شەپۆلی مەرگ؛ رووداو دەچێتە نۆکەندی ئینگلیز و پشکنین بۆ بەلەمی کۆچبەران دەکات


رووداو دیجیتاڵ 

بۆ نیشاندانی مەترسیی کۆچکردن و پەڕینەوە لە ئاوی نۆکەندی ئینگلیز بە بەلەم، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی بەلەمە بچووکەکان لە بەریتانیا پرۆگرامێکی تایبەتی رێکخست و رووداویشی وەکو تاکە میدیای کوردستان و ناوچەکە بانگهێشتکردووە.
 
جێگری بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنە نێودەوڵەتییەکان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی بەلەمە بچووکەکان چەندین زانیاری لەبارەی بەلەمەکان و چۆنیەتیی دروستکردنیان، هەروەها چۆنیەتیی هەڵخەڵەتاندنی کۆچبەران لەلایەن قاچاخچییەکانەوە دەخاتەڕوو. 
 
کارۆڵ هێگنبۆتۆم، جێگری بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنە نێودەوڵەتییەکانە و دەڵێت، خەڵکی بەپەرۆشن بۆ گەیشتنە بەریتانیا، بەڵام ئەو بەلەمانە بە هیچ جۆرێک بۆ گەشتکردن بەنێو دەریادا گونجاو نین. هەروەها ئاشکرای دەکات کە باندە تاوانکارەکان "بەزۆر" کۆچبەران سواری بەلەمەکانیان دەکەن.
 
"قاچاخچییەکان چاوەڕێ دەکەن تاوەکو تۆزێک دەریا ئارام بێت پێش ئەوەی بەڕێبکەون، لەبەرئەوەی ئەگەر شەپۆلەکان زۆر بەهێزبن، هەر ناتوانن لە دیوی فەرەنسی زۆر دوور بکەونەوە. بۆیە کاتی بەڕێکەوتن بە دروستی هەڵدەبژێرن، بەڵام هەندێک جار دیوی فەرەنسی ئارام دیارە و کاتێک کە فەرەنسا بەجێدێڵن ئاوەکە ئارامە، بەڵام هەندێ جار دۆخی کەشوهەوا زۆر خێرا دەگۆڕێت لە بەریتانیا و لەم ناوچەیە. لەبەرئەوە لەناکاو رێژەی هەوا زیاد دەکات و شەپۆلەکان بەرزدەبنەوە و ئەم بەلەمانە سەروژێر دەبن." ئەمە بەشێک لە قسەکانی کارۆڵ هێگنبۆتۆم ـە. 
 
لەبارەی دروستکردنی بەلەمەکان و ئەو کەرەستانەی بەکاردەهێندرێن، لەو ئۆپەراسیۆنەدا جەیمس گرەیس، یاریدەدەری بەڕێوەبەر قسەی بۆ رووداو کرد، گوتی: نایلۆنەکان بۆ بەلەم نین، بەڵام قاچاخچییەکان خۆیان لە شوێنی جیاواز پێکیانەوە دەلکێنن هەندێکجار کەرەستەی ئاسانی وەکو تێپ بەکاردەهێنن. بۆیە زۆر جار بەشەکانی دەشکێن و وادەکات زۆریان ژێرئاو بکەون. 
 
هەروەها دەڵێت، "من پێم وایە زۆر لە کۆچبەرەکان نازانن خۆیان دەدەنە دەستی چ شتێک. کاتێک کە پێیان دەڵێن بە بەلەم دەتانبەین و رێکلامەکە دەبینن. پێیان وایە سواری بەلەمێکی باش دەکرێن کە دەتوانێت بەنێو ئاوەکاندا بە باشی بڕوات و بگاتە بەریتانیا، بەڵام وا نییە." باس لەوەش دەکات، ئەو مادەیەی ئەو بەلەمانەی لێ دروستکراوە زۆر تەنکە، وەکو ئەو مادەیەیە کە قەڵای یاریی منداڵانی لە مۆڵەکان لێ دروست دەکرێت.
 
دەقی هەڤپەیڤینەکان لەگەڵ کارۆڵ هێگنبۆتۆم و جەیمس گرەیس
 
رووداو: ئامانجتان چییە لە نیشاندانی ئەم بەلەمە بچووکانە ئەمڕۆ؟
 
کارۆڵ هێگنبۆتۆم: دەمانەوێت خەڵک لە مەترسی سواربوونی ئەم بەلەمە بچووکانە تێبگەن. ئەم بەلەمە بچووکانە بۆ گواستنەوە گونجاو نین. بەهیچ شێوەیەک گونجاو نین بۆ ئاوەکانی نێوان بەریتانیا و فەرەنسا. زۆر بەخراپی دروستکراون، لە مادەی هەرزان دروستکراون. بزوێنەرەکانیان بۆ گەشتی نێو کەناڵەکە گونجاو نین. چاکەتی سەلامەتی نادرێتە ئەو خەڵکەی کە بەم بەلامانە دەچنە نێو ئاو. لەبەرئەوە ئەگەری ئەوە زۆرە کە بەلەمەکە وەرگەڕێت و بەوشێوەیەش خەڵک ژیانیان لەدەست دەدەن.
 
رووداو: راستە، دەبینم ئەم بەلەمانە زۆر زۆر بە خراپی دروستکراون و لە بەلەمێک ناچن کە خەڵک چارەنووسی ژیانی خۆیان بدەنە دەست شتێکی لەم شێوەیە. ئێوە شتێکتان بۆ دەرکەوتووە لەوەی کە کۆچبەران چۆن رازی دەکرێن سواری ئەم بەلەمانە ببن؟
 
کارۆڵ هێگنبۆتۆم: ئەو کەسانە بە پەرۆشن بۆ ئەوەی بگەنە شانشینی یەکگرتووی بەریتانیا و، ئەو پەرۆشیەیان دەقۆزرێتەوە. کێشەکە ئەوەیە ئەم بەلەمانە دەگەنە کەناراوەکان و دەبینن کە هەندێک جار بەلەمەکان دەگەنە شوێنی خۆیان، بەڵام زۆرینەی کاتەکان باندە تاوانکارەکان بەزۆر سواری بەلەمەکانیان دەکەن. لەبەرئەوە زۆر جار دەبینین کە خەڵکی نێو بەلەمەکە شڵەژانیان هەیە، ژن و منداڵ دەگریێن و دڵەڕاوکێیان هەیە. هەندێک جار بە زۆری چەقۆ سواری ئەم بەلەمانە دەکرێن، ئەگەر نا تەنیا بە تەماشاکردنێکیان دەبینی چەند مەترسیدارن، واتە پێویست ناکات کەسێک شارەزابێت بۆ ئەوەی بزانێت کە مەترسیدارن.
 
رووداو: کەناڵی ئینگلیز بۆ خۆی ئاوێکی ئارام و سەلامەت نییە. من پێشتر لەسەر چیرۆکی دیکە کارم کردووە و پێیان گوتووم هەندێک جار قاچاخچی، کۆچبەرەکان بە دەستی ئەنقەست بە شوێنی خراپ و لەکاتی کەشوهەوای خراپ دا دەپەڕێننەوە، چونکە لەو کاتانە پۆلیس کەمتر چاودێری ئاوەکان دەکات. ئێوە هەمان شت لێرە دەبینین؟ پێشم بڵێ، کەناڵی ئینگلیز بۆخۆی چەند مەترسیدارە؟
 
کارۆڵ هێگنبۆتۆم: بەڵێ، هاوسەنگییەک دەبێت هەبێت. ئەوان چاوەڕێ دەکەن تاوەکو تۆزێک دەریا ئارام بێت پێش ئەوەی بەڕێبکەون، لەبەرئەوەی ئەگەر شەپۆلەکان زۆر بەهێزبن، هەر ناتوانن لە دیوی فەرەنسی زۆر دوور بکەونەوە. لەبەرئەوە کاتی بەڕێکەوتن بە دروستی هەڵدەبژێرن، بەڵام هەندێک جار دیوی فەرەنسی ئارام دیارە و کاتێک کە فەرەنسا بەجێدێڵن ئاوەکە ئارامە، بەڵام هەندێ جار دۆخی کەشوهەوا زۆر خێرا دەگۆڕێت لە بەریتانیا و لەم ناوچەیە. لەبەرئەوە لەناکاو رێژەی هەوا زیاد دەکات و شەپۆلەکان بەرزدەبنەوە و ئەم بەلەمانە سەروژێر دەبن.
 
رووداو: باشە، لەڕووی چاودێریکردنەوە، تەماشای هەندێ لە داتای حکومەتی بەریتانیام دەکرد، دەبینم زۆربەی بەلەمەکان پێش گەیشتنیان دەبینن ئێوە. بەلەم دێتە ئێرە بەبێ ئەوەی ئێوە بیانبینن؟ یان پێتان وایە زۆربەیان پێش گەیشتنیان دەبینن؟
 
 
کارۆڵ هێگنبۆتۆم: تەواو دڵنیاین کە هەموویان دەبینین پێش گەیشتنیان. لە ساڵی رابردوودا هیچ بەلەمێک نەهاتووە کە لەلایەن ئێمەوە دەستگیر نەکرابێت. لەبەرئەوە زۆر شانازی بەوە دەکەین کە کاری زۆرمان کردووە و هەموو بەلەمەکانمان گرتوون و ئەمەش وادەکات کە رێژەی مردن لەم ئاوانەدا کەم بێتەوە. خۆشبەختین کە کارەکانمان وایکردووە رێژەی مردنی خەڵکی زۆر نەبێت، بەڵام تەنیا مردنیش نییە، رێژەیەکی زۆری خەڵک بە برینداری دەدۆزینەوە، ئیدی هەندێکیان هەر لە کەناراوەکانی فەرەنسا بریندار دەبن و هەندێکیان لە رێگەدا بریندار دەبن. بۆ نموونە هەندێکیان بەهۆی سووتەمەنی رژانەوە لەنێو بەلەمەکە بریندار دەبن و ئەو برینە تاوەکو هەتایە پێیانەوە دەمێنێتەوە. لەبەرئەوە زۆر گرنگە کۆتایی بێنین بە هاتنی خەڵک لە رێگەی ئەم بەلەمانەوە.
 
رووداو: فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی بەلەمە بچووکەکان، ئەمە فەرماندەییەکی نوێیە؟ زیاترم لەسەر فەرماندەییەکە پێبڵێ، ئێوە چی دەکەن؟
 
کارۆڵ هێگنبۆتۆم: یەکەکەی ئێمە پێی دەگوترێت فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی بەلەمە بچووکەکان، زیاتر لە ساڵێکە دامەزراوین و بەشێکین لە پۆلیسی سنووری بەریتانیا. کاری ئێمە، تەواوی جەختی لەسەر ئەوەیە کە رێگە لە بە نایاسایی هاتنی بەلەمە بچووکەکان بگرین بۆ نێو خاکی بەریتانیا. بۆ ئەوەی کۆتایی بەم جۆرە پەڕینەوە مەترسیدارانە بێنین و رێگە لەوە بگرین کە مافیای خراپەکار خەڵکی هەژار و نەهامەتییەکانیان نەقۆزنەوە بۆ ئەوەی پارە بۆ خۆیان پەیدا بکەن.
 
رووداو: بینیوتانە کە قاچاخچییەکان خۆشیان لەگەڵ بەلەمەکان بێن، یان ئەوان بەلەمەکان دەنێرن و خۆیان لە شوێنی خۆیان دەحەوێنەوە و خەڵک دەنێرنە نێو دەریاکە؟
 
کارۆڵ هێگنبۆتۆم: ئەگەری ئەوە هەیە کە کەسانی نێو گرووپە تاوانکارەکانیش لەگەڵ بەلەمەکان دێن بۆ ئەوەی بەلەمەکە لێ بخوڕن بۆ بەریتانیا، بەڵام ئەوەش دەگۆڕێت، هەموو جار وەکو یەک نییە. گرووپی تاوانکاری زۆر هەیە کە ئەم جۆرە گەشتانە رێک دەخەن و میتۆد و شێوازی کارکردنیان جیاوازە بۆ گەیاندنی خەڵک بۆ ئێرە. لەبەرئەوە ئەگەری ئەوەهەیە جار جار خۆشیان لەگەڵیان بێن.
 
رووداو: دوای دامەزراندنی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنی بەلەمە بچووکەکان گۆڕانکاری لە تاکتیکی گرووپەکان دەبینن؟
 
کارۆڵ هێگنبۆتۆم: بە راستی کار دەکەین بۆ ئەوەی، بۆ نموونە پێنج، شەش، حەوت ساڵ بەر لە ئێستا کێشەکە زیاتر لۆری بوو، کۆچبەر لە پشتی لۆرییەکانەوە بە قاچاخ دەهێنران. ئێستا چاومان لەسەر بەلەمە بچووکەکانە و ئەگەری ئەوەی کە ئەوەش بگۆڕێت و شێوازێکی دیکە بێتە ئاراوە هەیە، بەڵام ئەوەندەی کە رێگەکەنیان بۆ خەڵک کەمتر مەترسیداربێت، ئێمە لای خۆمانەوە هەوڵدەدەین لەگەڵ دۆخەکەدا بگونجێین و رێگە لەم گرووپە تاوانکارانە بگرین. 
 
جەیمس گرەیس: کاتێک کە بەلەمەکان دەگەن، تیمەکەی من لێکۆڵینەوەی لێ دەکەن و بەڵگەکان کۆ دەکەنەوە و وێنەی دەگرن. دوای ئەوە بەلەمەکە دەبڕدرێت بۆ ئەوەی نەتوانن جارێکی دیکە بەکاری بێننەوە. دواتر دەبرێن و لە کۆگایەک بۆ ماوەی 40 تاوەکو 45 رۆژ هەڵدەگیرێت و دواتر لەنێودەبرێت. 
 
رووداو: ئێوە زیاتر ئەم جۆرە بەلەمە چووپانە دەگرن، یان جۆری بەلەمی دیکەش دێن و دەستیان بەسەردا دەگرن؟ 
 
جەیمس گرەیس: بەگشتی ئەم جۆرە بەلەمانەن، بەڵام قەبارەیان جیاوازە، بەلەم هەبووە گرتوومانە کە 30 مەتر درێژبووە، ئەوانە زۆر مەترسیدارترن، چونکە درێژترن و لەنێو شەپۆلی ئاودا بەوشێوەیەیان لێ دێت و ئەوەش زۆر مەترسیدارە بەڕاستی.
 
زۆر نابێت دەستمان بەسەر ئەم بەلەمانەدا گرتووە و دەبینی هەر لە ئێستاوە دەستیان بە لەدەستدانی هەوا کردووە. ئەوەش کێشەی ئەم جۆرە بەلەمانە نیشاندەدات. بۆ نموونە ئەگەر تەماشای نێو ئەمە بکەیت، دەبینی کونێک لە زەوی بەلەمەکەدا دەکەن. بۆ ئەوەی کاتێک کە لەنێو دەریادایە، کۆچبەرەکان بە پەمپ هەوای تێبکەنەوە. 
 
رووداو: ئەمە هەوای زۆری تێکراوە!
  
جەیمس گرەیس: بەڵێ هەوای زۆری تێدایە و تازەش دەستی بەسەردا گیراوە. 
 
رووداو: گوتت ئەمانە تازە دەستیان بەسەردا گیراوە، کەی بوو؟
 
جەیمس گرەیس: 31ی مانگ.
 
رووداو: 31ی یەک! 
 
جەیمس گرەیس: بەڵێ. 
 
