رووداو دیجیتاڵ
فۆتۆشی ماچومۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ تۆڕی میدیایی رووداو کە نوێنەر فاتیح لەگەڵیدا ئەنجامیداوە، باس لە تێڕوانینی خۆیان بۆ پەیوەندی کولتووری و بازرگانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات و نیگەرانی خۆی دەردەبڕێت کە کاڵای ژاپۆنی وەک پێویست لە بازاڕەکاندا نین و ژمارەی کۆمپانیا ژاپۆنییەکان بەراورد بە کۆمپانیا بیانییەکانی دیکە کەمترن لە عێراق و هەرێمی کوردستان.
هەر لە هەڤپەیڤینەکەدا باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق باس لە رێکارەکانی پێدانی ڤیزای وڵاتەکەی بە گەشتیارانی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، "وەرگرتنی ڤیزای ژاپۆن ئاسانە، هەموو کاتێک دەتوانن گەشت بکەن."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ فۆتۆشی ماچومۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن لە عێراق
رووداو: ئەمە یەکەمین سەردانتە؟
فۆتۆشی ماچومۆتۆ: لە راستیدا شەش ساڵ لەمەوپێش بە ئەرکێک هاتم بۆ ئێرە.
رووداو: شەش ساڵ لەمەوپێش؟
فۆتۆشی ماچومۆتۆ: وایە.
رووداو: بەڵام ئەی وەک باڵیۆز؟
فۆتۆشی ماچومۆتۆ: ئەمە یەکەمین جارمە. زۆریش دڵخۆشم.
رووداو: پێموابێت شەش هەفتەیە دەستبەکار بوویت.
فۆتۆشی ماچومۆتۆ: بەڵێ.
رووداو: سەرەتا دەمەوێت بزانم هەستت چۆنە؟ لەم شەش هەفتەیەدا شتەکان بە لاتەوە چۆن بوون؟
فۆتۆشی ماچومۆتۆ: ئەو شەش هەفتەیەی پێشوو زۆر خێرا تێپەڕین. دیدارم لەگەڵ هەموو کەسێکدا هەبووە هەر لە سیاسییەکانەوە بیگرە تاوەکو گەنجان و ئەوانەی لە بواری کولتووریدا کار دەکەن. هەروەها سەردانی بەسرەشم کرد. بێگومان بەغدادیش. ئینجا ئێستا لە هەولێریش چاوم بە سەرکردە سیاسییەکان و کەسانی ژوورە بازرگانییەکان دەکەوێت. بۆیە من زۆر دڵخۆشم کە هەموو کەسێک ببینم.
رووداو: تۆ چاوت بە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کەوت. یەکێک لە بابەتەکانتان پەروەردە بوو. ژاپۆن لە بواری پەروەردەدا دەتوانێت چۆن هاوکاریی هەرێمی کوردستان بکات؟ لەگەڵ سەرۆکوەزیراندا گەنگەشەی چیتان کرد؟
فۆتۆشی ماچومۆتۆ: من گوێم لە هەموو پرسیارەکانی هاوڕێ عێراقی و کوردەکان گرتووە کە پێویستیان بەوەیە شتێک بۆ کەرتی پەروەردە بکەن. بۆیە من هەندێک ناوەندی باشی خۆمانم پێ ناساندن کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەمانن، وەک میسر، چونکە لەوێ هاوبەشییەکی پەروەردەیی ژاپۆنی - میسریمان هەیە. جا رەنگە بکرێت ئەوەش لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ بکرێت، چونکە خۆت دەزانیت کە ئێمە لە قوتابخانەکاندا جۆرێک لە بەرنامەی دیسپلینی متمانەپێکراوی ژاپۆنیمان هەیە. بۆ نموونە قوتابییەکان خۆیان پۆلەکانیان و تەنانەت سەرئاوەکانیش پاک دەکەنەوە. هەر خۆیان نانی نیوەڕۆ دابەش دەکەن. هەروەها وانەی بەیانیان و ئێوارانیان هەیە کە لە بارەی رەوشتەوە گفتوگۆ دەکەن. بۆیە بە راستی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەو جۆرە ئەزموونە ژاپۆنییە پێویستە. دەزانی کە دوێنێ من لەگەڵ سەرۆکوەزیراندا باسی ئەو ئەزموونە سەرکەوتووانەم کرد.
رووداو: ئەی وەڵامی چی بوو؟
فۆتۆشی ماچومۆتۆ: زۆر بە لایەوە سەرنجراکێش بوو. رەنگە لەسەر بنەمای ئەو سەرکەوتنانەی لەگەڵ خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و لە ژاپۆنیش بە دەستمان هێناون بتوانین پێکەوە زیاتر پەرەی پێبدەین. رەنگە بتوانین لێرە زیاتر پەرە بە هاوکارییەکانمان بدەین کە نزیکەی 19 ساڵە لە دوای 2003ـێوە لێرە دەیکەین.
رووداو: لەو کاتەوەی لە ساڵی 1938ـەوە باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە عێراق کراوەتەوە و دەستان بە کار کردووە... ئەگەر هەڵە نەبم، باڵیۆزخانەی ژاپۆن لە ساڵی 1938ـەوە کراوەتەوە. هەروەها وەک گوتت کە لێرە چاوت بە ژووری بازرگانیی هەولێر کەوتووە، پێموایە یەکێک لە ئامانجەکانتان بریتییە لەوەی لە بواری بازرگانی و ئابووریدا لەنێوان عێراق و ژاپۆندا زیاتر پەرە بە پەیوەندییەکانتان بدەن و یەکێک لەو بەشانەیش هەرێمی کوردستانە. کاتێک باس دێتە سەر بازرگانی لەنێوان ژاپۆن و عێراق تێڕوانینت بۆ ئەوە چییە؟
فۆتۆشی ماچومۆتۆ: یەکەم هەست کە هەمبوو، هەر لەوە کاتەوەی هاتم بۆ بەغدا و هەولێر و بەسرە، ئەوە بوو کە هیچ شتێکم نەدەبینی کە بە راستی ژاپۆنی بێت، جگە لە هەندێک شتی کەم. بۆ نموونە لە هەرێمی کوردستان تۆیۆتا زۆر ناسراوە، بە دڵنیاییەوە زۆر ئۆتۆمبێلی ژاپۆنی دەبینن، بەڵام لە دوای ئەوە دەبینیت کە بازاڕ پڕە لە بەرهەمی دیکەی وڵاتان، کەچی شتی ژاپۆنی نابینیت. بە راستی ئەوە کاری تێکردم.
بۆیە پێموایە ئەوە زۆر گرنگە کە لە رێگەی بەرەوپێشبردنی پەیوەندیی بازرگانی لەنێوان بازرگانانی کورد و ژاپۆنیدا بەرهەمی ژاپۆنی بناسێنرێت.
رووداو: دەزانی، لە کۆمەڵگەی ئێمەدا لە هەرێمی کوردستان و عێراقیش کە باسی ناوبانگ دەکرێت، ئەگەر هەرشتێک کوالیتییەکەی بەرز بێت، دەڵێین وەک کوالیتیی ژاپۆنییە. بەڵام لەگەڵ ئەوەی ژاپۆن لەم وڵاتەدا ئەم ناوبانگەی هەیە، بۆچی پێتوایە بەرهەمی ژاپۆنی، جگە لە ئۆتۆمبێل، لە بازاردا زۆر نابینین؟ هۆکارەکە چییە؟
فۆتۆشی ماچومۆتۆ: خۆی من پێموایە کە جۆرە کەلێنێک هەیە لەنێوان چاوەڕوانیی خەڵکی ئێوە و ئەو شێوازەی ئێوە لە هەرێمەکەدا بەری کەوتوون و بازرگانیی ژاپۆنیتان ناسیوە. بۆ نموونە خەڵکی ئێرە وا بیر دەکەنەوە کە زۆر ئاسانە بەرهەمی ژاپۆنی هاوردە بکەن کە لێرە دەگمەنن، بەڵام لە راستیدا کاتێک من لەگەڵ بازرگانانی ژاپۆنیدا لە پەیوەندیدا دەبم، ئەوان ناتوانن ئەوە بکەن، چونکە ئەوان دەبێت دوای خزمەتگوزارییش کوالیتییەکە بپارێزن. کوالیتیی بەرهەمی ژاپۆنی بە چاککردنی جێگیر و بەردەوام گەرەنتی دەکرێت دوای ئەوەی کە بەرهەمەکەیش دەفرۆشن. ئەگەر ئەو بەشە گەرەنتی نەکرێت، ئەوا ئەوان ناتوانن بێنە ناو ئەم بازرگانییەوە. بۆیە ئەوە یەکێک لە گرفتەکانە. بە دڵنیاییەوە لەگەڵ ئەوەیشدا هێشتا لێرە لە عێراق و هەرێمی کوردستان مەترسیی ئاسایش هەیە.
خەڵک لە تۆکیۆ لە نووسینگەی گەورەدا دادەنیشن و ئاساییە تەنانەت بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش نەیەن. بۆیە شارەزایانمان، بازرگانەکانمان لە دوبەی دەیانەوێت لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستاندا بازرگانییەکەیان بەرەوپێش ببەن. رەنگە لە قسەکردن لەگەڵ کەسانی تۆکیۆدا تووشی سەختی ببن. جا هەموو ئەوەی کە ئێمە پێمان خۆشە بیبینین ئەوەیە لە داهاتوودا لەم هەرێمەدا وەک ژاپۆن جۆرێک لە ئاسایشی باشتری هەبێت. بۆیە ئەوە هیوامانە کە لە هەرێمی کوردستان ئاسانکاری بۆ وەبەرهێنانی زیاتری کۆمپانیا ژاپۆنییەکان بکرێت.
رووداو: کە باس کوالیتیی ژاپۆنی دەکەین، پێم خۆشە ئەوە بپرسم کە نهێنیی پشت ئەو کوالیتییە چییە؟ لە ژاپۆن چی دەکەن کە وڵاتانی دیکە کاتێک شتێک بەرهەم دەهێنن ئەوە ناکەن؟
فۆتۆشی ماچومۆتۆ: جیاوازیی نێوان عێراق و ژاپۆن چییە؟ ئێمە نەوتمان نییە. وایە؟ بۆیە تەنیا شتێک کە هەمانە مێشکە. ئێمە دەبێت بەها بە بەرهەمەکە بدەین بۆ ئەوەی ئەو بەرهەمە زۆر بە باشی بفرۆشرێت. ئیتر دەبێت بە باشی کار بکەین بۆ ئەوەی رۆژانە هەموو بەرهەمەکان باشتر بکەین. بۆ نموونە، لۆگۆی تۆیۆتا وەک کایزنە. کایزن بە مانای باشترکردن دێت. بۆیە هەموو رۆژێک لە داهێنانەکەتدا شتێکی نوێ بۆ بەرهەمەکەت زیاد دەکەیت. ئیتر خۆت دەزانیت کە ئەو بەرهەمە بەها پەیدا دەکات و کوالیتییەکەی بەرز دەبێتەوە. ئیتر ئەوە زنجیرە کاری رۆژانەیە.
ئەگەر تۆ هەموو رۆژێک هەر دابنیشیت و پشوو بدەیت، چاوەڕێ بیت داهاتی نەوتت بۆ بێت، رەنگە پێویستت بەوە نەبێت بە سەختی کار بکەیت. بەڵام ئێمە دەبێت کار بکەین چونکە لە ژاپۆن هیچمان نەما دوای جەنگی دووەمی جیهانی، هیچ شتێکمان نەبوو. بۆیە پێشینەکانمان، باوبابیرانمان، زۆر هەوڵیان دا و کاریان کرد. ئیتر ئەوە کاری لەسەر کراوە تاوەکو ئەم سەردەمە.
رووداو: پێموایە بەشێک لەوە دیسپلینە. ژاپۆن بەوە بەناوبانگە کە لە سەرەتاوە، لە منداڵییەوە تا چوونە سەر کار بەرنامەڕێژی و دیسپلینی تێدایە، ئەم دیسپلینە لە کوێوە هاتووە؟ بۆ نموونە دەتوانیت لە بارەی خۆتەوە بۆم باس بکەیت؟
فۆتۆشی ماچومۆتۆ: من بەراورد بە خەڵکی ئاسایی ژاپۆن زۆر دیسپلین نیم. دەزانیت من سەرسام بووم کاتێک سەیری ئەو ڤیدیۆیەم کرد کە هاندەرە ژاپۆنییەکان لە دەوحەی قەتەر دوای یارییەکە شوێنی هاندەران و هەموو شتیان پاک دەکردەوە دوای خۆشی بەسەربردن. ئێمە وا بیر دەکەینەوە کە ئەوە شتێکی ئاساییە شتەکان پاک بکەینەوە، چونکە وا راهێندراوین کە وابکەین، تەنانەت کاتێک منداڵی بچووک بووین لە قوتابخانەکاندا، بۆیە ئەمە شتێکی تایبەت نییە بۆ ئێمە کە شت پاکبکەینەوە، بەڵام ئەوە خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستن کە زۆر سەریان سووڕما کاتێک ئێمە یاریگەکە پاکدەکەینەوە. بۆیە ئەوە کەلێنە گەورەکەیە لەنێوان ئەو دوو جۆرە خەڵکەدا.
رووداو: کەواتە ئەمە ئەوەیە کە ئێوە هەر لە ژیانی خۆتاندا وا دەژین؟
فۆتۆشی ماچومۆتۆ: راستە.
رووداو: ئەوە بەشێکە لە کولتوور؟
فۆتۆشی ماچومۆتۆ: ئێمە ئاسایی شت پاک دەکەینەوە.
رووداو: من وەک خۆم رەنگە نەمەوێت زۆر بچمە ناو باسی سیاسییەوە، چونکە راستییەکەی لەگەڵ تۆدا حەزم لە بابەتی دیکەیە. بەڵام پرسیارێک: ژاپۆن دوو جار هێرشکردنە سەر عێراق و بە تایبەتی هەرێمی کوردستانی سەرکۆنە کرد و سەرکۆنەکەیش دەستبەجێ دوای هێرشەکە بوو. هەڵوێستی ژاپۆن بەرامبەر ئەم کێشانە چییە؟ پێتوایە باشترین رێگەی چارەسەر چییە؟
فۆتۆشی ماچومۆتۆ: ئەوە پرسیارێکی زۆر باشە. سەرەتا پێم خۆشە بڵێم کە سەروەری هەر وڵاتێک دەبێت رێزی لێبگیرێت، بەبێ لەبەر چاوگرتنی هەر کێشەیەک، دەبێت کێشەکە بە ئاشتییانە چارە بکرێت. ئەوە هەڵوێستی بنچینەیی ژاپۆنە. ئێمە لە مانگی تشرینی دووەمدا دەبینە ئەندامی ئەنجوومەنی ئاسایش و هەروەها دەبینە سەرۆکی جی 7ـیش. ئیدی ئێمە باڵادەستیی زیاتر بۆ بڕیار و یاسا جیهانییەکان دادەنێین. ئەگەر ئەو بڕیار و یاسا جیهانییانە ریزیان لێ نەگیرێت، ئەوا تەواوی جیهان دادەڕمێت. ئەوەیش بە هەمانشێوەیە بۆ ئاسیا لە ناوچەی زەریای هێمندا. دەبێت هەموو وڵاتێک رێز لە یاسا جیهانییەکان بگرێت. جا ئەمەیش لەسەر بڕوا بنچینەییەکەمان بەندە.
بۆیە بۆ نموونە ئەگەر لە سنووری باکووری هەرێمی کوردستانەوە شتێک رووبدات و سەرپێچیی یاسا جیهانییەکان بێت، ئەوا ئێمە دژی دەبین و سەرکۆنەی دەکەین. جا دەبێت ئەو کێشانە لەنێوان وڵاتانی دراوسێدا بە ئاشتییانە چارەسەر بکرێن. ئەوە هیوای ئێمەیە. هیوادارم لە لایەن حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئاراستەیەکی وا بگیردرێتە بەر. هیوادارین رۆژێک ئەم کێشانە چارەسەر ببن.
رووداو: چەند هەفتەیەک لەمەوپێش لە دیدارێکدا لە بەغدا لە وەزارەتی دەرەوە کە دیدارەکە بۆ باڵیۆزە ئاسیاییەکان بوو و یەکێکیان تۆ بوویت، تێیدا تۆ پێشنیازت بۆ بەرپرسانی عێراقی کرد کە دەبێت روو لە رۆژهەڵات، لە ئاسیا بکەن. وەک خۆت گوتت، لەبەر ئەوەی هەردوو وڵات بەهای هاوبەشیان هەیە. ئەو بەهایانە چین کە قسەیان لە بارەوە دەکەیت؟ بۆچی پێتوایە کە دەبێت عێراق لە داهاتوودا زیاتر روو بکاتە رۆژهەڵات؟
فۆتۆشی ماچومۆتۆ: راستییەکەی ئێمە پێمان خۆشە عێراق روومان تێ بکات، روو بکاتە رۆژهەڵات. رەنگە ئێمە هەندێک داناییمان هەبێت، چونکە هەمیشە دانایی، وەکو نەریت، لە رۆژهەڵاتەوە دێت، بۆ نموونە سەردەمانی دێرین لە بەغدا دار ئەلحیکمە هەبووە. بۆیە بە پشتبەستن بەو داناییە بەهاگەلی وەک دیموکراسی و مافی مرۆڤ و ئازادیی رادەربڕین و هی دیکەیش هاوبەشی پێدەکەین.
بە تایبەتی دوای جەنگی 2003 عێراق گۆڕاوە و خەڵکە بەتەمەنەکە بە خەڵکی کوردیشەوە رێز لەو بەهایانە دەگرن. بۆیە ئێمە وەک ژاپۆن تەواو پێمان خۆشە لەگەڵ عێراقدا برەو بەو بەهایانە بدەین. ئەگەر تۆ زیاتر سەیری رۆژهەڵات بکەیت، رەنگە بزانیت کە ئێمە دەتوانین برەو بە شتێکی گەشاوە بدەین بە جۆرێک کە لەگەڵ کولتوورەکانماندا بگونجێت، چونکە ئێمە بیرکردنەوەمان لەسەر فەلسەفە و کولتوور بەندە و زیاتر نەریتییە. پێموایە ئەوە بۆ عێراقیش وایە.
بۆیە بە رەچاوکردنی هەموو ئەو بەهایانە، پێموایە دەتوانین بە شێوازی گەشە بە شتێکی زیاتر بدەین، چۆن بیڵێم، بۆ نموونە بە شێوەیەکی ئاسیایی یان رۆژهەڵاتی، دەتوانین شتێکی زیاتری هاوبەش بدۆزینەوە بە دەر لەوەی سەیری لایەکی دیکە بکەیت. هەروەها داهاتوو لە ئاسیایە. هەر بەو جۆرەی تۆ زۆر بە باشی تێدەگەیت. بۆیە وەرن بۆ لامان. ئەمە پەیامەکەمە بۆ عێراق.
رووداو: پێتوایە شێوازی تێڕوانینی ئێستای عێراق بۆ جیهان باڵانس نییە، بە گشتیی سەیری رۆژئاوا دەکات نەک رۆژهەڵات؟
فۆتۆشی ماچومۆتۆ: وا پێویست ناکات. دەبێت سەیری تەواوی جیهانی دەوروبەرت بکەیت.
رووداو: واتە پێتوایە لە سەیرکردنی رۆژهەڵاتدا کورتی هێناوە؟
فۆتۆشی ماچومۆتۆ: پێموایە لەبەر ئەوەی عێراق لێرەیە لە کۆتایی رۆژهەڵات و جیهانی عەرەبی، بۆیە باشترێکە سەیرێکی رۆژهەڵات بکات بەراورد بە عەرەب و وڵاتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. وا دەزانم ئەوە شتێکی سرووشتییە، چونکە ئێوە بەرژەوەندی ئابووریشتان لەگەڵ ئێمە بەش دەکەن، چونکە زۆربەی نەوتی عێراق بۆ ئاسیا دەچێت. بۆیە ئێمەیش لە بواری بازرگانیدا زیاتر بەش دەکەین.
رووداو: وەک گوتت: داهاتوو لە رۆژهەڵاتە. کاتێک ئەو داهاتووە دێت، با بڵێین چۆن رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕێت؟ وێنەکە چۆن دەبینیت؟
فۆتۆشی ماچومۆتۆ: پێموایە پرسیارەکەت زۆر پەیوەندیدارە. چونکە من وەک خۆم هەستدەکەم خەڵکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ سەرکەوتنی داهاتوویان بە دوای مۆدێلێکدا دەگەڕێن کە تێکەڵەیەک بێت لە نەریت و ئایین و تازەگەری و شتی نوێ، بە تایبەتی لەلایەن کەسانی گەنجەوە. رەنگە ئێمە بتوانین شتێکی جوداتان پێشکێش بکەین. شتێکی نوێ کە زیاتر بۆ داهاتووتان گونجاو بێت. بۆیە من وەک کەسێک کە بۆ ماوەیەکی تەواو درێژ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ژیاوم، ئەوە هەستمە. جا باشترین هەوڵی خۆم دەدەم بۆ ئەوەی ئەو مۆدێلە پێشکێشی عێراق بکەم.
رووداو: لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جیاوازییەک لەنێوان خەڵکدا هەیە. کۆکردنەوەی نەریت لەگەڵ نوێگەریدا بۆ ئێرە شتێکی ئاسان نییە. خۆت دەبینیت کە هەندێک کەس هەن تەواو لەگەڵ نوێگەریدان و هەندێک کەسیش هەن کە دەستیان بە نەریتەوە گرتووە. لە ژاپۆن ئەمە خاڵە سەرەکییەکەیە، کە ئێوە توانیوتانە وڵاتێکی هاوچەرخ و گەشەسەندوو بن و لە هەمانکاتیشدا نەریتخواز بن. نهێنییەکە چییە؟
فۆتۆشی ماچومۆتۆ: پێموایە ئەمە پێکەوەسازانە. هەروەها رۆنانی متمانەبەخۆبوونە لە خۆماندا. ئەگەر لە خۆتدا متمانەبەخۆبوونت نەبێت، ئەوا دۆڕاویت. وایە؟ رەنگە متمانەی زیاترمان هەبێت بە سەرکەوتن لە ژاپۆن، دوای شۆڕشکی گەورە و بونیادنانەوە، متمانەمان دوای جەنگی دووەمی جیهانی و بونیاتنانەوە و بووژانەوە و دروستکردنەوەی وڵات و سەرکەوتنی ئابووری متمانەبەخۆبوون بۆ سەرکەوتن زیاتر بێت. بۆیە ئێمە لە ژاپۆن زۆر هێورین و لە پێکەوەسازاندا دەژین. جا ئەگەر رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بیەوێت بگاتە ئەو جۆرە قۆناخە، ئەوا دەتوانن ئەو شتانە بە دەستبهێنن و بەسەر هەموو ئەو جیاوازی و زەحمەتییانەی نێوخۆتان سەربکەون.
رووداو: تاوەکو ئێستا ژاپۆن بە بڕی نزیکەی 17 ملیار دۆلار پشتیوانیی عێراقی کردووە. ئەو پارە لە کوێدا خەرج کرا؟
فۆتۆشی ماچومۆتۆ: گەورەترینیان پرۆژەی شارەکانە لە رێگەی قەرزی قازانج کەمی ژاپۆنییەوە کە چارەسەری جیاواز لە خۆ دەگرێت. زۆربەی بۆ پرۆژەکانی کارەبا و ئاو و بونیاتنانی نەخۆشخانە چووە. جا ئێمە پێمان خۆشە لەم پرۆژانە بەردەوام بین. با وەک بیرهێنانەوە بڵێم کە لە هەرێمی کوردستان چ جۆرە پرۆژەیەکمان کردووە. تاوەکو ئێستا چوار پرۆژەی سەرەکیمان هەیە کە لە کەرتی کارەبا و ئاوەڕۆ و وێستگەی کارۆئاویدان. ئەم چوارەمان هەن کە لە گەورەکانن و پێمانخۆشە لەو پرۆژانە و پشتیوانیی تەکنیکی بەردەوام بین کە بۆ نموونە خزمەتگوزاریی کشتوکاڵی دەگرێتەوە.
هەروەها بەر لە ساڵی 2003ـوە تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان رێکخراوی ناحکومیی ژاپۆنیمان هەبوون کە چالاکن و پشتیوانیی ئەو رێکخراوە ژاپۆنییانە دەکەین کە بۆ نموونە خزمەتگوزاریی پەروەردەیی پێشکێش دەکەن. هەروەها لە رێگەی رێکخراوەکانی یوئێنەوە هاوکاریمان کردووە، وەک یونیسێف کە بۆ خەڵکانی ئاوارەیە. ئێمە بازنەیەکی فراوانی هاریکاریمان هەیە.
ئێستا بەرنامە دادەنێین بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو ئاستی مۆزەخانەی سلێمانی بەرز بکەینەوە، چونکە ئێمە شوێنەوارناسی ژاپۆنیمان هەیە و لەو ناوچەیە خەریکی کارن. ئیتر ئێمە پێمان خۆشە کاری زۆر بکەین. جا ئەگەر تۆ هەر بیرۆکەیەکی باشت هەبێت، ئەوا من پێم خۆشە بیبیستم.
رووداو: هەروەها ژاپۆن راهێنانی پیشەیی بۆ عێراقییەکان دابین دەکات. وا بزانم تاوەکو ئێستا گەیشتووەتە 10 هەزار کەس. ئەم راهێنانانە لە کوێ دەکرێت؟ لە عێراق یان دەرەوە؟
فۆتۆشی ماچومۆتۆ: راستییەکەی، لە نزیکەی 20 ساڵی رابردوودا ئێمە نزیکەی سەدان جۆر بەرنامەمان هەبووە. بۆیە لەو پرۆگرامانەدا گەلێک عێراقیمان بانگهێشت کردوون بۆ ژاپۆن. جا ئەوە تەنیا راهێنانێکی پیشەیی تەسک نییە. هەروەها بەردەوامین لە بانگهێشتکردنی سیاسییەکانی عێراق بۆ ژاپۆن کە لە مانگەکانی داهاتوودا خۆم ئەوە دەکەم، بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بیر و بۆچوون لە ژاپۆن و دەیانبەم بۆ هێرۆشیما بۆ ئەوەی مۆزەخانەی هێرۆشیمایان پیشان بدەم کە هی تەقینەوەی ئەتۆمییە. بۆ ئەوەی خەڵکی عێراق لە ئەزموونی رابردوو و ئێستای ئێمەوە فێر ببن کە ئێمە چۆن گەشەمان بە وڵاتەکەمان داوە.
رووداو: بەڕێز تاگاکی واڵی، بریکاری وەزیری دەرەوەی ژاپۆن سەردانی عێراقی کرد و یەکەمین کەسی بیانی بوو کە لەگەڵ بەڕێز سوودانی کۆبووەوە. لەو دیدارەدا محەممەد شیاع سوودانی داوای کرد کە ژاپۆن لە عێراق زیاتر وەبەرهێنان بکات، بە تایبەتی لە وزە نوێبووەوەکان و گازدا. ئایا پێتوایە کە کۆمپانیا ژاپۆنییەکان ویستی ئەوەیان هەبێت لە عێراق لەم کەرتەدا وەبەرهێنان بکەن؟
فۆتۆشی ماچومۆتۆ: بە دڵنیاییەوە. تاوەکو پرۆژە هەبێت دەیکەن. بۆ نموونە ئێمە حەزمان لە بواری گۆڕانی کەش و هەوایە. جا کۆمپانیایەکی ژاپۆنی بە ناوی میتسوبیشی هەیە کە لەگەڵ شێڵدا کار دەکات. پرۆژەکە ئەوەیە کە گازی هاوەڵی کێڵگەکان بگۆڕن و بەکاربهێنرێتەوە. جا ئەمە بۆ گۆڕانی ئاو و هەوا هەر زۆر باشە.
هەروەها ئێمە بیرۆکەی ئەوەمان هەیە کە کارەبا لە وێستگەکانی بەرهەمهێناندا زیاتر چاک بکەین، ئەوەیش بەپێکەوە بەستنی لەگەڵ وزەی خۆردا لە داهاتوویەکی نزیکدا.
رووداو: لە بوارەکانی پشتیوانیی مرۆیی و پەیوەندیی کولتووری و بازرگانیدا بەرنامەی تایبەتتان بۆ ساڵانی داهاتوو چییە لە عێراقدا؟
فۆتۆشی ماچومۆتۆ: پێمخۆشە کە ئاستی هاوکارییەکانمان و هاوبەشایەتیمان لەگەڵ عێراق بەرزبکەینەوە. ئەوە هیوای منە. هەروەها دەبێت ئەوەیشمان بیر بێت کە پێم خۆشە بۆ پرۆژەکانی داهاتوو لە نزیکەوە لەگەڵ حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هاوئاهەنگی و راوێژمان هەبێت. تازەکییش لەگەڵ بەغدا و هەولێردا دەستمان کردووە بە راوێژ لەبارەی داهاتووەوە. هەر لەبەر ئەوەیشە کە ئەمڕۆ من لێرەم بۆ ئەوەی لەگەڵ سەرکردەکاندا قسە بکەم. جا خۆشبەختانە دەتوانین بگەینە جۆرێک لە هاوکاریی نوێ کە بیناسازی و کارەبا و ئاو و کشتوکاڵ و زیاتر بەرەوپێشبردنی بازرگانی لە خۆ دەگرێت.
رووداو: هەرێمی کوردستان چۆن دەبینیت؟ ئایا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان هەمان بەرنامەتان هەیە یان بەرنامەی جیاتان بۆ هەرێمی کوردستان هەیە؟
فۆتۆشی ماچومۆتۆ: وەک ئەوەی لەگەڵ زۆر کورددا قسەم کردووە، هەست بەوە دەکەم کە کورد ژاپۆنییەکانیان خۆش دەوێن. ئیشکەرن، هەروەها مێشکتان هەیە، بۆیە هەست بە هەبوونی دەرفەتی زیاتر دەکەم. رەنگە بتوانین لێرە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لەوە تێبگەین. هەروەها ئێوە بەراورد بە بەسرە و بەغدا چوار وەرزتان هەیە کە ئێمەیش وەک ژاپۆنی ئەوەمان پێ خۆشە. رەنگە خۆت بزانیت کە ئێمەیش لە ژاپۆن چوار وەرزمان هەیە. پێموایە کە گونجاوییەکی باش لە سرووشتەکەدا هەیە: کێوتان هەیە، چوار وەرزەتان هەیە، کەسانی ئیشکەرتان هەیە، هەروەها توانایی گەشەسەندنتان هەیە.
رووداو: چەند کۆمپانیای ژاپۆنی لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا کار دەکەن؟
فۆتۆشی ماچومۆتۆ: لە دوایین پێشانگەی نێودەوڵەتیی بەغدا 17 کۆمپانیای ژاپۆنی هەبوون کە بە بۆچوونی من ژمارەیەکی زۆر کەمە. پێشتر لە نیویۆرک بووم کە بە لایەنی کەمەوە زیاد لە سەدان یان هەزاران کۆمپانیای ژاپۆنیی لێ بوو. بۆیە دەبێت ئەو ژمارەیە زیاد بکەین.
رووداو: پێتوایە لە چ بوارێکدا هاوکاریکردن لەنێوان هەرێمی کوردستان و ژاپۆندا زۆر گونجاو بێت کە کاری لەسەر بکەن و گەشەی پێبدەن؟
فۆتۆشی ماچومۆتۆ: پێموایە پەیوەندیی نزیکی نێوان خەڵک. دەزانی، ئەگەر بازرگانی ژاپۆنی نەتناسن ناتوانێت هیچ بازرگانییەکت لەگەڵ بکات. بۆیە پێموایە پێویستمان بەوەیە زیاتر یەکدی بناسین. پێم خۆشە هەوڵ بدەین لە شوێنێک، رەنگە هەولێر یان دوبەی یان هەر شوێنێک ئاسان بێت بۆ بازرگانە ژاپۆنییەکان، لەگەڵ بازرگانە کورد و عێراقییەکان و بازرگانە ژاپۆنییەکاندا کۆببینەوە. بۆیە دەتوانم ئاسانکاریی بکەم بۆ پەیوەندیی مرۆیی.
رووداو: کەواتە ئەوە ئامانجەکەتە؟
فۆتۆشی ماچومۆتۆ: نا، ئەوە ئامانج نییە، ئەوە تەنیا هەنگاوێکە.
رووداو: پێموایە ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەنێوان عێراق و ژاپۆندا نزیکەی 500 ملیۆن دۆلار و شتێکی وایە. ئایا ژاپۆن هیچ دیدگایەکی هەیە کە لە 5 بۆ 10 ساڵی داهاتوودا ئەو ئاڵوگۆڕە زیاد بکات؟
فۆتۆشی ماچومۆتۆ: خۆی ئەوە هەمووی پەیوەستە بە جۆری ئەو پرۆژانەی کە ئێمە دەتوانین پەرەیان پێبدەین. رەنگە لە داهاتوودا لە سەردانی سوودانیدا باس بکرێت کە ئەو ئارەزووی خۆی بۆ سەردانی ژاپۆن دەربڕی. هەروەها پێمان خۆشە کە سەرکردە کوردەکانیش رۆژێک لە رۆژان سەردانی ژاپۆن بکەن.
رووداو: وەک دەزانیت، عێراق و هەرێمی کوردستان بازاڕێکی گەورەن بۆ ئۆتۆمبێلی ژاپۆنی. ئۆتۆمبێلەکان بەوە بەناوبانگن کە متمانەپێکراو و باشن و خەڵک حەزی لێیانە. ئەمە لێرە بەشێکە لە کولتوور. بەڵام پرسیارێک هەیە کە هەمیشە خەڵک دەیپرسن: بۆچی کۆمپانیا ژاپۆنییەکان نایەن لێرە کارگە بکەنەوە و ئۆتۆمبێل دروست بکەن وەک ئەوەی لە وڵاتانی دیکە دەیکەن؟
فۆتۆشی ماچومۆتۆ: ئەوە پرسیارێکی باشە. بۆ دامەزراندنی کۆمپانیایەکی گەورە، پێویستە ئێوە بە لایەنی کەمەوە نزیکەی 10 بۆ 20 ملیۆن خەڵکتان هەبێت. بۆ نموونە تۆیۆتا لە تورکیا کارگەیەکی گەورەی هەیە و دڵنیام ئەوان ئۆتۆمبێلەکانیان بۆ هەرێمی کوردستان هەناردە دەکەن. دەبێت پێوەرێکی شایستە هەبێت بۆ ئەوەی کۆمپانیا ژاپۆنییەکان بیر لە کردنەوەی کارگەی گەورە بکەنەوە، بۆیە ئەوە بە جۆرێک لە جۆرەکان بۆ عێراق زۆر سەختە. دەی رەنگە لە داهاتوودا ببێت.
رووداو: تۆ لەبارەی ژاپۆنی و عێراقی و کوردەوە قسەت کرد کە دەبێت لە نزیکەوە یەکدی بناسن. بەشێکی ئەمە لە رێگەی گەشتەوە دەبێت. دەبێت ئێوە ئاسانکاری بۆ خەڵک بکەن کە گەشت بکەن. زۆر کەس لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ گەشت و زۆر مەبەستی جیاواز دەچن بۆ وڵاتانی جیهان، بەڵام تائێستا خەڵک وا بیر دەکەنەوە کە گەشتکردن بۆ ژاپۆن ئاسان نییە. بۆ نموونە خەڵک لێرە چۆن دەتوانن بۆ گەشت ڤیزای ژاپۆن بە دەستبهێنن؟
فۆتۆشی ماچومۆتۆ: دەتوانین دەستبەجێ ئەوە بکەین.
رووداو: چۆن؟
فۆتۆشی ماچومۆتۆ: هەر ئەمڕۆ وەرن بۆ لام.
رووداو: هەنگاوەکان چین؟ دەمەوێت بینەرانم بزانن، هەنگاوەکان چین و پێویستییەکان چین؟
فۆتۆشی ماچومۆتۆ: دەزانی کە ئەم مانگی 10یە قەدەخەی هاتووچۆی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا هەڵگیرا، بۆیە لە مانگی 11وە ڤیزا دەدەین بەو کەسانەی دەیانەوێت سەردانی ژاپۆن بکەن. هەروەها لێرە لە هەولێر نووسینگەیەکی کۆنسوڵمان هەیە کە ئێستا دەتوانن بە ئاسانی بۆ بە دەستهێنانی ڤیزا یارمەتیتان بدەن. بۆیە تکایە لە هەر کاتێکدا بێت وەرن بۆ ژاپۆن.
رووداو: ئایا پێویستییەکان قورسن؟ خەڵک پێیانوایە پێویستییەکانی وەرگرتنی ڤیزا، بۆ نموونە ڤیزای شنگن، قورسن. چۆن ئاسانکاریی دەکەن؟ ئایا وەرگرتنی ڤیزای ژاپۆنی قورسە یان هەر رێکارێکی ئاساییە؟
فۆتۆشی ماچومۆتۆ: هەر رێکارێکی ئاساییە. راستییەکەی هیچ شتێکی قورس نییە. جا دەتوانیت هەر کاتێک بتەوێت بە گەشت بچیتە ژاپۆن و بگەڕێیتەوە. پێموایە هەموو کەسێک دەتوانێت بچێت.
رووداو: ئەی تێچووەکەی چەندە؟
فۆتۆشی ماچومۆتۆ: تێچووەکەی پەیوەستە بە گەشتەکەوە.
رووداو: نا، مەبەستم تێچووی ڤیزاکەیە.
فۆتۆشی ماچومۆتۆ: ئەوەندە زۆر نییە.
رووداو: زۆر نییە. ئینجا تۆ گوتت کە خەڵکی عێراق و هەرێمی کوردستان دەتوانن بۆ گەشت بچن بۆ ژاپۆن.
فۆتۆشی ماچومۆتۆ: بەڵێ، لە هەر کاتێکدا.
رووداو: بەڕێز باڵیۆز، سوپاس ئەم کاتەی بە ئێمەت بەخشی. خۆشحاڵم کە قسەم لەگەڵ کردیت. هیوادارم ئەو دیدگایەی بۆ ساڵانی داهاتوو هەتە بێتە دی.
فۆتۆشی ماچومۆتۆ: سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