سەفین دزەیی: بە قۆناخ هەوڵی بچووککردنەوەی هەرێمی کوردستان دەدرێت


رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، لە 2005وە تاوەکو ئێستا کە دەستوور پەسندکراوە، "بە داخەوە" رۆژ بەڕۆژ دەبینین دەستوور پێشێل دەکرێت و پەراوێز دەخرێت. بە قۆناخیش هەوڵی بچووککردنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدرێت. 
 
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ سەنگەر عەبدولڕەحمان، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، سیاسەتمەدارانی عێراق کە بەشی هەرە زۆریان تاوەکو پێش 2003 پێگەیان لە هەرێمی کوردستان هەبووە و بەشێک بوونە لە ئۆپۆزیسیۆن، "ئێستا کە دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرتووە بە داخەوە لوولەی تفەنگەکانیان لەبری ئەوەی روو لەو خەڵکانە بێت کە ئەجێندای خۆی بەسەر دەسەپێنن، رووی لە هەرێمی کوردستان دەکەن".
 
دەقی هەڤپەیڤینی سەنگەر عەبدولڕەحمان لەگەڵ سەفین دزەیی: 
 
رووداو: ئێستا هەندێک دەنگ هەیە لە بەغدا داوای داخستنی نوێنەرایەتییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن، چۆن لەو داوایەنە دەڕوانن؟
 
سەفین دزەیی: ئەو داوایانە تاکەکەسین، بە فەرمی و لەلایەن لایەنێکی سیاسی و حکومییەوە ئەو باسە نەکراوە، ئەگەر هاتوو رۆژێک لە رۆژان ئەو باسە بکرێت، ئەو پێشێلی یەکێک لە بڕگەکانی دەستوور دەبێت. لە 2005وە تاوەکو ئێستا کە دەستوور پەسندکراوە بە دەنگی 85٪ی دەنگدەرانی عێراق بە داخەوە رۆژ بەڕۆژ دەبینین دەستوور پێشێل دەکرێت و پەراوێز دەخرێت. بۆ نموونە ماددەی 140 دەبوو لە کۆتایی 2007 جێبەجێ بکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا جێبەجێ نەکراوە، بەڵام هەرێمی کوردستان بەر لە 2003 بەر لە گۆڕانی رژێم چەندین نوێنەرایەتی لە دەرەوە هەبووە، ئەو نوێنەرایەتیانەی هەن دەستکەوتی دوای گۆڕینی رژێم نییە، رەنگە چەند دانەیەکیان دوای 2003 کرابنەوە، هەبوونی کۆنسوڵخانە نوێنەرایەتیە دیپلۆماسییەکان لە هەرێمی کوردستان لە دوای 2003 بووە، بەڵام ئێمە وەکو مافێکی دەستووری خۆمان پەیڕەوی دەکەین و بەردەوامیش دەبین لەکارەکانی خۆمان، ئەو پەیوەندییەی کە بەشێکیان لە هەشتاکان و نەوەدەکانەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی دروستبووە، بە هەمان شێوە بەردەوام دەبێت.
 
رووداو: تێڕوانینی کۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتییەکان بۆ کێشەکانی نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق چییە؟
 
سەفین دزەیی: لە کۆی ئەو دیدادارانەی لەگەڵ نوێنەرایەتیی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدرێت، تەنانەت لە میانی سەردانی باڵیۆزی وڵاتان بۆ هەرێمی کوردستان، خوازیاری ئەوەن دیالۆگ تاکە رێگەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئەوانیش دان بەوەدا دەنێن کە کۆمەڵێک کێشە هەیە و ئەو مافانەی کە هەرێمی کوردستان داوای دەکات دەستوورییە، بینیشمان سەبارەت بە کێشەی شنگال یونامی رۆڵێکی بەرچاوی هەبوو، کە رێککەوتنێکی باش لەنێوان هەولێر و بەغدا پێش چوار مانگ ئەنجام بدرێت، بەڵام بە داخەوە لە رووی جێبەجێکردن بە پێچەوانەی ئەو رێککەوتنە شتی تازە هاتووەتە ئاراوە.
 
رووداو: هیچ وڵاتێک ئامادەیی پێشانداوە بۆ ئەوەی نێوەندگیری لەنێوان هەولێر و بەغدا بکات، یان ئێوە داواتان لە هیچ وڵاتێک کردووە رۆڵی نێوەندگیر بگێڕێت؟
 
سەفین دزەیی: لە کۆی کۆبوونەوەکان ئەنجام دەدرێت هەمیشە باسی ئەوەکراوە کە وڵاتان بە تایبەت ئەمریکا و وڵاتانی ئەوروپا پێویستە وەکو ئەرکێکی ئەخلاقی کە لەسەریانە وەکو هاوپەیمانان کە رۆڵیان هەبووە لە عێراق، رۆڵی ئەوان پێویستە و پێشیان گوتراوە، هەندێکیان رەنگە چاوەڕێی ئەوە بکەن بە فەرمی لەلایەن هەولێر و بەغداوە داوایان لێبکرێت، ئەگەرنا دەبێت جۆرێک لە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق، بەڵام ئێمە وای نابینین، چونکە هێشتا عێراق نەگەیشتووەتە سەر سکەی خۆی و سەرڕاست نەبووەتەوە لە کۆمەڵێک کێشە، بۆیە ئەو وڵاتانە ئەرکێکیان لەسەر شانە بۆ ئەوەی هاوکار بن. ئەو وڵاتانەش ئامادەیی خۆیان بۆ پاڵپشتی دەربڕیوە، بەڵام لە پشتی پەردەوە بووە.
 
رووداو: هەندێک لە لایەنە شیعییەکان داوا دەکەن دۆسیەی نەوت رادەستی بەغدا بکرێتەوە، پێتانوانییە ئەمە هەوڵێک بێت بۆ تێکدانی ئەو پەیوەندییە سیاسییانەی هەرێمی کوردستان کە لەو رێگەیەوە لەگەڵ وڵاتان دروستی کرووە؟
 
سەفین دزەیی: ئەوەندی سەیری تابلۆیەکە دەکەین بەشێوەیەکی گشتی، ئەو هەوڵەی بۆ کەمکردنەوەی پێگە و قەوارەی هەرێمی کوردستان دەدرێت، هی ئەمڕۆ و دوێنێ نییە، لە دوای 2009وە ئەو هەوڵە هەیە، هەنگاو بە هەنگاو هەوڵدراوە پێگەی هەرێمی کوردستان کەمبکرێتەوە. ئەوەشمان بینی کە لە ساڵی 2010 هێزەکان لە ناوچەکانی شنگال و خانەقین جوڵەیان پێکرا، لە 2011 کاتێک هێزەکانی هاوپەیمانان عێراقیان جێهشت، حکومەتی عێراق روویان کردە سوننەکان و بە پاساو رووبەڕوونەوەی تیرۆر هێرشیان کردە سەر خۆپێشاندەرانی فەلـلوجە، لە ئەنجامدا داعشی لێدروست بوو، ئێستاش زۆربەی ناوچە سوننییەکان لەلایەن حەشدی شەعبییەوە کۆنترۆڵکراون و خەڵکەکەشی رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە.
 
راستە لە 2017 لە ریفراندۆمی سەربەخۆیی ئەو پرۆسەیەی عێراق مەبەستی بوو خێراتر بکات، ئەگەرنا زوو یان درەنگ ئەو پلانە هەبوو بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بخەنەوە ژێر باڵی خۆیان.
 
رووداو: ئەو هەوڵانەی ئێستاش هەن لەلایەن بەغداوە بۆ هەمان مەبەستە؟
 
سەفین دزەیی: زۆر بە ئاشکرا زۆر لە سیاستەمەداران و لایەنە سیاسییە سەرەکییەکان باس لەوە دەکەن ئەوەی لە هەرێمی کوردستان دەگوزەرێت دەوڵەتە لەنێو دەوڵەت، بە نسبەت ئەوان قابیلی قبووڵ نییە، لە رووی نەدانی بودجە و کەمکردنەوەی دەسەڵاتەکان... ماوەی 5 ساڵە جووتیاران شایستە داراییەکانی خۆیان وەرنەگرتووە، زۆر بە روون و ئاشکرایی جیاوازیی لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەشەکانی دیکەی عێراق دەکەن، بەداخەوە لەکاتێکدا هەرێمی کوردستان دەکەنە هۆکاری سەرەکی کەمی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری لە شارەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق، هانی شەقامی عێراقیش دەدەن و هەرێمی کوردستانیش بە هۆکار دەزانن و وایان تێگەیاندوون کە پارەی بەسەرەو شارەکانی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان دێت.
 
رووداو: ئەمە هەوڵێک بێت بۆ تێکدانی ئەو پەیوەندییە سیاسییانەی هەرێمی کوردستان کە لەو رێگەیەوە لەگەڵ وڵاتان دروستی کردووە؟
 
سەفین دزەیی: واپێدەچێت بەو ئاراستەیە بچێت، هیوادارین سیاسەتمەدارانی عێراق کە بەشی هەرە زۆریان تاوەکو پێش 2003 پێگەیان لە هەرێمی کوردستان هەبووە و بەشێک بوونە لە ئۆپۆزیسیۆن، بەڵام ئێستا کە دەسەڵاتیان بەدەستەوە گرتووە بە داخەوە لوولەی تفەنگەکانیان لەبری ئەوەی روو لەو خەڵکانە بێت کە ئەجێندای خۆی بەسەر دەسەپێنن، رووی لە هەرێمی کوردستان دەکەن. بۆیە دایلۆگ پێویستە، پێویستە شاندی سیاسی زووزوو بچێتە بەغدا.
 
رووداو: هەوڵ هەیە بۆ ئەوەی شاندی سیاسی بچێتە بەغدا؟ باس لەوە دەکرا ئەو شاندە سیاسییە بە سەرۆکایەتیی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەبێت، ئەو سەردانە بۆ دواکەوت؟
 
سەفین دەزەیی: چەندین شاندی سیاسی و حکومی چوونەتە بەغدا، هەر لەگەڵ دەستبەکاربوونی کابینەی نوێی حکومەت شاندی حکومەت چووەتە بەغدا، چەندین جاری دیکە جێگری سەرۆکی حکومەت چووەتە بەغدا و بۆ چەندین رۆژ ماوەتەوە بۆ دیالۆگی بابەتە تەکنیکییەکانی نێوان هەردوو حکومەت، بەڵام لە ئاستی سیاسی، بە داخەوە تاراددەیەک بۆشاییەک هەبووە.
 
ئەگەر سەیر بکەین لە دوای ساڵانی 2003 بەسەرەوە تاوەکو 2010 تا راددەیەک پێگەی هەرێمی کوردستان لە رووی سیاسییەوە لە بەغدا بوو، زۆرجار کێشە ئاڵۆزەکانی بەغدا لە هەولێر چارەسەر دەکران. ئەوکات سەرکردایەتیی پارتی و یەکێتی و لایەنکانی دیکەش هەبوونێکی بەرچاویان لە بەغدا هەبوو، دەیانتوانی لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی شیعە و سوننە دانوستاندنێکی باش و پتەو ئەنجام بدەن، بەڵام ئێستا ئەو تەواجودە نەماوە، راستە ئەندامانی پەرلەمان هەن، بەڵام کاری ئەوان لە چوارچێوەی پەرلەمانە، ئەو شەڕەی لە دەرەوەی پەرلەمان هەیە، رەنگە ئاستەنگ بێت بۆ ئەوان لەناو پەرلەمان بیکەن، چونکە پرسەکان لەناو پەرلەمان بە زۆرینە و کەمینە تێدەپەڕێنرێت. بۆیە لە دەرەوەی پەرلەمان و لە مەتبەخی سیاسی پێویستە ئەو دانوستانە هەمیشە بەردەوام بێت و شاندی هەرێم سەردانی بەغدا بکەن، نەک بۆ چەند کاژێرێک، بەڵکو ماوەیەک بمێننەوە و بتوانن بڕوا بەوان بهێنن ئەگەر بابەتەکە بڕواهێنان و دانوستان و گفتوگۆی سیاسی بێت. 
 
رووداو: کۆماری ئیسلامیی ئێران وەڵامی ئەو یاداشتەی ئێوەی دایەوە کە لەسەر ئەو فیلمەی لەسەر پێشمەرگە بەرهەمیان هێنابوو؟

سەفین دزەیی: نەخێر، تاوەکو ئێستا هیچ وەڵامێکی فەرمیان نەداوەتەوە، بڕیارە لەو یەک دوو رۆژە داوای وەڵامی ئەو نیگەرانییە خۆمان بکەین کە بەشێوەی فەرمی بەوانمان گەیاندبوو.

رووداو: کۆنسوڵخانەی ئەمریکا لە چەند دیدارێکدا لە هەرێمی کوردستان نیگەرانی خۆیان لەبارەی ئازادیی رۆژنامەنووسی لە هەرێمی کوردستان دەربڕیوە، ئایا بەفەرمی ئەو نیگەرانیانەیان بە ئێوە گەیاندووە وەکو فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان؟

سەفین دزەیی: لە هەرێمی کوردستان ئازادی رادەربڕین بە یاسا رێکخراوە رەنگە هەندێک گرفت لە جێبەجێکردنی ئەو یاسایە هەبێت، ئەگەری سەیری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست بکەین، بە بڕوای من ئەو مەودا فراوانە لە کاری رۆژنامەگەری و ئازادی رادەربڕین لە هەرێمی کوردستان هەیە. بەڵێ هەندێکجار ئەو تێبینییانەی خۆیان دەربڕیوە و داواشمان لێکردوون هاوکارمان بن.

رووداو: پێتانوایە ئەوەی ئەمریکا لەبارەی ئازادیی رۆژنامەگەرییەوە دەیڵێت جۆرێک لە واقیعی تێدایە؟

سەفین دزەیی: ئەگەر بێت و کەیس بە کەیس سەیری بکەین، چونکە هەندێک حاڵەت هەیە رەنگە بە داخەوە هەندێک وڵات هەن ئیستغلالی یاسای میدیاگەرییان لە هەرێمی کوردستان کردووە بۆ جێبەجێکردنی کارەکانی خۆیان، هەندێک لەو وڵاتانە زۆر بە ئاشکرا دەڵێن ئێمە پێویست ناکات راستەوخۆ دەستوەردان بکەین، بەڵام ئێوە هەندێک یاساتان هەیە، لە رێگەی ئەو یاسایانەوە دەتوانین ئیش بکەین، ئەگەر بمانەوێت ئیش بکەین. چەندین کەیس هەبووە، هەرچەند پێویستە دادگە یەکلای بکاتەوە، بەڵام چەند حاڵەتێک هەبووە کەسانێک راستە ناسنامەی رۆژنامەنووسییان هەیە، بەڵام لەسەر کاری میدیایی نەگیراون، بەڵکو کاری دیکەیان کردووە کە دەستدرێژی بووە بۆسەر ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەمەش دەبێت لە دادگە یەکلابکرێتەوە. پێش 10 رۆژ کۆنسوڵخانەی بەریتانیا لێرە کۆرسێکیان هەبوو بۆ زیاتر پێناساندنی کۆمەڵێک رێوشوێنی دادوەری بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە دادوەرانی کوردستان، بۆ ئەوەی زیاتر ئاشنابن بە هەندێک کاروباری میدیاگەری.

هەروەکو گوتم ئێمە لە هەرێمی کوردستان هیچ کاتێک نەمانشاردووەتەوە وەکو حکومەت هەندێک گرفتمان لە هەندێک بواردا هەیە، داواشمان لە وڵاتانە کردووە بەپێی توانا بتوانن هاوکارمان بن و دەستنیشانی کەموکوڕییەکان بکەن و هاوکاریشبن بۆ چارەسەرکردنیان.

رووداو: لەو ماوەیە هیچ سەردانێکی سەرۆکی هەرێمی کوردستان یان سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە بۆ دەرەوە؟

سەفین دزەیی: ئەوەی من ئاگاداربم نەخێر، چونکە بەهۆی کۆرۆنا بە داخەوە بەرنامەمان هەبوو، لە بەرنامەی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیراندا هەبوو بچێتە هۆڵەندا و یەکێتیی ئەوروپا و ئەڵمانیا و فەرەنسا و بەریتانیا، بەڵام بەهۆی کۆرۆنا کاروباری هەموو دونیا سەرەو ژوور بووە و هەمووی بووەتە ڤیدیۆ کۆنفرانس. بۆ ئەمریکاش لەسەردەمی ئیدارەی ترەمپ بەرنامە هەبوو، بە بڕوای من لە ئەمریکاش ئەو ئامادەییە هەیە بۆ ئەوەی پێشوازی لە شاندی هەرێمی کوردستان بکەن.

رووداو: لە هەرێمی کوردستان کۆنسوڵخانەی چەند وڵات هەیە، پلان هەیە وڵاتانی دیکە کۆنسوڵخانە لە هەرێمی کوردستان بکەنەوە؟

سەفین دزەیی: چ کۆنسوڵگەریی گشتی، یان نوێنەرایەتی باڵیۆزخانەکان، یان کۆنسوڵی فەخری وڵاتان لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 40 دانەن، بێگومان هەوڵیش دەدەین ژمارەکانیان زیاد ببێت، چەند وڵاتێکیش ئامادەیی خۆیان پێشانداوە بۆ کردنەوەی کۆنسوڵخانە.

کۆنسوڵخانەی وڵاتە هەمیشەییەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش لە هەرێمی کوردستان هەن، کۆنسوڵخانەی چەندین وڵاتی ئەوروپیش لە هەرێمی کوردستان هەن، وڵاتانی دەوروبەر و 6 وڵاتی عەرەبیش کۆنسوڵخانەیان هەیە و هەوڵ دەدەین ئەگەر توانا هەبێت ئێمەش وەکو فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە داهاتوو لە چەند وڵاتێک نوێنەرایەتیمان زیاد بکەین.

رووداو: تورکیا یەکێک بوو لەو وڵاتانەی کە بەنیازبوون نوێنەرایەتی لێ بکەنەوە، بۆچی نەتانکردەوە؟ لە رووسیاش کێشەتان هەیە؟

سەفین دزەیی: لە رووسیا بە فەرمی نوێنەرایەتیمان هەیە، بەڵام نوێنەرمان نییە، لە تورکیا بابەتەکە پەیوەندی بە خۆمانەوە هەیە، بەپێی توانا ئەوەی لەبەردەستدابێت.

رووداو: لە رووی سیاسییەوە تورکیا کێشەی نییە؟

سەفین دزەیی: بەر لە 4 ساڵ تورکیا ئامادەیی تێدابوو نوێنەرایەتی بکرێتەوە، بەڵام مەسەلەی ریفراندۆمی بەسەرداهات، دواتر جارێکی لەسەرەتا پێکهێنانی کابینە سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران کە سەردانی تورکیایان کرد لەوێ ئەو بابەتە جارێکی دیکە باسکرا و ئامادەیی خۆیان دەربڕی ئەو نوێنەرایەتییە هەبێت.

رووداو: قەیرانی دارایی کاریگەری لەسەر کاری نوێنەرایەتییەکانتان هەبووە لە دەرەوە؟

سەفین دزەیی: بێگومان، چونکە ئەگەر بێت بودجە خەرج نەکرێت، لە سەرەتای ساڵی رابردوو رەزامەندی ئەنجوومەنی وەزیرانمان هەبوو بۆ خەرجکردن، بەڵام تاوەکو مانگی 6 بودجەکان خەرج نەکران، ئێمە لە فەرمانگە بەر لە بڕیاری کابینە بۆ کەمکردنەوە ٪21 ـی کەمکردنەوەی مووچە، ئێمە لە مانگی دووی پارەوە پێشنیازمان کرد 20٪ بودجەی نوێنەرایتییەکان کەمبکرێتەوە، دوای ئەوەبوو خەرجییەکانی دیکە پێشەکەش کرا.