رووداو: باشە، سەبارەت دروستکردنیان دەتوانی چیم پێبڵێی، ئەمە لە بەلەمێک ناچێت کە لە ماڵی کەسێک دروستکرابێت، ئەمە لە کوێ دروست دەکرێت؟ 
 
جەیمس گرەیس: نەخێر. ئەو قسەیەی تۆ تەواو راستە، بەڵام ئەوەی کە دەبێت تێیبگەین ئەوەیە کە ئەم بەلەمانە لە سەر ئینتەرنێت بەم شێوەیە ناکڕدرێن بۆ ئەوەی پێی بێن بۆ بەریتانیا. ئەمانە لە کارگەی بازرگانی دا دروست ناکرێن. بە باشی دروست نەکراون. ئەمانە زۆر پارچەی جیاواز جیاوازن و کەسێک، گرووپێکی تاوانکاری پێکەوەی لکاندوون. ئەمە بەلەم نییە، تەنیا شتێکە کە دەکەوێتە سەر ئاو و خەڵکی لەسەر دادەنێن. ئەو پلاستیکەی لێی دروستکراوە لە شوێنی دیکەوە دەهێنرێن. ئەو پلاستیکە بۆ بەلەم دروست نەکراوە. بۆ شتی دیکە دەگونجێت، بەڵام پێکەوە لکێندراوە و تێپی لێدراوە و زۆر پارچە پێکەوە لکێنراون. بۆ خۆت دەبینیت.
 
ببوورە تۆزێک دەجووڵێم.…. 
 
ئەم کۆتاییەی دەبینی، ئەم بەشەی کۆتایی لێرە، زۆر جار ئەمانە لێرە خۆیان پێکیەوە دەلکێنن. راستیت پێ بڵێم، ئەمە هێشتا بەلەمێکی باشە لە چاو هەندێکی دیکە. هەندێکی دیکەمان هەیە کە لەمە خراپترە. ئەم نایلۆنە پێکەوە لکێنراوە و دواتر بە تێپ بەم بەشەی دیکەوە لکێنراوە. ئەمە ئەو بەشەیە کە زۆرجار دەشکێت. کاتێک کە خەڵکی زۆر سوار دەکەن، ئەم بەشانە دەبینین کە دەشکێن. ئەوە کە وادەکات زۆریان ژێرئاو بکەون. شتێکی دیکەش ئەوەیە، ئەگەر ئەم بەلەمە لەلایەن کارگەیەکەوە دروستکرابووایە، لە ناوەوە بەش بەش دەبوو. بۆ ئەوەی ئەگەر بەشێکی کون بوو یان کێشەیەکی بۆ دروست بوو، هێشتا بەلەمەکە سەلامەت بێت. لە زۆربەی دۆخەکان دا، نابینین کە ئەم بەلامانە لە چەند بەشێک پێکهاتبن. زۆرینەیان یەک چووپن، لەبەرئەوە هەر بەشێکی کون بێت، بەلەمەکە ژێرئاو دەکەوێت. ئاوی تێدەچێت و بەدیوی ناوەوە دەقوپێت. ئەوەش بەداخەوە وادەکات کە کێشە دروستبێ و مردنی لێ بکەوێتەوە. من پێم وایە زۆر لە کۆچبەرەکان نازانن خۆیان دەدەنە دەستی چ شتێک. کاتێک کە پێیان دەڵێن بە بەلەم دەتانبەین و رێکلامەکە دەبینن. پێیان وایە سواری بەلەمێکی باش دەکرێن کە دەتوانێت بەنێو ئاوەکاندا بە باشی بڕوات و بگاتە بەریتانیا، بەڵام وا نییە، ئەمە ئەو بەلەمەیە کە سوار دەکرێن. دواتر ئینجا راستییەکە دەبینن. 
 
