ئەحمەد دالاتی: سووریا ناوەندی دەمێنێتەوە و فیدراڵی هێڵی سوورە

دوێنێ کاژێر 02:23
نالین حەسەن
نالین حەسەن
هەڤپەیڤین لەگەڵ ئەحمەد دالاتی، سەرکردەی بەڕێوەبەرایتیی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و جێگری سەرۆکی بزووتنەوەی ئەحراری شام
هەڤپەیڤین لەگەڵ ئەحمەد دالاتی، سەرکردەی بەڕێوەبەرایتیی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و جێگری سەرۆکی بزووتنەوەی ئەحراری شام
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرکردەی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و جێگری سەرۆکی بزووتنەوەی ئەحراری شام رایدەگەیێنێت، "بێگومان، فیدراڵی هێڵی سوورە بۆ ئێمە. سووریا ناوەندی دەمێنێتەوە، ئەمەش لە بەرژەوەندیی هەموو سووریاییەکاندایە."
 
ئەحمەد دالاتی، سەرکردەی بەڕێوەبەرایتیی ئۆپەراسیۆنی سەربازی و جێگری سەرۆکی بزووتنەوەی ئەحراری شام لەم هەڤپەیڤینەدا لەبارەی کۆنفرانسی نیشتمانی لە سووریا، بەشداریکردنی پێکهاتەکان لە سووریای نوێ، کورد، هێزەکانی سووریای دیموکرات، هەروەها چۆنییەتی بەڕێوەبردنی سووریا لەدوای رووخانی دەسەڵاتی ئەسەد، قسەی بۆ رووداو کرد.
 
ئەحمەد دالاتی گوتی، "ئێمە رێگە بە هیچ فیدراڵی و بەڕێوەبەرایەتییەکی ناوەندی و، بەیاساییکردنی هیچ بارودۆخێک لەسەر بنەمای ئیتنیکی، نەتەوەیی یان ئایینی نادەین."
 
لەبارەی ئەو "موجاهید" و کەسانەی خەڵکی سووریا نین و لەگەڵیاندا بەشداری شەڕی دژی ئەسەد بوون، دەڵێت، "ئەوان لە کۆنفرانسی نیشتمانیدا نوێنەرایەتییان دەبێت... ئەوان بەشێوەیەکی کردەیی بوونەتە بەشێک لە کۆمەڵگەی سووریا." بەڵام دەڵێت، دژی چەکداری ناسوورین لەنێو هێزەکانی یەپەگە "بەهۆی پڕۆژەی سیاسییان و پابەندبوونیان بە ئەجێندای دەرەکییەوە."

دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ئەحمەد دالاتی:

رووداو: کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی کەی دەبەسترێت؟
 
ئەحمەد دالاتی: سڵاو لە ئێوە و هەموو بینەران، سوپاس. سەرەتا ناوی کۆنفرانسی نیشتمانییە، نەوەک دیالۆگی نیشتمانی. بە ویستی خودا لەم مانگەدا دەبەسترێت. ئێستا ئامادەکارییەکان بۆ راگەیاندنی لیژنەی ئامادەکاری دەکرێن تاوەکو بەرنامەی کار رێکبخرێت، کە تێیدا هەموو پێکهاتەکانی گەلی سووریا بەشداری دەکەن و کاتی کۆنفرانسەکە دیاری دەکرێت. لەم مانگەدا دەبەسترێت.
 
رووداو: چەند کەس بەشداری دەکەن؟
 
ئەحمەد دالاتی: هەوڵدەدەین هەموو پێکهاتە و بەشەکانی گەلی سووریا لەم کۆنفرانسەدا نوێنەرایەتییان هەبێت، چاوەڕوان دەکرێت زیاتر لە هەزار کەس بەشداری بکەن.
 
رووداو: ئایا کورسیی تایبەت بۆ کورد، تورکمان، چەرکەس، سریان، ئاشووری، عەلەوی و دروزەکان هەیە؟
 
ئەحمەد دالاتی: راستە. هەموو ئایین، بەشە کۆمەڵایەتی و پێکهاتەکانی گەلی سووریا نوێنەرایەتییان دەبێت.
 
رووداو: بەشداریی پارتە سیاسی و گرووپە چەکدارەکان چۆن دەبێت؟
 
ئەحمەد دالاتی: بۆ پارتە سیاسییەکان، لەم دۆخەدا بەڕاستی پارتی سیاسی لە سووریا نییە، چونکە رژێمی پێشوو دەسەڵاتی بە تەواوی بۆ بەرژەوەندیی حیزبی بەعس قۆرخ کردبوو. سەبارەت بە گرووپە چەکدارەکان، وەزارەتی بەرگری راگەیێندرا و لەسەر هەڵوەشاندنەوەی گرووپە چەکدارەکان و تێکەڵکردنیان لەگەڵ وەزارەتی بەرگری رێککەوتن، ئێستا بەشێکن لێی. بێگومان نوێنەری گرووپە چەکدارەکان لە کۆنفرانسەکەدا دەبن، تاوەکو ئەو کەسانەی لە رزگارکردنی وڵاتەکەدا بەشدارییان کردووە، بەشێک بن لەم رووداوە.
 
رووداو: تۆ گوتت لە سووریا پارتی سیاسی نییە، بەڵام پارتەکانی بەرەی نیشتمانیی پێشکەوتنخواز، هەروەها پارتەکانی ژێر ناوی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا و پارتەکانی دیکەش هەن.
 
ئەحمەد دالاتی: ئامانجی سەرەکیی کۆنفرانسی نیشتمانی ئەوەیە لە چوارچێوەی بەڕێوەبەرایەتیی نوێدا لە دۆخی بۆشایی یاسایی سووریا دەربچین. دەبێت بەشێوەیەکی یاسایی و فەرمی کۆتایی بە سەردەمی رژێمی پێشوو بهێنرێت. لە سووریا ژیانی سیاسیی راستەقینە نەبوو، بۆیە پێویستمان بە قۆناخێکی گواستنەوە هەیە کە تێیدا دەستوور گفتوگۆ بکەین و بگەینە شێوازێکی روون و، دەست بە ژیانێکی سیاسیی ئارام بکەین. دۆخی سووریا لە قەیرانێکی گەورەدایە؛ زیاتر لە نیوەی گەلی سووریا لە دەرەوەی وڵات کۆچبەر بوو و تەنانەت ئەوانەی لە ناوەوەشن لە ناوچەکانی خۆیان کۆچبەر (ئاوارە) بوون. هەروەها کێشەی یاسایی گەورە هەیە، وەک بابەتەکانی ژماردنی دانیشتووان. لەبەرئەوە، پێویستمان بە قۆناخێکی گواستنەوە هەیە تاوەکو ئەم دۆخانە چارەسەر بکەین و ژینگە و کۆمەڵگە ئامادە بکەین کە بتوانێت ئەم بابەتانە بەشێوەیەکی روون گفتوگۆ بکات یان بە شێوەیەکی کردەیی جێبەجێ بکات.
 
رووداو: ئایا ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد و هەسەدە لەم کۆنفرانسە نیشتمانییەدا بەشداری دەکەن؟
 
ئەحمەد دالاتی: سەبارەت بە هەسەدە، بەڕاستی تاوەکو ئێستا هەڵوێستیان روون نییە کە بەشێوەیەکی راستەقینە تێکەڵی بەڕێوەبەرایەتیی نوێی سووریا دەبن یان نا. کێشەی ئێمە لەگەڵ هەسەدە روونە؛ ئەوان بە پرۆژەیەکی سیاسیی جیاخوازییەوە پابەندن و بە ئەجێندای دەرەکییەوە پابەندن. هەسەدە شتێکە و کورد شتێکی دیکەن. لە دەستپێکی شەڕی رزگارکردنەوە گفتوگۆ هەبوو کە واز لە ئەجێندای سیاسیی دەرەکییان بهێنن و ببنە بەشێک لە کۆمەڵگەی سووریا و، خاوەن هەمان ماف و بەرپرسیاریێتیی هەموو پێکهاتەکان بن. بەڵام تاوەکو ئێستا نەگەیشتووینەتە فۆرمێکی کۆتایی لەم بارەیەوە.
 
رووداو: ئەم کۆنفرانسە دەبێتە کۆنفرانسی دامەزرێنەر یان پەرلەمانی کاتی؟
 
ئەحمەد دالاتی: شێوازی کۆتایی لەلایەن لیژنەی ئامادەکارەوە دیاری دەکرێت کە بەرنامەی کار و سیناریۆی کۆنفرانسەکە گفتوگۆ دەکات. بەڵام بە گشتی، لە رووی یاسایی و دەستوورییەوە هەوڵ دەدەین بە شێوەیەکی روون کۆتایی بە سەردەمی رژێم بهێنین، دواتر دەست بە سەردەمێکی نوێی گواستنەوەی یاسایی دەکەین کە تێیدا دەستوور گفتوگۆی لەبارەوە بکرێت و دەست بە جێبەجێکردنی ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و هەموو لایەنەکانی ژیان لە سووریا بکرێت.
 
رووداو: چ جۆرە بڕیارێک لەم کۆنفرانسەوە دەردەچێت؟
 
ئەحمەد دالاتی: ئەم بابەتە بۆ لیژنەی ئامادەکار و یاسایی جێهێڵراوە. لەنێو بڕیارە چاوەڕوانکراوەکاندا؛ هەڵوەشاندنەوەی حیزبی بەعس، هەڵوەشاندنەوەی دەزگاکانی ئاسایش و سوپا بە سیستمە گەندەڵەکەی پێشوو و، پێشنیارەکانی پەیوەست بە رێکخستنەکانی قۆناخی گواستنەوە، وەک دامەزراندنی لیژنە پسپۆڕەکان و ئامادەکردنی ژینگە بۆ گفتوگۆکردنی دەستوور.
 
رووداو: ئایا موجاهید و کەسایەتییە ناسوورییەکان کە لەگەڵتاندا دژی رژێمی ئەسەد شەڕیان دەکرد بەشداری دەکەن؟
 
ئەحمەد دالاتی: نوێنەرایەتی بۆ هەموو بەشە سوورییەکان دەبێت وەک پێشتر گوتم.
 
رووداو: من، باسی ئەوانە دەکەم کە سووری نین.
 
ئەحمەد دالاتی: تێدەگەم. نوێنەرانی گرووپە سەربازییەکان کە بەشداریی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردن بوون لە کۆنفرانسەکەدا نوێنەرایەتییان دەبێت.
 
رووداو: ئێوە بەرگری لە هاووڵاتیبوون و دامەزراندنی ئەو موجاهیدە بیانییانە لە هێزە چەکدارەکانی سووریا دەکەن. هۆکار چییە؟
 
ئەحمەد دالاتی: هۆکارەکە زۆر سادەیە؛ ئەم کەسانە لە سەرەتاوە بەشداریی شۆڕشی سووریا بوون، لەگەڵمان قوربانییان دا و دۆزەکەی ئێمەیان کردە دۆزی خۆیان. بە کردەیی بوونەتە بەشێک لە کۆمەڵگەی سووریا و ئێستا بوونیان وەک هاوبەشی بنەڕەتی لە سووریا شتێکی ئاساییە، تاوەکو پابەندن بە سیاسەتی نیشتمانیی گشتیی دەوڵەت و چوارچێوەکانی کە دایدەنێت. ئەمە بۆ ئێمە شتێکی سرووشتییە.
 
رووداو: کەواتە، بۆچی دژی بوونی چەکداری ناسووری لەنێو هێزەکانی یەپەگەن؟
 
ئەحمەد دالاتی: بەهۆی پرۆژەی سیاسییان و پابەندبوونیان بە ئەجێندای دەرەکییەوە. پێمان گوتن واز لە پابەندبوون بە ئەجێندای دەرەکی بهێنن و واز لە بانگەشەکردن بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆی کوردی یان حکومەتێکی فیدراڵی بهێنن. ئەم پێشنیارە سیاسییانە هێڵی سووری هەموو سوورییەکان پێشێل دەکەن و هەڕەشە لە ئاسایشی هەرێمی دەکەن.
 
رووداو: فیدراڵی هێڵی سوورە بۆ ئێوە؟
 
ئەحمەد دالاتی: بێگومان، بێگومان.
 
رووداو: بۆچی؟
 
ئەحمەد دالاتی: دووبارەی دەکەمەوە، ئەگەر فیدراڵی بۆ پێکهاتەیەک قبووڵ بکەین، وەک دەزانن گەلی سووریا لە رووی نەژادی، هەروەها ئایینی و مەزهەبییەوە خاوەن پێکهاتەی جۆراوجۆرە، لەبەرئەوە، ئەگەر رێگە بدرێت پێکهاتەیەک بەڕێوەبەرایەتییەکی سەربەخۆ دروست بکات، پێکهاتەکانی دیکەش هەمان شت داوا دەکەن و بەم شێوەیە بەرەو پارچەپارچەبوون دەڕۆین. هەروەها، ئەمە بە سرووشتی بە پرۆژە و ئەجێندای دەرەکییەوە پابەندە و دەبێتە هۆی قەیرانێکی هەرێمی و ئاسایش لە دەوروبەر.
 
بە پێچەوانەی ئەمەوە، دەمانەوێت سووریا وەک یەکەیەکی سیاسی و جوگرافیی پێش شۆڕش بگەڕێنینەوە، کە بۆ هەموو رۆڵەکانی خۆی و هەموو سوورییەکان بێت و، کۆتایی بە سەردەمی ستەم و زۆرداری و کاریگەرییەکانی لەسەر گەلی سووریا بهێنین کە رژێم پێکیهێنا. گەلی سووریا بریندارە، ئازار و کێشە کۆمەڵایەتی و مرۆییەکان زۆر قووڵن و، پێویستی بە ژینگەیەکی ئارام و ئاسایش هەیە تاوەکو ئەنجامەکانی و هەموو ئەو شتانەی لە رابردوودا روویاندا چارەسەر بکەین. فیدراڵی ئەمە نادات، بە پێچەوانەوە قەیرانێکی سیاسی و ناوخۆیی و ئەوانی دیکە دروست دەکات، هەڕەشە لە ناوچەکە دەکات و دەبێتە بیانوویەک بۆ دەستتێوەردانی وڵاتانی دەرەکی، واتە ژینگەیەکی نالەبار دروست دەکات.
 
رووداو: ئایا پشتگیری لە سیستمێکی ناوەندی دەکەن وەک پێشتر؟
 
ئەحمەد دالاتی: بێگومان.
 
رووداو: سووریا ناوەندی دەبێت؟
 
ئەحمەد دالاتی: ناوەندی دەمێنێتەوە، ئەمە لە بەرژەوەندیی هەموو سوورییەکاندایە.
 
رووداو: بەڵام کورد دووەم نەتەوەی هەرە گەورەن لە سووریا، ئێوە ئەم پرسە بە دەستووری چۆن چارەسەر دەکەن؟
 
ئەحمەد دالاتی: با کردەیی بین، لێکۆڵینەوە لە رووی نەژادی، نەتەوەیی یان ئایینییەوە بۆچوونێکی هەڵەیە بۆ گفتوگۆ. ئەوان سوورین و خاوەن ماف و بەرپرسیارێتی دەبن. کورد، وەک هەموو رۆڵەکانی سووریا، لەلایەن رژێمی سووریاوە ستەمیان لێکراوە، تاوانیان بەرامبەر کراوە و لە مافە بنەڕەتییەکانیان بێبەشکراون. بەشێکی گەورەیان پشتگیری رژێمیان کرد و ئەو دۆخە هەڵەیەی کە پەکەکە بانگەشەی دەکات نوێنەرایەتی دەکات کە بووە هۆی قەیرانی ئاسایش بۆ هەرێمەکە. ئێمە و ئەوان لەو تاوانەی رژێم بەرامبەر سوورییەکانی کرد هاوبەشین. ئەمە روانگەی ئێمەیە بۆیان؛ ئێمە وەک بەشێکی رەسەنی کۆمەڵگەی سووریا دەیانبینین. کاتێک بە روانگەی نەژاد یان ئایین دەچینە نێو گفتوگۆوە، بەرەو سیناریۆی پارچەبوون و دابەشکردن دەڕۆین، ئەمەش لە بەرژەوەندیی هیچ سوورییەک دا نییە.
 
رووداو: بە بۆچوونی تۆ چارەسەری دەستووری بۆ پرسی کورد لە سووریا چییە؟
 
ئەحمەد دالاتی: پرسی کورد بە چ مانایەک؟
 
رووداو: مافەکانیان، پرسی سیاسی و مافە کولتوورییەکانیان.
 
ئەحمەد دالاتی: خاوەنی هەمان مافی هەر سوورییەک و هەمان بەرپرسیارێتیی هەر سوورییەک دەبن، لە چوارچێوەی یاسا و دەستوورێکدا کە لەلایەن گەلی سووریاوە گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و پەسەند دەکرێت. چوونە نێو گفتوگۆ لە رووی؛ مافی کورد لە کوێیە؟، 'مافی تورکمان لە کوێیە؟، مافی سوننە لە کوێیە؟، مافی مەسیحی لە کوێیە؟، دەمانخاتە توونێلێکی بێکۆتاییەوە.
 
رووداو: بەڵام من باسی دووەم نەتەوەی هەرە گەورەی سووریا دەکەم، بۆ نموونە زمانی کوردی؟
 
ئەحمەد دالاتی: تۆ دیسان دەگەڕێیتەوە سەر هەمان گفتوگۆ، من بە روونی وەڵامت دەدەمەوە؛ ئەوان دەبنە سووری و خاوەن هەمان ماف و بەرپرسیارێتی دەبن.
 
رووداو: ئایا ئێوە زمانی کوردی وەک زمانی فەرمی لە سووریا قبووڵ دەکەن؟ 
 
ئەحمەد دالاتی: ئەم بابەتە لە کاتی گفتوگۆی دەستوور و لەو کومیتانەدا کە دەستوور تاوتوێ دەکەن، دەبێتە جێی سەرنج.
 
رووداو: نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا و وڵاتانی ئەورووپا جەخت دەکەنەوە کە پێویستە کورد و پێکهاتەکانی دیکە لە بەڕێوەبەرایەتیی نوێی سووریا بەشدار بن، ئێوە چۆن سەیری ئەمە دەکەن؟ 
 
ئەحمەد دالاتی: ئێمە لە چاوەڕوانیی هیچ لایەنێکی ناوخۆیی یان دەرەکیدا نین کە پێمان بڵێن چۆن لە بەرانبەر گەل و وڵاتی سووریا هەڵسوکەوت بکەین. ئێمە وەک سووریایی دەمانەوێت هەموو سوورییەک بەشدار بن، نەوەک بۆ بەیاساییکردنی پرسی سیاسی یان پاڵپشتیی هیچ لایەنێکی ناوخۆیی یان دەرەکی، چونکە ئەمانە باوەڕی ئێمەن و تێگەیشتنی ئێمەیە بۆ وڵات و گەلەکەمان.
 
رووداو: فیدراڵی یان ناوەندگەرایی، ئەمە لە کوردستانی سووریا و هەروەها لە پارێزگای سوەیدا لە باشووری سووریا داوا دەکرێت. لەنێو سووریادا داوای فیدراڵی یان ناوەندگەرایی دەکرێت. بۆچوونی ئێوە چییە؟ 
 
ئەحمەد دالاتی: نا، کەس لە دروزەکان فیدراڵی و ناوەندگەرایی داوا ناکات. ئێمە رێگە بە هیچ فیدراڵی و بەڕێوەبەرایەتییەکی ناوەندی و، بەیاساییکردنی هیچ بارودۆخێک لەسەر بنەمای ئیتنیکی، نەتەوەیی یان ئایینی نادەین. ئەمە هێڵی سووری هەموو سوورییەکانە. ئێمە هیوادارین هەموو پێکهاتەکانی دیکە لە ئاستی بەرپرسیارێتیدا بن و بە هەوڵەکانیان و بوونیان لەنێو گەل و پێکهاتەکانی دیکەدا لە بنیادنانی وڵاتەکەیاندا بەشدار بن و، لە روانگەی ئایینی یان نەتەوەییەوە سەیری نەکەن، بەڵکو لە سەرانسەری سووریادا وەک ناوچەیەکی یەکگرتوو و گەلێکی یەکگرتوو سەیری بکەن. دەبێت لە رێگەی گفتوگۆوە بگەینە دەستوورێکی یەکگرتوو کە تێیدا هەمووان لە مافەکان و بەرپرسیاریێتیەکاندا یەکسان بن و مافی دەربڕینی ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتییان هەبێت. ئەمە ئەوەیە کە لەبەرژەوەندیی هەموو سوورییەکاندایە. ئەوەی لەسەر رێبازێکی دیکە کار دەکات، دژی بەرژەوەندیەکانی هەموو سوورییەکان کاردەکات.
 
رووداو: دووردەخرێنەوە؟ 
 
ئەحمەد دالاتی: ئەوەی پرۆژەیەکی دژی داخوازیی سوورییەکان پێشکەش دەکات، خۆی دەخاتە دەرەوەی ئەمە، نەوەک ئێمە ئەو دوور بخەینەوە.
 
رووداو: هێرشەکانی گرووپەکانی هێزی نیشتمانیی نزیک لە تورکیا بۆ سەر بەنداوی تشرین و کۆبانی بەردەوامن، بۆچی ئێوە لەم بارەیەوە هەڵوێستتان نییە؟ 
 
ئەحمەد دالاتی: پێکدادانەکان کە روو دەدەن، ئەنجامی گۆڕانی بارودۆخی جوگرافی-سیاسین دوای رزگارکردنی وڵات. هەندێک پێکهاتە لەنێو هێزەکانی سووریای دیموکراتدا جیاوازن و هەڵوێست و ئەجێندای جیاوازیان هەیە. هەندێکیان لەگەڵ ئێمە هاوڕان، هەندێکیشیان هەوڵدەدەن رێککەوتن تێکبدەن. ئێمە ئێستا بڕیارمان نەداوە بۆ رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی یان پێکدادان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پەیوەست بە رۆژهەڵاتی فورات و بوونی هێزەکانی سووریای دیموکرات لەو شوێنەدا. ئێمە ئەمە لە رێی گفتوگۆوە دەکەین و کەناڵەکانمان هەن کە لە رێگەیانەوە بەدواداچوون بۆ ئەم بابەتە دەکەین.
 
رووداو: کام لایەن لەنێو هێزەکانی سووریای دیموکراتدا لەگەڵ ئێوەدا هاوڕایە؟ 
 
ئەحمەد دالاتی: ئێمە لە رێی کەناڵە تایبەتەکانەوە پەیوەندی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات دەکەین.
 
رووداو: بەڕێوەبەرایەتی لەگەڵ ئێوەدا رێکەوتووە؟ 
 
ئەحمەد دالاتی: گفتوگۆ دەکرێن. ئێمە رێبازی پەیوەندی بە گفتوگۆ و دانوستاند بۆ چارەسەرکردنی کێشەی پەیوەست بە هێزەکانی سووریای دیموکرات و ناوچەکانی رۆژهەڵات بەکاردەهێنین، نەوەک پێکدادانی سەربازی.
 
رووداو: لە دوایین کۆبوونەوەدا کە لەنێوان ئەحمەد شەرع و بەڕێوەبەرایەتیی هێزەکانی سووریای دیموکراتدا بووە، لەسەر چی رێککەوتن؟ 
 
ئەحمەد دالاتی: وردەکارییەکانی گفتوگۆکە لای من وردەکارییەکانی گفتوگۆکە نین. زۆر کۆبوونەوە دەکرێن و، کاتێک رێککەوتنێکی فەرمی و رێبازێکی فەرمی هەبوو، رادەگەیێنرێت.
 
رووداو: واتا ئەم کۆبوونەوانە بەردەوامن؟ 
 
ئەحمەد دالاتی: پەیوەندییەکان بەردەوامن.
 
رووداو: ئایا ئێوە هێزەکانی خۆتان لە کۆنفرانسی دیالۆگی نیشتمانی یان کۆنفرانسی نیشتمانیدا هەڵدەوەشێننەوە؟ 
 
ئەحمەد دالاتی: بەڵێ، بێ گومان. بە شێوەیەکی سرووشتی، ئێمە وەک هێزە چەکدارەکان کە لەژێر بەڕێوەبەرایەتیی سەربازیدا سەر بە ئێمەن، بە شێوەیەکی فەرمی هەڵیاندەوەشێنینەوە و چەکداران و توانایان دەکەونە سەر چوارچێوەی وەزارەتی بەرگری.
 
رووداو: ژمارەی چەکدارانی ئێوە چەندە؟ 
 
ئەحمەد دالاتی: دوای دامەزراندنی وەزارەتی بەرگری، بە شێوەیەکی سرووشتی، وەزارەت خۆی ژمارەی هێزە بەشدارەکان رادەگەیەنێت.
 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە