رێواز فایەق: ئەم قسەیەم بۆ تۆمار بکەن؛ یاسای چاکسازی بارگرانی و خەرجییەکان زیاد دەکات

06-10-2020
رووداو @Rudawkurdish
نیشانەکردن یاسای چاکسازی
A+ A-

داڕشتنەوە: کۆسار عوسمان

 

رووداو دیجیتاڵ

رۆژی دووشەممە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران و ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و تیمی حکومەت لە پەرلەمانی کوردستان ئامادەبوون و وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارانیان دایەوە. کۆبوونەوەکە نزیکەی 10 کاژێری خایاند و سەرۆکی پەرلەمان دەڵێت، پەیوەندیی لەنێوان پەرلەمان و حکومەت، لە بەرژەوەندیی خەڵک دەشکێتەوە.
 
رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی گفتوگۆی رۆژنامەنووس لە رادیۆی رووداو دوای کۆبوونەوەکە باسی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکە و چەند پرسێکی دیکەی کرد. یەکێک لەو خاڵانە یاسای چاکسازی بوو، رێواز فایەق پێی وابوو، یاساکە وەک ئەوەی ئێستا هەیە، "دەبێتە بارگرانی لەسەر حکومەت، نەوەک پێچەوانەکەی".
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان
 
رووداو: بەگشتی پەرلەمانتارەکان رازی بوون لەو هاتنەی سەرۆکی حکومەت و جێگری سەرۆکی حکومەت و تیمەکەی؟ هەروەها ئێوە توانیتان ئەو متمانەیە بدەنە حکومەت کە لە جارەکانی داهاتوودا زۆر ئاسانتر بێت بۆ پەرلەمان؟
 
رێواز فایەق: شەوتان باش. شەوی گوێگرە ئازیزەکانتان باش، سڵاوم بۆ کاک عارف و بەڕێزتان هەیە. لەڕاستیدا هاتنی سەرۆکی حکومەت بۆ پەرلەمانی کوردستان ئەرکێکی قانوونی و پەیڕەوی و سیاسی و ئەخلاقیشە. من دەستخۆشی لە دەستپێشخەرییەکەی بەڕێزیان دەکەم. بڕوام وایە ئەگەر زووتر بهاتبایە، 6 مانگ پێش ئێستا بهاتبایە ئێمە ئەم قۆناخەمان ئێستا تێپەڕاندبوو و گەیشتبووینە قۆناخی ئیشی پێکەوەیی زیاتر. هەوەها زیاتر قووڵدەبووەوە پەیوەندییەکە لە نێوانماندا. لە سەرەتای کە ئێمە سەرۆکایەتیی پەرلەمانمان وەرگرت من بۆخۆم سەردانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانم کرد لەگەڵ بەڕێزان جێگر و سکرتێری پەرلەمان بۆ ئەوەی کە پەیوەندییەکی تەندروست لەنێوان هەردوو دامەزراوەکە دروست ببێت. رەنگە عادەتی نەبێت، رەنگە نەبووبێتە عورفێکی سیاسی سەرۆکایەتیی پەرلەمان بچێ بۆ لای سەرۆکایەتیی حکومەت. من دەزانم سەرۆکەکانی دیکەی پەرلەمان رەنگە، 200 مەترێکمان بەینە چووبن، بەڵام بە بێ ئەوەی ئیعلام بزانێت. بەیەکیشەوە دانیشتبن، بەڵام بۆ من وام پێ باشتر بوو شەفافتر بم. خۆم چووم، رەنگە قسەشی لەسەر کرابێ، رەنگە رەنگدانەوەشی لەسەر بووبێ. چونکە باوەڕم وایە ئەگەر پەیوەندییەکی تەندروست لە نێوان پەرلەمان و حکومەت هەبێت، لە نێوان پەرلەمان و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان هەبێت، لەنێوان پەرلەمان و ئەنجوومەنی دادوەری هەبێت، ئەوانیش پەیوەندییەکی تەندروستیان هەبێ کە ئێمە هەموومان دامەزراوەی دەستووریین. دواجار لە بەرژەوەندیی خەڵک دەشکێتەوە.
 
ئێمە هیچ یەکێکمان لە فەزاوە یان لە دوو جیهانی جیاوازەوە نەهاتووین، دوو بەرژەوەندیی جیاواز ئاراستەمان ناکات، خاڵی هاوبەشمان لە بەینی هەمووماندا بەرژەوەندییەکانی خەڵکی کوردستانە. بۆ ئێمە ئەوەی ئەمڕۆ گرنگ بوو جارێ وەکو سەرۆکی پەرلەمان بێلایەنیی خۆمان بپارێزین لەنێوان پەرلەمانتاران و حکومەت. بێلایەنیی خۆمان بپارێزین لەنێوان ئەو فراکسیۆنانەی کە حیزبەکانیان لە دەسەڵات بەشدارن، لەگەڵ ئەو فراکسیۆنانەی کە لە ئۆپۆزسیۆنن. بۆ ئێمە گرنگ بوو، من سوپاسی پشوودرێژیی پەرلەمانتاران بکەم، بەڕێز سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران و جێگرەکەی و وەزیری دارایی و هەموو تیمەکە دەکەم کە توانیمان 10 کاژێر پێکەوە گفتوگۆیەکی بونیادنەرانە بکەین. رەنگە وەڵامی بەشێک لە پرسیارەکان دەست پەرلەمانتاران نەکەوتبێت، بەڵام دەتوانم بڵێم زۆریش وەڵامی پرسیارەکانیان دەستکەوت. هاوکات بناخەیەکی باشی پەیوەندییەکی تەندروستمان دانا، لەوکاتەوە من گوێ لە فیدباکی کۆبوونەوەکە دەگرم و کاریگەرییەکانی لەسەر سەرۆکی حکومەت، جێگرەکەی، تیمی حکومەت بە گشتی، بەشێک لە وەزیرەکان کە ئەسڵەن بەشدارییان لە کۆبوونەوەکە نەکردووە، بەشێک لە نوخبە هەتا لە حیزبە سیاسییەکان، هەستدەکەم فیدباکەکە فیدباکێکی باشە و سەرەتایەکی زۆر باشە. پەرلەمان خۆی شکۆدارە، شکۆی هەیە. هیچ قسەیەک لەسەر شکۆی پەرلەمان نییە، چونکە جار جار ئێمە لەناو ئەو موئەسەسەیە نوێنەرایەتیی خەڵکی کوردستان دەکەین. نوێنەرایەتیی خەمەکانی خەڵکی کوردستان دەکەین، بەڵام بوونی پەیوەندییەکی تەندروست لە نەتیجە لە بەرژەوەندیی خەڵکە. چیش پێویستە لەسەر ئێمە وەک سەرۆکی پەرلەمان بۆ بەردەوامیدان بەم پەیوەندییە، سەرەتا دروستکردنی پەیوەندییەکە دواتریش بەردەوامی پێدان بێگومان ئێمە درێغی ناکەین. بڕوای خۆم وایە رەئی نوخبە گرنگە. رەئی حیزبە سیاسییەکان گرنگە، لەڕاستیدا فیدباکی پەرلەمانتارانم گوێ لێ نەبووەتەوە، چونکە کاتێک کۆبوونەوەکە تەواوبوو ئێمە لەگەڵ میوانەکان هاتینە خوارەوە. هەریەکەمان بۆ ماڵی خۆمان، بەڵام من ئیسڵاحێکم بە دەموچاوی ئەندامانی پەرلەمانەوە دەبینی، هیوادارم ئەمە ببێتە بناخەیەکی باش بۆ ئایندە".

 

 

 

 
رووداو: دکتۆرە دەزانم ئەمڕۆ زۆر ماندووبووی، بەڵام سێ رۆژنامەنووسی زۆر باشم لەگەڵە ئەگەر هەریەکەیان پرسیارێک لە جەنابت بکەن، ئەگەر کاتت هەبێ سوپاستدەکەم.
 
رێواز فایەق: بەسەرچاو، قەی چییەکا فەرموون.
 
رووداو: با یەکەمجار کاک سەرتیپ جەوهەر پرسیارەکەی خۆی بکات.
 
سەرتیپ جەوهەر: ئەمڕۆ سەرۆکایەتیی پەرلەمان دەتوانم بڵێم جۆرێک لە وەکویەک تەماشاکردنی هەبوو بۆ پەرلەمانتاران و بۆ زەبتی جەلسەکە. پەرلەمانتارانیش بەڕاستی مەسئولانە تەعامولیان کرد. قسەمان لەسەر ئەوە نییە کە سەرۆکی حکومەت چۆن جوابیدایەوە و پەرلەمانتاران چۆن پرسیاریان کرد یان پرسیارەکانیان چی بوو. رێواز خان ئەگەر پرسیارێک بکەم، 23 ئیمزا کۆکراوەتەوە بۆ ئەوەی پێی دەگوترێ پرساندن، هەرچەندە من قسەم لەسەر وشەی پرساندن هەیە، بەتەمان ئەوە بخەنە جێبەجیکردن یەعنی، سەرۆکی حکومەت؟ یان تەواو ئەو میواندارییە کە کرا کۆتایی بەو گرژییە هات کە بە سەبەبی واژۆ کۆکردنەوەکە دروستبوو؟ 
 
رێواز فایەق: لەڕاستیدا هاتنی بەڕێزان ئەنجوومەنی وەزیران، پاڵپشت بووە بە ماددەی 66ـی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان کە خستنەڕووی بابەتێکی گشتییە بۆ گفتوگۆ. هەم پەرلەمانتاران دەتوانن داوا بکەن هەم سەرۆکی حکومەت خۆی دەتوانێ داوا بکات و شتێک بخاتەڕوو بۆ گفتوگۆکردن لەنێوان پەرلەمان و حکومەتدا. ئەمە جیاوازە، لەنێو ئەو دانیشتنەی لە ماددەی 66 دەکرێ بە هیچ شێوەیەک پرساندن و متمانەلێسەندنەوە نییە. ئێمە لەبەر ئەو جیاوازییەی هەیە لەنێوان ئەم دوو پرۆسەیە کە هەردووکیان بەشێکن لە ئامرازی چاودێری، واتا: خستنەڕووی بابەتێکی گشتی بۆ گفتوگۆ ئامرازێکی چاودێریکردنە، پرساندنیش ئامرازێکی دیکەی چاودێریکردنە کە لە ماددەکانی 68، 69، 70 و 71 و ئەوانەدا بە جوانی خراوەتەڕوو.
 
ئێمە هەفتەی پێشوو پرساندنەکەمان ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران کردووە، لە رۆژی چوارشەممە ئەگەر هەڵەنەبم من واژۆمکردووە. لەبەرئەوە دوو ماددەی جیاوازن و دوو بابەتی جیاوازن. لە دوو فەزای جیاوازدا موناقەشە دەکرێن. لای حکومەتە و حکومەت بۆی هەیە لە ماوەی 14 رۆژدا وەڵامی ئەو ئارگومێنت و پرسیارانە بداتەوە کە 23 پەرلەمانتارەکە ئاراستەی حکومەتیان کردووە. جا یان ئەوەتا جارێکی دیکە دێنەوە بۆ دانیشتنی پەرلەمان، جۆرێکی جیاواز لە مناقەشە دەکەین لەوێ. ئەو کەسەی یەکەم واژۆیکردووە بۆی هەیە 15 خولەک قسە بکات. حکومەت وەڵامدەداتەوە. شێوازێکی دیکە هەیە، ئەگەر نەیەن، ئەوا بە غیابی واتا بە بێ ئامادەبوونی بەڕێزیان پرساندنەکە بەڕێوەدەچێت، پرۆسەیەکی جیاوازە واتا دوو شتی جیاوازن".
ئەگەر [حکومەت] نەیەن، ئەوا بە غیابی واتا بە بێ ئامادەبوونی بەڕێزیان پرساندنەکە بەڕێوەدەچێت.
 
سەرتیپ جەوهەر: یەعنی ئالیەتێکی دیکەیە؟
 
رێواز فایەق: بەڵێ دوو ئالیەتی جیاوازن، ئێمە وەکو سەرۆکایەتیی پەرلەمان پابەندی ئەوەین کە هەردوو ئالیەتەکە رێز لێدەگرین و ئەوەی دیکەشمان بۆ ناردوون. ئەمەش نابێتە جێگرەوەی ئەوەی دیکە.
 
عارف قوربانی: پێشتریش لە بەرنامەکەدا باسی ئەو نیوە زیادەیەم کرد. ئایا بەرچاوتان روونە بۆ ئەو پارەیە کە زیادکراوە لە 27 ملیارەوە بۆ 28 و نیو؟ 
 
رێواز فایەق: بەڵێ بێگومان یەکێک لە بەڕێزان ئەندامانی پەرلەمان پرسیاری کرد، لەبەر ئەوەی سەرۆکی حکومەت بەڕێزیان گوتی ئێمە بەگوێرەی ئەو پارەیەی لەبەردەستماندایە پارە خەرج دەکەین. کەواتە بەگوێرەی پارەی بەردەستیان پارە خەرجدەکەن و نابێ قەرزیان کردبێت. ئەی رێژەکە بۆ زیادیکردووە لە 27 و کەسرێکەوە بووە بە 28 و کەسرێک کە نزیکەی ملیارێک و 200 ملیۆنە. ئەوان بەڕێزیان سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانیان راسپارد بۆ ئەوەی وەڵامبداتەوە سەبارەت بە قەرزەکان. ئەو [سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران] پێی راگەیاندین کە ئەوان لە مانگەکانی 4، 5 و بەشێکی 6 یش نەیانتوانیوە پابەندییەکانی کۆمپانیاکانی نەوت هەم بە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنی نەوت کە کۆست ریکۆڤەرییە، پارەی بەرهەمهێنانی نەوتیان دەبێ بدرێتێ، شایستەی داراییان بدرێتێ، نەیانتوانیوە بیدەن. هەم بەشێکیش لەو پارەیە کە هی تورکیایە و لایانە دەبوو بیدەن، نەیانداوەتەوە. بۆیە ئەم بڕە بەمشێوەیە زیادیکردووە. ئەسڵ ئەوەیە و قەرار ئەوەیە کە سەبارەت بە دۆسیەی قەرزەکانی هەرێمی کوردستان بە 28 و کەسرەکەشەوە دوای وردبینیکردن لەلایەن چاودێریی داراییەوە بێتە پەرلەمان، ئەوکاتە ئێمە لەڕووی رەقەمەوە بەرچاوڕوونیی زیاترمان هەبێت. 
 
سەنگەر عەبدولڕەحمان: پێش دانیشتنەکە پێشوازیتان لە سەرۆکی حکومەت کرد و دانیشتن، دوای دانیشتنەکەش لە هاتنەخوارەوە یەکدیتان بینی، بەڕای ئێوە ئەو ترس و دڵەڕاوکێیە، ئەو سارد و سڕییە رەوییەوە کە لەنێوان حکومەت و پەرلەمان هەبوو، تەواو کۆتاییهات؟ رێککەوتوون لەسەر ئەوەی لە ماوەی نزیکی داهاتوو یان هەروەک کاک عارف گوتی لانی کەم لە ساڵێکدا جارێک دوو جار حکومەت بێتە پەرلەمان و روونکردنەوەی پێویست بدات بە پەرلەمانتاران؟ لەسەر ئەمە هیچ قسە کرا؟ یان فیدباک چی بوو لەلایەن حکومەتەوە؟
 
رێواز فایەق: خۆی ئێمە لەڕاستدا لەگەڵ جەنابی سەرۆکی حکومەت زیاتر لە جارێک یەکدیمان بینیوە لەوەتەی بوومە سەرۆکی پەرلەمان، لەبەر ئەوەی کۆبوونەوەکانی 3 سەرۆکایەتییەکە بەیەکەوە دەکەین، بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەکانی 3 سەرۆکایەتییەکە بکەینەوە. وەکو پەرلەمان ئێمە لە کەس ترسمان نییە و لە هیچ ترسمان نییە لەڕاستیدا، تاوەکو بڕەوێتەوە. لای ئێمە بابەتێکی پەیڕەوی و قانوونیی سیاسییە و ئەرکی بەڕێزیانە بێن و ئەرکی ئێمەشە کۆبوونەکە بەڕێوەببەین بەوشێوەیەی کە پێویستە. ئایا ئەوان ترسێکیان هەبوو لە پەرلەمان، لەڕاستیدا ئەوان شتێکی وەهایان باسنەکرد کە لە رابردوودا ترسێکیان هەبووبێ لە پەرلەمان، نەک لە رووبەڕوو هەتا لە قسەی دیکەش باس لەوە نەکراوە کە ئەوان ترسێکیان هەبووە یان نیگەرانییەکیان هەبووە تا بڕەوێتەوە، رەنگە پێویستیان بە خۆئامادەکردنێک هەبووە و پێویستیان بەوە هەبووبێ کە جۆرێک لە ئامادەکارییان هەبووبێت ئینجا بێنە پەرلەمان. رەنگە پێویستیان بەوە هەبووبێ کە دۆسیەیەک هەبێت ئینجا بێنە پەرلەمان. لەڕاستیدا حەقە ئەو پرسیارە لە ئەوان بکرێت. لای ئێمە هیچ رێگرییەک نەبووە. هیچ ئاستەنگ و رێگرێک نەبووە. لە رابردووشدا پێمان خۆشبووە بێن. پێویستە ئەو پرسیارە لە رووەکەی دیکە بکرێت کە بەڕێزیانن.ئایا ئەگەر ئەوان ترسێکیان هەبووە رەویوەتەوە؟ چونکە ئەسڵەن لای ئێمە ترس نەبووە. 
 
سەرۆکی حکومەت بێ، جێگرەکەی بێ، یان وەزیرەکان بن، قسەیەکی زۆر دەکرێ لەسەر ئەم خولەی پەرلەمان، کاک ئاکۆ [ئاکۆ محەممەد، پێشکێشکاری بەرنامەکە] بەڕاستی ئێمە داوای ئیحسائییەکم کردبوو لە کاروباری پەرلەمانی کوردستان، ژمارەی ئەو جارانەی کە وەزیرەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە هاتوون لە پەرلەمانی کوردستان بەشدارییان لە دانیشتنەکان کردووە، لە ماوەی ساڵێک و دوو مانگ لە ئێمە بووینە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە ژمارەی هەموو ئەو وەزیرانەی هاتوون لە خولی چوارەم  بەشدارییان لە دانیشتنەکانی پەرلەمانی کوردستان کردووە. ئەگەر ئەو دوو ساڵەشی لێ دەرکەین کە پەرلەمان دەرگەکەی داخرابوو، ئەوە 3 ساڵەکەی دیکە، واتە بە ساڵێک و دوو مانگ زیاتر لە سێ ساڵ وەزیر هاتووە، بەڵام من خۆم یەکێکم لەوانەی لەڕووی راگەیاندنەوە کەسێکی باش نیم، لە رێکلام کردن بۆ دامەزراوەکە و بۆ خۆم رەنگە بڕوام پێی نەبێت. سەرقاڵببم بە شتی دیکە ئەگەرنا ئەو قسانەی لەسەر پەرلەمان دەکرێن، حکومەت بەرامبەر پەرلەمان بۆچوونی نادات، ئەمە راست نییە لەڕووی ئامارەوە، راست نییە لەڕووی دانیشتنەکانی پەرلەمانەوە، راست نییە لەڕووی وەرگرتنی زانیاریی لە حکومەتەوە، بەڵام بە جیددی بۆخۆم نەمکردووە بە کەیسیک نەمکردووە بە بابەت، چونکە لە کۆتاییدا ئێمە ئامارێک رادەگەیێنین کە چیمان کردووە، ئەو ماوەیەی پەرلەمانی کوردستان چی کردووە. لەبەر ئەوە من نازانم شتێک نابینم ناوی ترس بێ تا رەویبێتەوە.
 
رووداو: من نامەوێ دوو پرسیارم لەبیرچێ، کاک عارف بۆی گێڕامەوە کە جەنابت کاتی خۆی دوور نەبووی لە کاری راگەیاندن و جەماوەر. 
 
رێواز فایەق: بێگومان
 
رووداو: جا زۆر هاوکاری خۆشمان، هاوپیشەی خۆشمان هاتوونەتە نێو پەرلەمان، لە فراکسیۆنی جیاجیاوە. ئێوە دەتوانن هەر بە راوێژ لەگەڵ ئەوان بەشێکی باش و کارای راگەیاندنتان هەبێت لە پەرلەمانی کوردستان کە هەمیشە ئەو ئامارانە رێکبخات و بڵاوبکاتەوە بۆ خەڵکی کوردستان کە ئەوە شتێکی زۆر باش دەبی بۆ متمانەیەکی زیاتر بە پەرلەمان بە شێوەیەکی گشتی. 
 
رێواز فایەق: ئێمە ئەوەمان کردووە. لەڕاستیدا ئەمە یەکەم خولی پەرلەمانی کوردستانە بڵاویدەکاتەوە لە سایتی فەرمیی خۆی کە چەند پرۆژە پێشکەشی پەرلەمانی کوردستان کراوە لەلایەن پەرلەمانتارانەوە. سرووشتی پرۆژەکان چۆنن، سەرۆکایەتی چۆن ئیشی لەسەر کردوون، چەندیان لای حکومەتن، چەندیان لای لیژنەکانی پەرلەمانن، ئێمە دەستکەوتی لیژنەکانمان بڵاودەکەینەوە. ناوی خراپترین لیژنە ئاشکرا دەکەین، ناوی خراپترین سەرۆک لیژنە ئاشکرا دەکەین. لە سایتی فەرمیی خۆمان. مەبەستم لە رێکلامی شەخسی بۆخۆم، کاک سەرتیپیش ئێمە رەفیقین زۆر جار ئەو مناقەشەیەمان بەیەکەوە کردووە کە کەم بڕوام بەو رێکلام و خۆدەرخستنە هەیە. بڕوام پێی نییە. بەڵام لە ئەنجامدا و لە دوایین خولەکەدا دەردەکەوێت کە چیمان کردووە بەراورد بە هاوڕێکانمان. بەجێیدەهێڵم بۆ مێژوو خۆ هێشتا گەنجم.
 
رووداو: تەمەن درێژبی ئینشائەڵڵا.. ئەمڕۆ لە قسەکانی بەڕێز جێگری سەرۆکی حکومەتدا باسی دوو شت کرا، یەکەمیان ئەوەی یاسای چاکسازی جارێکی دیکە لە پەرلەمان چاوپێداخشاندنەوەی پێدابکرێت، یەعنی هەمواربکرێتەوە بە کورتییەکەی.ئەوی دیکەشیان لەلایەن کاک دکتۆر ئامانج رەحیمەوە باسکرا کە یاسای نەوت و غاز بۆ پێداچوونەوەی گرێبەستەکان پێویستە. هیچ پرۆژەیەک بۆ ئەو دوو هەموارە هاتووە بۆ لای ئێوە تاوەکو ئێستا یان هەر فکرەیە؟
 
رێواز فایەق: هیچمان بۆ نەهاتووە، لەبارەی پرۆژەی چاکسازی، خۆزگە من ئەندامی پەرلەمان بوومایە، ئەمڕۆش حەزم دەکرد ئەندامی پەرلەمان بوومایە، چونکە هەندێ پرسیار و بابەت هەبوو دەبوو قسەی لەسەر بکەین، روانگەی قانوون و دامەزراوەی یاسادانانی هەرێمی کوردستان ئەو بابەتانە بابەتی گرنگن و دەبێت پەرلەمان ئەو جۆرە قسانەی تێدا بکرێت. ئێمە لە پرۆژەیاسای چاکسازی، لێت ناشارمەوە لەژێر فشارێکی رای گشتی و هەندێ لایەنە سیاسییەکان و راگەیاندنیشدا بووین. دەیان تێبینیم لەسەر ئەو پرۆژەیاسایە هەبوو، بەڵام نەدەکرا ئێمە بە هیج شێوەیەک رایبگرین چونکە یەک؛ دەترساین لەوەی تۆمەتبار بکرێین بەوەی رێگری لە چاکسازی دەکەین. دوو؛ خۆشە حکومەت بگاتە ئەو بڕوایەی یاساکە پێویستی بە چاککردنە یان بە دەستکاریکردنە. ئەمجارە بێتە پەرلەمانی کوردستان بۆ چاککردن یان دەستکاریکردن رەنگە ئێمە پەیوەندیی باشترمان هەبێ بەتایبەتی دوای ئەو پەیوەندییەی لە نێوان پەرلەمان و حکومەتدا دروستبووە. 
 
خۆشە حکومەت بگاتە ئەو بڕوایەی یاساکە پێویستی بە چاککردنە یان بە دەستکاریکردنە
[یاسای چاکسازی] لەڕووی یاساییەوە بنەماکەی تۆکمە نییە، تێکەڵ و پێکەڵییەکی زۆری تێدایە، من لێرەوە رایدەگەیێنم نابێتە هۆی گەڕاندنەوەی پارە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان. حەزدەکەم ئەم قسەیەم بۆ تۆمار بکرێت. یاسای چاکسازی پارە بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان ناگێڕێتەوە. ئێمە دەبێ یاسایەکی دیکە بهێنین لە پەرلەماندا پەسندی بکەین کە پەیوەندیی بە چاکسازی لە داهاتەکاندا هەبێت. نموونەت بۆ دەهێنمەوە، ئەو 400 و ئەوەندە کەسەی کە باسدەکرێن، بە وەزیر و بریکاری وەزیر خانەنشین بوون، بەڵام لە بنەڕەتدا نە بریکاری وەزیر و نە وەزیر بوون، هەموو ئەوانە بێنە سەیریان بکە، خەڵکێکن هاوڕێکانیان بە لیوا و عەمید خانەنشین بوون. بە تەنیا دەزانی ناونیشانەکانیان دەگۆڕێ؟ ئەگەر نا پارەکە هەر هەمان پارەیە. یان ژمارەیەک بندیوار ئاشکرا دەکرێت، ئێ خۆ تۆ ئەو بندیوارانە دەرناکەیت، دەیانهێنیتەوە بۆ سەر کار، ئێ باشە‌! دێنەوە بۆ سەر کار، ئۆتۆمبێلیان دەوێ هاتووچۆیان پێ بکات، مێزیان دەوێت، کورسییان دەوێت، زۆپایان دەوێت، کارەبای زیاتر بەکاردەهێنن. بۆ مێژوو من ئەم قسەیە دەکەم. جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی ئەوەی ئێستا هەیە، دەبێتە بارگرانی لەسەر حکومەت نەوەک پێچەوانەکەی.
پارەکە هەر هەمان پارەیە. یان ژمارەیەک بندیوار ئاشکرا دەکرێت، ئێ خۆ تۆ ئەو بندیوارانە دەرناکەیت، دەیانهێنیتەوە بۆ سەر کار
 
رووداو: واتە ئەوەی کە باسدەکات 50 ملیۆن دۆلار مانگانە بۆ حکومەت دەگێڕێتەوە راست نییە؟
 
رێواز فایەق: من حەزدەکەم ئەوەم بۆ تۆمار بکەی، دەبێتە هۆی زیاترکردنی خەرجی، چونکە دەزانم ئەگەر دەرماڵە نەبڕن، دەبێتە هۆی زیادکردنی خەرجی، نەک پێچەوانە.
 
من حەزدەکەم ئەوەم بۆ تۆمار بکەی، دەبێتە هۆی زیاترکردنی خەرجی، چونکە دەزانم ئەگەر دەرماڵە نەبڕن، دەبێتە هۆی زیادکردنی خەرجی، نەک پێچەوانە.
رووداو: دکتۆرە شتێک کە هەرچەند لاوەکیش بوو، بەڵام زۆر باسکرا. ئەوەی کە پەرلەمانتارەکان هاواریانکردبوو ئاو، ئاو نەبوو. ئەمە بۆچی وەها روویدا؟
 
رێواز فایەق: خۆی لەڕاستیدا تا ئەو چرکەیەی چووبووم بۆ پشوودانێکی 10 خولەکی، مرۆڤ ناتوانێ 10 کاژێر بەردەوام بێ هەموومان رێستی بچووک بچووک وەردەگرین، چووبووم بۆ پشوودان، هەتا ستافەکەم هاتن گوتیان شەڕە فریاکەوە، کە رۆیشتمە خوارەوە ئینجا زانیم ئەندامانی پەرلەمان ئاویان بۆ دانەنراوە، جارەکانی دیکە ئاومان بۆ دادەنان لە بەردەمیاندا، واتا ئیدارە ئاوی بۆ دادەنان لە بەردەمیاندا، ئەمڕۆ ئاوەکە و چای و قاوەشیان لە دەرەوە بۆ دانابوون. دیارە لەوکاتەدا سوپاسی خزمەتگوزاران دەکەم کە دوو قاوەیان بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمان و بەڕێزان سکرتێری پەرلەمان بردبوو، ئەندامێکی پەرلەمانیش گوتووێتی من تینوومە، ئێوەش بۆخۆتان داوای قاوە دەکەن، ئەو چرکەیە زانیم کە ئاو لە بەردەمی ئەندامانی پەرلەمان دانەنراوە، بۆخۆشم من ئاوێکی گەرم بەکاردەهێنم لەبەر ئەوەی موشکیلەی حەساسیەت و ئەوانەم هەیە. زۆر بیرم لەسەر دەبە ئاو نییە، چونکە بە پەرداخەکە بۆم دەهێنن. دوایی زانیم و گوتم ئاویان بەسەردا دابەشکەن، پێموایە بۆیە لەسەریان دابەشنەکردوون، پێشبینییان کردووە دەبە ئاوەکە هەڵبدەنە سەر سەکۆکە، بۆ جەنابی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ جێگر بۆ ئێمە، هەرچەندە ئەمانە شتی سرووشتین، کۆبوونەوەکە زۆر زۆر گرنگ بوو بەلای منەوە، بەلای پەرلەمان و دەستەی سەرۆکایەتییەوە، بۆ حکومەتیش. من پێمخۆشنەبوو لەسەر وردەکاریی وردی وەها قسە بکرێت، بەڵام راستە ئاویان بۆ دانەنابوون، پێشموایە هۆکار ئەوە بووە کە ئیدارە وایزانیوە دەبەکان هەڵبدرێ، ئەگەر پەرلەمانتارێ تووڕە ببێ یان شتێ. من خۆم یەکێکم لەوانە زۆر زۆر هەوڵدەدەم پەرلەمانتار تووڕە نەبێ. زۆر جار لەسەر حسابی تووڕەیی خۆم کە قسەیەکم پێدەگوترێ کە دەشزانم ئەو قسەیە زوڵمە، بەڵام پێدەکەنم کە لەبەر ئەوە نییە نازانم یان ناتوانم یەکلاکەرەوە بم، لەبەر ئەوەیە باوەڕی خۆم وایە ئۆپۆزیسیۆن دەبێ نازیان هەڵبگیرێ. بۆئەوەی هیچ کات ئەو هەستەیان نەبێ کە ئێمە لە دەستەی سەرۆکایەتیین و ئەندامی ئەو حیزبانەین کە لە پەرلەمانن. بۆ یەک ساتیش نابێ ئەو هەستەیان هەبێ کە ئێمە جیاوازیان دەکەین، چونکە من بۆخۆم هەموو جارێ کاک جەعفەر ئیمنیکی بە نموونە دەهێنمەوە، دەڵێم بۆ یەکجاریش ئەو هەستەی نەدامێ کە ئەو پارتییە. لەو ماوەیەی کە بەڕێز کاک یوسف نەهاتەوە و ئەوانە. دەمەوێ ئەو نموونەیە پێشکەش بکەم و هیچ کاتێک ئەو هەستە نەدەمە هاوڕێکانم لە فراکسیۆنەکان دیکە، کە من یەکێتیم و ئەسڵیش ئەوەیە کە ئەمە پابەندێکی قانوونی و ئەخلاقیشە. 
 
رووداو: جا لەوانەیە لێپێچینەوەش بکەیت لەوەی کە چۆن ئاویان دانەناوە؟
 
رێواز فایەق: دەپرسم، بێگومان دەپرسم، دەڵێم بۆچی ئاوتان دانەناوە؟ ئاو شتێکە، من سەرۆکی پەرلەمانم هەر نا بتانگوتبایە کە ئەمڕۆ ئاو دانانێین. هەمووشیان دەزانن کە ئیدارە جێی ئیهتمام نییە لام، کارمەندیش نابینم. زۆر بە کەمی. حەزدەکەم خەریکی یاسادانان بین، خەریکی وتاری پەرلەمانی ئەوانە بین. قسەیان لەگەڵ دەکەم بێگومان دەڵێم هەڵەتان کرد.
 
رووداو: کاک سەنگەر و کاک پێشەوا گفتوگۆیان بوو. ئەو دەڵێ 10 خولەک دواتر پەخشەکە دەدرا، ئەم دەڵێ سێ خولەک دواتر، کاک پێشەوا دەڵێ 3.. هیچ دواکەوتنێک لە پەخشەکەدا هەبوو؟ 
 
رێواز فایەق: خۆی 10 نییە و 3 ش نییە. 4 خولەک و نیو بۆ 5 خولەکە. ئێمە جیهازێکمان کڕیوە لەمەولا هەموو کۆبوونەوەکانی پەرلەمان پەخش 3 بۆ چوار خولەک.. 
 
رووداو: یانی بۆ هەموو دانیشتنێک هەر وایە؟
 
رێواز فایەق: بۆ داهاتوو بۆ هەموو دانیشتنێکی پەرلەمانی کوردستان پەخشدەکات، لە زۆربەی وڵاتانی جیهانیش هەر وایە و لە عێراقیش هەر وایە، عێراق لەوەتەی پەرلەمان هەیە وایە. هەندێک جار بەریەککەوەتن لەنێوان پەرلەمانتاران، ئێمە لەگەڵ پەرلەمانتاران روودەدات. پێمخۆش نییە من بە شەخسی ئەو بەریەککەوتنانە بچێتە سەر شەقام. رەنگە رەنگدانەوەی لەسەر شەقامیش هەبێت. بەڵام ئەوە کاریگەریی نابێ لەسەر ئازادیی رادەربڕین و قسەکردن. بە تەنیا ئێمە یەک شت لادەدەین ئەگەر بەریەککەوتنێک هەبوو کە لە دەرەوەی چوارچێوەی پەیڕەوی، سیاسی و یاسایی بوو.
 
رووداو: زۆر جاران ئەوانەی لە نزیکەوە چاودێریی کاری حکومەت دەکەن، دەڵێن خۆزیا دکتۆر ئامانج لە کوردستان زۆر بانا. چونکە کارمەندێکی زۆر دەوڵەتییە. ئەوەی ئەمڕۆ ئێستا لە جەنابتمان بیست وە هەروەها لە سەرۆکی حکومەتمان بیست ئێوە فەرمانبەر و کاربەدەستی حکومەتن نەک نوێنەری حیزبەکانتان لەناو پەرلەمان و حکومەت. بەڕاستی باوەڕێکی باشە خەڵک بێگومان چاوەڕێی ئەوەیە بەشێوەیەکی کردەوە رۆژانە ئەمە لە حکومەت و پەرلەمان و هەموو کەسێک لەو دوو دامەزراوە گەورەیەی وڵاتەکەماندا ببینێت. من لەگەڵ هاوکارەکانم زۆر زۆر سوپاستدەکەین دکتۆرە، بۆ ئەو بەشدارییەت لەگەڵ ئێمە. زۆر زۆر سوپاستدەکەین، شەوێکی خۆشت بۆ دەخوازین. 
 
رێواز فایەق: بۆ بەڕێزیشتان، سوپاس.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

کۆڕەوی کوردانی ئێزدی لە ساڵی 2014.

نووسینگەی رزگارکراوانی دەستی داعش: حکومەتی عێراق یاسای رزگاربووانی ئێزدی بەتەواوی جێبەجێ نەکردووە

بەرپرسی نووسینگەی رزگارکردنی رفێندراوانی دەستی داعش دەڵێت، تاوەکو ئێستا 3 هەزار و 579 کوردی ئێزدی رفێندراوی دەست داعش رزگارکراون؛ ئاماژە بەوەش دەکات: "حکومەتی عێراق یەک هەنگاوی بۆ هاوکاری ئێزدییەکان ناوە، ئەویشی جێبەجێ نەکردووە". لەکاتێکدا باس لە رێککەوتنێک لەگەڵ ئەڵمانیا دەکات و دەڵێ بە زیادیشەوە جێبەجێ کراوە.