ئەو مادەیەی ئەم بەلەمەی  لێ دروستکراوە زۆر تەنکە. وەکو ئەو مادەیەیە کە قەڵای یاری منداڵانی لە مۆڵەکان لێ دروست دەکرێت. مادەیەک نییە کە بۆ دروستکردنی بەلەم بشێت. لەبەرئەوە قاچاخچییەکان ئەم بەلەمانە بەشێوەیەک دروست دەکەن کە زۆرترین قازانجی لێ بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن زۆرترین پارەی پێ پەیدابکەن، لەبەرئەوەش ئەوەندەی بتوانن خەڵک دەخەنە نێو ئەم بەلەمانە. دەبینی کە ئەو تەقەڵانەی لە بەلەمەکە دراوە خراپن، بۆ دۆخی دەریا نابن. هەر تەنیا چەند پارچە نایلۆنێکە و پێکیانەوە لکاندووە. هەندێک جار کە ئەم بەلەمانە دەبڕینەوە، دەبینین دوو بەلەم لێکدراوە. شتێکی دیکە دەبینی ئەوەیە، کە زۆر جار شوێنی دەستگرتن بە بەلەمەکەوە لێ بووەتەوە. کۆچبەرەکان لێرە دادەنیشن و هەوڵدەدەن، دەست بە لاتەنیشتی بەلەمەکانەوە بگرن.
 
دەمەوێت باسی ئەوەش بکەم کە رێژەی ئەو هەوایەی لە بەلەمەکەدایە چۆنە. کاتێک کە بەلەمەکە بە کەناڵی ئینگلیز دا دێت، یەکسەر دەست بە لە دەستدانی هەوا دەکەن. لەبەرئەوە لەنێو بەلەمەکەدا زۆر پەمپی هەوای پاسکیل دەبینین. خەڵک ئەم پەمپانە دەکڕن پێش ئەوەی بچنە نێو بەلەمەکەوە بۆ پەڕینەوە لە کەناڵەکە. هۆکاری ئەوەش کە ئەم پەمپانەیان پێیە ئەوەیە کە کاتێک کە بە کەناڵی ئینگلیز دا دێن، دەبێت بەردەوام هەوا لە بەلەمەکان بکەنەوە. چونکە کاتێک کە لەنێو ئاوەکانی کەناڵەکەدان، هەوا لەدەست دەدەن. لەبەرئەوە کۆچبەرەکان بە پەرۆشەوە هەوڵدەدەن کە هەوا بکەنەوە نێو بەلەمەکان. 
 
بەگشتی نابینین کۆچبەرەکان چاکەتی رزگاریان پێ بێت. قاچاخچییەکان، یان گرووپە تاوانکارەکان هەر شتێکیان دەستکەوێت پێیان دەدەن کە خۆیان پێیان وایە لەسەر ئاو دەیانهێڵێتەوە. شتی لەم شێوەیە، ئەم بازنە نایلۆنەیان دەدەنێ. ئەم بازنە نایلۆنییە بۆ ئاوی تەنک دروستکراوە، بۆ یاریکردن لەنێو مەلەوانگە دروستکراوە نەک بۆ پەڕینەوە لە یەکێک لە قەرەباڵخترین ئاوەکانی جیهان. گرووپە تاوانکارەکان ئەمانە دەدەنە کۆچبەرەکان، پێیان وایە ئەمانە کۆچبەرەکان دەپارێزێت، بەڵام نایانپارێزێت و مەترسی خنکانیان لەسەرە.
 
لە راستیدا هەندێک جار دەبینین کە چاکەتی سەلامەتی دەدەنە خەڵک، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئەم چاکەتانە زۆر باش نین. ئەمانە بۆ یاریکردن و بەلەمەوانی نێو رووبارەکان دروستکراون، بۆ نێو دەریا دروست نەکراون. کێشەیەکی دیکەی ئەم بەلەمانە، سووتەمەنییە. سووتەمەنی بۆ بزوێنەرەکان. ئەو سووتەمەنییە چاکەتەکان دەڕزێنێت. وەکو ئەمەی کە دەیبینی. دەبینی ناوەوەی چاکەتەکە هاتووەتە دەرەوە. ئەمە ژیانی خەڵک لە دەریا رزگار ناکات. ئەمە ئەو کێشانەیە کە لە کەناڵی ئینگلیزدا دەیبینین. ئەو خەڵکانەی کە دەخرێنە نێو ئاوەکان، بە باشی ئامادەکارییان بۆ ناکرێت. بەلەمەکان لە دۆخی زۆر خراپدان و ژیانی خەڵک دەخەنە مەترسییەوە. هەندێ جار ئەمانەش دەبینین. پێم وایە ئەمە چووپی ماتۆڕسکیلە. خەڵک پێیان وایە ئەمە دەیانپارێزێت. لەبەرئەوە زۆر شت بەکاردێنن. بەداخەوە شتی لەم شێوەیەش دەبینین بۆ منداڵ. ئەمە بۆ ئەوە کراوە کە نازدارە بچووکەکەت فێری مەلەوانی بکات، نەک  بۆ پەڕینەوە لە زەریا بەکاری بێنێت.
 
بەلەمەکان بزوێنەریان هەیە. سووتەمەنی بزوێنەری بەلەمەکان مەترسیی گەورە بۆ کۆچبەرەکان دروست دەکات. جەستەیان بە سووتەمەنی دەسووتێت. کاتێک کە کۆچبەرەکان لە نێو بەلەمەکەدان، سووتەمەنییەکە لەگەڵ ئاوی دەریادا تێکەڵ دەبێت و کۆچبەرەکان نایبینن، بەڵام ئەو تێکەڵەیە دەستت دەسووتێنێت. زۆر جار دەبینین کۆچبەر کە دێن هەموو دەست و باڵیان سووتاوە. ناشزانن دەستیان بە سووتەمەنی سووتاوە. قاچاخچییەکان ئەوە گرنگ نیە بەلایانەوە و دەیانەوێت هەرچۆنێک بێت خەڵکی بپەڕێننەوە. لەبەرئەوە زۆر کەس بە برینداری دەگەن. ئەوەش مەترسییەکی دیکەیە. 
 
رووداو: گوتت پەنجا شەست کەس دەخەنە نێو ئەم جۆرە چووپانەوە؟
 
جەیمس گرەیس: زۆرجار زیاتریش. ساڵ بە ساڵ دەبینین ژمارەی ئەو کەسانەی لە یەک بەلەمدا سەردەخرێن زیاتر و زیاتر دەبن. ئەوەش نیشانی دەدات کە کۆچبەرەکان بەپەرۆشن و گرووپەکانیش تەنیا ئەوەی گرنگە بەلایانەوە، پەیداکردنی پارەی زیاترە. لەبەرئەوە لەسەر حسابی سەلامەتیی خەڵکی، دەیانەوێت خۆیان دەوڵەمەند بکەن. من بینیومە لە یەک بەلەمدا، 80 کەس، زۆرترین کە بینیومە لە یەک بەلەمدا زیاتر لە 80 کەسی تێدا بووە. هەتا خەڵکی زیاتری تێدا بێت، بەلەمەکە کەمتر سەقامگیر دەبێت لەنێو ئاودا. 
 
رووداو: دەڵێیت هەشتا کەس یان زیاتر لە بەلەمێکی لەم جۆرەدا دەبن، بەڵام ئەم بەلەمە بۆ خۆی دەتوانێت چەند کەسێک بە شێوەیەکی سەلامەت هەڵگرێت؟ 
 
جەیمس گرەیس: هیچ کەس! هیچ ژمارەیەک نییە کە ئەم بەلەمە بتوانێت بە سەلامەتی هەڵیگرێت. ئەم بەلەمە بۆ هەڵگرتنی خەڵکی ناشێت، بەلەمێک نییە کە لە کارگەیەکی بازرگانی دروست کرابێت، لەبەرئەوە بە هیچ شێوەیەک سەلامەت نییە. من بۆ خۆم لەم بەلەمە رانابینم هیچ کەسێکی تێدا دابنێم. تەنانەت بۆ رێگەیەکی کورتیش بێت. ئەمە دیزاین نەکراوە بۆ ئەوەی لە کەناڵی ئینگلیزی بپەڕێتەوە. بۆ هیچ کەس سەلامەت نییە.
 
ئەمە تەنیا بۆ پەڕینەوە لە ئاوێکی بچووک دەبێت و ئەوکاتیش هەندێک جار دەبێت خەڵکەکەی رزگاربکرێن. دەمەوێت هەندێک لەو شتانەی کە لە بەلەمەکاندا دەیان دۆزینەوە نیشانت بدەم. ئەم شتانە نیشانت دەدەن کە پەڕینەوە بەم بەلەمانە چەند مەترسیدارە. خێزان دەبینین، منداڵ دەبینین کە هەوڵی پەڕینەوە دەدەن بەم بەلامانە. ئەم بەلامانە بۆ هیچ کەس نابێت، چ جای منداڵ و خێزان. 
 
ناوەڕاستی بەلەمەکەش چووپە. کێشەی بەلەمی نێوەڕاست چووپ ئەوەیە کاتێک بەسەر ئاودا دەڕوات بەم شێوەیە دەچەمێتەوە. زۆر جار کۆچبەرەکان وا دەزانن سەلامەتترین شوێنی بەلەمەکە ناوەڕاستی بەلەمەکەیە، بەڵام بە گشتی وانییە. هەندێک جار کاتێک کە خەڵک رزگاردەکەین، دەبینین هەموو کەسێک لەسەر پێ دەوەستێت، دۆخێکی زۆر نائارام دروست دەبێت لەنێو دەریاکەدا و خەڵک دەکەونە خوارەوە و لە تەنیشتی بەلەمەکانەوە دەکەون و ون دەبن، چونکە هەندێک جار ئەوە لە شەودا روودەدات و تیمی فریاگوزاری ناتوانن بیانبینن. ئەوەش دۆخەکە ئەوەندەی دیکە مەترسیدارتر دەکات. ئەم بەلەمانە بە گشتی رەنگیان رەشە و کاتێک کە تاریکە زۆر ئەستەمە ئەم بەلەمانە لە کەناڵی ئینگلیزیدا ببینیت. 
 
بە داخەوە منداڵیش دەبینین، دەبینین منداڵی زۆر کەم تەمەن دێن. منداڵی تەمەن جیاواز دەبینین پێچراونەتەوە و هەوڵی پەڕینەوەیان دەدرێت و دەگەیێنرێنە کەناراوەکان. کاتێک کە بەلەمەکان هەوڵی پەڕینەوە دەدەن، ئاو دەچێتە نێو بەلەمەکان. گرووپە تاوانکارییەکان بە کۆچبەرەکان دەڵێن ئاوی نێو بەلەمەکە دەرکەنە دەرەوە، بەڵام ئەمە بە کۆچبەرەکان ناوترێت پێش ئەوەی سواری بەلەمەکان بن. کاتێک کە دەچنە نێو دەریا ئینجا پێیان دەڵێن دەبێت ئاوی نێو بەلەمەکە دەردەنە دەرەوە. ئەوەش زۆر مەترسیدارە و خەڵکی ترسیان لێ دەنیشێت، چونکە ئەم بەلەمانە پڕن لە خەڵک و هەوڵدەدەن کە ئاوی نێو بەلەمەکە فڕێ بدەنە دەرەوە. شتی لەم شێوەیە دروست دەکەن بۆ ئەوەی ئاوی بەلەمەکە دەربکەن.  
 
دووبارە بڵێمەوە، زۆر جلی منداڵان و شتی وامان لایە. هەموو شتێک بەکاردەهێنن، وەکو تایە و هەرشتێک بۆ ئەوەی بەلەمەکە توانای پەڕینەوەی لە دەریا هەبێت، بەڵام بەهیچ شێوەیەک ئەم بەلەمانە توانای پەڕینەوەی سەلامەتیان لە دەریادا نییە.