات، چونكە بەپێی دەستوور نابێ هیچ رێكخراوێكی تیرۆریستی لە عێراقدا هەبێ. هەمان شت بەسەر موجاهیدی خەلق هات، حكومەت دەریكردن، چونكە لەدژی ئێران بوون. ئەی بۆچی پەكەكە رادەگری كە لە دژی توركیان؟ ئەگەر دەتەوێ پەیوەندییەكی باشت لەگەڵ توركیا هەبێ و رێگە لە دەستێوەردانی توركیا بگری، نابێ رێگە بدەی رێكخراوێكی تیرۆریستی لێرە چالاكی بكا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە