هیوا قادر: مەزنترین چارەڕەشی ئەوەیە توانای بینینی جوانیت نەبێت

رووداو-هەولێر

ماڵپەڕی گاردیەنی بەریتانی، سەرەڕای بایەخدانە گەورە و چڕوپڕەکەی بە بواری کولتوور و ئەدەبیات، هاوکات بەردەوام بە دوای ڕێگەی نوێ و پرسیاری نوێوەیە بۆ دواندنی نووسەران، ئەمجارە هەندێ پرسیاری زۆر ورد و سەرنجڕاکێشی بۆ هەندێ نووسەر ئامادە کردووە کە خوێندنەوەیان و مەبەستی پشتی پرسیارەکان و وەڵامی نووسەرەکان شتگەلێکن بەردەوام خوێنەران لای نووسەران بە دوایدا دەگەڕێن، لە نموونەی باشترین کتێب، باشترین نووسین، باشترین و خۆشەویستترین کارەکتەر و زۆر شتی تری ورد کە خوێندنەوەی وەڵامەکانیان لە زاری نووسەرانەوە هەم چێژبەخشن، هەم ڕووئیایەک بۆ خوێنەر سەبارەت بە هەندێ کتێب و چیرۆک دەکەنەوە.

ئەم هەوڵە، وەرگرتنی ئەو پرسیارانەیە و ئاراستەکردنیەتی بۆ بەشێک لە نووسەران و ئەدیبانی کورد، بە تایبەت قسەکردن لەو مەجالە کورت و لەو پرسیارانە لە ناوەندی ڕووناکبیریی ئێمەدا کەمە و بێشک خوێنەرانمان بە دوای وەڵامی ئەم پرسیارانەوەن.
لە سێیەم گفتوگۆماندا، هیوا قادر، شاعیر و ڕۆماننووس وەڵامی پرسیارەکان دەداتەوە.

رووداو: ئێستا چ کتێبێک دەخوێنیتەوە؟

هیوا قادر: ڕۆمانی "ژن و مەیموون" لە نووسینی نووسەری دانیمارکی پێتەر هوێگ، ئەم ڕۆمانە لە بەهاری 1996دا بڵاوکراوەتەوە و نزیکەی 22 هەزار نووسخەی لە ماوەی سێ ڕۆژی یەکەمدا لێ فرۆشراوە. ئەم ڕۆمانە باس لە مەیموونێک دەکات لەلایەن قاچاخچییەکەوە دەبرێت بۆ بەریتانیا، بەڵام لەگەڵ گەیشتنی بۆ بەندەرەکە هەڵدێت و دەچێتە ناو شارەوە، بەڵام دوای ماوەیەک دەگیرێت و دەبردرێتە ناو تاقیگەیەکەوە، لەوێ چەندان تاقیکردنەوەی لەسەر دەکرێت، دواتر چیرۆکەکان لەگەڵ ژنی خاوەن تاقیگەکەدا دەستپێدەکات.

رووداو: کتێبێک کە ژیانتی گۆڕی؟

هیوا قادر: چەند کتێبێکی زۆر لە قۆناغە جیاجیاکانی ژیانمدا وەک بوومەلەرزە منیان تێکوپێک داوە و دواتر لەژێر سایەی ئەواندا دووبارە خۆم درووست کردووەتەوە، برایانی کارامازۆڤ ـ ی دۆستۆیفسکی، سەدساڵ تەنهایی ـ گابرێل گارسیا مارکیز، گورگی پێدەشتـی هێرمان هیسە، مامۆستا و مارگرێتاـ ی بۆلگاکۆف، ناوم سوورەـ ی ئۆرهان پامووک و چەندانی دیکە.

رووداو: کتێبێک کە بۆچوونتی گۆڕی؟

هیوا قادر: کێشەی من ئەوەیە هیچ کاتێک ناتوانم بۆ ماوەیەکی درێژ لەسەر بیروبۆچوونێک بساکنێم و رازی لە خۆم و لە دونیا دانیشم. زۆر کتێب لە ژیانمدا بیروبۆچوونمیان گۆڕیوە و ئێستاش دەرگام کراوەیە بۆ هەموو ئەو کتێبانەی دێن و لە مێشکمدا کاری خۆیان دەکەن و دەڕۆن. لەناو ئەو کتێبانەی بە سۆزەوە هەمیشە یادی دەکەم، مامۆستا و مارگرێتای میخائێل بۆلگاکۆفە.

رووداو: کتێبێک کە خۆزگە دەخوازی تۆ نووسیبات؟

هیوا قادر: رۆمانی موبی دیک، لە نووسینی هرمان ملڤل، گەورەترین و جوانترین رۆمانێک تاکو ئێستا نووسرابێت لەسەر دەریا و نەهەنگ و کێبڕکێی مرۆڤ و ئاژەڵ، ئەم رۆمانەیە.

رووداو: کتێبێک کە کاری لە ستایلی نووسینت کردووە؟

هیوا قادر: مامۆستا و مارگرێتای بۆلگاکۆف.

رووداو: کتێبێک کە تۆی گریاندووە؟

هیوا قادر: زۆر کتێب منیان گریاندووە، کەم کتێبی باش هەن نەیانگریاندبم، گریانی من بەدیار کتێبەکانەوە لەبەر غەمباریی چیرۆکەکانیان نییە، بەڵکە لەبەر دۆزینەوە نوێیەکان و خەیاڵە نوێیەکان و تەکنیکە نوێیەکانیانە. لەوانە تاوان و سزای دۆستۆیفسکی.

رووداو: کتێبێک کە بە دیاری دەیبەخشیت؟

هیوا قادر: "سێبەری با"ی کارلۆس زافۆن. کاتێک ئەم ڕۆمانەم خوێندەوە هەستم کرد خۆم نووسیومە هێندەم خۆشویست، بۆیە بە هەمان عەشقەوە لە سویدییەوە کردم بە کوردی، ئێستاش سەرقاڵی وەرگێڕانی "یاریی فریشتەکانم"، ئەمە کتێبی دووەمی ئەو چوار رۆمانەیە کە زنجیرەیەکی یەک لەدوای یەکن و من وەک نووسەر و وەک خوێنەر ئەم زنجیرە ڕۆمانەم خۆشدەوێت. بۆیە ئەم کتێبەش دەبەخشم چونکە هەستەکەم دیارییەکی زۆر بە نرخە، لە سندوقی کتێبێکی بچکۆلەی 600 لاپەڕەییدا، بەڵام دنیایەکی گەورەی لە خۆیدا هەڵگرتووە.

ساڵی 1886 ئانتوانت فۆر، کچی سەرۆککۆماری ئاییندەی فەڕەنسا- فلیکس فۆر، داوای لە مارسێل پروست کردووە تا وەڵامی چەند پرسیارێک لە دەفتەرە تایبەتەکەیدا بداتەوە، (دەفتەری دانپێدانانەکان، ئالبوومی تۆماری فیکر، هەستەکان و هیتر) ئەم داوایە دوو جار لە مارسێل پروست کراوە، جارێکیان لە چواردە ساڵیدا، جارێکی تر لە بیست ساڵیدا، بە هەمان شێوە من ئەو پرسیارانە ئاراستەی بەڕێزت دەکەم.

رووداو: چاکە لای تۆ کامەیە؟

هیوا قادر: وا لە مرۆڤەکان بکەیت باوەڕیان بە خۆیان بێت.

رووداو: تایبەتمەندییە باشەکانی پیاوان کامانەن؟

هیوا قادر: راستگۆیی، دەستودڵفراوانی، لێبووردەیی.

رووداو: تایبەتمەندییە باشەکانی ژنان کامانەن؟

هیوا قادر: سادەیی، هۆشیاری، جوانی.

رووداو: بەنرخترین تایبەتمەندیی هاوڕێکانت کامانەن؟

هیوا قادر: لە هۆشیاریدا هێندە غەمبارن، جوان بوون هههههه

رووداو: حەزت لە چییە؟

هیوا قادر: سەفەر و بەردەوام سەفەر.

رووداو: بەختەوەریی ئایدیاڵ چۆن پێناسە دەکرێ؟

هیوا قادر: شتێک نییە ناوی بەختەوەریی ئایدیاڵ بێت، شتە بچووکەکان وردە بەختەوەرییە ڕاستەقینە و کاتییەکانن، بەختەوەریی ئایدیاڵی درۆیەکی هەمیشەییە، مرۆڤەکان زۆر گوناهترن لەوەی هەست بەو فێڵی پاساوانە بکەن کە ژیانی خۆیانی لەسەر هەڵدەچنن، یان ئەو درۆیانەی خۆیان نازانن کە درۆیە، یاخود نایانەوێت بگەن بەو راستیانەی کە پەردە لەسەر درۆکان هەڵدەماڵن، چونکە ئەگەری ڕووخانی دنیاکەیان هەیە، بۆیە زۆر جار بەشی هەرە زۆری مرۆڤەکان هێندە گوناهن لە کۆمەڵە ئەکتەرێکی ئەماتۆر دەچن لەسەر ئەم تەختە شانۆییە گەورەیەی ژیان، بێ هیوا و بێ خەون دێن و دەچن.

رووداو: مەزنترین چارەڕەشی کامەیە؟

هیوا قادر: خاوەنی یەک حەقیقەت بیت، فەندەمەنتاڵ بیت، لەڕێی بیروباوەڕتەوە تووشی کوێری ببیت، خەونت نەبێت یان خەونەکانت زۆر بچووک بن، لە هەموو ئەمانەش چارەڕەشتر توانای بینینی جوانیت نەبێت.

رووداو: حەز دەکەی لە کوێ بژی؟

هیوا قادر: لە نزیک دەریا، شوێنێک جەنگ و کوشتنی مرۆڤەکان وێرانیان نەکردبێت. ئەو شوێنەش ڕەنگە بۆ من هەر ناو کتێبەکان بێت.

رووداو: ڕەنگ و گوڵی دڵخوازی تۆ کامەیە؟

هیوا قادر: حەزم لە ڕەنگی مۆرە، حەزم لە گوڵەباخ و مێخەکی سپی و سوورە.

رووداو: نووسەرە دڵخوازەکانت کامانەن؟

هیوا قادر: هێرمان هیسە، ساراماگۆ، مارکیز، پاموک، سترینباری، دۆستۆیڤسکی، بولگاکۆف...

رووداو: شاعیری دڵخوازی تۆ کێیە؟

هیوا قادر: ئەدۆنیس.

رووداو: کام پاڵەوانە پیاوەی ئەدەبیات لای تۆ دڵخوازە؟

هیوا قادر: گۆڵدمان ـ ی هیرمان هیسە.

رووداو: کام پاڵەوانە ژنەی ئەدەبیات لای تۆ دڵخوازە؟

هیوا قادر: ئانا کارنینا ـ ی تۆڵستۆی.

رووداو: میوزیسیانە خۆشەویستەکانت کامانەن؟

هیوا قادر: ئارڤۆ پارت، شیگورۆ ئومیبەیاشی.

رووداو: نیگارکێشە خۆشەویستەکانت کامانەن؟

هیوا قادر: ساندرۆ بۆچیلی، فریدە کالۆ، گۆیا، ڤانکوخ، ئەندش.. زۆرن.

رووداو: حەزت لە کام ناوانەیە؟

هیوا قادر: باران، یاران، سیسیلیا.

رووداو: زیاد لە هەر شتێک رقت لە چییە؟

هیوا قادر: مردن. چونکە هەرگیز مردن هەق نییە.

رووداو: حەزت لێبوو چ تایبەتمەندییەکت هەبووایە؟

هیوا قادر: داهێنەرتر بوومایە، شاعیرتر بوومایە.

رووداو: حەزت لێیە چۆن بمریت؟

هیوا قادر: بێ نەخۆشی و پیرییەکی لە پەلۆپۆخەر و خرفبوون، حەز دەکەم لە خەودا بمرم، بەیانییەک کە باران لە پەنجەرەکەم دەدات.

رووداو: ئا ئێستا دۆخی ڕۆحیت چۆنە؟

هیوا قادر: تا رادەیەک رۆحم ئارامە، لەگەڵ ئەو چەند کەسەی کە هەر خۆمم و لە سینە و سەرمدان هاویار و هاوڕێین. بەڵام زۆرینەی کات تووڕەم، تووڕەم لە کوردبوون و لە دڕندەیی مرۆڤ.

رووداو: درووشمی تۆ چییە؟

هیوا قادر: ئازادی، ئارامی، خۆشبەختی.

رووداو: ئەگەر بتگەڕێننەوە بۆ سەرەتای سەرەتاکان، دەتەوێت لەم بارودۆخەی ئێستا تێیدایت، هەر ببیتەوە بە نووسەر؟

هیوا قادر: دەمەوێت کورد نەبم ئەگەر ئیختیار بە دەست خۆم بێت، دەمەوێت پیاوێکی سەد هێندەی ئێستا زیاتر ژیاندۆستتر بم، کەسێک بم لە گوێگرتنە زۆرەکان لە "دڵ"ی خۆم، "سەرم" سەرەکۆنەم نەکات و پەشیمانم نەکاتەوە. پیاوی ناو سروشت بم، بۆنی خۆڵ و گیام لێبێت. نەنووسم، بەڵام خوێنەرێکی باشی شیعر و هاوڕێیەکی نزیکی مۆسیقا بم و چەندان زمانی دنیا بزانم. هەمیشە لە گەشت بم، بەردەوام بم لە بینینی کولتووری تر و مرۆڤەکانی تری سەر گۆی زەوی، لە خاکێکی نەناسدا بمرم و لاشەکەم بسووتێنن و خۆڵەکەم لەناو جاڕە نێرگزێکدا بدرێت بە دەم باوە.